خوێن له‌به‌رڕۆیشتنی ژن له رۆمانی (ژنێك به‌سه‌ر مناره‌وه)
(ژنێك به‌سه‌ر مناره‌وه) نوێترین رۆمانی چیرۆكنووس‌و رۆماننووسی ناسراوی كورد (شێرزاد حه‌سه‌ن)ه، كه له ساڵی 2011دا چاپكراوه.
شێرزاد حه‌سه‌ن، به‌وه ناسراوه كه له نوسینه‌كانیدا، چ وتار بووبێ یان چیرۆك‌و نۆڤلیت وه یان رۆمان، روناكی خستۆته سه‌ر ژیانی ژن وه‌ك مرۆڤێكی په‌راوێزخراو، هه‌میشه ویستوویه‌تی ره‌خنه له تێڕوانینی چه‌وتی كۆمه‌ڵا به‌رامبه‌ر به ژن بگرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه له‌وانی دیكه جیا ده‌كاته‌وه، ته‌رخانكردنی سه‌رله‌به‌ری رۆمانه‌كه‌یه بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه، به جۆرێك پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه، ژنه‌و ژیانێكی دژوار ده‌ژی‌و له قۆناغێكدا بڕیاری یاخیبوون‌و وه‌ستانه‌وه له‌به‌رامبه‌ر چه‌وسێنه‌ران ده‌دا.
ناونیشانی رۆمانه‌كه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئاماژه‌یه بۆ ناوه‌رۆكی رۆمانه‌كه‌و ده‌ربڕی ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی رووداوه‌كانیه‌تی، هێمایه‌كیشه بۆ رێزگرتن له ژن‌و دانانی له به‌رزترین شوێن، كه سه‌ری مناره‌یه!.
پاڵه‌وانی ئه‌م رۆمانه، نۆبه‌ره‌ی دایك‌و باوكیه‌تی. به‌و ئومێده‌ی نۆبه‌ره‌ی خێر‌و خۆشی بێ، دایكی سووربووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناوی لێبنێ (شادی). شادی وه‌ك هه‌ر كچێكی ئه‌م وڵاته له خێزانه‌كه‌یدا رووبه‌ڕووی جیاكاری‌و به‌كه‌م سه‌یركردن ده‌بێته‌وه‌و بێبه‌شه له سۆز‌و خۆشه‌ویستی ((باوك‌و براكانمان‌و كۆی پیاوان‌و كوڕانی بنه‌ماڵه، وه‌ك به‌ڵایه‌ك له ئێمه‌یان ده‌ڕوانی))… ((به هه‌موو ژیانم باوكم یان یه‌كێك له براكانم، نه‌یانپرسی ئه‌رێ خوشكێ چ به‌ڵاته. چ خه‌مێكت هه‌یه كچم؟. ده‌بوو فرمێسكه‌كان بشارمه‌وه. له پۆله‌كان له‌به‌رچاوی ئه‌و كچ‌و كوڕه منداڵانه ده‌گریام… شه‌رمم نه‌ده‌كرد، كه‌چی له ماڵه‌كه‌ی خۆماندا هیچ كام له خۆشكه‌كانم… نه من … نه دایكه… نه‌ده‌بوو فنگه‌فنگ بگرین)).
كه‌سێك كه له منداڵییه‌وه ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی خۆشه‌ویستی بۆ شادی، (به‌هرام)ی خاڵۆزایه‌تی,كه خێزانه‌كانیان له نزیك یه‌كتری ژیاون. ((كه منداڵا بوون هۆگری یه‌كدیبوون، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌راشتر ده‌بوون، پتر‌و پتر به‌بێ یه‌كدی هه‌ڵتان نه‌ده‌كرد. ته‌واو فه‌راقه‌ببوون, كه‌چی له ناو هه‌مان ئاوده‌ستدا پێكه‌وه میزتان ده‌كرد، تاوه‌كو دواجار خاڵۆژنت لێكی كردن‌و وتی: ئیدی ته‌واو. په‌لامیزه‌ی منداڵی بابه‌س بێ…! له یاری‌و زرمه‌زلێ نه‌ده‌كه‌وتن، گه‌مه‌ی كچانه‌و كوڕانه بۆ هه‌ردوكتان مانایه‌كی نه‌بوو)).
