Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
خەیاڵ و گومان لە وشەكانی( باران)دا

خەیاڵ و گومان لە وشەكانی( باران)دا

Closed
by April 24, 2009 ئەدەب

خەیاڵ و گومان لە وشەكانی( باران)دا
رێبوار رەزا چوچانی

2-4
 
لەگەڵ ئەوەی ئێمە كۆكین لەسەر ئەوەی كە نابێت مرۆڤ بە سادەیی لە ژیان و پێكهێنەرەكانی بڕوانێت، چونكە ئەگەر مرۆڤێك بە سادەیی لە بارەی ژیانەوە تێبفكرێت، مرۆڤێكی بیركەرەوە نیە، مرۆڤێك بیربكاتەوە گومانی بۆ دروست دەبێت، كاتێك گومانیشی بۆ دروست بوو، ناتوانێت بە سادەیی لە ژیان و سروشت و خودا بڕوانێت، ئەگەر مرۆڤێك ئاشنای بیركردنەوە نەبوو، ئەوە لە ئەزەلەوە رۆحی ئەو مرۆڤە، دیلی كۆیلایەتییە و لەو ناو خەمی كۆیلایەتیشدا، توانای زاركردنەوە و بەكارهێنانی عەقڵی نیە لە بەرانبەر دیاردەكاندا، بۆیە هەموو هەوڵێكی مرۆڤە كۆیلەكان لە راڤەكارییەكی سەقەتی ژیان تێپەڕ ناكات، ئەمەش بیمارییەكی ترە كە زۆربەی جڤاتە كەلاوە ئاساییەكان پێوەی دەناڵێنن، بەڵام لە هەمانكاتدا دەبێت ئەوەش بزانین مرۆڤ لەگەڵ بەرانبەرە نزیكەكەی واتە (خۆشەویستەكەی، هاوسەرەكەی، باوكی، دایكی، خوشكەكەی، براكەی، هاوڕێكەی، ئەمانەش كەسە نزیكەكانی مرۆڤن)، دەبێت پەیوەندییەكی سادە و راشكاوانەی هەبێت، بە خوێندنەوەیەكی قوڵەوە لە ئاست ئەو پەیوەندییانە، واتە لە دروستكردنی كۆی ئەو پەیوەندیانەی كە مرۆڤ لە رۆحەوە بە كەسێكی دیكەوە دەبەستێتەوە، بونی سۆزێكی گاریگەر ڕۆڵی هەیە، كە ئیتر هەرچی بەربەست هەیە، لە ناوی دەبات و ئیتر مانا و پەیامە ئینسانییەكان و ئیحساسە بەردەوام و قوڵەكانی مرۆڤ سەرهەڵدەدەن، كاتێك ئەمە نەبوو، ئەوە لە ئەزەلەوە ئەو مرۆڤە نەیتوانیووە پەیوەندییەكی رۆحی دروست بكات لەگەڵ هەركام لەو كاراكتەرانەی ژیانی، ئەمەش حاڵەتێكی مەترسی ئامێزە و وا دەكات، مرۆڤ لە ناو دۆخێكی بێئیحساسیدا، ئیدامە بە ژیانی خۆی بدات، كە دور نیە هەرچی مەترسی و خەیاڵی كوشتن و لە ناوبردنە، لە ناو ناخیا دروست ببێت.
( باران ) لێرەدا هێما بۆ ئەو حاڵەتە دەكات، چونكە ( باران ) دەیەوێت لە رێگەی چیرۆكی(تۆ لە كوێیت؟)ـەوە بڵێت، پەیوەندی لەگەڵ ئەم كاراكتەرە نزیكانەی ژیانمان، پەیوەندییەكە لە ناو ژیانێكی راشكاوانەدا، ( باران ) دەڵێت "تكایە گەر هاتیت قسەی قەڵەوم بۆ مەكە، هەمووییم لەبەرە. ئەزانم، منیش ئەتوانم بە قسە بتگەیەنمە ئەوپەڕی. بەڵام باوەڕ بكە دواجار ئەو قسانە هەر بۆ كتێب جوانە و بۆ دیمەنی فیلمێكی سینەمایی! لێ ئێمە لێرەدا نە ئەكتەری هۆلیودین و نە ‌كتێبنووس، ئێمە ڕاشكاوانە ئەژین!"