Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ديدار لەگەڵ: عەباس بۆسکانی

ديدار لەگەڵ: عەباس بۆسکانی

Closed
by November 7, 2012 گشتی

کورتە بایۆگرافیایەکی عەباس بۆسکانی:

 

لە ١٩٦٩ هاتۆتە دونیاوە.

لە ساڵی ١٩٩٢ وە لە ئوسترالیا دەژیا هەتا ناوڕاستی ساڵی ٢٠١١ گەڕاوەتەوە کوردستان و ئێستا لێرە دەژی.

بەکەلۆریۆس لە ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی وێستێرن سیدنی ئوسترالیا.

دوو بروانامەی ماستەر لە “ئەدەبی ئینگلیزی: نوسینی داهێنەرانە” و لە تیسۆڵ TESOL (فێرکردنی زمانی ئینگلیزی وەک زمانی دووەم).

یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ناوەندی ڕۆشنبییری کورد لە ئوسترالیا و بۆ چەند دەورەیەک سەرۆکی بووە.

بڵاوکراوەی هەمەڕەنگی هەیە لە ڕەخنەی ئەدەبی و شیعر و کورتە چیرۆک و بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوکردۆتەوە. 

یەکەمین دیوانە شیعری بە کوردی “خەونەکانی ئەودیو دەریا” لە ساڵی ٢٠٠٤ بڵاوکردۆتەوە.

بەشداری کتێبێک لەسەر نوسینی داهێنەرانەی کوردانی ئوسترالیای کردووە بە زمانی ئینگلیزی بە ناوی ” ئاگر، بەفر و هەنگوین: چەند دەنگێک لە کوردستانەوە” لە ئامادەکردنی نوسەری ئوسترالی خاتوو جینا لیۆنێکس.

چەندەها کاری داهێنەرانەی کوردی وەرگێڕاوەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی.

تا گەڕانەوەی مامۆستا بووە لە کۆلیژی زمان لە زانکۆی وێستێرن سیدنی لە ئوسترالیا.

ئێستا لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی مامۆستایە و ، وەک مامۆستای دەرەکی لە زانکۆی سلێمانی کار دەکات.

 

 

كەلتووری كورد تا چەند كەلتووریكی ڕەخنە بەرهەمهینە؟ واتە ئایا لەناو فەرهەنگ و كەلتووری كورددا ڕەخنەو ڕەخنەگر چۆن لییدەروانریت؟ پیتوایە ئیمەی كورد ترس لە ڕەخنە بەشیكبیت لە فەرهەنگ و ژیانمان؟

 

بەڕاستی ئەمە پرسیارێکی گشتگیرە، کاتێکێش پرسیار گشتگیر دەبێت وەڵامەکان بەرەو ئاقاری موتڵەقبوون و گەڕان بەدوای سیما هاوبەشەکانی دیاردەکانی ئەو گشتگیربوونە دەچن، لێرەشەوە بەشێکی گرنگ لە خولیای گەڕان بەدوای بینینەوەی هەقیقەتی دی لە پارچەکانی تری ئەو تێڕوانینە ڕەخنەییەمان ون دەبێت کە تایبەتە لە بینینەوەی گرنگیی جیاوازیەکان و ئەو وردبینییەی کە ناچێتە ژێر ئەو کاتاگۆری گشتگیربوونەوە. ئەمە وەک سەرەتا.. ئینجا وەک چوونە نێو قوڵایی ئەو بابەتەی دەیورژێنی کە سەرەڕای گشتگیربوونەکەی مەرج نییە دوور بێ لە هەقیقەت، کە “کورد” بە گشتی وەک بوونەیەکی موتەجانیس دەبینێت و سیمای دەداتێ و پرسیار لەبارەیەوە دەکات. کاریگەری هەندێک ئاکاری ئایدیۆلۆژی کەبەهۆی سیاسەت و حیزبایەتییەوە هەندێک جار وەک سیمایەکی گشتگیر دەخەمڵێ، یان لانی کەم وەک بوونەیەکی تاکی موتەجانیس دروستماندەکاتەوە، هۆکاری ئەم “بەتاکبوون”ە کۆی ئەو هۆکارە مێژووییە سەختە بوون کە لە ٢٠ ساڵی حوکمی بەعسەوە هەتا ڕوخانی بەردەوام بووە، یانی بە مانایەک لە ماناکان تراژیدیای هاوبەش جۆرە کۆدەنگییەک لە تاکبووندا بدۆزێتەوە و هەمان فشاری سیاسیی و توندوتیژیی فیزیکیی جۆرە ڕۆحیەتێکی زوڵملێکراوی دروستکردووە کە لەوانەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسیی جۆرە سوودێکی هەبوبێت بەڵام لە مەودا ڕەخنەییەکەیدا فاکتەرێکی کپکەربووە بۆ هەژموونی جیاواز و دونیادیدی جیاواز. ئەمە نابێ وەک موتڵەقییەتێکی فەرهەنگی بخوێنرێتەوە بەڵام دەبێ حیسابی بۆ بکرێت. 

