Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
خەونى بوون بەناو

خەونى بوون بەناو

Closed
by August 19, 2008 گشتی

 خەونى بوون بەناو
 ئیدریس عەلى

 رەنگە خەونى گەورەى هەر كەسێك لە هەربوارێكدا ئەوەبێت ، ببێتە ناو و لەپانتایى بەهرەكەى خۆیدا شوێنێكى باڵاو شیاو بۆ خۆى بگرێتو ببێتە مایەى سەرنجو تێڕامانى چواردەوەرەكەى،لەبنەرەتدا ئەم خەونە مافێكى سرووشتى هەركەسێكەو تائەندازەیەكیش كارێكى شەخسىو تایبەتەو ناكرێت رێگرى لەبەردەمدا درووست ببێت.
 بەلام كاتێك قسە دێتە سەر خەونى بوون بەناو لەلاى نووسەرانو كارەكتەركانى نێو دنیاى ئەدەب، دەبێت قسەیەكى جیاوازترمان هەبێت، چونكە هاوكێشەكە بەنسبەت خەونى بەناو بوون، لەلاى نووسەران بەبارێكى دیكەدایە، رەنگە قسەیەكى تازە نەبێت گەر بڵێین وەك هەریەك لەبوارەكانى دیكەى ژیانى كۆمەڵایەتىو سیاسىو كلتووریمان، دنیاى ئەدەبو رۆشنبیریشمان بەڕێگایەكى قەیراناویدا گوزەر دەكاتو كۆمەڵێك سەرلێشێواوى تێدا بەدى دەكەین، ئەگەر لەرەهەندێكەوە بوونى ئەم سەرلێشێواوییە بۆ ناجێگرى رەوتى گەشەى كولتوورىو رۆشنبیرىو تێكچوونى میزاجو لەبەین چوونى پێوەرو بنەماكان بگەڕێتەوە، ئەوا لەرەهەندێكى سادەوە، بۆ بوونى ئەو حاڵەتە دەگەڕێتەوە كە خەونى بوون بەناو لەناو دنیاى ئەدەبى ئێمەدا وەك دیاردەیەكى نەشاز درووست بووە.
 بێگومان كەم نین ئەوانەى لەناو كایەى نووسینو رۆشنبیرىو ئەدەبیماندا بوونەتە ناو و وەك خەزنەیەكى دەوڵەمەند چاو لێدەكرێنو بەهاى داهێنانى ئەدەبییان روو لەهەڵكشانە، ئەمانە لەراستیدا لەخۆوە سەریان دەرنەهێناوە، بەڵكو ئەوان بەپڕۆسەیەكى سرووشتیدا هاتوونو سەریان لەناو خوێندنەوەى كتێبە گەورەكانى دنیاوە دەرهێناوەو دەوڵمەندن بە مەعریفەو زانستو شارستانیەتو ئەدەبیاتى كۆنو نوێى دنیا، ئەمان هەڵپەى بوون بەناویان نەبووە، پەلەشیان نەكردووە لەهاتنە پێشەوەدا تاگەیشتوونەتە ئەو ئاستەى ببنە جبێگەى متمانەو لەڕێگەى نووسینو تێكستەكانیانەوە كۆنتاكێكى توندوتۆڵیان لەگەڵ خوێنەرى خۆیاندا درووستكردووە.
 بەڵام بەداخەوە بەهۆى تێكچوونى بنەماكانو لەبەین چوونى پێوەرەكانى نووسینو هەڵسەنگاندنەوە، كەسانێكى لەوان زیاتر شەڕى ناشەرعى لەسەر هاتنە پێشەوەو بوون بەناو دەكەن لەپانتایى دنیاى ئەدەبیدا، كەسانێك بەبىَ بوونى هیچ پاشخانێكى رۆشنبیرىو ئاستی مەعریفى، دەست بۆ بابەتى هەستیارو گەورە دەبەن، كاتێكیش مومارەسەى ئاست لاوازى مەعریفىو ناڕۆشنبیرى خۆیان لەنووسیندا دەكەنو دڵنیا دەبن لەوەى كەنابنە ناو و چحسابێك بۆ نووسینەكانیان ناكرێت، ئیدى هەڵەشانە دەكەونە بەرپاكردنى شەڕى ناشرین بەو نووسەرانەى كە تواناى داهێنانى جوانىو ئەدەبییان لەوان تێپەڕاندووە، لەوشەڕانەدا جوانى بەبێدەنگى لەناو نووسینو تێكستەكاندا قسەى خۆیدەكات، ئەوانەشى كەتواناى بەرهەمهێنانى جوانىو تێكستى نەمرو جاویدیان نییە، بەرگەى ئەو جۆرە شەڕانە ناگرن، بۆیە پەنا دەبەن بۆ ئەوەى شەڕەكە ببنە پانتاییەكى قێزەونەوە، ئەوان لەبیابانێكدا تەنها یەك گوڵى سووریش ببینن دەیكوژن، یاخود چرپەیەك لەسەر حەقیقەت ببیستن بێدەنگى دەكەن.
