داستانه کۆنه‌که: فتوا و باره‌گا سووتاندن!
فتوا و دیموکراسی وه‌کوو ئاگر و پووش وان. دوو شتی پێکه‌وه نه‌گونجاون و بگره ته‌واو له‌گه‌ڵ یه‌کدی ناکۆکن.ناکرێ له‌ووڵاتێکدا باس له بوونی دیموکراسی و ئازادی بکرێت و له‌ولاشه‌وه ڕێگه به فتوادان بدرێت. ئه‌وه خۆی نیشانده‌ری سنوورداربوونی بێوێنه‌ی دیموکراتیه له‌و ووڵاته‌دا .
هه‌رێمی کوردستانی عێراق ئه‌و ووڵاته‌یه که ئه‌و ناکۆکیه چه‌ندین ساڵه سێبه‌ری هاویشتۆته سه‌ر ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووریی. بوونی فتوا و ڕێگه‌دان به مه‌لا یا دام و ده‌زگا ئاینیه‌کان ، یا باشتر بڵێم ئیسلامیه‌کان ، به فتوادان نیشانه‌ی پرسیارێکی گه‌وره ئه‌خاته سه‌ر سیستمی سیاسیی ئێستای کوردستان و له‌وه‌ش زیاتر به‌رجه‌سته‌که‌ره‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جدیه بۆ سه‌ر ده‌سکه‌وته‌کانی خه‌ڵک به‌تایبه‌تی له‌بواری ئازادی ڕاده‌ربڕین و سه‌رجه‌م ئازادیه کانی تاکه‌که‌سدا. ئه‌وه‌ی له‌ڕۆژی ڕووناکیش ئاشکراتربێت ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵاتداره‌تی هه‌رێم باش ئه‌زانن خێر وبه‌ره‌که‌تی ئه‌م دیارده‌یه چیه بۆیه وه‌کوو شمشێرێک به‌سه‌رسه‌ری خه‌ڵکه‌وه هێشتویانه‌ته‌وه به مه‌رجه‌ی دوو سه‌ره بۆ گیانی خۆشیان نه‌خرێته گه‌ڕ.
له‌پاڵ ئه‌و دیارده ترسناکه‌دا ، له 2005 به‌دواوه ، پارتی دیموکراتی کوردستان و ده‌زگا ئه‌منیه‌کانی ئه‌و حیزبه شێوازێکی نوێیان له‌بواری ته‌سفیه‌ی حسابی سیاسی‌دا له‌گه‌ڵ نه‌یارانی خۆیان داهێناوه که ئه‌ویش سووتاندنی باره‌گای حیزبی سیاسی نه‌یاری خۆیانه. سه‌ره‌تا له 2005دا له‌گه‌ڵ یه‌کگرتووی ئیسلامی و پاشان له‌گه‌ڵ گۆڕان و له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابووردووشدا دووباره په‌نایان برده‌وه سه‌ر هه‌مان شێواز له دژی یه‌کگرتوو.
پێئه‌چێ میدیای کوردی و کایه‌ی ڕۆشنبیری کوردی گرفتی ناونانی دیارده‌کانی هه‌بێت.ئه‌وه په‌تایه‌که من خۆم لام وایه هه‌م ساده‌یی تێڕوانین وهه‌م مه‌رامی تایبه‌تیی له‌پشته. ڕووداوه‌کان خۆیان ئاوابوون: مه‌لایه‌ک له‌نوێژی هه‌ینی ڕابووردوودا ده‌ست ئه‌کا به‌هێرش بۆسه‌ر دیارده‌ی سه‌نته‌ره‌کانی مه‌ساج و مه‌یفرۆشی و ئوتێله‌کان و پاشان جه‌ماوه‌رێکی زۆری ئیسلامی که مه‌لای ناوبراو شه‌حنی کردوون ده‌که‌ونه په‌لاماری ئه‌و شوێنانه . تا ئێستا به‌ته‌واوی ڕوون نیه که : ئایا پارتی له‌پشتی ئه‌م به‌شه‌ی سیناریۆکه‌وه‌یه یا خۆڕسک بووه و مه‌لای ناوبراو ته‌نیا شه‌حنی ئاینی کردوون یا هێزه سیاسیه ئیسلامیه‌کان ، به‌تایبه‌تی یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ له‌پشتیانه‌وه‌ن. ئه‌وانه ئه‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ و پرۆفیشیناڵ ده‌ریان بخات.