کورد کە کییانێکی هۆمۆجین نییە چۆن دەبێ لە دیدی ڕەخنەیی بێبەش بێت، ئەمە بڕیارێکی ڕەخنەیی ڕەهایە و گەر شتی وا بڵێین ئەکەوینە هەڵەی کوشندەوە، بەڵام ئەگەر بڵێین: کورد خاوەنی هەر دید و ئاستێکی ڕەخنەیی دۆکیومێنت نەکراوە لەمەیانا دەبێ دان بەو هەژارییەدا بنێین، کە ئێمە وەک میللەت زیاتر کولتورێکی لینگواڵی شیفاهیمان هەیە زیاتر لە نوسراو، ئەم کولتورەش هەتا حاڵی حازر بە جۆرێک لە جۆرەکان بەردەوامی هەیە.

وەک ترس لە ڕەخنە من هەمیشە لەگەڵ ئەو ڕایانەدا بووم کە دەڵێن ئەو کۆمەڵگایانەی دیانەتە تەوحیدییەکانی وەرگرتووە تا ڕادەیەک تاکدیدن لەکاتی سەرنجدانی گەردوون و دەوروبەر، وەرگرتنی هەقیقەتی تاک هەر لە بەرجەستەبوونە ئاسمانییەکانەوە هەتا ئەلفوبێی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان جۆرێک لە تاک-شیکار، تاک- ڕزگارکەر، تاک-هیوا ، تاک- ئامانج پێکهێناوە، ئەمانەش هەموو بنەمایەکی بەیار نین بۆ دروستکردنی هزرێکی ڕەخنەیی تاکانەو قەبوڵکردنێکی دەستەجەمعی، هەربۆیە ڕەخنە ئەگەر وەک ئەمەکێکی تاک و تەرا لێرە و لەوی دروست بووبێ وەک دیاردەیەکی نامۆ بینراوە، وەک هەوڵێکی نەشاز بۆ تێکدانی هاڕمۆنیای هزری دەستەجەمعی.. هەڵبەتە ڕێکەوتێکی میژوویی نییە کە خاوەنی  یەکەم کورتە چیرۆکی کوردی کە  “لەخەوما” کە “جەمیل سائیب”ە لە تاریکیدا دەکوژرێت، ئەمە یەکەمین ئیغتیالی سیاسیی نوسەرێکە کە وێراویەتی بە ئاشکرا قسەی هەبێت لەسەر دەوروبەری خۆی و لەسەر حوکمدارییەتی شێخ مەحمودی حەفید.. کەواتە دیسانەوە ڕێکەوت نییە کە حاڵی حازر ئەوانەی خەریکی کاریی ڕەخنەیین دەکەونە بەر لێشاوێکی گەورەی دژایەتی فیکریی و جەستەییەوە. 

 

ئیستای ڕەخنەی ئەدەبی كوردی چۆن هەڵدەسەنگینیت؟ پیتوایە ڕەخنەی ئەدەبیمان لە چ ئاستیكدا بیت؟ 

هەڵسەنگاندنی هەنووکەیی دیاردە و بونیادێکی ئەدەبیی کارێکی ئاسان نییە چونکە کارێکی لەو جۆرە پێویستی بە داتا و ئیندێکسی تەواوی تێکستە نوسراوەکان هەیە، کاتێکیش ئەم شتانەمان لەژێر دەستا نین زۆرینەی حوکمە ڕەخنەییەکانمان وەک جۆرە ئینتیباعێکی خێرا دەردەکەون. هەڵبەتە دوور و نزیک ئاگاداری بەرهەمی ڕەخنەیی هەنوکەم. ئەگەر شتێکی زۆر جەوهەری هەبێت لەسەر سیمای سەرەکی ئەو کارانە ئەوەیە کە زۆرینەی ئەو نوسراوانە، ناڵێم هەمووی، زۆرینەی یان پشت بە هیچ مێتۆدێکی ڕەخنەیی نابەستێت یان وەک بەرهەمی تێکەڵەیەکە لە فرەمـیتۆدیی! هەڵبەتە ئازادی ڕەخنەگران لەبیرکردنەوە و پشتنەبەستن بە مێتۆدی ڕەخنەیی لەوانەیە، تا ڕادەیەکی کەم جۆرە ئازادییەکیان بداتێ لەگەمەکردن لە نێوان چەمکە جیاوازەکاندا، بەڵام ئەوە ئازادییەکی سنووردارە.. تەنها بە پشتبەستن بە مێتۆدە جیاوازەکان دەتوانین ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی بۆ کارە نوسراوەکانمان و بۆ وێناکردنی چۆنێتی بیرکردنەوەمان دیاریبکەینک ڕوانگەیەک کە کاریگەربێت و قابیل بە خویندنەوە بێت لەلایەن خەڵکانی غەیرە کوردەوە. سەرەڕای ئەمە هۆشێکی زۆر سەیر لەسەر تەرکیزکردنە سەر نێگەتیڤییەتی تێکست جۆرە دژەهەڵوێستێکی بەرامبەر ڕەخنە پێکهێناوە، جۆرێک تێگەیشتنی سەقەت هەیە کە ڕەخنەی ئەدەبی بێ سێ و دوو دەکاتە پرۆژەی کەشفکردنی خاڵە لاوازەکانی تێکست و هیچی تر.  دوور لە ئەناڵیزەکردنێکی سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و فەلسەفیی چەمکە مێژووییە ڕوون و شاردراوەکانی نێو تێکستەکە.

