Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
حکومەتی ژنکوژی ھەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی ئامارە شەرمئاوەرەکەی کوشتنی ژنان

حکومەتی ژنکوژی ھەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی ئامارە شەرمئاوەرەکەی کوشتنی ژنان

Closed
by September 23, 2012 ژنان

 

 

 

پرسی نایەکسانیی و چەوساندنەوەی ژنان لە کوردستان لە ھەموو پرسەکانی دیکە پتر بێدەنگیی لێ دەکرێ.. ئەگەر جاروبارەکیش بێتە نێو باسان ئەوە ھەر بە سەرپێی لێ دەدوێن و پاشانیش بە سووک و سانایی دیزەبەدەرخۆنەی دەکەن.

وەک ئاشکرایە ئەو پرسە لە بنچینەدا لەسەر دوو کۆڵەگەی (دین – چ وەک دەق چ وەک رەفتار – و دابونەریتە کۆنەپەرستییەکان) راوەستایە، دەسەڵاتیش وەک کۆڵەگەی سێیەم ئەو پرسە زۆر چاکتر و توندتر لەسەر شانی خۆی رادەگرێ بە جۆرەک کە ئەگەر دین و دابونەریتیش خۆیان لە بنیدا بکێشنەوە ئەوە ئەو بە تەنێ خۆی دەداتە بنی و بە شێوەیەکی دڕندانەتریش درێژەی پێ دەدا.

ھەر لەو دواییانەدا بە پێی ئامارەکی (ئاژانسی دیجلە) لە ماوەی ٤ ساڵ و ٧ مانگ ٢٣٨٥ ژن لە ھەرێمی کوردستان بە ھۆکاری جودا جودا پەنایان بردیتە بەر خۆکوشتن و بە لایەنی کەم ٣٩٩ ژن ژیانیان لەدەست دایە یان کوژرانە. ھەر بە پێی ئەو ئامارە لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٢ لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و ئیدارەی گەرمیان ئاستی لێدان و ئەشکەنجەدان و سوتاندن و دەستدرێژیی سێکسیی بەرانبەر ژنان روو لە بەرزیی بووە و پارێزگای سلێمانیش لە توندوتیژیی دژ بە ژنان لە رێزی پێشەوەی شارەکانی دیکەدا بووە، دیاردەی توندوتیژیی سەر ژنانیش لە پارێزگای کەرکوک زۆر مەترسیدارە و بە تەنێ لە ھەفت مانگی ساڵی ٢٠١٢ بە لایەنی کەم ١١٨ ژن رووبەڕووی توندوتیژیی بووینەوە.

ھەرچەندە ئەو ئامارەی توندوتیژیی و کوشتوبڕەی ژنان لەو ھەرێمە ژنکوژە دیاریی دەستی سیستەمی ملھوڕی سەرمایەداریی جیھانییە چونکە ھەر ئەوانن ئەو دوو دیکتاتۆرە (بارزانی و تاڵەبانی)یان بەردایتە گیانی ئەو میللەتە و ئەوانیش لە پێناو مانەوەیان لە کورسی دەسەڵات بە بەکارھینانی ھەستی خێڵەکیی و سوودوەرگرتن لە دابونەریتە دارزایەکان و ھاوکات بە پشتبەستن بە حوکمە دینییەکان ھەرگیز دەستیان نەپاراستییە لەو رووەوە، وەلی ئەگەر ئەو ئامارە لە ھەر وڵاتەک لەو وڵاتانەی کە وەک ئەو ھەرێمە پەڕپووتەی خۆمان خۆیان بە وڵاتی دیموکراسیی ناوزەد دەکەن رووبدا ئەوە سەرۆک و حکومەتەکەی رووی ئەوەیان نابی جارەکی دیکە خۆیان بە سەرۆک و بەرپرسی ئەو وڵاتە دابنێن و سەرئەنجام رووبەڕووی داداگاشیان دەکەنەوە، کەچی لە کن دەسەڵاتدارانی ئەو ھەرێمە ژنکوژەی خۆمان نە بای دێ و نە باران.. ھەر رۆژەش ئەو وڵاتە دیموکراسییانە لە پێناو دزین و بە تاڵانبردنی سامانی ئەو گەلە ھەژارە مێوانداریی یەکەک لەو سەرۆک و بەرپرسانەی کوردستان دەکەن و بە پێڕابواردنەوە بەکاریاندەھینن.. ئەوەتە ھەر دونێ و پێرێ بارزانی لە (کۆنگرەی حیزب و لایەنە دیموکراتە میانڕەوەکان لە رۆما) باسی لە پێکەوەژیانی ئاشتیی و ئازادیی و گەشانەوەی ھەرێمە (دیموکراسی!)یەکەی کرد.. کەچی ئەو ھەموو (حیزب و لایەنە دیموکرات!)ە لەگەڵ ئەوەی ھەموویان ئاگاداری ئەو ئامارە ژنکوژییەی کوردستانن نەک ھەر نقەیان لێوە نەھات و نەیانگۆت (سەرۆک بارزانی!) ئاگادار بە ئەو ئامارەی ژنکوژییشت ھەیە! بەڵکە سامانی زەنگینی کوردستان چاویانی کۆرە کردییە و بە چەپلەڕێزانەوە سوپاسیان کرد!!!

