Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
خەونی هێلکەشەیتانۆکەیەک لە وڵاتێکی غوربەتیدا….

خەونی هێلکەشەیتانۆکەیەک لە وڵاتێکی غوربەتیدا….

Closed
by October 9, 2012 ئەدەب

 

 

 

” وەکو کرمێکی بێگوناه خۆم ناسی، بەڵام وەکو شەیتانۆکەیەکی گوناهبار دونیا منی ناسی… ” 

 

من بێبەریم لە شەیتان وهێلکەشەیتانۆکە..

ئەڕۆم وبەرێوەم تا ببمەوە کرمێکی سادەو بەرائەتی جارانیشم بگەڕێتەوە، بێبەریم لەو ناوە بەڵایە…

چیتر نامەوێ ببم بە شەیتانێک ،

شەیتانێک پڕاوپڕ بێت لە خۆم…

ئەمەوێ بڕۆم…

تاهێزم لە پێم دایە ئەڕۆم…

بار ئەکەم لێرە لە بۆنی خۆم ،

لە بەدبەختی ئەو ناوە ،

لە بۆنی ئاوی ئەو گۆمانە سەر هەڵئەگرم ،

تا بگەمە بۆنێکی دیکەو

دونیایەکی بەبەختی تری خۆم..

ئەمەوێ خۆم لە هەموویان بدزمەوە، خۆم لە خۆم بدزمەوە تا بگەڕێمەوە ئەسلێک کە زەمانێکە بزرە لە خۆم…..لەوەتەی من لەناو هێلکە شەیتانۆکەکەم دام سەرم خەریکی سەرماخولانێیەکە بۆ ژیان خەونی سەفەرێک داگیری کردووم، من ئەمەوێ بێمە دەرێ وخۆم بگۆڕم ، بە دوای خۆم ئەگەڕێم چەند شەکەتم لە گەڕاندا، لە گەڕانمدا بە دوای خۆم تا خۆم ببینمەوە…

هەرچەند تەماشای ئاوێنەیەک ئەکەم ،

خۆم نابینمەوە…

تا لەو قاوغە دابم هەموو شتێک بزرە…

بەری وێنەکان ئەگیرێت ،

دیوارەکان ناهێلن خەون بەو دیوی دونیاوە ببینم…

ئەبێ تاهەم لە خۆم دابم ،

من لە قاوغەکەم لە خۆم نابم ،

ئەگەر بە خەونیش بێت ،

من ئەبێت لە خۆم ببم لە خۆم دابڕێم…

خەون منی گەیاندە دابڕان ،

دابڕانیش منی لەناو برد ، 

هەر لەوەتەی من بووم بە دوو لەت لەتێکم لە لەتەکەی تر دابڕا ،

لەتەکەی تریشم لەسەرخۆ سەری بڕا…

لە ناخێری بوون زیاتر خێرێک چیە نەهاتۆتە سەر رێگام ،

لە سەرچڵێک ئەچم ،

دەست بۆ هەر چلێک ئەبەم ،

چل لە بن پێم قرچەی دێت ،

خۆم لە دامێنی خوارەوە ئەبینمەوە..

 هەموو بۆنێکی خۆشی منداڵیم لەدەستچوو ،بۆنی قاوغ وقەوزەو هێلکەو ماسی وگوڵ وماڵی ئاوم یەکەیەکە لە من دابڕان..

چەند بۆنی غەریبی ئەکەم ،

چەند بۆنی ئاوی منداڵێکی بۆنئاو ئەکەم..

لەو مەنزلگە غەریبە بۆن غەریبەدا..

چەند حەز لە بۆنی لم وچەوی رۆخ چۆمێکی کشی وڵاتەکەم ئەکەم…من لە کاتێکدا لە سەر رۆخی چۆمی خوێنی خۆم دام گوێم بە خوڕەی خوێنی خۆم کاسە ، چەند حەز ئەکەم جارێکی تر ، بۆنی سەرەمێکوتەو وردەماسی و گووبۆقی بن بەرد وسەر بەردەکان بکەم ، ئەگەر ئەوجارە دێمەوە تا گێژ نەبم لەو بۆنانە هەرگیز دەستهەڵناگرم، قەت ناڵێم بێزارم..

