Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
خورافەی تاڵەبانی … هێمن ڕەئووف

خورافەی تاڵەبانی … هێمن ڕەئووف

Closed
by December 19, 2012 گشتی

 

 

 

ئێستا ئەوانەی خورافە بنیاد دەنێنەوە لە کۆمەڵگای کوردیدا قات لەبەر و بۆینباخ لە ملەکانن. ئێستا تاڵەبانی خودا نوێیەکەی شەڕ و ئاشتییە، خودا بێوێنەکەی کەرتبوون و پێکەوەژیانە، ئاراستەکەری هەموو چارەنوسە نادیارەکان ئەم مرۆڤە ماندووەیە لەو عێراقە بەدبەختەدا. 

ئێستا هەموو شتەکان وەستاون. وتووێژی وەفدەکان، مۆرکردنی ڕێکەوتننامەکان، پێشوازی لە سەری ساڵ، بارانبارین، جوڵەپێکردنی هێز، شەڕە دەنوک… هەموویان وەستاون و لە پێشوازی هەواڵێکی گەرم لەبارەی ژیانی تاڵەبانییەوە بەدیار ئامرازەکانی گواستنەوەی هەواڵەوە دۆشداماون. 

جێگای نیگەرانییە ئەم دۆخە فۆبیایەکی ئاوای خوڵقاندووە، بەزەییم بەحاڵی ئەو هەموو سۆسیالدیموکرات و مۆدێرن و عەلمانی و شارستانییەی ناو یەکێتیدا دێتەوە، چۆن هەموو بوونە ووشکە سۆفی و بە بەرماڵێکەوە ئایەتەلکورسی بۆ ژیانی ئەم مامەیە دەخوێنن. بێمانایە بەو هەموو مرۆڤە خاوەن هەست و فکرە کەسێک شک نابەن لە جێگای ئەو مامە پیرەیە ئاراستەی ڕووداوەکان بکات. جێگای پرسیاریشە کە مرۆڤێک خاوەنی ئەم ئیدراکە زەبەلاحە بێت بۆ چارسەری هەموو کێشەیەک، بۆ جێبوونەوەی لەدڵی ئەو هەموو تاکەدا..  کەچی نەیتوانیوە جێگرەوەیەک بۆ خۆی و دوای خۆی بخوڵقێنێت؟

نە ڕقم لە تاڵەبانییە و نە خوازیاریشم ژیانی کۆتایی بێت. بەڵام جێگای داخە کۆمەڵگای کوردی لە ئاستی هۆشیاریدا لەم خاڵە نزمەدایە، نیگەرانییە لەدوای بیست و ئەوەندەساڵ لە خودموختاری تەنها هەنگاوێکیشمان نەناوە لەڕووی مەعریفە و جیهانبینی تاکەکانەوە، کەواتە لێرەوە تێدەگەین ژێردەستەیی و ستەمکارییەکان نەبوون کۆمەڵگای کوردییان بەرەو دواکەوتوویی بردبوو لە ڕابردوودا. تێدەگەین تەنها ئاین و ئایدۆلۆژیا ئەفسانەییەکان نین خورافە و وەهم زیندوو دەکەنەوە. شەست ساڵە تاڵەبانی لە ململانێ سیاسیەکاندا لە لوتکەدایە، پەنجا ساڵ زیاتر بە تەدروستییەکی ساغەوە تێدەکۆشا، ئایا بەرهەمی ئەو تەمەنەی بۆ بەرقەرارکردنی ژیانێکی باش و ئاشتی و ئازادی و دیموکراتی بایی ئەوەندەیە لەم کۆتاییەدا ئەوەندە متمانەمان بە هەناسەدانی هەبێت؟ 

