Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
حیزب و زەرورەتى گۆڕان…..رەزا جەبار

حیزب و زەرورەتى گۆڕان…..رەزا جەبار

Closed
by November 6, 2008 گشتی

 
 
 حیزب و زەرورەتى گۆڕان
 رەزا جەبار
 
 لە ئێستادا واقیعى حیزبى كوردى واقیعێكە هەڵگرى دەیان كێشەو قەیرانى جۆراوجۆرە، واقیعێكە پڕیەتى لە فاكتەرى گەورە بۆ كەنەفت بوون، واقیعێكە هەڵگرى روخسارێكى ناساغییە بۆ لەناوچون.
 بۆئەوەى حیزبى كوردى لەم پەتا كوشندانەى كە حاڵى حازر پێوەى ئەتلێتەوە رزگارى ببێت پێویستى بەچییە؟ بێگومان وەڵامى ئەم پرسیارە تا رادەیەكى زۆر هۆكارە بۆ چونە دەرەوەى حیزب لەو چوارچێوە پڕ لەمەترسییانەى كە ئێستا بەهێواشى پیاسەى تێدا دەكات.
 گرنگە لێرەدا بگەرێینەوە بۆ ئەو پێناسە سادەو ساكارەى كە "حیزب بە ئامراز بۆ گەشتن بەئامانجێكى گەورە"  دەناسێنێت. بەبڕواى من یەكێك لە هۆكارە گەورەكانى هەموو ئەو قەیران و كێشە جۆراوجۆرانەى كە روبەروى حیزبى كوردى بووەتەوە ئەوەیە كە نەك ئەو پێناسەى لەیادكردووە، بەڵكو تەواو پێچەوانەكەیمان نیشان دەدات، بەجۆرێك كە حیزب بووەتە ئامانجێكى بچوك بۆ بەرژەوەندییەكى گەورەى تاكەكەسى.
 ئەگەر بڕوانین لەدواى ڕاپەرینەوە حیزب لە كۆمەڵگەى ئێمەدا پەناگەیەك بووە بۆ زۆرێك لەوانەى كە حیزبى بونیان لە بەدەستهێنانى ئایندەیەكى مسۆگەرو  باش بۆ خودى خۆیان بینیوە. بەمانایەكى تر، لەزۆركاتدا ئینتیماكردن بۆ حیزب بۆ ئەوە نەبووە تا لەڕێگەى كاریگەرى و خەباتى رۆژانەى حیزبەوە هەوڵبدرێت بۆ وەدەستهێنانى ئامانجێكى گەورەى نەتەوەیى یان ئامانجێكى گەورەى دەستەجەمعى، بەڵكو ئینتیماكردن بۆ حیزب لەسەر ئەو مانایە بووە كە مادامەكى فڵان یان فیسار حیزب خاوەنى دەسەڵات و كاریگەرییەكى گەورەیە لەسەر ئاستى كوردستان ئیدى قابیلى ئەوەیە ئینتیمات بۆى هەبێت، تاوەكو لەو رێگەیەوەو لەپەناى دەسەڵاتەكەیدا شوێنێكى گرنگ و ژیانێكى سەقامگیر بۆ خۆت مسۆگەر بكەیت. ئەمە یەكێكە لەو هەڵە كوشندانەى كە زۆرێك لە حیزبەكانى ساحەى سیاسى كوردى پێوەى ئەناڵێنن. چونكە لە بنەڕەتداو لە زۆربەى پەیڕەوو پرۆگرامى حیزبەكاندا مەرجى "بوون بەئەندام" وەك كۆمەڵێك بڕگەى هەستیارو جێگەى بایەخى حیزب دیاریكراوە. بەڵام زۆر بە ئاشكراو زۆر بەرونى ئەو مەرج و بڕیارانە پەراوێز خراون و لەبیر كراون.
 بۆ ئەوەى رونتر قسە لەسەر ئەم مەجالە بكەین گرنگە یەكێك لە مەرجەكانى "بەئەندام بوون" لە حیزبى كوردیدا بخەینە روو كە تەواوى گروهە سیاسیەكان لە پەیڕەوو پرۆگرامەكانیاندا بەبىَ دوو دڵى چەسپاندویانە، ئەویش ئەو مەرجەیە كە دەڵێت "ئەندامى حیزب دەبێت بڕواى تەواوى بە ئایدۆلۆژیاو بەرنامەى سیاسى حیزب هەبێت". لێرەدا قسە لەسەر باشى و خراپى ئەم مەرجە نییە كە بۆ ئەندام لەحیزبدا دیاریكراوە، بەڵكو مەبەست لەوەیە رێژەیەكى زۆر ئەندام و كادیرى حیزبى هەن، نەك نازانن ئایدۆلۆژیاو بەرنامەى سیاسى حیزبەكانیان چییە، بگرە لەماناى ئایدۆلۆژیا و سیاسەتیش نەگەشتون. هۆكارى ئەمەش دیسان بۆ هەڵەو كەمتەرخەمى حیزب ئەگەرێتەوە، بۆ ئەو فەرامۆشكردنە گەورەیە ئەگەڕێتەوە كە حیزب بۆ پەروەردەى سیاسى هەیەتى.
