Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
خه‌ره‌ند

خه‌ره‌ند

Closed

خه‌ره‌ند  
دیدار مه‌سیفی
  بۆ که‌سێک ناوی موحه‌مه‌د ئاشق بوو

که‌ هه‌واڵه‌که‌ی پێ گووتیت، نه‌تزانی بکه‌ویته‌ ژێر باری گرانی خه‌مه‌وه‌ یان خه‌نده‌یه‌کی گاڵته‌جار به‌ لێوه‌کانت دروست بکه‌یت و له‌ مه‌ودوا نه‌ته‌وێت چاوه‌ڕوانی هیج شتێکی دیکه‌ بیت له‌ دونیا. به‌ڵێ، نه‌تزانی چی بکه‌یت و چی بڵێیت و چی وه‌ڵامبده‌یته‌وه‌؟ کاتێک خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ت به‌ زمانێکی پڕ  به‌زه‌یی لایه‌کی ده‌رگاکه‌ی به‌سه‌رتداکرده‌وه‌ و به‌و به‌یانیه‌ زووه‌ شتێکی پێگووتیت که‌ تۆی به‌ ته‌واوی برده‌وه‌ ژێر لێفه‌که‌وه‌. هه‌واڵه‌که‌ی به‌ جۆرێک گرۆمه‌ڵه‌ی کردی و له‌ ژووژێکی به‌سته‌زمانی چوواندی که‌ له‌ لایه‌ن گیانله‌به‌رێکی دڕه‌وه‌ په‌لاماردرابێت، یان له‌ که‌سێکی مه‌لوول که‌ تاکه‌ ئاواتی گه‌رانه‌وه‌ بێت بۆ ساته‌کانی ساوایی یان بیرکردنه‌وه‌ له‌ نه‌بوون. له‌ ژێر لێفه‌که‌دا تۆ نه‌تده‌ویست له‌مه‌ودوا بیر له‌ شه‌وێکی ته‌ڕی پڕ له‌ ماچ و ڕاموسان بکه‌یته‌وه‌ که‌ تێیدا سوارچاکی خه‌ونه‌کانت به‌ سه‌دان شێوه‌ وێنا بکه‌یت. چونکه‌ ووشه‌کانی خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ت هێشتا له‌ ناو گوێچکه‌کانت ده‌زرینگانه‌وه‌ و سه‌دا و گێژاوێکی سه‌یر و ناخۆشیان خستبووه‌ ناو مێشکت، کاتێک به‌ په‌له‌ هات و ده‌رگاکه‌ی کرده‌وه‌ و گووتی " هه‌ڵسته‌ له‌ خه‌وی شیرین، ئه‌ی خوشکه‌ شیرین و بێبه‌خته‌که‌م، پیره‌ زاواکه‌مان مرد! "                                   
 تۆ به‌ هه‌ردوو ده‌سته‌کانت رووی خه‌واڵوو و په‌شۆکاوی خۆت داپۆشیبوو و پێتخۆش بوو ژێر لێفه‌که‌ تاریکتر دیار بێت. به‌و به‌یانییه‌ زووه‌ نه‌تده‌ویست نه‌ خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ت و نه‌ که‌سێکی دیکه‌ ئه‌و رووندکه‌ قه‌تیسماوانه‌ی چاوه‌کانت و ئه‌و خه‌نده‌ ووشکبووه‌ی سه‌ر لێوه‌کانت- که‌ خۆشت نه‌تده‌زانی چ مانایه‌ک ده‌گه‌یه‌نێت- ببینێت.  
تۆ له‌گه‌ڵ خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ت له‌ شارۆچکه‌یه‌کدا ده‌ژیایت که‌ ده‌ تۆ ئه‌وه‌نده‌ی ته‌مه‌نی هه‌بوو، به‌ڵام له‌ لایێکی دیکه‌وه‌ کت و مت له‌ تۆی قه‌یره‌ کیژ ده‌چوو که‌ له‌ دووره‌وه‌ به‌ سه‌ر شاخێکی لاچه‌په‌ک و دووره‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌بینرا.  
ئه‌و سه‌ر له‌ سپێده‌ زووه‌ی که‌ خوشکه‌که‌ت ده‌رگاکه‌ی به‌ سه‌رتدا کرده‌وه‌ و ئه‌و هه‌واڵه‌که‌ی پێ گووتیت به‌روار پێنجی پێنجی نه‌وه‌ت و پێنج بوو.  پێنج شه‌ش سه‌عاتێک دوای پێنچه‌شه‌ممه. که‌ تێیدا بڕیار وابوو دوایی ڕابوون له‌ خه‌و‌ تۆ ببردرێت بۆ لای شارا خانم تا له‌سه‌ر یه‌ک تێل بتڕازێنێته‌وه‌. بۆ نموونه‌:                                                 
* هه‌رچی مووه‌ له‌ له‌شت ڕابماڵێت و لووس و پووس بداته‌وه‌ ده‌ست خوشکه‌که‌ت.      
* قژت ببڕێت و تاڵه‌ مووه‌سپیه‌کان ببژێرێت و سه‌ر کۆنه‌یان بکات.                          
* ئابرۆ ئه‌ستوره‌کانت بکات به‌ دوو که‌وانه‌ی باریک و له‌و هه‌یڤه‌یان بچووێنیت که‌ شه‌وانی هاوین له‌ نێو گشت ئه‌ستێره‌ رووناکه‌کان، تۆ عاشق به‌ ره‌نگی زه‌ردی ئه‌و ده‌بوویت.                                                                                                   
* تفرێکی ئه‌ستووری سپییاو له‌ رووت بدات و ئه‌و کرژی و لۆچ و خاڵانه‌ دابپۆشیت که‌ ئه‌فسووس و رۆژگار هێنابوویانن.                          
