خوێنه‌ری بوێر و خوێنه‌ری ترسنۆك
كرده‌ی خوێنه‌ر كرده‌یه‌كی زۆر تایبه‌تییه و هه‌میشه پرۆسه‌یه‌كه ده‌كه‌وێته نێو شته تایبه‌تی و كه‌سێتییه‌كانه‌وه، هه‌موو ئه‌و به‌شه‌ی به بینراو و ڕواڵه‌ت دێته پێش چاوی كه‌سانی تر، ڕه‌نگه به‌شێكی بچووك یان ڕووبه‌رێكی ئاسایی بێت به‌به‌راورد به گه‌وهه‌ری كه‌سێتیی و ئه‌و به‌شانه‌ی ده‌كه‌ونه نێو نادیار و نه‌بینراوه‌كانی خوێندنه‌وه‌وه.
خوێنه‌ر یاخود پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه، هه‌ر ته‌نها خوێندنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه و ڕووپه‌ڕه‌كان ناگه‌یه‌نێ و به‌ڵكو هه‌موو سه‌رنجدان و ڕامان و بیركردنه‌وه و وردبوونه‌وه تایبه‌تییه‌كانیش سه‌باره‌ت به بابه‌تێكی دیاریكراو دیسانه‌وه به خوێندنه‌وه‌ی كه‌سێتیی ده‌كه‌وێته‌وه و ده‌بێته به‌شێك له ئه‌زموون و چۆنێتی ڕوانین بۆ شته‌كانی چوارده‌ور و بوون. به‌ڵام هه‌رچی ئه‌مجۆره خوێندنه‌وه‌یه‌یه، زۆر زۆر تایبه‌تییه و ده‌ڕژێته ناو ئه‌زموونی كه‌سێتییه‌وه نه‌ك ئه‌زموونی كه‌سانی تر و هزر و ڕوانینی مرۆڤایه‌تی، واته خوێندنه‌وه‌یه‌كه له‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ركه‌وتنی ئه‌زموونه‌كانی تر و سه‌ربه‌خۆ په‌یوه‌سته به لێكدانه‌وه و هه‌سته خودییه‌كانه‌وه. لێ كرده‌ی خوێندنه‌وه وه‌ك خوێندنه‌وه، ئیدی وه‌ك وتمان بكه‌وێته سه‌ر لاپه‌ڕه و ڕووپه‌ڕه‌كان، به‌ركه‌وتنه‌وه‌یه به ئه‌زموونی كه‌سانی تر و مرۆڤایه‌تی و وه‌رگرتنی زانیاری و مه‌عریفه‌یه له كۆی هه‌موو ئه‌زموون و ڕوانینه‌كانی ئه‌وانیتر.
خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی خودیی ئه‌زموونی تایبه‌تییه و پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ش وه‌رگرتنی سود و ئه‌زموونی هه‌نوكه‌یی و پێشتری كه‌سانی تره كه دیسانه‌وه ده‌چنه‌وه سه‌ر لێزیادكردنی خوێندنه‌وه خودییه‌كان. ده‌شێت كارلێكی خوێندنه‌وه له كاریگه‌ریی به‌ده‌ر نه‌بێت، به‌مانای كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌سێتیی جێده‌هێڵێ و تاڕاده‌یه‌ك له سه‌رخستنی خوێنه‌ردا ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌یه، ده‌شێت به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ندێك خوێندنه‌وه‌ی پێویست نه‌توانێت چ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر خوێنه‌ر دروست بكات به‌ڵكو خوێنه‌ر بكاته‌وه ڕه‌خنه‌گر و تێكسته‌كه ڕه‌خنه بكاته‌وه.
هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێیان سه‌رسام ده‌بین ئاساییه كاریگه‌ریی خۆیان هه‌بێت له‌سه‌رمان و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ش كه له‌گه‌ڵ دید و بیروبۆچوونماندا یه‌كناگرنه‌وه دیسانه‌وه ئاساییه كاریگه‌رییان نه‌بێت. خوێنه‌ر له هه‌ر جۆره حاڵه‌تێكدا بێت سه‌ربه‌سته چۆن شته‌كان وه‌رده‌گرێت یاخود ڕه‌تده‌كاته‌وه، واته پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه كرده‌یه‌كه تایبه‌تییه و به‌زۆر خۆی ناسه‌پێنێ و له كه‌سێكه‌وه بۆ یه‌كێكی دیكه گۆڕان به‌خۆوه ده‌بینێت.
خوێنه‌ر كه خاوه‌نی دیدگای خودیی بێت ئه‌سته‌مه بكه‌وێته ژێر كاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌كانه‌وه و ئاساییه بكه‌وێته چوارچێوه‌ی كاریگه‌رییه پۆزه‌تیڤه‌كانه‌وه، هه‌موو ئه‌مه‌ش مه‌عریفه و ڕۆشنبیریی سه‌رده‌خه‌ن و ده‌چنه‌وه سه‌ر خه‌رمانی بیركردنه‌وه و هزر و ڕوانینه‌كان. یاخود ده‌شێت هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێشتر خوێنه‌ر خۆیان لێ لاده‌دات و به‌لایه‌وه په‌سه‌ند و شیاو نییه، له ساتی خوێندنه‌وه‌دا ببنه ڕووبه‌رێكی پۆزه‌تیڤ و كوده‌تا به‌سه‌ر بیروبۆچوونه پێشوه‌خته‌كاندا بێنێت. كه ئه‌مه‌ش زۆر جار وه‌ك شۆك و ڕاته‌كانی لێدێ و گۆڕان ده‌خاته هه‌ڵوێسته پێشوه‌خته‌كانه‌وه.
