Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
جەژن، ڕۆژی بێ نرخکردنی لێبوردەیی!

جەژن، ڕۆژی بێ نرخکردنی لێبوردەیی!

Closed
by August 8, 2013 گشتی

 

 

 

 

    لە پشت هەر داوایەک بۆ لێخۆشبوونەوە، هەستکردن و دانپێدانانێک بە گوناه و تاواندا هەیە. کاتێک ئەڵێی لێم ببورە؛ واتە؛ پێش ئەم دەربڕینە تۆ ئەبێ هەستت بە هەڵەو گوناهێک کردبێ و دانت پێدا نابێ، ئەنجا داوای لێبوردن بکەیت. واتە داواکردن بۆ ئازادکردنی گەردن، یان لێخۆشبوون، ئەکەوێتە دوای داننان بە هەڵەو گوناهەوە، ئەگەر بە چرکەساتێکی کەمیش بێت.

   لە فەرهەنگی کورددا، داننان بە هەڵەو تاوان، کە یەکەمین هەنگاوە بۆ داواکردنی بەخشین لە کەسی بەرامبەر، بە تاکی کورد نامۆیە. مرۆڤی کورد نایەوێ دان بە هەڵەو کەم و کورتیی و گوناهەکانیدا بنێ، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ساردوسڕی لە زۆربەی پەیوەندییەکاندا و زۆربەی پەیوەندییەکانیش کاتێ گرفتێکی تێ ئەکەوێت خودی هەڵەکردن خۆی نییە، بەڵکو زۆرجار هۆکارەکەی بەردەوامبوونە لە هەڵەو، دان نەنانە بە هەڵەو تاواندا و پاشانیش داوانەکردنی لێخۆشبوونە لە کەسی بەرامبەر.

   هەر داوایەک بۆ لێخۆشبوون، بەبێ داننان بە هەڵەو گوناهەکانت و ئەگەر کرا قەرەبووکردنەوەشی، بێ نرخکردن و بێ ئەرزشکردنی لێبوردنە، بەم بۆنەیەوە ڕۆژانی جەژن، ڕۆژانی بێ نرخکردن و کوشتنی جەوهەری داوای بەخشین و لێبوردنە، ڕۆژانی بەدحاڵیبوون و جەهلێکی کوشندەیە بەرامبەر داننان بە هەڵەو، داوای لێبوردن کردن لەوانی دی. کاتێک بەرامبەر پێت ئەڵێ گەردەنم ئازاد بکە، بە بێ ئەوەی دان بە گوناهەکەیدا بنێ، بەبێ ئەوەی لەبەردەمتدا هەست بە شەرم و تاوانباریی بکات و بڵێ من هەڵەبووم، بەبێ ئەوەی بیەوێ تەنانەت پێت بڵێ کە چ هەڵەیەکی کردووە بەرامبەرت، داوای ئەوەت لێ ئەکات گەردنی ئازاد بکەیت! واتە لێرەدا هەموو ئەو هۆکارانەی کە وا ئەکەن لێبوردن مانایەکی هەبێت غائیبە، وشەی لێبوردن و ئازادکردنی گەردن لە جەژندا خاڵییە لە مانا و ناوەڕۆک، تژییە لە سوکایەتی و گاڵتەکردن بە لێبوردەیی. 

   تەنانەت زۆرجار بەرامبەر تاوانێک یان هەڵەیەکی بەرامبەرت کردووەو تۆ ئاگادارنیت، بەڵام ئەو داوای ئازادکردنی گەردنیت لێ ئەکات، بەبێ ئەوەی هێشتا تۆ لەو هەڵەیە ئاگاداربیت کە بەرامبەرت کردویەتی، واتە ئەو نەک دانی بە گوناه و هەڵەکەیدا نەناوە، بەڵکو هێشتا ئاگاداریشی نەکردووی لە هەڵەکەی و سەرباری ئەوەش  داوای بەخشینت لێ ئەکات!! واتە ئەیەوێ بیبەخشیت بەبێ ئەوەی هەڵەکەیت بۆ باس بکات، بەبێ ئەوەی دانی پێدا بنێت، بەبێ ئەوەی ئەگەر کرا قەرەبووی بکاتەوە. کاتێک لە جەژندا کەسێک پێت ئەڵێ گەردنم ئازاد بکە، ئەیەوێ بڵێ: من ڕێگا بەخۆم ئەدەم هەرهەڵەیەک بکەم بەرامبەرت، تەنانەت بەبێ ئەوەی تۆ ئاگاداربیت، بەبێ ئەوەی ئەسڵەن بیر لە قەرەبووش بکەمەوە، بەڵام هێشتاش تۆ ئەبێ گەردنم ئازاد بکەیت، ئەبێ لێم ببوری!!!