ئه‌م هۆگربوونه درێژه ده‌كێشێ‌و دواتر ده‌گۆڕێ بۆ هه‌ستێكی جیاواز‌و ترس‌و شه‌رمێك له‌لای شادی دروستده‌كه‌ن. ((تا ئه‌و رۆژه‌ی له ناندێنه‌كه‌ی ماڵی به‌هرامدا كه‌وتنه زۆرانێ، ئه‌مجاره‌یان تۆ كه‌وتیته ژێره‌وه‌و ده‌م‌و لێوی پتر خزایه سه‌ر لێوو چه‌ناگه‌ت، تاوێك وه‌ستان، تاسان‌و ترسان، هه‌ر به سه‌لیقه‌و هه‌ستی خۆڕسكی كچانه زانیت ئه‌مه‌یان ئاكامی خراپه. واچاكتره دوا زۆرانێ بێ‌و ئیدی.. منداڵی ماڵئاوا)).
پێموانییه ئه‌و هه‌سته‌ی شادی ده‌ترسێنێ، هه‌ستێكی خۆڕسك بێ. ئه‌و هه‌سته له‌و هه‌موو ئامۆژگاری‌و ئاگاداركردنه‌وانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، كه خێزان ئاڕاسته‌ی كچانی ده‌كا. كچ له منداڵییه‌وه وریاده‌كرێته‌وه كه نزیكبوونه‌وه له كوڕان، بازدان له شوێنی به‌رزه‌وه، به‌دارودیوار هه‌ڵگه‌ڕان‌و هه‌موو جووڵه‌و راكردنێك بۆ كچان نه‌شیاوه‌و مه‌ترسی هه‌یه.
له قۆناغی هه‌رزه‌كاریدا، جوانی بێ وێنه‌ی شادی سه‌رنجی كوڕوكاڵی گه‌ڕه‌ك راده‌كێشێ‌و به‌هرامیش هه‌ستی پێده‌كا. به‌مه زیاتر (غیره)ی ده‌بزوێ‌و ده‌یه‌وێ شادی بۆ خۆی گڕبدا. ((بۆكسی له دیوار ده‌دا بێئه‌وه‌ی ده‌سكێش بكاته ده‌ستی. هه‌موو رۆژ گوێزانی له سمێڵا‌و ریشی ده‌دا تاوه‌كو تووكنتر بنوێنێ. هه‌ر جاره‌و ملی ده‌نایه به‌ر ملی یه‌كێك له‌و كوڕانه‌ی خۆیان به پاڵه‌وان ده‌زانی… لای دۆست‌و ئاشنا رایگه‌یاند كه ته‌واو تۆ هه‌ر له سه‌ر بێشكه‌وه ماره‌بڕی ئه‌میت… ئه‌وه‌ی لێت نزیك ببێته‌وه، خوێنی خۆی له ملی خۆیه‌تی. كه زانیت خۆی توشی چورتم‌و گۆبه‌ندێك ده‌كا، هه‌ڕه‌شه‌ت لێ‌كرد، گه‌ر واز له‌م ئه‌تواره هیچانه نه‌هێنێ، تا ماوه، نایناسیت)).