پەیوەندی نێوان تێکستی گەورە و ڕەخنەی ‏زیندوو پەیوەندییەکی تا ڕادەیەک ئۆرگانییە، بە مانای وجوودی یەکەم کاریگەری هەیە لەسەر دروستبوونی دووەم و بە پێچەوانەیشەوە. کرانەوەی کوردستان ڕووەو جیهان لەدوای ڕاپەڕینەوە چەندەها ئەگەری ئەدەبیی تازەی خستە پێش نەوەیەک کە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، هەرچەندە ئەو ئەگەرانە پۆزەتیڤ بوون بۆ کرانەوە و پەیوەندیکردن، ئەتوانین  بڵێین تا ڕادەیەک هەقیقەتی گەیشتنی چەندەها چەمک بوون لە ڕێی چەند کەناڵێکی نامۆوە، گەیشتن بە کولتورێکی باڵای ئەدەب و ڕەخنە داهێنەر و پێگەیشتووەکانی دونیا، بەو مانایەی نە زانکۆکان نە گروپە ئەدەبییە کاریگەرەکان خەریکی ئەو کارە بوون، لەوانەیە زیادەڕەوی نەبێ کە حوکمی ئەوە بدەین کە دوو یان سێ کەسی نێو گروپی ڕەهەند کاریگەرییەکی گەورەیان هەبووە بۆ ئەو هەنگاوە مەترسیدارە گەورەیە، بەڵام ئەوانیش بەشێوەکی تاکانە و ئازادانە وەک چەند ڕۆشنبیرێک خەریکی ئەو کارە گرنگانەیان بوون کە هەتا ئێستاش موتەناسیق نییە و جۆرە پەڕتەوازەییەکی پێوە دیارە، کارەکان گرنگ بوون چونکە لەلایەکەوە ئابڵووقەی ترسێکی مێژووییان شکاند و لەلایەکی دییەوە دەرگایان لەسەر ئەگەری ئەدەبیی تر کردەوە، دیسانەوە دەڵێم ڕێکەوت نەبوو کە شەپۆلی ڕۆماننوسین و ڕەخنە نوسین لەدوای ئەم دیاردەی گۆڤاری “ڕەهەند”ەوە پەرةیانسەند. ئەمە کاتێک لەو مەودایەدا قسەدەکەین کە چەمکی “ڕەخنە” بە گشتی هاتۆتە مەیدان، بەڵام کاتێک لە “ڕەخنەی ئەدەبی” دەدوێین باسەکە تۆزێک لە ووردبونەوەی گەرەکە، بۆ؟ چونکە خودی بونیادی هزریی ڕەخنەیی چواڕچێوەیەکی پانوبەڕینە و بنەما هەرە سەڕەکییەکەی جۆرێکە لە ئاگامەندی کە هەمیشە پرسیار ئامێز و شیکارگەرە، ئەم پرۆسەیە لە زۆرینەی کاری ڕەخنەیی مەودا کۆمەڵایەتییەکاندا حزوری هەیە، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر ڕەخنەی ئەدەبیی جۆرێک لە تایبەتمەندێتی پێویستە کە تا ڕادەیەک تۆزێک لە مەودا عادەتییەکانی ڕەخنە زیاتر دەڕوات، چونکە ڕەخنەی ئەدەبی جۆرە بەهەوێنبوونێکی تەواوی زانستە ئەدەبییەکانی تری تێدایە، جۆرە گشتگیرییەکی هزری و زارەکی و سلوکی بەکۆمەڵ و بەتاکبوونی تێدایە، ئەمەش تاڕادەیەک نزیک فەلسەفەشی دەکاتەوە. کاتێک ئەمە تێگەیشتنمان بێ لە ڕەخنەی ئەدەبیی نازانم چۆن بتوانین هەنوکەی تێکستی ڕەخنەیی نوسراوی كورد بەبێ باسکردن لەهەژارییەکی زۆر و بە بێ گلەییەکی توند لە خودی ڕۆشنبیران و بونیادە ڕۆشنبییرییەکان هەڵبسەنگێنین؟ کاتێکیش دەڵێن گلەیی ئێمە زۆرینەی کارە ئەنجامدراوەکان دەخەینە ژێر پرسیاری گەورەوە.         


