Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
حکومەت، کەمئەندامی خۆی بەرامبەر ، خاوەن پێداویستە تایبەتەکان نیشاندا

حکومەت، کەمئەندامی خۆی بەرامبەر ، خاوەن پێداویستە تایبەتەکان نیشاندا

Closed
by December 21, 2012 گشتی

 

 

لە مێژە باسوخواسی ئەوە هەیە، کە ئەم حکومەتەی ئێمەی هەمانە چەندە تەندروستەو چەندیش ناتەندروست؟ رۆژانە خەڵکانێک زۆر بەرگری کاری ئەم سەرسەختی ئەم دەسەڵاتەن، کە بەردەوام بە قسە باقوبریقەکانیان دەیانەوێ باڵای نەوتاوی تەلارەکانی دەسەڵات برازێنەوە، ئاخر خۆ ئەوان لە راهی خواو لە پێناو بەرژەوەندی باڵای میللەتەکەمان ئەمە ناکەن ،بەڵکو ئەوانەن کە زۆرترین سوودیان بینیوە لەم حکومەتە نەوتاوییە. لە بەرامبەریشدا دەستەیەکی دی هەموو کارو پیشەیان بۆتە قسە گوتن بەم دامودەزگایەی کە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبات، چاویان گەڕەکە بێ زێرابەکان و جادە وێرانەکان نەبێ هیچی دیکە نابینن!! ئەمانیش بەشێوەیەک لە شێوەکان نانیان لەسەر ئەم بەزمەیەو هەندێجاریش دەستکەوتی باشی تێدایە. گومان لەوەدا نیە مرۆڤەکانی هەر وڵاتێک کاتێک خۆشگوزەرانو خۆشبەخت دەبن کە هەموو کەسێک لەبەردەم یاسادا وەکویەک بێ و لەسەر بنەمایەکی زانستی و مرۆڤدۆستی دەستورەکەی داڕێژرابێ و ئازادی تاکەکەس و مافی هاوڵاتیبوون بنەمای ژیان بێت.

داهاتی زۆری وڵات بە یەکسانی دابەشبکرێ، نەک هەندێ کەس داهاتی رۆژانەی ملیۆنێک بێ و یەکیدی فلسێک! گرنگیەکی تەواو بە بواری تەندروستی و پەروەردە بدرێت. نەک رێژەی خەستەخانەی بە ناو ئەهلی لە زیادبووندا بێ و خەستەخانە وێرانەکانی (عکومەتیش) رۆژبەڕۆژ داڕزاوتر بن.رۆژانە خوێندنگەی تازە دروست بکرێ، نەک لەبەر کۆنی بەسەر قوتابیاندا بروخێ دەمڕاستی وڵات ببێ بە هونەرمەندان و رۆشنبیران و کەسانی ئەکادیمی و ژیر نەک مەلا و سۆفی و نەخوێندەوار. ئەمانە هەمووی بەڵگەی وڵاتێکی خۆشگوزەرانە، شایستەی ئەوەیە مرۆڤ تێیدا ژیان بکات و دەتوانین بڵێین حکومەتەکەمان تەندروستە، بەڵام بەداخەوە تائێستا نەگەیشتووینە ئەم ئاستانەی کە لەسەرەوە باسکرا، کە زۆر بە ئاسانی دەکرێ و دەشێ ئەنجامبدرێ گەر بیانەوێ. ئەم رووداوە ناخۆشەی کە لەمدوایەدا روویدا بە رامبەر بە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان، بەڵگەی ئەمەیە کە ئەم حکومەتە کەمئەندام و ناتەندروستە، چونکە لە هیچ شوێنێکی دونیا بەم جۆرە هەڵسوکەوت لەگەڵ، کەسانی کەمئەندام ناکرێ، ئەوەی جێگەی داخە بێدەنگبوونی ئەندامان و کەسانی روناکبیری ناو ئەم دوو حیزبەن کە ئەم دەسەڵاتە بەڕێوە دەبەن، لای من بێدەنگبوون لەم جۆرە مەسەلانە بە ئەندازەی کردارەکە قێزەوەنە ، ئەگەر زیاتریش نەبێ، ئاخر ئەم هەموو بێدەنگیەیە کە هەڵەکان دووبارە دەکاتەوە. هیوادارم لە روونکردنەوەیەکدا ئەم کارە بخرێتە بەردەم رای گشتی و داوای لێبوردن لەم مرۆڤانە بکرێ کە کەڕامەتیان خرایە ژێر ئۆتۆمۆبیلەکانی سەرۆک وەزیرانەوە، ئەگەر نا، ئەوا ئەم حکومەتە بە جەستەو ئەقڵ کەمئەندامەو ناتەندروستە.

 

زانا عەلی

20-12-2012

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.