له‌و دێڕانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه هه‌سته‌كانی شادی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه. ئه‌مه‌ش گومانێك دروستده‌كا. كه له‌وانه‌یه ترس له گۆبه‌نده‌كانی به‌هرام هۆكارێك بووبێ بۆ وابه‌سته‌بوونی شادی پێیه‌وه!. سیفه‌تێكی ده‌گمه‌ن له شادی‌دا هه‌یه ئه‌ویش عاشقبوونیه‌تی به هونه‌ری وێنه‌كێشان‌و له كۆتاییشدا ده‌بێ به هونه‌رمه‌ندێكی به‌توانا. ئه‌مه‌ش خاڵێكی ئه‌رێنییه‌و ژن له بوونه‌وه‌رێكی ساده‌وه ده‌كا به مرۆڤیكی داهێنه‌ر. شادی ئه‌و كات رێی دووری ماڵا‌و مه‌كته‌ب بوو. بۆیه ناكه‌وێته به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن له نێوان به‌هرام‌و كوڕانی دیكه‌داو ده‌بێ هه‌ر به‌هرامی خۆشبوێ! هه‌رچه‌ند له رۆمانه‌كه‌دا چه‌ند هۆكارێك خراونه‌ته‌ڕوو, كه وایان له شادی كردووه به‌هرامی بوێ. ((ئه‌وساش كه مناڵكار بووم ئه‌وه‌ی وای لێكردم تۆم خۆشبوێت، بیروباوه‌ڕو خه‌یاڵه‌كانت بوون، ئه‌و رۆژگاره‌ی مناڵێكی هه‌تیوت ده‌بینی، بێوه‌ژنێكی رووت‌و ره‌جاڵا، پیره‌مێردێكی سواڵكه‌ر، هه‌ر لانه‌وازو بێبه‌رگ‌و نانێكت ده‌بینی، به قه‌هره‌وه ده‌هاتیته‌وه لام‌و كوفری زه‌وی‌و ئاسمانت ده‌كرد. له من تووڕه‌ده‌بوویت‌و ده‌توت واز له ره‌سمی باخچه‌و شاخ‌و رووبار بێنه‌و وه‌ره‌و ئه‌م ژن‌و پیاوه زه‌بوونانه ره‌سم بكه))
هۆكارێكی دیكه كه به‌هرام ده‌كاته خۆشه‌ویستی شادی، تێكه‌وڵاوی به‌رده‌وامی خێزانه‌كانیانه، كه وه‌ك خاڵۆزاو پوورزای یه‌كتر رێگای هاوڕێیه‌تییان لێنه‌گیراوه. به‌ڵام شادی بۆی نه‌بووه قسه‌یه‌كیش له‌گه‌ڵا كوڕێكی بێگانه یان ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌ی خۆیان بكا.
ساڵان تێده‌په‌ڕن‌و هه‌ست‌و حه‌زه‌كانی شادی‌و به‌هرام گه‌شه‌ده‌كه‌ن. به‌هرام وه‌ك كورێكی بێ‌باك له لێپرسینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه، هه‌میشه به‌دوای هه‌لێكدا ده‌گه‌ڕێ كه زیاتر له شادی نزیك بێته‌وه‌و حه‌زه گڕاوییه‌كانی دامركێنێته‌وه. به‌ڵام شادی به‌هۆی ئه‌و ترسه‌ی كه له خێزان‌و ئابڕووچوون هه‌یه‌تی، خۆی ده‌پارێزێ. ((هه‌ر ئه‌و ترسه‌بوو كه وای لێتده‌كرد، هه‌ر جاره‌و به فێلێك‌و بیانوویه‌ك‌و درۆیه‌كی كچانه، یه‌كێك له خوشك‌و برا بچكۆله‌كانت بخه‌یته دوای خۆت‌و ژوانه‌كان تێكبده‌یت)). رۆژێك له باخه‌كه‌ی ماڵی به‌هرامدا ،به‌ته‌نیا پیاسه‌ده‌كه‌ن و به‌هرام به‌ره‌و كه‌پره‌كه ده‌یبا. ((هه‌ر هه‌موو پیاسه‌كان بۆ مه‌رامێك بوون, كه به‌هرام نه‌یده‌گه‌یشتێ، تا له دوا پیاسه‌دا زه‌فه‌ری پێبردیت)). ئه‌وه‌ی شادی له هه‌موو ته‌مه‌نیدا لێی ده‌ترسا، رویدا. ((هاوار خودایه.. یان بمكوژه… یان ئه‌وه‌یان خه‌ونێكی ناخۆش بێت‌و هیچی تر)). به‌هرام گوتی: ((منیش ئه‌وه‌م نه‌ده‌ویست)).
لێره‌وه ئیدی مه‌ینه‌تییه‌كانی شادی ده‌ستپێده‌كه‌ن. ئه‌مه ئه‌و قۆناغه‌یه كه ده‌بێ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین… ئه‌و جیاوازییه گه‌وره‌یه‌یه كه هه‌ر یه‌كه له نێر‌و مێ، له یه‌كتر جیاده‌كاته‌وه. جیاوازی شێوازی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵا ئه‌و روداوه‌ی كه به (كاره‌سات) ناوزه‌د ده‌كرێ.