* لێوه‌ ته‌نکه‌کانت سووراو بکات و له‌ خۆیان گه‌وره‌تر نیشان بدات.                          
*  کل له‌ چاوانت بڕژێنێت و مسکاره له‌ برژانه‌گه‌کانت بدات‌.                                   
به‌ڵام تازه‌ نه‌ شارا خانم ده‌توانێت ئه‌و چه‌ند سه‌د دیناره‌ بخاته‌ باخه‌ڵ و دیاری و خه‌نده‌ و ستایشی پێبڕێت، نه‌ خوشکه‌ گه‌وره‌که‌شت هه‌ناسه‌ی ئۆخه‌ی هه‌ڵمژێت و به‌و جۆره‌ به‌خت و نه‌سیب کرانه‌وه‌یه‌وه‌ت بڵێت ئامین.                                                         
بۆ تۆش، هاتنی ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌ ته‌نها به‌رنامه‌ی ئه‌و رۆژه‌ی خاپوور نه‌کرد، به‌ڵکو خه‌ونێکیش که له‌وه‌ته‌ی بناغه‌ی مه‌مکه‌کانت دانابوو وای نیشان دابوویت که‌ رۆژێک سوارچاکی خه‌ونه‌کانت به‌ سواری ئه‌سپێکه‌وه‌ له‌ شاخه‌کانه‌وه‌ دێته‌ خوار.                   
ساڵان چوون، تۆ هه‌رگیز نه‌تده‌زانی رۆژێ ده‌که‌ویته‌ ژیر فشاری نزیکترین که‌سی  خۆت و ئیتر جوایه‌زی ته‌مه‌ن و شێوه‌ی ئه‌و پیره‌ پیاوه‌ت پێ گرنگ نه‌بێت که‌ به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێک هاتبووه‌ خوازبێنیت. ده‌تگووت لای ئه‌وان ئه‌وه‌ی دوا جار تۆ ته‌سلیمی ببوویت فشاری ئه‌وان نیه‌ به‌ڵکو بۆنی شه‌وێکه‌ هه‌موو که‌س که‌ خۆی ناسی خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێت.                                                                                                     
سه‌رباز، شووی خوشکه‌که‌ت، به‌ سه‌د پلان و هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌و رۆژه‌ی بۆ رێکخستتبوویت که‌ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌م تۆ به‌ یه‌کجاری له‌ کۆڵ خۆی و ماڵ و منداڵه‌که‌ی بکاته‌وه‌، هه‌م خۆیشی له‌ پاسه‌وانی به‌ر ده‌رگای ماڵی  پیره‌ پیاوه‌که‌‌ رزگاری بێت، ئه‌و که‌سه‌ی که‌ به‌ گه‌یشتن به‌ تۆ خه‌ریک بوو سه‌ر له‌ نوێ بۆ جاری پێنجه‌م، شه‌شه‌م، حه‌وته‌م، یان هه‌شته‌م و نۆیه‌م ببێته‌وه‌ زاوا.  ناوه‌که‌ی نامۆ و نه‌ناسراو نه‌بوو که‌ خوشکه‌که‌ت به‌ ‌ گوێیه‌کانتی دا چرپاند به‌رله‌وه‌ی چه‌ندین لاندکروزه‌ر و پیکاپ و ئۆتۆمبێل بهێنه‌ به‌ر ده‌رگای ماڵه‌که‌تان و کۆڵانه‌که‌ له‌ هه‌موو کاتێکی جه‌نجاڵتر نیشانده‌ن.                        
ئه‌و رۆژه‌ سه‌رباز به‌ پێکه‌نینه‌وه له‌ ده‌رگا هاته‌ ژووره‌وه‌ و ‌ که‌لاشینکۆفه‌که‌ی به‌ ده‌ست بوو. له‌ دووره‌وه‌ هاواری ده‌کرد " ده‌ی كچێ ئاماده‌بن مێوانه‌کان وا هاتن"                 
سه‌رباز پاش ئه‌وه‌ی دوو ساڵ ئه‌ندازه‌ی نه‌وتی له‌ شارێکی گه‌رم و دووره‌وه‌ خوێندبوو، له‌ بێکاری دا ناچار ببوو به‌ پاسه‌وانی به‌ر ده‌رگای ئه‌و لێپرسراوه‌ ڕازی بێت که‌ ئه‌گه‌ر نه‌ مردبایه‌ ده‌بوو به‌ ئاوه‌ڵزاوای.                                                                      
" ئاوه‌ڵزاوا، چ باسه‌؟ " به‌ر له‌ چه‌ند حه‌فته‌یه‌ک ئه‌و به‌و شێوه‌یه‌ بانگی سه‌ربازی کردبوو و به‌ڵێنی پێدابوو که‌ له‌ رێکخراوێکی بیانی به‌ دۆلار دایمه‌زرێنێت.                  
