دوو شه‌و له مێوانداریی ئیمام
یاده‌وه‌ری
له دوای وه‌ی ئه‌نفال هه‌ڵیداین و خۆمان به بنه‌گوێنیه‌كانی قه‌ندیل گرته‌وه، له‌وێ له سه‌هۆڵبه‌ندانی ئه‌وێ، له بن تاشه‌به‌رده‌كان وه‌ك به‌راز غه‌زرین و تا به‌هاری رابوونی گه‌وره ماینه‌وه، له‌و ماوه‌یه من سێ جار ئاودیوی دیوی رۆژهه‌ڵات بووم، هه‌ر جاره‌ی سێ شه‌و له شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ژێر عه‌بای ئاخوندان مامه‌وه، له‌و نۆ شه‌وه دوو شه‌و مه‌به‌سته و به‌و گێڕانه‌وه‌یه په‌یوه‌سته…
دره‌نگه، جاده كه‌سی پێوه نه‌ما، ماڵنووستنانه، شار كشومات، ده‌ڵێی له بن به‌فر خه‌وتووه، چی بكه‌م! كێ په‌نام ده‌دات؟ چه‌ندی سه‌ر دێنم و ده‌به‌م رێی سێیه‌م شكنابه‌م، ته‌نێ دوو رێم له پێشه، یه‌كیان رووه‌و سه‌رێ، تا ده‌گه‌یتێ كۆڵانی ته‌نگ ده‌تداته كۆلانی ته‌نگتر و پێ به پێش بڵندتر، رێگای دووه‌میش به‌و خواره‌دا به‌و جاده‌یه وه‌ك بیستم هێنده شۆڕنابیته‌وه، ئێستا له پێش ده‌رگای مزگه‌فتێكم، ئیدی چار نیه، دره‌نگه با پێ هه‌ڵێنم، یان سه‌رێ یان خوارێ، كامیان؟
+ ده‌ڵێی تۆش وه‌ك ئێمه جێی شه‌وت نیه؟
– ئێوه‌ش! وا دیاره ئه‌و شاره په‌نامان نادات.
له‌و سه‌روبه‌نده‌ی ده‌مویست رێیه‌ك هه‌ڵبژێرمـ تووشی ئه‌و دوو رێبواره بێ جێورێیه بووم، له خۆم بێ جێورێتر، ئه‌وه‌تا سێ پیاوی له ماڵ و وڵات راونراو له دره‌نگانی شه‌وێكی به‌هاری له پێش ده‌رگای مزگه‌فتێكی شاری سه‌رده‌شت، ده‌ڵێی ده‌رۆزه‌كه‌رین له به‌رده‌م قاپیی ماڵی خودا و دیاره خودا ده‌رگامان لێناكاته‌وه، له سه‌ر ئه‌وه بووین رێی خوارێ بگرینه به‌ر، بووه ته‌قوتۆق و زرموهۆڕ، له ئاسمانی سه‌رده‌شت گولله به گولله ده‌كه‌وت، گیزه‌ی گولله مه‌رگی پێیه، ترس دێنێ، وا دیاره به سه‌ر سه‌رده‌شتیان دادا، تونتر له ده‌رگای ماڵی خودامان دا، نه‌یكرده‌وه، دیواری حه‌وشه‌ی ماڵی خودا‌ش هێند نه‌وی نیه، بتوانی به سه‌ریدا ئاودیو بیت، گولله به جاده و كۆڵاناندا دێ، ته‌ق، ته‌پ..ده‌ڵێی شه‌ڕی گه‌وره كه‌وتۆته ئه‌و كۆڵانه‌وه، گولله بوار نادا جێگۆڕكێ بكه‌ین، به پێوه پشتمان به دواری ماڵی خودا داوه، له‌گه‌ڵ دیوار خۆمان كردۆته یه‌ك، پیاوێكیان كه كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌وه به هه‌ردووكمان هێنده‌ی وی نابین، پێده‌چێ پتر بترسێ، گوێم لێیه له خودا ده‌پاڕێته‌وه:
((خودایه بمانپارێزه، خودایه هانامان بۆ ماڵت هێناوه،ده‌رگا بكه‌وه))
من زۆریش ده‌ترسام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گوتم:
مه‌ترسێ، جێ‌مان خراپ نیه، گولله نایگرێته‌وه..
پتر ترسا:
خودایه، ئه‌و دیواره‌مان بۆ برووخێنه..
پیاوه‌كه‌یدی كه كورتیله‌ی ره‌قه‌ڵه‌یه به پێكه‌نینه‌وه:
خودا به ده‌ستی خۆی ماڵی خۆی نارووخێنێ، توند قوونی لێده ده‌رووخێ!
چه‌ند سه‌خته مردن له بن دیواری ماڵی خودا له ختوخۆڕا، چ پووچگه‌راییه مردن به گولله‌یه‌ك نازانی له كێوه و بۆ كێ دێ، له كوێوه و بۆ كوێ ده‌چێ، تۆ به‌رێ خۆ دێ، من به ناو ئه‌و هه‌موو شه‌ڕو شۆڕه‌دا هاتم، نه‌مردم، سه‌نگه‌رم له سێبه‌ری كۆپته‌ر بوو، نه‌مردم، چه‌ند شه‌قاوێ دوور له زنجیری ده‌بابه ده‌ست له سه‌ر په‌لاپیتكه و هه‌ناسه‌م له خۆم بڕیبوو، نه‌مردم، به كه‌لێنی تۆپه‌كاندا گورگه لۆقه‌م ده‌كرد، نه‌مردم، به سه‌ر میندا بازم ده‌دا و خۆم له ساچمه لاده‌دا، نه‌مردم، له شه‌ڕه‌كان له بۆسه‌كان گولله وه‌ك ته‌زره دایده‌كرد، نه‌مردم، كه‌چی ئێستا، له دره‌نگانی شه‌و، له بن دیواری مزگه‌فتی سه‌رده‌شت گولله‌یه‌ك كه په‌یوه‌ندی به منه‌وه نیه، جێم ده‌كاته ئه‌و جێ و ساردم ده‌كاته‌وه، ئای چ كه‌رایه‌تیه‌كه‌م كرد كه زوو رێی سه‌رێم نه‌گرت..
ته‌قه كه‌مێك كه‌مبۆته‌وه، گیزه‌ی گولله نایه، نه‌ما، ته‌قه نه‌ما، پیاوه قه‌ڵه‌وه‌كه ده‌ڵێ:
سوپاس خودایه، سوپاس سه‌گتۆپت نه‌كردین.
هه‌ر به دیواره‌وه نووساوین، پیاوه ره‌قه‌ڵه‌كه گوتی:
ده‌ی تا ته‌قه ده‌ستیپێنه‌كردۆته‌وه با بڕۆین..
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و:
به ته‌مایه ده‌ستپێبكاته‌وه؟
من هه‌ر له خۆوه گوتم:
نا، بڕواناكه‌م..
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و پرسی:
بچینه كوێ؟
دوا ده‌نگی پرسیاره‌كه تێكه‌ڵی ده‌نگی سێ چوار چه‌كدار بوو، به فارسی لێیان خوڕین و ده‌ستیان پێبه‌رزكردینه‌وه و راپێچیان داین، رووه و جاده‌كه‌ی خوارێ، بۆ كوێ؟ چه‌ندی گوتمان:
((چڕا چڕا؟ كوجا كوجا؟))
كه‌لكی نه‌بوو لووله‌ی تفه‌نگیان له سه‌ر پشتی ملمان دانابوو، به غار غاریان پێده‌داین، قیڕسی له‌وه، هه‌ر هه‌ڵه نه‌كه‌ن و بیته‌قێنن! گه‌یشتینه سه‌ره كۆڵانێك، سووڕاینه‌وه و له پێش خانووێكی كه‌مێك گه‌وره وه‌ستاین، به پۆلیسخانه ده‌چوو، پازده بیست چه‌كدارێك ده‌ست له سه‌ر چه‌ك تێكده‌سووڕان، له ناویان دوان یان سێیان به جلكه كوردیه‌كه‌یان زانیم جاشن، ئێمه‌یان له‌و گۆڕه راگرت، جاشێكیان كه خركه‌له‌یه‌ك بوو هاته بن گوێم و گوتی:
ئێوه خه‌ڵكی كوێن؟
گوتم:
ئێمه هی ئه‌و دیوین..
جاش گوتی:
ئه‌دی بۆچی گیراون؟
گوتم:
له خۆڕا، له جاده بووین، جێ‌مان نه‌بوو..
جاش گوتی:
كه‌س ئاگای لێتان نیه، ده‌توانن خۆ بدزنه‌وه و خۆ بزربكه‌ن..
من گوتم:
به‌ڵام ئێمه هیچمان نه‌كردووه..
جاش گوتی:
به قسه‌ی من ده‌كه‌ن، بڕۆن و خۆ بده‌نه په‌نایه‌ك.
من گوتم:
به‌ڵام له‌و نزیكانه چ په‌نایه‌كمان نیه و ده‌مانگرنه‌وه، ده تۆ په‌نایه‌ك…
قسه‌كه‌م ته‌واو نه‌كردبوو، چوار پێنجێك هاتن و رایانپێچاین، خۆمان له ژوورێكی گچكه كه هه‌ر گه‌زێك به گه‌زێك ده‌بوو دیته‌وه و له‌و دیویشه‌وه ده‌رگاگه‌یان كلیل دا، پیاوه ره‌قه‌ڵه‌كه گوتی:
كوڕه خۆ له ئاوده‌ستیان كردین
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و گوتی:
تڕحێو له‌و كۆماری ئیسلامیه!
منیش گوتم:
له ده‌ستمچوو به قسه‌ی جاشه‌كه‌م نه‌كرد..
جاری یه‌كه‌ممه له ئاوده‌ست بكرێم، زۆرم له باره‌ی ئاوده‌سته‌وه بیستبوو، زۆر كه‌س شه‌ویان له ئاوده‌ست كردۆته‌وه، زۆر براده‌ر و ناسیار ده‌یانگێڕایه‌وه:
(( گرتمیان، له ئاوده‌ستیان كردم، شه‌و و رۆژێك له ئاوده‌ستیان هێشتمه‌وه، بۆنی گووی دنیام گرت، ئێستاش لێمنه‌بۆته‌وه))
ئه‌وشه‌و به پێوه له ئاوده‌ستمان نه‌هێڵنه‌وه، ئه‌و جێیه جێی پێنج كه‌سی لێنابێته‌وه، ئاخر پیاوه كه‌ته قه‌ڵه‌وه‌كه به قه‌د سێ كه‌س ده‌بێ، پیاوه كورتیله ره‌قه‌ڵه‌كه به قه‌ڵه‌وه‌كه ده‌ڵێ:
كه‌مێك ورگت لاده پانبوومه‌وه
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و به هێواشی ده‌ڵێ:
ئێ بیخه‌مه كوێی كۆماری ئیسلامیه‌وه؟!
