حه‌مه شوان به‌جێیهێشتین … به‌کر ئه‌حمه‌د
ره‌نگه ناخۆشترین شت ئه‌وه بێت که چه‌ند دێڕێک بۆ له‌ده‌ستدانی ئازیزێکی خۆت بنووسیت، به تایبه‌تیش کاتێک کهف و کوڵی ئه‌م گیان له‌ده‌ستدانه، هێشتا له هه‌ڵچووندا بێت و کوردواته‌نی، هێشتا خاک ئه‌وی له باوهشنهگرتبێت و پێتوانه‌بێ کاره‌ساتێکی وا قه‌وماوه.
حه‌مه‌شوانی شاعیر، به‌یانی ڕۆژی هه‌ینی، 9ی دیسه‌مبه‌ر 2011، له ڕێگای چوون بۆ سه‌ر کاره‌که‌یدا، دووچاری کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل ده‌بێت و له‌به‌ر سه‌ختی برینه‌کانی گیان له‌ده‌ستده‌دات. له دوای خۆیه‌وه،رۆزیا، ڕۆژین ، ڕامێن و که‌ناری خێزانی و کۆمه‌ڵێک شیعری جوان به‌جێدێڵێ. خێزانێکی وردیله که بڕیار بوو پێکه‌وه به‌ره‌و پیری جه‌ژنه‌کانی سه‌ری ساله‌وه بچن و باوه‌ش به حه‌زه‌کانی ساڵێکی نوێ‌دا بکه‌ن، له نۆی دیسه‌مبه‌ردا ده‌وه‌ستن و له رۆژه‌کانی پیش 9ی دیسه‌مبه‌ردا ونده‌بن و به‌شوێن دووباره کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و یادهوهرییانهوهن که حه‌مه‌شوان پاله‌وانی ناو ئه‌وانه.
به جیا له خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی حه‌مه‌شوان له ماڵپه‌ر و گۆڤار و رۆژنامه‌کان و یان گوێگرتن لێی له کۆره‌کانی شاری یۆتۆبۆریدا، من ئه‌وم وه‌ک هاوڕیه‌ک له نزیکه‌وه ده‌ناسی.
چ کۆڕێکی ئه‌ده‌بی و چالاکی هونه‌ری شاری یۆتۆبۆری هه‌بووه و حه‌مه‌شوانی تێدا نه‌بوو بێ. ته‌نانه‌ت له‌و کۆرانهیشی که له زستانه سه‌خته‌کانی ئه‌م شاره‌دا ده‌به‌سترا و ژماره‌ی ئاماده‌بووان له په‌نجه‌کانی ده‌ست تێنه‌ده‌په‌ڕی، یه‌کێک له ده‌مووچاوه ئاماده‌بووه‌کانی ناو هۆله‌که، ئه‌م پیاوه بوو. بێده‌نگ داده‌نیشت له پاڵ شیعر و جه‌ده‌له سیاسیی و زۆرجار ناخۆشه‌کانی ئه‌م کۆر و کۆبوونه‌وانه‌وه ، زه‌رده‌ی سه‌رلێوی خۆی ون نه‌ده‌کرد.
که‌م که‌سم بینیوه، هێنده‌ی ئه‌م پیاوه، چ له ژیانی و چ له نووسینی شیعریدا عاشق بێت. من خۆم به‌غیلی به‌و که‌سانه ده‌به‌م که به‌هره‌یه‌کی وا شکده‌به‌ن و ده‌توانن هه‌میشه وا بن. هه‌ندێک جار ژیان، به هه‌موو گه‌وره‌یی خۆیه‌وه، جوانییه‌کانی ئینسانمان لێوندهکات و له کاتی ژیانیاندا که‌متر ده‌توانین ئه‌و جوانیانه ببینین. به‌لام مه‌رگ دێت و بۆ ساتێکی که‌میش بێت، جوانیه‌کانی ئینسانمان دووباره ده‌خاته‌وه به‌رده‌ست و ده‌کرێ له ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌واندا، به ڕه‌فتار و وته‌کانییان سه‌رمه‌ست بین. من دڵنییام، له کاتی دووباره‌خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی حهمهشواندا که ئێستا له ناوماندا نه‌ماوه، وێنه‌ی جوانتری پیاوێک، باوکێك، شاعیریک ده‌بینین، که ڕه‌نگه پێشووتر وا نه‌مانبینی بێ.
به‌کر ئه‌حمه‌د
2011-12-11