Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
خۆ لە قالبدانی خۆمان لە قالب دانی منداڵەکانمان ناگەیەنێت…

خۆ لە قالبدانی خۆمان لە قالب دانی منداڵەکانمان ناگەیەنێت…

Closed
by December 3, 2013 گشتی

 

 

 

ئێمە چەند باوەڕمان بە خۆمان هەبێت ئەوە هەر کەمە، چ بۆ تاک چ بۆ کۆ، بەلام ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت هەموو ئەو شتانەی ئێمە باوەڕیان پێ دەکەین لە کەلتوورو باوەڕە باوەکانمان سەت دەرسەد راست ودروست بن، هاوکات بۆ هیچ کەسێک نەلوێت و نەبێت لەبارەیان پرسیارێک بێنێتە ئاراوە کە ببێتە هۆی ئاوڕدانەوەو بەدواداچوونێک بۆ رابردووی بەسەرچوومان، هەر ئەو لە قالبدان وخۆبەستنەوە بە هەندێک بنەماو شتی (موقەدەس) بە رێژەیەکی نەگۆڕ، دەبنە هۆی بەرەوپێش نەچوون ونەگۆڕانمان ،هەروەها دەبنە هۆی مانەوەمان لە هەمان بازنەی بەتاڵ و ئنجا گەڕانەوەشمان بەرەو دواوە.. 

لەوانەیە هەندێک دابونەریت یاخود هەندێک فەلسەفەی دوێنێ لەلای ئێمە پیرۆز بووبن ولە سەردەمی خۆی بوێریمان نەبوو بێت مشتومڕیان لەسەر بکەین وئەوە بە کوفرو نارەوا لە قەڵەم درابێت، بەڵام بێگومان ئەوە بۆ ئەمڕۆکەو سبەی شتێک نیە لە بن جلەودا دەستەمۆ بێت، ئەو رێسایانەی بەرلە ئێمەو ئێمەش نەمانتوانی خۆمان لە قەرەی بدەین، مەرج نیە منداڵەکانیشمان یاخود نەوەی نوێ بەهەمان شێوەو شێواز لەو قالب و عەقڵە بسوڕێنەوە، هەروەها دەبێت ئەم دیاردەیە بە شتێکی خۆشبەختی بزانرێت کاتێک منداڵەکانمان ئەو پرسانە دەڕوژێنن، چونکە ئەوە مانای ئەوەیە هزر وهۆشمەندیان لەگەلمان دایەو لە خزمەت کۆمەڵ بەکاری دەبەن، ئێمە دەبێت شانازی بەو منداڵانە بکەین کە پرسیاری گەورە دێننە ئاراوە، نەوەک کەتنی گەورەو کاری نایاسایی ونامرۆڤانە..

 یاسای گۆڕانی سروشت وژیان ومرۆ بە بەردەوام ململانێیەک دێنێتە کایەوە لە نێوان نەوەکاندا (نەوەی کۆن ونەوەی نوێ)، ئەو ململانێیە هەمیشە هەبووەو بەردەوامیش وەکو ناکۆکیەکی ناجێگیر دەمێنێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر نەوەکان وێنەی داهاتووی خۆیان لە ئاوێنەی ئێمەدا نەبیننەوە، هەروەها ئەوانەی هزری خۆیان و تەکنەلۆژیای هاوچەرخ لە پێناو گەیشتن بە واقیعێکی دیار وئایندەیەکی رۆشنتر بەکار دێنن.. مێژوو وزانستی سیاسی وبنەما کۆمەڵایەتیەکانیش پێمان دەلێن هیچ کەسێک ناتوانێت رێگە لە گۆڕان وگەشەی کۆمەڵ وهۆشمەندی کۆمەڵگا بگرێت، هیچ شتێک ناتوانێت تاسەر وەکو ئایدیاو فەلسەفەو بنەمایەکی بیروباوەری نەگۆڕ بمێنێتەوە، تا مرۆ لە داهێنان دابێت وکار لەگەل یاساو زانست وسروشت بکات ئەوە هەموو شتێک دەگۆڕێت، ئەگەر شتێک ئەمڕۆکە  بڤەو تاپو و یاساغ بوو بێت سبەی دەبێتە شتێکی ئاسایی ونەک دیاردەیەکی نائاسایی..

