Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
خەونە سۆزانیەکانی من و چەند پیتێکی بریندار

خەونە سۆزانیەکانی من و چەند پیتێکی بریندار

Closed
by August 3, 2012 ئەدەب

 

 

وەرە ئەی یار 

با پەیمانێکی تر ببەستین 

کە جودا بێت لە پەیمانەکانی ترمان

 

وەرە ئەی یار 

من هەموو جەستەی خۆمت پێدەبەخشم

تەنانەت

گلێنەی چاوەکانیشم

من هەرچیم هەیە پێتدەبەخشم

تەنانەت 

سۆزانیترین خەونەکانیشم

 

وەرە ئەی یار 

هەرچیم هەیە بۆخۆت بەرە

شیعر و 

کتێبە چاو بە فرمێسکەکانیشم

چاویلکەکەم 

قەڵەمەکەم

مۆمەکانی نێو ژوورەکەم

گوڵدانی گوڵەکانم 

بوخچەی خەیاڵە نەوڕەسیەکانیشم

تەنانەت دەفتەری یادەوەریەکانیشم

 

منیش تەنها 

چەند پیتێکم لەتۆ دەوێ 

چەند پیتێکی

لانەواز و چاوبەخومار و بریندار

ئەو پیتانەی 

نەک بە تەنیا 

بەیەکەوەش 

نە ناوێک و نە ڕەنگێک و وێنەیەکیان

لە هیچ ئەلبوومێک و 

لە هیچ کیشوەرێک و 

لە هیچ دونیایەکدا نیە ..!

 

پیتەکان ( ن ن ا ت ش ی م ی ) 

 

ئەی یار 

نونێکم لە نەوڕەسەکان بۆ وەربگرە

نونێکی تر لە نوور

ئایەک لە باران و 

تێیەک لە ترێیە چاوڕەشەکان و 

شینێک لە شەوە پڕ تریفەکان

یایەک لە یاقووت و

میمێک لە مرواریەکانی دەریا و 

یایێکی تر لە خۆت ئەی یار 

 

منیش بەم پیتانە 

( نیشتیمان ) ێک دەنەخشێنم

کە پڕاوپڕ بێت 

لە نەوڕەسی باڵڕەنگین و 

لە نووری سپیدە

لە بارانی بەهاری و 

لە ترێی چاوڕەشی قەترانی

لە شەوی پڕ تریفە و 

لە یاقووتی بریسکەیی

لە مرواری دەریا و 

لە یاری باڵازڕاڤ و هەوەسباز و مەمک قنج

 

نیشتیمانێک

پڕبێت لە سوارچاکی

نێو پێدەشتە نەخشینەکانی عەشق

 

پڕبێت لە شنەبای ئێواران و 

لە نەغمەی گوڵەگەنم و 

 لە باڵندەی سەرمەست و 

لە کوڵیکە سوورەکانی موحیبەت

 

نیشتیمانێک 

وەرزەکانی بە ڕەنگی ترەوە دەرکەون

سەمفۆنیایەکی تر 

لە ماڵەکان و لە جێژوانەکان ببیسترێ

پەپوولەکان 

بە ستایلێکی تر سەما بکەن

ژیانیش 

بە جۆرێکی تر خۆی ڕووت بکاتەوە 

 

نیشتیمانێک 

دۆزەخێکی ئارام و 

پەرستگەیەکی ڕووناک و 

بەهەشتێک بێت بۆ هەموومان

بەهەشتێکی

بێ سەردار و بێ سوڵتان و بێ خودا ..!

 

     کۆتایی مایسی ٢٠١٢

  ناڵە حەسەن 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.