، یان رەنگە ئەم پەرەگرافە، دەربڕی هەڵوەدای رۆحێكی تینوو بێت، بۆ گۆڕینی زەمەنێكی خەیاڵاوی كە لە ناو ناخیدا دروست دەبێت، بۆ زەمەنێك لە واقیعییەت، چونكە زۆرجار مرۆڤ لە ناو فەنتازیاشدا، هەوڵی بە وەقیعكردنی ئەو دۆخە دەدات، كە ئەمەش رۆچوونی مرۆڤێكە لە ناو خەمەكانی تاراوگەدا، چونكە تاراوگە دەبێتە بەشێك لە ئازار و حەسەرەتە بەردەوامەكان و چاوەڕوانییە پڕوكێنەرەكانی مرۆڤ، مرۆڤ لە تاراوگەدا، هەمیشە خەمێكی بەشیددەت و ئازارێكی نەبڕاوە و چاوەڕوانی خەریكی خواردنی رۆحییەتی، بۆیە تاراوگە كاتێك دەبێتە بەشێك لە ژیانی مرۆڤ، ئیتر چاوەڕوانییە پڕوكێنەرەكانیش هەمیشە خەریكی وێناكردنەوەی خۆیان دەبن لە ناو رۆحیدا، یان رەنگە ئەم پەرەگرافە دەرخەری بیركرنەوەی مرۆڤێك بێت، بۆ گۆڕینی خەیاڵ بۆ واقیع، چونكە مرۆڤ زۆرجار هەوڵی بە واقیع كردنی شتە جوانەكانی خەیاڵی خۆی دەدات، ئەم حاڵەتەش هێمایە بۆ دروستبوونی هەوڵە بەردەوامەكانی مرۆڤ، بۆ داهێنان، چونكە داهێنان زۆرجاران لە خەیاڵەوە ئاراستە دەگرێت بۆ واقیع.
گرامشی لە كتێبی ( یاداشتەكانی زیندان)دا، كە یاداشتەكانی 9 ساڵی ژیانییەتی لە ناو زیندانەكانی مۆسۆلینیدا، دەڵێت" دەتوانین بڵێین هەموو خەڵك رۆشنبیرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموویان رۆڵی رۆشنبیر ناگێڕن لە ناو جڤاتدا". لێرەوە دەگەڕێینەوە سەر ئەو رەهەدانەی كە مرۆڤ لە رێگەوە مانیفێستی بیری خۆی دەكات، چونكە مرۆڤ كاتێك لە رەهەندێكی دیاریكراوەوە لە ژیان دەڕوانێت، ئەوكات هەندێك بیركردنەوەی كۆنكرێتی بۆی دروست دەبێت كە ئەستەمە تێیانپەڕێنێت، وەك نموونەی مرۆڤە ئاینییەكان و مرۆڤە ئایدیۆلۆژیا پەرستەكان، ئەمەش دەروازە دەكاتەوە بەرەو چەقبەستووی، یان ونكردنی وەزیفەی رۆشنبیری.
وەك چۆن لە لای هەندێك لە بەناو رۆشنبیرەكانی كورد، وەزیفەی رۆشنبیری  دیار نییە و دوای نووسینی بابەتێك یان چەند بابەتێك لە رۆژنامەیەكدا، ئیتر هەرچی مرۆڤ هەیە بە جاهیلی دەزانن، لە كاتێكدا خۆیان دیلی جەهل و گەمژەیین.
وەك چۆن ئێمە دەبینین، كە بە ناو رۆشنبیرانی كورد، غروری رۆحی خواردوون و خەریكە بەها ئینسانییەكانیان لێدەسێنێتەوە.
وەك چۆن ئێستا لوتبەرزی ئەو تایپە، وای لێكردوون كە هەمیشە دوبارەكەرەوەی وێناكانی رابردوو بن.
وەك چۆن لە رابردوودا ئاغا و شێخ و مەلا و سەرۆك عەشرەت و كوێخاكان، هەمیشە بە بەرگی پیرۆزییەوە لە خۆیان دەڕوانی و دەیانویست خەڵكیش بەو چاوە لێیان بڕوانێت و هەر بە پیرۆزی سەیریان بكرێت، تا ئەمەش ببێتە هۆكارێك بۆ جیاكردنەوەی ئەو تایپە لە مرۆڤەكانی تر، بەڵام ئێستا پێچەوانە بۆتەوە، جاران رۆشنبیر هەمیشە لە شەڕێكی بەردەوامدا بوو، بۆ تێكشكاندنی ئەو پیرۆزییانە و بێبەها كردنی ئەو خواوەندە رەمزیانەی كە دەیانویست تەحەكوم بە ژیان و ئازادییە زاتییەكانی مرۆڤەوە بكەن، بەڵام ئێستا رۆشنبیران جەمسەرەكانی