میدیای ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆ و حیزبی، به ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵاتداره‌وه، به‌ئه‌نقه‌ست یا له‌نه‌زانی ، خۆیان بوارد له‌ناونانی پڕبه‌پێستی دیارده‌که . ڕووداوه‌کانی زاخۆ ودهۆک و سمێڵ یا ڕووداوه‌کانی ناوچه‌ی بادینان ، نائارامیه‌کانی زاخۆ و ناوچه‌کانی بادینان ، هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاکان یه‌کگرتوو ، نائارامیه‌کانی ناوچه‌ی بادینان و چه‌ندین تێرم و ناوی تر که هه‌موویان له‌جیاتی ده‌سخستنه‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی ئه‌و هێرشانه و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان به‌و شێوازه‌ی که بووه، به‌پێچه‌وانه‌وه ته‌م و مژێکی زۆریان له‌و بواره‌دا نایه‌وه.
جاڕدان و فتوادان سه‌باره‌ت به خواردنه‌وه‌ی مه‌شرووب یا کردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری مه‌ساج ده‌سپێک و ناوه‌ڕۆکی ڕووداوه‌کانه که نابێت هێرشی سه‌رکوتگه‌رانه بۆسه‌ر باره‌گاکانی یه‌کگرتوو ئه‌ویانمان له‌بیر بباته‌وه. له‌هه‌موو ئه‌و تایتڵانه‌دا یه‌ک تایتڵ نه‌بینرا که ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی به‌و شێوه‌یه بێت که ڕوویداوه: جه‌ماوه‌رێکی زۆری خه‌ڵک به‌شه‌حنی ئیسلامیی مه‌لایه‌ک په‌لاماری ده‌یان هۆتێل و سه‌نته‌ری مه‌ساج و مه‌یفرۆشی ئه‌ده‌ن.!!!! ئه‌کرێ به‌وناوه‌ڕۆکه‌وه ده‌یان تایتڵ بنوسرێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌وترا ئه‌و ڕاستیه‌بوو. هه‌روه‌ها ئه‌کرێت هه‌ر که‌سه له‌هه‌ڵسان له‌و ڕاستیه‌وه لایه‌نگری له‌وکاره یا دژایه‌تی بکات.
گه‌ر له‌وانه بگه‌ڕێین و بچینه سۆراخی ڕووداوه‌کان خۆیان ، ئه‌وه‌ی له هه‌موو ڕیوایه‌ته‌کاندا به‌شێوه‌ی یه‌کسان و چوونیه‌ک باس ئه‌کرێت ئه‌وه‌یه که :
یه‌که‌م: مه‌لای ناوبراو به‌پێی ئاین و شه‌ریعه‌ی ئیسلام فتوایه‌کی ئاشکرای ده‌رکردووه و ئه‌نجامگیری خۆشی لێکردووه به‌وه‌ی که جگه له‌وه‌ی که سه‌نته‌ری مه‌ساج و مه‌یفرۆشی و مه‌یخانه حه‌رامن ، که ئه‌وه ئاشکرایه و ئه‌ویش ئه‌و مافه‌ی هه‌یه به‌حه‌رام ناویان به‌رێت ، به‌ڵام داوای له خه‌ڵک کردوه به‌شێوه‌ی تووند و تیژ و به‌ده‌ر له چوارچیوه‌ی هه‌ر یاسا و دام‌و ده‌زگایه‌ک په‌لاماری ئه‌و شوێنانه بده‌ن و ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان دێت بیکه‌ن.
