Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
خوشک کوژی!…..سەرکەش

خوشک کوژی!…..سەرکەش

Closed
by December 10, 2008 ئەدەب

 خوشک کوژی!   
 
                                                    
 ئێوارەکی درنگ بوو، مانگ لە سەرخۆ، ئارام ئارام چاوی هەلدێنا، بە تشکی زیوینی تارمایی شەوەزەنگە ئەنگوستەچاوەکەی راودەنا. لە لێواری رێگاش لاشەی بێ گیانی ژنێک کەوتبوو، خوێن لەلاچاو و لاجانگی هێشتا فوارەی دەکرد، چاوەکەی ترێشی گەش گەش دەیروانیە تشکی رووناکی مانگەکە، هەر وەک گازەندە لە درەنگ هەلهاتنی  بکا و بلێ (خۆ ئەگەر زووتر هەلاتبای، ئاوا دونیات رۆشن کردبایەوە، ئەو بەرازە نەیدەوێرا ئاوا خەلتانی خوێنمکا)،
 دوو مندال بەسەر تەرمی بێجوولە و دەنگ لێبراوی ژنەکە هەنسکیان دەدا.
 تاوێک بوو رپەرپی پێی بکوژەکە ئەم ناوەی جێ هێشت بوو.
 ژنە بەرلەوەی دوا هەناسەبدا و دلی لەلێدان بکەوێ، زۆر چریکاندی، زۆر گازی و هاواری کرد بەلام بێ هودە، کەس بەدەنگی هاواریەوە نەهات، خودا و فریشتەکانیش نەکاران فریای کەون، ئەم ناوە بۆ خۆی ببووە وێرانەیەک، هەستی زیندەوەرێک نەدەهات، لە هۆردوو مندالە بێ دایک ماوەکانی بترازێ کە ئەوانیش تەبای وی قروسکەی گریان و هاواریان دەگەیشتە کاکێشانی ئاسمان..
 – دەی دەهەستە، با برۆین!
 هێوی کەسەکەم بەم شەوە درەنگە بۆ کوێ برۆین؟! ئێستا خەلک خەریکە بخەوێ، کەی بەم مالنووستنانە کاتی میوان و میواندارییە؟!!
 – دەهەستە زووکە تۆ خۆت درەنگت داهێنا! لەمەزیاتر دوام مەخە!
 ئێ باشە ئەگەر سبەی شەو بچین باشتر نیە؟ بەگوێی خوشکە گەورەت بکە، لەکەلی شەیتان وەرە خوارێ!
 کورە شێتگیرانە نەراندی
 – دەلێم هەستە، با برۆین، گالتەمان پێدەکەی!
 لە بن لێوان و بەمنگە منگێک، ئێ خۆ بەم نیوەی شەوە دەرنەکراوین! هاوکات عەبا رەشەی بەخۆی داداو مندالەکانیش فەرەقەتێ ئاسا کەوتنە دوای.
 کە لە مال دەرکەوتن دونیا تەواو تاریک داهات بوو، تارمایی شەوی سامناک لولی دان و بەجارێک لەچاوان وونی کردن.
 هەرچەندەی دەکرد پێیەکانی رێیان نەدەکرد، تێک دەهالان، ئەژنۆکانی شەکەت و ماندوو، دەتگووت حەوت شەو حەوت رۆژە بەرێوەیە.
 دلی دیگوت مەچۆ، بەلام نەیدەوێراو لەخۆی رانەدەدیت ئەم داوایە لە برا چکۆلەی بکا، ئەو برایەی بەم دەستانە بەخێوی کردووە و لانکی راژەنیوە، ئێستاش هەمێشە، وەک کۆرپە ساواکەی جارانی دێتەوە بەر چاو.
 شەوێکی پر سام بوو….. دلی خەبەری دابوو، کە رەنگە شتێک بقەومێ، دوور نیە بە ئەنجامێکی بگەیەنن، لە مێشکیدا کەلکەلەی هەزار و یەک بیر و بۆ چوونی ئالۆز بەخێراییەکی تۆقێنەر پەیدا دەبوون.
 دەیویست پەژوان بێتەوە، نەچێ و بەرەو دواوە بەراکردن بگەرێتەوە، بەلام نەیدەوێرا، ئاخر بۆکوێ بگەرێتەوە، کەسی شک نەدەبرد بەرگری لێ بکا، پشت و پەنای نەبوو، کەس نەبوو دالدەی بەدبەختییەکانی بدا، دایکی بە بیر دەهاتەوە، کە تەنیا بەچاوە پرلە فرمێسکەکانی، بێدەسەلاتی و چارەرەشی خۆی پێشاندا، هیچی نەگووت، قسەی پێنەدەکرا، وەک لە بەرێکردنی تەرەمی ئازیزی کیژە گەورەی وەستابێ.