ئەو هۆكارانە چین وادەكەن ڕەخنەی ئەدەبیمان پیشنەكەویت؟ چیبكریت بۆ پێشخستنی؟

لەوانەیە گرنگترین هۆکارێک کەمیی یان نەبوونی هزرێکی ڕەخنەئامێز و پرسیارپێکهێن بێت. ئەگەر ئێمە نەتوانین لە پرسیارە مەعلوماتییە ئاساییەکانەوە دابەزینە قوڵایی کێشەکان و ئەگەری جیاواز بۆ ئەو بابەتانەی لێیاندەکۆڵینەوە بدۆزینەوە، چۆن دەتوانین دەرگا لەسەر چەمک و تێگەیشنە جیاوازەکان واڵا بکەین؟ ئەگەر زانکۆکانی کوردستان بەتێگەیشتنێکی قووڵەوە بیر لە گۆڕانێکی ڕیشەیی نەکەنەوە و تێبگەن لە ئەوەی “هزری ڕەخنەیی” گرنگترین و بنەماترین مێتۆدە بۆ هەموو کەسێک کە دەچێتە ئەو زانکۆیانە بۆ وەرگرتنی مەعریفە، چۆن بتوانین هیوای ئەوە بخوازین نەوەیەکی ئەکادیمیی پڕپرسیار و پڕخولیای دۆزینەوە دێتە دی؟ زۆر جاران ئەم کێشانە لەوەدەردەچن کە تەنها پەیوەست بن بە جەهلەوە، لەوانەیە پێداویستی بەردەوامبوونی ڕژێمە تۆتالیتارەکان بێت و لای ئێمەش پیادەبکرێنەوە، چونکە ئەو ڕژێمانە زیاتر پێویستیان بە سەربازی مونەفیزی بێ پرسیار هەیە، زیاتر پێویستیان بە تەکنۆکراتی مونەفیزی دونیانەدید بێ، شتێک هەیە لە ڕژێمە تۆتالیتارەکاندا کە دەیەوێ فەرزی ڕاوەستان بکات، هێزی خۆی لە سکوونی پێکهاتە زانکۆیی و حکومییەکان و دەستگا ڕۆشنبیرییەکاندا دەبینێتەوە. ئەگەر زیادکردنێک هەبێت و پێویست بێ بوترێ ئەوەیە کە ئۆباڵی کەمیی ئەو هزرە ڕەخنەییە تەنها زانکۆکان ناگرێتەوە بەڵکو هەموو پرۆسەی پەروەردە دەگرێتەوە لە کوردستان، چونکە لەتەواوی خوێندنگاکاندا قوتابی هاندەدرێت بێدەنگ بێت، باشترین و خۆشەویسترین خوێندکار لای مامۆستاکان بێدەنگترینیانە! بێدەنگیش ئامانجی هەرە دووری بیرنەکردنەوە و نەبوونی ئیمکانییەتی دۆزینەوەی ئەگەری ترە.