من ده‌ڵێم:
كوا چ ورگی هه‌یه! هه‌ر بایی یه‌ك حه‌فته‌ی زیندانه
ره‌قه‌ڵه‌كه:
بۆ پێتوایه حه‌فته‌یه‌ك ده‌مانهێلنه‌وه؟
قه‌ڵه‌وه‌كه:
ئێمه كه‌وتووینه كۆماری ئاوده‌سته‌وه، ئه‌گه‌ر به حه‌فته لێی ده‌ربچین مه‌منوونین.
ره‌قه‌ڵه‌كه:
كۆماری ئاوده‌ست چیه؟
قه‌ڵه‌وه‌كه:
له كنه من كۆماری ئیسلامی گۆڕا بۆ كۆماری ئاوده‌ست، ئێران كه‌ی كۆماری ئیسلامیه!
من:
هێواش قسه‌بكه گوێیان لێبێ شلوكوتت ده‌كه‌ن
قه‌ڵه‌وه‌كه:
ئاخر ئێمه چیمان كردووه، وا له ئاوده‌ستیان كردووین! ئێوه بۆن ناكه‌ن؟ چ بۆنێكی لێدێ!
من:
بۆنی كۆماری ئیسلامی لێدێ؟
قه‌ڵه‌وه‌كه:
ده‌ق وایه
ره‌قه‌ڵه‌كه:
كوڕینه من ده‌ترسم، زۆر ده‌ترسم به‌رگه‌ی لێدان ناگرم
من:
به‌ڵام كێ ده‌ڵێ لێمانده‌ده‌ن، ره‌نگه لێكۆلێنه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ بكه‌ن و به‌ره‌ڵامان بكه‌ن، ئێمه نه ئێرانین و نه هیچمان له سه‌ره..
ره‌قه‌ڵه‌كه:
پێناچێ وا به ئاسانی لێیده‌رچین
قه‌ڵه‌وه‌كه:
ئێ، با قامچیه‌ك و دوو زلله و پێله‌قه‌ت لێبده‌ن
ره‌قه‌ڵه‌كه:
به خوا یه‌ك قامچیم لێده‌ن دان به هه‌موو شتێك‌دا ده‌نێم..
له‌و ده‌مه ده‌رگایان كرده‌وه، رایانكێشاینه ده‌ره‌وه و هه‌ر له‌وێ ده‌ستیان له پشته‌وه به‌ستین، پێشه‌وه‌ی سواری ماشێنمان بكه‌ن، چاویشیان به‌ستین، پیاوه قه‌ڵه‌وه‌كه به تووڕه‌یی:
(( لۆ وامان لێده‌كه‌ن، چیمان كردووه))
وا بزانم قۆنداخه تفه‌نگێكیان خه‌واندێ، ته‌ق و تۆق نه‌مایه، ده‌نگ هه‌ر ده‌نگی چه‌ند ماشێنێكه كه زۆر به توندی ئیستاپ ده‌گرن و بۆنی تایه به شاردا بڵاوده‌كه‌نه‌وه، ئێستا له ناو ماشێنێكین، هێند خێرا ده‌ڕوا به سه‌ر یه‌كدا ده‌كه‌وین، ده‌بێ بۆ كوێمان ببه‌ن؟ له تڕێ سه‌ی نه‌چین! ره‌نگه بیست سی پێچی كردبێته‌وه، له هه‌ر پێچێك سه‌راوبن ده‌بین، ئێستا به هه‌ورازه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گه‌ڕێ، هه‌بێ نه‌بێ به‌ره‌و شوێنه ترسناكه‌كه‌مان ده‌به‌ن، پێشتر جارێك كاوه‌ی كه‌لكه‌سماق گوتی:
((ئه‌ها ئه‌و سه‌ره وا بزانم شوێنی لێكۆڵینه‌وه و ئه‌شكه‌نجه‌دانه))
ده‌ق وایه بۆ ئه‌وێمان ده‌به‌ن، دایانبه‌زاندین، چه‌ند پێبلقه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتین، ته‌واوێك رۆیشتین، ده‌مانپشكنن، كاتژمێره‌كه‌یان له ده‌ستم كرده‌وه، سووم لێنه‌بۆوه، پاكه‌ت و چه‌رخه‌كه‌میان برد، ماڵم كاوڵ بوو، ده‌ستی خسته ئه‌و گیرفانه‌ی نزیكه‌ی چوار سه‌د تومه‌نێك و په‌ڕه كاخه‌زی په‌ڕینه‌وه‌ی تێدا بو، وا بزانم نه‌یانبرد، چ له چاوبه‌ستن ناخۆشتره! من جاری یه‌كه‌ممه تووشی چاو به‌ستنی به راستی ببم، به‌ڵام جاری دووه‌ممه چاوبه‌ستن بمترسێنێ، له بیرمه منداڵ بووم، زۆر منداڵ، هێند منداڵ له چاوبه‌ستنی به قه‌ستیش هه‌تره‌شم ده‌چوو، خوشكێكم دوو سێ ساڵێ له من گه‌وره‌تر، هه‌ر من و ئه‌و له ماڵ بووین، گوتی:
وه‌ره گه‌مه‌ی ده‌ست و چاوبه‌ستن بكه‌ین
به خۆشیه‌وه گوتم:
ده‌ی! خۆشه
دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه هه‌ر ده‌ڵێی ئێستایه، چوو دۆخینی له شه‌رواڵه‌كه‌ی بابم ده‌رهێناو هات له پشته‌وه توند ده‌ستمی به‌ست، دیتم، چوو چه‌فیه‌كه‌ی دایكمی هێنا، هات چاومی به‌سته‌وه، به ده‌نگێك چ له ده‌نگی خوشك نه‌ده‌چوو، زۆر ترسناك هاته گوێم:
(( ئه‌وجا چ ده‌كه‌ی؟ من ده‌ڕۆم))
به تۆقین تۆقیم، زیڕاندم، دنیام به سه‌ردا كاوڵ بوو، نه‌متوانی له جێی خۆم بجوولێم، پێموابوو پێشم به‌سترایه، بۆ چه‌ند ساتێك هه‌ستم به بزربوونی ته‌واو كرد، بزربوون له دنیا، وا تێگه‌یشتم كۆتایی دنیایه و ئیدی به دنیا ناكه‌ومه‌وه..
ئێستا به ده‌ست و چاوی به ستراوه‌وه پێبلكه پێبلكه شۆڕده‌بینه‌وه، بۆ چه‌ند ساتێك هه‌مان هه‌ستی به دنیا نه‌كه‌وتنه‌وه لام زیندوو بۆوه، نازانم چه‌ند شۆڕبووینه‌وه، زلله و پێله‌قه‌ش ناژمێردرێ، من كه‌وتم و قیتیانكردمه‌وه، رایانوه‌ستاندین، ده‌ڵێی ده‌ستم ده‌كه‌نه‌وه! كردیانه‌وه، له ده‌رگایه‌كیان ئاودیو كردم، گوێم له ده‌نگی كلیلدان بوو، چاومم كرده‌وه، له بیرم چووبوو بڵێم چاومیان به پشتێنه‌كه‌ی خۆم به‌ستبوو، ژووره‌كه بێ گلۆپه، به‌ڵام رووناكایی راڕه‌وه‌كه ترووسكاییه‌ك ده‌داته ژووره‌كه، باشه دوو براده‌ره‌كه‌شم له‌گه‌ڵه، له‌گه‌ڵ چوار كه‌سیدی، ژووره‌كه هه‌ر جێی سێ جێی لێده‌بێته‌وه، پیاوێكی پیر خانه‌خوێیانه به خێرهاتنی كردین، قه‌ڵه‌وه‌كه گوتی:
تۆ ده‌مێكه لێره‌ی؟
خانه‌خوێ گوتی:
نا، حه‌فته‌یه‌كه.
ئێمه شه‌ش كه‌س تازه مێوانین، سێ باشووری و سێ رۆژهه‌ڵاتی، خانه‌خوێ خۆی نه‌ناساند، چه‌ندی پرسیان نه ناو نه جێ خۆی نه‌گۆت، بۆ ناوه‌كه‌ی ده‌یگوت:
ناوم ناوێكی خودایه.
به‌ڵام چوزانین له‌و هه‌زار ناوه كامیانه، بۆ شار‌و گونده‌كه‌شی ده‌یگوت:
خۆتان هه‌ڵیده‌ن و بزانن.
ئه‌وه‌ش زه‌حمه‌ته، هه‌ر جاره‌ی به شێوه زارێك قسه‌ی ده‌كرد، یان رسته‌كانی تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوون له شێوه‌زاره‌كان، به‌ڵام له جۆری ده‌نگ و گۆكردنی پێده‌چوو له خزمه‌كانی سمكۆی شكاك بێت، خۆ له سیماش هه‌ر له‌وی ده‌كرد، له‌وێ ناوی كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و و كورتیله‌ی ره‌قه‌ڵه‌م زانی، به‌ڵام حه‌یف زوو ناویان له یاده‌وه‌ریم سڕایه‌وه، چه‌ندێ ده‌گه‌ڕێم پیتێكیش له ناوه‌كانیان، ناوی سێ رۆژهه‌ڵاتیه‌كه‌ش له یاده‌وه‌ریم نابینمه‌وه، منیش هه‌ر به و ناوه خۆم ناساند كه له (په‌ڕی په‌ڕینه‌وه) نووسرابوو، ئای له گیرفانم نه‌ماوه، بردوویانه، ئه‌وه‌ی ده‌ستی لێنه‌دراوه، پاره‌كه‌یه، ته‌زبێحه قه‌زوانیه‌كه‌شم، نه‌ماوه، من چی بكه‌م بێ جگه‌ره و بێ ته‌زبێح، ته‌زبێحه‌كه‌م دیاریی مام بایز بوو، پێشمه‌رگه‌یه‌كی كه‌مێك به ته‌مه‌ن بوو، هاوینی ئه‌ولاتر له له به‌رانبه‌ر كلكه‌ی قه‌ندیلێ ماڵه ره‌به‌نیه‌كه‌ی له بن دارقه‌زوانێ بوو، هه‌ر قه‌زوانی لێده‌كرده‌وه و به ده‌م پێچانه‌وه‌ی جگه‌ره ته‌زبێحی درووستده‌كرد، ئای بۆ جگه‌ره‌یه‌كی مام بایزی، چ مه‌ینه‌تیه‌كه زیندان بێ جگه‌ره، دوو مێوانیدیش هاتن، ئه‌وانیش خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتن، ئێستا ره‌نگه به‌ره‌به‌یان بێ، خه‌وێكی قورس دایگرتووم، ئای ئێستا چه‌ند خۆشه لێی راكشێی، به‌ڵام جێی دانیشتن نیه، هی راكشان له كوێ بوو! خه‌وه‌نووتكه‌م ده‌برده‌وه، ده‌بۆرژام لاربوونه‌وه‌ی سه‌رم به ئاگای ده‌هێنامه‌وه، زیندان مه‌یله و كپه، وا دیاره مێوان نه‌ما، ده‌نگی پێی پاسه‌وانانیش هه‌ستی بۆ رانه‌گریت ناگاته گوێ، له پڕ هاوارێك ده‌رگاو دیواری ژوور ژوور ژووره‌كانی زیندانی بڕی، هاوارێك هاواری نه‌پساوه‌ی به دوادا هات، خانه‌خوێ گوتی:
چ نیه، خۆتان له‌گه‌ڵی رابێنن.
