دۆخی ته‌کنۆکراتیی، روکه‌شاندنی شیعرییەتی زمان
ئەم کۆپلە نووسینە، بەشێکە لە کتێبی “زمان ئاسۆییەکە لە نێوان ئاسمان و زەویدا”
ئه‌ڵبه‌ت سه‌رچاوه‌ی ئه‌م دۆخه شیعریی و ره‌خنه لە قوتووکراوەی هەنووکەی کوردیی و رێگەچاره‌کردنی، ئاخاوتنی زۆر هه‌ڵده‌گرێ، لێ لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م دوای گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک بۆ یاده‌وه‌ریی زمان، ئه‌زموونی رۆشنبیریی و ره‌خنه‌یی رابردووی کوردیی و ئه‌زموونی ئه‌ده‌بی جیهانییه‌وه، ئاماژه‌یه‌کی خێراش به کۆمه‌ڵی ره‌هه‌ند و روانگە بدەم و له‌وێشه‌وه پێشنیازێکیش بۆ ورووژاندنی ئه‌و کۆئاگاییه بخەمە روو کە به لای که‌مییه‌وه هانمانبدات له‌و دۆخه تهکنۆکراتییهی ئێستای زمان و کولتوورییە تێبگه‌ین یانیش به‌ره‌و گومان و بیرکردنه‌وه‌مان په‌لکێش بکات.
به‌ڵێ، له ئاستی مه‌یلی گشتیی و رووکاریی زماندا، کرده‌ی شیعر و شاعیربوونیش، وه‌ک هه‌ر کرده‌یه‌کی دیکه‌ی کو‌لتووریی جڤاکێک، ئاوێنهبوونهوه یان شه‌به‌نگی ئه‌مدیوی بوونی ئه‌و مرۆڤه‌یه که زمانه‌که‌ی رایده‌گه‌یه‌نێت. لێ له ئاستیی ناوه‌کیی و گه‌وهه‌ریی زماندا، کرده‌ی شیعر و شاعیربوون، وه‌ک دڵێک له زمان، خستنه ژێر پرسیار و چرپاندنی گومانه له‌و دۆخه رووکه‌ش و جێکه‌وت و خودووگرتووهی مرۆڤ، زماندا.
لێره‌وه، ئه‌و ره‌وشه ته‌کنۆکرات، رۆبۆتیی، دیگیتالیی، پچڕ پچڕ و مۆده بێکاکڵە، رووکەش و ریکلامییەی که جڤاکی کوردیی جڵهوکردووه، شیعر؛ زمانیشی ته‌نیوه‌ته‌وه. چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و مۆده به ئه‌شق، ئیرۆتیکێکی نائێستێتیکی بۆیه‌کراو، حیکایه‌ت ئامێز و خەپاندنەی شیعر به ویست و خواستی ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه، په‌یوه‌ندی به بوونی گومانێکی به کۆمه‌ڵی ره‌خنه‌گر، کۆئاگایی خوێنه‌ری کوردیی و ناوه‌نده رۆشنبیریی و جڤاکییه‌کانه‌وه هه‌یه. له جڤاکێکی وه‌ک کوردستاندا که کۆی کرده‌ی نووسین، په‌یامی مێدیا و سیاسه‌تی کو‌لتووریی که ئه‌مانه‌ش چاڵاکیی زمانیی کوردیین، رووکهشێنراو، بێکاکڵه کرابن، ناکرێ چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌مهێنانی ئاگاییه‌کی کو‌لتوور- زمانسازییەکی شکۆمهندانە بکه‌ین. به کورتی کاتێک ئێمه گه‌وهه‌ری زمانمان بۆ ئاستی ئاخاوتنی سه‌ر زاره‌کیی نه‌ک هزریی یان هۆشه‌کیی کورتبکه‌ینه‌وه، ئه‌وکاته ناتوانین به ته‌نیا شیعری کوردیی ئه‌مڕۆ بۆ ئه‌و خۆکردییه، هه‌ڵگریی یاده‌وه‌ریی زمانی خۆیی، نه‌ریتی ره‌سه‌نی خۆیی و ئاماده‌بوونی ئه‌و خوده‌ی به جیهانێکی گۆڕاو له ئێستادا بگه‌ڕێنینه‌وه.
