Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
دنیای تارمایی … هۆشەنگ شێخ محەمەد

دنیای تارمایی … هۆشەنگ شێخ محەمەد

Closed
by April 29, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

(دنیای تارمایی) ناونیشانی کۆچیرۆکێکی نووسەر (یوسف عیزەدین)ە. لەگەڵ خوێندنەوەیەدا بێ پێشەکی دەمانخاتە نێو دنیای کارئەکتەرە بێ یادەوەری و چاولەڕێ و بێ دەنگ و نزیک لە تەرم و تێکەڵ بە سێبەر و پەڵە خوێن و بێ جوولە و پەیکەر ئاسا و مرۆڤی بێ سەر و سەری بێ جەستە و نامۆ و بکوژ و کوژراو و پیرێژن و پیرەمێرد و کەسانی وەک حیکایەتخوان، باپیر و سەرکردە و شوێنهاییەک کە هەمیشە پشت دەرگەیەک، کۆڵانێک، کۆشکێک، هۆڵێک، ژوورێک، شارێک و مەیدانی شەڕ و تادوایی تێدا بەرهەڤە.

زۆربەی کۆچیرۆکەکان هەناسەی تایبەتیی (یوسف)یان پێوەیە، هەناسەیەک کە خوێنەر دەباتە نێو مێشک و دەروونی کارئەکتەرەکان، کە زۆربەیان یادەوەری و دەنگ و رەنگ و شێوە و شەمایلی خۆیان لەبیرچووە یان نایناسنەوە.

کارئەکتەرەکان لە دیوی ناوەوەدا نیشان دەداتەوە نەوەک لە رووخساردا، رەنگە بۆ من ئەوچیرۆکانە نوختەی هاوبەشییان دیتنی نووسەر بێت بۆ ژیان و کەسێیتی مرۆڤ و سستەم و کۆمەڵگە و جیهان و ژیان بە گشتی. تا بچێت و لە پشتەوە چیرۆکی کەسەکانمان بۆ بگێڕێتەوە، ئەو کەسانەی بە هۆکارگەلێکەوە تووشی کۆمەڵە رووداوێک دەبن بێ ئەوەی ویستیییان بێت و ئارەزووی بکەن، کۆمەڵە رووداوێک کەسەکان زۆربەی جار لە رووی رەوانییەوە و هەندێجاریش وەک جەستە لەناو دەبات. 

کەشی چیرۆکەکان تاریک و لێڵن، وەک لێڵایی ژیانی ناوەوەی کارئەکتەرەکان، بکوژێک باسی کوشتنێک دەکات، وەک ئەوەی باسی کەسێکی دیکە دەکات، ئەگەر پیرەژنێک نەیەت و بە هانای ئێمە و بکوژەکە نەیەت ئەوە قەت نازانین ئەوە بکوژەکەیە. 

ئەوانەی لەو چیرۆکانەدا کار دەکەن، تارمایی مرۆڤەکانن، کە ناتوانن ببنە کارئەکتەرێکی روون و ئاشکرا، ئەوەش لەبەر ئەوەی خودی ئەو ژیانەی تێیدان روون و ئاشکرا نییە. ئەوەی دەگوزەرێت ژیانێکە پەردەپۆش بە کۆمەڵێ وەهم و درۆ و دروووشم و جەنگ و ململانێی هێزەکان. وەلێ رەنگدانەوەی ژیان لە دەروونی کەسەکاندا بە مەرگ و بزربوون و شێوان و دۆڕان و بۆگەنی بوونییان دەگەیەنێت.

ژیان دەڕزێت، جیهان دەڕزێت و مرۆڤیش خوێنێ دەبێتە مێشی سوور و تنێ ئەوە دەمێنێتەوە کە خۆمان بۆ مردن شلشل بکەین. لەوە زیاتر هیچی دیکەمان نییە دەستی پێوە بگرین.

تەکنیکی ئەو کۆچیرۆکانە، جوانییان بە کارئەکتەر و کەشی گشتی چیرۆکەکان بەخشیووە، ئەوەی (یوسف) دەیڵێت زۆرانێک گووتوویانە. چ بە جوانی و چ بەسەقەتی. گێڕانەوەی نەهامەتییەکانی مرۆڤی ئێستا و ئی کۆنیش شتێکی نوێ نییە. وەلێ ئەوەی بابەتەکان بە زیندوویی دێڵێتەوە و وا دەکات کاریگەرییەکی ئیجابی لەسەر خوێنەر درووست بکات – ئیجابی بەو مانایەی هەناسەیەک وەربگریت و تێبگەیەت تۆ وەک کەس شایانی ئەوەیت کارئەکتەرێکی لەوەی هەس باشترت هەبێت، یان هەر چ نەبێت خۆت بە رەوای ببینیت کە ژیانێکی خاسترت پێویستە-  ئەوەی واش دەکات ئەو هەستەت لە لا درووست ببێت تەکنیکە، نەوەک شتێکی دیکە.

تەکنیکەکە، دوور نییە بڵێم تایبەتە بە یوسف و لەهەموو چیرۆکەکانیشدا دووبارەدەبێتەوە. بە شێوەیەک کە کۆچیرۆکەکان لەسەر یەک دەخوێنیتەوە هەست دەکەیت کۆمەڵێ کارئەکتەر لە زۆر شوێندا پەیدا دەبنەوە و کەمێک گۆڕاون. هەتا شوێنەکان پاتە دەبنەوە. ئەمەش رەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەو بارە گشتییەی زۆربەمان تێیدان و لەزۆر وەخت و شوێنیشدا نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ و دۆڕان و بەدبەختیییەکان هەمان تشت بن. بۆیەشە تەکنیکەکانیش لە چیرۆکێکەوە بۆ یەکێکی دی خۆیان نوێ دەکەنەوە.

شتەکان بە بارتەقای خۆیان کورت و درێژن، چەنەچەنی زیادەی تێدا نییە، وەکچۆن کورتبڕین و بەجێهێشتنی خوێنەریشی تێدا نییە لە نوختەیەکی تاریک یان رووندا.

کۆچیرۆکەکە شایانی خوێندنەوەیە و دەستخۆش بۆ (یوسف عیزەدین).

 

کۆچیرۆک.

پێخەفێک لە خوێن.

یوسف عیزەدین.

بڵاوکراوەی ئاراس- ژمارە: ٧٣٥ چاپی یەکەم هەولێر ٢٠٠٨

 

٢٨/٠٣/٢٠١٣

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.