Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
خوێندنەوەى سۆسیۆلۆژییانە بۆ  كەسێتى گەنجى كورد

خوێندنەوەى سۆسیۆلۆژییانە بۆ كەسێتى گەنجى كورد

Closed
by October 18, 2008 گشتی

  
 خوێندنەوەى سۆسیۆلۆژییانە بۆ  كەسێتى گەنجى كورد 
  توێژەى كۆمەڵایەتى :حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

 (1)
    زۆرن ئەوانەى كە باس لە پێگە و رۆڵى گەنج دەكەن لە كۆمەڵگادا ، بەڵام زۆر گرنگە پێش ئەوەى بتوانین پێگە و رۆڵى گەنج بخوێنینەوە  لە هەر كۆمەڵگەیەكدا بێت,  پێویستە تواناى ئەوەمان هەبێت كەسێتى گەنج بنووسینەوە و شرۆڤەى بكەین,  بۆ ئەم مەبەستەش هەر توێژەرێك  بیەوێت لە كەسێتى توێژێك یان كەسێك بنواڕێت و قووڵتر شۆڕ بێتەوە بە نێو نهێنییەكانیدا, پێویستە لە دەوروبەرى ژینگەى ئەو كەسایەتیەى تیایدا دەژى وردبێتەوە,  كە بەشێكە لە كۆمەڵگە,  كۆمەڵَگەش بۆ خەمڵاندن و ئافەریدكردنى كەسێتى, بۆ چێكردنى پێكهاتە و ستراكتۆرى كەسێتى,  كۆمەڵگە گەلێك كەناڵ و سەرچاوەى گرنگى هەیە كە وەكو كەرەستەى بونیاتنانى كەسێتى بەكاریدێنێت…
    كۆمەڵگەكانیش جیاوازن و وێكناچن, لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا, لە باكوورەوە بۆ باشوورى گۆى زەوى, كۆمەڵگەى هەمەجۆر و جودا بەدیدەكرێت, هەر بەو پێودانگەش كەرەستەكانى پێكهاتەى كەسێتى مرۆڤەكان و توێژەكانیش پێبەپێى كۆمەڵگەكان دەگۆڕێن!
   بەشێوەیەكى گشتى, كەسێتى گەنج لەگەڵ كەسێتى منداڵ و كەسێتى گەورەكاندا خاڵى هاوبەش و خاڵى جیاواز بەدیدەكرێت… بەڵام ئاشكرایە كە ئەو گۆڕانكارییە فیسۆلۆژى و بایۆلۆژییانەى كە لە قۆناغى هەرزەكارى و گەنجێتیدا روودەدەن, تایبەتن بە گەنج و كاریگەرى راستەوخۆى دەبێت بۆ سەر كەسێتى ئەو…!
  ئەو گۆڕانانە بە هۆكارى هۆرمۆن رژاندنەوە روودەدەن كە ئەندامەكانى جەستەى هەرزەكار دەرى دەهاوێژن و مژدەى گەورەبوون و نەشونماكردن دەبەخشن, كە نیشانەكانى باڵقبوون نوومایش دەكەن لە كوڕاندا موو دەردەكەوێت و لە كچاندا بەرزبوونەوەى سنگ و دەركەوتنى مەمك و خەسڵەتى نوێى هەرزەكارى و سەرەتاى قۆناغى گەنجێتى  مانفێست دەكەن,  هەروەها شایەنى وتنە كە گەشەكردنى ئەندامى زاوزىَ  و چالاكییە سێكسییەكان رەنگدانەوەى گرنگى دەبێت بەسەر هزر و ئەقڵییەتى رەفتارنواندنەوە….!
   ئەم مەخلوقە نوێیەى پێى دەڵێن هەرزەكار, مێردمنداڵێكە و  هەنگاو دەنىَ بەرە و لاوێتى, كە لەراستیدا لە منداڵێك زیاتر پێویستى  بە شوێنێكى تایبەتە بۆ ئەوەى نهێنى و شتە شاراوەكانى و رووخسارى تاریكى ژیانى و پرسیارە زۆرەكانى گەنجێتى و ژیانى تایبەتى خودى خۆى تیایدا تاوتوێبیكات و راڤەیان بكات,  گەنج لە منداڵێك و مێردمنداڵێك زیاتر رەهەندەكانى خەون و خولیاى بەرفروانترن, خەیاڵ و ئەندێشەى  بێسنوورە,  چونكە سەرلەنوىَ هەموو زانیارییەكانى سەبارەت بە بوون و بە گەردوون و بە خودا و بە ئاسمان و بەژیان لە مێشكى خۆیدا (فۆرمات) دەكاتەوە و بەدەیان و بگرە بە سەدان پرسیارى پڕ موجیزە و پەرچووئامێزى هەیە كە ئەوانە هەمووى داواى وەڵامدەكەن, داواى شوێن و كاتى تایبەت دەكەن!
    لە نێو جەستەى گەنجدا چەمكەكانى حەزلێكردن  و خۆشەویستى و عەشق غەریزەن, پێوانە و بارستاییان بۆ نییە و هێندەى هەموو گەردوون تیشكى سۆز و موحیبەت دەبەخشن بە مرۆڤایەتى…..
     گەنج بەشێوەیەكى گشتى و لە هەمو جیهاندا لەو خەسڵەتەدا یەك دەگرنەوە كە سیخناخن لە وەزە و توانا و چالاكى و لە گەورە و پیرەكان زۆرتر تواناى كاركردن و داهێنان و بەخشینیان هەیە, بۆیە كەسێكى لاو ناتوانێت وەستا وو جێگیر و ئارام بێت, هەردەم لە جووڵە و بزاوتن و چالاكیدایە,  هەڵگرى پەیامێك و دیدگا و دنیا بینیەكى دیكەیە كە بە هەر شێوە و جۆرێك بێت لەگەڵ جیهانبینى گەورەكاندا جیاوازە…….