ئەوە ئێمەین (نەوەی دوێنێ) نامۆ بە خۆمان وبە مێژوو ورابردوو نەک نەوەی ئەمڕۆ کە نایانەوێت وەکو ئێمە خۆیان نامۆ ببن بە خۆیان وکۆمەگاکەیان، ئێمە بە خۆمان عەقل وهزرو هەستی خۆمان لە قالب داوە ودەرگای حەوشەی ماڵەکانمان بەسەر کەلتووری تازەو دیاردەی نوێ وداهێنانی چاک گاڵ داوە، تا دەنگمان نەڕوات بە ناخ وناوەوەمان بە هیچ نەگات، کێ دەلێت ئەوەی بە تۆ راستە تاسەر ئەو راستیەی دەمێنێت وهەموو ئەو کەسانەی لە دوای ئێمەش دێن باوەڕیان بەوە دەمێنێتەوە..

 بۆ نموونە بۆ لە خۆمان ناپرسین ئەو هەموو خێو وشەوەو جنۆکەو دێوەزمەو پیاوچاک وپیاوخراپانە بۆ کوێ چوون کە لە منداڵیماندا گەورەکان ئەوەندەی ئێمەیان پێ زارەترەک دەکرد، هاوکات ئەوانیش لەلایەن کەسانی دیکەی گەورەوە چاوترسێن کرابوون، ئێمە ئەگەر ئاسان بیت خۆمان بە بیرو باوەڕ وفەلسەفەیەکەوە لە قالب بدەین، گەلێک سەختە بتوانین نەوەکانیش لەناو ئەو قالبەی خۆماندا کتومت لە قالب بدەین، ئێمە ئەگەر رازین بە کۆیلەیی کێ دەلێت ئەوان حەز بە کۆیلەیی دەکەن..       

دوێنێ لە شاری (هەولێر) باوکێک لەسەر ئەوەی کوڕە (١٤) ساڵەکەی کە باوەڕی بە ئاینی ئیسلامەوە نیە رادەستی دەستی پۆلیس وئاسایش دەکات، ئەو بۆ خۆی ئەوە بە شتێکی زۆر رەواو حەڵال وکارێکی مرۆڤانە دەزانێت، هاوکات هەرزەکارێک کە هێشتا بەو شێوەیە رەش وسپی خۆی ناناسێت بیداتە دەست دەستێکی ناپاک وداوێن ناخاوێن، هەروەها بچێتە ناو شوێنێک کە (زیندان)ە، کە جۆرەها خوورەوشتی خراپی تێدا دەردەکەوێت، لەبڕی ئەوەی کەسێتی کوڕەکەی چاک بکرێتەوە تاهەتایە بەدەستی خۆێ هەموو کیان وبوون وداهاتووی وردوخاش دەکات، ئەو باوکە بەلای خۆی کارێکی باش وخێری کردووە، من لێرەدا دەپرسم ئەگەر هەمان ئەو کوڕەی بە پێچەوانەوە بچێتە ناو بزافێکی توندرەوی ئیسلامی، بەهەمان شێوە خەبەری لێ دەدا، یاخود دەستخۆشی لێدەکرد وبە پیاوێکی ئیمانداری لە قەڵەم دەدا، لەکاتێک ئەو دەشزانێت ئەو گرووپانە وەکو پیاوکوژێک ئامادەی دەکەن تا خۆی بە مرۆڤی بێتاوان بتەقێنێنەوە…

هەرگیز باوەڕ ناکەم هەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ کردبا کە ئێستا بەو شێوەیە بەجێی گەیاندووە، لە حالەتێک ئێستا کوڕەکەی ئەو نە هەڕەشەیەکە بۆ سەر دراوسێ ونە خەڵکی دیکەو نە کۆمەلگاش زەرەرمەند دەبێت بە بیروبۆچوونەکانی، بە پێچەوانەش لە حالەتەکەی تر هەر هەموومان زەرەرمەند دەبین…

سەرچاوە ئەو لینکەی خوارەوەیە :

http://www.penusakan.com/hewal/18919-2013-12-01-11-54-59.html

شوان عوسمان-هۆلەندە

٢/١٢/٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.