Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
حزب و سیمبوڵەكانى….. عەزیز ڕەئووف

حزب و سیمبوڵەكانى….. عەزیز ڕەئووف

Closed

  حزب وەك دامەزراوەیەكى مۆدێرنى كۆمەڵگە، یەكێكە لە گرنگترین و حەساسترین دامەزراوەكان. ئەمەش بەر لە هەر شت پەیوەندى بەوەوە هەیە پارتى سیاسى بێشك دەستى هەیە لە دیاریكردن و گۆڕینى ئاراستەكانى كۆمەڵگە. بوونى حزب بێشك بوونێكە بۆ كوشتنى دەسەڵاتە دینى و خێڵەكیەكان كە بە درێژایى مێژوو، ئیمپراتۆر و مەلیكە یەكلەدوایەكەكان   بە خوێن نەبێت ئامادە نەبوون كوردسى دەسەڵات جێبێڵن. حزب دێت و سەرجەم ئەم دەسەلاتە ڕەهایەى میر و ئیمپراتۆرەكان تێكدەشكێنێت و لەجێگەیدا فەزایەك دەخوڵقێنێت بۆ ڕكەبەرى و ململانێ و دیبەیتى سیاسى.
 وەزیفەى حزب بەر لە هەرشت كوشتنى موقەدەسە. كوشتنى دەسەلاتى ڕەهای ئەو هێزانەن كە بۆ چركەساتێكیش نەبێت چانسى ئەوە نادەنە دەنگ و ڕەنگێكى تر. بوونى حزب لە كۆمەڵگەى كوردیدا دەگەڕێتەوە بۆ نیوەى یەكەمى سەدەى بیستەم. هەر لەسەرتاوە كە حزب لە كۆمەڵگەى كوردیدا دادەمەزرێت، وەویفەى ئەوە دەبێت بە جیاواز لە مەلیك و پادشاكان تەفسیرى بۆ دنیا هەبێت. ئەم هەوڵە بەردەوام دەبێت تا دەكاتە دروستبوونى پارتى دیموكراتى كوردستانى عیراق. ئیدى لەم چركەساتە بەدواوە، پارتى كوردى تێكەڵەیەك وەردەگرێت لەنێوان حزب وەك دامەزراوەیەكى مۆدێرن و خێڵ و بنەماڵە وەك دامەزراوەگەلێكى نەریتى كۆمەڵگە.
 ئیدى لە چلەكانى سەدەى ڕابردووەوە، حزب وەك دامەزراوەیەكى مۆدێرن ناتوانێت خۆى لە نەریت و تەقالیدە كۆمەڵایەتیەكان بپارێزێت، یان هیچ نەبێت ناتوانێت گۆڕان لەنێو خۆیدا بكات و دەستى هەبێت لە دەستكاریكردنى ترادسیۆنى خێڵ لە كۆمەڵگەدا.
 حزبى كوردى هەمیشە پێویستى بە سیمبوڵ و یادەوەرى ڕابردوو هەبووە بۆ ئەوەى بەردەوامى بە بوونى خۆى بدات. هەمیشە حزب لەسەر یادەوەری و سیمبوڵەكانى ڕابردووى دەژى. حزب هەمیشە پێویستى بە سیمبوڵێك هەیە بۆ ئەوەى هەموان لەسایەیدا كۆ بكاتەوە. هەر حزبێك خاوەنى سیمبوڵێك نەبوو، دەرئەنجام ناتوانىَ تاسەر بەبىَ كێشە براكان كۆ بكاتەوە.
 حزب لە كۆمەڵگەى كوردیدا بەبىَ بوونى ڕەمزێك كە جۆرێك لە پیرۆزى بدات بە یەك كارەكتەر، سانا نیە تاسەر بتوانێت لەسەر پاى خۆى بوەستێت یاخود دەنگى لێوە نەیات. سانا نیە حزبى كوردى بەبىَ باوكێكى ڕەمزى بتوانێت سەرجەم براكان كۆ بكاتەوە و ئەوانیش گویِڕایەڵ لەناو حزبدا دابنیشن.