کاتێک لەم ئیشکالیەتانە تێدەگەین دەچینە ناو مەودای شیکارییەوە و  بیربکەینەوە لەئەوەی چ بکرێت هەر لە سەرەتاکانی پەروەردەوە هەتا زانکۆکان و دەزگا ڕۆشنبیرییەکان. کاری گەورەی ڕۆشنبیری بە پلانی گەورەوە دەکرێت، بە پشتگیریکردنی ڕۆشنبیرەکان و پێشنیارە گۆڕەرەکانیان دەبێت. بە بڵاوکراوەی تایبەتمەند و بە هاندانی زانکۆکان دەکرێت کە جۆرە دەستێوەردانیک بکەن بۆ فەرزکردنی تاووتوێکردنی بەرهەمی داهێنەرانەی خۆماڵی، ئەمە باوەڕ و فەخرێکی لۆکاڵی پێکدەهێنێت بۆ ڕەخنەگران و خوێنەرانیان. یانی ڕاست بێ یان ناڕاست کارەساتە لە زانکۆکاندا چەند دکتۆر و پرۆفیسۆرێک فەرزی ئەوە بکەن و ڕێگربن لەوەی خوێندکارانیان ئیش لەسەر تێزی ماستەر یان دکتۆرا لەسەر بەختیار عەلی بنوسن، یان فەرزی ئەوە بکەن خوێندکار لەسەرچاوەکانیدا کتێبی د. مەریوان وریا قانیع بەکارنەهێنێت، کارەساتەکە تەنها لە مەودای ئینکارکردنی داهێنەران و ئەقڵە گەورەکانی میلەتەکەماندا نییە، بەڵکو سەرەڕای ئەوە فەرزکردنی مێتۆدێکی خێڵەکی نابینایە، درێژکراوەی بونیادی حوکمڕانە لە كوردستاندا بەوەی ئەگەر تۆ لەبازنەی بوونەیی دەسەڵاتدا نەخولێیتەوە ئەوا ئینکاردەکرێیت و وەلا دەخرێیت. ئەمەش کارەساتە بۆ ڕەخنە و داهاتوی ڕەخنە لای ئێمە. 

 

ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە لەنیوان ئەدیبان و ڕەخنەگرانماندایە نەبووەتە هۆكاریی نازانستی كاركردنی ڕەخنەگر، یان راستگۆیی ڕەخنەگرو زوویربوونی ئەدیبان؟(بەگشتی مجامەلەو پەیوەندی كۆمەلآیەتی گرفتیك نیە لەبەردەم پیشخستنی ڕەخنە، گەر نمونەت لایە تەنیا ئاماژەی پیبكە بی ناوهینان؟

ئەم گرفتە هەمەلایەنە چونکە جارێ بڵاوکراوە ئەدەبییەکان ئەوەندەی خەریکی ڕازیکردنی نوسەر و شاعیرە ناودارەکانن کە بۆیان بنوسن ئەوەنە سەرقاڵی گەڕان و دۆزینەوەی تێکستی داهێنەرانەی نوسەری تر نین، هەڵبەتە ئەمەش لە تێگەیشتنێکەوەیە کە ناوی ئەو ناودارانە جۆرێک لە سەنگینی وشۆرەت دەداتە بڵاوکراوەکانیان، یانی بڵاوکراوەکان جۆرێک لە حەسانەتی ئیستاتیکی دەبەخشنە نوسەرە ناودارەکان کە هەموو بابەتێکیان بۆ بڵاودەکەنەوە هەرچەندە تێکستەکانیان ناچێزیش بن ئەمە لایەکی هاوکیشەکەیە. لەوسەریشەوە بەڕای من موجامەلاتی شەخسی لەوانەیە تا ڕادەیەک ڕۆڵی هەبێت بۆ کارکردن لەسەر تێکستی داهێنەرانی هاوڕێی ڕەخنەنووس بەڵام ئەی کوان دەنگە تازەکان و کارەکانیان؟ تۆ ئەگەر وەک دەزگایەکی بڵاوکردنەوە بەس بەدوای ناودارانەوە بیت، ڕەخنەنووس چۆن ئەو دەنگە تازانە بدۆزێتەوە و کاریان لەسەر بکات؟ وە ئەگەر چەند کارێکی چەند ڕەخنەگرێکیش لەسەر داهێنەرانی نامەشهوور هەبن دیسانەوە بۆ منی خوێنەر نابێتە کارێکی جیدیی چونکە خودی نوسەرە ئەسڵیەکە جارێ لە سێبەردایە. گرفتەکە هەر موجامەلەکردن یان نەکردن نییە، جاری وا هەیە حیزبێکی دیاریکراو لە پرۆسەی دروستکردنی بەفیگەرکردنی فڵانە شاعیردایە، نیو لاپەڕە تەرخاندەکات بۆ خەبەرێک لەسەر ئەو شاعیرە یان رەسـمێکی گەورەی دادەنێت و دەڵێت لە ژمارەی داهاتودا شیعرێکی تازەی دادەبەزێت ئەم کارانە هیج گرنگییەکی ئیستاتیکیان نییە بۆ هەنوکەی شیعر و ڕەخنە. لەبەر ئەوە موجامەلەکان هەم زادەی واقیعێکی ناتەندروستی بڵاوکراوەکانن و هەم زادەی هەستی تاکەکەسی پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆشنبیرانن. 