ئه‌مڕۆ زمانی کوردیی، به تایبه‌تیی له باشووردا، له ره‌وشێکی سهرگێژدا ده‌ژیت: له لایه‌ک رووحی زمانی کوردیی، شیعر تا هه‌نووکه‌ش به برینی گۆڕان و داڕمانه قووڵه‌کانی نه‌وه‌ده‌کاندا ده‌ناڵێنێ، لافاوی ئازادیی زمان دوای نه‌مانی رژێمی به‌عس، نغرۆبوونی ئه‌و ماوه کورته له ئازادییه به شه‌ڕی نێوان حیزبه‌کان، که له‌وێدا قووڵترین برین له روحی زمان، شیعردا درا. دواجاریش دوا رمانی سه‌دام و رژێمهکهیی و تەرخانکردن و کورتکردنەوەی زمانی لە ئاستی ئاوماڵکی کاڵا هه‌مه‌جۆره‌کاندا، له‌وانه ئینته‌رنێت، مۆبایل، سه‌ته‌لایت و تیڤییه داگیرکراوه‌کان به ریکلام، کلیپی په‌رپووتی ستران، دیمه‌نه رووکه‌شه‌کانی رۆژئاوا و … هتد، هەروەک دابەزینی نووسینی کوردیی بۆ ئاستی رۆژنامه‌گه‌ریی، واتا ئاستی زمانیی هه‌واڵیی، ریکلامیی، که ئه‌مه‌ش به‌رهه‌مێکی گه‌نده‌ڵیی و ئاکامی هاتنی ئه‌و ژیانه ته‌کنۆکراتییه بوو که ته‌کنیک سه‌رچاوه‌یه‌تی. لێره‌وه ئیتر زمانی کوردیی، رووحی کوردیی، بێ هیچ بنه‌مایه‌کی ئاگایی، که‌وته ژێر رکێفی باڵاده‌ستی ئه‌و مۆده تهکنۆکراتییهوه. له‌وێدا وه‌ک ئێستا له ئارادایه، مرۆی کورد وه‌ک ئامێرێک، بۆته دیلی ئه‌و وێنه بزۆک و جیهانه دیگیتالهی شاشه‌کانی تیڤیی، ڤیدیۆ، مۆبایل و دیمه‌نه جه‌نجاڵه‌کانی ماسمێدیا و ریکلامه هه‌ست ورووژێنه‌ره‌کانی کۆمپانیا بازرگانییه‌کان. هاوکاتیش رۆژانامهکانی کوردیی، که هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وشه تهکنۆکراتییهوه، بوون به رووبه‌ری ئه‌و ریکلام و نووسینه تهکنۆکراتییانە. به هۆی نه‌بوون یان پهرواوێزاندنی “سیاسه‌تی کو‌لتووریی”ه‌وه له کۆی رۆژنامه کوردییه‌کاندا بوو به مۆده، بێ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر بپرسێت و رۆژنامه‌کانیش رایبگه‌یه‌نن، که لاپه‌ڕه‌ی دواوه به جه‌سته‌ی سه‌یر و سێکسی و ریکلامیی وێنه‌یی پڕ بکرێنه‌وه. له دووتۆوی رۆژنامه‌کاندا ریکلامکردن بۆ کۆمپانییه بازرگانییه‌کان له نووسێک زیاتر قه‌باره‌کان داگیر ده‌کا و گرینگی پێده‌درێن. چاپکردنی رۆمانه خه‌یاڵاوییه‌کان، کۆشیعری به‌رگ رازهوهی به وێنه‌ی کچێکی مه‌یله‌و رووت و … هتد، دواجاریش زه‌قکردنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌رزه کتێبه به‌رگ سێکسیی و ناونیشان زه‌قانەی لە نموونەی رێبەریی و زانیارییەکانی کۆمپیوتەر و بگرە کتێبە ئایینەکانیش له لایه‌ن کتێبفرۆشه‌کانی سه‌ر شه‌قام و نمایشکردنیان بۆ خه‌لک، هاوکاتیش گرینگدانی رۆژنامه و گۆڤاره‌کان به‌و ته‌رزه کۆشیعره سێکس ورووژێنه‌ر و زمان خۆشداکەنە و رۆمانه وه‌رگێڕدراو و خۆماڵییه تژیی له زارقهڵهباڵغیی و وڕێنانهوه، خوێنه‌ر و نووسه‌ریی به‌و ئاسته رۆشنبیرییه رووکه‌ش و ترسناکه، که وێنه‌یه‌کن له‌و ژیانه سێکسێنرا و ته‌کنۆکراتییه، فرچکدا.