  ئەمە جگە لەوەى كە تا ئێستا حیزبى كوردى خاوەنى یەك گوتارى دیاریكراو نییەو هەروەك خاوەنى هەڵوێستێكى سیاسى جێگیر نییە. حیزبە كوردییەكان بەردەوام لەگۆڕانى گەورەى ئایدۆلۆژیدان، مەبەستیان لەمەش بۆ ئەوەیە بەردەوام خاوەنى ئەندام و لایەنگرى زۆرو بۆر بن.
 یەكێكى تر لەو هۆكارانەى كە حیزبى كوردى گەیاندۆتە ئەو واقیعە نالەبارەى ئێستاى ئەوەیە كە بەردەوام لەهەوڵدایە بۆ كوشتنى دەنگى بوێرو رەخنەگرى جیدى لەناوخۆى خۆیدا، حیزبى كوردى بەردەوام بڕواى بەئەندامێك هەیە گوێرایەڵ و كەم قسە بێت، چەپڵە لێدەرو بىَ گومان بێت، خۆشباوەڕو ساویلكەبێت. حیزبى كوردى وایكردووە هەر ئەندامێك نەتوانێت بە زوویى خۆى دەوڵەمەند بكات و نەزانێت موجامەلەى سەرەوەى خۆى بكات، كەواتە ئەو ئەندامە نە لەماناى سیاسەت ئەزانێت، نە ئەزانێت حیزبایەتى بكات.
 لەكاتێكدا مەرجى سەرەكى بۆ مانەوەو بەردەوامى حیزبێكى تەندروست ئەوەیە ئەندامەكانى پڕ گومان و رەخنەگر بن، حیزب بە ئامرازى گەشتن بە ئامانج ببینن،خاوەنى بیروبۆچونى تایبەتى و رۆشنبیرى گشتى بن، بێدەنگ نەبن لەئاستى هەر هەڵەو كەموكورتییەك لەهەر ئاستێكدا بێت، بە ئاسانى بڕوا بە پاساوەكانى حیزب نەكەن كە بۆ هەڵەكان دەیهێنێتەوە.
 كێشەكە لێرەدا ئەوەیە حیزبە كوردییەكان لەدواى راپەڕینەوەو لەوكاتەوەى پێیان خستە نێو كۆڵانەكانى شارەوە ئەزمونێكیان بەرجەستەكردووە تیایدا ماناى حیزب گۆڕدراوە بۆ مانەوەو بەردەوامییان لەسەر جەستەى كۆمەڵگە، كۆمەڵگە ئامرازى گەورەى خزمەتكردن و درێژەدان بەتەمەنى حیزب بووە. ئەمەش ئەو تێڕوانینە سلبییەى دروستكردووە كە كۆمەڵگە بۆ بۆ حیزب و سیاسەت هەیەتى.
 هەربۆیە ئێستا ئەو ساتەیە مانا ئینسانییەكان بدرێتەوە بە حیزب و سیاسەت، وابكرێت حیزب بەجێگەى خزمەتكردنى كۆمەڵگەو بەدیهێنانى ئامانجەكان ببینرێت، پێویستە حیزب بهێنرێتە دەرەوە لەو چوارچێوە مەترسیدارەى كە خۆى تێى كەوتووەو بەو مەترسییەوە كاریش لەسەر كۆمەڵگە دەكات. گرنگە وابكرێت گۆڕانێكى ریشەیى لە تەواوى پێكهاتى حیزبدا ئەنجام بدرێت، تاوەكو هەم ئەندامەكانى هەستى ئینسانى لەدەست نەدەن و هەمیش كۆمەڵگە ترسى لەدەستدانى هەستى ئینسانى بڕەوێتەوە.
 هەنگاونان بەئاراستەى گۆڕان و گۆڕانكارى لە ئێستاى حیزبدا زەرورەتێكە هیچ پێویستى بەپاساوو  دروشمى بریقەدار نییە بۆ نەكردنى. پاساوهێنانەوە بۆ ئەنجامنەدانى گۆڕان لەحیزبدا هیچ مانایەكى نییە جگە لەترسى لەدەستدانى بەرژەوەندییە فەردییەكان لەناوەوەى حیزبدا. حیزب لەئێستادا بۆئەوەى خۆى دەرباز بكات لە قەیران و نەخۆشییەكانى، لەجیاتى ئەوەى هەوڵى كپكردنى دەنگە رەخنەییەكانى بدات، پێویستى بە دروستكردنى چەندین ئامرازى بیستن هەیە بۆ ئەو رەخنانەى كە لەناوەوەو دەرەوەى حیزب ئاراستەى دەكرێت، پاشانیش پێویستى بەچەندین بڕیارى بوێرو نەترسانە هەیە بۆ خۆ دەربازكردنى لەو دەردو نەخۆشیانەى توشى بووە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.