دۆن‌کیشۆت …. شانۆنامە
کاره‌کته‌ره‌کان
دۆن کیشۆتی مانچا: سوارچاکی گه‌ڕۆک
سانچۆ پانزا: وڵاخدارو هاوسه‌فه‌ری دۆن کیشۆت
لۆساند: خوشکه‌زای دۆن کیشۆت
مارسێلا: شوان و بێریوان ته‌مه‌ن
زانای دێ: کاری قه‌شه‌و مامۆستاییش ده‌کات
دایه‌ن: دایه‌ن لای بنه‌ماڵه‌ی دۆن کیشۆت
دۆن کاردێنیۆ: موڵکدار
مه‌یخانه‌چی: خاوه‌ن مه‌یخانه‌ی دێی تۆبۆسۆ
ڕشکن: کچی مه‌یخانه‌چی
گاوان: وڵاخدارو گاوان له ماڵی دۆن کیشۆت
پیاوی 1و 2و 3و 4و 5: هاوڕێی شاعیری کۆچکردو کریسۆستۆس
باڕمه‌ن: خاوه‌ن میوانخانه‌ی دێکه‌ی مارسێلاو دۆن کاردێنیۆ له سیێرا مۆرێنا
کۆمه‌ڵێ خه‌ڵک
په‌رده‌ی یه‌که‌م
تابلۆی یه‌ک: دێی مانچا. ماڵی دۆن کیشۆت.
ژێرزه‌مینێکی بێ په‌نجه‌ره. دیواره‌کان به تاق و دۆڵابی کۆن و ڕه‌فه‌ی دارین داپۆشراون. تاقه‌کان و ڕه‌فه‌کان و ته‌ختی ژووره‌که به ده‌یه‌ها کتێبی جۆراوجۆر چنراون، به شێوه‌یه‌ک مرۆڤ به ئاسته‌م ده‌توانێ له ناویاندا ڕێ بکات. مێزێکی گه‌وره‌ی ئه‌ستوور له ناوه‌ڕاستی ژووره‌که‌دایه، کۆمه‌ڵێ کتێبی گه‌وره‌و به‌رگ ئه‌ستوور، چرایه‌کی گه‌وره که پێیه‌کی درێژی ئاسنینی هه‌یه، له‌سه‌ر مێزه‌که‌ن. له پشت مێزه‌که‌وه کورسیێکی کۆنی دارین دانراوه. دۆن کیشۆت جلی شه‌وی له‌به‌ردایه، شتێک له شێوه‌ی ده‌رپێی سه‌رخه‌رمان، له‌جێی کراسیش نیمچه دزداشه‌یه‌کی سپی، کلێته‌یه‌کی قوڵینگه‌داریشی له‌سه‌ردایه. له‌سه‌ر کورسیه‌که دانیشتوه‌و خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی کتێبێکه، که ده‌بینین له‌سه‌ری نووسراوه “ئه‌سکه‌نده‌رنامه.”
دۆن کیشۆت: کاتی ئه‌وه هاتووه کتێبه‌که‌م دابنێم و بچمه ناو جیهان، سه‌رده‌می سوارچاکان زیندوو بکه‌مه‌وه. ئه‌م میلله‌ته پێویستی به جه‌نگاوه‌ره. گیلگامێش، ڕۆسته‌می زاڵ، کاوه‌ی ئاسنگه‌ر، مامه ڕیشه، ئاخیلیس، لانسلۆ، شا ئارتور، هه‌موو پاڵه‌وانه‌کان گوێتان لێم بێ! من وا بڕیارمدا درێژه به کارنامه‌و خه‌بات‌و پاڵه‌وانچیه‌تی ئێوه بده‌م.
زیندانیه‌کان وا هاتم ڕزگارتان بکه‌م، زۆر لێکراوان وا هاتم له ژێر باری سته‌مدا ده‌رتان بهێنم، هه‌ژاران وا هاتم باری ژیانتان لێ سووکتربکه‌م، کچه لاوه‌کان وا هاتم پشتتان بگرم، بێوه‌ژنان وا هاتم دواڕۆژتان ڕووناکتر بکه‌مه‌وه. چیدی مرۆڤه‌کان هه‌موو، له سایه‌ی بازووی پۆڵایینی مندا، سه‌رفراز و ئازاد ده‌بن.
