Skip to Content

Friday, March 29th, 2024

دوو درۆی گه‌رم‌ بۆ ڤیکتۆریا …. گۆران ڕەسووڵ

Closed
by June 4, 2013 ئەدەب

 

 

 


(حەقیقەتی شاراوە)

 

خۆم لەسەر درۆیەكی تر ڕادەهێنم

كتێبی فێڵ ئەزبەر دەكەم 

ڕۆژانە گوزارشت لە شتی نەبوو دەكەم

درۆی شیرین شیرین دەبەشمەوە 

ماڵەكەم پڕ دەكەم لە درۆی جۆراوجۆر 

میوانخانەكەم بە درۆی سەرسوڕهێنەر ڕازاندۆتەوە 

ژووری نووستنەكەم پڕبووە

لەو درۆیانەی كە بە ئەستەم چنگی خەیاڵ دەیانگاتێ

 

كتێبخانەكەم 

ئای كتێبەكانم، ڕەنگتان بە درۆكانتانەوە گرتووە.

دەمەوێ لە درۆكردندا كەس لە من لێهاتووتر نەبێ

من بە درۆ ڕۆژدەكەمەوە 

بە درۆ بەیانی باش لە هاوڕێكەم دەكەم 

بە درۆ خۆم لەگەڵ دەوروبەرەكەمدا ڕاهێناوە،

ئەوانیش هەروا…

 

درۆ دەپۆشم 

خۆم لە نێو درۆدا هەڵدەكێشم و 

دەمەوێ بۆنی درۆیەكانم ڕۆژەڕێیەك بڕوات.

 

هەر بەدرۆ خۆم  مەست دەكەم

مەستم و بەدرۆ خۆم بەئاگا نیشاندەدەم 

 

درۆ، 

دەكەم بە پێوەر بۆ هەموو شتێك

بە درۆ دەخەوم و لەخەونمدا درۆیەكی شاخدار بۆ دایكم دەكەم

درۆ لەگەڵ خۆمدا دەكەم و

لەگەڵ خۆمدا ناگەمە ئەنجام

ئەوەندە درۆم بۆ خۆم دەکرم 

بەردەوام گێژم و سەرم ژان دەكا.

 

خوێنەری ئەو ڕۆژنامانەم 

كە زۆرترین درۆ بڵاودەكەنەوە

لە مۆبایلەكەمدا تەنیا ناوی ئەوانەی تێدایە 

كە گوێ بۆ درۆی من شل دەكەن.

 

هەناسەكانم درۆن 

ڕوانینەكانم درۆن

ڕۆیشتن و نووستن و

پەرستن و سێكسەكانمان درۆن.

ئەم شیعرەش هەر درۆ

 

لەدایكبوونمان درۆیەكی جوانە

تا دوا پەتۆ

با بە درۆوە بژین!

 

*************************

 

(هه‌مووان به‌مجۆره‌ ده‌فڕن)

 

ئەگەر لێم بپرسی:

بۆچی ڕۆژەكان دەنووسییەوە؟ 

وەك ئەوە وایە كە بپرسی:

بۆ هێندە لە تاریكیدا دەخولێیەوە؟

ئەگەر بشپرسی بۆ هێندە لە تاریكاییدا دەخولێمەوە!

وەك ئەوە وایە بپرسی:

بۆچی لەدایكبووی؟

كە دەپرسی بۆچی لەدایكبووی!

وك ئەوە وایە سەرت بسوڕمێ كە ئاو بۆ ڕەنگی نییە!

كە سەرت لە بێ ڕەنگی ئاو دەسوڕمێ،

وەك ئەوە وایە بپرسی:

(قابیل) جگە لە كوشتن هیچ ڕێگەیەكی تری نەبوو لەگەڵ (هابیل)دا

كە قابیل كوشتن وەك تاكە ڕێگه‌ هەڵدەبژێرێ

هەردووكمان 

پەرستن وەلا دەنێین و 

بیر لە پەیوەندیەكی تر 

بۆ بەستنەوەی

مرۆڤ بە خودا دەكەینەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.