Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
دوو دیمەن، تاکتیکەکەی قەزافی و زیندانەکەی موبارەک

دوو دیمەن، تاکتیکەکەی قەزافی و زیندانەکەی موبارەک

Closed
by September 15, 2011 گشتی

 

لە مێژووی نزیکدا دوو دیمەن خۆیان نیشانداوین، دوو دیمەن هەر یەکەو بە ئاڕاستەیەک وێنای خۆی کردووە و  خۆی بەیانکردووە، دوو دیمەن هەردووکیان وەک دوو ڕوی دراوێکن و چەمکگەلێک کۆیکردونەتەوە، ئەویش چەمکی ئازادی و شۆڕش. بە واتایەکی تر هەردوو دیمەنەکە بۆ دەربازبوون بووە لە دەست کۆیلەی و بەرپاکردنی شۆڕش دژی دیسپۆتییزم و ئەو سەرکردانەی کە بە تەما بوون دوای دەسەڵاتی ساڵەهای ساڵی خۆیان، کورسی حوکم پێشکەشی کوڕ و بنەماڵەکەیان بکەن.
دوو دیمەن هەنوکە خەریکە ئەبێتە دوو مۆدێلی جیاواز بۆ شۆڕشە نوێکانی ئیستا، دیمەنی یەکەم، دیمەنی بەجێهێشتنی ” باب لعەزیزیە” لەلایەن قەزافیەوە وەک تاکتیک، دیمەنی دووەم دادگاییکردنی موبارەک و ئەو وێنانەی موبارەک لە ناو قەفەزی تاواندا لە زیندان، پاش بەجێهێشتنی دەسەلات.

ئەگەرچی ئەم دوو دیمەنە هەردووکی پێمان دەڵێت، کەوتنی دیکتاتۆرەکان بوەتە مۆدێل و مادام گەل هاتۆتە مەیدان، مانەوەی ئەم دیکتاتۆرانە ئەستەمە، بەڵام  گرفت لەوەدایە مۆدیلی یەکەم، واتا قەزافی وڵاتێک دوای خۆی جێدەهێڵێت، سەرخان و ژێرخانی داڕوخاو، ولاتێک لە ئێستادا هەموو هێزە جیاوازەکان تەنها بۆ لەناوبردنی قەزافی لەسەر خوانێک کۆبونەتەوە، لە هەمووی خراپتر لیبیای دوای قەزافی، لیبیایەکە پڕ لە چەک، پڕ لە قین، پڕ لە خوێن، چونکە هەنوکە لەو وڵاتە خوێن ڕشتن و تۆڵەکردنەوە ئامادەگی هەیە، قەزافی لەهەمووان باشتر دەیزانی کەوتنی حوکمی دیکتاتۆریانەی مسۆگەرە، بەڵام  ویستی ئەوەبوو کاتێک دەسەڵات جێدەهێڵێت، لیبیا ببێتە خەرابە و کاول ببێت، بۆئەوەی لیبییەکان نەتوانن تا چەند دەیەیەک ئاسودە بژین، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوە بوو لەو ڕاپەڕینەی دژی ئەو کرا.
دیمەنی دووەم، دیمەنی موبارەک، ئەگەرچی هەندێک وای بۆ دەچن کە سوپا پشتگیری لە موبارەک نەکرد، ئەگەر نا لە قەزافی خراپتری دەکرد، بەڵام لەوە دڵنیام موبارەک ئەگەر هەر کەس کەسیشی بەدەستەوە نەمایە، لانیکەم دەیتوانی دەهەزار کەس لە لایەنگرانی خۆی بکردایەتە چەکدار بۆ وێزەی گیانی میسرییەکان، بەڵام موبارەک هات دەسەڵاتی جیهێشت و لە یەکێک لە کۆشکەکاندا مایەوە، پاشان سەربەرزانە چووە بەردەم دادگا(پاش ئەوەی تەنانەت لەلایەن خودی ئیسرائیلەوە دالدەی درا، جا چ جای ولاتانی تر)، دیارە میسریش وەک کۆمەڵگایەکی (عەریق)، ئەمەیان لە موبارەک قبوڵ کرد، بەلام دواییەکەی دایانە دادگا، تەنها بۆ ئەوەی ببیتە عیبرەت بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە چاویان بڕیوەتە کورسیەکەی موبارەک لە میسردا.
دیمەنی دادگایکردنی موبارەک و تۆپبارانکردنی فڕۆکەخانەی تەرابولس لەلایەن قەزافیەوە، پێمان دەڵێن، ئەم دوو دیمەنە بە ئەندازەی ئاسمان و ڕێسمان جیاوازن، ئەگەرچی لە بنەڕەتدا هەردوکیان پێیان دەوتریت دیکتاتۆر، بەلام ئەمیان، واتا موبارەک ولاتێک دوای خۆی جیدەهێڵێت کە پرە لە کێشمە کێشی سیاسی و جیاوازی، بەڵام بێ چەک و تفەنگ(چونکە چەک بە گشتی لە دەستی هیزە سەربازییەکانی ولاتدایە)، بەلام ئەوی تریان. واتا قەزافی، ولاتێکی بە ناوی لیبیا جێهێشت یان ڕاستتر پێی جێهێڵرا، پڕە لە چەک و تفەنگ لە دەستی ئەو هیزە سیاسییانەی کە پێدەچیت، ئەگەر لەسەر دەسەڵات بەرامبەر یەکتر نەشکەونە شەڕی ناوخۆ ، بەلام پێناچێت بە ئاسانی لە دەست چەک و چەکداری نەجاتیان ببێت و چەک نەبیتە میتۆدی یەکلاکەرەوە لە یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکاندا، بە شێوەیەک، وەک کوردستانی خۆمان تا دەیەها ساڵی تر بە دەست بەربلاوی چەکەوە بناڵن.

ئاری ئەبوبەکر

ئاری ئەبوبەکرموبارەک بە هەموو کەموکوڕیەکانیەوە، بە ویستی دەسەلات وکورسی بە جێهێشتن بۆ کوڕەکانی، سەلماندی کە مێژوو بە قازانجی ئەو و گەلی میسری نوسرایەوە، بەلام قەزافی، جگە لەوەی بەر نەعلەتەی زەمانە کەوت، مێژوویەکی تۆمارکرد، جگە لە خۆی هیچ کەس حەسودی پی نابات، جا ئافەرم بۆ ئەو سەرکردەیەی کە مێژژویەکی(عەریق) بۆ خۆی تۆماردەکات لە ناو ئەم شۆڕشانەی لە پێناو ئازادیدا دەکرێت.
لە ڕۆژنامەی ئاوێنە ژ. ٢٩١ دا بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.