پیاوه كورتیله ره‌قه‌ڵه‌كه كه له ته‌نیشت من له سه‌ر چۆك دانیشتبوو، به هێواشی گوتی:
زۆر ده‌ترسم من به‌رگه‌ی لێدان ناگرم..
گوتم:
مه‌رج نیه لێتبده‌ن.
پیاوه كه‌ته قه‌ڵه‌وه‌كه كه له پێش هه‌ردووكمانه‌وه دانیشتبوو:
چ نیه، له منت نه‌كه‌وێ، مه‌ترسێ..
كورتیله‌ی ره‌قه‌ڵه:
ده‌ترسێم، پێشه‌وه‌ی لێمده‌ن هه‌موو شتێك ده‌ڵێم..
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و:
باشه، چ ده‌ڵێی، چیت له سه‌ره؟
كورتیله‌ی ره‌قه‌له:
هیچ، به‌ڵاَم هه‌موو شت ده‌ڵێم..
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و:
تێتناگه‌م، هێنده‌ی من بتناسم هیچت له‌گه‌ڵ ئێران نیه، به من ناڵێی تۆ چی ده‌ڵێی؟!
كورتیله‌ی ره‌قه‌ڵه:
وایه، نازانم، به‌ڵام لێمده‌ن ده‌مرم، بۆیه هه‌رزوو دانپێداده‌نێم و ناوی سه‌د كه‌س ده‌ڵێم
گوتم:
ناوی كێ و بۆچی ده‌ڵێی
كورتیله‌ی ره‌قه‌ڵه:
نازانم، نا، ده‌یڵێم، هه‌رچیان لێم بوێ ده‌یڵێم
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و:
ئه‌گه‌ر هیچیان لێت نه‌وێ
كورتیله‌ی ره‌قه‌ڵه:
هه‌ر ده‌یڵێم، لێمده‌ن ده‌یڵێم
گوتم:
باشه ئه‌گه‌ر ناوی منت گوت ده‌ڵێی چی كردووه؟
كورتیله‌ی ره‌قه‌ڵه:
نازانم، به‌ڵاَم ده‌یڵێم، ئه‌رێ ناوت چی بوو؟
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و:
به راستی تۆ شێت بوویت و قسه‌ت له‌گه‌ڵ ناكرێت..
كه‌مێك له‌و پیاوه كه‌وتمه گومانه‌وه، تۆ بڵێی ده‌ستی له شتێك نه‌بێ، باشه بۆچی هێنده جه‌خت له دانپێدانان ده‌كاته‌وه، نا بڕوا ناكه‌م هیچی له هیچدا هه‌بێ، هه‌بێ نه‌بێ ترساوه و چیدی له گۆڕێ نیه، بڵێم چی! تێناگه‌م..
ئه‌شكه‌نجه بنی نایه، هاوار و پاڕانه‌وه بێ كۆتایه، ئیدی زیندانه و زیندانیش دیاره ئاوایه، جاری یه‌كه‌ممه بكه‌ومه زیندانه‌وه، كاتی خۆی له هه‌ولێر دوو ده‌مژمێرێ له بنكه‌یه‌كی پۆلیس ده‌ستبه‌سه‌ر مامه‌وه، هێنده و ته‌واو، چیم له خۆم كرد، له هیچو خۆڕا تووش بووم، به ده‌ستی خۆم خۆم تووش كرد، تۆ بڵێی منیش ئه‌شكه‌نجه بده‌ن! چیم كردووه! هیچم له سه‌ر نیه، ئه‌وجا چیه، زیندان ئه‌وه ده‌زانێ! زۆر كه‌س له ختوخۆڕا گیراون و شتی گه‌وره‌یان دراوه‌ته پاڵ و له سێداره‌ش دراون، یان چه‌ند ساڵ له كونجی زیندان ماونه‌ته‌وه، ئه‌شكه‌نجه! من له پیاوه ره‌قه‌ڵه‌كه پتر له ئه‌شكه‌نجه ده‌ترسم، به‌ڵام ئه‌وه‌یه باسی ناكه‌م و به سه‌رخۆمی ناهێنم، ئه‌گه‌ر لێمده‌ن، ده‌بێ منیش وه‌ك ئه‌وكه‌سه بپارێمه‌وه كه ئه‌وه‌تا زیندانی مشتكرد له پاڕانه‌وه؟ نا، شه‌رمه من ناپاڕێمه‌وه، نابێ بباڕێمه‌وه، جگه له‌وه‌ی پاڕانه‌وه به‌لاشه، شه‌رمیشه، بۆ پێشمه‌رگه شه‌رمه پاڕانه‌وه، پیاوه قه‌ڵه‌وه‌كه به رسته‌یه‌ك ده‌ستمی گرت و له ئه‌ندێشه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌یی ده‌رهێنام:
چیه سه‌رمات بووه، یان هی بێ جگه‌ره‌ییه هێنده ده‌كۆخی؟
ئاگام له كۆخه‌ی خۆم نه‌بوو:
من! كوا زۆر ده‌كۆخم؟
گوتی:
هێشتا! وا بزانم سینگت له قیڕ خاوێنبۆوه.
خانه‌خوێكه به ده‌نگێكی نێرانه:
ئه‌وشه‌ویشمان له ماڵی ئیمام كرده‌وه، خۆتان بیڵێن چۆن مێوانداریه‌ك بوو!
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و:
ئه‌و مێوانداریه هه‌رگیز له بیرناچێته‌وه..
ئه‌شكه‌نجه‌دان راوه‌ستاوه، ناڵه‌ناڵ كه‌مبۆته‌وه، سه‌ر و سه‌بكه‌یان بۆ هه‌ڵداینه ژوورێ، سه‌موونه‌كه هه‌ر له سه‌بكه‌ی سه‌گ ده‌چوو، بریا وه‌ك ئه‌و سه‌بكه‌یه‌ش گه‌رم ونه‌رم با كه ده‌درێته سه‌گ، دێته بیرم نه‌نكم له كه‌په‌ك و ئه‌و شتانه سه‌بكه‌ی ده‌خسته سه‌ر سێره‌وه و خاوه برژی ده‌كرد، من جارێك پێش سه‌گه‌كه گه‌زه‌یه‌كم لێیدا، نه‌رم و گه‌رم و به تام بوو، به‌ڵام سه‌بكه‌ی زیندانی سه‌رده‌شت، پڕمان دایێ، ره‌ق ره‌ق له دڵی پاسه‌وانی زیندان ره‌قتر، له قسه‌ی پاسه‌وانی زیندان ساردوسڕتر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش خواردمان، خانه‌خوێ گوتی:
بیخۆن، ئیمام هه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌یه، گلله‌یی مه‌كه‌ن..
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و:
وایه، مێوانی ناوه‌خت، گلله‌یی له سه‌ر خۆیتی
نازانم بۆچی كه خانه‌خوێ قسه‌یه‌كی ده‌كرد جگه له كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و كه‌س وه‌ڵامی نه‌ده‌دایه‌وه، كه‌س قسه‌یه‌كی نه‌ده‌كرد، كورتیله‌ی ره‌قه‌ڵه هه‌ر هه‌ڵده‌له‌رزی، ئه‌وانیدیش قڕوقه‌پیان لێكردبوو، منیش هه‌روا، ئای بۆ جگه‌ره‌یه‌ك له دوای سه‌بكه‌ی سه‌گ دایگیرسێنی! خۆ ئه‌گه‌ر پێشتر چایه‌كیشی به سه‌ردا بكه‌یت ئه‌وه هه‌ر مه‌پرسه! حه‌یف، رۆیشت ئه‌و ساتانه‌ی هه‌ر ویستت ده‌ست بۆ جگه‌ره‌ی ببه‌یت و دووكه‌ڵ به دنیادا بكه‌یت.. ده‌رگایان كرده‌وه، تێگه‌یشتم بۆ ده‌ست به ئاوگه‌یاندنه، خانه‌خوێ به ئه‌سپایی هه‌ر ئه‌وه‌ته گوێم لێ‌بوو:
((چوون لێ لێیه، گه‌ڕانه‌وه لۆ لۆ..))
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و گوێی لێنه‌بوو، ده‌نا قسه‌یه‌كی هه‌ر ده‌كرد، ئه‌وه خۆشه! تا ده‌گه‌یته ئاوده‌سته‌كه دوو سێ قۆنداخه تفه‌نگ و سێ چوار شه‌قت پێده‌كه‌وێ، پێمكه‌وت، كات له لای پاسه‌وانانی زیندان زۆر به نرخه! به تایبه‌تی له ئاوده‌ست،، نابێت له دوو سێ خوله‌ك پتر بمێنیه‌وه، باش بوو من له واده‌ی خۆی ته‌واو بووم، گوێم له پیاوی كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و بوو، ده‌یگوت:
ئه‌نگۆ ئیسلام نین! ناهێلن گووه‌كه‌ش بكه‌ین! به من ناڵێن لۆ وه له مه ده‌كه‌ن، خودا ناناسن، خودا خودا؟!!
دوو سێ پاسه‌وان كه‌وتنه سه‌ری، نازانم تێیگه‌یشتن یان نا، گوێم لێ‌بوو یه‌كیان به فارسی گوتی:
كوڕی قاحپه، لێره به دوای خودا مه‌گه‌ڕێ..
له گه‌ڕانه‌وه‌ش یه‌ك دوو شه‌قم خوارد، به‌لام قۆنداخم به‌ر نه‌كه‌وت، چاوێكم به راره‌وه‌كه‌دا گێڕا، دوور و درێژ بوو، ده‌رگاكانم بۆ نه‌ژمێردرا نه‌مزانی زیندان چه‌ند ژووره، پیاوه كورتیله ره‌قه‌ڵه‌كه ده‌تگوت له ناو به‌فری قه‌ندیله، هه‌ڵده‌له‌رزی:
به خوا باوكم، من چیتر به‌رگه‌ناگرم، قۆنداخێك و شه‌قێكم خوارد…
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و به پێكه‌نینه‌وه:
به‌رگه ناگری، گونم بگره، ده‌ته‌وێ چ بكه‌یت؟
كورتیله‌ی ره‌قه‌ڵه:
ئێستا كاتی گاڵته‌یه؟!
