Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
حیجاب و شەراب

حیجاب و شەراب

Closed
by September 27, 2012 گشتی

 

 

فێرت ناکەم وەک من بیر بکەیەوە، هانت دەدەم فێری بیرکردنەوە ببیت.

 

ئیسلام سەرەتا لە نیمچە دوورگەی عەرەب سەری هەڵدا و دواتر گەییشتە، میسر، عێراق و ئێران و ئاوێتەی شارستانیی دێرینی ئەو وڵاتانە بوو. ئەوە ئاسایییە، لێکدانەوەی خەڵکی کۆچەری و بیابانشین بۆ ئیسلام، جیاواز بێت لە خوێندنەوەی شارنشینان بۆی. وەک چۆن دەقی کراوە هەیە، خوێندنەوەی کراوەیش هەیە، خوێندنەوەی میسرییەکان بۆ قورئان، کراوەترە لە خوێندنەوەی سعوودییەکان بۆی، ئەوە بۆیە بەشێک لەو میسرییانەی ساڵانێکی زۆر لە عەرەبستانی سعوود ژیان بەسەر دەبەن، کە دەگەڕێنەوە میسر، کەسانی توندڕۆیان لێ دەردەچێت، کەسانێک ئەوەی بڕوایان پێی نەبێت، خوێندنەوەی جیاوازە بۆ دەق.

لە عەرەبستانی سعوود، هێندەی بایەخ بە سەپاندنی حیجاب و قەدەغەکردنی شەراب دەدرێت، چارەکی ئەوە، بایەخ بە ئازادی، دێمۆکراسی، هەڵبژاردن، مافی ژن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات نادرێت. دەسەڵاتدار، ستەمکارە یان مرۆڤدۆست؟ ئەوە بە لای (زانا) ئایینییەکانی سعوودەوە هیچ گرنگ نییە. لای وان، چونکە فەرمانڕەوا نوێژکەرە، ئیدی دەبێت هەمووان گوێرایەڵی بن، بە چاوپۆشین لەوەی، چۆن وڵات بەڕێوە دەبات، ئاخر وای بۆ دەچن، ئەو ئاژاوەیەی لە ئەنجامی یاخیبوونەوە دێتە ئاراوە، زیانی بۆ موسڵمانان، لە زوڵمی فەرمانڕەوای ستەمکار زیاترە. ئەو جۆرە موسڵمانانە، ئەگەر لە فەرەنسا، حیجاب قەدەغە بکرێت، یەکسەر دەڕژێنە سەر جادە، بەڵام ئەگەر لافاوی ستەم، وڵاتی خۆیان ببات، مێشێک میوانیان نییە. 

ئاژەڵ ئەگەر خۆراکی دەست بکەوێت و ئارەزووی تێر بکات، ئیدی پێویستی بە هیچی دیکە نابێت، بەڵام ئینسان بێجگە لە پێویستییە ماددییەکان، نەک هەر حەوجەی بە دادپەروەری، ئازادی و شکۆمەندییش دەبێت، بەڵکوو ئەو بەها مەعنەوییانەی لە پێویستییە ماددییەکان بە لاوە گرنگترە و ئامادەیە لە پێناویاندا، دەست لە ژیان بشوات. ئەو (زانا) ئایینییانەی میللەت بۆ ملکەچی هان دەدەن، لە دژی وێنەیەکی کاریکاتێری، ئەگەر سووکایەتیی بە ئیسلام کردبێت، ڕادەپەڕن، وەلێ کاتێک لە وڵاتی خۆیان، ئەوپەڕی سووکایەتی بە موسڵمانان دەکرێت، نابزوێن. 

ئایا ئەوە، زانای ئایینییە، کە ساختەکاری لە هەڵبژاردندا دەکرێت، نوتق نادات؟ کە ستەم لە میللەت دەکرێت، بێدەنگ دەبێت؟ کە داهاتی نیشتمان، بە تاڵان دەبرێت، خۆی لە گێلی دەدات؟ ئایا ئەوە زانای ئایینییە، بەو هەموو زەلیلییە قایل بێت، بە پاساوی ئەوەی، ستەمی حاکمی زاڵم، لەو فیتنەیە ئەهوەنترە کە لە ئەنجامی شۆڕشەوە، دێتە ئاراوە؟ بە گوێرەی ئەو پاساوە، دەبێت موسڵمان هەرگیز بە گژ خراپەکاریدا نەچێتەوە! لەوە دەچێت، لای ئەو (زانا) ئایینییانە، ئایینی ئیسلام بۆ ئەوە پەیدا بووبێت، ژنان حیجاب بپۆشن و پیاوان شەراب نەنۆشن. 

