Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
خودا خراپتر نەدات! … گەشبیر ئەحمەد

خودا خراپتر نەدات! … گەشبیر ئەحمەد

Closed
by March 28, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

ساڵی ٢٠٠٤ لە بەڕیتانیا لە کارگەی مریشک کارم دەکرد، کارگەکە زۆر سارد بوو زۆریش کارەکەمان ناخۆش بوو، مووچەیەکی زۆر کەمیان پێ دەداین لەبەرامبەر ئەو هەمووە ماندووبوونە بەو سەرمایە لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگەیە دوور و درێژمان دەبڕی بۆ ئەوەی بگەینە کارگەکە هەموو ڕۆژێک بە پاس دەچووین ماوەی کاتژمێرێک دەبوو ڕێگەکەمان،  وەلێ هەندێ کرێکار هەبوو ئەوەندە دڵیان خۆش بوو بە کارەکەیان وایان دەزانی لە دەزگای ناسا و مانگە دەستکردەکانن یان لە نوسینگەی گەشت و گوزار کاردەکەن،  یەکێک لەو کرێکارەکانەی کە زۆر دڵی بەکارەکەی خۆش بوو زۆریش شانازی پێوەدەکرد ناوی (حەمە دۆنکەن) بوو خەڵکی سلێمانی دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکان بوو، کاتی خۆی لە نمایشێکدا لە پەیمانگا لە شانۆی ماکبێث  ئەو ڕۆڵی دۆنکەن دەبینێت ئیتر لەو ڕۆژەوە هەر بە حەمە دۆکەن بانگی دەکەن خوێندارەکانی پەیمانگا. حەمە کوڕێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بوو لەشی لاواز و باڵای بەرز بوو سەریشی ڕووتابووەیەوە دووچاوی زیت وتەنکە ڕیشێکی هەبوو،  هەتا بڵێی عەبووس و ڕەزاقورس بوو ئەوەندەش فشکەر بوو ڕۆژێک خۆی دەکرد بە بەڕێوبەر ڕۆژێک خۆی دەکرد بە سەرکار ڕۆژێک وەک خاوەن کارەگە دەهاتە پێشچاو، لەهەمووی ناخۆشتر ئەوە بوو کە زۆر بڵێ و درۆزنیش بوو بۆ سەلماندنی قسەیەکی ئامادەبوو بە قەدەر ژمارەی ئەستێرەکان درۆ بکات. ماوەی هەفتەیەک بوو کچێک بە ناوی ئەدیلا کە خەڵکی پورتوگال بوو لەشولارێکی قەبەی و زلی هەبوو، ڕەزاشی هەتا بڵێی گران بوو وەکو کرێکار وەرگیرا لە کارگەکە. 

حەمە دۆنکەن هەر زوو چووە پێشێ بۆ لای و خۆی کرد بە هاوڕێێ و بانگێشتی نان خواردنی کرد و لە کافتریا لە بەرامبەری دادەنیشت و درۆی بۆ دەکرد خۆی کردبوو بە یەکێک لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی هۆلیۆد من لەو شانۆیە بەشدار بووم و من لە فلیم ڕۆڵم هەبووە و من لە دەیان دراما بەشداریم کردووە لە ووڵاتەکەی خۆم. هەر ماوەیەی یەک هەفتەی خایاند ئیتر ئەدێلای بردە ماڵەکەی خۆی و کردی بە *(گێڵفرێند)ی خۆی، کە بەیەکەوە دەردەکەوتن ئیتر هەموو کرێکارەکان لە کافتریاکە دەیان کرد بە سووسە سوون و پسکە پسکە و دەیانووت سەیرکە مەنجەڵ سەرقاپی خۆی دۆزییەوە.  هەتا ئێرە هیچ کێشەیەک نییە، لە کاتی پشوودا کە دەچوینە نان خواردن ئەوان بەرامبەر بەیەک دادەنیشتن و بەدەم یەکەوە پێدەکەنین دۆنکەن جار جارە کەوچکێک شلە یان برنجی دەکرد بە دەمییەوە ئەدێلاش پێی خۆش بوو و وەهەروەها لە دوای نان حەمە جگەرەیەکئ دەدا بە ئەدیلا و هەر خۆشی بۆ دادەگیرساند، دەیگووت بخۆ بە قوربان بخۆ بە کوێرای چاوی دوژمنان حەمە بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد هەروەکو ئەو دەستگێڕانەی کە سەموون دەفڕۆشن بە سبەینیان زوو هاواردەکەن بۆ ئەوەی  سەموونەکە سادنەبێتەوە بەگەرمی بیدەن بە کڕیارەکان.