   تێفكرین و مامەڵەكردنى گەنج لەگەڵ بابەت و دۆزە كلاسیكى و باوەكانى نێوان خێزان و كۆمەڵگە  جوودایە لە تێفكرین و مامەڵەى گەورە و پیرێكدا….بۆیە وێكنەچوون و ناكۆكى و بەریەككەوتن (لە كۆمەڵگە داخراوەكاندا) دژایەتیكردن و ململانێ لە ئاخاوتن و مامەڵە و رەفتاردا روودەدات و ئەمەشئاساییە و وەك دەڵێن سوونەتى ژیانە,  هەمیشە پەیوەندى نێوان گەنج و پیر پەیوەندییەكى ناكۆك و دژە, ئەمەش ئاشكرایە و لە هیچ خێزانێكدا ناشاردرێتەوە….
   چونكە ئەو دووبوونەوەرە (گەنج و پیر) دووكەسایەتین و ئاراستەكانى فەرمان و ئەرك  حوكمى سەقامگیرییان دەدات, بەڵام گەنج لەبەر ئەوەى لە قۆناغى هەرزەكارییەوە نزیكە, ئەم قۆناغەش لە تەمەنى (12-18) ساڵیدایە و بناغە و كۆڵەكەیە بۆ بنیاتنانى كەسێتى گەنج بەگشتى, قۆناغى هەرزەكارى زیاتر پشت بە هەستەكان و سۆز و عاتیفە دەبەستىَ,  پێگەیشتن و كامڵبوونى ئەقڵ و ژیرێتى مرۆڤ هێشتا مامناوەند رەخساوە و كامڵ و تێر و تەسەل نەبووە, بۆیە رێژەیەكى  زۆر لە گەنجان (بە حومكى پەروەردەى چەواشە و نادەربەستیان) زۆر هەڵەشە و سەرچڵانە بیردەكەنەوە و رەفتار دەنوێنن…. رێژەیەكى زۆر لەم تەرزە گەنجانە بەرەو لادان و لارێیی دەچن, دەكەونە هەڵدێرەوەبە گشتى و پێش ئەوەى پێناسێك   بۆ كەسێتى گەنجى كورد بكەین, لە كۆنەوە بۆ ئەمێستا,  دەتوانین ئەوە دەربارەى گەنج بڵێین كە سەرتاپا لاوانى دنیا لەوەدا هاوبەشن كە قۆناغى گەنجێتى بریتییە لە خودناسین و نوومایشكردنى كەسێتییەك كە زۆر تایبەت و جیایە لە منداڵى و جیاوازە لە پیریش…
  گەنج بارستاییەكە لە وەزە تواناى لە بننەهاتوو, هەروا ئاسان نییە بەربەرست و كۆسپ لەبەردەمیدا دابنرىَ و كەسێتى ئەم خاوەن وزە زۆرە بشكێنرێتەوە,  گەنج بریتییە لە گڵۆڵەیەك لە ئارەزووى سێكسیى, هەروائاسان نییە بچەپێنرێت و كەبت بكرێت و بینین و دانیشتنى دوو رەگەزى نێر و مىَ بكرێت بە كوفر و بابەتێكى حەرامكرا و و تابوو… لەسەر نامەیەك و وێنەیەك دوو خێڵ و بنەماڵە یەكى قاتووقڕبكەن, گەنج بریتییە لە قاسەیەك لە خۆشەویستى و میهر و موحیبەت, هەروا بە ئاسانى ئەو قاسەیە پڕبكەیت  لە رقو وتووندوتیژى و چەوساندنەوە و ستەمكارى, دیارە كە كەسێتییەك دەستبەردەكەیت كە دواجار بریتى دەبێت لە بوونەوەرێكى بێئومێد و لاواز و خەمگین, بێزار و بێكار و بێفەڕ و بێوەفا بۆ خۆى و بۆ خێزانەكەى و بۆ كۆمەڵگەكەى,  كە لە پەرەگرافى  دووەم و سێیەمدا بە تێر و تەسەلى باس لەو هۆكار و فاكتەرانە دەكەین كە كەسێتى گەنجى كورد دروستدەكات و دەشتوانێت نوغرۆى بكات و پڕیبكات لە ئیشكالییەت….!
  (2)
 
 ئاشكرایە كە قۆناغى گەنجێتى یەكێكە لە گرنگترین و ناسكترین قۆناغەكانى ژیانى مرۆڤ, چونكە پردێكە و دەبێتە هۆى گواستنەوە لە قۆناغى مناڵییەوە بۆ قۆناغى كامڵى و پێگەیشتن… واتا لە قۆناغى پشتبەستن بە كەسانى دیكەوە بۆ پشتبەستان بە خود و بوون بە خاوەنى شوناس و كەسێتى و سەربەخۆبوون..!
