حیكایه‌ته‌كانی سه‌رۆك
هه‌ندێكجار كه رووداوگه‌لێك دێنه پێشه‌وه، مرۆڤ گوێبیستی هه‌ندێك حیكایه‌ت ده‌بێت، ئاشنای ده‌كات به راستیه‌ك كه‌دوو رووی هه‌یه، روویه‌كییان خه‌مناكییه‌كی كوشنده‌یه، رووكه‌ی تریشی كۆمیدیایه، كۆمیدیایه‌ك دیسانه‌وه له كۆتاییدا ده‌چێته‌وه سه‌ر خه‌مناكییه‌كه، واته له هه‌ردوو روودا، راستییه به‌رجه‌سته بووه‌كه پێمان ده‌ڵێت، مرۆڤ كه قه‌ده‌ری خۆی ده‌داته ده‌ست وه‌هم و ناتوانێت له رێگه‌ی بیركردنه‌وه و دنیابینییه‌كانی خۆیه‌وه، دنیا و ده‌وروبه‌ر بخوێنێته‌وه و چاره‌نووسی خۆی دیاری بكات، ناتوانێـت ژیانێكی باش بژی كه شایسته‌ی مرۆڤ بێت.
واته له دۆخێك‌دا، مرۆڤ خۆی ده‌بێته هۆكار، بۆ نه‌گه‌شتن به ژیانێكی باش، چونكه ئه‌و مرۆڤانه‌ی توانای زاركردنه‌وه‌یان نیه به رووی سه‌رۆكه‌كاندا، كه فاكته‌ری سه‌ره‌كی ناعه‌داله‌تی و كاره‌ساته‌كانن، توانای تێگه‌شتن و دۆزینه‌وه ئه‌و شارێگایانه‌شییان نیه، كه ده‌یانباته‌وه سه‌ر ئاراسته‌یه‌ك، باشه‌ی گشتی بكاته به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كی سیاسییه‌كان و له‌و ناوه‌نده‌شدا، مرۆڤ ژیانێكی باش و شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و خه‌مناكییه‌یه وا ده‌كات مرۆڤ بێ‌ئومێد بێت له‌و سه‌زه‌مینه، كه سه‌رنشینه‌كانی سه‌رۆكێك ده‌كه‌نه فریادره‌سی خۆیان، چونكه مرۆڤی هۆشمه‌ند تێده‌گات، سه‌رۆكه‌كان هیچ نین جگه له مایه‌ی وێران بوونی ژیان و به كه‌لاوه كردنی كۆمه‌ڵگه‌كان و بچوكردنه‌وه‌ی مرۆڤ له هه‌ندێك شوناسدا، كه‌ماناو جه‌وهه‌ری راسته قینه‌ی مرۆڤ له ژێر پێ ده‌نێن.
ده‌گمه‌نن ئه‌و سه‌رۆكانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ناخه‌نه پێش به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌وه، ئه‌گه‌ریش وابكه‌ن، ده‌بێت بیر له زیندانه‌كانییان بكه‌ینه‌وه، كه چه‌ند مرۆڤی تێدایه و به هۆی هه‌ڵبژاردنی پێچه‌وانه‌بوون له به‌رانبه‌ر بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وان یه‌خسیر كراون، یان ده‌بێت بزانین ئه‌و سه‌رۆكانه‌ش كه نه‌گه‌شتوونه‌ته ده‌سه‌ڵات، چیی له خه‌یاڵییاندا خۆی مه‌ڵاسداوه كه گشتنه ده‌سه‌ڵات ئه‌وانی تری پێیه‌خسیر بكه‌ن، ئه‌مه‌ش كارێكی سه‌خته و مرۆڤ ناتوانێت كه‌شفی ئه‌و راستیانه بكات، كه سه‌رۆكه‌كان له ناخی خۆیاندا هه‌ڵیان گرتووه، به‌ڵام راستییه‌ك هه‌یه پێویسته هه‌موومان بیزانین، سه‌رۆكه‌كان ئه‌گه‌ر توانایان هه‌بێت، له پێناو كورسی ده‌سه‌ڵات و مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و كورسییه، تا دوا ساتی ژیانییان، به‌رده‌وام ده‌بن له وێران كردنی ژیانی مرۆڤ.
كاتێك سه‌رۆكێك ده‌یه‌وێت به‌ره‌و سه‌رۆكێكی هه‌میشه‌ی بڕوات و ده‌ست به‌سه‌ر كۆی جومگه‌كانی جڤات بگرێت، مه‌ودای ئازادی بۆ مرۆڤ و موماره‌سه‌كردنی ئه‌و ئازادییانه به‌ر ته‌سك ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات، ژیان له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سه‌رۆكانه‌دا، مانه‌وه بێت له ته‌نگه‌به‌رانییه‌كاندا، كه ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته‌ش له كۆمه‌ڵگه كه‌لاوه ئاساكاندا، ژیانی مرۆڤییان تێكداوه و بوونی مرۆڤیان وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره خستۆته په‌راوێزه‌وه، به‌ڵام له لایه‌كی تریشه‌وه، حیزبه‌كانییان، له رێگه‌ی ده‌زگا جۆر به جۆره‌كانییانه‌وه، خه‌ریكی درووستكردنی حیكایه‌تی وه‌همی و درووستكردنی ده‌مامكن بۆ سه‌رۆك، بۆ ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی بشارنه‌وه و هه‌وڵی موقه‌ده‌س كردنی ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ماكینه ئیعلامییه‌كانیان ده‌كه‌ونه كار و سه‌رۆك وه‌ك كوڕی هه‌ڵبژێردراوی خودا نیشان ده‌ده‌ن.