چەند حەز ئەکەم جارێکی تر بە سەر تاتەبەردو بەردەلوسەکان بخزێم وبە ناو هەڵمی زەرداوی گۆمێکی بەرخۆرەتاوی راوەستاو مەلە بکەم و شۆرببمەوە تا سەرم گێژ ئەخوات…

کاتێک رەنگم لەگەل رەنگیان بلق ئەکات وبەیەکەوە هەڵم ئەکەن ، تێکەڵاوی یەکتر ئەبن وئەبین بە پەلکەزێڕینەیەک بە سەر ئاسمانی ئەو چۆمانەدا دێین وئەچین تا ئەڕژێین تا رەنگ ئەبارێنین، رەنگ شەپۆل ئەدات..من ئێستا زۆر دوورم لەو چۆم و وڵات ورەنگ وشەپۆلە ئاویانەی کە جێنزرگەو جێنشینی بیرەوەری ومێژووی ژیانی خانەوادەم بوون..

لە وڵاتێکی وشک وبرینگدا ،لەگەل پاشایەکی دۆزەخ و شەیتانێکی مێشک وشکی دووپێی وشکانیدا ،مەرگم هەمیشە لە سەرپێ وژیانم لە مستی ئەو دایە..چاوەڕێی حەزرەتی لوتفی ئەوم کەی وشکم ئەکاتەوە، کەی وشک ئەبمەوە، کەی قرچەم دێت کەنگی بە قوربانی خشپەیەکی پێیەکانی ئەو ئەبم..

من وئەو بە رێگایەکدا ئەڕۆین ،هەمیشە لە رێگایەکی نابەلەد دا یەکتر ئەگرینەوە ،بە بێ ئەوەی  هیچ شتێکمان لە یەکتر بچێت، بە بێ ئەوەی رێگامان لە یەکتر نزیک بێت.. من و ئەو لە دووریانێکدا رووبەرووی چارەنوسێکی ناچاوەڕوەنکراوی خۆم ئەبینمەوە..من هەمیشە ژیانم لە بن پێی کبریائی ئەو دایە.. ئەو نە باکی بە منە و نە بیریش لە من ئەکاتەوە، کاتێک زڕەپێیەکی پان و زلەپێڵاوێکی کەتە هێڕش دێنێت کەس نازانێت، ئەو خەریکە چ دونیایەک پان ئەکاتەوە، ژیانی چ شارەمێروولەیەک، شانشینی قالۆچەیەک ، دەوڵەتی کرمێک لەناو ئەبات..تەنانەت هەر بۆ گاڵتە و فشەش ئێمە پان ئەکاتەوەو تەخت ئەکات..

بۆنی ئاوی خنکانی خۆم لێ دێت ،

بۆنی چک بوون و 

وشک بوونەوەم گرتووە…

بۆنی خوێنی خۆم ئەکەم ،

بەرلەوەی شەیتانێک بێت و

پێ لەسەر سەری من دابنێت..

من چەند خەونم بە فریشتەو بەهەشت ئەدیت ،

لە فەزایەک بم ترسی لێ نەبێت ،

ترسێک کە هەمیشە هەڕەشە لە ژیانم ئەکات…

ئەویش دێت وچەند ترسناکانە ،

هەروەکو شەیتان هەڕەشە لە ژیانم ئەکات..

هەموو شتێک لە بن پێی خۆی دائەپلۆسێنێت و

بە پێیە پانەکانی پانم ئەکاتەوە…

من چەند حەز ئەکەم رابردووم بگەرێنمەوە ئێستام لە بیر خۆم ببەمەوە ، من بەختەوەر ئەبم ناوی هێلکەشەیتانۆکەم بۆ بگەرێتەوە ، تەنیا بگەڕێمەوە بۆ کەونە مەفتەنی بابپیرانم…ئەگەر ئەوجارە دەستم لە ماڵی شەیتانۆکەم گیر ئەبێت و بە سەلامەتی ئەگەڕێمەوە، هەرگیز خەون بە وڵاتێک نابینم  کە تێیدا شەیتانێکی گەورە باڵادەست بێت… 

 

بۆنی خوێنی خۆم ئەکەم ،

کاتێک لە بن پێی منداڵێکی شەیتاندا ،

ئەپلیشێمەوە..

منداڵەکان گەلێک شەیتان بوون ،

هەروەکو ئەوەی لە کونەکەپووی پیاوێکی شەیتاندا ،

هەناسە بدەن وابوون…

هەرچەند ناویان شەیتان نەبوو ،

بەڵام لە شەیتان زۆر زیاتر شەیتان بوون…

منداڵەکان هەر بۆ گەمە ،

بەفشەو بەزمێکی گالتەجاڕیەوە ،

پێم لێ ئەنێن وبەسەرم ئەکەون ،

تا سەرم پان نەکەنەوە ،

دەستم لێ هەڵناگرن..

