درامای گه‌رده‌لول و تراوماتیزێی بینه‌ر
له‌م شه‌وانه‌دا به ڕێکه‌وت که‌وتم به‌سه‌ر کۆتایی ئه‌ڵقه‌یه‌کی درامای گه‌رده‌لولدا، که پاشان له سایتی کوردسات سه‌یرم کرد، که ئه‌ڵقه‌ی 34 بوو.
ئه‌وه‌ی من له‌ماوه‌ی ئه‌و 10 خوله‌که‌دا بینیم، به‌ڕاستی کاره‌ساتێکه هێنده‌ی قورسایی بۆمبێکی ئه‌تۆمی بۆ ناو خێزانێک، ئێستاش کاتێک ده‌نووسم و ئه‌و دیمه‌نه دێته‌وه به‌رچاوم ده‌سته‌کانم ده‌له‌رزن.
له‌ڕاستیدا په‌لاماردانی قوتابخانه و کوشتنی مناڵان کارێکی دڕندانه‌یه، به‌ڵام هه‌رکه‌سێک دیمه‌نی کوشتنه‌کان به مه‌به‌ستی وروژاندن و چێژبه‌خشین په‌خش و بڵاو بکاته‌وه بێگومان ئه‌و که‌سه نه‌خۆشه.
ئێمه ساڵانه هه‌واڵی ڕه‌شه‌کوژی قوتابیان له قوتابخانه‌کاندا ده‌بیستین، که به ئاموک (Amok) ناسراوه‌و دواترینیان کوشتارگه‌ی قوتابخانه‌ی ساندی هۆک (Sandy Hook) بوو له نیوتاون(Newtown)ی ئه‌مه‌ریکا، که بووه هۆی کوشتنی 28 که‌س، که 20 یان مناڵ بوو. ئه‌گه‌ر سه‌یر بکه‌ین له کوشتارگه‌یه‌کی له‌و شێوه‌دا، که درامایه‌کی واقیعییه‌و فیلم نییه وێنه‌کان ئه‌وه‌نده په‌خش ده‌کرێن، که زانیاری چۆنێتی ڕووداوه‌که‌و قه‌باره‌ی تاوانه‌که له‌لای بینه‌ر به‌رجه‌سته بکات، نه‌ک وه‌ک درامایه‌کی چێژبه‌خش و بۆ سه‌رنجڕاکێشانی دونیا به‌لای دراماکه‌دا هه‌موو ورده‌کاریی کوشتنه‌کان په‌خش بکرێت، بە‌ڵام بەداخەوە درامای گه‌رده‌لول هەندێک دیمەن و وێنە بە پێچەوانەی یاسا ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان بە زەقی و ئەنقەست نیشان دەدات، کاتێک دەبینین زومی کامیرا ده‌باته سه‌ر برین و شوێنی گوللەکان، که به‌ر سه‌ری مناڵان و ته‌نانه‌ت پێشمه‌رگه‌کانیش کەوتوون، سەرەڕای نیشاندانی ئەو هەموو خوێنڕشتنە لە جەستەی کوژراوەکان، ئه‌گه‌ر جه‌لیل زه‌نگه‌نه بۆ خۆی چێژ له‌م کاره وه‌رده‌گرێت ئه‌وه مافی نییه وه‌ک مرۆڤێکی سادی له ڕێگای شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنێکه‌وه بینه‌ر توشی تراوما (Trauma) بکات.
به‌ڕای من یه‌کێک له کێشه گه‌وره‌کانی دونیای نووسین و هونه‌ر له‌لای ئێمه ئه‌وه‌یه، کاتێک باس له کێشه یان ڕووداوێک ده‌که‌ن، هیچ خۆیانی بۆ ته‌رخان ناکه‌ن تا له‌و بواره‌دا قوڵببنەوەو هیچ نەبێت ئەوەندەش خۆیان ماندوو ناکەن ڕاوێژ بەکەسانی پسپۆر لەو بوارانەدا بکەن، بۆ ئه‌وه‌ی شتێکی جوان و کەم هەڵە و کەموکوڕی پێشکه‌ش بکه‌ن.
تەلەفزیۆن کاریگەرترین میدیای کۆمەڵایەتییە، لەبەر ئەوە هەموو چین و توێژێک توانای سەیرکردن و تێگەیشتنی لێی هەیەو لە زۆربەی زۆری هەموو ماڵێکیشدا بوونی هەیە، بۆیە پێوسیتە بەردەوام لایەنە دەروونی و کاریگەرییەکانی بۆ بینەر ڕەچاو بکرێت.
بەڕای من کەمترین شتێک، کە درامانووس و دەرهێنەری دراما کۆمەڵایەتییەکان پێویستە شارەزاییان تێیدا هەبێت بواری زانستی په‌روه‌رده (Pedagogy)و ده‌روونناسی منداڵ ( Kinderpsychologie)ه، که یه‌که‌میان بۆ دراماکه به‌سوده‌و دووه‌میان بۆ بینه‌ری دراماکه.