له هه‌رێمی كوردستانیش له‌دوای رووداوكانی حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه، كه لوتكه‌ی شكستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌خه‌نه پێش چاو، گوێبیستی كۆمه‌ڵێك حیكایه‌ت ده‌بین، كه له ناو به‌شێك له‌و حیكایه‌تانه‌دا، سه‌رۆكی هه‌رێم كاراكته‌رێكی سه‌ره‌كییه، به‌ڵام هیچ كاتێك ئه‌م حیكایه‌تانه، نه‌یانتوانیوه مه‌ودایه‌كی كه‌م له نێوان رازی بوون به ناوه‌رۆكی حیكایه‌ته‌كان و كه‌سانی هۆشمه‌ند درووست بكه‌ن، چونكه كاتێك حیكایه‌ته‌كان ده‌چنه ناو كوچه بێ خزمه‌تگوزاری و ماڵه بێ كتێبه‌كانه‌وه، كه‌سانی هۆشمه‌ند ده‌بێت گومان له راستی و درووستی ناوه‌رۆكی حیكایه‌ته‌كه بكه‌ن، ده‌بێت تێبگه‌ن كه له دروستكردنی به‌شێك له حیكایه‌ته‌كاندا، ده‌زگاكانی حیزب رۆڵ ده‌گێڕن، ئه‌مه‌ش بۆ پێدانی روویه‌كی ئه‌فسانه‌ییه به سه‌رۆكه‌كان، روویه‌كی كاریزمیی به‌خشینه به شه‌خسییه‌تێكی دیاری كرا‌و، كه ئه‌ویش سه‌رۆكه، سه‌رۆك لێره‌دا ئه‌و كاراكته‌ره‌یه، كه هه‌موو حیزب له خزمه‌تیدا كار ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وای نیشان بده‌ن، ئه‌و كه‌سێكی ئاسایی نیه و كه‌سێكه خاوه‌نی سیحرێكه، ده‌بێته فریادره‌سی خه‌ڵك و وڵات له نه‌هامه‌تی ده‌رده‌هێنێت، سه‌رۆك لێره‌دا ئه‌و مانایه هه‌ڵده‌گرێت، كه سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزمیه و هه‌رچی قودره‌ت و توانای هه‌یه، به ده‌وه‌ری چاكه‌ی گشتیشدا به‌كاری ده‌هێنێت.
ده‌زگاكانی حیزب بۆیه ماڵه بێ كتێبه‌كان و كوچه بێخزمه‌تگوزارییه‌كان هه‌ڵده‌بژێرن بۆ گه‌یاندنی ئه‌م حیكایه‌تانه، چونكه ئه‌و جێگه‌یانه باشترین جێگه‌ن، بۆ بڕوا كردن به‌و حیكایه‌تانه‌ی كه هه‌میشه كاراكته‌رێك ده‌بێته فریادره‌سی مرۆڤه‌كان، چونكه ئه‌وان خۆیان پێویستییان به فریادره‌سێك هه‌یه، پێویستییان به حیكایه‌تێك هه‌یه كه حیكایه‌تخوانه‌كه له رێگه‌ی وشه و رووداوه‌كانه‌وه ئومێدێكیان بۆ درووست بكات، تا نا ڕه‌حاتی ژیانییان له سایه‌ی ئه‌و ئومێده درۆزنانه‌وه بۆ ساتێكیش بێت له بیرببه‌نه‌وه.
له دوای رووداوه‌كانی حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه، سه‌رۆكی هه‌رێم له ناو مه‌جلیسی ماڵه بێ كتێبه‌كاندا، به تایبه‌ت له ناوچه‌ی زه‌رد هه‌میشه ناوی چه‌ندباره ده‌كرایه‌وه، ئه‌و حیكایه‌تانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم، هاوشێوه‌ی حیكایه‌تی میر و سوڵتان و پاشاكانی پێشوو بوو، كه ده‌گه‌ڕان به دوای موعاناتی خه‌ڵكه‌كه‌یان و بۆیان چاره‌سه‌ر ده‌كردن، به‌ڵام ناكرێت هیچ كاتێك ئه‌م حیكایه‌تانه وه‌ك به‌شێك له واقیع سه‌یر بكه‌ین، چونكه سه‌رۆكه‌كان له ناو كه‌شوهه‌وای كۆشكه‌كاندا گه‌وره ده‌بن و ئاگایان له مه‌ینه‌تی و ده‌رده‌داری هاونیشتیمانییه نه‌داره‌كان نیه، ده‌رگاكانییان داخراوه و لێناگه‌ڕێن هاونیشتیمانییه ساده‌كان بچنه هه‌رێمه‌كانی ئه‌وانه‌وه.