    قۆناغى گەنجێتى قۆناغێكى گرنگە, سەرەتاى سەرهەڵدانى مرۆڤێكە كە گۆڕانكاری جەستەیى و دەروونى و ژیرى و كۆمەڵایەتى تیایدا روودەدات و هەنگاوەكانى یەكەیمین خەمڵاندن و دەستەبەربوونى كەسێتى و شوناسى مرۆڤ دەستپێدەكات.. گرنگترین  دۆزێك لەمبوارەوە ئەوەیە كە كەسێتى مرۆڤ پابەندە بەپەروەردەى خێزانیى لە لایەك و داب و نەریتى كۆمەڵایەتى كۆمەڵگەوە, كەواتە بۆ ئەوەى كەسێتى كەسێك بخوێنینەوە, پێویستە سەرنج لە سیستمى پەروەردەى كۆمەلالایەتى خێزانەكان و كولتوورى باوى ئەو كۆمەڵگەیە و گوتارى ئاینى سەردەستى هەر كۆمەڵگەیەك بدەیت!
    واتا دەورووبەر و ژینگە, دروستكەر و خالقى كەسێتى مرۆڤ… بۆیە لە توێژینەوەشماندا سەبارەت بە كەسێتى گەنجى كورد پێویستە سیستم و كولتوور و فەرهەنگى باڵادەست و زاڵى كۆمەڵگەى كوردى لێكبدەینەوە… هەروەها بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەى كەسێتى گەنجى كورد, پێویستە ئاماژە بەوە بدیەن كە ناكرێت و ناشێت, هەروەها كۆمەڵناسى رێگانادات توێژێك لە كۆمەڵگە داببڕێت و لە خانەیەكى سەربەخۆدا دابنرێت و توێژینەوەى دەربارە بكرێت, بەو واتایەى ئەگەر ئێمە باسى كەسێتى گەنجمان كردوو و ئەو هۆكارانەمان دەستنیشان كرد كە رۆڵیان هەیە لە دەستەبەركردنیدا هەمان هۆكار و فاكتەر هەمان رۆڵ دەگێڕن لە خەفڵاندنى كەسێتى منداڵ و تاكى كورددا بە گشتى, چونكە كۆمەڵگە وەكو لابۆر و كارگەیەگ وایە و كەسێتى ئەندامەكانى خۆى دروستدەكات, بۆیە ناكرێت هیچ توێژێك  یان گروپێك یان چینێك بە جیاواز وێنابكرێت و ستایش بكرێت یان رەخنەیان لێبگیرێت….
     كەواتە لە پێناسەكردنى كەسێتى گەنجدا, هەمان خەسڵەت و وێناكارى مناڵان و پیرانیش ( بە نێر و مێییەوە) دەگرێتەوە, بەڵام لە هەندێك خاڵدا  كە تایبەتمەندە بە قۆناغى هەرزەكارى و لاوێتییەوە (لە رووى بایۆلۆژى و فیسیۆلۆژییەوە) هەندێك جیاوازى روودەدەن…!
   هەروەها سەرنجى خوێنەر بۆ ئەو حاڵەتە رائەكێشم كە لە زۆربەى توێژینەوە و لێكۆڵینەوەكاندا, تەركیز خراوەتە سەر گەنجان بە گشتى نەتوانراوە بە وردى و بە سەلیقەوە جیاوازى جێندەرى (لە توێژینەوەكردندا) بكرێت, زیاتر كوڕێكى گەنج لەبەرچاو گیراوە و باسێكى تێروتەسەل بەدیناكرێت كە لەسەر كچانى كورد و شوناس و كەسێتى و ژیانیان ئەنجامدرابێت, بێجگە لە هەندێك وتار و ریپۆرتاژ  بەدواداچوون لە رۆژنامە و گۆڤارەكاندا, بەڵام ئەمەش تینووێتى كەسمان ناشكێنىَ و قووڕ بۆ ئەو توێژەرە دەگرێتەوە كە دەیەوێت توێژنەوەى  بەرفراوان لەسەر كچانى كورد وەكو گەنجێك و ئاریشەكانى ژیانى گەنجێتى و پێگەیان ئەنجامبدات… بۆیە كەم تا زۆر لە شیكارى كەسێتى گەنجى كوردا بە پێویستى دەزانم ئاوڕ لە كچانى گەنجیش بدەینەوە…!
    وەكو لاى هەموومان ئاشكرایە و بە تایبەت ئەوانەمان كە بە قۆناغى گەنجێتیدا تێپەڕبوون و رۆژانە حاڵەت و دۆخەكانیمان پراكیتك كردووە و وەكو ئەزموون و گووزەران لە ئەرشیفى بیركردنەوەماندا ماوون و دەتوانین راشكاوانە گوزراشت لە كەسێتى  گەنجێگ بكەین كە لەم كۆمەڵگەیاماندا دەژى..
   بێگومان گەنج,  هەمیشە پرسیار گەلێك لە مێشكیدایە, پرسیارەكان هەمەجۆرن, هەندێكیان بە لاى خۆیەوە ئاسایى و ساكارن, بەڵام شارەزایایى و زانیارى دەربارەیان كەمە, هەندێك لەو پرسیارانە لە لاى باوان و خێزان و كۆمەڵگەوە پرسیارى حەرامكرا و یاساغ و تابوون, پێویست نییە هیچ كەسێك بیرى لێبكاتەوە و بیدركێنىَ و ئاراستەى دەورووبە و خێزانەكەى خۆیبكات… گەنج هەمیشە لە دەوروو و بەرى شتەكانى خۆى , لە رەگەزەكەى بەرامبەرى خۆى ورددەبێتەوە و  كەوا هێدى  هێدى نەش و نما دەكات  و گۆڕانكارى تیادا روودەدات, سەرنج و دیقەت و پرسیارى گەنج  سنووریان  بۆ نییە و كات و  شوێن  نازانن, ئازادانە بیردەكاتەوە, سەرنجەكانى بۆ لاى سێكس و جیاواى نێوان كوڕ و كچ و ئەندامەكانى زاوزێى هەردووكیان كێش دەبێت, بیر لە پرۆسەى سێكسى و جووتبوون  دەكاتەوە, بیر لە منداڵبوون دەكاتەوە, لە پرۆسەى هاوسەرگیرى.. خۆشەویستى و عەشق  بۆ بەرامبەرەكەى یەكەمین گرفت و ئاریشەیە كە گەنج دووچارى دەبێت, چونكە كۆمەڵگە حوكمى خۆی دەدات و رێسا و داب و نەریت سووننەتى پیادە دەكات…
    یەكەمین دیارترین خەسڵەتێك كە گەنجى كوردى پێدەناسرێتەوە, گەڕانەیتى بە دواى وەڵامى پرسیارە بوێرەكانداكە (زیاتر كوڕان بوار و زەمینەى پرسیاركردنیان بۆ رەخساوە وەك لە كچانى كورد)!!