ئەوان بەو سەرەزل وپڕ لە مێشکەیانەوە نازانم بۆ ئەوەندە حەزیان لە سەر پان کردنەوەیە…

چەند بە بینینی خوێن شاگەشگەن ،

عاشقی رەنگی خوێنن بۆیە هەمیشە لە شەڕدان ،

لە شەڕ ئەکوژرێن..

چەند دڵخۆشن کاتێک من خوێنم لێ دێت ،

هەستم نامێنێت ،

من دەنگم لە بن پێیان دەرناچێ و

بە فلیقانەوەیەک کۆتاییم دێت…

من چەند شەیتانۆکەیەکی بەلەنگاز بووم ،

بە دەستی خۆم، رۆحی خۆم تووشی پلیشانەوەیەک کرد..

لە پێناوخەونێک هەموو شتم لە دەستچوو..

لە قاوغی خۆم هەڵگەڕامەوە ،

ئەلێن ئەوەی لە کونی خۆی هەڵگەڕێتەوە گەڕ ئەبێت ،

من پێستم گەڕ نەبوو ،

بەڵام هەمیشە پێستم وەکو کەولی دەباخەنەیەک ،

لە دەستی ئینسانێکی گەڕدا هەمیشە لەگەل مەرگدا ،

سەرەمەرگم ئەکات…

من چەند لە خۆبایی بووم ،

کاتێک لە قەراغی ئاوێکی وڵاتدا ،

لەگەل ئاو ئەنوستم ،

لەگەل ئاو جووت ئەبووم…

لەگەل ئاو سەمام ئەکرد ،بە ماچ ئاومان لە دەمی یەکتر ئەکرد ، یەکترمان تام ئەکرد…بە ژیانی ناو هێلکەیەکی سادە رازی نەبووم…

بە کەلی شەیتان داگەڕام ،تا سەری خۆم لە سەر دانا..من چەند حەزم لە گەڕان بوو ،گەڕان چەند حەزی لە من بوو، من و گەڕان لەیەکتر تێر نەئەبووین…

وەکو موسافیریکی هەمیشە گەریدە ،

گەریدەیەکی رێگا گۆڕین بووم ،

 گەریدەی گەڕان بووم…

رێگاش حەزی لە گۆڕین وگەڕانی من بوو…چەند حەزم لە تامی جادەکان بوو ،بەڵام هەرگیز بیرم لە دووڕیانی مەرگێک نەئەکردەوە کە کۆتایی بە گەڕان دێنێت..گۆڕانێک لە تەک ئینسانێک لەشەیتانۆکە شەیتانتر ،چەند ترسناکە، چەند موجازەفە بوو بە خۆم بە رابردووی خۆم موجازەفەم کرد..

من لە وڵاتی بێ ترسی خۆم هیچ ترسێکم نەبوو ،

چەند خاوەنی خۆم بووم..

من لە وڵاتی ناو هێلکەدا ،

وەکو هێلکە ژیانم سادەو 

سپی سپی بووم..

بۆنی گۆڕانم بۆ هات گۆڕانم بەرەو پیر هات ،

بەڵام چ گۆڕانێک بوو سەری خواردم….

بۆنی گۆڕانی خۆم ئەکەم ،

کاتێک لە پەلوپۆ ئەکەوم…

کاتێک بۆنی هەناوو خوێنم تێکەل بەیەکتر ئەبن…

ئەو ناوە پڕ ئەبێت لە بۆنی من ،

بۆنی مردنی من…

کەلاکی بۆگەنی من ،

ئەو ناوە بۆگەن ئەکات…

من چەند بەلەنگاز بووم ،

کاتێک وەکو شەیتانۆکەیەکی بەلەنگاز ،

بۆنی سەفەرم ئەکرد ،

حەزی بۆنێکی تازەم ئەکرد ،

بۆنی جادەکانم بۆ ئەهات…

دەستم لەگەل جادە قیرتاوەکان تێکەڵاو کرد ،

بیرم لە دڵرەشێک نەئەکردەوە ،

کە ژیان و دڵم رەش ئەکات..

هەرگیز بیرم لە شەوێکی رەش نەکردەوە…

جگە لە سەفەر بیرم لە هیچ شتێك نەکردەوە…

بیرم لە پلیشانەوەیەک و

هەنجن بوونی پارچەکانی خۆم نەئەکردەوە…

چەند بەلەنگاز بووم کاتێک وەکو شەیتانۆکەیەک ،

نەمردم ،

وەکو کرمێکی بەلەنگاز ،

شەیتانێک لەناوی بردم…

 

 

شوان عوسمان-هۆلەندە

دێلفت ٨/٦/٢٠١٢

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.