عەززام عەززام سیخوڕێکی سەر بە مووساد بوو، گیرا و دادگا لە زیندانی توند کرد، بەڵام حوسنی (موبارەک) لێی خۆشبوو، ئازادی کرد و بەڕێزەوە بۆ ئیسرائیلی ڕەوانە کردەوە! زانایانی ئایینی لە میسر، لە بەرانبەر ئەو پێشێلکارییەدا، بێ هەڵوێست مانەوە. کاتێک لای خۆیشمان، تاریق ڕەمەزان، ئەو ئەفسەرەی هەڵەبجەی کیمیاباران کردبوو، (لە زیندان هەڵات،) زانایەکی ئایینی خۆی لێ نەکرد بە خاوەن و ئەو پەرلەمانتارە ئیسلامییانەشی بەڵێنیان دا، بە دواداچوونی بۆ بکەن، وەک لێیان چاوەڕوان دەکرا، بەردێکیان لەسەر دانا! عەلاء ئەسوانی دەڵێت: (مێژووی ئیخوانی موسڵمانان لە میسر، مێژووی هاوکاریکردنە لەگەڵ ستەمکاراندا و دژایەتیکردنی دێمۆکراسیخوازانە، ئیدی هەر لە پشتگیریکردنی ئیسماعیل سیدقییەوە کە بە جەللادی میللەت ناوی زڕا بوو، تا پشتگیریکردن لە ئەنوەر سادات و نامەگۆڕینەوە لەگەڵ جەمالی کوڕی موبارەکدا.)

وەهابییەکان کە بە دژایەتیکردنی ژن، ناویان زڕاوە و پێیان وایە ژن جەستەیەکە، دەبێت دابپۆشرێت، بانگەشە بۆ گوێڕایەڵیی بێ چەندوچوونی فەرمانڕەوا دەکەن و دەڵێن: ملکەچی فەرمانڕەوای موسڵمانی خۆت بە، با دزیشت لێ بکات و بەر شەللاقیشت بدات. زانای وەهابی، تێبینی و سەرنج دەخاتە بەر دەستی دەسەڵاتداری ستەمکار، وەلێ ملکەچی فەرمانی دەبێت. زانای وەهابی تەنیا وەختێک لە فەرمانڕەوا یاخی دەبێت کە بە ئاشکرا کوفر بکات، ئەمەیش بە مەرجێک ئیمکانی، لەسەر حوکم لادانی، هەبێت. هەرچەندە فەرمانڕەوای وڵاتی ئیسلامی، تەنانەت ئەگەر لە ناخی خۆیدا، بڕوای بە ئیسلامیش نەبێت، نەک هەر کوفر ناکات، بەڵکوو بە ڕووکەش، خوداپەرستێکی بێ هاوتایە.

پەیامبەر کە لە پیاوێک، ژیانی خۆی بۆ خواپەرستی تەرخان کردووە، دەپرسێت: کێ بژێویت بۆ دابین دەکات و دەڵێت: براکەم، پێی دەبێژێت: براکەت لە خۆت خواپەرستترە. کەچی هەنووکە بە پاساوی لە دەستنەدانی نوێژی بە کۆمەڵ، وەهابییەکان خەڵکی ناچاری دەست لە کار هەڵگرتن دەکەن. وەک چۆن ئەوی کار بکات، چاکترە لەوەی هەر خەریکی خواپەرستی بێت، ئەوەیشی بە گژ ستەمدا دەچێتەوە، باشترە لەوەی بێدەنگ دەبێت و هەر سەرقاڵی خواپەرستی دەبێت، ئاخر لایەنی هەق گرتن و بەرەنگاربوونەوەی ستەم، لووتکەی خواپەرستین، ئاخر ئایین هەر نوێژ و ڕۆژوو نییە، سەنگەر لە زوڵم گرتنیشە. ئایا دابینکردنی بژێوی بۆ خێزان، پاساوە بۆ ئەوەی، موسڵمان بە ژیانی زەلیلی قایل بێت، وەک وەهابییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن؟ ئایا ئەو (زانا) ئایینییانە کە خۆیان تەنگوچەڵەمەن، ئەگەری ئەوە هەیە، چارەسەری کێشەکان بکەن؟ ئایا دوژمن، هەرگیز بۆ دادوەری دەست دەدات؟

