Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
دوایین پیری نالی ناس كۆچی دوایی كرد

دوایین پیری نالی ناس كۆچی دوایی كرد

Closed



مارف خه‌زنه‌دار
نه‌یماوه‌ غه‌یری زیكرێكی یا صه‌بوور

له‌ كۆتایی ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو ( قورسیشه‌ منداڵیی و هه‌راشیم بخرێته‌ سیاقی سه‌ده‌ی رابردوه‌وه‌ ) یه‌كه‌م جار چوومه‌ ماڵی دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار ، به‌ بێجامه‌یه‌كه‌وه‌ سه‌رقاڵی باخچه‌ی ماڵه‌كه‌ی بوو ، بۆ منی تازه‌ هه‌راش ، دانیشتن له‌گه‌ڵ پیاوێكی له‌ چه‌شنی دكتۆر مارفدا كه‌ مه‌له‌وانێكی شاره‌زای به‌حری نالی و ناسراوترین روناكبیری هه‌ولێر و به‌رگریكارێكی له‌سه‌ر هه‌قی ره‌مزی نافیع و كوردایه‌تی كارێكی تا بڵێی مایه‌ی كامه‌رانی بوو ، دوای ئه‌وه‌ی به‌ ده‌م قسه‌وه‌ هه‌ندێ‌ بێڵكاریمان له‌ باخچه‌كه‌ی كرد ، چوومه‌وه‌ ژووره‌ پڕاوپڕ له‌ كتێبه‌كه‌ی ، هه‌ر زوو سیحری ئه‌و ژووره‌ دایگرتم ، منێك له‌گه‌ڵ دوو برا و دوو خوشك له‌ ژوورێكدا ده‌خه‌وتین ، زۆر جار له‌ حه‌وشه‌دا كتێبم ده‌خوێنده‌وه‌ و زوو زووش باوكم له‌ كتێبه‌كه‌ی داده‌بڕاندنم له‌وه‌ی كاسبیه‌ك بكه‌م باشتره‌ ، له‌ پڕ كه‌وتمه‌ ناو به‌هه‌شته‌كه‌ی ئه‌لیجێری دانتی ، كه‌وتمه‌ ناو بۆنی كتێبان ( كه‌ دواتر زانیم بۆنی كتێبخانه‌ زۆر له‌ بۆنی ناو كڵێسا ده‌چێت ) . من گه‌نج بووم و ئه‌ویش له‌وسه‌ری هه‌موو بابه‌ته‌كان هاتبۆوه‌ ، من باسی شۆفه‌ڵێكم ده‌كرد كه‌ پێویسته‌ هه‌رچی ئه‌دیبی كورده‌ رایماڵێ‌ ، ئه‌ویش خه‌می ئه‌وه‌ی بوو كه‌ نالی چه‌ند به‌یتی موله‌مه‌عی هه‌یه‌ . من پێم وابوو كورد پاكترین میلله‌تی مێژووه‌ و ئه‌و پێی وابوو نه‌ته‌وه‌ شه‌قاوێك ئه‌ولاتری عه‌شیره‌ته‌ ، من خوێن گه‌رم بووم و ده‌مویست له‌ناو شاعیرانی گه‌ڕه‌كی كوراندا یه‌كه‌مین بم و ئه‌و هێشتا سیحری جوانییه‌كانی سان بترسبۆرگ به‌ری نه‌دابوو . پێویسته‌ بڵێم كه‌ من زۆر قه‌رزاری دكتۆر مارفم ، هه‌میشه‌ ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی بۆ من كراوه‌ بووه‌ ، قه‌ت ره‌زیلی نه‌كردووه‌ له‌ وه‌ڵامێك كه‌ پرسیاره‌كه‌ی خه‌وی لێسه‌ندووم ، یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ ده‌ستی گرتووم له‌ تێگه‌یشتنی كلاسیكی كوردی ، لێكدانه‌وه‌ی به‌ نرخ و ناوازه‌ی هه‌بوو بۆ شیعری نوێی كوردی سه‌رده‌می عه‌بدوڵڵا گۆران و نه‌وه‌كه‌ی . زۆر جار به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چووینه‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی ته‌عجیل و عه‌ره‌بان و بیرێژێ‌ و یه‌كه‌ یه‌كه‌ نه‌خشه‌ی كۆنی هه‌ولێری پێده‌ناساندم ، باسی شه‌تڵه‌ خاسی له‌ شوێنانێك ده‌كرد كه‌ ببووه‌ كتێبخانه‌ و په‌نجه‌ی بۆ كۆڵانێك راده‌كێشا كه‌ كاتی خۆی كارێز بووه‌ ، ناوی ئه‌و ماڵه‌ ده‌گمه‌نانه‌ی پێده‌ناساندم كه‌ له‌ ساڵانی چله‌كاندا به‌ كوردی له‌ ماڵه‌وه‌ قسه‌یان ده‌كرد ، باسی قوتابخانه‌ی ئه‌ده‌بی سۆفیگه‌ری و شیعری ئۆتۆماتیكی سۆفیه‌كانی مێژووی ئیسلامی بۆ ده‌كردم