Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024

دکتۆرە یان دادە گیان … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

( خەتاى ئەسانسۆرەکە بوو ) ئەم واى پێ ئەوتن ، ئەوانیش ناحاڵى ، ئەیانقیڕاند: ( تۆ یێژى چى ؟ فەرهاد کوژە ..! ) ..(هەر ئەوەیە .. ئەسانسۆرى نەعلەتى بوو ، نانى بڕیم ..وەلڵاهى ئەوە یەکەمجاریش بوو داخڵى ئەو نەعلەتیە بم ، ئاوا وەکو دوپشکە ڕەشە گەستمى .. ئێوە نازانن ، بڕٍۆن بۆ سلێمانى ، جا حاڵى ئەبن .. )

ئەو کاتەى لە پڕێکا تمەن شکا و .. پڕ بازاڕەکانى سلێمانى بوون لە ئێرانى ، مێردەکەى پێى وت : ( رابیعە ! بۆچى ئێمەیش خۆمانى لێ نەدەین ، بەو خوایەى خەلقى کردوین ، ئەڵێن لەو خیابانانەى سلێمانى دۆلار ڕژاوە .. پاوەن ڕژاوە.. یۆرۆ ڕژاوە ..خاس و خراو ، ئەڕۆن دوو ساڵ .. سێ ساڵ ، بە فەردە پوڵ تێرنۆ .. با بڕۆین ڕابیعە ! )

ئاخر ئەم باب و باپیرى بناغەى قروەیان دانابوو ، چۆن ئێستا هەیپێى لێ بکا بۆ سلێمانى ؟؟

بەڵام وێنەڕێژکردنى شارێک ، شەقامەکانى بە ژێر کەڵەکەى دۆلار و پاوەنەوە ، وایان لە ڕابیعە کرد قروە وێڵ بکا و بە دواى سەمەدى مێردى بکەوێ بۆ سلێمانى ..

( تۆ یێژى چى کەنیشکە !! ) نەنەى واى پێوت : ( ئەسانسۆر چیە ؟ هەر وەکو سەمیرە تۆفیق فێرە ڕەقس نەبوبى ، شوکرانە بژێرى ئەوێ .. خەتاى سەمەد بوو ، گو بە ڕیشى ئەژدادى ! )

رابیعە وەکو توتیەک تەنها فێرى وشەى ئەسانسۆر بوبێ ، هەر ئەیوت و ئەیوتەوە : ( ئەسانسۆر بوو .. ئەسانسۆر .. ئەسانسۆرى نەعلەتى .. )

سەمەد بە هۆى قاچاخچێتیەوە یەک – دوو ئاشناى لە سلێمانى هەبوو ، لە ڕێى ئەوانەوە ئیشى کارگوزارى لە نەخۆشخانەیەکى ژنان بۆ خێزانى دابینکرد و .. بۆ خۆیشى سەرى لە هەموو ئیشێک دەردەچوو .. خەریک بوو هێواش – هێواش ئەو کەڵەکەى دۆلار و یۆرۆیە ئەبوون بە ڕاست ..

( لێدە ڕابیعە .. لێدە .. ڕزگارمان بوو لە ڕۆنى هیزە .. ڕزگارمان بوو لە لۆبیاى داغ ..لە هێلکە و ڕۆنى بۆگەن .. لێدە لە کنتاکى ..لە شاورمە و کەباب ! ئەم سەگبابخێوانە ئەم شتانە ئەخۆن بۆیە لە دوورەوە لە بەور و ورچ ئەچن ..! )

( ئەسانسۆر چیە ؟ هەى وا و وا پێکراو ..! .. تۆ لەگەڵ کێ قسە ئەکەى ؟ تۆ لە قروەى .. قروە ..دەم و لەبزت پاککەرەوە ، جا بفڵتێنە ! )

(ئەسانسۆرى نەعلەتى بو ) رابیعە واى وت ( ئەسانسۆر نەبووایە ، من لەوێ مەعاشى باش ..ژوورى تەخەسوسى خۆم ..پیاڵە .. قەن .. ژێر پیاڵە .. بەڵام ئەو نەعلەتیە ، هەمووى برد بە حەوادا.. ! )

( چى برد بە حەوادا ؟ ) دایکى واى وت ( باش بوو لە سلێمانى گیرسایتەوە و تاکو بەغدا نەچووى ، ئەگینا بە جلى ڕەقس و چەقەنەوە ، قروەت ئاوەدان ئەکردەوە ..فەرهاد کوژە ! )