    بەڵام ئەوەى روودەدات و لە زۆرێك لە خێزانە كوردەكاندا دووبارە دەبێتەوە, ئەوەیە كە دایك و  باوك بوێر و ڕچەشكێن نیین, یان شارەزا و دانا و خوێندەوار نین, تا بتوانن وەڵامى پرسیارە زۆرەكانى گەنج بدەنەوە, یان بەسەر پێیەوە  وەڵامێكى كورتى ناماقووڵ و چەواشە و لەخشتەبەر وەردەگرنەوە… گەنجیش مرۆڤێكى  هەستیارە و سەرنج و دیقەتى وردە, بۆیە هەستدەكات وەڵامى راستەقینە و كامڵى وەرنەگرتووە, یان لە زۆر حاڵەتدا تووشى بەرپەرچدانەوە دەبێت یان ئازارى جەستەیى و  دەروونى دەدرێت بۆیە رێژەیەكى زۆر لە گەنجانى كورد دووچارى نوشوستى و سەرنەكەوتن (الاحباگ) دەبنەوە, لێرەشەوە بونیادى كەسێتى ئەو گورزێكى كوشندە دەخوات و دەروونى دەهەژىَ, ئەو گەنجە هەست بە كەمیی دەكات, خۆى بە كەسێكى ناتەواو و پڕ لە كەمووكوڕى دێتە بەرچاو, ئیدى متمانەى بە گەورەكانى خۆى و بە كەسانى نزیكى خۆى نامێنىَ كە هانایان بۆ بەرێت و بابەتى گرنگیان لە لا باس بكات….
    پردى ئاخاوتن و دیالۆگ  لە نێوان گەنج و باواندا لە یەكەمین هەنگاوەوە و لە نێو خێزانە خانە خوێكەى خۆیدا تووشى هەرەس و رووخان دەبێت….   ئەمەش زۆر مەترسیدارە و گەنج تووشى ونبوون و نامۆبوون دەكات, سست و لاوازى دەكات, وای لێدیت باوەڕى بە دەورووبەر و خێزانەكەى  خۆى كاڵتر و كزتر دەبێتەوە, ئیدى ئاكام ئەو كەش و هەوایە بەركەماڵ دەبێت كە گەورە گوىَ لە بچووكى نێو خێزان ناگرێت, گەنجى كورد بە تایبەت كچان هەست بە پەراوێزبوون و نەخوێندنەوە دەكەن, هەستدەكەن مامەڵەى مرۆڤیان لەگەڵدا ناكرێت!
  لە خێزاندا نە برا و نە باوك زۆرجاریش دایك, دیالۆگ و گفتوگۆى ئازاد و بوێر و هێمن لەگەڵ رەگەزى مێدا سازناكەن, بۆیە كچانى گەنجى كورد لە كۆڕان زیاتر و دە هێندەش زیاتر ئازار و دەردى پەراوێزبوون و هەست بە كەمكردن و نامۆبوون و نوشوستى (الاحباگ) دەچێژن..!
    لێرەوە دەتوانین پاسادانى راستى ئەم قسەیەمان بەوە بسەلمێنین كە كچانى كوردى گەنج لە ژێر گوشارێكى توند و تاقەت پڕوكێندا دەژین, چونكە نە دەتوانن گوێبگرن و نەدەتوانن پرسیاربكەن و نە وەڵامى پرسیاریان دەدرێتەوە و نەحسێبى مرۆڤ یان نێوە مرۆڤیان بۆ دەكرێت, بۆیە رێژەى ئەو كچە كوردە لاوانەى خۆیان دەكوژن ساڵانە, دە هێندەى رێژەى ئەو كوڕە گەنجانەیە كە خۆیان دەكوژن…!
 (3)
 هێشتاكە بەردەوامین لە شیتەڵكردنى كەسێتى گەنجى كورددا و سەرەتاش پێویستە ئەوە بیر خوێنەرى بەڕێز بێنینەوە كە كەسێتى بریتییە لەو بەرهەم و دەرهاویشتەیەى كە هەر ەشارستانیەتى و ژیارێك بە تایبەتمەندییەكانییەوە دروستى دەكات…. شارستانیەتیش لە نێو چەقى كۆمەڵگەدا, رۆحى مێژووى خۆى جێدێڵێت كە بریتییە لە فەرهەنگ و كلتوورى كۆمەڵایەتى و رۆشنبیر, ئەمانیش خۆیان لە داب و نەریت و بەهاى كۆمەڵایەتى هزری و ئاینیى و بیكردنەوەى كۆمەڵایەتیدا دەبیننەوە, بۆیە دواجار كەسێتى هەرتاكێك بریتی دەبێت لەهزر و لە كلتوورى باو و سەردەستى ئەو كۆمەڵگە و ژینگە كۆمەڵایەتییە……..!