دووه‌م: وه‌ک ڕاپۆرته‌کان ئه‌گێڕنه‌وه هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ په‌لاماری ئه‌و سه‌نته‌ر و هۆتێلانه له شاری زاخۆ، له چه‌ندین شار و شاروچکه‌ی ناوچه‌ی بادینان په‌لاماری هاوچه‌شن ڕوویانداوه که شێواز و مۆتیڤ و بیانوو و پێکهاته‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی له ڕووی سیاسی و که‌لتووری و ئاینیه‌وه ڕێک وه‌کوو ئه‌وه‌ی زاخۆ بوونه.
سێیه‌م: له‌به‌رانبه‌ردا و زۆر ده‌سبه‌جێ و به‌ده‌ستوبردی و ڕێکخراو هێرشێکی فراوان، وه‌ک په‌رچه‌کردار یا وه‌ک به‌شێک له سیناریۆیه‌کی له‌وه‌پێش داڕێژراو ، بۆ سه‌ر باره‌گاکانی بزووتنه‌وه‌ی یه‌کگرتوی ئیسلامی ده‌ستی پێکردووه. ئه‌م هێرشانه‌ش شێواز و ئامانج ومۆتیڤ و پێکهاته‌که‌یان له شوینه جیاوازه‌کان یه‌کسان و چوونیه‌ک بوون و نوسخه‌یه‌کی ته‌واوی ئه‌و هێرشانه‌ی ساڵی 2005 و 2011 ن بۆسه‌ر هه‌ردوو باره‌گاکانی یه‌کگرتوو و گۆڕان که پارتی ، لانی که‌م ئێستا ، هاشا له‌وه ناکات که هه‌ردووکیان ئه‌وان نه‌خشه‌یان بۆ داناوه و ئه‌نجامیان داوه.
لێره‌وه ئه‌وه‌ی سه‌رنج ڕائه‌کێشێت هه‌ڵویستی هه‌ندێ ناوه‌ندی سیاسی و ڕۆشنبیری و میدیاکانی کوردستانی عێراقه.
1 / خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو هه‌ڵوێسته سیاسیه کانی ئۆپۆزیسیۆن ، یه‌کگرتوو خۆی ، کۆمه‌ڵ ، گۆڕان؛ هه‌روه‌ه‌ها که‌سایه‌تی و نووسه‌ران و ناوه‌ڕۆکی هه‌موو ڕاپۆرته‌کانی چه‌ند ڕۆژی ڕابووردوو بریتیه له‌سه‌رکۆنه‌کردنی هێرش بۆسه‌ر یه‌کگرتوو و به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی کێشه‌که وداخوازی گێڕانه‌وه‌ی بارودۆخه‌که بۆ پێش 2/ 12.
2 / یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان به‌ناوی مه‌کته‌بی ڕاگه‌یاندنه‌وه نه‌ک ئۆرگانه‌کانی تری سه‌رکردایه‌تی، به‌یه‌کسان هه‌م هێرش بۆسه‌ر سه‌نته‌ری مه‌ساج و بار و ئوتێله‌کان و هه‌م هێرش بۆسه‌ر باره‌گاکانی یه‌کگرتوو مه‌حکووم ئه‌کات.
3 / هه‌ڵوێسته‌کانی پارتی شپرزه‌یی و ته‌نهایی پێوه دیاره و له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه که له‌چه‌ند به‌ره گورزی خۆی بوه‌شێنێت: هه‌م گورزێک له‌یه‌کگرتوو بدات هه‌م خۆشی بکاته ته‌نها مه‌رجه‌عی یاسایی ده‌سه‌ڵات و ڕێگه‌ی ئیسلامه‌تی وحه‌ڵال و حه‌رام نیشانی خه‌ڵک بدات تا ئه‌و چه‌که له‌ده‌ستی یه‌کگرتوو و مه‌لاکانی سه‌ربه‌وان وه‌رگرێته‌وه و له‌ولاشه‌وه و بۆیه‌که‌مجار له کێشه‌کانی ناوخۆی کوردستاندا هه‌ستی تایفی بوروژێنێت و کارتی ورووژاندنی مه‌ترسی بۆسه‌ر مه‌سیحی و یه‌زیدیه‌کان به‌کاربێنێت.