ڕابیعە زۆر لە نەخۆشخانەى ژنان ئاسوودە ئەبێ ..ئیشەکانى بە باشى جێبەجێ ئەکات ..کارمەندەکانیش ڕێزى لێدەگرن .. ئیتر لە خۆشیاندا وەکو مناڵ هەر پێدەکەنێ و ئەتریقێتەوە .. ڕۆژانە دەیان جار زەمینەکە ئەسڕێتەوە ..دڵسۆزى خۆى نیشان ئەدات .. تەنانەت دیوارەکانیش ئەسڕێتەوە ..ئەوەندەى هەموو دونیا دڵى بە ئیشەکەى خۆش ئەبێ ..

( ئێ    .. ئێ .. ) نەنکى واى پێووت ( ڕیخۆڵەت خوسایەوە و هار بووى ..؟ ها ؟ دێڵە قۆڕ ..خوێن جمان بوو .. بەربویتە گیانى ئەم و ئەو ..؟ .. مەگەر باوکە گوێرێژەکەت نەناسم ، هەر پارەى بینى ، ئیتر ئەکەوتە سمکۆڵکردن و بەلەسە ئەبوو ..ڕووى بابى ئەوە ڕەش بێ کە ئەڵێ : کچ وەجاخ ڕوون ناکاتەوە .. فەرموو ! ئەوە کچ !..سەد دەر سەد باوکەکەیەتى ! )

( ئەسانسۆر نەبووایە .. ئێستا من نەئەکەوتمە بەر پێ لەقەکانتانەوە .. )

هەموو کەس بۆ ڕابیعە پێدەکەنێ و .. ڕابیعەیش بۆ هەموو کەسێک پێدەکەنێ .. ئەو یارمەتى خاس و خراپ ئەدا ..ئەوانیش کەم تا زۆر یارمەتى ئەدەن .. ئیتر لە هەر چوار لاوە ڕەحمەتى بۆ دێ :

( ڕەحمەت لەو دایک و باوکەت ڕابیعە ! چەند لەش سوک و چوست و چالاکى .. )

( ڕەحمەت لەو تیرە و تایفەیە ، ئینسانى وەک تۆیان لێکەوتۆتەوە )

( خوا بتهێڵێ .. ئەگەر ئەوانەى لاى خۆیشمان ئاوا ئیشکەر بوونایە ، قاوشەکانمان نەئەبوون بە مەزبەلە .. )

( ماشەلڵا .. لەو دەست و بردەى .. کە پەلامارى گسک و ماسیحە ئەدات ، هەرچى خۆڵ و تۆزە بە ڕاکردن ڕادەکەن ! )

( ڕادەکەن و ئەڵێن : خوا هاوار ڕابیعە هات ! )

دایکى پێى وت: ( دەستەکانى سەمەد خۆش بێ پولى پێوە ناى .. ئێستا ڕەنگە لە سلێمانى خەریکى زەماوەند بێ .. جا بۆ خەریک نەبێ ؟ ئاخر بۆ خەریک نەبێ ..؟؟ )

نەگبەتیەکەى ڕابیعە لەوەدا بوو دکتۆرە ژینى نەدەناسى .. ئەو بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەیە و .. یەکێکە لە دەوڵەمەندترین و لوتبەرزترین و توڕەترین و .. تەنانەت ئازاترین کەسایەتیەکان لەسەر ئاستى هەموو سلێمانى ..ئەو بە ڕانجرۆڤەر ئەهاتە فەرمانگە و .. بە شۆڤرلێتى تاهو ئەڕۆیشتەوە .. کە ئەیشهاتە دەوام ، یەکپارچە قیژە و هەورە تریشقەى دابەش ئەکرد ..جارێکیان یەکێک لە فەرمانبەرەکانى بە کەس و کارى نەخۆشەکان ئەڵێ : بڕۆنە دەرەوە ! وەڵڵاهى ئێستا دکتۆرە ژین دێت و دەرپێى هەمووتان دائەکەنێ ! ..بۆ نەگبەتیەکەى ، دکتۆرە ژین بە ڕێکەوت لە پشت ئەو کارمەندەوە ئەبێ ، ئەقیژێنێ :

( یەکەمجار دەرپێکەى خۆت دابکەنە ! ) ئەویش بێ دەنگ و بە جۆرێک کە هەرگیز بەو جۆرەیش بۆ مێردەکەى داینەکەندووە ، بۆى دادەکەنێ و ئەڵێ : ئەوا دامکەند ، چى لێبکەم دکتۆرە خان گیان؟ ! ..