     لەو پێودانگەوە و لەبەر رۆشنایى ئەو یاسا و رێسایەدا دەتوانین بڵێین كەسێتى گەنجى كوردیش پشت بە كلتوورى زاڵ دەبەستێت كە لە كۆمەڵگەكەماندا بریتییە لە بیرى خێڵەكى و هۆزگەرایى كلاسیكى و تەقلیدى باو كە گەورە و بچووك لەسەر هەمان قەوان دەڕوات و تۆخ و تۆخترى دەكاتەوە..!
   بیرى خێڵەكى و عەشیرەتگەرایى كوردیش لە نەزانى و نەخوێندەوارى و جەهالەتەوە نزیكترە وەك زانست و مەعریفە, گەنجى كوردیش وەكو پیرەكەى, لە ژێر كاریگەرى بەكارهێنانى ئەفسانە و خورافەدایە, نوشتنە و جادو زیاتر بە كاردێنىَ, وەك لە ژیرى و عەقڵانییەت, ئەوەندەى دەچێتە لاى شێخ و مشایەخێك, ئەوەندە ناچێتە لاى پزیشك و نوژدارێك (هەرچەندە دكتۆرەكانیش وەك جاران دڵسۆز نیین و شارەزا و زیرەك نیین!!)
   گەنجى كوردى هاوچەرخ رێژەیەكى زۆریان خەمخۆر نیین كە ببنە كوڕى زانست و لۆژیك, ببنە رۆشنبیر و هۆشیار, لەگەڵ ئەوەشدا كە ئامێرە تەكنۆلۆژییەكان بەكاردێنىَ, وەكو مۆبایل و سەتەلایت و كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت, كە سەردەمى مۆدێرنێت و مەدەنییەت خوڵقاندوون, كەچى پاش ئەوەى لە بەكارهێنانى  ئەو كەرەستە تەكنۆترۆینیە نوێیانە دەبێتەوە,  دەگەڕێتەوە دۆخى كۆن و دواكەوتووى جارانى خۆى… دەبێتەوە بە مرۆڤێك كە لە شوانكارە و قاچاخچى تێپەڕناكات, دەبێتەوە بە هاووڵاتى نیشتمانى (فەنتەڵۆس– كە هێمایە بۆ دواكەوتوویى كۆمەڵگەى كوردى) دەبێتەوە بە كوڕى جەهالەت و نەزانى..!
    پێویستە ئەوەش بە راشكاویى بدركێنین كە كەسێتى گەنج لەگەڵ كەسێتى پیردا جیاوازییەكى ئەوتۆى نییە و لە زۆرێك لە خاڵ و بەندەكاندا هاوبەشییان هەیە…. بەڵام بەشێوەیەكى گشتى, كەسێتى گەنجى كورد (بە كوڕ و كچ)ییەوە پڕە لە ئیشكالییەت, لە كەمووكوڕى و كێماسى, كەسێتییەكە پتەو و سەقامگیر و تۆكمە و هاڕمۆنى نییە, كۆڵەكە بنەڕەتییەكانى لاواز و سستن, بۆیە بە ئاسانى گۆڕانكاری بەسەردا دێت و باهۆزى گۆڕان و وەرچەرخان یان تیشكى سووتێنەرى جەنگ و شەڕ و گەندەڵى سیاسیى, كاریگەرى خێرایان بۆ سەر ئەم كەسێتییە دەبێت و دەتوانن بە سانایى بیشێوێنن… بەڵام خەسڵەتى بنەڕەتى ئەم كەسێتییە ئەوەیە كە بە كاریگەرى داخراوەیى كۆمەڵگە, چەقبەستووە و نەگۆڕە, گەشە ناكات و بەرە و كرانەوە پێش ناكەوێت……
    ئەگەر بە وردى و بە میكرۆسكۆبى سیۆسۆلۆژى بچینە ژێر پێستى كەسێتى گەنجى كوردەوە, بۆمان دەردەكەوێت كە گەنج لە نێو ناهەموارى و دژوارى و ناكۆكییەكى كوشندەدا ژیانى لاوێتى دەباتەسەر, لە ژێر فشار و گوشاردایە, لە لایەكەوە خەون و خەیاڵى رۆمانسیانەى گەنج, كە دەرهاویشتەى هۆرمۆنى و بایۆلۆژییە لە جەستەیەتى, هێز و وزەیەكى لە بنەهاتووى پێدەبەخشێت و  پێویستى بە راپەڕاندنى چالاكى و بزاوتنە, بەڵام لە لایەكى ترەوە فشارى تەندى دابوونەریت و عورفى كۆمەڵایەتى كە لە واقیعدا زاڵە  بیر و هزرى  هەمووانى كۆنتڕۆڵكردووە و ئیش لەسەر چەپاندنى گەنج دەكات و پیرەكانیش نوێنەر و جێبەجێكارى ئەم زەبر و فەرمایشتانەى كۆمەڵگەن…. بۆیە گەنج (بەشێوەیەكى راستەوخۆ و ئاراستەبۆكراو) لەو كەش و هەوا ناجێگێر و ناوازە و تاقەت پڕوكێنەدا كەسێتى خۆى بنیاتدەنێت, ئەو فشارە كۆمەڵایەتیانە لە كۆمەڵگە داخراوەكانى رۆژهەڵاتى ناڤیندا و لە كۆمەڵگە سوونەتیەكەى ئێمەدا ئەتمۆسفیرێكى  چەواشە و شێواوى ئافەریدەكردووە كە تاكو نێوچەوان نوقە لە نایەكسانى و ناتەبایى جیاوازى جێندەرى (رەگەزى) و نادادوەرى كۆمەڵایەتیدا… كە لە سەرووى ئەمانەشەوە (توندووتیژى و زەبر و زەنگى) كردۆتە ئامرازى بەكارهێنان وبۆ سەركوتكردنەوە و شكاندنەوە و چەوساندنەوەى گەنج (بە تایبەتى كچانى هەرزەكار) بەكار دێنىَ… لێدان و هەڕەشەلێكردن و سووكایەتى پێكردن و جنێوپێدان, كەرەستە  و هۆكارى پەروەردەكردنى خێزان و كۆمەڵگەى كوردى بێت, ئاكام و دواجار كاریگەرى  زۆر نێگەتیڤى بۆ سەر كەسێتى گەنج دەبێت…!
