دنیا ئاخرى … نەوزاد بەندى
شیعرێکم بینى لە کەلاوەیەکا ،
بە پێوە میزى ئەکرد ..
وتارێکم بینى ڕیشى بەڕێوەبەرێکى گشتى
ئەتاشى و
سمێڵى بۆ تەرازوو ئەکرد ..
بە دەزوو ، مووەکانى سەر ڕوومەتى هەڵئەگرت ..
(دنیا ئاخرییە )
دنیا ئاخرى ..
لە ئەمریکا نزیکەى پێنج ملیۆن کەس بێ داڵدەن و
نزیکەى بیست و پێنج ملیۆن خانوویش چۆڵن ..
(دنیا ئاخرى ..)
کورتە چیرۆکێکم بینى ،
لە ڕۆمانێ ون بوبو ..
نەخوێندەوارێ هەڵى گرتەوە و
خەڵاتێکى مەحەلى پێ وەرگرت ..
لەگەڵ کۆمەڵێ مێز گرد..
(دنیا ئاخرییە ..دنیا ئاخرى )
سیاسیەک دەمى داپچڕیبوو ..
فەیلەسوفێ ، چۆلەکەى بیرۆکەکانى بەردابووە دەم و ددانى ،
بۆ ئەوەى پاشماوەى برنج و
گۆشت و
کورسى نەعنا و
فستق و
بندق و
کازۆ و
ڤیاگرا و
گەزۆ ى بۆ دەربێننەوە ..
فڕۆکەیەک پڕ بوو لە مێینەى سۆزانى ..
کۆمەڵێ نەخۆشى شێرپەنجەیش ،
بە ئومێدى ڤیزە و
فڕۆکە و
نەخۆشخانەیەکى هەندەران ،
کۆتاییان بە ژیان هانى..
(دنیا ئاخرییە.. )
سوپایەک وەزیر و پەلەمانتار ،
دایان بەسەر ئاواییدا ،
یەک گوڵە گەنمیان بە ساغى نەهێشتەوە ..
دوێنێ و
ئەمڕۆ و
داهاتوویان خوارد ،
بە کۆمەڵێ جۆر لە چێشتەوە ..
(دنیا ئاخرییە ..دنیا ئاخرى )