 بەدرێژایى مێژووى پارتى كوردى هەمیشە گەڕانەوەیەك هەبووە بۆ ڕەمزو كارەكتەرە ئەفسانەییەكانى حزب. پارتى بەبىَ سیمبوڵى بارزانى ناتوانىَ یەك هەنگاو بنێت، ئەوەى سەرجەم كارەكتەرەكانى ناو پارتى كۆدەكاتەوە، لە پیرەكانى شۆڕشى ئەیلولەوە بۆ گەنجەكانى دواى ڕاپەڕین هیچ نیە جگە لە ئەفسانەى بارزانى و كردەوەكانى بارزانى لە ڕابردووى ئەو پارتەدا.
 حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران تا ئەم چركەساتەش دەیەوێت لەسەر خوانى قازى محەمەد و قاسملو بژێت، حزیى شیوعى عیراقى لەسەر جەربەزەیى و گیانفیدایى فەهد و سەلام عادل دەیەوێت تاسەر لەسەر پاى خۆى بوەستێت. بۆیە زۆرێك لە پارتەكانى ترى كۆمەڵگەى كوردی كێشەیان ئەوەیە خاوەنى ڕەمز و سیمبوڵ نین. یەكگرتووى ئیسلامى كێشەى ئەوەیە ڕابردووى نیە و جگە لە سیمبوڵە ئاینیەكان وەكو حزب خاوەنى هیچ ڕەمز و سیمبوڵێك نین كە تاكو سەرجەم برا موسوڵمانەكان لەخۆیان كۆ بكاتەوە، یاخود متمانەى زۆرینەى خەڵك بەدەست بێنن. ئیستاش لەنێو خەڵكدا باس لە یەكگرتوو دەكرێت بەوەى كە پارتێكە هاتۆتە سەر حازرى و دڵۆپێ خوێنى بۆ ئەم ئەزموونە نەڕشتووە. یەكێتى نیشتیمانى كوردستان بەجیاواز لە زۆرێك لە پارت و گروپەكانى ساحەى سیاسى كوردى، هەڵگرى چەندین سیمبوڵە كە خۆى لە سەركردە شەهیدەكانیدا دەبینێتەوە.
 سیمبوڵ لەنێو حزبدا دەستى هەیە لە پیرۆزكردنى سەركردە. ئەو پارتەى كە هەڵگرى سیمبوڵێكە، ئەوا سانا نیە بتوانرێت بە بەبىَ خوێن دەستبەردارى كوردسی دەسەلات بێت. هەمیشە ئەو كۆمەڵگەیەى كە پارتێكى دیاریكراو پایەكانى دەسەڵاتى داگیر كردووە، بەر لە هەر شت پەیوەندى هەیە بە بەهێزى سیمبوڵەكانیەوە.
 بۆیە بەر لە هەرشت كۆمەڵگەى ئێمە زیاد لە هەر سەردەم و چركەساتێكى تر پێویستى بە كوشتن و سڕینەوەى ڕەمزە سیاسیەكانى خۆى هەیە. حزب بۆ ئەوەى وەك دامەزراوەیەكى كۆدێرن خۆى وێنا بكات، دەبێت خۆى لە ڕەمز و كارەكتەرە مێژوویەكانى ڕابردوو قوتار بكات و لە سەردەم و گۆڕانكاریەكاندا هەڵگرى تەفسیر و دنیابینى خۆى بێت، گەر حزب هەر لەسەر خوانى ڕەمز و كارەكتەرە مێژوویەكانى ڕابردووى بژێت، بێشك بەرامبەر بە گۆڕانكارى و سەردەمە تازەكاندا دەستەوەستان دەوەستێت. بۆ ئەوى حزب وەك دامەزراوەیەكى مۆدێرنى كۆمەڵگە بمێنێتەوە، دەبێت پێش ئەوەى قسە لەسەر گۆڕانى كۆمەڵایەتى بكات، دەبێت باوكە ڕەمزیەكانى ناوخۆى بكوژێت. كوشتنى موقەدەس لە حزبدا كوشتنى هەر هەوڵێكى تەقلیدى و كۆنەپارێزیە، بەپێچەوانەوە، مانەوەى باوكى پیرۆز لە حزبدا ماناى پشتكردنە لە هەر هەوڵێك بۆ كرانەوە بەڕووى سەردەمى نوێدا.
 
azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.