Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دوو بان و چوار هەوا…..محەمەدى مشیر

دوو بان و چوار هەوا…..محەمەدى مشیر

Closed
by July 16, 2008 گشتی

 دواى نەمانى بەعس لە سنوورى هەرێمى کوردستان و دواتریش رووخانى لە ساڵى 2003دا، خەڵکى زەحمەتکێش و کەمدەرامەتى کوردستان هەناسەیەکى قووڵیان هەڵمژى بەو هیوایەى جارێکى دیکە کەس ماف و ئازادییەکانیان پێشێلنەکا و وەک مرۆڤى شوێنە بەختەوەرەکانى جیهان ئەوانیش کەمێک بەختەوەربن، بەڵام مخابن سەربارى سامانى سروشتى و داهاتى نەوت و خێروبێرى زۆر و زەوەندى ئەم وڵاتە، نەک هەر ئەو هیوایەیان وەکو پێویست نەهاتەدى، بەڵکو هەزوو لە سایەى ململانێى بەرتەسکى حزبایەتى، فیفتی – فیفتی، شەڕى ناوەخۆ، فڕانفڕانى حزبەکان و دوو ئیدارەیى، دواتریش یەکخستنەوەى هەردووئیدارەکەو تا ئەو چرکەیەش، ئەگەر خەڵکى شوێنەکانى دیکە لە بەدبەختیان بانێک و دوو هەواى هەبووبێ ئەوا خەڵکى کوردستان لە خۆشبەختیان دوو بان و چوار هەواى هەیە. خەنى لۆخۆت هاووڵاتى چیت دەوێ؟!
  پارساڵ بەرکەوتى بەشى هەرێم لە بودجەى عێراقى فیدڕاڵ نزیکەى 7 ملیار دۆلارێک بوو، گریمان دانیشتوانى هەر سێ پارێزگاکەى سنوورى هەرێم ژمارەیان 4 ملیۆن کەسە، ئەوا هەر کەسێکى ئەو سنوورە 1 ملیۆن و 750 هەزار دۆلارى بەردەکەوێ، بەم پارەیەش هەر هاووڵاتییەک دەتوانێ تەواوى کێشەکانى نیشتەجێبوون و کارەباو سووتەمەنى و تەندروستى و…. چارەسەر بکات، لێ گەلو عەجایب لەوەیدایە ئەو هەموو داهاتەت هەبێ و دواى حەڤدە ساڵیش هێشتا لەو دەڤەرەدا خەڵکى کرێچى وکێشەى کارەباو ئاو و سووتەمەنى و تەندروستى و ……….. هەبێت. سەربارى هەموو ئەمانەش دوو بان و چوار هەوات هەبێ، ئەوجا لەکام بان دەخەوێ و هەواى کام بان هەڵدەمژى بۆخۆت ئازادى و دەبێ خۆشت بە بەختەوەر بزانى کە مافت هەیە هەواى چواربانان هەڵمژى!!
 ئەم دوو بان و چوار هەواییە ماوەى تەواوى ئەو حەڤدە ساڵە گەورەترین کۆسپ بووە لە بەردەم چارەسەربوونى زۆربەى کێشەکانى خەڵکى کوردستان و تەنانەت بەگۆڕانى کابینەکانى حکومەت و پەرلەمانیش بەشێکى زۆرى کێشەکان هەر بە هەڵپەساردراوى و بێچارەسەر ماونەتەوە. ئەوەتا زیادە مووچەیەک کە تەواوى بودجەکەى لە حکومەتى فیدڕاڵەوە بۆ دابینکراوە ماوەیەکى باشە ئەم مانگ و ئەو مانگى پێدەکرێ و کێشەیەکى گەورەى ئیدارى ناوەتەوە، هەر بانەو بە جۆرێک قسەى لێدەکات.بانى یەکەم لەمبارەیەوە دەڵێ: زیادەى مووچەى فەرمانبەران هەمووى یەک دەفعە دەدرێ، دواى چەند کاتژمێرێک بانى دووەم دەڵێ: نا بابە شتى وانییە هەر مانگێ زیادەیەک دەدرێ، بانى یەکەم دەڵێ: کاکە کیان دەرماڵەکانى هەر شەش مانگى پێشوو ناگێرینەوە و هەموو زیادە مووچەکەش دەدەین، بانى دووەم دەڵێ: خەڵکینە شتى وانییە و دەرماڵەى هەر شەش مانگ دەگێڕینەوە و زیادە مووچەکانیشتان بە یەکجار نادەینێ نەوەکو بازاڕ لەم گەرمایە بێتامەدا ئاگر بکاتەوە. ئەوجا ئەى هاووڵاتى بەختەوەرى ئەم وڵاتە ئازادبە و بە کەیفى خۆت هەواى یەکێ لەو بانە بەرزانە تێرتێر هەڵمژە تا ئەو کاتەى بانى یەکەم و بانى دووەم بڕیارى لێدەدەن و پێت دەڵێن هەواى کامە بان بێگەردو سازگارترە!!
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.