Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
خوێندنى حوجرەى کۆن

خوێندنى حوجرەى کۆن

Closed
by October 25, 2009 زمان

خوێندنى حوجرەى کۆن
بیاڤێکى دى پاراستنى زمانى نەتەوەیى
 سەلام ناوخۆش

 

هەریەک لەزمانى عەرەبى و زمانى لاتینى هەندەى زمانى نەتەوە بوونە (چەند ئەوەندە) زمانى دین بوونە! هەژموونى ئەو دوو زمانە یەک لە جیهانى ئیسلامى، ئەویتریش لەجیهانى مەسیحیەت مێژووێکى دوورودرێژیان هەیە لە (پەسەندکردن) و (ڕەتکردنەوە).
لەدواى بڵاوبوونەوەى ئیسلام لە کوردستاندا، زمانى عەرەبى هۆکارێک بوو بۆ بڵاوکردنەوەى ئەو دینە نوێیە. کورد وەک فارسەکان میللەتێکى حەزارى و دین دۆست بوو، بۆیە زانایانى کورد هەر زوو زمانى عەرەبى فێربوون و کەوتنە ڕاڤەکردنى قورئان و فەرموودەکان بەجۆرێک دیاردەیەک لەخوێندن لەکوردستان دروست بوو ناوى لێنرا خوێندنى حوجرە.
خوێندنى حوجرە لەکوردستان لەئاستێکى زۆربەرز دابووە، چونکە بابەتەکانى خوێندن هەر تەنها دینیى نەبوون بەڵکو چەندەها بابەتى وەک (نەحو) (ێرف) (فقە) (بەلاغە) (تەسەوف) و (مەنتق) (فەلەکناسى)هتد. دەخوێنران.
ئەو جۆرە قوتابخانانە ئەگەر زیاتر بە قوتابخانەى دینیى ناسراون، بەڵام لەبنەڕەتدا مەڵبەندێکى ڕۆشنبیریى زۆر گرنگ بوونە. زۆربەى هەرە زۆرى مەلا ناودارەکانى کورد دەرچووى ئەو حوجرانە بوونەو هەر دوازدە عیلمیان لەوآ تەواو کردووە.
وێڕاى ئەوەى، ئەو کەنالە هۆکارى سەرهەڵدانى ئەدەبى بەراوردکارى comparative literature و بنکەى پەیدابوونى ڕێزمانى بەراوردکاریش بووە. بۆیە هەر قوتابییەکى ئەو حوجرانە، شارەزاییەکى باشى لە (فەلسەفە) و (لۆژیک) پەیدا دەکرد هەروەها تەواو ئاشنا
دەبوو بە قوتابخانەى (تەسەوفى) حافزى شیرازى و سەعدى شیرازى. هەر لەو ڕێگایەوەش مەلا شاعیرەکانى کورد زیاتر ئاشناى دنیاى تەسەوف بوون. شیعرەکانى (جەزیرى) و (مەولەوى) و (مەحوى) نموونەى بەرجەستەن لە کاریگەرى ئەدەبى حوجرەکانى کوردستان!
لەهەمووش گرنگتر پاراستنى زمانى کوردییە لەو حوجرانە. مەلاى کورد زۆربەى هەرە زۆرى ئەو دوازدە عیلمەى حوجرەى بۆ قوتابییەکان بەکوردى راڤە کردووە. هەروەها ئەو زانا (عەرەب) و (تورک) و (فارس)انەى لەو حوجرانە دەرسیان وتوتەوە ناچاربوونە فێرى زمانى کوردى ببن بۆ ئەوەى وانەکە بەکوردى بڵێینەوە!!
هەر لەو حوجرانەش، یەکەم، ڕێزمانیى بەراورد لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەپێش زانایانى ڕۆژئاوا سەرى هەڵداو مێژووێکى لەزیرەکى عەقڵى کوردیدا بەرپاکرد. وێڕاى ئەمەش، مامۆستایانى ئەو حوجرانە ئەلفبێى کوردى و عەرەبیشیان پاراست و تەسلیم بە ئەلفبێى لاتینى نەبوون هەروەها جل و بەرگى کوردانەى خۆشیان هەتا ئێستاش پاراستووە!
ئایا وانە وتنەوەى فەلسەفە، لۆژیک، دین، ڕێزمان هتد. لەڕۆژانى بآ ئاگایى و بآ دەسەڵاتى سیاسى کوردیدا بەزمانى کوردى، گوزارشت لە هۆشیارى نەتەوەیى و نەتەوە ویستى ناکات؟! ئایا هەر مەلاى کورد نەبوو لەڕێگاى ئەو حوجرانەوە شیعرى ئەوتۆى نووسى شان لەشانى شیعرى فارسى و عەرەبى بدات؟!
بەڕاستى خوێندنى حوجرە، هەرچەندە میتۆدەکەى کۆن بووە، بەڵام بیاڤێک بووە بۆ دروستکردنى کەسایەتى مەعریفى و سیاسى کوردیى و هەروەها پاراستنى زمانى کوردى و ناسنامەى کەلتوورى کوردى!!
ئەو حوجرانە لەسەردەمێک بوون، کوردایەتى وەک بزاڤێکى سیاسى نەبوو، بەڵکو تەنها سۆزێک بوو بۆ نەتەوەو نیشتمان، بەکورتى هەبوونى خوێندنى حوجرە لە کوردستان هەر بۆ دەوڵەمەندکردنى بیاڤى دینى نەبووە لەکوردستان
بەڵکو کەناڵێک بووە بۆ ڕۆشنبیرییەکى هەمە لاەیەنە: ڕۆشنبیرى دینیى، فەلسەفیى، لۆژیکیى، فەلەکیى، زمانیى… هتد.
ڕۆشنبیرییە دینییەکە، زاناى ئەوتۆى لە کۆمەڵگاى کوردى دروست کرد، بەجۆرێک پایەک لە پایەکانى کەلتورو شارستانیەتى ئیسلامى دەنوێنن. ئەو (فەلسەفە)و (سۆفیگەرییەى) لەبەشێک لە ئەدەبى کلاسیکى کوردى بەرجەستە بووە بەهایەکى رۆحیى و مەعریفیى و کوردانەى بەو دەقانە بەخشیووە. ئەمەو هەر لەناو ڕۆشنبیرى حوجرەدا، زانایەکى وەک عەلى تەرەماخى یەکەم ڕێزمانیى بەراوردیى لەڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا نووسى هەروەها هەر لەناو حوجرەدا، ئەحمەدى خانى فەیلەسوف بەر لە ڕۆژئاوا بنەماکانى "نەتەوایەتى دروستیى" لە دەقى "مەم و زین"دا بەرجەستە کرد!
بەڕاستى لەحوجرەى کۆن زانا، فەیلەسوف، لۆژیکناس، فەلەکناس، زمانناس دروست بوون، لەناو (مەکتەب)یش مەکتەبلى!!

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.