ئێستا ئه‌و خوێنه‌ر و رۆشنبیرییه بۆش و رووخۆکه، که ده‌سه‌ڵاتێکی ته‌کنۆکراتیی، پچڕ پچڕ و سێکسی و رووکه‌ش ئاراسته‌ی ده‌کا، زمان ئاراسته ده‌کا، بۆته مۆده‌یه‌کی بازاڕ به هه‌ڕمێن. بۆیه ده‌ڵێم، به هه‌ڕمێنبوونی بازاڕ شیعری “ئاشق”انه، که سێکساندنێکی پۆڕنۆگرافیی یان له‌ش رووتکردنه‌وه‌یه، شاعیری به رووکه‌ش “ئاشق”، به‌رهه‌مێکه له‌و جیهانه دیگیتالیی، ته‌کنۆکراتیی، سێکسیی، فیلمی هیندییه ئاسایه‌ی که به هۆی شاشه‌ی ماسمێدیا بینراوه‌کانه‌وه حکومی هه‌ست، ئاگایی، دڵ و ده‌روونی جڤاک به گشتیی و نووسه‌ر و شاعیری ئه‌مڕۆ بێ‌ئاگا، مۆدهخواز ده‌که‌ن. به‌مجۆره وه‌ک چۆن ئه‌و جیهانه سێکسیی و سیخناخ به خه‌یاڵه‌ی ئه‌و جیهانه دیگیتال، ته‌کنۆکراتییه بنه‌مایه‌کی نییه، تژییه له ساخته، به هه‌مان شێوه‌ش کۆی ئه‌و هه‌موو شیعره به ناوی “ئاشقانه”، “دڵداریی”، “یار” و شاعیره به قسه “ئاشق” و “سۆفی” و … تاد، راستیی نین، به‌ڵکوو هه‌موویان دیمەنێکی بێ‌دڵ، ده‌رکیی و سازکراون. ئه‌وه‌ی هه‌یه لاساییکردنه‌وه، یان به‌رهه‌مێکه له‌و جیهانه دیگیتالیی، تهکنۆکراتییهی که له هه‌وڵی ئه‌وه دام پێناسه‌یه‌کی بۆ بکه‌م.
لێ، له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر خودی ئه‌و جیهان، کولتووره رووکه‌شه‌ی دیگیتالیی، ته‌کنۆکراتییه نییه که جڵه‌وی ئاگایی، روح، زمانی کوردیی کردووه، به‌ڵکوو هه‌ستنه‌کردن و بێئاگایی مرۆی کورد، شاعیر و نووسه‌رانه له هه‌مبه‌ر ته‌شه‌نه‌کردنی ئه‌و مه‌ترسییه‌وه.
