Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
دوایین نامەى من بۆ سۆران مامە حەمە

دوایین نامەى من بۆ سۆران مامە حەمە

Closed
by July 28, 2008 گشتی

 گەورەم سۆران گیان یاخوا ئەو شەهادەت و پلە بەرزەت پیرۆزبیت چونكە لە ناخى دڵەوە حەزمەكرد منش ئەو پلە بەرزەم دەست كەوتایە هەرچەندە تۆ زۆر لە شەهادەت گەورە تر بویت . بمبورە درەنگ بڕیارم دا كە ئەم نامەیەت بۆ بنووسم چونكە بە ڕاستى لە سەرەتادا لە گیانى خۆم ئەترسام ، ئەترسام لەوەى ئەو كونەپەپووانەى روحە پەپۆلە ئاساكەى تۆیان هەڵفڕاند، بەڵایەك بە سەر منشدا بێنن، بەڵام بڕوا بكە بەردەوام شتێك لە ناخمدا ( خۆشم نازانم چى بوو ) پێى ئەوتم مەترسە، مەترسە بۆیە دوا جار بڕیارمدا كە بینوسم و كەمێك لە خەمى دڵم كەم بكەمەوە .
 كاكە سۆران ئێستا جێگاكەت لە نێو هاوڕىَ و هاوكار و دوستەكانت تەواو تەواو خاڵیە، هەر كامێكمان كە یەكتر ئەبینین جگە لە گریانێكى قەتیس ماوى لە نێو قووڕگمان هیچى ترمان نیە بیڵێن ، ئەگرین بۆ ئەو هەموو ڕۆژە جوانانە ، بۆ ئەو رابردووە تاڵ بەڵام خۆشەى كە بە یەكەوە لە كاتى كاركردن و خوێندن و … هتد.. كە بەیەكەوە بەسەرمان بردووە، لە سەرووى هەمووشیەوە بۆ ئەو مەرگە نا وەخت و ناشایانەى تۆ كە تەنها لە سەر ئەوەندە بوو لە ڕێگەى ووتار و رێپۆتاژەكانتەوە باسى فەسادە ئیدارى و ئەخلاقى و كۆمەڵایەتییەكانى ئەم بەر پرسە فاشل و گەندە بیرانەى شارەكەى خۆمان و حیزبە بازرگان و میلەت دۆش و گەنج كوژەكانت دەكرد ،  ئەو حیزبانەى كە هەمیشە خۆیان بە باوكە گەورەو شوانى ئەم میللەتە رەش و رووت و كاڵ فامە ئەزانن ، ئەگەر میللەت كەڵ فام نەبێت حەتمەن ئەبێ لە دوایى ئەم هەموو فەسادە جۆراوجۆرەى كە لە سەر دەستى هەردوو بوودەڵەكەى ووڵات چوار دەورى تەنییوین هەستن لە خەوى غەفڵت و بە ئاگابێنەوە بۆ ئەو هەموو دزییەى كە لێیان دەكرێت ، ئەگەر كاڵ فام نەبن ئەبىَ ئەم جارەیان لە هەڵبژاردندا نەك هەر دەنگ نەدەن بەڵكو بە هووتافى جەماوەرى خۆیان پەكى ئەو پرۆسە درۆیینە نا ئازاد و نا دیموكراسییەی كە ناویان ناوە هەڵبژارد بخەن، بۆ ئەوەى جارێكى تر ئەم دوو بچووكە نەیەنەوە سەر تەختى ووڵات و درێژە بە حوكمە قەرەقووشییەكەى خۆیان بدەن و قەتڵ و عامى گەنج و دەنگە ئازاد و جیاوازەكان بكەن .
 جوانەمەرگى هاوڕێم باوەڕ بكە ئێمە جگە لە چەند نووسین و ووتارێكى خەفەت ئامێز زیاتر هیچیكمان لە دەست نایەت بۆتۆى بكەین، بەڵام ئێستا بە هۆى ئەو نا ڕەزاییەتى و حەملە گەورێى كە هاوكارە دڵسۆزەكانت كردوویانە بۆ بە نێو دەوڵەتی كردنى قەزییەكەى تۆ خەریكە تك تك شەرەف و ئابڕوویان ئەتكىَ هەرچەندە دڵنیام كە ئەوان نە شەرەفیان هەیە و نە ئابڕوو چونكە ئەگەر هەیان بوایە قەت دەستیان ناچووە خوێنى گەنجێكى خەمخۆرى كەركوك .
