Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
دوکەڵ … کازم بیتوێنی

دوکەڵ … کازم بیتوێنی

Closed
by October 1, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

درەنگ بە خۆمم  گوت

دونیا سەراپا  دوکەڵە

درەنگ  هەستمکرد

وجودی من هەناسەیەکە  لە دوکەڵ

لە سینەی خودایەکی تەنهاوە هاتۆتە دەرێ

 

کە بینیم شەونم ماڵی گوڵی وون کردووەو

لەپە عەترگرتوەکانی گەڵای بۆ نادۆزرێتەوە

کە بینیم هەرچی سەمفۆنیای ماچی شەوبۆییە

بۆنی دوکەڵیان گرتووەو

هەرچی ڕوخساری سەوزی باخچەیە

بەدەم سەمایەکی پایزیەوە  زەرد زەرد هەڵدێ

گوتم خوایە 

چەنگێک تەماشای خۆتم  بەسەردا بپڕژێنە

ئێوارەیەک بە درەنگەوە

گوتم خوایە

ئاوابوونێکی ئەبەدی خۆر ئاوا بێت و

منیش بەرەو ماڵی شەو بەرەوە

من لەژێر باڵی  شەودا نەبێ و

لەناو چیمەنە شەولێنیشتووەکانی شەودا نەبێ 

سروشتی ئاڵۆزکاوی  خۆم ناناسمەوە

گوتم خوایە

گەرمترین گریانی من ئەو دەمە بوو لەدایک بووم

ئەودەمە 

چەند قەڵس بووم بەو ڕۆشناییە تاریکەی ئێستا تێیدام

 

خودایە 

پنجێک هاواری منت لە باخچەی بیستنی خۆتدا نەچاند

تا ببینی چەند گوڵی لیمۆیی دەگرێت

دەڵێم ڕەنگە باخچەی بیستنی خواش هەڵوەریبێ

ئاخر کەشتی هاواری من لە دەریاێکی بێ کەنار دایەو 

پیاسەی سپی ماسیەکانیش سێبورییەکی نادەنێ

خودایە

دەرگایەکت نەبوو تا بەهەردوو دەست لێی بدەم

**     **     **

 

ژینی من بە وەرزێکەوە ئالودەیە

لێوانلێوە لە دوکەڵ

تێیدا

سەراپای عومرم  لە کوژران ئاوسە و 

نیگاشم  لە هەڵوەرین

ئاوێنەکانی ئەو وەرزە مردون

وێنەی ڕاستەقینەی خۆم نیشان نادەنەوە

ئاوێنەکانی ئەو وەرزە مردون

تابلۆکان تێکەڵ دەکەن و

ڕەنگە تەم لێنیشتووەکانیان بۆ لەیەک جیانابێتەوە

 

سەبەتەی پڕ لە گمەی گیایی

بەسەر دەستی ” با ” وە دەمرن

کەس ئینجانەیەکیان لێ پڕ ناکات

کۆڵانەکان پڕن لە جریوەی کێویلەی وەریوو

هیچ کەس کۆیان ناکاتەوە

 

چ وەرزێکی ماندوو و تارە و

لە ژێر چ  ئاسمانێکی  ماندووتردا تێدەپەڕێت

سەختە تا ئەبەد سەماکردن

لەسەر نەوای ئاوازێکی ئاوارە  

سەختە تا ئەبەد سەماکردن

بە دیار چراخانێکی خەواڵوەوەو

لەژێر پروشەی بەفرێکدا کلو کلو سپێتی خۆی دۆڕاندبێ 

 

من شوشەییترین زاهیدم

بەرەو کەرنەڤاڵی مردن هەنگاو دەنێم

هەمیشە پەنجەرەیەکم  بە ڕووی شێتیەتیدا کراوەتەوە

***              ****                ****

 

وەرزی دوکەڵ

مەعبەدێکی زوڵمەتبارە

پڕە لە بتی چەماوەی ڕۆح چەماوە

پڕە لە بتی بێ ناونیشان

کە ڕوخساریان  پڕپڕە لە پەڵەی  پوچی 

پڕە لە ئەوینی کوژاوە

پڕە لە گریانی بێ سێبەر

 

وەرزی دوکەڵ

پڕە لە سێوی کاڵی تاڵ

شیرینترین لێو ئالودە دەکەن

 

نەفرەت لە و سێشەممەیەی

تێیدا خونچەی پوچی پوشکووت! 

 

دەرگای پەرەستگاکەم دادەخەم 

دەست لە خەیاڵی پێغەمبەرایەتی بەردەدەم و 

واز لە فکری مەسیحێکی دیکە دێنم

دەڕۆمەوە ناو ماڵە دورەدەستەکەم

کە بێشەڵانی مەرگی منە

کە سیخناخە بە بۆنی تەنیایی

لەوێ

تەنیا جلیوەی پێکەنینێکی پەمەیی من

دانیشتنە لەژێر سێبەری سورباوی ڕەزێک ترێ 

کە هێشوو هێشوو دەبمەوە   ئاو و

پەیتا پەیتا مەست دەچمەوەو

چۆڕ چۆڕ ڕوون دەبمەوە

***           ***          ***

 

دوکەڵ نایەڵێ ساتەکانی خۆم پڕکەم  لە گێلاس

شێتی نایەڵێ  ساتەکانی خۆم پڕکەم لە شێتی

کەناری خۆمم 

 وەک کەناری ئاو خۆش دەوێت

لێ

پەی بە قوڵاییەکانی خۆم نابەم

زیندانی خۆڵەمێشیم بۆ خۆم و

گۆرانییە بێ ڕەنگەکانی خۆم سەردەبڕم

ڕازە شەهللاییەکانی خۆم لەناو تابوتی ڕۆحمدا  دەشارمەوە

ئای من چ گۆڕستانێکی بەرینم

لێوانلێوم لە تەرمی ئەرخەوانی

***    ****       ***

 

ئێستا وەرزی دوکەڵە و

بەرد بیرەوەرییە تەزیوەکانی خۆی دەنوسێتەوە

شار قەراغی جاددەکانی خۆی بە سکوت چنیووە

نامۆیم  وەک حەوزێکی وشک

لەبەردەم  جادووی ” با ” دا  هەڵدەلەرزێت

شەرم لە گێڕانەوەی چیرۆکی تەڕێتی داوێنی دەکا

 

ئێستا وەرزی دوکەڵە و

باران بارینی بیرچۆتەوە

گیاش شنەی شینیەتی لێ تۆراوە

تاسەی ئەو ئێوارەیەم 

لە تاسەی ئەهریمەن دەچوو بۆ گوناه

پیاسەی ئەو ئێوارەیەم 

لە پیاسەی خوداوەند دەچوو بە کەناری ئەبەدییەتدا

تا بڕۆم

سەراب لە پێشمەوە و

مردن بە دوامەوەیە

تا بڕۆم

ڕێگاکان نوقمی دوکەڵن

 

کۆتایی تەمموزی ٢٠٠٠

تاران

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.