که‌واته ئه‌وه‌ی ده‌توانێ زمانی کوردیی، شیعریی کوردیی له‌و ژیانه ته‌کنۆکراتییه، بێ ئامانجه روحیی و رووخۆکه رزگار بکا، سیاسه‌تێکی ئیدیالی کولتوورسازییە که بتوانێ به رێگەی نه‌خشه‌یه‌کی رۆشنبیریی، چاپکردنی زنجیره کتێبی هه‌مه‌جۆری باڵا، ماسمێدایایهکی بینراو و خوێنهراوه و بیستراوی زانینیی نه‌ک رووکه‌شیی، کۆڕ و دانووساندنێکی به‌رده‌وامه‌وه، ئاگایه‌کی تۆکمه و چێژێکی ئێستێتیکیی رۆشنبیرییه‌کی ره‌نگاوره‌نگ له روحی خوێنه‌ر و جڤاکدا بچێنن. له ته‌ک ئه‌مه‌ش سازکردنی بزاڤێکی ره‌خنه‌یی ره‌سه‌ن و کارا، ماریفیی و ئێستێتکیی، خاوه‌ن رۆشنبیرییه‌کی نه‌ریتیی و نوێباو، ههڵکۆڵێنهر، نه‌ک وه‌ک ئه‌و ره‌خنه مجگێزخواز و رووکه‌شه‌ی ئه‌مڕۆمان، ده‌توانێ ئاسۆیه‌کی تر بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و دۆخه مردۆخه‌ی شیعریی کوردیی و زمانەکەی ئاوهڵابکاتهوه، به‌مه‌ش ئه‌و ویسته بۆ شیعریی کوردی بگه‌ڕێنێته‌وه که بتوانێ بۆ ناو زمان، یاده‌وه‌ریی کوردیی رۆبچێ و هاوکاتیش روحێکی نوێ به‌و زمانه شیعرییه ببه‌خشێت که ئه‌و روحه نوێیه، جیهانه نوێیه له ناو خودی زمانیی کوردییدا ئاماده‌یی هه‌یه.
گه‌لۆ له‌و دۆخه‌ی که نووسه‌ر، شاعیر، ره‌خنه‌گر و خوێنه‌رانی به‌خته‌وه‌رن به‌و زمانه ته‌کنۆکراتییه، بینراوه پچڕ پچڕ و هه‌وه‌سه سێکسییه‌ی ژیانه‌وه، ده‌کرێ ئه‌و بزاڤه له دایک بێت؟
راستییه‌که‌ی ده‌کرێ نه‌خشه‌ی پرۆژه‌یه‌کی بزۆکی رۆشنبیریی و رێگە و میتۆدگه‌لی جیاواز بۆ دابڕان له‌و ره‌وشه کڵۆڵه‌دا دابڕێژم و پێشکه‌شی ئه‌و هه‌موو ناوه‌نده رۆشنبیریی و هونه‌رییانه‌ی بکه‌م که ئه‌مڕۆ له کوردستاندا به ناوی مجگێزخۆشکهر و دڵکێش قووتکراونهتهوه. لێ گه‌لۆ ئه‌و هێزه مایهکیی، ویست و ئاماده‌ییه بۆ پیاده‌کردنی ئه‌و پرۆژه‌یه له‌ناو ئه‌و ناوه‌نده رۆشنبیریی و هونه‌رییه هه‌یه؟ دیاره وه‌رامی ئه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌خێریش نه‌بێت، لێوانڕێژه له گومان. چونکه له لایه‌ک، که به جۆرێک له جۆره‌کان، له به‌رسڤی پرسیاره‌که‌ی پێشووماندا ئاماژه‌مان پێ‌کرد، له‌و دۆخه‌ی ئێستای کوردستاندا هاوشان له‌گه‌ڵ ره‌وتی جیهانگیرییدا، زمانێک له نووسینی کاڵاگریی و کاڵا به‌رهه‌مهێن و کاڵاسازیی به‌رهه‌مده‌هێنێت. وه‌ک ده‌رهاوێشته‌یه‌ک له ئاوابوونی په‌رۆشی رۆشنبیریی و ئامانجی رووحی ئه‌ده‌بیی و هونه‌ریی له بواری زماندا، ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، کۆی