به‌هرام دوای مانگێك له روداوه‌كه بڕیاری سه‌فه‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌داو سوێند بۆ شادی ده‌خوا، كه رۆژێك هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ده‌یخوازێ. به‌ڵام وه‌ك ده‌یه‌ها پیاوی دیكه، كه له كۆچ بۆ هه‌نده‌راندا بێوه‌فاییان به‌رامبه‌ر به ژنان كرد، چ وه‌ك هاوسه‌ر یان خۆشه‌ویست یان ده‌زگیران، كه دوای گه‌یشتنیان بۆ ئه‌وێ، سه‌رگه‌رمی ژیانی تایبه‌تی خۆیان بوون‌و ورده… ورده.. ژن‌و كچه چاوه‌ڕوانه‌كانی كوردستانیان له‌بیرچۆوه!.
هه‌رچی شادییه، دوای چاوه‌ڕوانییه‌كی درێژخایه‌ن، بێئومێدی دایده‌گرێ. به‌له‌ده‌ستدانی په‌رده‌ی كچێنی، باوه‌ڕی به‌خۆی نامێنێ‌و ناتوانێ رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵگه ببێته‌وه، ((هه‌ر له‌وساوه تاكو ئێستاش خوێنم لێده‌چۆڕێ. ئه‌م قسانه‌شم درێژه‌ی ئه‌و خوێنپژانه‌ی ژێر كه‌پره‌كه‌یه. زۆر جاران هه‌ستم كردووه كه هێڵا‌و ره‌نگ‌و هیچ فڵچه وه‌شاندنێك فریاناكه‌وێ هه‌قایه‌تی ئه‌و دۆڕان‌و مه‌حاڵه‌و خوێن له‌به‌رڕۆیشتنه نه‌بڕاوه‌م بگێڕێته‌وه)). لێره‌دا بیركردنه‌وه‌ی شادی هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی خێڵه‌كیانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌و خۆی به شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له قه‌ڵه‌م ده‌دا. بۆیه هه‌ست به دۆڕانێكی گه‌وره ده‌كاو ناتوانێ وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی رێك بخاته‌وه. هه‌ست به كه‌می ده‌كاو باری ده‌رونی به ئه‌ندازیه‌ك تێكده‌چێ، كه كاری مامۆستایه‌تییه‌كه‌ی وه‌كو پێویست بۆ ئه‌نجام نادرێ. شاردنه‌وه‌ی نهێنییه‌كه‌ش هێنده‌ی دی لاوازی ده‌كه‌ن. ((كێ به كچێكی بێ بن قایل ده‌بێ كه بیه‌وێ ریسوابوونی خۆی‌و باوك‌و براو ئامۆزا‌و خاڵۆزاو پوورزاو چی نێره‌وه‌زی قه‌وم‌و قه‌بیله هه‌یه بیشارێته‌وه؟ ئابڕووتكان‌و شه‌رمه‌زاری ئه‌به‌دی دایك‌و خوشكه‌كانم‌و گشت كچان‌و ژنانی بنه‌ماڵه‌و خێڵی خوێنخۆر, چ خوێنێك ده‌یشارێته‌وه؟… خۆ كوشتنیش نه‌یده‌توانی ئه‌و په‌ڵه‌و ماكه له‌سه‌ر ته‌وێڵی نێرینه‌كانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌مان بشواته‌وه… ده‌نا خۆم ده‌كوشت)).