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و به گاڵته‌وه:
به راستیمه، گاڵته ناكه‌م
من له‌وه تێنه‌گه‌یشتم ئه‌وده‌مه‌ی خۆمان ده‌خیلی دیواری ماڵی خودا كردبوو، گولله ده‌باری، قه‌ڵه‌و زراوی چووبوو، تۆقیبوو، ره‌قه‌ڵه گاڵته‌ی ده‌كرد، كه‌چی له ژووری زیندانێ پێچه‌وانه بۆته‌وه، خانه خوێ گۆتیه كورتیله‌ی ره‌قه‌ڵه:
مێوانی ئازیز ده‌ڵێی جاری یه‌كه‌مته سه‌ردانی زیندانێ بكه‌یت؟
كورتیله‌ی ره‌قه‌ڵه فووێكی توندی له ده‌ستی كرد، رێك ده‌تگوت قوتابیی سه‌ره‌تاییه و مامۆستا دووسێ راسته‌ی له سه‌ر تی لێداوه:
نا، كاتی خۆی له بازگه‌كه‌ی سلێمانی_كه‌ركووك گیرام..
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و:
ئێ، له‌وێش دانت به تاوانه‌كانتدا نا؟
كورتیله‌ی ره‌قه‌ڵه:
زلله‌یه‌كیان لێدام، له سه‌ر سه‌ر سووڕام، زلله‌یه‌كیتری به دوادا هاتبا، هه‌موو شتم ده‌گوت
خانه‌خوێ:
چیت ده‌گوت؟ ده‌تگوت من پاسدارم برده ناو هه‌ڵه‌بجه!
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و:
نا، ده‌یگوت من بووم ته‌قه‌م له پارێزگاری هه‌ولێر كرد..
كه‌س تیكه‌ڵی قسه‌ی كورتیله و كه‌ته و خانه‌خوێ نه‌بوو، قسه درێژبۆوه، ده‌رگا كرایه‌وه، ده‌نا قسه وا زوو نه‌ده‌بڕایه‌وه، پاسه‌وانه‌كه چاوێكی خێرای به ژووره نۆ كه‌سیه‌كه‌دا گێڕا، نیگای له سه‌ر من گیركردو ئاماژه‌ی كرد كه بچمه ده‌رێ، چووم، چاو وده‌ستمی به‌ست، قه‌وما! ئه‌وه‌ی لێیده‌ترسام گه‌یشت، ده‌بێ به‌رگه‌ی ئه‌شكه‌نجه بگرم!! زۆر ترسام، خۆزگه كه‌سێك چاوی لێم ده‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئێستا پێمبڵێ، پێیه‌كانت زه‌ویان ده‌گرت! راستی نایه‌ته‌وه بیرم له‌رزی بم یان نا، ده‌نا ئێستا به ئازایه‌تیه‌وه ترس و له‌رزینی خۆم ده‌نووسیه‌وه، چه‌ند دێرێكیدم ده‌خسته سه‌ر ئه‌و دێرانه، ئێ، پیلی گرتم و بردمی، جیڕه‌ی ده‌رگایه‌ك هات، بردمیه ژوورێ، ئێستا له سه‌ر كورسی دانیشتووم، سێ چوار خوله‌كێك هه‌ستوخوست نه‌بوو، چاوه‌ڕێم له پڕ زلله‌یه‌ك، مستێك، پێله‌قه‌یه‌ك، قۆنداخێك، قامچیه‌ك، هاوارم لێبه‌رزبكاته‌وه، تۆ بڵێی ئه‌و كورسیه‌ی له سه‌ری دانیشتووم، كاره‌با نه‌بێ!! ئیدی وا چاوه‌ڕێی ئه‌شكه‌نجه‌م، خودایه زوو بێ، چ له‌و چاوه‌ڕوانیه ناخۆشتره! ده‌ی جه‌لاد، قامچیه‌كه‌ت به گه‌ڕبێخه و وه ده‌نگم بێنه، بێده‌نگیی ئه‌و ژووره كوشتمی، خشه‌خشێك هات، هه‌ستده‌كه‌م كه‌سێك له به‌رانبه‌رم دانیشتووه:
+ئیسمێ شوما چیست؟
– من فارسی نازانم
ئه‌و به فارسی هه‌ندێ قسه و چه‌ند پرسیارێكی كرد، به‌ڵام من هه‌ر به (نازانم، فارسی نازانم)ی كوردی وه‌ڵامم ده‌دایه‌وه، من نه‌مده‌ویست ئه‌و بزانی فارسی ده‌زانم (كه‌مێك فارسیم ده‌زانی)، بۆ من باشتر بوو فارسی نه‌زانم، له‌وێ وا تێگه‌یشتم چه‌ندی نائێرانیتر بیت، بارت سووكتره، ده‌ترسام ئه‌گه‌ر بزانێت كه‌مێك فارسی ده‌زانم، به ئێرانیم دابنێت، ئێ، كابرا ناچار بوو ببێته‌وه كورد، به كوردیه‌كی كرماشانی تێكه‌ڵ به سنه‌یی پرسی:
+ ناویت چیه؟
– ناوم شوان ئه.خ
ناوی سه‌ر (په‌ڕی په‌ڕینه‌وه)م گوت، ئه‌و ناوه‌ی تایبه‌ت بوو بۆ چوونه ئێران..
+ ئیشت چیه؟
– پێشمه‌رگه‌م
+ له چ پارتێكی؟
– پارتی كۆمۆنیستی ئێراق
+ سه‌رۆكتان ناوی چیه؟
– عه‌زیز محه‌مه‌د
+ ئێستا له كوێیه
– نازانم
– ناوی پێنج له سه‌ركردایه‌تی پارته‌كه‌ت بڵێ
+ كه‌ریم ئه‌حمه‌د، ئه‌بوو… ئه‌بوو..
چه‌ند ئه‌بووێكم گوت، زوو له‌وه گه‌یشتم ئه‌و ده‌یه‌وێت بزانێت كه به راستی من پێشمه‌رگه‌ی پارتی كۆمه‌نیستم یان نا، دیاره ئه‌گه‌ر بتوانم بیسه‌لمێنم كه درۆناكه‌م بۆ من باشتره، ئه‌وده‌م پارتی كۆمۆنیست په‌یوه‌ندیی هاتوچۆی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بوو، من دوو جاری پێشوو به (په‌ڕی په‌ڕینه‌وه)ی سۆسیالیست سه‌ردانی ئێرانم كردبوو، به‌ڵام ئه‌و جاره به هی كۆمه‌نیستان، لای هه‌ردوو لاش هه‌ر ئه‌و ناوه‌م هه‌بوو كه ئێستا به كابرای لێكۆله‌رم گوت..
+ له رێزی پێشمه‌رگه‌كانتان هه‌ندێ كه‌سی ئێرانیش هه‌یه، وایه؟
– له‌و باره‌یه‌وه هیچ نازانم
+ باشه پێمبڵێ به‌و دره‌نگانی شه‌وه چیت ده‌كرد له ناو بازاڕ؟
– دره‌نگ گه‌یشتمه سه‌رده‌شت، مێوانخانه داینه‌كردم..
+ ئه‌دی ئه‌و دوو كه‌سه‌ی له‌گه‌ڵت بوون چیتن؟
– نایانناسم، به رێكه‌وت له بن دیواری مزگه‌فته‌كه تووشیان بووم
لێكۆله‌ره‌كه پرسیار له دوای پرسیاری لێده‌كردم، نه‌یده‌هێشت وه‌ڵام پرسیارێك ته‌واو بده‌مه‌وه، پرسیارێكیدی ده‌كرد، ئیدی وه‌ڵامه‌كان پس پس ده‌مانه‌وه، به‌ڵام دیاره ئه‌و لای خۆی لێكدی گرێده‌دانه‌وه، ئێستا له كونجی زیندانێ ئه‌و سه‌رهاته‌ی به سه‌ره‌دێر و كورتی بۆ لێكۆله‌رم گێڕایه‌وه، وا به دڵوداو بۆ خۆمی ده‌گێڕمه‌وه:
ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆیه، لای له‌فه‌فرۆشێك هه‌ر به پێوه دوو له‌فه‌م ئاودیوكرد، سواری شڕه ماشێنێك بووم، پێده‌چوو هی سه‌رده‌می بابی حه‌مه ره‌زا شابێ، له سه‌ر جاده‌ی قیڕ ته‌قوهۆڕیه‌تی، ئه‌گه‌ر بكه‌وێته سه‌ر خۆڵ داخوا چ ده‌نگێكی لێوه دێ، نێوان خانه و سه‌رده‌شت هێنده نیه شه‌وت به سه‌ر دا بێت، بازگه‌كان زۆریان راده‌گرتین، گێچه‌ڵیان به سه‌رنشینان ده‌كرد، هه‌ر ده‌تگوت بازگه‌كانی نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووكن، هێنده له بازگه‌ی یه‌كه‌م دوورنه‌كه‌وتبووینه‌وه، ماشێن ده‌نگێكی گه‌وره‌ی لێوه هات:
+ چ بوو؟
– چ نیه، تایه‌ی ته‌قی
تایه گۆڕین هێنده‌ی كات ناوێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه زۆری ویست، ئێ، كه‌وتینه‌وه رێ، له دۆڵاییه‌ك سه‌ركه‌وتین، له به‌رزاییه‌كه بازگه‌یه‌ك قیتبۆوه، به چ حاڵ له چه‌نگیان رزگاربووم، باوه‌ڕیان به (په‌ڕی په‌ڕینه‌وه)ی به‌ڕكم نه‌ده‌كرد و پێیان وابوو ساخته‌یه، زۆری برد، تا باوه‌ڕیانكرد، له بازگه‌یه‌كیدی یه‌خه‌ی ژن و پیاوێكیان گرت كه له ته‌نیشت یه‌كتر دانیشتبوو، ژن و پیاوه هاواریان ده‌كرد كه ژن و مێردن، تا بازگه باوه‌ڕی به ژن و مێردایه‌تی ئه‌و دووه هێنا، بێوه‌ژنێك به بووك ده‌چوو، ئێستا وا له لێژاییه‌ك لێژده‌بینه‌وه، ماشێن له پڕ ده‌وه‌ستێ:
– ها، ئه‌و جاره چیه؟
+ گرفتێكی گه‌وره‌یه، تایه په‌نچه‌ره
تاهو واه! ئه‌وه خۆشه، له‌و ده‌شت و ده‌ره به‌و دره‌نگانی عه‌سره، شوفێره‌كه دابه‌زی و مۆڕه‌یه‌كی له ئاسمان كرد، له به‌ری قه‌ندیله‌وه هه‌ورێكی هێنا، پێده‌چێت بارانی پێبێ، گه‌یشت، دنیای داگرت، ده‌پرووشێنێ، شوفێره‌كه ده‌ستی پاڕانه‌وه نا، هی تووڕه‌یی بۆ ئاسمان هه‌ڵبڕی:
(( به‌ڵا به‌ڵا، له زه‌وی و ئاسمانه‌وه به‌ڵا..))