کرده‌ی رۆشنبیریی بوو به ئامرازێک بۆ گوتنه‌وه‌ی حیکایه‌ته تڕوهات، رووکه‌ش، وێکچوو، دیگیتالیی، مۆدهخوازیی و … هتد. ئه‌و ته‌رزه مۆده‌یه‌ی نووسین هاوشان له‌گه‌ڵ لافاوی کاڵاخوازیی، تێرنه‌بوون له کاڵاکڕین و فرۆشتن، زمان و ئاخێوه‌ر و نووسه‌ری کوردییشی ته‌نییه‌وه. به‌مجۆره وه‌ک چۆن دیمه‌نی ناوه‌کی شار، بێ بوونی زه‌مینه و ئاگاییه‌کی تۆکمه‌ی جڤاکیی، شه‌قام، کۆڵان، گه‌ڕه‌ک و پارک و گۆشه، ماڵ و دائیره‌کان بوون به شانۆگه‌لی بازاڕی کاڵای ته‌کنیکی ههمهجۆر، ئامێریی رۆبۆتیی، مۆبایل، خواردنی له قووتووکراو، مۆده زۆره‌کانی جل و به‌رگ، خواردنی به‌سه‌رچوو و … تاد، به هه‌مان شێوه‌ش، رووبه‌ری بڵاوکراوه‌کان، ده‌م و زار، مێشکی مرۆی کوردیی، بێ بوونی سیسته‌مێکی په‌روه‌رده‌یی و ئاگاییه‌کی تۆکمه له سیاسه‌تی کولتوورسازیی بوون به عه‌مبار و تاقیگه‌ی وته‌ی لێکترازاو، چه‌مک و تیۆریی و هزره رۆژئاواییه‌کان و هه‌ندێ مۆده‌ی رۆشنبیریی عه‌ره‌بیی و فارسیی، بێ ئه‌وه‌ی نووسه‌ری کورد و ناوه‌نده رۆشنبیرییه‌کانی ناوکۆیی (کۆنتێکست) و سه‌رچاوه‌کانی ئه‌و گوته، چه‌مک، تیۆریی و هزرانه له‌به‌رچاو بگرن. به‌مجۆره وه‌ک چۆن کاڵای ته‌کنیکیی، مۆبایل، سه‌ته‌لایت، ئوتۆمبێل و کۆمپیوته‌ر مرۆی چه‌پێنراوی کورد ده‌غه‌زار و دهعهجانکرد، به هه‌مان شێوه‌ش، ئه‌و ته‌رزه رۆشنبیره رۆشنبیریی و هونه‌ریی کوردیی تووشی بارێکی رووکه‌ش و هەڵەشەیی و بێ ئاراسته کرد. به واتایه‌کی تر: زمانی کوردیی کرد به کاڵایه‌ک بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی کاڵاسازیی.
به‌مجۆره له‌و ره‌وشه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی زمانی کوردیی، روحی کوردیی له‌و خودفهرامۆشییه رزگار بکرێت، ده‌بێت به رۆشنبیرییه‌ک فرچکبدرێت که هه‌م رووحی به‌رهه‌ڵستکاریی تێدا زیندوو بکاته‌وه و هه‌میش روحی نوێکردنه‌وه‌ی زمانه‌که‌ی، یاده‌وه‌ریی رۆشنبیرییه‌که‌ی. رزگار بوون له‌و رۆشنبیریی و هونه‌ره به کاڵاکراو و رووکه‌شه و به گه‌ڕخستنی ئه‌و ره‌وته، دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ئاراسته‌یه به‌ره‌و ئامانجێکی هاوبه‌شی داهێنه‌ر و مرۆڤخوازه، ده‌خوازێ هه‌ر له سیسته‌می په‌روه‌رده‌وه له خوێندگا سه‌ره‌تاییه‌کانه‌وه تا ده‌گاته زانستگاکان و “وه‌زاره‌تی رۆشنبیری” (ئه‌و وه‌زاره‌ته بنکه‌یه‌کی زۆر به‌ده بۆ ئه‌و کاڵاسازییه هونه‌ریی و رۆشنبیرییه، بۆیه له