 خەونى بوون بەناو لەناو هەركایەیەكى دیكەدا، ئەگەر پەیوەندى بەكۆمەڵێك بەنەماو پێوەرو پەیوەندى تایبەتیەوە هەبێتو بونیادى ئەو خەونە كە بەناوبوونە لەسەر بوونى هێز یاخود سەرمایە یاخود هەرشتێكى دیكەوە هەبێت، ئەوا لەناو كایەى نووسینو ئەدەبو رۆشنبیریدا، هیچكام لەم پێوەرو بنەمایانە نابنە بونیادى سەرەكى، بەڵكو بوون بەناو لەنێو ئەم كایەدا، راستەو خۆ بەندە بەكۆمەڵێك پێوەرو بنەماوە جیاواز لەوانى دیكە، كەسێك لەفەزاى ئەدەبیدا خەونى بوون بەناوى هەبێت، پێویستە خاوەنى كۆمەڵێك چەمكى ئەخلاقى بێت لەشێوەى ئیلتزامكردن بەنووسینو رێزگرتن لەراى دیكەو نووسنو بەرهەمى ئەدەبى جیاواز، ئەم چەمكەش هەروا لەخۆوە درووست نابێت، ئەگەر ئەوكەسە بەفیعلى پرۆسەى نووسین وەك خەونێكى گەورە بەرپرسیارێتییەكى ئەخلاقىو ویژدانى چاو لێنەكات، بەتایبەتى لەمسەردەمى كرانەوە بەرووى كۆمەڵێك تێزو فكرى نوێو بەركەوتنى شارستانیەتو تێكەڵبوونى كلتوورو جیهانگیرییەدا، كۆمەڵێك پێناسەو چەمك گۆڕانیان بەسەردا هاتووەو رەنگە لەم نێوەشدا، تاكە شتێك تێیدا تەنگى پێهەڵچنرابێت، بوونى ئەو عەڵە دۆگمایەیە كەتەنها جوانى لەیەك لاوە دەبینىَو حەقیقەت تەنها لەرۆحى خۆیدا هەست پێدەكاتو وەك تاكە پاڵەوان خۆى دەناسێنێت.
 حیكمەتى ئەم هەژموونە نوێیەى دنیاى تەنیوەوتەوەو مرۆڤى لەوسەرو لەمسەرى دنیادا خستۆتە پاڵ یەك لەوەدایە، كەئیدى لەو دیو دەمامكەكانیشەوە دەمووچاوەكان بەروونى دەبینرێن، ئەو رووخسارانەش كە رۆژگارێك هونەرمەندانە رۆڵى كارەكتەرێكى پیرۆزو فریشتەییان دەبینى، بەتەواوى ئاشكرا دەبن.
 ئەڵبەت ئەم حاڵەتە وابەستەش نییە بەسەردەمو قۆناغێكى دیاریكراوەوە، یاخود تەنها لەسایەى یەك هەلومەرجدا درووستنەبوونو كاریگەرى بیركردنەوەى گشتى یەك جۆر كۆمەڵگاو دەسەڵاتیان لەسەر نییە، بەڵكو ئەمانە لەهەر كاتو شوێنێكدا بن گەمەى ناشرینى خۆیان دەكەنو لەگەڵ خۆشیاندا كۆمەڵێك كارەكتەرى جوان پەلكێش دەكەنە ناو پانتایی شەڕەكەیانەوە، بەلام وەك پێشتر وتم جیاوازییەكەى ئەوەیە لەم قۆناغەدا دەمامكەكان ناتوانن حەقیقەتى روخسارەكان بشارنەوە، تەمسیلە هونەریەكان نابنە رێگر لەبردەم بینینى حەقیقەتى ناخەكاندا وەك خۆیان، گێڕانەوەى چیرۆكەكەكان بەفەنتازیترین شێوەو لەڕێگەى كارامەترین بێژەرەوە، ناتوانێت خەیاڵو بیركردنەوەو تێگەیشتنى بەرامبەرەكەى بخاتە ژێر كۆنترۆڵى خۆیەوە.. چونكە ئیدى ئێمە لەسەردەمێكداین پێناسەیەك هەڵناگرێتو لەیەك رەهەندەوە حەقیقەتەكانى راڤەناكرێت .
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.