بێگومان هەموومان سنوری دڕندایەتی بەعس دەناسین، بە‌ڵام چۆن ئەو دڕندایەتییە بە تایبەتی لەناو فیلم و درامادا بەرجەستە دەکەیت، بەبێ ئەوەی هەستی بینەر بریندار بکەیت و بیخەیتە حاڵەتێکی دەروونی خراپەوەو مەبەستەکەشت بە سەرکەوتوویی بگەیەنێت!. ئەمە ئەو خاڵە لاوازەیە، کە جەلیل زەنگەنە لەو درامادا نەیتوانیوە بە بێ نیشاندانی وێنە و دیمەنە تۆقێنەرەکان بەرجەستەی بکات.
لێره‌دا نمونەیه‌کی بچوک له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه بۆ بەرچاو ڕوونی خوێنەر دەهێنمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی تر له‌و بواره‌دا کار ده‌که‌ن سودی لێوه‌ربگرن. ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا فیلمی هوگۆ کابێرتم سه‌یر کرد، که له نووسینی جۆن لۆگان و مارتین سکۆرسیس کاری ده‌رهێنانی بۆ کردووه، ئه‌م فیلمه خاوه‌نی خه‌ڵاتی ئۆسکاری 2012 یه. ئه‌م فیلمه باسی سه‌رهه‌ڵدانی درووسکردنی فیلمی سینه‌ما ده‌کات له فه‌ره‌نسا، دیاره کارمان به ناوه‌ڕۆکه‌که‌یه‌وه نییه به‌ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت، که هوگۆ مناڵیکی زیرەکی 12 ساڵانه و کوڕی پیاوێکی سه‌عاتچییه‌و له یه‌کێک له مۆزه‌خانه‌کان کار ده‌کات، له‌وێ ڕۆبۆتێکی شکاوی فڕێدراو هه‌ڵده‌گرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی چاکی بکاته‌وه، به‌ڵام به هۆی ڕوداوێکه‌وه باوکی هوگۆ گیان له‌ده‌ست ده‌دات.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی بۆ ئەم نووسینەی ئێمە گرنگه ئه‌وه‌یه، که به چه‌ند چرکه‌یه‌ک، که ڕه‌نگه نه‌گاته پێنج چرکه ڕووداوی گیان له‌ده‌ستدانی باوکی نیشانی بینەر ده‌دات، که کاتێک له شوێنی کاره‌که‌ی هه‌ست به ده‌نگێک ده‌کات و به‌ره‌و ڕووی ده‌ڕوات، ئیتر لەگەڵ کردنەوەی دەرگایەکدا ئاگرێک هه‌ڵمه‌تی بۆ ده‌هێنێت، پاشان خاڵی دێت بۆ لای هوگۆو هه‌واڵی مردنی باوکی پێڕاده‌گه‌یه‌نێت، لەمە زیاتر دەرهێنەر نه‌ڕۆشتۆته ناو درێژه‌ی سوتانی باوکی و پێشانی بدات چۆن ده‌سوتێت و له ناو ئاگره‌کەدا هه‌ڵده‌قرچێت، یان چۆن ده‌ریده‌هێنن به سوتاوی، تا دوایی…. ئەوەی گرنگە بۆ دەرهێنەرەکە گەیاندنی مردنی پیاوێکە لەناو ئاگردا، ئەوە بینەر خۆی لە خەیاڵدانیدا دیمەن و وێنەی سوتانەکە بەرجەستە دەکات. پاشانیش خاڵی هوگۆ له ڕوباری سێن دا خۆی ده‌خنکێنێت، که پاش ماوەیەکی دوورتر له ڕێگای گێڕانه‌وه‌وه ئه‌م هه‌واڵه به هوگۆو بینه‌ر ده‌گات، واته به هیچ شێوه‌یه‌ک دیمەنی خنکاندنەکە نیشان نادات و ئەو ئەرکە بۆ بینەر بە جێدەهێڵیت، کە وێنای خنکاندنەکە لەلای خۆیانەوە بکەن.
واته جه‌لیل زه‌نگه‌نه له‌کارێکی له‌م شێوه‌دا ده‌توانێت به ئاماژه کوشتنی مناڵه‌کانمان پێ بڵێت به‌بێ ئه‌وه‌ی نیشانمان بدات و بمانتۆقێنێت، کاری هونه‌ری جوان ئه‌وه‌یه، که بینه‌ر لەگەڵ خۆتدا ڕابکێشیتە ناو ڕووداوەکان، بەوەی لە ڕێگای درووست‌کردنی دیمەنەکانەوە لە ناو مێشکیدا تێگەیشتنێکی جیاوازتری بۆ ڕووداوەکان هەبێت، دیارە هەر کارێکیش هەڵگری زۆرترین تێگەیشتنی جیاواز بێت ئاماژەیەکە بۆ سەرکەوتنی کارەکە.