باران لێیكرده‌وه، چ نه‌بوو هه‌ر بایی نان ته‌ڕكردنێ باری، دنیا چ زوو روونبۆوه، ئاسمان تیلمه هه‌ورێكی پێوه نه‌ما، سێبه‌ری چیا گه‌یشته سه‌رمان، سێبه‌ر كشا، ئه‌ها زۆری نه‌ما بگاته گونده‌كه‌ی ئه‌و به‌ر، ئه‌وبه‌ری رووباره‌كه، پیرێك كه هه‌ر له ((پیری به‌فر)) ده‌چوو، له‌سه‌ر به‌ردێك دانیشتبوو، ردێنه به‌فریه‌كه‌ی خستبووه كۆشیه‌وه، به گۆچانه گرێگرێییه‌كه‌ی گه‌مه‌ی خه‌تخه‌تۆكه‌ی له‌گه‌ڵ زه‌وی ده‌كرد، شتێكی له زه‌وی ده‌نووسی و ره‌شیده‌كرده‌وه، چاوم له گۆچانه پێنووسییه‌كه‌ی بڕیبوو، ده‌مویست پێش ره‌شبوونه‌وه خه‌تی سه‌ر زه‌وی بخوێنمه‌وه، پێڕانه‌ده‌گه‌یشتم، خێراتر له‌وه‌ی ده‌ینووسی ره‌شیده‌كرده‌وه، به خۆم نه‌وه‌ستام:
+ ره‌شیمه‌كه‌وه، ده‌مه‌وێ بیخوێنمه‌وه.
– چی!!
ردێن به‌فری هه‌ستایه‌وه، روو له گونده‌كه خۆی به سه‌ر گۆچانه‌كه‌یدا دادا، به نه‌رمه كۆخه‌یه‌كه‌وه، گوتی:
دره‌نگه سێبه‌ر به سه‌ر مه‌مكاوه كشا..
رسته‌یه‌كی ورووژێنه‌ر بوو، رسته‌یه‌كی خه‌یاڵی بوو، خه‌یاڵێك هه‌ر له سێبه‌ری ده‌مه‌و ئێواره‌ی چیا ده‌چوو، چۆله‌كه ئاسا باڵم گرت و په‌ڕیمه‌وه به‌ری مه‌مكاوه، له شێوه‌ی په‌پووله‌یه‌ك به سه‌ر سوخمه‌یه‌كی په‌مبه‌ییدا نیشتمه‌وه، له مه‌مكاوه ئه‌و ئێواره‌یه ئه‌گه‌ر گڕه‌ی ماشێنه‌كه نه‌یده‌هێنامه‌وه، له نێوان دوو مه‌مكی هه‌رمێیی ده‌مامه‌وه، دره‌نگه تا گوندی مه‌مكاوه له چاو بزربوو، له ئاوڕداناوه‌یه‌كی تامه‌زرۆیی هه‌ر چاوم له سه‌ر مه‌مكاوه بوو، مه‌مكاوه له دووره‌وه و له ئێواره‌ی به‌هاری گوندێكی جوانه، زۆر جوان، به شه‌رمه‌وه و به ئه‌سپایی له پیری ردێن به‌فریم پرسی:
+ بۆچی ئه‌و گونده ناوی مه‌مكاوه‌یه؟
– سه‌ربرده‌یه‌كی دوور و درێژه رێگا به‌شی گێڕانه‌وه ناكات
+ به كورتی زۆر به كورتی
– تامی نابێ
گه‌یشتمه سه‌رده‌شت و سه‌ربرده‌ی مه‌مكاوه‌ی نه‌گێڕایه‌وه، دره‌نگانی شه‌وه به په‌یژه‌ی مێوانخانه‌یه‌كدا سه‌رده‌كه‌وم:
+ جێ‌مان نه‌ماوه
– په‌نایه‌كیش بێت ده‌حه‌وێمه‌وه
+ نیه
وا به دوای مێوانخانه‌یه‌كیدی ده‌گه‌ڕێم، نازانم چه‌ند گه‌ڕام، دیتمه‌وه، سه‌ركه‌وتم، ده‌ڵێی مێوانخانه‌ی گۆرینه، هه‌وه، هه‌و نیه:
– جێگا هه‌یه؟
+ نیه
– تكایه جێگه‌یه‌كم بۆ بكه‌وه
+ باشه بڕۆ ره‌زامه‌ندی … بێنه
ئێستا له سه‌ری ئه‌و سووچه‌م كه دیواری ماڵی خودای لێوه دیاره، ئه‌و ماڵه‌ی په‌نای نه‌دام و له پیاوه تووڕه‌كانی ئیمام نه‌یپاراستم، ده‌مه‌وێ رێی خوارێ بگرم و بچمه فه‌رمانگه‌ی ئاسایش و په‌ڕه كاغه‌زێكی جێكردنه‌وه بۆ مێوانخانه بێنم، نا، ناچم، ده‌ترسم له خۆوه شتێكم بده‌نه پاڵ، تووشی به‌ڵایه‌ك بم، خۆ جاره‌كه‌ی مه‌هابادم له بیرنه‌چۆته‌وه، له‌وێ له‌و ده‌مه‌وعه‌سرانێك پیاوه تووڕه‌كانی ئیمام هێنده‌ی نه‌مابوو له ژوورێم بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی ئێره‌ش هه‌ر له توخمی ئه‌وانن، گوجیله‌ی یه‌ك كۆریتن، ناچمه رێی خوارێ، رێی ئاسایش ناگرم، باشتره شه‌رم وه‌لانێم و به رێی سه‌رێدا سه‌ركه‌وم، رێی ماڵی كاوه‌ی مامه‌ره‌زایی، ئه‌و ماڵه‌ی پێشتر دوو جار سه‌ردانیم كردووه، شه‌وێكیش لێی ماومه‌ته‌وه، ئه‌و ماڵه‌ی حزبێكی به سه‌ره‌وه‌یه، هه‌ر كۆمه‌نیستێ دێته سه‌رده‌شت، سه‌رێك به‌و ماڵه‌دا ده‌كات، نا، ناچم، به‌و نیوه شه‌وه له خه‌ویان ناكه‌م، جێیان ته‌نگتر ناكه‌م، ناچم، رووم نایه له ده‌رگای ماڵی كاوه بده‌م، باشتره كه‌مێكیتر له به‌ر ده‌رگای ماڵی خودا بمێنمه‌وه..رووداوه‌كانی زیندان خه‌یاڵ ده‌پسێنێ، خه‌یاڵی ده‌ره‌وه‌ی زیندان، ده‌رگا كرایه‌وه، مردووێكیان فرێدایه ناومان، سه‌ره‌تا مردبوو، دوای كه‌مێك هاته‌وه دۆخی نیوه مردوویی، خانه‌خوێ میهره‌بانانه به ده‌وریه‌وه بوو، باوكانه سه‌ری خسته سه‌ر رانی و دایكانه ده‌ستی به سه‌ر و روویدا ده‌هێنا، دكتۆرانه، دكتۆری نه‌خۆشدۆست نه‌ك دكتۆری تووڕه، نه‌ك ئه‌و دكتۆرانه‌ی زراوی نه‌خۆش ده‌به‌ن، ده‌یگوت:
(( چ نیه، هه‌ر هیچ نیه، له من له‌شساختری، ئه‌ها ئێستا قیتده‌بیه‌وه))
نازانم چه‌ندی پێچوو،قسه‌ی خانه‌خوێ راستكه‌وته‌وه، یان بڵێم پیاوی نیوه مردوو به قسه‌ی خانه‌خوێی كرد، راستبۆوه و گه‌ڕایه‌وه دۆخی زیندوێتی، لێیانپرسی:
+ تۆ له سه‌ر چی گیرای؟
-……
+ ئه‌وڕۆ گیرای یان…
-……
+ وازی لێبێنن، وه‌ڵامناداته‌وه، وایه؟
-…….
+ باشه نه‌تزانی ته‌قو تۆقه‌كه‌ی دوێ شه‌و چی بوو؟
– بیستم پێشمه‌رگه به سه‌ر شاری داداوه
+ ئه‌ها، نه‌مگوت
+ هه‌ر وا ده‌رچوو
زۆر ده‌وروسوڕیان دا و پرسیان، مێوانی تازه هاتوو له‌و رسته‌یه‌ی له زاری ده‌رچوو بترازێ، زاری هه‌ڵنه‌هێنایه‌وه كه‌س كه‌رته ده‌نگێكی لێ نه‌بیست، نه‌رمه كۆخه‌یه‌كم گرتبوو به‌رینه‌ده‌دام، كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و گوتی:
هی بێ جگه‌ره‌ییه، قه‌یناكه باش بكۆخه، سینگت خاوێنده‌بێته‌وه؟
خانه‌خوێ هه‌ڵیدایێ:
وا دیاره جگه‌ره‌كێشێكی پیسی!
گوتم:
شه‌و و رۆژ حه‌فتا جگه‌ره‌یه‌ك ده‌كێشم
خانه‌خوێ به بزه‌وه:
سینگت بۆته سۆبه‌یه‌كی زستانی قه‌ندیلێ!