   بۆیە كۆمەڵگەى كوردى كەسێتى گەنجێك دەستبەردەكات كە  لێوانلێوە لە تووڕەیى و بێزارى, لە سەرچڵى و یاخیبوون, لە تووندوتیژى و  لە زبرى و رەقى, دەروونى پڕە لە فشار و زەبرى توند و گورچكبڕ, كەسێتیەكى ئاڵۆز و تاریك و نارێك و پێك, كە سیخناخە لە پشێوى و راڕایى و دڵەڕاوكىَ و ترس…. سەركوتكردن و شكانەوەى كەسێتیەكەى, بێمتمانەیى و بێ بڕوا بە خۆبوونى پێبەخشیوە,  بێسەرووبەرەیى و بێبەرنامەیى و فەوزا و سەروەرنەبوونى یاسا و شكۆمەندنەبوونى دادگا و بڕیارى لەرزۆكى دادوەرانى كۆمەڵگەكەى (بەدرێژایى مێژوو) واى لەم بوونەوەرە كردووە كە هەمیشە سەرپێچیكار و لادەربێت لە یاسا و رێسا,  رێز و حورمەت  بۆ یاسا و دەستوور و بەدەنكانى دانەنێت, كەسێكە هیچ زانیارى و زانستێك لە بارەى مافەكانى خۆیەوە  نازانێت, لە ماف و ئەركى خۆى و كەسانى دەورووبەرى خۆی تێناگات, مافى مرۆڤ و جاڕى گەردوونى  مافى مناڵان و مافى گەنجانى نەبیستووە, گەنجى كورد (بە درێژاى مێژووى هاوچەرخ بە زەبرى مێژووى ستەمتدیدەیى و ژێردەستى نەتەوەكەى) بەسەرپێچیكردن و لادانى لە یاساكانى حكومەت و دەوڵەت بەختەوەر و ئاسوودە دەبێت….
    گەنج وایلێهاتووە پشت بەهێز و تواناى مەچەك و بازووى خۆى ببەستىَ و بۆ مەبەستى تۆڵەكردنەوە, بڕواى بە سزادانى یاسایى نییە, بڕواى بە حوكمى دادوەرى وڵاتەكەى نیە, بەوپەڕى قارەمانێتى و ئازایەتى دەزانێت كە خۆى لە سەرووى یاساوە ببینێتەوە, (وەكو بۆ نموونە چۆن دەبینیین زۆرێك لە گەنجى كورد شۆفێرن  لە ئاژۆتندا پابەندى یاساكانى هاتوچۆ نابن و بۆیە رێز لە پیادەى سەرجادەكانى كوردستان ناگرن, خۆ ئەگەر لە پیرێك یاخود لە ژنێك یاخود لە منداڵێك بدەن و هەناسەى لێببڕن, ئەوا هەڵدێن و  خۆیان ناخەنە ژێربارى بەرپرسیارێتى ئەو تاوانە یاساییەى ئەنجامیانداوە…!)
 (4)
 وەكو پێشتریش ئاماژەمان پێدا, گەنج بەرهەمى كۆمەڵگەیە بە هەموو توخم و سەرچاوە و كایە جیاوازەكانییەوە, كەسێتیەكەشى رەنگدانەوەى لە سەدا سەدى دەورروبەر و ژنینگەى كۆمەڵایەتییە, یەكێك لە ژنگە سەرەكییەكانى ژیان و گوزەران و گەشەسەندنى گەنج,  خێزانە و پەروەردەى كۆمەڵایەتى رۆڵى هەرە دیار و گرنگ دەگێڕێت,  لەم بوارەدا, بۆ وێنە ئەو لاوانەى لە خێ.انێكدان كە چەوسێنەرەن, دووچارى تووندوتیژى و هەڕٍەشەلێكردن و لێدان دەینەوە, مەخابن و جەخار ئەو گەنجانە بە رێژەیەكى زۆر ترسنۆك و ملكەچ و لاواز دەردەچن, بۆیە ویست و ئارەزووەكانیان  دەشارنەوە و كپیان دەكەن, كە گەورەتر دەبن و هاوسەرگیرى پیچكدێنن, ئەم گەنجانەش وەكو دایك و باوكیان بە هەمان شێوە توندوتیژ و چەوسێنەر دەبن و لاساییان دەكەنەوە……!
    هەربۆیەشە لە كەسێتیاندا رەنگدەداتەوە و پشت بە خۆنابەستن لەبەردەم كێشە و گرفتدا, هەست بە كەمى دەكەن  راڕا دەردەچن.. ئیدى توندوتیژ دەبن بەرامبەر بە كەسانى هاوتایان یان لە خۆیان بچووكتر و تۆڵەى خۆیان لەوان دەكەنەوە…  بۆیە رێژەیەك لەمجۆرە لاوانە بڕوایان بە تۆاَەكردنەوە هەیە….!