ئه‌وه‌ی من له‌و 10 ده‌قه‌یه‌دا بینیم و توشی شۆک بووم، کاتێک پێشمه‌رگه‌یه‌ک به کوژراوی ده‌که‌وێته ناو پۆلێکه‌وه‌و مناڵ هه‌مووی ده‌قیژێنێت و پاشان له‌و لاوه مناڵێک ده‌پێکێ و دونیا به خوێن سور ده‌بێت، نه له چیرۆکه‌کانی ئالان پۆدا خوێندومه‌ته‌وه‌و نه له فیلمه‌کانی هۆلیۆددا دیومن، ئه‌ترسم جه‌لیل زه‌نگه‌نه تا ئێستا فیلم و درامای ترس(Horror films) به تۆقاندن تێگه‌یشتبێت!.
به ڕای من ده‌رهێنه‌ری سه‌رکه‌وتوو له کاری فیلمسازیدا ئه‌و که‌سه‌یه، به بێ ئه‌وه‌ی هیچت نیشان بدات، هه‌موو شتێکت پێبڵێت، یان به کورتترین دیمه‌ن زۆرترین شتت پێ بڵێت، به‌داخه‌وه ئه‌مه له دونیای نه‌ک هه‌ر فیلم و درامادا به‌ڵکو له نووسینی ئێمه‌دا ده‌گمه‌نن، بۆیه ده‌بینین بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ک بکه‌ین ده‌یان چیرۆکی ڕاوه ڕێوی بۆ بینه‌ر و خوێنه‌ر ده‌هێنینه‌وه، لە گەردەلولیشدا ده‌بینین جەلیل زەنگەنە له شوێنێکدا ده‌یه‌وێت باس له دڕندایه‌تی به‌عس بکات، که سڵی له قوتابخانه و مناڵ کوشتنیش نه‌کردۆته‌وه، له‌بری شتێکی جوان شتێکی زۆر قێزه‌ون پێشکه‌ش ده‌کات، چونکە نیشاندانی کوشتن و بڕین و کاری وه‌حشیگه‌رانه له دراما‌و زنجیره ته‌له‌فزیۆنییه‌کاندا جیاوازه له سینه‌ما، چونکه کاری ته‌له‌فزیۆنی کارێکی گشتییه‌و سینه‌ما تایبه‌تی، مرۆڤ ئه‌توانێت نه‌ڕوات بۆ سینه‌ما یان که ڕۆیشت خۆی بڕیاردەر بێت لەوەی سەیری چی دەکات، بە‌ڵام ئه‌مه بۆ ته‌له‌فزیۆن جیاوازه، بۆیه پێی ده‌ڵێن میدیای کۆمه‌ڵایه‌تی.
له‌به‌رده‌م هه‌ر میدیایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا سه‌دان هه‌زار که‌س دانیشتووه، که ده‌شێت زۆربه‌یان منداڵ و گەنج یان بەتەمەن بن، ئەی کەواتە چۆن دەکرێت مێژووی گەلێک لە ڕێگای دیمەنی تۆقێنەرەوە نیشانی خەڵک بدرێت؟.
بێگومان ڕه‌نگه وه‌ڵامه‌که‌ی کاک جه‌لیل ئه‌وه بێت، که دراما کۆرییه‌کانیش هه‌مان کاریان کردووه، منیش ده‌ڵیم؛ ئه‌وه ڕاسته، به‌ڵام گوناهی من چییه له‌ناو ئه‌و هه‌موو فیلم و دراما جوانانه‌ی جیهاندا ته‌له‌فزیۆنه‌کانی ئێمه به‌ته‌نها دراما ترسناک و تۆقێنه‌ره‌کان وه‌رده‌گێڕن! ئایا ئه‌مه مه‌به‌ستێکی له پشته‌وه‌یه بۆ بریندارکردنی هه‌ست و تێکشکاندنی سایکۆلۆژییه‌تی بینه‌ری کورد، یان کارێکی نه‌فامانه‌یه، ئه‌وه با که‌ناڵه‌کان خۆیان وه‌ڵام بده‌نه‌وه.
له کۆتاییدا ده‌مه‌وێت هه‌ر ئه‌وه‌نده بڵێم، خۆزگه ئه‌و دراما راده‌گیرا، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستکاری بکرێته‌وه، به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر ئه‌وه له‌هه‌ر وڵاتێک‌دا به‌رهه‌مبهاتباو یه‌کێک له که‌ناڵه‌کان په‌خشی بکردایه‌ت، به دڵناییه‌وه که‌ناڵه‌که‌ش و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌که‌ش ڕووبه‌ڕووی دادگا ده‌کرانه‌وه، له‌سه‌ر هیچ نا، به‌ته‌نها له‌سه‌ر بریندارکردنی هه‌ستی بینه‌ر، که ترس له ده‌روونی بینه‌ردا درووست ده‌کات، ئه‌ڵبه‌ته له وڵاتی ئێمه ده‌زانین شتێک نییه ناوی سانسۆر بێت، (سانسۆری پۆزه‌تیڤ) ئه‌گینا ئه‌و جۆره دیمه‌نانه‌ی له‌و درامایه‌دا نیشان ده‌درێن له ڕووی یاساییه‌وه له جیهاندا ڕێگه پێنه‌دراون.