زۆر جاران ژن بۆ داپۆشینی هه‌ڵه‌یه‌ك خۆی دوچاری ناخۆشی‌و مه‌رگ ده‌كاته‌وه… مه‌رگ ته‌نیا ئه‌وه نییه كه كۆتایی به ژیانی خۆت بێنی. له‌وانه‌یه مرۆڤـ بخواو بنوێ‌و هه‌ناسه‌بدا، به‌ڵام خاوه‌نی رۆحێكی زیندوو نه‌بێ. رێك وه‌ك پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه، كاتێك شوو به پیاوێكی ژه‌هراوی بووی زۆر له‌خۆی به‌ته‌مه‌نتر ده‌كا. هه‌رچۆنێك بێ ئه‌م ژیانه نوێیه‌ی به‌لاوه ئه‌هوه‌نتربوو.. ((من ناچار شووم كرد به پیاوێك كه بایی ئه‌وه‌نده جوامێربوو كه به قه‌هرێكه‌وه گوتی: تێده‌گه‌م‌و ئه‌و نهێنییه‌ت ده‌پارێزم… ئه‌و شووه ئازادی كردم له به‌رده‌م كه‌سوكاردا وازبێنم (مه‌به‌ست وازهێنانیه‌تی له مامۆستایی)و مێرده‌كه‌م رایی بكه‌م كه درۆ بكات‌و بڵێ حه‌ز ده‌كه‌م كه‌یبانووی ماڵا بێت… به‌رده‌وامیش ئه‌وه بۆ من گرنگ بوو كه ئه‌و پیاوه رێزی له (نه‌خێر)ه‌كانم ده‌گرت. هه‌میشه ئه‌لبوومی نیگاركێشه ناوداره‌كانی بۆ ده‌هێنامه‌وه. له پاڵا ده‌یه‌ها رۆمان‌و كۆمه‌ڵه‌چیرۆك، كه دووباڵی ده‌دامێ‌و سه‌فه‌رم به دونیادا ده‌كرد… ئه‌و كابرایه وێنه‌ی ئه‌و باوكه‌بوو كه له هه‌موو ژیانمدا بۆی ده‌گه‌ڕام‌و نه‌مبوو. باوكێك كه له سه‌ر سفره‌ش نانی له‌گه‌ڵا ئێمه نه‌ده‌خوارد.)).
(هۆمه‌ر) ئه‌و پیاوه‌ی شادی شووی پێده‌كا، یه‌كێكه له پێشمه‌رگه دێرینه‌كان‌و له‌سه‌رده‌می شۆڕشدا، ژه‌هراوی كراوه، ئه‌مه وا ده‌كا دوای شه‌ش ساڵا له پێكهێنانی خێزان، تووشی نه‌خۆشی ببێ‌و له په‌لوپۆ بكه‌وێ. شادیش ده‌وری سسته‌رێك ببینێ‌و چاودێری ته‌ندروستی بكا.
((ژه‌هراویبوونی هۆمه‌ر، هێمایه بۆ ژه‌هراویبوونی سیاسی له وڵاتی ئێمه‌دا، به‌ڵگه‌ش ئه‌و سیاسه‌تكردنه نادروسته‌یه كه له دوای راپه‌ڕینه‌وه، به‌ربینگی ده‌سه‌ڵاتی گرتووه‌و رێگا له تاكه‌كان ده‌كرێ هه‌ناسه‌ی ئازادی هه‌ڵمژن. هۆمه‌ر وه‌كو تاكێك هه‌رچه‌نده ژه‌هرانخواردوو بووه، به‌ڵام لایه‌نێكی چاكه له ناخی هه‌موو مرۆڤێكدا هه‌یه‌و هه‌ندێ جار خه‌وتووه. به ناسینی شادی ئه‌و لایه‌نه ئه‌رێنییه وه‌خه‌به‌ردێ‌و وای لێده‌كا له راوچییه‌كی دڕنده‌وه ببێ به هونه‌ردۆستێكی نه‌رم‌و نیان‌و پشتیوانی شادی بێ له پاراستنی خانووه كۆنه‌كه‌یان‌و ئه‌و مناره به‌رزه‌ی كه به‌رامبه‌ر په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌كه‌یان بوو. مناره‌و خانووه‌كانی ده‌وروبه‌ری ببوونه جێ ته‌ماعی به‌رپرس‌و ده‌وڵه‌مه‌ند‌و كۆمپانیاكان. تا بیانڕووخێنن‌و له شوێنی‌دا مۆڵا‌و باڵه‌خانه‌ی زه‌به‌لاح دروستبكه‌ن. هۆمه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه دڵی چه‌ندان به‌رپرس‌و هاوڕێ له‌خۆی ده‌ره‌نجێنێ. كاتێكیش هۆمه‌ر ده‌مرێ، خه‌مه‌كانی شادی زیاتر ده‌بن‌و به ته‌نیا رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه. لێره به‌دوا، شادی بێوه‌ژنێكی ته‌نیایه، له خانویه‌كی دێریندا ده‌ژی‌و پاسه‌وانه‌كانی مه‌رحوم له‌گه‌ڵیدا ماونه‌ته‌وه. ده‌كرێ ئه‌مه به قۆناغی دووه‌می ژیانی شادی دابنرێ. كه له ده‌سپێك‌و لاپه‌ڕه‌كانی سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه. له مه‌شدا كارامه‌یی نووسه‌ر له گێڕانه‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ. چونكه سه‌ر له‌به‌ر به‌سه‌رهاته‌كه له رۆژێكدا واته پێش نیوه‌ڕۆو دوای نیوه‌ڕۆدا روده‌دا. به‌ڵام چیرۆك و روداوی چه‌ندان ساڵا، له رێگه‌ی گێڕانه‌وه‌و بیركردنه‌وه‌وه ده‌خرێنه‌ڕوو.