 دڵنیاشبە هەرگیز بكوژەكانى تۆ نا دۆزیینەوە، چونكە ئەوان بە دڵنییاییەوە حیزبێكى گەورە و خاوەن مێژوو لە پشتیانەوە وەكو چیا وەستاوە و ئەمریان پێ ئەكات كە یەكە یەكە بمان كوژن .
 هاوڕىَ شیرینەكەم دڵنیاش بە كە ئەم دێووەزمە مەرگهێنەى بەر دەرگاى پێگرتووین بەس بە خوێنى تۆ تێر ناخوات ، تەنها دوو رۆژ دوایى شەهیدكردنى تۆ داوایى خوێنى چەند هاوكارێكى ترى لێكردین ئەوەتانىَ نووسەر هونەرمەند نیهاد جامى و رۆژنامەنووسان كوسرەت عەبدولرەحمان و محەمەد تاهیرى هاوڕىَ و هاوكارمان كونجێك شك نابەن بۆ خۆحەشاردان تا خۆیان لە كەڵبە تیژ و خوێناوییەكانى كوڕەكانى دوێنێى میللەت و پیاو كوژ و جەلادەكانى ئەمڕۆى شار رزگار بكەن .
 هاوڕى شەهیدەكەم خۆ من دڵنیام تۆ زۆر دڵسۆز تر و نیشتیمان پەروەر تر و خەمخۆر تر بویت بۆ كەركوك چونكە ئیشەكانى تۆ لە دواى پڕۆسەى ئازادییەوە دیارە كە چەندە خەمخۆرانە لە ڕێگەى ووتار و رێپۆرتاژەكانتەوە تیشكت ئەخستە سەر زامەكانى شار، تا لایەنى پەیوەنددار ئاوەڕى لێبداتەوە و خەمى بخوات، ئیشەكانى ئەوانیش دیارە كە ئامانجى یەكەمیان كپ كردنەوەى دەنگە جیاوز و گەنجانەكانە، بۆ ئەوەى هیچ كاتێك كەسێك نەبێت ببیتە لەمپەڕ لە بەردەم گیرفان پڕكردن و میللەت دۆشین و سەفتە كردنى پارەی ئەم ووڵاتە لە بانقەكانى ئەوروپا لە بەردەمییاندا ، بەڵام ئەبێت دڵنیابن كە هێشتا شار پڕێتى لە گەنجی سۆران ئاسا بۆ هەڵماڵینى پەردە لە سەر راستییەكان و دەرخستنیان و لابردنى ئەو ماسكەى كە چەندین ساڵە لە دەمووچاویان ناوە .
 هاوڕىَ گیڤاریستەكەم بیرمە هەمیشە ئەت ووت ئەبێت ئێمەش وەكو ( چى گیڤارا ) ووڵاتمان خۆش بوێت و خەباتى بۆ بكەین ، ئەوەتا ئیستا قسەكەى خۆت هێنایە دى و گیڤارا ئاسا خۆێنى خۆتكردە قوربانى ئەو وڵاتەى كە هەموو جۆرە مرۆڤێك حاكمە تێدا، هەر ئەو روحە گیڤاراییەش بوو لە ناختدا كە پاڵی پێوەنایت، تا دەست بخەیتە سەر بابەتى هەستیار و نەترسیت، بنو هاوڕیِگیان بنو، هەندێجاریش خۆزگەت پێ ئەخوازین بەوەى كە ئیدى بیر لەم هەموو بەربەرى و بەرەڵاییەى وڵات ناكەیتەوە.
 ئەزانى لە دواى ئەو كارەساتەى تۆوە خەریكە باوەڕم بە كۆمەڵێك چەمكى وەك " ئینتیمابوون، هاوڵاتیبوون، خزمەتى وڵات…نەمێنیت". چونكە هەموو ئەمانە لە تۆدا هەبوون و كەچى قەلەرەشەكانى شاخ و تاریكى دەستیان لىَ نەپاراستى، هیچیش دوور نیە دواى ئەم نامەیە ژیانى منیش بكەوێتە مەترسیەوە، بەڵام بەو پەڕى خۆشحاڵیەوە باوەڕم بەوە هەیە، كە مرۆڤ هەر یەكجار دەمرێ، ئەوجارەش خۆت ئاسا لە پێناو مەسەلەیەكى مرۆڤایەتى بمرێت، بۆیە بەلامەوە گرنگ نیە چى روودەدات.
 ماڵئاوا هاوڕێ جوانە مەرگەكەم،.. ماڵئاوا ئەى شەهیدى قەڵەم و شەهیدى گەیاندنى حەقیقەت.
 هاوڕێت
 شكۆ عومەر
 27/7/2008
 كەركوك
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.