كه‌ پێش چه‌ندین سه‌ده‌ له‌ خۆرئاواییه‌كان نوێگه‌رییان داهێناوه‌ ( ئه‌و نوێگه‌رییه‌ی كه‌ له‌ سه‌ده‌ی بیستدا خۆرئاواییه‌كان پێوه‌ی ده‌نازن  !) له‌ رێی ئه‌وه‌وه‌ من كتێبی ( عروج ) ی محێدین بن عه‌ره‌بی و ( الامتاع والموانسه‌ ) ئه‌بی حه‌ییانی ته‌وحیدی و (فن الهوا ) ی ئۆڤید و ( كۆمیدای ئیلاهی ) ئه‌لیجێری دانتیم خوێنده‌وه‌ ، له‌ ماڵه‌كه‌یدا به‌دیع باباجانم ناسی ، هه‌رده‌م سفره‌ی خواردن و سفره‌ی زانست و سفره‌ی كتێب بۆ هه‌مووان واڵا بوو ، خانه‌واده‌یه‌كی هه‌بوو له‌ ئاو پاكتر و له‌ حه‌لوا نه‌رمتر ، زۆر باسی نووسینه‌وه‌ی یاداشتمان ده‌كرد ( خۆشبه‌ختانه‌ له‌م ساڵدا به‌ هیممه‌تی دكتۆر شوان یابه‌ ، یاداشته‌كانی دكتۆر له‌ دوو توێی حه‌وت به‌رگدا به‌ ناونیشانی چاپ ده‌كرێت و بڵاوده‌بێته‌وه‌ ) بیرمه‌ هه‌ندێ‌ كتێبی یاداشتیشم پێدا كه‌ پێم وابوو سوودیان ده‌بێ‌ ، له‌وانه‌ ( راپۆرت بۆ گریك ) نیكۆس كازانتزاكیس . دواتر به‌هۆی كارێكه‌وه‌ لێكدابڕاین ، هه‌میشه‌ش دانم پیاناوه‌ كه‌ ئه‌و دابڕانه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ی من بوو ، من خه‌تابارم له‌وه‌ی دوو كتێبی دكتۆر مارفم فه‌وتاند ، گه‌نج بووم هه‌ر هێنده‌ له‌ دنیا ده‌گه‌یشتم ، ده‌ربه‌ست نه‌بووم به‌ دنیا و ره‌فیقایه‌تییه‌وه‌ ، دوو كتێبه‌كه‌م فرۆشت و كتێبی ( فی ساعه‌ النحس ) گابرێل گارسیا ماركیزم پێكڕی ( كه‌ ئێستاش لای من خۆشه‌ویسترین رۆمانه‌ ) هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ شه‌فاعه‌تم بۆ ناكات له‌ فه‌وتاندنی دوو به‌شه‌كه‌ی ( تاریخ المانیا الهتلریه‌ ) و چه‌ندین جاریش داوای لێبووردنم بۆ ناردووه‌ و هه‌موو جارێكیش به‌ دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌ رێی كاك دكتۆر شوان یابه‌وه‌ په‌یامی بۆ دناردم و گوتبووی ( كتێب به‌ قوربانی ته‌ڵعه‌ت بێ‌ ، به‌ڵام با بیبینم و بێته‌ لام و سه‌ردانم بكات ) ، من بوومه‌ منداره‌ سلێمانی و به‌دیار ئه‌زمڕه‌وه‌ رۆژانم ده‌گوزه‌راند و ئه‌ویش هه‌ر له‌ ماڵه‌ روناكه‌كه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كی روناكیدا مایه‌وه‌ ، بۆ زیاتر له‌ پانزه‌ ساڵ ده‌چێ‌ من له‌ قسه‌ و زانست و كه‌سایه‌تی ناوازه‌ی دكتۆر مارف دوورم و رووم نه‌بوو چاوم به‌ چاوی بكه‌وێته‌وه‌ ، به‌ڵام خه‌فه‌تم له‌وه‌دایه‌ كه‌ مرد و پێم نه‌گوت چه‌ندم خۆشویستووه‌ ، مرد و وه‌كو پێویست داوای لێبووردنم لێنه‌كرد ، هیتله‌ر ته‌نیا جوله‌كه‌كانی نه‌سوتاند ، په‌یوه‌ندییه‌ جوانه‌كه‌ی من و دكتۆر مارفیشی سوتاند ، مێژووی ئه‌ڵمانیای هیتله‌ری ، مێژووی نێوان من و دكتۆر مارفیشی كاول كرد ، چه‌ند حه‌ز ده‌كه‌م رۆژگار بسوڕێته‌وه‌ و ده‌ست بۆ ئه‌و دوو كتێبه‌ نه‌به‌م ، رۆژان بێته‌وه‌ و خاكه‌ناسێك بگرم و له‌ باخچه‌كه‌یدا باسی جۆره‌كانی شه‌راب و شیعری نالی و په‌نجا فلسه‌كه‌ی محه‌مه‌د مه‌ولود مه‌م بكه‌ینه‌وه‌ ( ئه‌مجاره‌یان شه‌رت بێ‌ قسه‌ له‌ قسه‌ی نه‌كه‌م و ته‌نیا سه‌ر راوه‌شێنم ) .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.