   لەڕاستیدا جەژن نەک بۆنەیەک نییە بۆ لێبوردنێکی ڕاستەقینە لە هەڵەکانی یەکتری و نەک دەرفەتێکیش نییە بۆ ئەمە، بەڵکو بۆنەیەکە بۆ بێ ئەرزشکردنی لێبوردەیی، بۆ بێ قیمەتکردنی هەستکردن بە هەڵەو گوناه، بۆ کوشتنی هەموو ئەو هۆکارانەی کە وائەکات مرۆڤ دان بە هەڵەکانیدا بنێت و داوای لێبوردن لەوانی دیکە بکات. 

    مرۆڤ بە سروشت، کائینێکە لە خۆی ڕازییە، هەمیشە پێی وایە لەسەر هەقە، بەردەوام بەدوای بەهانەدا ئەگەڕێ بۆ ئەوەی ڕێگا بەخۆی بدات هەر هەڵەیەک کە دەخوازێ ئەنجامی بدات، هەرکارێک ئەکات بەجۆرێک بیانوویەک بدۆزێتەوە بۆ ڕازیکردنی خۆی، بۆئەوەی خۆی بەدووربگرێت لە هەستکردن بە گوناه و تاوان. بۆئەوەی فریوخواردوانە ویژدانی خۆی بەدوربگرێت لە ئازار.. مرۆڤی کورد خراپترین نمونەی ئەو جۆرە کائینانەیە کە لەم بارەیەوە هەرگیز نایەوێ هەست بە گوناه بکات، هەمیشە لە دۆخێکدایە کە بەدوای بەهانەدا ئەگەڕێ بۆ شەرعییەتدان بە هەموو هەڵەو تاوانەکانی، بۆ دۆزینەوەی بەهانەیەک تا خۆی دور بگرێت لە دان نان بە هەڵەکانیدا و هەموو شتێک بکات بەس بۆئەوەی لەبەردەم ئەوانی دیکەدا نەڵێ: من هەڵەبووم بمبورن!

   لەم ڕووەوە جەژن بۆنەیەکی ترسناکە بۆ کوشتنی هەر هەوڵێک لە ناخی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیی؛ بەتایبەت کورددا، بۆ دان نان بە هەڵەو داواکردنی لێبوردنی ئەوانی تر. جەژن ئەو بۆنەیەیە کە مرۆڤی کورد فێر ئەکات هەرگیز دان بە هەڵەکانی خۆیدا نەنێ و هەرگیز فێر نەبێ دوای لێبوردن لە ئەوانی تر بکات بەرامبەر بە هەڵەکانی، چونکە جەژن فێری ڕێگایەکی تەواو هەڵەو ئاسان و هاوکات فریودەرانەمان ئەکات، تاکو بەبێ هەستکردن بە گوناه، بەبێ دان نان بە گوناهدا، بەبێ باسکردنی هەڵەکانمان، بەوانی دیکە بڵێین: گەردنم ئازاد بکەن و ئەوانیش بە زەردەخەوە بڵێن گەردنت خۆش و ئازاد بێ! 