 

پیتوایە ڕەخنەگرانی كورد لەناو زانكۆكاندان یان لەدەرەوەی زانكۆ؟ بەواتایەكی تر ئایا زانكۆ ڕەخنەگری بەرهەمهیناوە؟ پیتوایە زانكۆ نەیتوانیوە ڕەخنە بەمانا زانستیەكەی دروستبكات؟

 

هەڵبەتە ناتوانین ڕەهاگوزار بە نەرێ وەڵام بدەین چونکە خودی مەعریفە تۆڕی پێکەوەنانی لقە جیاوازەکانی مەعریفەیە بە ئەمەکی خوێندنەوەی خودیی ڕەخنەگر، ئەمەوێ بڵێم زانکۆکانی ئێمە گرفتی گەورەیان هەن بەڵام ناتوانین بە ڕەهایی بڵێین ڕۆڵیان لە پێشەوەبردنی ڕەخنەدا نەبووە و نییە.  

کێشەی سەرەکی زانکۆکانی کوردستان بۆ سێ هۆی سەرەکی دەگێڕمەوە، یەکەم: نەبوونی سەرچاوە نوێکانی وەرگرتنی زانیاری: نەبوونی کتێبخانەی هاوچەرخ و نوێ، نەبوونی کتێبخانەی ئەلەکترۆنی و پەیوەندی زیندوو لەگەڵ زانکۆکانی جیهاندا. دووەم: نەبوونی مەنهەجییەتێکی هزریی ڕەخنەیی، بەو مانایەی زۆرینەی ستافی زانکۆکان هانی هزری ڕەخنەیی و خولیا بۆ دونیادیدیی جیاواز بدەن زیاتر لەوەی زۆرتر لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ڕەخنەیی و مۆراڵیی خوێندکاراندا بن، سێهەم: شوێنی هزریی خوێندکار، جێی داخە کە قوتابیانی زانکۆ بەرهەمی پرۆسەی بێدەنگکردنێکی سەرتاسەریی و بە پلانن، بە درێژایی ماوەی خوێندنی، قوتابی هەمیشە هاندراوە بێدەنگ بێت و “ئاقڵ” بێت، هەڵبەتە ئاقڵ لێرەدا یانی قبووڵکەرێکی بێ فززەی گوێڕایەڵ بێت. کاتێک ئەم ماددە خامەی مەعریفە دێتە زانکۆکان جۆرێک لە ئاگامەندی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەیە کە هەوڵی مۆرکردن وسەلماندنی هەڵوێستەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی تایبەت بە خۆی دەدات جا ئەوە لەهەر ئاستێکدا بێت، تۆزێک خولیای گۆڕڕانی هەنوکەی سیاسی هەبێت لە دیدگایەکی لیبراڵ یان ئیسلامییەوە، گرنگ ئەوەیە خولیای سیاسیی واقیعێکی حازرە لە کییانی ئەو زاتەی چۆتە زانکۆ. هەڵبەتە مۆتیڤی سایکۆلۆژی خودی خوێندکار ڕۆڵی مەزنی هەیە لێرەدا چونکە جۆرێک لە خولیا بۆ باڵقبوونی هزریی و سێکسواڵی وەک هاندەری ناوەکی کار بۆ ئەو گۆشبوونە دەکەن. مەبەستی سەرەکیم لێرەدا جۆرێک لە زێدە بە دیمۆکراسیکردنی ئەو سیستمە بێدەنگکەر و کپکەرەیە و هەم بە دیمۆکراسیکردنی فێربوونە، واتە گۆڕڕان لە سیستیمی بەسەنتراڵکردنی مامۆستاوە بۆ سیستیمی بەسەنتراڵکردنی خوێندکار لەپۆلدا لەکاتی پرۆسەی خوێندنیدا. 

بەڕای من جۆرێک لە تەکامولی هەیکەلیی هەیە کە ڕەخنە بەرەو پێش دەبات، مەبەست لە هەیکەلییەت ئەو دیدەیە کە پرۆسەی ڕەخنە وەک پرۆژەیەکی پەیوەند بە بونیادەکانی تری مەعریفەوە گرێدەدات، پەیوەندییەکی ئۆرگانیی لە نێوان هەموو پارچەکانی مەعریفە و پرۆسەی بەدیموکراسیکردنی خوێندندا هەیە و هەرپارچەیەش بەجیا گەشەی ئاسایی خۆی دەکات. کاتێکیش بیر لە پلانێکی کاریگەر بکەینەوە بۆ پێشخستنی ڕەخنە دەبێت هەموو فاکتەرەکانی پێشتر باسکران لە پێش چاو بن.