حیكایه‌ته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم رۆژانه به‌رگوێمان ده‌كه‌وتن، “سه‌رۆك ئه‌مشه‌و به تاكسییه‌ك ئه‌م شارۆچكه‌یه‌ی به‌سه‌ر كردۆته‌وه، سه‌رۆك سه‌ردانی پرۆژه‌ی به‌رپرسه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی كردووه و بڕیاری داوه هه‌موویان بدات به دادگا، سه‌رۆك ده‌یه‌وێت هه‌موو ئه‌و شوقه و كۆمه‌ڵگه نیشته‌جێبوونانه ببینێت كه به نرخی گران به خه‌ڵك ده‌فرۆشرێن، سه‌رۆك به شه‌و ده‌چێته هه‌ر شوێنێك كه خزمه‌تگوزاری تێدا نیه، سه‌رۆك خزمه نزیكه‌كانی خۆیشی سزا ده‌دات كه ده‌ستیان هه‌بێت له گه‌نده‌ڵیدا”.
ئه‌مانه مانشێتی ئه‌و حیكایه‌تانه بوون، كه له زۆربه‌ی ماڵه‌كاندا دووباره ده‌كرانه‌وه، به‌ڵام هیچ كاتێك نه‌مانبینی ئه‌م حیكایه‌تانه ببنه ڕاستی، به‌ڵكو له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا، پێچه‌وانه بوونه‌ته‌وه و به‌ره‌نجامی ئه‌و پێچه‌وانه بوونه‌وانه‌ش، له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵك و هه‌ژار و نه‌دار شكاوه‌ته‌وه.
رۆژگاره‌كان تێپه‌ڕین و نه‌مانبینی سه‌رۆك له سه‌ری ره‌ش بێته خواره‌وه، نه‌مانبینی سه‌رۆك بێته ناو خه‌ڵك و ئه‌مجاره‌یان، ئه‌و گوێ له حیكایه‌ته تراژیدیه‌كانی گه‌له‌كه‌ی بگرێت، سه‌رۆك نه‌هاته ناو خه‌ڵك تا بزانێت له په‌نای باڵه‌خانه‌كانه‌وه خه‌ڵكانێك هه‌ن سواڵ ده‌كه‌ن و لوقمه‌یه‌ك نیه له ماڵه‌كانییاندا، له شاشه‌ی ئه‌و تیڤییانه‌وه كه زۆربه‌ی كاته‌كانییان بۆ وێناكردنی دنیایه‌كی جوانی درۆزنانه ته‌رخان ده‌كه‌ن، به‌ڵام له له‌حزه‌یه‌كدا كۆمه‌ڵێك مرۆڤ دێنه سه‌ر شاشه‌و بۆ خه‌مه‌كانیان ده‌گرین، نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان دنیای ئه‌وه‌نده بچوك كردۆته‌وه له پێش چاویاندا، به روخسارێكی غه‌مگینه‌وه دێن و ده‌پاڕێنه‌وه تا كه‌سانی خێرخواز ده‌رمانی نه‌خۆشییه‌كانییان بۆ بكڕن، جلی جه‌ژن و ژه‌می جه‌ژن و یارییه‌ك بۆ مناڵه هه‌تیوه‌كانییان بكڕن.
سه‌رۆك نه‌هاته خواره‌وه و سه‌رێك له‌و ماڵانه بدات، كه جگه له خودا كه‌سێك نیه ئاوڕیان لێبداته‌وه، سه‌رۆك نه‌هاته خواره‌وه و بزانێت ئه‌مه حاڵی گه‌له‌كه‌یه‌تی، كه كه‌سایه‌تییان له ناو نه‌بوونیدا غه‌رقی تێكشان بووه، سه‌رۆك نه‌یتوانی وێنه راسته‌قینه‌كانی خۆی، له كۆشكه‌كانی سه‌ری ره‌شه‌وه بگوازێته‌وه بۆ ناو ئه‌و ماڵانه‌ی كه شه‌وانه منداڵه‌كانییان به برسێتییه‌وه رۆژ ده‌كه‌نه‌وه.
بۆیه ده‌بێت سه‌رۆكی ئه‌م هه‌رێمه سه‌یری كاره‌كانی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی تێبگات ژیانی به‌شێك له تاكه‌كانی وڵاته‌كه‌ی، به خێری خێرۆمه‌ندان به‌ڕێوه ده‌چێت، له كاتێكدا ئه‌م وڵاته پڕه له پاره و كه‌سیش نازانێت چۆن خه‌رج ده‌كرێت، سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێت له خۆی بپرسێت، ئایا وڵاتێك كه كه‌مترین مافه‌كانی مرۆڤی تێدا په‌یڕه‌و بكرێت، وڵاتێك غه‌رقی نه‌گبه‌تی بێت، سه‌رۆكه‌كه‌ی توانیویه‌تی ئه‌و به‌رپرسیارێتییانه‌ی كه رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه، له‌ئه‌ستۆی بگرێت و ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێ بكات؟!
رێبوار ره‌زا چوچانی
Facebook.com/chwchani