خوێنه‌ری بوێر ئه‌و كه‌سه‌یه كه له خوێندنه‌وه ناسڵه‌مێته‌وه ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ش بێت له هه‌موو ئه‌و بنه‌مایانه‌ی بڕوای پێیه‌تی و سه‌روه‌ختێكی زۆر پێی سه‌رسامه، سه‌نگی مه‌حه‌كی كاریگه‌ریی ئه‌وده‌مه دێته ئاراوه كه ئه‌و ده‌ق و تێكستانه‌ی ده‌كه‌ونه پێش چاوی چه‌نده لۆژیكی بن و چه‌نده بتوانن بڕوامه‌ندیی دروست بكه‌ن.
له ماوه‌ی ڕابردوودا ڕه‌خنه و شرۆڤه‌كاریم ڕووبه‌ڕووی ده‌قی نووسه‌رێكی خۆمان كرده‌وه و له شێوه‌ی نامیلكه‌یه‌كدا بڵاوم كرده‌وه، وه‌ك دیارییه‌ك به‌خشیمه چه‌ند نووسه‌ر و خوێنه‌رێك كه له بواره‌كه‌دا ده‌یانناسم و به‌پێویستم زانی ئه‌وانیش له‌و كرده‌یه‌دا به‌شدار بنه‌وه، واته شتێك له ڕوانینی خۆمیان پێببه‌خشم. پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌و نووسه‌ره‌ی ڕه‌خنه‌كه‌ی ئاراسته كرابوو، هه‌ندێك له‌و نووسه‌ر و خوێنه‌رانه‌ی بینیبوو كه من نامیلكه‌كه‌م به‌دیاری پێشكه‌ش كردبوون، له لێدوانێكیدا ئه‌وه‌ی خستبووه ڕوو كه یه‌كێك له‌و خوێنه‌رانه له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌دا كه زۆر پێی سه‌رسامه به‌ڕه‌وای نه‌بینیووه نامیلكه‌كه بخوێنێته‌وه و خستوویه‌تییه نێو ته‌نه‌كه خۆڵه‌وه، نووسه‌ره‌كه‌ش له لێدوانه تایبه‌تییه‌كه‌یدا شانازی به‌و هه‌ڵوێسته جوامێرانه‌وه كردبوو و ڕایگه‌یاندبوو كه كورد خاوه‌نی ئه‌و جۆره خوێنه‌رانه‌یه كه هێنده به‌هه‌ڵوێستن!!
( كۆلن وڵسن ) له كتێبێكیدا ناپابه‌ندبوونی خۆی به كۆی هزری مرۆڤایه‌تی ده‌ربڕیووه و ( مه‌سعود محه‌مه‌د )یش له دیمانه‌یه‌كدا ئه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێ كه به غه‌یری ئیمان به حه‌ق نه‌كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌ریی هیچ بیروبۆچوون و باوه‌ڕێكه‌وه. ده‌شێت ئێمه بخوێنینه‌وه و له خوێندنه‌وه نه‌ترسین، ڕه‌نگه هه‌ندێك تێكست شیاوی خوێندنه‌وه نه‌بن له‌بنه‌ڕه‌تدا، وه‌لێ پێشوه‌خته بێئه‌وه‌ی بزانرێت ئه‌و تێكسته چییه و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی چییه لێی بترسین و نه‌یخوێنینه‌وه، ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه بمانه‌وێت خۆمان له شته نێگه‌تیڤه‌كان لابده‌ین نه‌كا كاریگه‌رییان هه‌بێت له بیروبۆچوون و ڕوانینی پێوه‌خته‌مان.
كرده‌ی ترس و سڵه‌مینه‌وه ڕه‌نگه بكه‌وێته قۆناغێك له قۆناغه تایبه‌تییه‌كانی كه‌سێتییه‌وه، وه‌لێ خوێنه‌رێك به‌مانای ته‌واوی خۆی بتوانێ كتێبێك بخاته نێو ته‌نه‌كه خۆڵه‌وه ده‌شێت خوێنه‌رێكی ته‌ندروست نه‌بێ و خاوه‌نی پێگه‌ی خۆی نه‌بێت، به‌ڵكو له نێوه‌ندی ڕۆشنبیریی نه‌گه‌یشتبێ و له ڕه‌هه‌ندێكی زۆر تایبه‌ته‌وه هه‌ڵوێستی خۆی ڕووبه‌ڕوو بكاته‌وه، سه‌باره‌ت به نووسه‌ره‌كه‌ش كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه دونیای ڕۆشنبیریی بكاته دوو له‌ته‌وه و، له‌تێكیان تاجی شكۆیان له‌سه‌رنێ و له‌ته‌كه‌ی دیكه‌ش به‌ره‌و زبڵدان ئه‌گه‌ر ڕاستییه تاڵه‌كانیش له‌خۆبگرێ و ببێته چاوگی ڕووناكی بۆ ڕاته‌كاندنی بیروبۆچوونه هه‌نوكه‌ییه‌كان.