 

بوونی چەندیین تیۆری ڕەخنەیی تاچەند کاریگەری لەسەر گەشەکردنی ڕەخنەی ئەدەبی هەبووە؟ ئایا بەو تیۆرە نوێیانە دەتوانین هەموو دەقێکی ئەدەبی ڕاڤە بکەین (تەنانەت دەقە کلاسیکییەکانیش)؟

ڕەخنەی ئەدەبی پرۆسەی خوێندنەوە و دووبارە نوسینەوەی تێکستێکی ئەدەبییە، لێرەدا جۆرە تەرکیزێک دەکەمە سەر ووشەی “نووسینەوە” چونکە باسکردنی بەتیۆرەکردن لە گۆڕێیە. 

کاتێک باس لە تیۆرە ڕەخنەییەکان دەکەین، باس لە ئەزموون و خوێندنەوەی خەڵکانی تر دەکەین. هارۆڵد بلووم زۆر لەسەر پەیوەندی تێکستە گەورەکان کردووە لەگەڵ یەکتری و تەنانەت لەهەندێک شوێندا دەوێرێت ئیدیعای پەیوەندییەکی ئۆرگانی و هزریی تێکستە مەزنەکان لەگەڵ یەکتری بکات، بە تێکستە دینییەکانیشەوە. ئەو کارەی بلووم لەمەودایەدا کاردەکات کە تێکستەکان کاریگەرییان هەیە لەگەڵ یەکتری ولەسەر دووبارەبوونەوەیان بە شێوازی دی و لە کۆنتێکستی مێژوویی جیاوازدا، بەو مانایەی کاریگەریی پێشینە لەسەر تێکستی پاشخۆی و دووبارە دروستبوونەوەی وەک تێکستێکی داهێنەری سەربەخۆ. 

کاتێک باسەکە دێتە سەر باسی ڕەخنە کاریگەرییەکە زۆر ڕونترە و ئاسانتر قەبووڵدەکرێت. هەر لە زەمانی گریکەکانەوە هەتا ئێستا لە هەوڵە پەڕتەوازەکانی ئەرستۆوە لەسەر شیعرییەت و هەتا ئێستا پرۆسەی ڕەخنە سیمایەکی گرنگی گلۆباڵی هەبووە. 