قه‌ندیلی زاری خانه‌خوێ وشه نه‌بوو، ئه‌سپێكی باڵداری ئه‌فسانه‌ییه، خۆی گه‌یانده ناو زیندانی سه‌رده‌شتێ، كه‌س نه‌یدیتم، چوومه سه‌ر پشتی، بردمی، كوێستان، كوێستان قه‌ندیلی پێ‌كردم، له كوێستانی (بنشاخۆكه)وه بۆ كوێستانی (سه‌ربه‌رده)،له كوێستانی (كۆده‌لان) سه‌ركه‌وه وكوێستانی (خرندۆڵ) له بیرمه‌كه و بچۆوه (چۆمه)ی هه‌میشه كوێستان، زۆر تینووم، تینوێتی زیندان به كانیی (مزكه‌وته) ناشكێ، له گشت كانیه‌كانی قه‌ندیل ده‌خۆمه‌وه، له كانیه‌كه‌ی (گوێزێ) وه پێدا دێم، له كانیی (بنا‌وان) مه‌تاره‌كه‌م پڕده‌كه‌م، چۆك بۆ (سپی) داده‌م و گیرنابم، ده‌گه‌مه‌وه (پرژه)، زۆر تینووم، زیندان ته‌ڕایه‌تی له له‌شم نه‌هێشت، هه‌ر ده‌بێت خۆم بخه‌مه گۆماوه‌كه‌ی (بێكۆدیان) و زگاو بم، برسیم زۆر برسیم، ده‌بێت خۆم بگه‌ینمه ناو ئه‌و ره‌شماڵانه‌ی كه له هه‌ڵاتنێكدا رێی شه‌وێكم كه‌وته ئه‌وێ، شه‌و چ شه‌و! ئه‌و شه‌وه‌ی به هه‌ڵه ژنێكی زۆزانیی به‌ژن زراڤ هاته باوه‌شم، له‌وێ حه‌فت نانی تیری به حه‌فت چایه و نیو مه‌نجه‌ڵ ماسته‌وه ده‌خۆم، بۆ جگه‌ره ده‌چمه‌وه باره‌گای سه‌ری (چه‌كوچ) به جگه‌ره‌ی مام بایز نه‌بێ بڕم ناشكێ، ئێستا له ناو كه‌سكایی و ته‌ڕِایی كوێستانان رووتده‌بمه‌وه، له زیندانی ئیمام گڵاوبووم، به چه‌مه‌كه‌ی دۆڵه كۆگه نه‌بێ، گڵاوی له له‌شم ده‌رناچێ، ئه‌سپی باڵدار هه‌ڵمده‌گرێ، دوندی (شێخ شه‌رۆ) له كه‌لێنی هه‌وری به‌هاریه‌وه له دوندی (كه‌وگه‌ز) وه‌رمده‌گرێ و هه‌ر له كه‌لێنی هه‌وره‌وه ده‌مداته دوندی (پیرخێله‌ند)، ئه‌سپی باڵدار دوند دوند ده‌مگێڕێ، ئێستا له هه‌ره‌بڵندایی قه‌ندیلێ كه چ جێ له‌و بڵندتر نابینم، هه‌ر له‌به‌ر بڵندیشه ناویم نه‌زانی! به دیوی هه‌ولێر له سه‌ر تاته‌به‌ردێ خۆم داوه‌ته هه‌تاوێ، خه‌وم دێ، زیندان رێی نه‌دا چاوێ گه‌رمبكه‌م، ده‌بێت بخه‌وم، له ئازادی بخه‌وم، ئه‌رێ بۆرژابووم یان نا!!!
ده‌نگی ده‌رگا نه‌با، چی منی له به‌رزایی قه‌ندیله‌وه ده‌هێنایه‌وه زیندانی سه‌رده‌شت، دیاره كاتی ده‌ستبه‌ئاوگه‌یاندنه، حه‌زمده‌كرد به‌ر له‌وه‌ی بچمه ئاوده‌ست، قسه‌یه‌كی خانه‌خوێ له باره‌ی جگه‌ره‌وه بگێڕمه‌وه، به‌ڵام له كاتی چوونه سه‌ر پێشاو كوا كات بۆ گێڕانه‌وه! كات هه‌ر به‌شی چۆڕه میزێك ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له دڵمه هاته‌دی، چاكه‌ی خانه‌خوێ به گێڕانه‌وه ده‌ده‌مه‌وه، گه‌یشتمه سه‌ر ده‌رگای ئاوده‌ست، سه‌یره، پاسه‌وان ده‌ست ناوه‌شێنێ، ده‌ڵێی له بیریچۆته‌وه پاسه‌وانی به‌ندیانی به‌ندیخانه‌یه، هه‌ل له‌ده‌ست نه‌ده‌م باشه، داواده‌كه‌م زۆر زۆر تێهه‌ڵدانێكی مزر ده‌خۆم، ده‌یلێم، رسته ترسناكه دووكه‌ڵاویه‌كه ده‌ڵێم، به نیوه مردووییش بگه‌ڕێمه‌وه باوه‌شی خانه‌خوێ، هه‌ر ده‌یڵێم، هاته سه‌رم به فارسی بیڵێم، باش بوو هۆشم هاته‌وه سه‌ر كه فارسی نه‌زانم، نه‌ده‌بوو بزانم، چۆن بیڵێم، ئێ خۆ پاسه‌وان كوردی نازانێ، به چ زمانێك تێیبگه‌یه‌نم! نا، گرفتێكی ئه‌وتۆ نیه، كوردی و فارسی هێنده لێكدی دوور نین، ئامۆزانه، به كوردی ده‌یڵێم، نا باشتره به زمانی ئاماژه قسه‌بكه‌م، ئه‌و زمانه جیهانیه، كه‌س نیه تێینه‌گات، ده‌ی بیڵێ، غیره‌ت سه‌گ بتخوات، من كه‌ی هێنده بێ زاخ بووم، ده‌ی به تێكه‌ڵه‌یه‌ك له زمانی ئاماژه و كوردی پاسه‌وان له مه‌به‌ست تێبگه‌یه‌نه، سه‌رتان نه‌یه‌شێنم خۆم ئاماده‌كرد بۆ تێهه‌ڵدان، به زمان و به ده‌ست گوتمه پاسه‌وان ئه‌گه‌ر جگه‌ره‌یه‌كم بده‌یتێ چه‌ندت ده‌وێ ده‌تده‌مێ، پاسه‌وان كه‌مێك لێم مووڕ بۆوه، له سه‌ر ده‌رگای ئاوده‌سته‌وه، ده‌رگا نه‌بوو شتێك وه‌ك ده‌رگا، نه‌وی، به ده‌نگی نه‌وی گوتی:
+ جگه‌ره‌یه‌ك به دوو سه‌د تومه‌ن
– سه‌د تومه‌ن
خودا خێری بنووسێ، مامه‌له‌ی خۆش بوو، گرانجان نه‌بوو، ته‌ماشایه‌كی ده‌ور و به‌ری خۆی كرد، جگه‌ره‌یه‌كی به پێكراوی له سه‌ر ده‌رگاكه‌وه بۆ راگرتم، سه‌د تومه‌نه‌كه‌ی خۆی وه‌رگرت، جگه‌ره چ جگه‌ره، ئه‌و جگه‌ره‌یه‌ی من كێشام، ڤیدل كاسترۆش جگه‌ره‌ی وای نه‌كێشاوه، ئه‌و تام و بۆیه‌ی من له‌و جگه‌ره‌یه‌م وه‌رگرت، مام بایزی هاوڕێشم له هیچ جگه‌ره‌یه‌كی تام نه‌كردووه، له بیریشمان بێ، ئه‌و جگه‌ره‌ی به سه‌د تومه‌نم كڕی و له ئاوده‌سته‌كه‌ی زیندانی سه‌رده‌شت كێشام، له جگه‌ره هه‌ره پیسه‌كانی ئه‌وسای ئێران بوو، ناوێكی وه‌ك (ویژه)ی هه‌بوو، پاكه‌تی به حه‌فت هه‌شت تومه‌نێك بوو، ویستم جگه‌ره‌یه‌كیدیش له پاسه‌وانه‌كه بكڕم، كات نه‌ما، هه‌ر له سه‌ر ده‌رگاوه خانه‌خوێ له سیمام خوێندیه‌وه كه نه‌خشه‌كه‌ی سه‌ریگرتووه:
+ باشت كێشا؟
– هه‌موویم هه‌ڵمژی و هیچم نه‌هێنایه‌وه
+ ره‌نگت هاته‌وه به‌ر
– سوپاس به هۆی تۆوه بوو
+ سوپاسی پاره بكه، پاره له دۆزه‌خه‌وه ده‌تباته به‌هه‌شت
دوو سێ زیندانی به یه‌كه‌وه:
ئه‌سته‌غفیروللا، ئه‌سته‌غفیرۆللا
خانه‌خوێ به پێكه‌نینه‌وه:
چیتانه! له ته‌نیشت شه‌یتان نوێژم كردووه؟
نوێژی ته‌نیشتی شه‌یتان كوفرێكی نوێ بوو، پێشتر له كه‌سم نه‌بیستبوو، به‌ڵام خانه‌خوێ ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نی زنجیره‌یه‌ك كوفری نه‌پساوه‌بێ و گوناهه‌كانی كه‌تیره‌یی بن لێینه‌بنه‌وه، من هێنده بۆی پاڕاومه‌ته‌وه به دووری مه‌بینن، وه‌ك به‌فری قه‌ندیل وه‌ك رێواسی بن به‌فر پاكبووبێته‌وه و هیچی له سه‌ر نه‌مابێ، ده‌زانی ئه‌و پیاوه چ چاكه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ من كرد، چاكه‌یه‌ك چ چاكه‌كارێك چاكه‌ی وای له‌گه‌ڵ كه‌س نه‌كردووه، چ رێیه‌كی نیشانی من دا، رێیه‌ك چ رێنیشانده‌رێ، چ پیرێ رێی وای پیشانی كه‌س نه‌داوه، ئه‌و پیاوه نه‌با، من له زیندانێ جگه‌ره‌م ده‌ستده‌كه‌وت، با به پاره‌ی خۆشم بێ، ئه‌و نه‌با، به چیم ده‌زانی پاسه‌وان جگه‌ره‌فرۆشه!! ئه‌و بوو گوتی:
(( پاره نیشانی پاسه‌وانه كه‌پوو خواره چاو خێله ورگنه‌كه بده، نه‌ك جگه‌ره ژنیشت بۆ دێنێ))
هاوارێك، هاوار نا، له بانگدانێك، مه‌گه‌ر مامم ساڵانێكی زۆر پێشتر له سه‌ر ته‌رمی كچه تازه به شوودراوه‌كه‌ی وای له بانگدابێ، مه‌گه‌ر من ساڵانێك دواتر له سه‌ر ته‌رمی برا بیست به‌هاریه‌كه‌م نزیك له‌وه له بانگمدابێ، زیندان له‌رزی، ئه‌وه كێ بوو له ژوورێكی زیندانی سه‌رده‌شت به‌و ده‌نگه خوێناویه له بانگی دا؟ من له ده‌نگی ئه‌و پیاوه‌وه هه‌ستم به رژانی خوێن كرد، به چاوی ئه‌ندێشه دیتم خوێن ده‌ستی ده‌نگی گرتووه و تێكه‌ڵی هه‌وا بووه، ده‌رگاو دیوار ده‌بڕێ و رێی گرتووه، خانه خوێ ئاهێكی قووڵی هه‌ڵكێشا وگوتی:
ئه‌و ده‌نگه ده‌ناسمه‌وه..
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و له‌و قووڵتر ئاهی هه‌ڵكێشاو پرسی:
ده‌نگی كێیه؟
+ دوو برا بوون، ده‌مێكه مێوانی ئێره‌ن، ئه‌وه ده‌نگی برا گه‌وره‌كه بوو، دیاره به‌ڵایه‌كی ئیمامی به سه‌ر برا گچكه‌دا هاتووه..
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و ویستی زارهه‌ڵێنێ، ره‌نگه ویستبێتی هه‌ر ئه‌وه بپرسێ كه من پرسیم:
– به‌ڵای ئیمامی واته مردن، یان…
+ به داخه‌وه..