بۆیه‌ سه‌رباز له‌ چاوه‌ ره‌شه‌کانی تۆوه‌ ده‌یه‌ویست خه‌ونه‌ له‌ کیس چووه‌کانی بۆ ژیانێکی باشتر بۆ خۆی و هاوسه‌ر و منداڵه‌کانی بدۆزێته‌وه‌.                                               
به‌ڵام ئه‌و شه‌وه‌ تۆ خه‌ریک بوویت به‌ یه‌کجاری له‌ خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ت بڕه‌نجێیت که‌ به‌ چرپه‌وه‌ هات و له‌ پاڵت دانیشت، ئینجا ده‌ستی خسته‌ نێو قووڵایی قژته‌وه‌ و پێی گووتیت " خوشکێ، له‌ بیرته‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌ بازاڕ سه‌ربازمان له‌گه‌ڵ پیاوه‌ به‌ ویقاره سه‌ر و سمێڵ ره‌شه‌که‌‌ بینی! "          
تۆ بێئه‌وه‌ی له‌ بیرهاتنه‌وه‌ی ئه‌و ساته‌ به‌سه‌ر چوو و ڕاگوزه‌ره‌ هیچ شتێکی تایبه‌ت ببینیته‌وه‌، یه‌کسه‌ر به‌ تێکه‌ڵێک له‌ ئا و نا وه‌ڵامی خوشکه‌که‌ت دایه‌وه‌ و دووباره‌ وه‌ک خووی له‌ مێژ ساڵه‌ت کڕ و مات مایته‌وه‌.                                                            
تۆ له‌و شارۆچکه‌ بچووکه‌ی که‌ تێیدا ده‌ژیایت له‌ تێپه‌ڕینی په‌له‌ هه‌ورێکی وه‌رزی پایز خێراتر گه‌یشتیت به‌ سی و سێ. ئیتر بێ ئومێد ببوویت له‌ ته‌قه‌ی ده‌رگا و چرپه‌ی ده‌ستێک که‌ بیه‌وێت بۆ خوازبێنیت بهێته‌ پێش. ده‌تزانی ئه‌وان یان له‌ شه‌ڕه‌ نه‌بڕاوه‌کان دا نه‌هاتۆنه‌ته‌وه‌ یان وه‌ک ره‌وه‌ باڵنده‌ی هێلانه‌ وێران هێشتا به‌ره‌و ئاسمانی بێگانان ده‌فڕن. زۆر جاران له‌ ته‌نیایدا بێزار ده‌بوویت و بیرت له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ بچیته‌ سه‌ر ئه‌و که‌پکه‌ شاخه‌ی سه‌رووی ماڵتان و خۆت بخه‌یته‌ نێو دۆڵه‌ قووڵه‌که‌وه‌. به‌ڵام زوو ئه‌و خه‌یاڵه‌ ره‌شه‌ت ده‌بوو به‌ با، هه‌ورێکی سپی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبرد هه‌ر که‌ سه‌رت له‌ ژێر ده‌سته‌کانی خوشکه‌که‌ت ده‌بینیه‌وه‌.                                                                   
 ئه‌وجاره‌ چرپه‌ی قسه‌کانی ئه‌و له‌ گوێچکه‌کانت دا گه‌وره‌تر و گه‌وره‌تر ده‌بوونه‌وه‌. ئیتر که‌مێک مابوو هه‌ست به‌وه‌ بکه‌یت که‌ له‌ ژێر ده‌سته‌ میهره‌بانه‌کانی ئه‌ویشدا شوێنێکی ئارام نه‌ماوه‌ بۆ تۆ.                                                                                        
که‌چی کاتێک ده‌تبینی دوو دڵۆپ روندکی گه‌وره‌ له‌ چاوه‌ گه‌وره‌کانی قه‌تیس ماون، هێواش هێواش ناچار ده‌بوویت گوێ بۆ ئاخاوتنه‌کانی شل بکه‌یت که‌ ده‌یه‌ویست ئه‌و پیره‌ پیاوه‌ی چه‌ند رۆژێکی دیکه‌ ده‌هاته خوازبێنیت گه‌نجتر و دڵفراوانتر و ده‌ست واڵاتر نیشان بدات.                        
" خوشکێ، ئه‌و پیاوه‌ به‌ ویقاره‌ سه‌ر و سمێڵ ره‌شه‌، ده‌زانی کێیه‌؟ ئه‌و له‌ ته‌واوی ئه‌و ئه‌فه‌ندی و فه‌رمانبه‌ر و مامۆستا و پۆلیس و گه‌نجه‌ بێکارانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتتره‌ که‌ هه‌رده‌م به‌ گیرفانی به‌تاڵ به‌ جاده‌کان دا ده‌سووڕێنه‌وه‌! "                                                 
ئه‌و له‌ چاوه‌کانی تۆ ڕاده‌ما و بێئه‌وه‌ی دڵۆپه‌ روندکه‌کانی بکه‌ون و ره‌نگی ئازارێک نیشان بده‌ن که‌ له‌ ناخه‌وه‌ ئه‌ویشی ده‌سووتاند. نه‌یده‌ویست ئاخاوتنی زیاتر بخاته‌ سه‌ر لێوه‌کانی، ده‌تگووت له‌ سه‌ری ده‌درێت ئه‌گه‌ر هه‌موو قسه‌کانی ته‌واو نه‌کات." خوشکێ، ده‌زانی ئه‌و پیاوه‌ به‌ ویقاره‌ له‌ نێو هه‌موو کچانی ئێره‌ ده‌ستی له‌ سه‌ر تۆ داناوه‌ و دڵی گه‌نجی جوانێکی وه‌ک تۆ ده‌خوازێت.                                                                 
بۆیه‌ هه‌ر چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک دوایی بینینی تۆ له‌ بازاڕ داوای له‌ سه‌رباز کردبوو که‌ هیمه‌تێکی بۆ بکات. خه‌فه‌ت مه‌خۆ له‌وه‌ی که‌ ته‌مه‌نی دوو ئه‌وه‌نده‌ی‌ تۆیه‌. ئه‌و دڵی له‌ دڵی گه‌نجێک گه‌نجتره‌؛ سه‌رباز ده‌ڵێت ئه‌و هه‌رده‌م له‌ نێو لاندکروزه‌ ره‌شه‌که‌ی دا گۆرانیه‌کانی ئه‌و کیژه‌ جوانه‌ لێده‌دات که‌ نیوه‌ی کوڕانی ئه‌و ووڵاته‌ی دین و سه‌رگه‌ردان کردووه‌. "                                                                                                  
خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ت به‌ دوو دڵۆپ فرمێسکی قه‌تیس ماو زیاتر و زیاتری ده‌رباره‌ی پیاوه‌که‌ ده‌ئاخڤی. ئه‌و ده‌یه‌ویست خۆی بگرێت و نه‌گریێت هه‌تا هه‌موو قسه‌کانی ده‌کات و به‌وه‌ دڵی هاوسه‌ره‌که‌ی خۆش بکات.                                                                 
ئه‌و نه‌یده‌زانی که‌ سه‌رباز چۆن ده‌توانێ سه‌د و هه‌شتا پله له‌و گه‌نجه‌ درێژ و باریکه‌ جیا بێت که‌ له‌ شایی ده‌سته‌ خوشكێکی به‌ ڕیکه‌وت که‌وته‌ ده‌ستی و دڵی ته‌ژی کرد له‌ ئه‌وین.  سه‌رباز پاش ساڵانێکی درێژی بێکاری کاتێک خۆی به‌سه‌ر لووله‌ی که‌لاشینکۆفه‌که‌وه‌ بینیه‌وه‌ و بوو‌ به‌ پاسه‌وانی به‌ر ده‌رگای پیاوێکی نه‌خوێنده‌واری ده‌سه‌ڵاتدار. هێواش ‌هێواش بیروباوه‌ڕه‌ جوانه‌کانی کاڵبوونه‌وه‌ و بێئومێدی گه‌یشته‌ ناو مۆخی ئیسقانه‌کانی.  
بۆیه‌ شه‌وێک پێش ئه‌وه‌ی خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ت به‌ خۆی و دوو دڵۆپه‌ روندکه‌کانی بێت له‌ پاڵت دابنیشێت، ده‌ست بخاته‌ قژته‌وه‌ و ئه‌و قسانه‌ت پێبڵێت، سه‌رباز له‌ ژێڕ لێفه‌دا تێر قۆڵ و باسکه‌ نه‌رمه‌کانی ئه‌وی گوشیبوو و پێی گوتبوو‌ نه‌کات ئه‌و فرسه‌ته‌ زێڕینه‌ له‌ ده‌ست بدات. گوتبووشی‌ ئه‌گه‌ر تۆ له‌ کۆڵ خۆی نه‌کاته‌وه‌، ناچار ده‌بێت وه‌ک ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ رێی هات و نه‌هات هه‌ڵده‌بژێرن، ئه‌ویش سه‌ری خۆی هه‌ڵبگرێت و بڕوات.
کاتێک گوێچکه‌کانت بۆ خوشکه‌که‌ت شل کردبوو ده‌تزانی له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌و دوو دڵۆپه‌ روندکه‌‌ی نێو چاوه‌ گه‌شه‌کانی چی هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌ نادڵییه‌وه‌ سه‌ری رازی بوونت له‌قاند و ویستت خۆت بکه‌یت به‌ قوربانی ئه‌و و منداڵه‌کانی.                                               
حه‌فته‌یه‌ک پێش ئه‌و رۆژه‌ی که‌ پیره‌ زاواکه‌ی تێدا مرد، تۆ له‌به‌ر ده‌رگای ماڵی خوشکه‌که‌ت وه‌ستابوویت و بیرت له‌و قه‌ده‌ره‌ نادیاره‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ شه‌وان له‌ پاڵ کۆخه‌ و هه‌ناسه‌ی دژوونی ئه‌و ده‌هێته ڕێت. ئه‌و کاتانه‌ی پیره‌ زاواکه‌ هه‌ست و سۆز به‌تاڵ خێرا خێرا کاره‌که‌ی خۆی له‌سه‌ر له‌شی تۆ ده‌کات‌ و دوایش شه‌که‌ت و هه‌ناسه‌ سارد رووی وه‌رده‌گێڕێت و پشتت لێده‌کات. له‌به‌ر ده‌رگا تۆ له‌ نێو ئه‌و بیرکردنه‌وانه‌دا زیاتر قووڵ ده‌بوویته‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رباز به‌ لاندکروزه‌ ره‌شه‌که‌ی کابرای ده‌سه‌ڵاتدار له‌ به‌رده‌مت دا نه‌وه‌ستابایه.                                                                                
هه‌ر که‌ له‌ لاندکروزه‌که‌وه‌ پێی نایه‌ سه‌ر جاده‌که‌ به‌ بزه‌یه‌ک که‌ ته‌ژی بوو له‌ بۆنی فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ و پلان، رووی خۆی له‌ تۆ کرد و گووتی " خوشکی، ده‌ڵێیت پێشبینێت کرد‌ووه‌ که‌ زاوای دڵفراوان ئه‌مڕۆکه‌ دیاریت بۆ ده‌نێرێت، بۆیه‌ وا به‌ ته‌وسه‌وه‌ له‌ پێش ده‌رگا وه‌ستاویت! "   
تۆ به‌ جوولانت به‌ره‌و پاشووی لاندکروزه‌ره‌که‌ ده‌تگووت له‌ خۆت بێچاره‌ و دل شکاوتر  نیه‌ که‌ به‌ پێی خۆت ده‌ته‌ویست به‌ره‌ چاره‌نووسێک بڕۆیت که‌ به‌ر له‌ چه‌نده‌ ده‌قیقه‌یه‌ک  خه‌ریک بوو تا ئه‌و سه‌ری دونیا لێی هه‌ڵێیت.                                                      
‌هێشتا له‌ نیوه‌ی ڕیگا بوویت به‌ره‌و ژووره‌وه که‌ خوشکه‌که‌ت ده‌رکه‌وت و ده‌تگووت هێشتا هه‌مان دوو دڵۆپه‌ روندکه‌کانی پێشوون وا له‌ نێو چاوه‌ گه‌وره‌کانی. به‌ ده‌ستێک منداڵه‌ دوو ساڵییه‌که‌ی هه‌ڵگرتبووو و ده‌سته‌که‌ی دیکه‌شی بۆ لای تۆ درێژ کرد و گووتی " خوشکێ، لێم گه‌ڕێ با منیش یارمه‌تیت بده‌م. "              
سه‌رباز بێ ئه‌وه‌ی پێیه‌کانی بخاته‌ ناو حه‌وشه‌که‌وه‌ به‌ تایه‌ گه‌وره‌کانی لاندکروزه‌که تۆزی له‌به‌ر ده‌رگا بڵند کرد و یه‌کسه‌ر ڕۆیشت.                        