بەیانیان کاتژمێر دە چێشتەنگاو هەبوو ماوەی پانزدە خولەک بوو بۆ پشووی هەموو کرێکارەکان، حەمە دۆنکەن بەردەوام دەچووە بەشی جگەرە کێشان لە کافتریا بەدەم هەناسەیەکی قوڵەوە مژی لە جگەرەکەی دەدا و دەیگووت شەربێت ئەمڕۆ دڵی فەقێ عوسمان بتەقێنم وەکو میزەڵدان،  خۆی کچی بەڕووت و قووتی نەبینییەوە و تامی نەکردووە نازانێت ژیان چییە و هەر باسی بەهەشت و جەهەنەم دەزانێت و ماچ حەرامە مۆسیقا حەرامە و هەڵپەرکێ حەرامە وا بڕوات هەناسەش حەرام دەکات، هەر کە دەڕۆمە لای یەکسەر دەکات بە مزگەوت. یان دیاری سەعید خۆی گیری خواردوو بەدەس ژنە گەمژەکەی  کوت و مت دەڵێی بەرمیلە کە لە بازاڕ دەردەکەوێت پاڵ بە عەرەبانەی مناڵەکانی دەنێت وا دیارە بە نیازن لێرە ڕەوزە دانێن لە داهاتوودا،  ئەم قەزەمە ئەگەر تۆزێک باڵای بەرزبوایە دونیای دەخوارد.

دوا نیوەڕۆیەک حەمە دۆنکەن بەهەلی زانی و لە دڵی خۆیدا گووتی ئەمە باشترین کاتە ئێستا بەیەکەوەن شەرت بێت فلیمیان بسوتێنم بۆ ئەوەی ئیتر نەتوانن فزە بکەن لە ئاستم،  چووە شوێن کارەکەی ئەوان و لە نێوان فەقێ عوسمان و دیاری سەعید دەستی کرد بە ئاخاوتن.

__ حەمە دۆنکەن بە پێکەنینەوە ڕوویکردە هەردووکیان گووتی کە خوا ناردی ناڵێ کوڕی کێیت،  بڕواتان هەبێت ئەم ئەدیلایەیی خۆشەویستم وا هەست دەکەم خەڵکی ئەم سەر زەویە نیە زۆر منی خۆش دەوێت گوێبگرن دەزانن چی؟ کە لە ئیش دەڕۆینەوە بۆ ماڵەوە بە خێرایی خواردنم بۆ ئامادەدەکات، قاپەکان دەشوات، ماڵ پاک دەکاتەوە، میوە دێنێت و جار جارەش دەمباتە حەمام و بە دەستە نەرم و نیانەکانی خۆی دەمشوات، بەوەشەوەناوەستێت هەموو شەوێک بە کرێمی فەڕەنسی پشتم دەشێلێت ئینجا دەخەوم، کوڕینە ئێوەش لەمانە بگرن با خزمەتان بکەن، تۆ بڕوانە فە‌‌قێ عوسمان بەڕاستی دەبێت پیاو بەزەی بەخۆیدا بێتەوە و خزمەتی خۆشی لا گرینگ بێت نازانم ئێوە دەڵێی دەستان لەم دونیایە شۆردووە، کاکە ژنی کورد وەکو ئاژەڵ وایە هیچ نازانێت دەبێت هەموو شتێکی فێر بکەیت گیر دەخۆیت بەدەستیەە هەموو هەفتەیەکیش دەبێت پارە بنێریتەوە بۆ ماڵی باوکی، هاوڕێیان وەڵا ئەوە ژن نییە بەڵکو ئەوە وەک نەخۆشی شێرپەنجە وایە ئینجا ناز و مەکریشی با لەو لاوە بوەستێ هەموو ڕۆژێک گریان و کروزانەوە، ئەمە چییە وەڵا بیری ماڵی باوکم دەکەم و من لێرە بەتەنهام، هەموو ئەو کوردانەی کە ژن دێنن لە کوردستان بۆ ئێرە توشی ئەم کارەساتە دەبن و دەناڵێنن بۆ هەتا هەتا.