   جەژن هۆکاری سەرەکی کوشتنی مانای هەستکردن بە هەڵەو داوای لێخۆشبوونە لە ئەوانی تر، جەژن ئەو بۆنەیەیە کە سەرباری هەموو هەڵەکان؛ هەڵەیەکی دیکەی کوشندەی تێدا ڕوو ئەدات ئەویش کوشتنی هەموو ئەو هۆکارانەیە کە ئەکرێ دروست ببێ لەناو مرۆڤدا بۆئەوەی هەست بە هەڵەکانی بکات، بۆئەوەی فێربێت داوای لێبوردن بکات. جەژن زیندەبەچاڵکردنی ئەگەری دان نانە بە هەڵەکاندا، کوشتنی داوای بەخشینە لەئەوانی دی. بێ قیمەتکردنی مرۆڤە، بەوەی کە ئەکرێ هەر هەڵەیەکی بەرامبەر بکەیت و هەست بە هەڵەو گوناهیش نەکەیت و دانیشی پێدا نەنێیت و تەنانەت داوای بەخشینیشی لێ نەکەیت، بەڵام گەردنیشت ئازاد بکات، سەرباری ئەوە، وەکو ئەمرکردنێکیش پێی بڵێت: گەردنم ئازاد بکە!! هێی.. تۆ گەرنم ئازاد بکە!! لەڕاستیدا شێوازی دەربڕینەکەش خاڵییە لە ئەدەب، خاڵییە لە ئەتەکێت و ڕێز، تا بڵێی ساردوسڕو ڕووکەشانەیە.جەژن لەم ڕووەوە بۆنەیەکی ترسناکە، بۆنەیەکە بۆ کوشتنی مانای ڕاستەقینەی لێبوردن، خراپترن وانە فێری تاک ئەکات، کە ئەکرێ ئەو تاکە بنەمایەک یان تروسکاییەکی تێدا دروست بووبێ، تا هەست و دان بە هەڵەکانیدا بکات و بنێ، بەڵام جەژن ئەو هەوڵە ئەکوژێ، ئەو تروسکیاییەش خامۆش ئەکات.

   هەستکردن بە تاوان و دان پێدانانی، خۆی لەخۆیدا دروستکردنی بەربەستێکە لەبەردەم خوددا، بۆئەوەی دووبارەی نەکەیتەوە، بەڵام کاتێ ئەمە ڕوونادات، ئیدی تۆ ڕێگا بە خۆت ئەدەیت لەهەرکاتێکدا هەر هەڵەیەک کە پێتخۆشە ئەنجامی بدەیت.

   مرۆڤ کائینێی گەورەیە، شایانی ڕێزلێگرتنە، شایانی ئەوەیە لەبەردەمیدا دان بە هەڵەکانتدا بنێیت و داوای لێبوردنی لێ بکەیت. لێرە هەموو ئەو بەهایانە لەم بۆنە (ئاینیی_کۆمەڵایەتیی)ەدا کوژراوە. یەکەمین هەنگاو بۆ سوکایەتیکردن بەوانی دیکە، یەکەمین هەنگاو بۆ لێکترازان، بۆ لێک تێنەگەیشتن، بۆ نەمانی ڕێز، بۆ نەمانی هەستکردن بە خۆشەویستی، بۆ درووستبوونی بۆشایی، ئا لەم دەربڕینە ڕووکەشاوییە ساردو سڕە کوشندەیەوە دەست پێ ئەکات: گەردنم ئازاد بکە!!!!!! خودا بە هەموو گەورەیی خۆیەوە، کاتێک داوای لێ خۆشبوونی لێ ئەکەیت، پێویستە دانت بە گوناهەکانتدا نابێ و ئەنجا داوای بەخشین و لێخۆشبوون بکەیت، لێرە بەبێ ئەوەی دان بە هەڵەو گوناهدا بنرێت، داوای گەردن ئازایت لێ ئەکرێ!!

   بەم بۆنەیەوە؛ من گەردنی کەس ئازاد ناکەم! هەرکاتێ دانت بە هەڵەو گوناهەکانتدا نا، ئەوانەی شایانی قەرەبوو بوو قەرەبووت کردنەوە، هەستت بە تاوان کرد، ئەوکات نەک تەنانەت جەژن، بەڵکو ئەگەر ڕۆژی لەدایکبوونی شەیتانیش بێت، من ئەتبەخشم، گەردنت ئازا ئەکەم.  

 

 

بەرهەم خالید

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.