تۆ له‌ ژووره‌وه‌ به‌ هه‌ناسه‌ی سارده‌وه‌ شته‌کانت له‌ سه‌ر گۆشه‌یه‌کی مافووره‌ سووره‌که‌ دانا و چوویت له‌سه‌ر لبادێکی خوری له‌سه‌ر سک ڕاکشایت، پشتت له‌ دونیا و ئاسمان کرد و ویستت تێر تێر بگریت. خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ت هاته‌ لات و ده‌ستێکی خسته‌ نێو قژه‌ ڕه‌ش و بۆڕه‌که‌ت، هاوکات له‌گه‌ڵ جووله‌ی په‌نجه‌کانیدا چه‌ند تاڵه‌ مووی سپی له‌ژێره‌وه‌ ده‌رکه‌وتن.                                                                                                  
دیار بوو یه‌کێک له‌ کیسه‌ نایلۆنه‌کانی کردبووه‌ و دوو جووته‌ پێڵاوی سپی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یکرد نه‌یده‌توانی چۆن نزیکیان بکاته‌وه‌ و بیانکاته‌ پێیه‌کانت. خوشکه‌که‌ت له‌گه‌ڵ گریانی منداڵه‌ ساواکه‌ی باوه‌شی بیری ئاڵۆز ده‌بوو و پێڵاوه‌کانی له‌ ژێر پێیه‌کانت جێده‌هێشت. دواتر به‌ ده‌سته‌یه‌ک له‌ قوماشی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و گوڵ گوڵی ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ لات و ده‌یبینی که‌وا پێڵاوه‌کان له‌ شوێنی خۆیانن و تۆ هیچ ئاوڕێکت لێ نه‌داونه‌ته‌وه‌. قوماشه‌کانیشی هه‌روا جێده‌هێشت و ئه‌وجاره‌ به‌ کارتۆنیکی پڕ له‌ بۆن و ماکیاژ و شتی دیکه‌ ده‌هاته‌وه‌ پاڵ سه‌رت. ‌     ‌                                                      
 تۆ له‌ سه‌ر سک ڕاکشابوویت و مه‌مکه‌ ته‌مه‌ن بیست ساڵیه‌کانت به‌هۆی زبری لباده‌که‌وه ده‌مێک بوو‌ ئازارییان پێگه‌یشتبوو که‌چی هێشتا نه‌تده‌ویست ڕووت بۆ بان و ئاسمان وه‌ربگێڕیت. ده‌تگووت به‌و نیوه‌ڕۆیه‌ پایزییه‌ نیمچه‌ گه‌رمه‌ حه‌زت ده‌چوو‌ ژیانی گه‌ڵایێکی وه‌ریو که‌ خه‌ریک بێت بڕزێت و‌ تێکه‌ڵ به‌ زه‌مین ببێته‌وه‌، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی که‌وتبیته‌ به‌ر شه‌قی ڕه‌شه‌با و بۆ دوور ‌فڕێندرابێت.                                              
دوایی ئه‌و پاش نیوه‌ڕۆیه که‌ ئێواره‌ داهات، هه‌ستت کرد شه‌وێکی درێژتر ده‌که‌وێته‌ ڕێت به‌ر له‌وه‌ی دووباره‌ رۆژ هه‌ڵبێته‌وه‌. هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و جێگایه‌ی‌ پێش نیوه‌ڕۆوه‌ له‌سه‌ری ڕاکشاببویت، نه‌تزانی چۆن که‌وتیته‌ نێو خه‌وه‌وه‌ و بیئاگا‌ له‌ ڕۆژگاره‌ درێژه‌کانی بێبه‌ختی، خه‌ریک بوو خه‌ونی شیرین شیرینت ده‌بینی.                                                        
له‌ خه‌ونت دا تۆ له‌سه‌ر ڕه‌مڵی ده‌ریایێکی شین شین پێخوواس ڕاتده‌کرد و گه‌نجێکی نیوه‌ ڕووتیش که‌ شێوه‌ی له‌ هیچ که‌سێک نه‌ده‌چوو به‌ دوای‌‌‌ تۆ دا خێراتر ڕایده‌کرد به‌ڵام هه‌رگیز نه‌ده‌گه‌یشت به‌ تۆ. ده‌تگووت ئه‌و کوڕه‌ گه‌نجه‌ له‌ تۆ زووتر زانیبووی که‌ ئه‌و‌ خۆشییه‌ی تێیدایه‌ خه‌ونه‌، بۆیه‌ پێی چاکتر بوو ئیتر دوات‌ نه‌که‌وێت.                          
