دایە .. هۆ دایە …. فەتاح حەسەن
چەندە زەنگیانەت، پێوەکرد.
بۆ هۆنینەوەی
بەرچاوگە
بۆ هۆنینەوەی
ژێرچەنە
سەد ئەوەندە
غەریبیت دەکەم
دایە.
**
لە نامۆستان
ئەو شەوانەی، دێیتە خەوم.
بەیانییەکەی
هەست بە ئاسودەیی دەکەم.
خەونەکانت
سادەن وەك خۆت
خەونامەیان، پێویست نییە.
خەونی فریشتەکان، سادەن
ئەی، دایە گیان.
***
شەو راشکا.
بەربەیانە
دەست هەڵناگرم، لەم رۆمانە.
پاڵەوانی رۆمانەکە
لە تۆ دەچێت
دایە.
****
لە ئاودا
لە هەڵمدا
لە بەفردا
تۆ، دەبینم.
نازانم، ئەوانە تۆن
یا، تۆ سێبەری ئەوانی.. ؟
دایە.
*****
کۆترەکانی
منارەی
مزگەوتی گەورە .. هەڵفڕین.
تەنها، کۆترێکیان، نەبێت.
نە، من، نە، ئەو
لەسەیری یەکتر
تێر نابین.
بڵێی، ئەو کۆترە
تۆ نەبیت !
دایە.
******
هەندێك، دەڵێن
سەیری دەریا
خەمڕەوێنە .. !
لەسەر دەریام
وردە شەپۆل
خەمەکانم، دەهۆننەوە !
دایە.
*******
گەواڵە هەورەکان، رەوینەوە.
تەنها، پەڵەهەورێک نەبێت
بۆ، بێکەسی، من، دەگریا.
دایە.
********
بێ بوونی ئاو
بێ بوونی خۆر
ئێمە، هیچمان، بوونمان نییە.
من، تۆم، لە ئاو
من، تۆم، لە خۆر
خۆشتر دەوێت
دایە.
*********
کللووە بەفری
سەر، پیرەدار
جوانترە
لەلای من، لە گەڵا
چونکە، لەتۆ دەچێت
دایە.
**********
لە، نامۆستان، بۆ خۆم، گریام.
بۆ تۆ گریام.
ئەی، کێ بۆ من دەگری .. ؟
بێجگە، لە هەور
دایە.
حەسەن فەتاح
دانیمارك/ ڤالبی