دەزگەی ئاسایشی سەر بە ڕژێمی ستەمکار، لە توانایدا هەیە، لە ماوەیەکی کورتدا، گەنجێک لە ئینسانێکی دلۆڤانەوە، بکات بە سادیستێک، چێژ لە ئەشکەنجەدانی ئەوانی دیکە وەربگرێت. یەکێک لە ڕەوتارەکانی دەزگەی هەواڵگریی دەسەڵاتی ستەمکار ئەوەیە، چەند حیزبێکی وەهمی دروست دەکات، وەک مریشکی سەربڕدراوی پاککراو بن، لە فرێزەردا دایاندەنێت، هەر کە پێویستی پێیان بوو، دەریاندەهێنێت و ئەو ڕۆڵەیان پێ وازی دەکات کە پێشتر بۆیانی دیاری کردووە. لە هەر 

شوێنێک دەزگەی پاراستنی ئاسایش، لە ژێرزەوینە نهێنی و زیندانە ئاشکراکانیدا، هاووڵاتییان ئەشکەنجە بدات، لەوێ ئەگەری هەڵگیرسانی شۆڕش نزیک بووەتەوە. بێرنارد شۆ گوتەیەکی زبر، بەڵام جوانی هەیە: سۆزانی هەر ئەوە نییە، جەستەی دەفرۆشێت، ئەوەیشە قەڵەمەکەی بە دوژمنانی ئازادی فرۆشتووە. ئایا داکۆکیکردن لە کۆنەبراکوژێکی چەپکوژ، با هەنووکە چەند دروشمێکی بریقەداریشی بڵند کردبێتەوە و بانگەشە بۆ دێمۆکراسی، ئازادی، دادپەروەری و یەکسانییش بکات، ناکەوێتە خانەی خۆفرۆشتنەوە؟ ئایا ئەو زانا وەهابییەی، پێی ئاسایی بێت، نیشتمانیش، وەک کێڵگەی مریشک بەخێوکردن، لە باوکەوە بە میراتی بۆ کوڕ بمێنێتەوە، خۆفرۆش نییە؟

لە ٢٠٠٨ دا، کە موبارەک تەمەنی هەشتا ساڵی تەواو بوو، کە بیست و حەوت ساڵ بوو، سەرۆکی میسر بوو، ڕۆژنامەنووس، ئیبراهیم عیسا لە زیندان توند کرا، بە تۆمەتی ئەوەی دەنگۆی خراپی بڵاو کردبووەوە، دەنگۆکە ئەوەبوو، نووسیبووی: سەرۆک موبارەک ناساغە، ئاخر بۆ ئەوەی سزا نەدرێت، دەبوو بنووسێت: سەرۆک وەک گوێزی ساغ وایە. کە موبارەک بە مەبەستی زێتر چەسپاندنی ستەمکاری و درێژەدان بە تەمەنی حوکمی خۆی لە ڕێی ساختەکارییەوە، هەندێک گۆڕانکاریی لە دەستووردا کرد، شێخی ئەزهەر گوتی: دەنگنەدان بە دەستووری هەموارکراو، حەرامە! وڵاتی داگیرکراو، وڵاتێکە بە زەبری چەک، دەست بەسەر داهات و ویستی هاووڵاتییانیدا گیرابیت، موبارەک وا میسری بەڕێوە دەبرد، شێخی ئەزهەریش پشتی دەگرت. ئاخۆ لە ڕوانگەی شێخی ئەزهەرەوە، دزینی داهات، ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییان لە زینداندا و ساختەکاری لە هەڵبژاردندا، لەگەڵ پرەنسیپەکانی ئیسلامدا یەک دەگرنەوە؟ 