برا گه‌وره ده‌نگی نه‌ما، نه‌مانزانی له خۆچوو، یان ده‌میان داخست! كورتیله‌ی ره‌قه‌له هه‌ڵده‌له‌رزی، كه‌ڕ گوێی له ده‌نگی ددانی ده‌بوو:
به‌رگه‌ی لێدان ناگرم، هه‌رچی هه‌یه، هه‌رچی نیه، هه‌مووی ده‌ڵێم
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و:
ئه‌و له‌رزین و قرچه قرچه چیه؟ ده‌ڵێی برێشكه‌ی سه‌ر سێری..
خانه‌خوێ به پێكه‌نینێكی شیرنه‌وه:
نا، هه‌ڵیانداوه‌ته سه‌رمای قه‌ندیلێ، كوا ده‌ستت بێنه..
دیتم، ده‌ستی ره‌قه‌ڵه و له ناو ده‌ستی خانه‌خوێیه و له چاویڕا دیاربوو به قسه‌ی خۆش گه‌رمی ده‌كرده‌وه، به‌ڵام من گوێم له قسه‌كانی نه‌بوو، چونكێ گه‌یشتمه سه‌رمای قه‌ندیلێ، سه‌یره له زیندانی سه‌رده‌شتێ، هه‌ر ناوی قه‌ندیل هاتبا، من ده‌فڕیم و له سه‌ر قه‌ندیل ده‌نیشتمه‌وه، ئه‌وه‌تا له باره‌گایه‌كی به‌فراویی قه‌ندیلی، تفه‌نگم له شانه، بنه مه‌تاره‌یه‌ك چایه‌م به ده‌سته‌وه، جگه‌ره‌یه‌ك به لێومه‌وه، ده‌ڵێی ئێشكگری له به‌فر ده‌گرم، ئازادی چ دیاریه‌كی سرووشتی ئاسمانیه، به من دراوه؟ ده‌نگی ده‌رگا له زیندانی كردمه‌وه، به‌س ئه‌و جاره بگه‌مه‌وه قه‌ندیل، بگه‌مه‌وه چیای ئازادی، تۆبه، هه‌رگیز روو له كۆماری ئیسلامی، كۆماری زیندان ناكه‌مه‌وه، مرۆڤ له زیندان چ زینده‌وه‌رێكی نابووتی بێ كه‌لكه، زیندان لێكردنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تیه له مرۆڤ، تا زیندانی نه‌كرێیت، نازانی رێزی ئازادی بگریت، تێناگه‌ی له به‌های ئازادی، ئازادی تام نادات، ئازادی نانه‌خشێت، من زۆر كه‌م، ئه‌گه‌ر كوو، ده‌نا رسته‌ی ناو كتێبانم به بیرنایه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌وێ له كونجی زیندان قسه‌یه‌كی ژان ژاك رۆسۆم به هێواشی له به‌ر خۆم گوته‌وه:
(( كه له قه‌ڵاتی باستیل زیندانی بكرێم، ده‌توانم ئازادی بنه‌خشێنم))
وا بزانم له یاده‌وه‌ریه‌كانیدا( دانپێدانان) وای گوتووه، منیش له زیندانی سه‌رده‌شته‌وه ئازادیم جوان ده‌نه‌خشاند، نه‌خشاندنێك نه پێشتر و نه دواتر وا جوانم نه‌نه‌خشاندووه..
پاسه‌وانه‌كه رستێك جوێنی كۆماریی هاویشت و مه‌سینه‌یه‌كی به‌جێهێشت، جوێنی كۆماری ده‌سته‌واژه‌یه‌كه خانه‌خوێ دایهێناوه، ئه‌و جوێنانانه ده‌گرێته‌وه كه دایك و خوشك و ژنیان تێدایه( داك حیز، خوشك قه‌حپه، ژنت بگێم)، مه‌سینه‌یه‌كی باغه، پیس، له چه‌ند جێ وه‌كو بڵێی گڕووبووه، بیده‌یته ده‌ست گڕوو بێزی نایه بیباته سه‌ر تارات، كه‌چی ئه‌وه‌تا ئێمه ریزمان بۆ مه‌سینه گرتووه، ده‌وی پێوه ده‌نێین، ده‌زانن چی تێدایه! چایه، له زیندانێ كه‌س نیه حه‌زی نه‌چێته چایه، گۆتمه خانه‌خوێ:
+ چ ناوێكت له‌و مه‌سینه ناوه؟
خانه‌خوێ كه‌مێك داما، زوو گوتم:
+چۆنه ناوی (قۆریه‌ی ئیمام) بێ
– جوانه، لێیدێ
وا بزانم دوو سێ جار له قۆریه‌ی ئیمام چایه‌مان خوارده‌وه، له بیرمه كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و به ئه‌سپایی زۆر ئه‌سپایی له من بترازێ كه‌س نه‌یبیست، ره‌نگه خۆشی نه‌یبیستبێ! گوتی:
+ ئای به چاوی خۆم ئه‌و قۆریه‌م به‌سه‌ر لێوی ئیمامی گه‌وره‌وه دیتبا!
– به دووری مه‌بینه، دنیا ده‌وران ده‌ورانه
نازانم چ كاته، كاتی ده‌ست به ئاوگه‌یاندنه، به‌ر له‌وه‌ی بچم و بێمه‌وه و خۆم بگێڕمه‌وه، با كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و بگێڕمه‌وه، چوو ساخ له گوێز ساختر، هاته‌وه خۆی له سه‌ر قوون رانه‌ده‌گرت، شلوكوت، هێنده‌یان تێهه‌ڵدا، خۆی گوته‌نی:
((هیچ تۆپێك هێنده پێیه‌ی پێنه‌كه‌وتووه))
له سه‌ر پشت راكشابوو، هه‌موومان به پێوه راوه‌ستابووین، ئاخر ژووره‌كه هه‌ر به‌شی راكشانی كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌وی ده‌كرد، خانه‌خوێ گوتی:
+ چیت كرد وایان لێكردی؟
– به زمانی سووتاوم داوای پیاسه‌م كرد
+ پیاسه!
– به پاسه‌وانه‌كه‌م گوت: خێرت ده‌گاتێ با كه‌مێك له‌و بن دیواره راوێچكه بكه‌م، كوڕی قاحپه گوتی:
نا، ده‌تبه‌م له ناو رانی دایكتدا راوێچكه بكه
گوتم:
چما تۆ دایكت نیه قسه‌ی وا ده‌كه‌یت؟!
ئیدی كه‌وتنه سه‌رم به دوو پاسه‌وان ماركوژیان كردم..
به‌ڵام خۆ شێت نیم داوای راوێچكه بكه‌م، من جگه له جگه‌ره، به پاره‌ی خۆشم، هیچم له كۆماری ئیسلامی ناوێ، هه‌مان پاسه‌وان، هه‌مان تاس و حه‌مام، سه‌ر تارات و سه‌د تومه‌ن و جگه‌ره‌یه‌ك، هێشتا دوا مژم له جگه‌ره‌ی (ویژه) جگه‌ره‌ی سه‌د تومه‌نی نه‌دابوو، دیتم پاسه‌وان، جگه‌ره‌یه‌كیدی بۆ راگرتووم، ده‌ستم بۆ گیرفانم برد، پاسه‌وان به سه‌ر ئاماژه‌ی دا كه پاره‌ی ئه‌و جگه‌ره‌یه‌ی ناوێ، سوپاسم كرد، به كێشانی جگه‌ره‌ی دووه‌م هێوربوومه‌وه، هێور هێور، ئه‌گه‌ر جێیه‌ك بۆ پێی چه‌پم بكه‌مه‌وه، رایكێشم، دێشێ، سه‌رخه‌وێك ده‌شكێنم، دوو شه‌وه نه‌خه‌وتووم، به بیرم نایه خه‌وم لێكه‌وتبێت، ده‌بێت چاوێك گه‌رم بكه‌م، خانه‌خوێ گوتی:
پێت بۆ لای مندا درێژبكه، بخه‌وه
ده‌رگا نه‌یهێشت ده‌نا ده‌خه‌وتم، ده‌رگایان كرده‌وه و كورتیله‌ی ره‌قه‌ڵه‌یان راپێچكرد، دیتم ده‌له‌رزی، گوێم لێی‌بوو:
به‌رگه ناگرم، هه‌موو ده‌ڵێم
خانه‌خوێ له بن لێوانه‌وه گوتی:
پێده‌چێت ئازادی بكه‌ن..
كه‌ته‌ی قه‌ڵه‌و گوتی:
خوابكه‌م ئه‌و شێته‌مان له كۆڵ بێته‌وه
گۆتمه خانه‌خوێ:
به چی دیاره ئازادی ده‌كه‌ن؟
خانه‌خوێ به پێكه‌نینه‌وه:
هیچ، دڵم تریواندی!
به گه‌مه گوتم:
ده بزانه دڵت بۆ منیش ناتریوێنێ!
به دڵنیاییه‌وه گوتی:
نۆره‌ی تۆش نزیكه..