به ئیستیعاره‌کردنی زمانی ماتماتیک پێموایه فتوا و دیموکراتی هاوکێشه‌یه‌کی پێچه‌وان و دژبه‌یه‌کن.( معادلة معکوسة ). زیادبوونی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێکیان به‌بێ پاشه‌کشه‌ی ئه‌ویدیان نابێت. فتوا ، جا با به‌فه‌رز زۆرترین لایه‌نگریشی هه‌بێت، ناکۆکه له‌گه‌ڵ بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ، جاڕنامه گه‌ردونیه‌کانی ئه‌و بواره و له‌گه‌ڵ یاسا و ڕه‌سمه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان. فتوا ناسازه له‌گه‌ڵ عه‌قڵی سه‌لیمدا و ئه‌بێ به‌یاسا قه‌ده‌غه بکرێت چونکه ئه‌وه ته‌نیا چاره‌یه بۆ شێوازێک له‌سه‌پاندنی یه‌کلایه‌نه‌ی بیروباوه‌ڕ که له‌لایه‌ن توێژێکی کۆمه‌ڵه‌وه په‌نای بۆ ئه‌برێت که بریتین له‌مه‌لاکان ئه‌ویش به‌فیت و دنه‌دانی بێپه‌رده‌ی هێز و حیزبه ئیسلامیه‌کان.
ئه‌وه‌ی له‌سه‌رجه‌م هه‌ڵوێستگیریه سیاسیه‌کاندا زاڵ وهاوبه‌ش بوو یه‌ک تێڕوانینی زاڵ به‌ڵام مه‌ترسیدار بوو: که‌س هه‌ڵوێسته‌یه‌کی ورد و به‌هێزی نه‌کرد سه‌باره‌ت به‌مه‌ترسی فتوادان و دنه‌دانی ئاینی بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌ندێ دیارده و که‌لتوور که به‌دڵی موسوڵمانان و هێزه ئیسلامیه‌کان نین. ڕاسته که هێرشبردن بۆسه‌ر باره‌گاکانی یه‌کگرتوو و سووتاندنیان ئه‌بێ به‌تووندی مه‌حکووم بکرێت و بکه‌ران و پلاندارێژه‌رانی ئه‌و کرده‌وانه بدرێن به‌دادگا به‌ڵام گه‌ر ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان و قه‌بارهی و بایه‌خی به‌شی یه‌که‌می ڕووداوه‌که له‌به‌رچاوبگرین واته سووتاندن و ته‌فرووتووناکردنی ده‌یان سه‌نته‌ری مه‌ساج و هۆتێل و بار و شوێنی تری گه‌شتوگوزار، ئه‌بوایه زۆر زیاتر و به‌هێزتر ئه‌م به‌شه‌ی کاره‌ساته‌که مه‌حکووم بکرایه. به‌پێچه‌وانه‌وه له‌زۆربه‌ی هه‌ڵوێستگیریه‌کاندا ئه‌میان ئه‌کرێ به‌ژێر لێوه‌وه یا زۆر کورده‌نامووسی و وه‌کوو پێشگرێکی لاواز باس ئه‌کرێ و ته‌نانه‌ت زۆر لایه‌ن تائێستاش ئه‌و کرده‌وانه مه‌حکووم ناکه‌ن. هه‌ر بۆنموونه سه‌لاحه‌دین به‌هادین سکرتێری یه‌کگرتوو و هه‌موو ئه‌و لێپرسراوانه‌ی ئه‌وان که له‌م ڕووه‌وه ڕایان ده‌ربڕیوه به یه‌ک حه‌رفیش ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشانه ناکه‌ن . ئه‌وان بۆ خۆدزینه‌وه له‌وه‌ها هه‌ڵوێستێک ته‌نیا باس له‌وه ئه‌که‌ن که ئه‌وان ده‌ستیان له‌وه ڕووداوانه‌دا نه‌بووه که ئه‌میان زۆر جیاوازه له ئیدانه‌کردنی ئه‌و هێرشانه جا هه‌ر که‌سێک ولایه‌نێک تیایدا به‌شدار بووبێت و به‌رنامه‌ی بۆ داڕشتبێت.