لە ھەمووشی شەرمئامێزتر ئەوەیە کە ھەر دەمەک دەنگەکی ئازادییخوازی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز ئەو جۆرە ئامارانەی توندوتیژیی و ژنکوژیی دەخاتە سەر رووپەڕی یەکەک لە ماڵپەڕەکان و پەنجەی تۆمەتباریی لۆ حکومەت و دەسەڵاتداران رادەکێشی ئەوە گەندەڵکاران و سیاسەتبازان و نووسەران و رۆژنامەنووسە دەربارەکانی حیزب و بە ناو چالاکوانانی رێکخراوە ناحکومییەکان و لە چارچیوەشیاندا زۆرێک لە رێکخرواەکانی ژنان.. نەک ھەر بە بەدووداچوونی بابەتی لەو جۆرانە خۆیان نانبڕا ناکەن بەڵکە بە پێچەوانەوە لە پێناو ئەوەی پارووی چەورتر وەدەستبھینن بە کۆمەڵەک بڕوبیانووی بێ سەروبەر و ساویلکانە دەکەونە شێواندنی ئامارەکان و بەرگرییکردن لە حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران.. لە ھەر بوارەکیش کە حکومەت شکستی تێدا ھێنابی یان ھەر لە بنچینەدا کە خۆی نایەوێ کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکا چونکە خۆی دەستی لە قۆلکردنەوەیاندا ھەیە.. دێن بە خشکەیی و بە شێوازەکی تاکتیکبازانە دەکەونە ستایش و جوانکردنی دەموچاوی دزێوی حکومەتەکەیان و بارەکەی لۆ راست دەکەنەوە، ھاوکات لە پێناو پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکان دین و پیاوانی دینیی و حیزب و رێکخراو و دامودەزگەکانیشیان لە بەرانبەر ئەو کوشتوبڕ و توندوتیژییانە بێ وەی نیشان دەدەن.

سەرەڕای ھەموو ئەوانەش تێکڕای ھۆکارەکانی دروستبوونی کێشە و گرفت و خراپەکاریی و چەوسانەوەکان دەخەنە ئەستۆی فەرھەنگی کۆمەڵ و دەبێژن ”ئەوە کێشەی کۆمەڵایەتیی نێوان خەڵکە و بە ھیچ جۆر و شێوەیەک حکومەت لێی بەرپرسیار نییە”! وەک ئەوەی فەرھەنگی کۆمەڵ و کێشە کۆمەڵایەتییەکان دوور و نێزیک ھیچ پەیوەندییەکیان بە دەسەڵاتەوە نەبێ! هەروا لە بەرانبەر خاوەن دەنگە ئازادەکانیش – ئەگەرچی کەمن – بێدەنگ نابن و دەبێژن (ئەوانە دەستی دەرەکیی و دوژمنانی ”ئەزموونە ساوایەکەمان”ن)!!! ئەگەر ھیچیشیان بەدەستەوە نەمینێ ئەوە دەبێژن (ئەوانە لە ئەندێشەدا دەژین و لە واقیعی ژیانی میللەت تێناگەن و لەگەڵ ئازاری گەلەکەی خۆیان ناژین)!!! 

 

daraehmed@yahoo.com 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.