     شایەنى وتنە, لەم تەرزە گەنجانە بە ئاسانى دەكەون تەڵەوە و بەرەو هەڵدێر دەچن… هەندێكیان بۆ كارى لادەرانە و لاسارى و تاوانكردن دەقۆزرێنەوە… تووشى كەتنكردن و زیندانیكردن دەبن…
    لە كوردستاندا كەم نیین ئەو لاوانەى كە لەم چەشنەن و ژیانى پڕ ئەشكەنجەیى لە نێو بەندیخانەى مێردمناڵام و زیندانى نەوجەوانان بەسەردەبەن…!
    جرۆێكى دیكە و شێوازێكى تر لە كەسێتى گەنجى كورد,  كە لە برەودایە, ئەو گەنجانەن كە لە نێو خێزانێكدا گۆشكراون كە زیاد  لە پێویست ناز و خۆشەویستى و سۆزیان  پێدەدرێت ( بەتایبەت رەگەزى نێر)   كە بە رادەیەك چاوپۆشى لە هەڵە و سەرە سۆڕییەكانیان دەكرێت, بۆیە لە داهاتوودا ئەم پەروەردەكردنە كەسێتەیەكى پیتە و سەركەوتوو نابوخشن بە توێژى گەنجان, كە رێژەیەكى زۆریان بڕوا و متمانە نە بە خۆیان و بە توانا و ئیرادەى خۆیان نابێت و ئێمە لە كۆمەڵگەكەماندا رێژەیەكى زۆر  لەمجۆرە گەنجانە (بەتایبەتى كوڕ) كە هەڵگرى كەسێتیەكن و هەست بە بەرپرسیارتییان تیادا نزمە و حەز بە تەنیایى و گۆشەگیرى دەكەن بە دیدەكرێن.. ئەم لالاوانە  ئەوەندە بە نازدارى گۆشكراون, كامڵ و پێگەیشتوو نابن, ناتوانن یەك گرىَ و گرفتى خۆیان چارەسەربكەن و هەمیشە و لە هەموو حاڵەتەكانى ژیاندا ئاسایى و نائاسایى پێویستیان بە پشت و پەنا و كەس و كار دەبێت بۆ هاریكار و یارمەتیدان…..!
   شتێكى بەڵگەنەویستە و گومانى تێدانییە, كە حەز و ئارەزوو بەشێكن  لە كەسێتى مرۆڤ و رەنگدانەوەى ئەوتۆى لەسەر رەوڕەوەى  ژیانى مرۆڤ بەجێدێڵێ, ئاشكرایە كە مرۆڤى ئازاد لە كۆمەڵگەى ئازاد و كراوەدا حەز و ئارەزووەكانى بە ئاسانى و بە سیستماتیكى دێنێتەدى, كەچى لە كۆمەڵگەى داخراو و چەقبەستووى وەكو ئەوەى ئێمە, هەمیشە فشار و گوشارى پەروەردەیى و كۆمەڵایەتى و ئاینیى تاقەت پڕووكین ئامادەیە بۆ چەپاندنى حەز و ئارەزووەكانى تاكو كورد بە گشتى و گەنجى كورد (كچان بە تایبەتى), هەر بۆیەشە رێژەى گەنجانى بەختەوەر و كامەران و بەتوانا و چالاك  خاوەن ئیرادە و بڕیار و متمانە بە خود و بە دەورووبەرەكەى خۆى,  رێژەیەكن كە ئەوەندەە كەم, تروسكەى هیوا و ئومێدیان پێ نابەشخن… گەنجى كورد بێزار و وەڕس و تووڕە و یاخییە لە خۆى و خێزان و كۆمەڵگەى خۆى, بێئرادە و بێئومێدن و رێژەى خەسڵەتێكى دیكەى كەسێتى گەنجى كورد,  مەلەسەى شەرمنییە (بە تایبەت لە كچانى كورددا) كە ئەم حاڵەتەش زۆر بەربڵاو و دیارە و كوشندەیە و كێشەەى گەورەى بە دوادادێت, گەنجێك شەرم لە ناخیدا بێت و لە كردەوە و رەوشتیدا رەنگبداتەوە ناتوانێت بەقسە گوزارشت لە دەروون و لە بیركردنەوەى  خۆیبكات, ناتوانىَ چالاكى بنوێنىَ, ناتوانێت بەشدارى لە كایە گرنگەكانى رۆشنبیرى و فەرهەنگیدا بكات… ناتوانێت بڕیارێكى ئازایانە و ئازادانە بدات… ناتوانێت رەچەشكێن و داهێنەربێت, ناتوانێت پرسیاربكات و فێربێت,  چ جاى بتوانێت پەردەى شەرم بدڕێت و زاڵببێت  رەخنە لە خراپى و خوارووخێچى كۆمەڵگە و خێزانەكەى خۆى بگرێت…!!!
     هەروەها لاسایكردنەوە, هۆكار و فاكتەرێكە كۆمەڵگە بە زۆرى زۆردارەكى خستوویەتییە نێو كەسێتى تاكەكانییەوە و بەگشتى و گەنجیش بە تایبەتى, چونكە گەنج, هەستى بەراوردكارى و دیقەتى بۆ رواڵەت و دیاردەكانى دورووبەرى خۆى زۆر تیادا بەرزە,  دەیەوێت بەرگ و ناواخنى خۆى بگۆڕێت و هەموو رۆژێك خۆى دووبارە نەكاتەوە…… بەڵام لە ئاراستەكردنى گەنجدا, كات و شوێن رۆڵى گرنگى خۆیان دەگێڕن, كۆمەڵگە و دەسەڵات, واتە هۆكارى كۆمەڵایەتى و سیاسیى گەورەترین رۆڵى خۆیان  لەمبارەیەوە دەگێڕن و چۆنایەتى لاسایكردنەوە بەرە و باشتر یان خراپتر ئاراستە دەكەن….