ئه‌وه‌ بوو تۆ له‌گه‌ڵ جیڕه‌ی ده‌رگا ئاسنینه‌که‌ی ئه‌و ژووره‌ی لێی ده‌خه‌وتیت به‌ئاگا هاتیت و له‌ زاری خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ت گوێت له‌ هه‌واڵی پیره‌ زاواکه‌ بوو، که‌ یه‌که‌م که‌س و دوا که‌س بوو هاتبێته‌ خوازبێنیت. سه‌ره‌تا نه‌تزانی چیبکه‌یت، به‌ڵام که‌ له‌ خه‌و ڕابوویت و دواتر له‌ سه‌ر خوانچه‌ی نانی سپێده‌ هێشتا پارووه‌ به‌ ماسته‌که‌ی نێو ده‌مت ئاوا نه‌کردبوو که‌ تارمایی سه‌رباز له‌ حه‌وشه‌که‌وه‌ ده‌رکه‌وت و له‌ دووره‌وه‌‌ هاواری ده‌کرد " ئه‌رێ کچێ نه‌تزانی  خوشکه‌ پێ ره‌شه‌که‌ت سه‌ری نانده‌ره‌‌که‌ی خواردین، تۆ بڵێی له‌مه‌ودوا ژیانمان چۆن بگوزه‌رێت؟ "                                                                            
له‌گه‌ڵ بیستنی ئه‌و ووشانه‌ ددانه‌ سپییه‌کانت له‌ جووله‌ که‌وتن و پێش چاوه‌کانت له‌ ماستی سه‌ر خوانچه‌که‌ سپیتر بوون. بۆ چه‌ند ساتێک که‌و‌تیته‌ نێو خه‌یاڵێکی تاڵ و حه‌زت کرد له‌سه‌ر دونیا ره‌ش بیته‌وه‌. به‌ ڕوانینیکی خێرا زانیت خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ت چه‌نده‌ له‌ ناوه‌وه‌ تێکشکاوه‌ و پێیه‌کانی چه‌نده‌ له‌رزۆکن له‌سه‌ر ئه‌و په‌ته‌ی که‌ له‌ نێوان سۆزه‌ بۆ تۆ و په‌رۆشییه‌ بۆ ماڵ و منداڵ. دووباره‌ له‌و فرمێسکه‌ قه‌تیسماوانه‌ ده‌گه‌ڕایت که‌ پێشتر له‌ چاوه‌ گه‌وره‌کانی ئه‌ودا بینیبوونت. به‌ڵکو ئه‌وجاره‌ به‌ که‌وتنیان ئۆف و ژانی هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ به‌تاڵ ده‌بێت که‌ به‌ ئاخاوتنه‌ ره‌قه‌کانی سه‌رباز له‌سه‌ر دڵی شین ببوون.        
تۆ بێئاگا له‌ پسته‌ پستی ژێر لیفه‌ و شتی دیکه‌ی نێوانیان نه‌تده‌زانی شووی خوشكه‌که‌ت چه‌نده‌ رق و قینه‌ی لێت هه‌ڵگرتبوو و چه‌نده‌ بیزارببوو‌ له‌  وجودت‌.                          
ئه‌و به‌یانیه‌ که‌ له‌ پڕ به‌ رووتدا ته‌قییه‌وه‌ تۆ هیچ پێشبینیه‌کی به‌و شێوه‌یه‌ت لێ نه‌کردبوو، بۆیه‌ زۆر به‌ بێده‌نگی سه‌رت خسته‌ سه‌ر ئه‌ژنۆ به‌رزه‌کانت و تێر تێر له‌ ناخه‌وه‌ گرییایت. هه‌تا له‌پر به‌ ده‌نگی پرته‌ و بۆڵه‌ی هه‌ردووکیان و گرییه‌ی خوشکه‌زاکانت ڕاپه‌ڕیت؛ بینیت سه‌رباز خه‌ریکه‌ به‌ قۆنداخه‌ی که‌لاشینکۆفه‌که‌ی هه‌ڵبکوتێته‌ سه‌ر خوشکه‌که‌ت. تۆ ئه‌وه‌نده‌ی له‌و ساته‌ وه‌خته‌ خێرایه‌دا بۆت کرا، یه‌کسه‌ر خۆت خسته‌ سه‌ر پیڵاوه‌کانی سه‌رباز و پێت گووت " به‌ قوربانت بم! ده‌ست بۆ ئه‌و خوشکه‌ شیرینه‌م مه‌به‌، من ئاماده‌م ئه‌و ماڵه‌ جێبهێلم."                                    