__ دیاری سەعید بە توڕەیەوە شیڕاندی بەسەریدا  کاکە هەر هیچ نەبێت تۆ بڵێ دوور لە ڕووی ئێوە تۆزێک ڕێز خۆت بگرە تۆ نازانیت من خێزانم کوردە، پاشان ئەو قسانەی تۆ هیچ ڕاست نین کاکە گیان من زۆر دڵ خۆش و ئاسودەم. هەروەها بزانە من هیچ بڕوات پێناکەم چونکە تۆ کەسێکی زۆر لێهاتوووووووی لە درۆکردندا، دەزانی چۆن تۆ نەک درۆزنیت بەڵکو درۆزانیشیت. 

__ دیاری قەزەم تۆ تازە بەسەر چوویت دڵی چیت بە دونیا خۆشە  چوار مناڵت بە دواوەیە، حەمە دۆنکەن وای گووت لەبەر خۆیەوە، ئینجا بە ویژدانتان بە دینتان سوێندتان دەدەم ژنی کورد لە کوێ و  ئەوە ئەدێلایەی من لە کوێ وەکو منداڵێک خزمەتم دەکات و  جار جارەش کرێ خانوو و کرێی ئاو کارەبا دەدات هەموو هەفتەیەک جلم بۆ دەکڕێ جارێک پێڵاو جارێک پانتۆڵ لە هەمووشی خۆشترە ئەوەیە هەموو مانگێک ماڵی باوکی لە پورتوگالەوە دیاری و واین و ڤۆدگای گرانبەهام بۆ دەنێرن.

__ دیاری سەعید: بەخوا تۆ وڕێنە دەکەیت، ئەمە چیە ئەم هەڵیت و پەڵیتە دەبڕۆ بە لای کارەکەتەوە و سەرمان مەیەشێنە، دەتەوێت بەم شێوەیە دڵ خۆشی خۆت بدەیتەوە؟

_ ئیتر فەقێ عوسمانی تەحەمولی نەما و یەکسەر گووتی کاکە محەمەد گیان بەخودا ئەمانە وەفایان بۆ کەس نیە برای من دەزانی ئەم ئەوروپیانە لە کەلتور و داب و نەریتی ئێمە نازانن ئەمانە هەر ڕۆژێ بۆیان بکرێت لەگەڵ کەسێکی تر دەبن بە دۆست و حەیای چەن سالەشت دەبەن، براکەم بگەڕێرەوە سەر ڕێگەی ڕاست تەوبەیەک بکە و دوو ڕکات نوێژ بکە خودا بەخشندەیە و لێت خۆش دەبێت برای من ئەوەی تۆ زینایە،  خودا خەزەبت لێ دەگرێت بیری ئەو دونیات هەبێت، کەیف و سەمای ئەم دونیایە تەنها تاقی کردنەوەی مرۆڤەکانە.

_ لەولاوە دیاری سەعید هەڵی دایەوە ڕووی کردە فەقێ عوسمان  تۆ باسی چی دەکەیت خودا لێتخۆش بێت، ئەم کوڕە کوا شەرم و حەیای هەیە، حەیای کەسێک دەچێت کە هەیبێت ئەمە کوردیشی شەرمەزار کردووە.

__حەمە دۆنکەن: پشیلە دەمی بە گۆشت نەدەگەیی و دەیگووت چەورە، کاکە گیان من بۆ ئازادی هاتووم، ئێوە نابێت لێرە بن بڕۆن بۆ سعودیەی عەرەبی، باشتر وایە ئێرەشمان لێناخۆش نەکەن  من دەڕۆم ئێوە بە کەڵکی ئەوە نایەن کاتی خۆمتان تیا بە فیڕۆ بدەم.

ڕۆژی دوای کە پێنچ شەممە بوو کاتژمێر دوانزە و نیوی نیوەڕۆ بوو، سی خولەک پشوو هەبوو بۆ  کرێکارەکان، حەمە لە بەردەم ئامێری خواردن گەرمکردنەوەیەکەدا ووەستابوو دوو قاپی سەفەری گەورەی برنج و فاسۆلیای پێی بوو فەقێ عوسمانیش لە دوایەوە ووەستابوو لە نۆبەدا

__ حەمە دۆنکەن: دەزانی چی ئەم خوادنە کوردیە ئەدێلا گیان بە دڵ و دایەن دروستی کردووە پێتخۆشە پاروویەک بخۆی لەگەڵمان هەتا بزانی ئەدێلا چەن کابانێکی باشە؟

