Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
دوو کورتەچیرۆکی ڕیچارد براوتیگان

دوو کورتەچیرۆکی ڕیچارد براوتیگان

Closed
by November 7, 2012 چیرۆک

 

 

 

 

ئۆتۆمۆبێلی زرێپۆش

 

لە ژوورێکدا دەژیام، کە جێخەوێک و تێلیفۆنێکی تێدا بوو. ئەوە گشت شتێک بوو. بەیانییەک لەناو جێخەوەکەدا هەڵاژیابووم و زەنگی تێلیفۆنەکە لێیدا. پەردەکانی پەنجەرەکە ڕما و بارانێکی بەخووڕ لە دەرەوە دەباری. هێشتا دنیا نووتەک بوو.

گوتم:

هەلەو

پێاوێک پرسیاری کرد:

کێ دەمانچەی شەشتیری دروستکرد؟

پێش ئەوەی تەلەفۆنەکە داخەمەوە، دەنگی خۆم، وەک ئانارشستێک لە زارمەوە دەرچوو و گوتم:

ساموێل کۆڵت.

پیاوەکە گوتی:

تۆ ڕاست تەختەدارێکی سووتاندنت بردەوە.

پرسیم:

تۆ کێیت؟

گوتی:

ئەمە مشتومڕێکە، تۆ بە هەق تەختەدارێکی سووتاندنت بردەوە.

گوتم:

من زۆپایەکم نییە، لە ژوورێکی بەکرێ گرتوودا دەژیم. پێویستی بە گەرمایی نییە.

گوتی:

ئایا شتێکی دیکە هەیە تۆ لە پاڵ تەختەدارێکی سووتاندندا بتەوێ؟

بەڵێ، پێنووسێکی مەرەکەب.

باشە، دانەیەکت بۆ دەنێرین. ناونیشانی ئەوێ چییە؟

ئادرێسەکەم پێی دا و پاشان لێیم پرسی، کێ سپۆنسەری پێشبڕکێکە دەکا.

گوتی:

گرینگ نییە، سبەینێ بەیانییەکەی پێنووسی مەرەکەبەکە لەناو سندووقی پۆستەکەدا دەبێ. ئۆهـ، بەڵێ، ئایا ڕەنگێکی تایبەتیی هەیە تۆ خۆشت لێی بێ؟ خەریکبوو فەرامۆشی کەم.

شین باش دەبێ.

ئێمە شینمان نییە. هەچ ڕەنگێکی دیکە؟ سەوز؟ ئێمە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر پاندانی سەوزمان هەیە.

زۆرباشە، کەوایە، سەوز.  

گوتی:

ئەوە سبەینێ بەیانییەکەی لەناو سندووقی پۆستەکەدا دەبێ.

وا نەبوو. هەرگیز نەگەیشت. تەنیا شتێک، کە بۆ هەمیشە من، لە ژیانی خۆمدا بردمەوە و بەڕاستی بەدەستیشم گەیشت، ئۆتۆمۆبێلێکی زرێپۆش بوو. وەختێ منداڵ بووم، ڕێوبانێکی کاغەزینم هەبوو، کە ماوەی چەندان مایل بە قەراخی ڕێی سەختی شاردا دەڕۆیشت. دەبوو پاسکیلەکەم ڕووەو خوارەوەی گردۆڵکەیەک لێخوڕم، بە ڕێیەکدا ڕۆیشتن، کە چەندان کێڵگەی لەوەڕ لە هەردوو لاکەیەوە و بێستانێکی هەڵووژە لە کۆتاییی ڕێیەکەدا هەبوو. بەشیك لە دارەکانیان لە بنەوە داپاچیبوو و چوار ماڵی نوێیان لەوێ چێ کردبوو. لەپێش ماڵێکیاندا ئۆتۆمۆبێلێکی زرێپۆش لە مۆڵگەدا ڕاگیرابوو. شارێکی چکۆڵانە بوو و گشت ڕۆژێک پاش کارکردن، شۆفێرەکە ئۆتۆمۆبێلە زرێپۆشەکەی لەتەک خۆیدا دەبرد. لە دەرەوە، لە بەردەم خانووەکەی خۆی ڕایدەگرت. 