 کاتێکیش راستەپێ بۆ ئەم سەفەرەی بەم شەوە درنگە کەوتە خۆی، دەیدیت دایکی زۆر پەشۆکاوە، سەری دونیای لێ وێک هاتۆتەوە، وروگێژ دەجولایەوە، وەک ئاگرێک لە هەناوی نێلەی بێ و نەشوێرێ ورتە بکا، بێگومان بوو لەوەی کە رەنگە دایکی و هەموو ئەوانی تریش بە سەر وبنی ئەم پلانە گلاوە دۆزەخییە نامۆ نەبوون، بەلام کەس هیچی بە ئەم نەدەگووت کەس هیچی لای نەدەدرکان.
 هەموو پشتیان تێکرد بوو تاک و تەنها مابۆوە، تەنێ جگەر گۆشەکانی بوون کە بەموو لێ جودانە نەدەبوونەوە، لێی دانەدەبران، ئەمیش بۆیە دەستی مندالەکانی توند گرت بوو، وەک پێیان بلێ لەم دونیایە بەس ئێوەم کەسن.
 مینا بۆ سەربرینی بەرن، هەنگاوەکانی شل و خاو، تادەهات خاوتر و خاوتریش دەبۆوە، شەقاوی کورت و کورت تر هەلدەگرت…..
 براکەشی، چەند هەنگاوێ لە پێشتر دەرۆیشت، زوو زوو ئاوری لێ دەدایەوە و دەیگوت بۆ نارۆی.
 بەقسەی ئەمانی کرد، فریوی خوارد، هێندەیان لەبەر هەلخوێند، هەندیان گۆت و گۆتەوە، ئەوندە شێر و رێویان بۆ هێنایەوە، تا لە خشتیان برد، سوێند و قورئان و تەلاقیان بۆ خوارد، بەهاریان ‌هێنابووە چۆکان تا تاکرا خاوی بکەنەوە، تاکرا دلنیای کەنەوە کە هیچ نابێ و ئەمە هەلەیەکە و روویداوە، ئێستاش کە پەژیوان بۆتەوە، هەموو شتێک کۆتایی پێ هاتووە، ئێ خۆ مەلاش دەکەوێتە هەلەوە، ئەمان لێی خۆش بوون گرنگ ئەوەیە تۆبەی کردبێ و جارێکی تر پێ لەم سوسنانە نەنێ.
 ئای کە گمژەییم کرد من بۆ هەندە نەزان بووم بۆ بە قسەی ئەمانە خەلەتام، خۆ ئەو مالۆس بابانە لەوێ نەیاندە توانی بمکوژن! هەربەخۆشی پەژیوان دەبۆوە ئەیەرۆ بۆ دەمکوژن، چۆن دەستیان دەچێتە کچی خۆیان، ئەگەر بیان کوشتمایە چەند رۆژ و چەند شەوە ئەم کارەیان دەکرد…… نا رەنگە تائێستا بۆیان نەلوابێ، جا ئەمانە کەی جێی متمانەن!! بە راستی من خۆمم بە دەستی خۆم خستە تەلەوە.
 ئەم هێوی و ئەوانی تریشی زۆر خۆشدەویست لە میژبوو لە هێوی و تەواوی کەس وکارەکانی دابرا بوو، زۆری بیر دەکردن، ئەم دیدارە هەموو تامەزرۆییەکی دامرکاندەوە، خۆشییەکی زۆری پێبەخشی، لەم دیدارەی دیمایی کارا تێر و پر هەمووان ماچ کا هەمووان لە هامێزگرێ.
 کەس نیە بێ بێتاوان بێ لەم دونیایە، بەلام چ دەکەی تەنێ تاوانی ژنان سزای لەسەرە، دەتگوت لەسەر دەم بۆ ژێر پەتی سێدارەی بەکێش دەکەن.
 دوا جار پێی نایە جەرگی خۆیی و رووی لە هێوی کرد و گوتی….. دلت دێ خوشکی خۆت بکوژی؟!
 ئەم پرسیارە چاوەروان نەکراوە، هێوی لەناخەوە هەژاند بەلام خەمساردانە و بە واقورماوی گوتی ئەوە چیتە؟
 هیچی تری نەگوت!!
 گرمەیەک و دوان کەللەی سەری زۆر بەهێز هەژاند، دونیا سەراوبن بوو تاریک تاریک تر داهات هیچی نەدەبینی، تاهێزی تیا بوو هاواری دەکرد، مندالەکانیش تەبای دایکیان کەوتنە گریە و هاوار، بەسەر لاشەی دایکیان کەوتبوون، دایە دایەیان بەردی دەکردە ئاو…!
 بەدەستە بچکۆلانەکانیان هەولیان دەدا فوارەی خوێنی لاچاوی دایکیان راگرن، دەست و پەلیان دەم و چاویان بە خوێنە گەشەکەی دایکیان سوور ببوو ، هەر دایە دایەیان بوو.

                                          سەرکەش/ئوپسالە/سوید
                                                                 2008.12.6
                                                       a_sarkash@hotmail.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.