    بەڵام جێگەى داخە, چونكە گەنجى كورد لە كۆمەڵگەیەكى سەرەتایى – سووننەتى – دەواكەوتوو ژیان دەگوزەرێنىَ, كۆمەلچگەیەكە بە دەستگایى و بە دامەزراوەیى (مۆسساتی) نەكراوە, دەوڵەت و وەزارەت و خشتەو پلان و بەرنامەكانى,  خاوەنى میتۆد و عەقڵ و زانست نیین, دواجاریش تیۆرى و ستراتیژییەتێكى مرۆڤدۆستانە لەم دەڤەرەدا بەدیناكرێت, كە مرۆڤ و خێزان و خوێندگە و كۆمەلچگە بە بەرنامە و بە دامەزراوە بكات و تاكەكان دۆسێ و فایل و فۆڵدەیان هەبێت, پێناس و شوناسى هاووڵاتى لاى دەوڵەت و حكومەت ئاشكرا و تەرخانكراو بێت, ئیدى بەپێى  یاسا وە رێسا و دەستوور,  منداڵ و گەنج و پیر ئاراستەبكات,  هۆكار و كاریگەرییە ئابوورى و كۆمەلایەتى و ئاینییەكان لە نێو ناواخنى كۆمەڵگەدا پۆلێنبكات, هۆكارێكى گرنگى وەكو (لاسایكردنەوە)ى تاكەكان كۆنتڕۆڵ بكات و بەرە و دۆخى پۆزەتیڤى بەرێت, بۆ ئەوەى دیاردەى ناشیرین و قێزەوەن  سەرهەڵنەدات و كێشە و ئاریشەى ئاڵۆزى لێبكەوێتەوە, لەو شێوەیەى كە لە زێد و هەرێمەكەى ئێمەدا بەدیدەكرێت….!
   بۆ وێنەو هۆكارى لاسایكردنەوە, كاریگەرى خراپى بۆ سەر پێكهاتەى كەسێتى تاكى كوردى هەیە بە گشتى و بۆ گەنجى كورد (كچان بە تایبەتى)! هۆكارى لاسایكردنەوەیە كە گەنجى كورد هاندەدات لاسایى جگەرەكێشان و نێرگەولەكێش بكاتەوە, لایاسى مەیخۆەركان دەكەنەوە…. لاسایى قومارچى دەكەنەوە… لاسایى لەشكڕەكان دەكەنەوە…. بۆیە دیاردەى جگەرە كێشان و نێرگەلە كێشان و مەیخواردنەوە و قەرماركردن و سێكسكردن لەگەلچ لەشفرۆشەكاندا, دیاردەى بەربڵاون لە نێو گەنجاندا و سیستمى بەرگرى و بەرهەڵستى لە نێوپێكهاتەى كەسێتى گەنجانماندا زۆر سست و لاوازە و رێژەیەكى زۆر لە كۆڕانى گەنجى كوردستان گیرۆدەن بە دەست ئەو هەڵسوكەوت و رەوشتانەوە…!
     كچانى كوردستانیش بە هەمان شێوە لاسایكردنەوەى یەكتر بۆ هەبوونى  ئامێرى مۆبایل و خراب بەكارهێنانى, گرفتى گەورە و  دیاردەى ناشیرین و ترسناكى دروستكردووە…. لە زۆر جێگەدا بوونەتە قوربانى ئەو دیاردەیە.. هەروەها بە حوكمى لاساییكردنەوەیەە كە كچانى كوردى هاوچەرخ جل و بەرگ و پۆشاكێك دەپۆشن (كە جەخار و مەخابن) لە پۆشاكى سەماكەران و لەشفرۆشان دەچن و زۆر لەسەر كەسێتى و سەنگى ئەوان دەكەوێت, پەیوەندى و هەڵوێستى رۆژانەیەنان دەشێوێنىَ و هانیاندەدات زۆر رووكەشانە لە ژیان و لە پەیوەندى خۆشەویستى و پرۆسەى هاوسەرگیرى و ئایندەیان بڕوانن, دووریان دەخاتەوە لە حەزى فێربوون و سەركەوتن و لە بوارى زانست و مەعریفەدا..!
     هەروەها لاساییكردنەوە لە نێو گەنجاندا بۆتە باو و كە واز لە خوێندن بێنن, یان گرنگى و بایەخ بە خوێندن و سەعیكردن و كۆشش كردن و دەرچوون نەدەن…. وەك بڵێیت پەیمانى كۆمەڵایەتى گشتى و  هاودەنگ لە نێو گەنجى كورددا دروست بووە, كە لەوەدا لاسایى یەكرت بكەنەوە كە كەمتەرخەم و خەمسارد و تەمەڵ و بێئامانج و بێ خولیا و خەونبن… كە چالاك و داهێنەر و بزووێنەر نەبن بۆ نێو جیهانى گۆڕان و كودەتا و وەرچەرخان…!
    لە درێژەى ئەم بابەتە گرنگەدا و بۆ قوڵبوونەوە لە كەسێتى گەنجى كورد, هەوڵدەدەین لە  داهاتوودا ئاوڕێكى  تێروتەسەل لە شوناس و خەسڵەتە گرنگەكانى شوناسى
 گەنجى كورد بدەینەوە …..!                                                      hemea.rasoeL961@yahoo.com 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.