پیرۆزین، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كە بواری رۆشنبیری لە وڵاتی ئێمەدا بەهای نەمێنێت و ئەو تایپە لە رۆشنبیرانیش بەرپرسیارن لە ئاست ئەو هەموو بێبایەخ كردنەی ئەمڕۆ، كە رۆشنبیری كوردیی داغان كردووە و بە دەستییەوە دەناڵێنێت، وایكردووە بەشێوەیەك بێكاریگەری بووە، نەك ناتوانێت رۆڵی هەبێت لە رۆشنكردنەوەی ئاراستەكانی ژیانكردندا، بەڵكو ناشتوانێت تەنیا مانیفێستی خۆشی بكات، بۆیە بەرلە هەر شتێك دەبێت هەڵوەستە لەسەر رۆڵی رۆشنبیر بكەین، وەك كاراكتەرێكی رۆڵگێڕ لە پرۆسە بەردەوامەكانی ژیان و كاریگەری ئەو كاراكتەرە، لە ئاراستە بەردەوامەكانی هوشیار كردنەوە لە دۆخە ناجۆرەكاندا، چونكە رۆشنبیر بەرپرسیارێتییەكی گەورەی لە ئەستۆیە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا رۆشنبیرانی كورد، دەتوانن ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرن، ئایە رۆشنبیرانی كورد توانیویانە پەیامەكانیان تەنیا بە خاتری مرۆڤ بێت لە ناو ئەو فەزاحەتانەی كە رۆژانە رووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە لەم جڤاتە كەلاوە ئاسادا؟
بێندا، كاتێك وەسفی رۆشنبیر دەكات، ئەو توێژە بە گروپێكی بچوكی شا – فەیلەسوفان ناو دەبات، بێندا دەڵێت" رۆشنبیرانی راستەقینە كەسانێكن مەرج نیە چالاكییەكانیان لە پێناو گەشتن بە ئامانجە كردارییەكان بێت، كەسانیێكن كاتێك شاد دەبن كە سەرقاڵی هونەر و زانست یان مشتومڕی فەلسەفی بووبن، یان وا باشترە بڵێین، ئەوان بە دوای هیچ بەرژەوەندییەكی ماددییەوە نین، بۆیە وا پێدەچێت كە بیانەوێت بڵێن، هەرێمی من لەم جیهانە خاكییەدا نیە".
ئەگەر ئێمە لەم باوەڕی بێنداوە لە رۆڵ و پێگەی رۆشنبرانی كورد بڕوانین، دەگەینە حاڵەتێكی لێوڕێژ لە رەشبینی، چونكە ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی سەیری رۆڵی رۆشنبیران بكەین، دەبینین هێشتا رۆشنبیری كورد (جگە لە رەهەندییەكان)، نەیتوانییوە كاراكتەرێكی كاریگەر بێت، دواتر هەندێك لە رۆشنبیرانی كورد كاراكتەرێكن خاوەنی چەندین روو، لە لایەك شەڕی مانەوەی بەهای ستەمكاران دەكەن، لە لایەكیش دەیانەوێت هەیمەنەی ستەمكاران بخەنە خزمەتی خۆیان، لە لایەكی تریشەوە دەیانەوێت لە پێشچاوی خەڵكە عەوامەكەدا وانیشانی بدەن دژ كە بە ستەمكارانن، بەڵام لە بنەوە كارییان زیاتر پیرۆز كردنی ستەمكارە دەمامكدارەكانە، یان كام رۆشنبیر هەیە لە یەكێك لە سەردەمەكان، لە ناو ناشیرینترین دۆخ كە بەسەر مرۆڤدا هاتبێت، خۆی بێدەنگ نەكردبێت، ئایە ئەمە رۆشنبیرە، یان بونەوەرێكە وەك ئەكتەرێكی فزوڵی بێهونەر دەیەوێت حەماقەتی خۆی بە دیار بخات؟

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.