کەواتە ئێستا زانیمان کە ئەبێ چۆن بانگ بکرێ : دکتۆرە خان گیان ! ..بەڵام ڕابیعەى داماو نە ڕێکەوتى ئەو بەڕێوەبەرەى کردبوو ..نە ئەیشیزانى کە ڕێکەوتت کرد ، بە چ ناوێکى ڕەسمى بانگى بکەیت ..

(ئەسانسۆر بوو .. ئەسانسۆر .. ! )

( ئەسانسۆر بکوتەرە گۆڕى ئەژدادت ..باشە ؟ دێڵە بەبا !! ) نەنکى واى پێوت ..

ئەو بەیانیە ڕابیعە بۆ یەکەمجار ئەچێتە ئەسانسۆرى نەخۆشخانەوە ، بە ڕێکەوت دکتۆرە ژینیش دێتە ئەسانسۆرەکەوە و لەگەڵ چەند کەسێکى تر .. دکتۆرە ئەیەوێت دەست بنێت بە نهۆمى پێنجەمدا .. ڕابیعە ئپێى ئەڵێ : دادەگیان ! ئێمە دەستمان پیاناوە .. ! ..

( چىىىىىىىىىىى ؟ .. ئەوە چیت وت ؟ ناشیرینى پیسى لە ئۆمەت نەچوو .. بۆگەنى ناکەس بەچەى مەیمون .. بە من ئەڵێى : دادەگیان ؟؟ )

دکتۆرە بە تەواوەتى شێتگیر ئەبێ ، ئاخر تۆ لە کەمتر لە چرکەیەکدا لە دکتۆرە خان گیانەوە ، ببیت بە دادە گیان ..دادە ؟؟ ئەوەى کە لە دایەنگاکاندا دایبى بۆ مناڵ دادەنێ .. یان ئەوەى کە لە وانەکانى پۆلى یەکەمى سەرەتاییدا دۆکەى ڕژا بوو ..؟ کام دادە ..؟؟ کام ؟

( ببورە .. ببورە .. بە قوربان .. عەفو .. عەفو .. )

جا ئەڵێن کە ئاگر ئەکەوێتەوە ، ئەگەر ئاوى پیا بکەیت ، لە جیاتى بکوژێتەوە ، زیاتر کڵپە ئەسێنێ ، ئەو عوزر خواییەى رابیعە وەزعەکەى خراپتر کرد ، دکتۆرە یەک شەقازلەى بازاڕى تێوە ژەند و قیژاندى : ( پێم ئەڵێى بە قوربان ! .. ها .. ؟ هەر نەڵێى : خلە گیان باشە ..هەى سەگى سەگباب .. تۆ بەکارى ئەم نەخۆشخانەیە نایەی .. بۆ دەرەوە .. بۆ دەرەوە .. هەتاکو لە سیجن توندم نەکردووى ..بۆگەنى جیقن ! )

لەو کاتەدا پیرەژنێ لە دکتۆرە دێتە پێشەوە و .. ئەیەوێ هێورى بکاتەوە ، پێى ئەڵێ : ( پوورێ گیان ! بۆچى  تووڕە ئەبى ؟ خۆ ئەو خانمە غەڵەتى نەکردووە ؟؟ .. )

کە دکتۆرە گوێى لە ( پورێ گیان ) ئەبێ ، ناڵەیەک ئەکا ، یەک کەس لە چواردەورى نامێنێ ..ناڵە .. چ     ناڵە ؟ بۆمەلەرزەى ناگاتێ ..

ئێستا کێشەکە بە تەواوەتى چارەسەر نەکراوە .. رابیعە دەرکرا .. بەڵام ئەو پیرەژنە دیار نەماوە کە بە دکتۆرە خان گیانى وتوە ( پورێ گیان ) ..

مەسەلەکە لێرەدایە ..چۆن ئەو پیرێژنە بدۆزرێتەوە و بە سزاى گەل و نیشتمان بگەیەنرێ ..شایانى باسە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و .. هێڵێکى باریکیش دۆزراوەتەوە بۆ گەیشتن بە خانەوادەى پیرێژنەکە ..خوا بکا ئەویش ئێرانى نەبێ !! ..

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.