Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دانیشتنی سەرۆکی هەرێم و رێکخەرەی بزوتنەوەی گۆڕان …

دانیشتنی سەرۆکی هەرێم و رێکخەرەی بزوتنەوەی گۆڕان …

Closed
by September 23, 2011 گشتی

دانیشتنی سەرۆکی هەرێم و رێکخەرەی بزوتنەوەی گۆڕان دانیشتنی ئەقڵانیەت

         دوێنێ دوایی زیاد لەدوساڵ لەدروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان نەوشیروان  مستەفا و مەسعود بارزانی لە سلێمانی بەدوقۆڵی پێکەوە دانیشتن .هەرچەند ئەوەی لەنێوانیاندا وتراوە لەوانەیە جگە لەخۆیان و کەسە نزییکەکانیان کەسیتر لێی ئاگادار نەبێت بەڵام ئەوەی دەکرێ وەک  زەمیینەی ئەم دانیشتنە باسی لێبکرێت ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم : گۆڕان لەوە گەیشتووە بە کرداری ناتوانێت ببێت بۆ جێگرەوە بۆ پارتی لەدەڤەری زەرد و پێشبڕکێی لەگەڵدا بکات ، هەرچەند نزییکەی دووساڵ هەوڵی چڕییدا بۆ ئەوەی بوونی خۆی وەک هێزێکی مونافس بەتایبەتی لەهەولێر بسلمێنێت ، بەڵام روداوەکانی دوایی حەڤدەی شوبات سەلماندیان بەکردەوە نەگۆڕان و نەحیزبەکانی تریش ناتوانن لەدەڤەری زەرد پێشبڕکێ لەگەڵ پارتی دیموکراتدا بکەن و حاکمی بێمونافس لەم دۆخەی ئێستادا تەنها پارتییەو ئەگەر قەرار بێت مونافسێک بۆپارتی لەو دەڤەرە دروست ببێت دەبێت لەناو خودی پارتییەوە هەڵقوڵابێت.
دووهەم : هەر روداوەکانی حەڤدەی شوبات و بەتایبەتی رێورەسمی نەورۆزی ٢٠١١ ی شاری سلێمانی  ئەوەیان سەلماند حاکمی سێبەری دەڤەری سەوزی پێشوو ئۆپۆزسیۆن بەگشتی و گۆڕان بەتایبەتییە . بەپێی راپۆڕتی رۆژنامەی هاوڵاتی کە رۆژی چوارشەمەی ئەم حەفتەیە بڵاوبووتەوە،ژمارەی ئەندامانی یەکیەتی بۆ نیوە دابەزیوە و دیارە ئەو نیوەی کەلەگەڵ یەکیەتییدا نەماون گۆڕانن هەروەها مەرجیش نییە هەموو ئەوانەی بەناو یەکیەتیین ، ئیلتزامی سیاسیان بۆئەو حیزبە هەبێت ، دەزانیین بەشی زۆری ئەو ئەندامانە ، کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆن کەلانی کەم لەسەدا سی ئەو کارمەندانە لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگیان بەگۆڕانداوە .  کەوابوو ئەوەی یەکیەتی وەک حاکمی سلێمانی و دەڤەری سەوز هێشتوەتەوە پەیوەندییە ئیقلیمییەکان و هاوپەیمانییەتییە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نەک پێگە جەماوەرییەکەی لە سلێمانی.
سێهەم :  پارتی دیموکراتی کوردستان باش لەوە گەیشتووە بەهۆی روداوەکانی حەڤدەی شوبات و دواترەوە ئەو تۆزە نفوزەی کە لەدەڤەری سلێمانی هەیبوو  بەرەو کاڵبوونەوە چووە و ناتوانێت تازە لەم ناوچەیەدا بەئاسانی هەستێتەوە و لەهەمانکاتیشدا لەئەم ناوچەیە گۆڕان و هێزە سێبەرەکانی دەتوانن بەردەوام هەرکات بیانەوێ قەیران دروستبکەن و پارتیش بە هۆکاری ئەوەی هێزی سەرەکی کوردستانە  بەرەوڕویی بەرپرسیارەتی دەبێتەوە ، بەرپڕسیاریەتێک کە ناتوانێت بەهۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە خۆی لێدەرباسبکات .
چوارەم : لایەنی گرنگی  هەموو ئەم پێشهاتانە یەکیەتی نیشتیمانییە ، هەرچەند یەکیەتی لەهەوڵی بەردەوامدایە بەکڕینی کات خەلکی دەڤەری سەوز بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی ئاشتبکاتەوە ، بەڵام دەبێت ئەوەی پێبقەبوولێنرێت کە ئەوان هێزی یەکەمی دەڤەری سەوز نیین وتەنها کاتێک دەتوانن هیزی یەکەم بن کە گۆڕان وەک هێزێکی یەکگرتوو نەمێنێت . کە لەئێستادا هیچ ئاماژەیەک بۆ دابەش بوونی ئەم هێزە لەئاردا نییە و لەوانەیە لەهەموو هێزەکانی تر پتەوتر بێت. هەروەها گەڕانەوە بەرەو یەکیەتی و ئاشتکردنەوەی خەلکی سلێمانی  لەگەڵ یەکیەتییدا مەحاڵە .چونکو سروشتی ئەم شارە بەدرێژی مێژوو پیشانیداوە  کاتێک پشت لەهێزێک دەکات بەراستی پشتی تێدەکات ، ئەم پشتتێکردنە پێشتر بە شێوەی تیوری یەکلادەبێتەوە ئەمجار دەچێتە بواری کردارییەوە واتە تەنها پشتێکردن بەهۆی زویر بوونێکی کاتییەوە نییە تاوەکو ئاشتبکرێتەوە. 
قسەی کۆتایی ئەوەیە ئەم دانیستنە دانیشتنی بەرژەوەندییەکان و ئەقلانیەتە بۆیە ئەگەر بە نەفسێکی نیشتمانیی و بڕوابوون بە دیمۆکراسییەوە بەردەوام بێت بێگوومان بەرهەمی گەورەی دەبێت.

نووسینی : حسێن حسێنی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.