هیچ نەبێت دەبوایە یەکێتی بۆ ڕێزلێنان لە ڕابردوو وە پەیڕەوەکەی، نەیانهێشتایە تاڵەبانی ببێتە ئەم خودایە. دەبوایە هەر بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە مرۆڤ پەرستی ناکەن و بیروباوەڕە کۆنەکان زیندووناکەنەوە، هەر بۆ ئەوەی پیشانی بدەن باوەڕیان بەوە هەیە ئەوان وەک حیزبەکەی تر جەڵەبێک لە مێگەل نین، کەمێک هۆشیارانە مامەڵەیان بکردایە و نەیانهێشتایە ژیان لەبەدەنی ئەم دۆخەدا ڕاوەستێت، دەبوایە ڕێگاچارەکانی مام جەلال لە پاکێجێکدا موڵکی هەموو یەکێتی بوایە و ئێستا لە غیابی ئەم مرۆڤەدا پلەکانی ببڕیایە. ئەم جۆرە لە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم پێشهاتەدا بارودۆخێکی کارەساتاوی دەخوڵقێنێت و زیندوودەکاتەوە، ئەمە ئاوڕشتنێکە بۆ پارتەکانی تر کە لەپێناوی سەرکردەکاندا بە هەمان خورافەدا تێپەڕن و کۆمەڵگای کوردی سەرقاڵ بکەن بەم جۆرە سەرلێشێواوییە نوێیەوە.

لەوە دەگەڕێم پارتییەکان چ چێژێک لە زیندووبوونەوەی وەهم دەبینن. ئەوان لە خوێندنگەیەکەوە ژیان فێردەبن لەسەر وەهم بونیاد نراوە، ئاساییە بەم نەرمییە ئەو هەمووسۆزە تەخشان و پەخشان بکەن لە نزاکانیاندا بۆ تاڵەبانی. ئەم هاوخەمییە بۆ دروستکردن و داتاشینی خودایەک لە بەرژەوەدنییانایە و ڕۆژێک دێت خودا بچوکەکەیان پیر دەبێت و دەچێتە نەخۆشخانەکان. ئەوان بەم هاوسۆزیە هاوخەم بۆ داهاتوو دروست دەکەن. هەر لەم فەیسبوکەی خۆمەوە دەیان شوێنکەوتوی ڕێبازەکەی بارزانی دەبینم چ ماتەمینێک دەگێڕن، چ ئەفسانەیەک دەهۆننەوە، چ خورافات گەلێک دادەڕێژن. هەمووشیان هەر ئەوانەن ڕۆژگارێکە تەپڵی شەڕ لەگەڵ ئەم هاوپەیمانەیاندا دەکوتن. 

ئەگەر تاڵەبانی هۆشی هاتەوە و تەندروستییەکی باشی بۆ گەڕایەوە، ئومێد دەکەم هەم خۆی و هەم دارودەستەکەی ئیش لەسەر ئەوە بکەن خورافەی تاڵەبانی پوچەڵ بکەنەوە و بەبێ هیچ بەربەستێک هەموو پێکەوە بەرنامەداڕێژن بۆ دوای تاڵەبانی. پێویستە بیرکردنەوەکانی تاڵەبانی بکەن بە موڵکی حیزبەکەیان و بێ پەردە داهاتووی بێ تاڵەبانی پێ پڕ بکەنەوە. ئەمە لەکاتێکدا ئەگەربەڕاستی تاڵەبانی ئەم مەخلوقە حەکیم و دانایەیە کە بەو شێوەیە پیشانی ئێمە دەدرێت. دیارە هەموو ئەم جۆرە بۆچوونانە لەپێناوی ئەوەدایە کۆمەڵگا بەرەو تاریکی و ئەشکەوتەکانی وەهم بەڕێ نەخرێن. هەق وایە نەهێڵین خەڵک ئەوەندە بچوک ببنەوە، لەژێر سێبەری مرۆڤێکدا بە ئاسانی جێگای هەموان بێتەوە.

 

هێمن ڕەئووف

www.hemnrauf.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.