چونکە پیاوانی ئایین لە سەنگەری ڕژێمی زاڵمی موبارەکدا بوون، دەبوو بەرهەمی نووسەران، بە سانسۆری ئەواندا تێ بپەڕێت، ئەوەیش ئەوپەڕی توندڕۆیی بوو، لە بواری پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەربڕیندا، ئاخر کەی ڕەوایە، (زانا)یەکی ئایینی کە ڕەنگە لە بواری ئەدەبدا جاهیل بێت، نووسەر لەسەر بەگەڕخستنی خەیاڵ، دادگایی بکات؟ ئاخر کەی ڕەوایە، لە بەرهەمێکی ئەدەبیدا، بۆ باوەڕی ئایینی نووسەرێک بگەڕێین؟  ئاخر ڕێساکانی ئایین، چۆن بەسەر ئەدەبدا جێبەجێ دەکرێن؟ کە عەلاء ئەسوانی، بەشی یەکەم لە ڕۆمانی شیکاگۆ، لە (دەستوور)دا بڵاو دەکاتەوە، ئیسلامییەکی توندڕۆ بەم جۆرە هەڕەشەی لێ دەکات: (ئەگەر کچە حیجابپۆشەکە، لە دەرەوەی ژیانی هاوسەرگیری، پێوەندیی سێکسی دابمەزرێنێت، داهاتووت باش نابێت.)

خاتوونێک لە سۆنگەی ئەوەوە، جۆن مەیجەر دەداتە بەر هێلکەی کاڵ، دەستگیر دەکرێت، بەڵام هەر زوو ئازاد دەکرێت و پۆلیس دەڵێت: (چونکە هیچ مەترسییەکی لەسەر ژیانی سەرۆکی وەزیران دروست نەکردووە، تەنیا ئەوەیە بە شێوازێکی زبر، ڕای خۆی دەربڕیوە، بۆیە هیچ تۆمەتێکی ئاڕاستە نەکرا.) کە ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر عێراق، سیدنی شیهان دەنووسێت: (سەرۆکە لووتبڵندەکەی وڵاتەکەمان کە گێلێکی بێ وێنەیە، بە هاوکاریی جەنەراڵە ترسنۆکەکانی، ڕۆلەکانی ئێمەیان بەرەو مەرگ ڕەوانە کرد.) لە وڵاتانێکدا ئازادیی ڕادەربڕین هەبێت، ئاساییە ناتۆرەی گێل بدرێتە پاڵ سەرۆک، بەڵام نایاسایییە و سزای لەسەرە، هەمان شت بە هاووڵاتییەکی ئاسایی بڵێیت. 

جارێکیان، وەزیرێک لای (هاری تروومان)ی سەرۆکی ئەمریکا، گلەیی ئەوە دەکات کە لە ڕۆژنامەدا هێرشی توند کراوەتە سەری، ئەویش پێی دەڵێت: ئەگەر بڕیارت دا، نانەوایی بکەیت، نابێت گلەییت لە گەرمیی تەندوور هەبێت. (فڵانە بەرپرس، ڕەمزی دەوڵەتە، فیسار دەزگە، سیمبۆلی نیشتمانە، فڵان نووسین، ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێک دەدات و فڵان نووسەر ئاژاوە دەنێتەوە، یان بەرژەوندیی باڵای نیشتمان ڕەچاو ناکات، یان دەستێکی دەرەکی لە پشتەوەیە.) ئەو بالۆرانە لە وڵاتانێکدا لێ دەدرێن، ستەمکاری تێیدا سەروەر بێت و مەبەست لێیان دەمکوتکردنی هاووڵاتییانە، بۆ ئەوەی کەس نەوێرێت لە ستەمکاران بپرسێتەوە. ئەوە نیشتمان نییە، زیندانە، ئەگەر میللەت گیرۆدەی ستەمی سیاسی، یان دەمارگیریی ئایینی بێت، ئەوە وڵات نییە، دۆزەخە، ئەگەر سیاسەتمەدارە ستەمکارەکان و دەمارگیرە ئایینییەکان، دەست تێکەڵ بکەن و هەردوو لایان سەنگەر لە میللەت بگرن.

حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن

ستۆکهۆڵم

٦/٩/٢٠١٢

 

 (١) علاء ألأسواني، هل نستحق الدیمقراطیة؟ الطبعة الثالثة، دار الشروق ٢٠١٠ القاهرة.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.