سه‌رباز وه‌ک ئه‌وه‌ی ئاوێکی ساردی به‌سه‌ر دا کرابێت، به‌ بینینی که‌سێک که‌ ده‌یه‌وێت پێڵاوه‌کانی ماچ بکات چووه‌ ئه‌وپه‌ڕی شه‌رمه‌زاری و خۆی بیرهاته‌وه‌. ئه‌و رۆژه‌ی که‌ زه‌لیل و بێده‌سه‌ڵات له‌ ژێر پۆستاڵی سه‌ربازه‌کانی بازگه‌یه‌ک‌ که‌وتبوو دوای ئه‌وه‌ی وێنه‌ی سترانبێژێکی یاساغییان له‌ گیرفان دا ده‌رهێنابوو. بۆیه‌ ئه‌و زۆر به‌ خێرایی بێئه‌وه‌ی تۆ له‌سه‌ر پێیه‌کانی هه‌ڵبگرێته‌وه‌، ملی که‌لاشینکۆفه‌که‌ی گرت و چووه‌ ده‌ره‌وه‌.
تۆ چوویته‌ لای خوشکه‌که‌ت و بینیت روندکه‌ قه‌تیس ماوه‌کانی خه‌ریکن هێواش هێواش ده‌که‌ون و روومه‌ته‌کانی ته‌ڕ ده‌که‌ن. تۆ به‌ لێوه‌ ته‌نکه‌کانت، خۆت له‌ روومه‌تی خوشکه‌که‌ت نزیک کرده‌وه‌ و به‌ ماچێک گریانه‌که‌یت پێڕاگرت. دواتر له‌ ناخه‌وه‌ بڕیاری خۆت دا و به‌ گه‌وره‌ترین سوێند ده‌رگای په‌ژیوان بوونه‌وه‌ت به‌سه‌ر دا داخست. تێر خوشکه‌که‌ت له‌ ئامێز گرت و ڕازه‌که‌ی خۆشت له‌ قووڵایی ناخت حه‌شار دا.                
چوویته‌ کن خوشکه‌زایه‌کانت و به‌ شێنه‌یی روومه‌تی هه‌ردووکیانت ماچ کرد؛ هه‌ناسه‌ی گه‌رمی کچۆڵه‌که‌ تنۆکه‌ فرمێسکی گه‌وره‌ی ڕژانده‌ ناو چاوه‌کانت و دیمه‌نی خه‌وتووی کوڕیژگه‌که‌ش ئێشێکی چه‌ند ده‌قیقه‌یی به‌ ناو ده‌ماره‌کانتدا گێڕا و که‌مێک مابوو دڵت له‌ ژووره‌که‌دا سارد بکاته‌وه‌. له‌وه‌ زیاتر له‌ ژووره‌که‌ی ئه‌وان دا نه‌مایته‌وه‌ و یه‌کسه‌ر چوویته‌ دیوه‌که‌ی تر و ده‌رگات به‌سه‌ر خۆت دا کڵۆم دا.                                          
له‌ نزیک ئه‌و دیارییانه‌ دانیشتیت که‌ به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێک سه‌رباز لای پیره‌ زاواکه‌ هێنابوونی. ‌بۆ تاوێک سه‌یری یه‌که‌ یه‌که‌ی شته‌کانت کرد و زۆر به‌ خه‌مناکی بزه‌یه‌کت خسته‌ سه‌ر لێوه‌ ته‌نکه‌کانت. بیرۆکه‌ سه‌یره‌که‌ خێرا به‌ مێشکتدا گوزه‌ری کرد و پێی گووتیت ئه‌و جووته‌ پێڵاوه‌ له‌ پێ بکه‌یت که‌ بۆ رۆژی بوکێنیت هێنرابوون. یه‌کێکیانت کرده‌ پێ و هه‌ستت کرد وه‌ک ته‌مه‌نی پیره‌ زاواکه‌ بۆ تۆ فره‌ و ناجۆره‌. ئه‌گه‌ر وه‌هاش نه‌بووایه‌ بیرۆکه‌ی له‌ پێ کردنی پێڵاوه‌که‌ زوو له‌ مێشکت دا بوو به‌ بڵقێکی سه‌ر ئاو و وون بوو.                                             
 به‌ له‌شێکی گرانه‌وه‌ هه‌ڵستایت و چوویته‌ لای کۆنه باولێک که‌ له‌ دایکته‌وه‌ جێمابوو و پڕ بوو له‌ یادگارییه‌کانی ئه‌و. له‌ نێو ئه‌و شتانه‌ی که‌ بۆی جیهێشتبووی نه‌تزانی ده‌ست بده‌یته‌ کامه‌یان و کیهانیان له‌گه‌ڵ خۆت دا به‌ریت.                                                 
– ئه‌و گواره‌ زیوانه‌ له‌ گوێ بکه‌یت که‌ هی سه‌فه‌رێکی حه‌جی دایکت بوون، یان  ملوانکه‌ زێڕه‌که‌ بخه‌یته‌ گه‌ردنت که‌ پێنج لیره‌یه‌کی ره‌شادی هه‌ڵگرتبوو. کراسه‌ جورجێته‌ هه‌نار ڕه‌نگه‌كه‌ بپۆشیت که‌ هی رۆژی بوکێنی دایکت بوو، یان ده‌یان شتی دیکه‌ بخه‌یته‌ به‌ر چاوت و له‌ نێوان هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵنه‌بژاردنیان  دابمێنیت و نه‌زانی چی بکه‌یت.           
