ده‌نگی تۆ دێ.. نمه‌ی بارانێكی خۆش
له ئاوێنه‌كه‌وه تۆم بینی
وه‌ك كه‌سێكی دڵخۆش
به‌ده‌م فیكه كێشانه‌وه
له خۆت و
له من و
له مانگ و
له دنیا.. تێپه‌ڕیت،
له ئاوێنه‌كه‌وه
بۆنی تۆ دێ
ترپه‌ی دڵت ده‌بیستم
ده‌نگی شمشاڵێكی دێرین
خوڕه‌ی بارانێكی خۆش
نمه‌ی بزه‌یه‌كی شیرین
سروه‌ی ئه‌وینێكی نوێ ئه‌یدا له رووم.
له ئاوێنه‌كه‌وه.. هه‌ورێك رووخا
په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌ربوویه‌وه
ره‌شه‌با ورد و خاش بوو
چۆله‌كه‌كان پێكران
مناڵه‌كان ده‌ستیان گرت به دڵیانه‌وه
ئینجانه‌كان له خه‌یاڵی چۆڵی گوڵهكانا
هاڕه‌یان كرد.
له ئاوێنه‌كه‌وه.. ئێواره داهات
كاتی دڵته‌نگی ده‌ستیپێكرد
كاتی ته‌نیایی
كاتێكی زیاتر بۆ بیركردنه‌وه
له تۆ… و
له سه‌فه‌ر… و
له بۆنی چا… و
له سڕبوونی ئه‌ژنۆی چاوه‌ڕوانی.. و
هاوڕابوونی هه‌ر هه‌موومان
له‌سه‌ر ره‌نگی په‌رده و
رۆشتن بۆ ماڵه دراوسێ… و
پێشبینیكردن بۆ روودانی كاره‌ساتێك
له ناوجه‌رگه‌ی خه‌وندا.
شه‌و .. ئه‌ستێره‌كانی به ئاوێنه‌كه‌وه هه‌ڵواسی
به‌فر.. زرمه‌ی به‌ردایه ئاوێنه‌كه
تاریكی.. زریكه‌ی له ئاوێنه‌كه هه‌ستان،
پیاو نا پیاوێك له په‌رژینی ئاوێنه‌كه‌وه ئاودیو بوون
یه‌ك دوو به‌له‌م له ئاوی ئاوێنه‌كه‌وه په‌ڕینه‌وه
دوو سێ ژن خۆیان كرد به حه‌مامی ئاوێنه‌كه‌دا
چه‌ند كۆترێ له‌سه‌ر دره‌ختی ناو ئاوێنه‌كه
كه‌وتنه فیكڵانكۆ بۆ هه‌ڵفڕین،
چوار پێنج چه‌كداری گوڵ به‌ده‌م
جاده‌ی سه‌ره‌كی ئاوێنه‌كه‌یان
به عه‌تر گرت..
دوو سێ مناڵی شه‌ڕانی
به خلیسكێنه‌ی ئاوێنه‌كه‌دا هاتنه خواره‌وه..
چوار پێنج ماڵی تازه
به فیكو هوڕ
له گه‌ڕه‌كی شه‌مامه‌وه
هاتنه كۆڵانی باران،
هه‌ر هه‌موومان.. من و
مام قۆخ و
ترێ خان و
داده خه‌یاڵ و
باجی ته‌رزه و
هه‌ناره فه‌نی و
میمكه رێحانه و
مامۆستا گوڵهكهمان و
یارۆی باخه‌وان..
به چه‌تر و
دره‌خت و
گۆرانی و
شه‌كره قسه‌ی خۆشی ئێوارانه‌وه
چووینه پێشوازییان،
مامۆستا گوڵهكهمان
ریزێ گوڵدان و
كه‌روێشكه ریش سپیهكهمان
نیو كیلۆ ئیمان و
یارۆی باخه‌وانیش
پلاسكۆیهك پێكه‌نینی بۆ بردن..!
له ئاوێنه‌كه‌وه ده‌نگی
تۆ دێ
كۆكه‌ی مه‌لا و
به‌یه‌كدادانی دوو كه‌ڵه‌شێر و
ده‌نگی خۆشی
سێ‌و فرۆش و
ورته ورتی ته‌نیایی و
زرم و كوتی ئه‌ڤین و
قڕقێنه‌ی خه‌م و
حیلكو هوڕی په‌پووله و
بۆڵه بۆڵی قوڕباقه و
خشه خشی دڵته‌نگی.. ده‌بیستم.
ئیدریس عه‌لی
سه‌ره‌تای پایزی 2011