نێوان کهوانهمان داناوه) و یه‌که یه‌که‌ی گۆڤار و وه‌شانخانه‌کان و … تاد هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه و به به‌رنامه و نه‌خشه‌ی رۆشنبیرییه‌کی کارای بیرلێکراوه سازبکرێنهوه. دیاره ئه‌مه‌ش ده‌ستمایه‌کی ئابووری کراوه و هێزێکی مرۆیی و رۆشنبیریی: تیۆر و مێتودیی تهتهڵهکراو و کوردێنراوی فره ره‌هه‌ند و فره ده‌نگ و پسپۆڕیی دڵسۆز و ئیدیالیی، مامۆستای لهخۆبوورد و لێبوورده و ئه‌ڤینداری زانین، زمانناسیی زمانخواز نه‌ک دهڤهرخواز و توێژه‌ریی کارا، راوێژکاریی زرینگ و سه‌رڕاست و نووسه‌ری فره‌زان و … تاد گه‌ره‌که. ئه‌گه‌ر کۆی ئه‌و توانا مانه‌ویی ماددییه فه‌راهه‌م نه‌بن، ده‌بێ هه‌وڵده‌ین مهیسهریان بکه‌ین، که ئه‌مه‌ش کارێکی مه‌حاڵ نییه.
به‌ڵێ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕان بنهچهکییه به‌سه‌ر پێی خۆی بکه‌وێ، ده‌بێ له بنڕا، ئه‌و سیسته‌مه په‌رته‌وازه، رۆشنبیرییه گشتێنراوه، سیمبوولپهرست و تاکهنووسهر په‌رسته رووکه‌ش و بێ شوێنپێیه، ئه‌و دیده ئاسۆیی و رۆبۆتییە رۆشنبیرییه کوردییه، که ره‌گه‌که‌ی له ئه‌قڵی خێڵه‌وه داکوتاوه و خۆی به فۆرمه رووکه‌ش، چه‌مک و ناوه زله‌کانی ئه‌مڕۆدا شاردۆته‌وه، هه‌ڵوه‌شێنرێنه‌وه و پاشان دووباره له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی فره‌ره‌هه‌ندیی، بزۆک، هه‌میشه شیاو بۆ نوێبوونه‌وه سازبکرێته‌وه. به‌مجۆره پێویسته زمانی کوردیی، رۆشنبیریی و هونه‌ریی کوردیی له بری قه‌تیسمان له سازکردنی یه‌ک دوو پاڵه‌وان و کردنی به بوونه‌وه‌رێکی پیرۆز، پهرستگەیهک و دوا داهێنه‌ری سه‌ر زه‌ویی به په‌سندانه بێتامه رۆژانه‌ییه‌کانی، خۆیی و خوێنه‌ر و کۆی جڤاک به مه‌یلی کو‌لتوور و دیدی به هه‌ند وه‌رگرتنی توانایه رۆشنبیریی و هونه‌رییه‌کانی تاکه‌که‌سه جیاواز و سەربەخۆیەکان فرچک بده‌ن. رۆشنبیریی، هزر و هونه‌رێکی کارا و به‌رهه‌مهێن، به پیرۆزکردن و په‌رستنی تاکه نووسه‌رێک یان شاعیر یان هونه‌رمه‌ندێک له دایک نابن، به‌ڵکوو به بیرکردنه‌وه له کۆی هێز و توانای تاکه‌که‌سه جیاوازه‌کانه‌وه به‌رهه‌مدێن. ئه‌و دیده گشتگیر و نووسه‌ر په‌رست و دهروێشایهتییهش که وێنه‌یه‌کی باوه له ژیانی نووسینی کوردییدا، یه‌کێکه له ئاسته‌نگه‌کانی ئه‌و بزاڤه چاوه‌ڕوانکراوه‌ی که ئێمه پهرۆشخۆرینه.
• ئەم کۆپلەیە بەشێکە لە نووسینێکی فرەوانتر، لە کتێبی “زمان ئاسۆیەکە لە نیوان ئاسمان و زەویدا” .
هه‌ندرێن