له‌ کۆتاییدا چتاقی ئه‌و شتانه‌ت نه‌برد پاش ئه‌وه‌ی یه‌ک له‌ دوای یه‌ک هه‌ڵگرتن و بۆنت کردن و له‌ شوێنه‌کانی خۆیان داتناته‌وه‌. نه‌ده‌ویست له‌وه‌ زیاتر کات بتبات و ئه‌و هێنان و بردنه‌ ببێته‌ هۆکاری پێشهاتێک که‌ پلانه‌که‌ت پێ بگۆڕێت و بیباته‌ به‌ر قاپی هه‌ره‌س. دواجار ده‌ستێکت به‌ خێرایی به‌ نێو قووڵای باوله‌که‌دا گێڕا و ده‌ستت له‌ شتێک گیر بوو که‌ له‌ ناو نایلۆنێکه‌وه‌ پێچرابوو و وه‌ک ملوانکه‌ کرابوو به‌ داوه‌ په‌تێکی سه‌وزه‌وه‌. تۆ ماوه‌ییه‌ک دامایت ئینجا بیرت که‌وته‌وه‌ که‌ ئه‌و شته‌ چییه‌ که‌ دوای هه‌موو چاوگێران و هه‌ڵگێرانتێکدا به‌ شته‌کانی ناو باوله‌که‌ی دایکت هاتبووه‌ نێو ده‌ستت. بیرت که‌وته‌وه‌ که‌ ئه‌و رۆژه‌ی دایکت له‌سه‌ره‌ مه‌رگ دا بوو چۆن ده‌ستی برده‌ ژێر بالیفه‌که‌ی و ئه‌و شته‌ی خسته‌ نێو ده‌ستت و پێیگووتیت " کچی شیرینم ئه‌وه‌ خۆڵی سه‌ر گۆڕی پیاوچاکێکه‌‌ یه‌ک و یه‌که‌ بۆ سکپڕی. لای خۆت هه‌ڵیبگره‌ دوای ساڵانێکی زۆر رۆژێک هه‌ر پێویستیت پێی ده‌بێت! "                                                            
ئیتر ئه‌و چاوه‌کانی بۆ دواجار له‌ جووله‌ که‌وتن و تۆش شته‌که‌ی نێو ده‌ستت خسته‌ ناو لێشاویك له‌ گریان.                        
ئیتر دوای ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ تاڵه‌ هه‌ستت کرد که‌ ئه‌وه‌ باشترین شتی نێو باوله‌که‌یه‌ که‌ بته‌وێت له‌گه‌ڵ خۆت دا بیبه‌یت. بۆیه‌ به‌ خێرایی په‌تی ملوانکه‌که‌ت خسته‌ گه‌ردنت و نایلۆنه‌ پێچراوه‌که‌شت به‌ ده‌ستێكت شؤرکرده‌وه‌ نێوان هه‌ردوو مه‌مکه‌ جوانه‌کانت که‌ له‌ ده‌سته‌کانی خۆت بترازێت مه‌گه‌ر له‌ خه‌ون دا ده‌ستێکی دیکه‌یان به‌ ته‌ک دا ڕه‌ت بووبێت. خۆت گۆڕی و جلێکی شیاوت له‌به‌ر کرد و به‌ شێنه‌یی بێئه‌وه‌ی خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ت ئاگادار بێت له‌ قاپی ماڵه‌که‌  چوویته‌ ده‌ره‌وه‌. له‌ ده‌ره‌وه‌ زۆر به‌ خێرایی و بێئه‌وه‌ی سه‌یری ئه‌ملا و ئه‌ولای خۆت بکه‌یت به‌ هه‌ورازی جاده‌که‌وه‌ هه‌ڵگه‌ڕایت. ده‌ته‌ویست زوو بگه‌یت به‌و که‌پکه‌ شاخه‌ی که‌ وه‌ک زمانی دێو به‌ره‌و ئاسمانی خه‌ره‌نده‌ قووڵه‌که‌ ده‌رچوو بوو. تۆ هه‌رینایی ببوویت و پاش نزیکه‌ی چل ده‌قیقه‌ ئینجا گه‌یشتیته‌ سه‌ر که‌پکه‌ شاخه‌که‌. که‌ منداڵ بوویت هه‌رگیز له‌ خه‌ونیشدا پێشبینی ئه‌وه‌ت نه‌کردبوو که‌ ته‌واوی ژیانت له‌و شارۆچکه‌یه‌ لاچه‌په‌که‌ به‌سه‌ر به‌ریت و دوا هه‌ناسه‌شت له‌سه‌ر ئه‌و که‌پکه‌ شاخه‌ بده‌یت که‌ خه‌ڵک ناوی نابوو هه‌رامه‌ی دێو. نه‌تویست زیاتر بیر بکه‌یته‌وه‌ نه‌وه‌ک ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی سه‌رده‌می منداڵی ببێته‌ هۆی په‌ژیوان بوونه‌وه‌ت.                    
له‌سه‌ر لێواری که‌پکه‌ شاخه‌که‌ وه‌ستایت و ده‌ستت بۆ یادگارییه‌که‌ی دایکت برد که‌ له نێوان هه‌ردوو مه‌مکه‌ جوانه‌کانت دا بوو. دواتر ماچت کرد و رووی دایکتت وه‌ک فلیمێکی روون هاته‌وه‌ به‌ر چاو. تۆ ئیتر نه‌وه‌ستایت و زیاتر درێژه‌ به‌و چیرۆکه‌ خه‌مناکه‌ت بده‌یت، یه‌کسه‌ر له‌ لێواره‌که‌ چوویته‌ پێش.  
ئه‌فسووس، له‌ چاو تروکانێکدا خۆت بۆ باوه‌شی خه‌ره‌نده‌که‌ فڕێ دا.                         
   

 

 

زستانی 2008  

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.