پیاوێكی چوارشانه‌ی برۆ پانی لووت به‌رانی، كڵاوێكی مه‌یله‌و گیایی له سه‌ره، قاتێكی ره‌نگ كایی له به‌ره، بۆینباخی نه‌به‌ستووه، دوو دوگمه‌ی یه‌خه‌ی دانه‌خستووه، مووی سینگی پڕه، له ته‌نكه ردێنه‌كه‌ی پتر داوی سپی تێكه‌وتووه، مێزه‌كه‌ی هێنده گه‌وره نیه، ده‌فته‌رێكی گه‌وره و چه‌ند په‌ڕه كاخه‌ز و سێ چوار پێنووسی له پێشه، ته‌پله‌ی جگه‌ره‌ش،هه‌ردوو ده‌ستی گیراوه، ده‌ستێك به په‌رداخه‌وه، ده‌ستێك به چاویلكه‌وه، له به‌رانبه‌ر وی له سه‌ر كورسیه‌ك دانیشتووم، تازه چاوم كراوه‌ته‌وه، پێده‌چێ ئه‌و ژووره هه‌مان ئه‌و ژووره بێ كه دوێنێ به چاوی به‌ستراوه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كردم، كێ ده‌ڵێ ئه‌و پیاوه‌ش هه‌ر پیاوه كرماشانیه‌كه نیه! با قسه بكات ره‌نگه ده‌نگی بناسمه‌وه، به‌ڵام ده‌ڵێی به ته‌ما نیه قسه بكات، پێنج شه‌ش خوله‌كێ ده‌بێ له به‌ر ده‌می دانیشتووم قسه‌یه‌كی نه‌كرد، جاربوبار تیچاوێكم ده‌داتێ، ده‌ی پیاوی پشت مێز شه‌كرێ بشكێنه، دڵم ته‌قی، ئه‌گه‌ر قسه‌ش ناكه‌ی، پیاوه‌تیت له ده‌ست بێ و جگه‌ره‌یه‌كم بدێ، قسه مه‌كه، به ده‌م جگه‌ره كێشانه‌وه ئاماده‌م تا ئێواره لێره دانیشم و نه‌شپرسم بۆچی لێره‌م! پیاوی پشت مێز پێده‌چوو له چاومه‌وه دڵمی خوێندبێته‌وه، جگه‌ره‌یه‌كی بۆم راگرت، هه‌ستام و لێم وه‌رگرت، ئاگره‌كه‌شی دامێ، ویستم به فارسی سوپاسی بكه‌م، باش بوو هاته‌وه بیرم كه فارسی نازانم! به كوردی سوپاسم كرد، دانیشتمه‌وه به زمانی ئاماژه گوتی كه ته‌پله‌ی جگه‌ره‌كه ببه‌م، ره‌نگه زۆر به تامه‌زرۆییه‌وه جگه‌ره‌كه‌م كێشابێ، له بیرمه ویستم ئازایه‌تیه‌ك تۆ بڵێ كه‌رایه‌تی پیشانی پیاوی پشت مێز بده‌م، چتۆ ئازایه‌تیه‌ك! هاته سه‌رم سه‌د تومه‌نی بده‌مێ، ترسام و نه‌مكرد، ئێستا كه سه‌رهاته‌كه ده‌نووسمه‌وه، ده‌ڵێم بریا وام كردبا، دیاره ئه‌گه‌ر منی ناو سه‌رهات، منێكی ناو چیرۆك، رۆمان با، ده‌بوو په‌نجا تومه‌نه‌كه له پێش پیاوی پشت مێزه‌كه دابنێم، پێیبڵێم، ئه‌وه هه‌قی جگه‌ره‌كه، بێگومان هۆی ئه‌وه‌ی ده‌یپرسی، له وه‌ڵام ده‌مگوت: ئه‌دی ئێوه جگه‌ره‌یه‌ك به سه‌د تومه‌ن نافرۆشن! حه‌یف! كه‌سایه‌تی ناو رۆمانه‌كانم مه‌رج نیه كتومت كه‌سایه‌تی یاده‌وه‌ریه‌كانم بن!! هاته قسه:
+ فارسی به‌له‌دی
– فارسی نازانم
كردیه كوردی، هه‌و بوو پیاوه كرماشانیه‌كه بوو، كۆمه‌ڵێك پرسیاری كرد، زۆریان دووباره بوون، به‌ڵام دووباره‌یه‌كی لێكدی دوور، هی دوێنێ، دوێنێی تاریكی، دوێنێی چاو به‌ستراوی، گوتن و بیستن له باری چاوبه‌ستراوی چه‌ند جیاوازن له‌وه‌ی له باری چاو كراوه‌یی بیت، تا نه‌تخه‌نه باری چاوبه‌ستنه‌وه په‌یبردن به‌و جیاوازیه سانا نیه.. پاسه‌وانه‌كه هات و چاومی به‌ست و بردمی، گه‌یشتمه‌وه ژووره‌كه، چ ببینم باشه! ژوور چۆل و هۆل، پاسه‌وان ده‌رگای كلیل دا، ئای من كه‌وتمه ژووری تاكه‌كه‌سی! باشه خانه‌خوێ، كه‌ته، ره‌قه‌ڵه، ئه‌وانیدی چیان به‌سه‌رهات! له بیرمه به كلكی كه‌وچكه چایه، نازانم چۆن گه‌یشتبووه ژووری زیندان! نووسیم له دیواری زیندان نووسیم:
چ سه‌خته ته‌نیایی زیندان .
زۆری نه‌برد، ده‌رگا كرایه‌وه، نا، به‌رله‌وه‌ی بێن، ده‌بێ گوێ له چریكه‌كه:
(( بیری ئازادیم له زیندانا فراوانتر ده‌بێ
قوڕ به سه‌ر ئه‌و دوژمنه‌ی هیوای به به‌ندیخانه‌یه))
ئه‌وه حه‌مه جه‌زا چ ده‌كات له‌و ژووره‌ی ته‌نیشتم! ده‌نگی ئه‌وه، كاسێته؟! نا، خۆی لێره‌یه، ئه‌ها پاسه‌وانه‌كان غاریان دایێ، وه‌ریگه‌ڕانێ، گوێم له ده‌نگی قامچیه، پیس لێیاندا، قیڕه‌بڕیان كرد، له كونی ده‌رگاوه دیتم رایانكێشا، ده‌موچاویم دیت، نه‌مدیتبا، ئێستاش ده‌مگوت ئه‌وه‌ی له زیندانی سه‌رده‌شت گۆرانیه‌كه‌ی حه‌مه جه‌زای گوته‌وه، جگه له حه‌مه جه‌زا كه‌سیدی نه‌بوو، چه‌ند ده‌نگی له‌و ده‌چوو! من ئه‌و شیعره‌ی قانعم هه‌مووی له به‌ر بوو، له زیندانێ له به‌ر خۆمه‌وه گوتمه‌وه..چاومی به‌ست و پێش خۆی دام، ئه‌وجاره بۆ كوێ؟ ئه‌ها ده‌ڵێی ده‌چمه‌وه سه‌ر زه‌وی، هه‌ر جگه‌ره‌كێشانێكی كێشا، سواری ماشێنێكیان كردم، چاوم به پشتێنه‌كه‌ی خۆم به‌سترایه، به‌ڵام ده‌ستم كراوه‌یه، پێش دابه‌زین، چاومیان كرده‌وه، ئێستا له ژوورێكم ده‌ڵێی پرسگه‌یه، ئێره به بنكه‌ی پۆلیس ده‌چێ، له لای ده‌رگا رایانگرتووم، نیو ده‌مژمێرێكی پێچوو، رێیاندام، دابنیشم، ده‌مژمێرێك پتر دانیشتم، له‌وێ هه‌ر هێنده‌م له بیره گوتیان:
ئێستا، فه‌رموو ده‌توانی بڕۆیت
پرسیاری (په‌ڕی په‌ڕینه‌وه) كه‌مم كرد، داوامكرد بمده‌نه‌وه، گوتیان:
سبه‌ی وه‌ره وه‌ریبگره‌وه
سبه‌ی بێمه‌وه ئێره! هاتمه ده‌رێ، پێم هه‌ڵێنا، پێ هه‌ڵێنانێك مه‌گه‌ر له ترسی ئه‌نفال وام هه‌ڵێنابێ، ئۆی، خۆ ئێره ناو بازاڕه، پاكه‌تێكی هه‌رزانم به ئاگره‌وه كڕی، ئۆخه‌یش گه‌یشتمه‌وه جگه‌ره، دوو كۆڵان سووڕامه‌وه، ئه‌وه‌تا ماڵی خودا، ده‌رگا كراوه‌یه، له دڵی خۆم گوتم:
(( له كاتی پێویست نه‌تكرده‌وه مه‌رج بێت ئیدی سه‌رت پێدا نه‌كه‌م))
دوو سێ له‌فه‌ی نازانم په‌تاته بوو، چ بوو، خواردم، له چایخانه‌یه‌ك دانیشتم، ره‌نگه قۆریه‌ك چایه‌م به جگه‌ره‌وه خواردبێته‌وه، چاوده‌گێڕم، ورد چاو به شه‌قامدا ده‌گێڕم، ئێ براده‌رێكی زیندانیم ببینمه‌وه، ئه‌وانه‌ی زیندان به تایبه‌تی خانه‌خوێ و كه‌ته و ره‌قه‌ڵه هه‌ستمده‌كرد ده‌مێكه ده‌یانناسم و براده‌رمن، ئێستاش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه حه‌زده‌كه‌م بیانبینمه‌وه.. ماویه‌تی بۆ نیوه‌ڕۆ، له‌وێوه رێی سه‌رێم گرت، ئه‌و رێیه‌ی ئه‌گه‌ر به كه‌رایه‌تی خۆم نه‌كردایه، زوو بمگرتایه تووشی ئه‌و هه‌موو تێهه‌ڵدان سووكایه‌تیه‌ی كۆماری ئیسلامی ده‌بووم! له رێ بیرم له خانه‌خوێ ده‌كرده‌وه، له‌وانیدی، نه‌مدیتنه‌وه، ماڵی كاوه كه سه‌ربرده‌ی ئه‌و دوو شه‌وه‌ی منیان بیست، هێنده سه‌ركۆنه‌یان كردم، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕم به تۆبه‌كردن هه‌با، له سه‌ر ده‌ستی ژنه خانه‌دانه‌كه‌ی كاوه تۆبه‌م ده‌كرد..
ئێ، چ بكه‌م! سبه‌ی بچم بۆ هێنانه‌وه‌ی (په‌ڕی په‌ڕینه‌وه) یان نا، دره‌نگ كاتژمێر و ته‌زبێحی قه‌زوانیم بیركه‌وته‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌چم چۆن بگه‌مه‌وه قه‌ندیل، قه‌ندیلی هه‌میشه ئازاد، ئه‌و قه‌ندیله‌ی له خه‌ونیش ناكه‌وێته ژێر ركێفی و تورك و عه‌ره‌ب و فارس، ئه‌و قه‌ندیله‌ی ئێستاش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه له دیدی من هه‌ر هێمای مانه‌وه و ئازادیه، حه‌زیش ناكه‌م بچم، نامه‌وێ سه‌ر به‌و جێیه‌دا بكه‌م كه تێیدا سووكایه‌تیم پێكراوه، به رێكه‌وت شاهێنم دیت، سه‌ربرده‌می بیست، گوتی:
((وێنه‌یه‌ك له سه‌ر تۆ، ئه‌ویدی له سه‌ر من..))
وێنه‌یه‌كم گرت، ده‌مژمێرێكی پێنه‌چوو، ناسنامه‌یه‌كی دامێ، كاتی خۆی له عێراقیش ناسنامه‌ی وام نه‌بووه، یه‌كسه‌ر چوومه گه‌راج، سواری قوته جێبێك بووم، باژۆ به‌ره‌و ده‌ڤه‌ری (قاسمه ره‌ش)، تاگه‌یشتمه دوا بازگه‌ی كۆماری ئیسلامی له هیچ بازگه‌یه‌ك داوای ناسنامه‌یان لێم نه‌كرد، دوا بازگه گرنگه، له بیرم نیه چ بوو، به‌ڵام ده‌زانم له سه‌ر سنوور گێوه‌لێژه‌یه‌ك هاته گۆڕێ، له‌م دیو و له‌و دیوی ته‌لبه‌ندی سنوور كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی په‌ڕینه‌وه‌یان ده‌كرد، ئیدی بێ گێرمه‌وكێشه له ته‌لی سنوور په‌ڕیمه‌وه، له په‌ڕینه‌وه‌دا سیه‌كانم بۆ بای ئازادی كرده‌وه، ئه‌و بایه‌ی له ئاراسته‌ی قه‌ندیله‌وه هه‌ڵیكردبوو.
كه‌ریم كاكه