به‌و پێیه گه‌ر مه‌ترسی ئه‌و 2 شێوازه له هێرش به‌راورد بکه‌ین ، واته هێرش بۆسه‌ر باره‌گاکانی یه‌کگرتوو که زۆربه‌ی به‌ڵگه‌کان ئاماژه به پارتی ئه‌که‌ن وه‌کوو ئه‌نجامده‌ری ئه‌و تاوانه له‌گه‌ڵ هێرش بۆسه‌ر سه‌نته‌ره‌کانی مه‌ساج و تاد..، ئه‌وه زۆر به‌ئاشکرا لایه‌نه مه‌ترسیداره‌کانی ئه‌وه‌ی دووه‌میان به هه‌زاران فرسه‌خ ئه‌وی یه‌که‌م تێئه‌په‌ڕێنێت. دووباره‌ی ئه‌که‌مه‌وه که هه‌ردووکیان له ناوه‌ڕۆکدا تاوانن به‌ڵام یه‌که‌میان هێزێکی سیاسی قوربانیه‌که‌یه‌تی و دووه‌میان سه‌رجه‌م سیمای شارستانی و موماره‌سه‌کردنی ئازادی و ساده‌ترین مافی مرۆڤ. تاوانی فتوادان بۆ سه‌پاندنی شه‌ریعه‌ی ئیسلامی و هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوی به‌کرده‌وه بۆ کارێکی وا مه‌دلوول و مه‌غزای زۆر فراوانی هه‌یه. ئه‌وه پراوه‌یه‌کی بزووتنه‌وه سه‌له‌فیه ئیسلامیه‌کانه که ئیلهام له هه‌ندێ لایه‌نی ڕووداوه‌کانی میسر و تونس وه‌رئه‌گرێت. بڕواناکه‌م هیچ که‌سێکی هوشیار گۆمانی له‌وه هه‌بێت که ئه‌و جۆره تاوانانه سه‌ره‌تان بۆ جموجۆڵێکی سیاسی زۆر فراوانتر گه‌ر پلان دانه‌رانیان بۆیان بچێته سه‌ر. ئه‌وه‌ی په‌لاماری ئه‌و شوێنانه ئه‌دات و حه‌شارگای دواکه‌وتووی مێشکی عه‌وامێکی نه‌زان پڕ له خورافه ئه‌کات و دواتر وه‌کوو بۆمب ئه‌یته‌قێنێته‌وه له‌و هێزه ئیسلامیانه‌ی میسر و تونس زۆر دواکه‌وتووتره چونکه هیچ نه‌بێ ئه‌وان به‌هۆی متمانه‌یه‌که‌وه که به بێروڕای زاڵی ناو ئه‌و وولاتانه هه‌یانه مل بۆ سنووقه‌کانی ده‌نگدان که‌چ ئه‌که‌ن ، هه‌رچی هێزه ئیسلامیه‌کانی کوردستانه ئه‌وه به دنه‌دانی خه‌ڵک و په‌لامار و زه‌بروزه‌نگ ئه‌یانه‌وێ که‌شوهه‌وای ئیسلامی له کوردستاندا زاڵ بکه‌ن.
عدنان کریم / سدنی
دیسه‌مبه‌ر 2011