ته‌نیایی بۆ مرۆڤـ دوو رووی هه‌یه، یه‌كێكیان بكوژه‌و زۆر كه‌س هه‌ن به‌رگه‌ی ناگرن!. رووه‌كه‌ی دیكه‌ی ته‌نیایی، هێز به‌خشینه به مرۆڤـ. ژن له كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتدا كاتێك له‌گه‌ڵا (ئه‌وانی دی)دا ژیان ده‌گوزه‌رێنێ هه‌ست به بوونی راسته‌قینه‌ی خۆی ناكاو كه‌سایه‌تی‌و هه‌ست‌و نه‌ست‌و بۆچوونه‌كانی له بۆته‌ی ئه‌وانی دیكه‌دا ده‌توێنه‌وه، به‌ڵام كاتێك ته‌نیا ده‌بێ (كه به ده‌گمه‌ن ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسێ)، هه‌موو ئه‌مانه‌ی بۆ دگه‌ڕێنه‌وه‌و ده‌بێته مرۆڤێكی به‌هێزو باوه‌ڕبه‌خۆ، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه، بۆ نه‌مانی ئه‌و فشارانه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له سه‌ری بوون. به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی هێز بۆ شادی له ئه‌نجامی نه‌مانی فشاری ئه‌ویدیكه‌وه نییه، چونكه هۆمه‌ر بێدڵی شادی نه‌ده‌كردو هه‌میشه هه‌وڵیده‌دا خۆشحاڵی بكا. له هه‌مان كاتدا شادی له كه‌سوكارو كۆمه‌ڵا دووره‌په‌رێزبوو… ده‌توانین بڵێین به‌هێزبوونی ئیراده‌ی شادی ده‌رئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌و شۆڕبوونه‌وه‌یه‌تی بۆ ناخی خۆی‌و ناسینی (حه‌قیقه‌ت)ی خۆی. هه‌ركاتێك مرۆڤـ توانی خودی خۆی بناسێ، چاكتر توانای ناسینی ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌بێ‌و جێگه‌و پێگه‌ی خۆی له ناو سروشت‌و كۆمه‌ڵگه‌دا روونتر ده‌بینێ. خۆناسین، شادی ده‌كا به مرۆڤێكی دیكه، مرۆڤێك كه ئه‌زموونی دوور‌و درێژی ژیان له ته‌ك مه‌رگدا، وایلێده‌كا عیشق به مانا فراوان‌و قووڵه‌كه‌ی، به بۆنی خۆش‌و نه‌شئه‌به‌خشی، له‌سه‌ر زه‌مینێكی دووره‌وه هه‌ڵبكاو به ده‌ماره‌كانیدا گوزه‌ر بكا. شادی ته‌نیا خوێنپژانی ژێر كه‌پره‌كه نیگه‌رانی ناكا.. خه‌مه‌كانیشی له‌وه گه‌وره‌ترن كه هاتنه‌وه‌ی دڵدارێكی بێوه‌فا له هه‌نده‌رانه‌وه، دڵخۆشی بكا. شادی ئێستا شیكردنه‌وه‌ی ورد‌و تایبه‌تی هه‌یه بۆ رووداوه‌كانی دوای راپه‌ڕین‌و ده‌رك به سه‌رجه‌م دزێوییه‌كانی ژیان ده‌كا. به تایبه‌ت شه‌ڕی ناوخۆ كه ئه‌و به شه‌ڕی براكان ناوی ده‌با. ((ئه‌و چه‌ند تنۆكه خوێنه‌ی له من رژاو چی خوێنێ له‌م وڵاته‌دا به ده‌ستی براكان رژاوه، خراپترین‌و ناشیرین‌ترین حه‌قیقه‌تی پڕ له درۆ‌و فیشاڵی ئێمه‌بوو)).