__ فەقێ عوسمان: نا برا گیان خوا نەیبڕێت تۆزێک بامێم پێی دەمەوێت گەرمی بکەمەو بەنانەوە دەیکەم بە تشریب.

__ حەمە دۆنکەن خواردنەکەی دەرهێنا لە ئامێری گەرم کردنەوەکە زۆر زۆر گەرمبوو بە پەلە پڕوسکێ گەیاندیە سەر مێز و کورسێکەی ئەدێلا و بەیەکەوە دانیشتن. لە ناکاو بوو بە دەنگە دەنگ لە نێوان ئەدێلا و حەمە، هەستان بوون بۆ یەکتری وەکو چۆن دووکەڵەشێر خۆیان لەیەک گیف دەکەنەوە دیمەنەکەیان بەوە دەچوو.

 کرێکارەکان سەیری ئەوانیان دەکرد حەمە هەر گیڤە گیڤی بوو ئینجا بۆ ئەوەی عەزەڵاتی خۆی نیشان بدات لەبەر چاوی کرێکارەکان  وویستی زلەیەک لە ئەدێلا بدات، وەلێ قوڕی کرد بەسەر خۆیدا، ئەدێلا قاپە فاسۆلیا گەرمەکەی هەڵگرت و کردی بەسەر و چاوی حەمەدا، ئینجا شلەی قاسۆلیا بەسەرو چاویدا دەهاتە خوارەوە ئەکەوتە سەر زەوی دیمەنێکی هەبوو زیاتر لە فلیمی کۆمیدی دەچوو وەک چۆن مریشک کە سەری دەبڕن پەلە پڕوسکێ دەکات و دەجوڵێتەوە پرژی خوێنی بڵاو دەبێتەوە، حەمەش بەو شێوەیە لەتاو گەرمی فاسۆلیاکە کە سەروچاوەی سوتان هاواری دەکرد و پەلەپڕوسکێێ بوو.

 __حەمە ئەمجارەیان بەڕاستی ویستی لێی بدات وەکو چۆن پیاوی کورد کە توڕر دەبێ دەکەوێتە وێزەی ژنەکەی بە لێدانی ئەو خۆی بەتاڵ دەکاتەوە، بەڵام ئەدێلا قاپە برنجەکەشی فڕە دا بەسەرو چاویدا وای لەو دیمەنە ترسناکە حەمە هەر بەرز دەبوویەوە قسەی ناشرینی بە ئەدیڵا دەدا. لەو کاتەدا بەڕێوبەر لە نوسینگەی خۆیەوە هات بۆ کافتریاکە کە ئەو دیمەنەی بینی دەست بەجێ بڕیاری دا بیانێرێت بۆ بەشی لێکۆلینەوە دەریان بکات. لەو کاتەدا هەرچی کرێکار بوو بە کورد و بیانێکانیشەوە هەموو پسکە پسکیان بوو لە جێی خۆیانەوە. 

__ دیاری سەعید: لەسەر مێزی نان خواردنەکە ڕووی کردە دوو کرێکار کە لەسەر مێزەکە دانیشتبوون  گووتی بەڕاتی ئەدێلا شازی کچە هەر وەک دۆنکەن باسی دەکرد کوت و مت وا دەرچوو.

__ فەقێ عوسمان: چوو بەرەو ڕووی حەمە هەتا هێوری بکاتەوە

__ حەمە زۆر بە توڕەەیەوە ووتی وەڵا ئەبێت ملی لێبکەمەوە لە دەرەوەی کارگە

__ فەقێ عوسمان: نا برا گیان تۆ شوکری  خودا بکە وبڵێ خودا لەوە خراپتر نەدات!

__ دۆنکەن: ئەوەچییە فەقێ دەڵێ تۆش پێم ڕادەبوێریت، بۆ لەم ڕوداوە خراپتر چییە؟ لەمە خراپتریش هەیە؟

__ فەقێ عوسمان: وریابە کوڕەکەم کارەکەت لە دەست نەدەیت و لەم کارگەیە دەرنەکرێیت!.

 

گەشبیر ئەحمەد 

gashbir@hotmail.com

٣/٢/ ٢٠١٣ ئەستەنبوڵ

تێبینی: لە ژمارە (٣٤)ی هەفتەنامەی ئەدەبی و هونەری نسێ بڵاوبۆتەوە، ڕۆژی ١٨/٣/٢٠١٣

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.