ئەگەر تەماشای پێشینە و سەرەتاکانی ڕەخنەی ئەدەبیی کوردی بکەین، دەبینین نوسەرانی جاران جارێ سەرقاڵی پرۆسەی ڕزگارکردن و بە چاپگەیاندنی تێکستە مێژووییەکان بوون، هەڵبەتە ئەم کارە جێگای پێزانین و ڕێزێکی گەورەیە، بەڵام کاری خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ ئەو کارانە لەوە تێنەپەڕیوە کە شەرحی مانای کۆمەڵایەتی ئەو بەرهەمانە بکەن، یانی جارێکی تر تێکستێکی دییان نووسیوەتەوە کە مانای تێکستی یەکەم ڕوونبکاتەوە، ئەگەر لێرە و لەوێش تێپەڕینێک لەو دیاردەیە هەبێت لەوە تێنەپەڕیوە کە ڕاستکردنەوەیەکی مۆڕاڵی بۆ تێکستی یەکەم بکات، ئەمە لە لایەک. لە لایەکی ترەوە شەپۆلێک لە خوێندنەوەی ڕەخنەیی بە کاریگەریی مارکسیزم و حیزبی شیوعی لە سەرەتای پەنجاو شەستەکانی ساڵانی نەوەتدا هاتنە گۆڕێ، بەداخەوە ئەم شەپۆلەش تەنها تەماشای بونیادی کۆمەڵایەتی و مانای مۆڕاڵیی پرۆلیتاریی ئەو بەرهەمانەی دەکرد، جۆرێک لە هاوشانکردنی مانایی شیعاراتی کۆمۆنیستی و تێکستەکان بوون، نائامادەییەکی ئیستاتیکی زۆر شورەییدار بەو نوسینانەوە هەبوو، بۆ نمونە، لای زۆربەی ئەو نوسەرانە جوانترین شیعری عەبدوڵا گۆران ئەوانە بوون کە لە ژێر تەئسیراتی حیزبی شیوعیدا نوسیبوونی، شیعرەکانی بۆ مۆسکۆ و کۆنفراسی بوخاریست و کرێکاران و هتد. ئەوەی ڕاستی بێت بەهاترین شیعرەکانی گۆرانی مەزن ئەوانەن کە بەبێ ئەم کارمەندییانە نوسرابوون، لە “گوڵی خوێناوی” دا گۆران زۆر نزیکتر بووە لە تەوژمی مۆدێرنیزمی ئەوروپی، ئەوەشی گۆرانی مەزنی ڕایکیشاوەتەوە بۆ دواوە کاریگەری ئەو دیدگا لینینی و ستالینییە بووە بۆ ئەدەب. بە گشتی جۆرێک لە کاردانەوەی هەستیی کاریگەری هەبووە لەسەر ئەو دیدگا ڕەخنەییە باوەی ئەو سەردەمە.. کاتێک زیاتر لەو دیاردە مێژووییانە وورد دەبینەوە، هەژاری کتێبخانەی کوردی، نەزانستیبوونی زانکۆکان و پێنەگەیوی ئاگامەندی ڕۆشنبیران لە پەیوەندییان لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان، تێدەگەین بۆچی کاتێک ووڵاتیشیان بەجێهێشتووە بۆ ڕوسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا  بۆ خوێندن و گەڕوایشنەوە دونیادیدی ڕەخنەییان زۆر نەگۆڕاوە!  لە سییەکانی سەدەی پێشوەوە ڕوسیا پێشەنگی لیکۆڵینەوەی زانستی لێنگویستیی بووە، بۆ نمونە لەو کاتەوە لێڤ ڤیگۆتسکی خەریکی کارە گرنگەکانی بووە لە بواری سایکۆلۆژیا و پەیوەندی بە زمانەوە، پەیوەندی بیرکردنەوە و هزر بە زمانەوە، پەیوەندیە ئاکتیڤەکانی تاک و مناڵ بە کۆنتێکستی کولتورییەوە. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی باری کولتوری ڕوسیا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە لەسەر دیدگای خوێندکارانی کورد کە لەوێ دەیانخوێند لە ئەو کاتەدا؟ بۆچی ڕەنگدانەوەی لەسەر بەرهەمی ڕەخنەیی ئەو زەمەنە نەبووە؟ من کاتێک ئەم پرسیارانە ئەوروژێنم لەهەوڵی ئەوەدا نیم لە بەهاو کەسایەتی هیچ نوسەرێکی بەڕێزی  ئەو کاتە مێژوویە کەمبکەمەوە، هەرگیز، بەڵام مەبەستمە بڵێم داخران لەسەرخۆ، مانەوە لەبازنەی بچوکی خودەکولتوردا جۆرە ئارامییەکی کولتوری داوە بەو نوسەرانە، ئەمەش زادە و کاردانەوەی سیاسیی و مێژوویی بوون لەسەر هەوڵی قەلاچۆکردنی کولتوریمان لەلایەن دەوروبەرەوە ئەگەر گرامشییانە لەم دیاردەیە بکۆڵینەوە دەتوانین باشتر تێی بگەین و تا ڕادەیەک پاساوی بدەین. ئەمە ئەودەم، باشە ئەی ئێستا بۆچ هەمان دیدگای لەدەرەوە ترساو بەجۆرێک لە جۆرەکان ئاکتیڤە؟ سەرەڕای ئەم کرانەوە گەورەیە لەگەڵ دەرەوە بۆچی مەودای پەیوەندییە کولتورییەکان ئاکتیڤ نییە و ناتوانێ وەک هێزێکی گۆڕەر بخەمڵێت؟ وەڵامی ئەوەش لەبەر ئەوەیە تا ڕادەیەکی زۆر خەڵکانی ئەو زەمەنە تەقلیدییەی باسمکردن هەم تەئسیری خۆیان کردۆتە سەر بونیادی ڕێکخراوە ڕۆشنبیرییەکان و لە هەندێک شوێنیشدا خاوەن بڕیارن، ئەمەشیان هۆکاێکی دی ئەو”باو”ە نەجوڵاوەیە کە ڕەخنەی کوردی پێوەی دەناڵێت.  

ئێمە کاتێک پەی بەم گرفتانە دەبەین ئەو کاتە دەزانین نەبوونی کاریگەری دوولایەنە لەگەل بەرهەمی مەعریفی دونیا هۆکاری ئەم خەمساردیەیە لە دواکەوتنی ڕەخنەی کوردی، کاتێک کاریگەریی زیندوو لەگەڵ جیهان لەڕێی ڕۆشنبیرانەوە پێکنەهات، مەعریفە سنووردار دەبێت و بەرهەمی داهێنەرانی جیهان ناگاتە لامان و پەرەسەندنی هزری ڕەخنەیی جیهانیش ناگاتە لامان، کاتێک باس لەم گرفتانە دەکەین ئەبێ هۆشدار بین بەوەی پەرەسەندنی هزری ڕەخنەیی پەیوەندییەکی ئۆرگانی هەیە لەگەڵ پەرەسەندنی سێکولاریزم و دیمۆکراسیەت، لای ئێمەش بەربەستی کولتوری و دینی وەها هەن کە تا ڕادەیەک بەربەستن لەڕێی پەرەسەندنی ئازادیی بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندن کە پێداویستی سەرەکین بۆ پێشکەوتنی ڕەخنە لای ئێمە.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.