((چ جه‌نگێكی ره‌وایه‌و چ شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه بۆ بێوه‌ژنێكی وه‌ك تۆ ته‌نیاو هێشتا جوان‌و حجێڵا، چی خۆشی دنیا هه‌یه فریوت نه‌دا. چی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رپرسه پایه‌داره‌كان هه‌یه، بیخه‌یته ژێر پاپووجه‌كانت. گه‌ر به ته‌نیاش بی نه‌هێڵی ئه‌و چه‌ند ماڵه‌ی كه ماون بارگه‌و بنه تێكبنێن‌و بڕۆن. زۆر نه‌نگییه له‌به‌رده‌م ئه‌و پیاوه گه‌مژانه‌دا ببه‌زیت. سوێند به سۆزه‌ی به‌یانی‌و شكۆفه‌ی مناره‌ی هه‌تیوكه‌وتوو، به‌ڵام هێشتا به‌پێوه وه‌ستاو مل نه‌ده‌یت‌و له هیچ سڵا نه‌كه‌یته‌وه‌و له كه‌س نه‌ترسیت)).
پێداگرتنی شادی له‌سه‌ر جه‌نگ له پێناوی مناره‌و گه‌ڕه‌كداو به ته‌نیاژیانكردنی دوای مردنی هۆمه‌ر. كه‌سوكارو بنه‌ماڵه‌كه‌ی نیگه‌ران ده‌كه‌ن. چه‌ندین رێگا ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی په‌شیمانی بكه‌نه‌وه. به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان بێسوود ده‌بێ. دوا چاره‌سه‌ر كه بیری لێده‌كه‌نه‌وه ئه‌وه‌یه كه به‌هرام له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه بگه‌ڕێته‌وه‌و بتوانێ شادی رازی بكا كه واز له هه‌ڵوێسته‌كانی بێنێ. بێ‌ئاگا له‌وه‌ی كه ئێستا شادی كچه شه‌رمن‌و ترسنۆك‌و كزۆڵه‌كه‌ی جاران نییه‌و له‌وه بێباكتره، قسه‌و قسه‌ڵۆكی خه‌ڵك‌و هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌سوكارو به‌رپرسان بیترسێنن. له هه‌مان كاتدا هاتنه‌وه‌ی به‌هرام خۆشی نابه‌خشێته دڵی شادی به تایبه‌تی كه ده‌زانێ به‌هرام جه‌نگه‌كه‌ی ئه‌می به‌لاوه ره‌وا نییه‌و پشتیوانی لێناكا. ((هاتنه‌وه‌ی تۆ به‌م دره‌نگ وه‌خته، په‌رێشانم ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه وایه گاشه‌به‌ردێك هه‌ڵبده‌یته ناو گۆمێكی مه‌نگه‌وه)).
ئه‌وه‌ی دو اجار ده‌مه‌وێ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكه‌م، به‌شی كۆتایی رۆمانه‌كه‌یه، به‌ڕای من له‌و شوێنه‌دا كه شادی یان خانمی ناو تابلۆیه‌كه به خه‌م‌و فیگاره‌وه ده‌ڵێ: ئه‌وا رۆیشتم وه‌كو روداو رۆمانه‌كه كۆتایی پێهاتووه. زۆر ئاساییه نووسه‌ر ئه‌م كۆتاییه به شێوه‌یه‌كی فه‌نتازی‌و خه‌یاڵا ئامێز به‌رجه‌سته بكا، به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی ده‌یخوازێ. به‌ڵام وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو قه‌هرو خه‌م‌و خوێن له‌به‌رڕۆیشتنه، رۆمانه‌كه به ئاقارێكدا ده‌با كه خوێنه‌ر تووشی هه‌ناسه‌ته‌نگی ده‌كا. كۆكردنه‌وه‌ی سه‌ر له‌به‌ر خه‌می ژنان له كۆتایی رۆمانێكدا مرۆڤـ به‌ره‌و نائومێدی‌و