دەبوو پێش کاژێر شەش لە بەیانیاندا لەوێوە تێپەڕیبام و هەموو کەسێ لە ماڵەکانیاندا خەوتبان. وەختێ بەیانیان ڕۆژ دەبوووەوە، من دەمتوانی ئۆتۆمۆبێلە زرێپۆشەکە لە چارەکە مایلێک یان شتێکی لەو جۆرەوە ببینم. 

حەزم لە ئۆتۆمۆبێلە زرێپۆشەکە کرد و دەبوو لە پاسکیلەکەم دابەزیبام و زیاتر ڕێمکردبا و چاوێکم لێی کردبا، بە کانزا قورس و گرانەکەیمدا کێشابا، تماشایەکی پەنجەرە گوللەنەبڕەکانیم کردبا، شەقێکم لە تایەرەکانی هەڵدابا.

لەبەرئەوەی لە دەمەو بەیانیدا گشت خەڵک لە خەودا بوو و من بەتەنیا بەدەرەوە بووم، پاش نەختێک وابیرمکردەوە ئۆتۆمۆبێلە زرێپۆشەکە دەبێتە هی من و وەها مامەڵەم لەتەکدا کرد. بەیانییەک چوومە ناو ئۆتۆمۆبێلە زرێپۆشەکەوە و باقی کاغەزەکانم لەناویدا ڕزگار کرد. دیتنی منداڵێک ڕۆژنامەکان بە ئۆتۆمۆبێلێکی زرێپۆش بگەیەنێ، شێوەیەکی غەریبی دەنواند. من زیاتر بەدڵمەوە نووسا و بەڕێکوپێکی دەستمکرد بە کارپێکردنی.

تازە لەخەو هەڵساوان گوتیان:

ئەوەتا ئەو منداڵەی ناو ئۆتۆمۆبێلە زرێپۆشەکەی ڕۆژنامەکان دەگەیەنێ بەرەو ئێرە دێ، بەڵێ، ئەو کەسێکی شێتۆکە و سەیرە!

ئەوە تەنیا شت بوو کە بۆ هەمیشە بردمەوە.

 

 

مێژوویەکی تەواوی ئەڵمانیا و جاپان

 

ساڵانێکی کەم لەمەوبەر <<دووەم جەنگی جیهانی>> من، لە مۆتێلێکی تەنیشت کارگەی ئامادەکردن و لەقووتونانی شەتڵی خێرا دەژیام، کە ئەمە شێوازێکی جوانی گوتنە بۆ کوشتارخانە.

ئەوان، لەوێندەر بەرازەکانیان کوشت، کاتژمێر دوای کاتژمێر، ڕۆژ دوای ڕۆژ، هەفتە دوای هەفتە، مانگ لەدوای مانگ تا بەهار دەبووە هاوین و هاوین دەبووە پاییز، بەبڕینی قوڕقوڕاگەیان پاش ئەوەی کڕوزانەوەیەکی مرخەمرخکەرانەیان لێوە پەیدا دەبوو، هاوتای ئۆپێرایەک بوو، کە لەلایەن گەندوگوویەکەوە دابنرێ و بەڕێوەببرێ. هەرچۆنێک بوو وامبیرکردەوە، کە کوشتنی گشت ئەو بەرازانە شتێ یاخود کارێکی بە بردنەوەی جەنگەوە هەبوو. وامخەمڵاند چونکە هەموو شتەکانی دیکە ئەنجام درابوو.

لەماوەی هەفتەی یەکەم یا دووەم، کە ئێمە لە مۆتێلەکە گوزەراندمان بەڕاستی پەستمیکرد، ئەو هەموو مرخاندنانە قەبووڵکردنیان زەحمەتبوو، لێ دواتر واملێهات خووم پێوەیانگرت چون هەر دەنگێکی دیکەی لێهات: چریکاندنی باڵندەیەک لەناو درەختێکدا یا فیکەکێشانی نیوەڕۆیان یا ڕادیۆ یاخود دەنگی ئاژووتنی لۆرییەکان یاخود دەنگی مرۆڤەکان یا بانگکردن بۆ خواردنی نانی ئێوارە، هتد.

<<تۆ دەتوانی پاش فراڤین گەمە بکەیت!>>

هەچ وەختێک بەرازەکان نەیاندەزیقاند، بێدەنگیی هەر وەک ئامێرێکی پەککەوتە و شکاو وابوو.   

 

 

و. لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان

سەرچاوە:

Richard, Brautigan. Revenge of the Lawn; Library of Congress, United States of Ameria. 1971.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.