بێزارییه‌كی له‌ئه‌ندازه به‌ده‌ر ده‌با. دڵنیام نووسه‌ر ئه‌و كاره‌ی له دڵسۆزی‌و خه‌مخۆرییه‌وه كردووه. بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كام له‌و ئازارانه فه‌رامۆش نه‌كا ،كه ئافره‌ت به گشتی چه‌شتوویه‌تی. هه‌ر له یه‌كه‌مین خوێن بینینی سووڕی مانگانه‌وه بیگره هه‌تا خوێنی خه‌ته‌نه‌و خوێنپژانی په‌رده‌و خوێنی منداڵبوون‌و خوێنی لێدان‌و به‌ردبارانكردن‌و خوێنی كوشتن‌و… هتد. كه هه‌ریه‌كه‌یان كه‌ره‌سته‌ی رۆمانێكی سه‌ربه‌خۆن‌و جێكردنه‌وه‌یان له‌و روبه‌ره بچووكه‌دا، فشارێك ده‌خه‌نه سه‌ر وه‌رگرتن (استیعاب)ی روداوه‌كان.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌ندێ رووداو له خه‌یاڵی شادییه‌وه ده‌خرێنه‌ڕوو، كه كه‌م‌و زۆر په‌یوه‌ندییان به ژیانیه‌وه نییه. وه‌ك ئه‌و ژنه‌ی له‌سه‌ر له‌دایكبوونی منداڵێكی (ناشه‌رعی)، ده‌كه‌وێته به‌رپێی حه‌شامات‌و به‌ناشیرینترین‌و نامرۆڤانه‌ترین شێوه، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ. ده‌شێ ئه‌مه‌ش هه‌رخه‌یاڵێكی ترسناكی نه‌ستی شادی بێ‌كه ئه‌گه‌ر سكی له به‌هرام پڕبووایه ئه‌وا به‌و جۆره‌ی لێ به‌سه‌ر ده‌هات!.
ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی هونه‌ری رۆماننوسینه‌وه بۆ دوابه‌شی رۆمانه‌كه بڕوانین، ئه‌وا كۆتاییه‌كی سه‌ركه‌وتووی سوریالی ئامێزه‌و نووسه‌ر له رێگای خه‌یاڵا‌و رامانی پاڵه‌وانه‌كه‌یه‌وه، كه له باڵكۆنه‌كه وه‌ستاوه‌و له دنیای خۆشه‌ویسته دێرینه‌كه‌ی دابڕاوه. سه‌رجه‌م ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی له منداڵییه‌وه به‌سه‌ریهاتوون. یان به‌سه‌ر نه‌نك‌و دایكی‌دا هاتوون‌و بۆیان گێڕاوه‌ته‌وه، دێنه‌وه ناو خه‌یاڵدانی‌و روداوه‌كان ده‌كه‌ونه نێو گه‌مه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ری ئه‌فسانه‌ییه‌وه. بۆ نموونه له شوێنێكدا به‌هرام منداڵا ده‌بێته‌وه‌و وه‌كو جاران به‌دوای په‌پووله‌كاندا راده‌كا، تا بیانگرێ‌و ده‌رزیئاژنیان بكا!.
غه‌مگینترین سات ئه‌وه‌یه كه شادی ده‌كه‌وێته ژێر پێی خه‌ڵكێكی داخدار، كه ده‌یانه‌وێ سه‌دان جار بیكوژن‌و زیندووی بكه‌نه‌وه. ((ئه‌وه‌تام لێره له بن ده‌ست‌و پێی خه‌ڵكێكی بێباك‌و ملهوڕو داخدارو تووڕه، هاروهاج… وا هه‌لا هه‌لا ده‌بم وه‌ك په‌پووله‌كانت)). ئه‌مه‌ش كۆتاییه‌كی كراوه‌یه‌و خوێنه‌ر له‌سه‌ر خاڵێكی وه‌ستاو راناگرێ‌و به‌ره‌و رامان‌و بیركردنه‌وه‌ی ده‌باو ده‌یخاته دۆخی دوودڵی و گومانه‌وه له‌مه‌ڕچاره‌نوسی پاڵه‌وانه‌كه‌وه . له هه‌مان كاتدا كۆتاشوێن، پێچه‌وانه‌یه له‌گه‌ڵا ناونیشانی رۆمانه‌كه‌دا!.
سارا فه‌قێ خدر