من بڕیارمدا ببمه سوارچاکی گه‌ڕۆک. سوارچاکی گه‌ڕۆک ئه‌و که‌سه‌یه به‌دوای ڕووداودا ده‌گه‌ڕێ، گۆڕانکاری درووست ده‌کا، ده‌بێته هۆی چاکسازی. له هه‌ر شوێنێک ناڕه‌واییه‌ک هه‌بێ، ڕاستی ده‌کاته‌وه. له هه‌ر شوێنێک که‌سێک پێویستی به یارمه‌تی هه‌بێ، ده‌ستبه‌جێ به هانایه‌وه دێ. له‌گه‌ڵ منداڵاندا به به‌زه‌ییه، له‌گه‌ڵ کچه لاوه‌کاندا به‌ڕه‌وشته، له‌گه‌ڵ زۆرداره‌کاندا بێ به‌زه‌ییه.
(ده‌چێ دۆڵابه‌کان ده‌کاته‌وه. کۆمه‌ڵێ زنجیر‌و شمشێرو زره‌به‌ندو که‌مۆڵه‌و چه‌رمی جۆراوجۆر‌و شتی کۆن دۆڵابه‌کانیان ته‌نیوه. له پشت دۆڵابێکه‌وه، ئاوێنه‌یێکی چوارچێوه دارینی گه‌وره ده‌رده‌هێنێ. ئاوێنه‌که به‌رامبه‌ر به خۆی داده‌نێ و که‌مێک ته‌ماشای خۆی ده‌کا. کراسێکی سه‌ربازی چه‌رم و هێله‌کێکی زرێبه‌ندی شانه‌وانه‌دار له‌به‌ر ده‌کا. شمشێرێک به‌خۆیه‌وه هه‌ڵده‌واسێ. پوزه‌وانه‌و مله‌وانه‌و ئانیشکبه‌ندو ئه‌ژنۆبه‌ندو مه‌چه‌کبه‌ندی ئاسنین ده‌به‌ستێ. بۆ کڵاوێکی سه‌ربازی ده‌گه‌ڕێ به‌ڵام نایدۆزێته‌وه. که ڕه‌حه‌تی نه‌وته‌که ده‌بینێ، ده‌یکات به‌سه‌ریه‌وه‌و له ئاوێنه‌که‌دا ته‌ماشای خۆی ده‌کا. به ته‌ل و چه‌رم، چاوپۆش و چه‌ناگه‌به‌ند بۆ کڵاوه‌که‌ی درووست ده‌کا. ڕه‌حه‌تیه‌که زۆر گه‌وره‌یه، له شێوه‌ی کڵاوی سه‌ربازه‌کانی سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییوبیدایه. دۆن کیشۆت ده‌یه‌وێ له پاڵه‌وانه‌کانی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست بچێ، به‌ڵام زیاتر له سه‌ربازێکی سوپای خاچپه‌رستان ده‌چێ)
دۆن کیشۆت: تا ئێره کاره‌کان باش پێش ده‌ڕۆن. ئێستا پێویستم به تیروکه‌وانێک یا ڕمێک هه‌یه. بزانم له ڕێگادا په‌یدای ناکه‌م. هه‌روه‌ها پێویستم به‌وه هه‌یه که دڵدارێکم هه‌بێ، شێتانه عاشقی بم و به‌ناوی ئه‌وه‌وه داستانه‌کانم تۆماربکه‌م. سوارچاکه‌کان هه‌میشه ئافره‌تێکی شازاده‌یان له پشت بووه، له جوانیدا بێ هاوتاو ناسراو بووه، بۆیه ده‌بێ ناوێکی سه‌رنجڕاکێشی بۆ دابنێم. ئه‌گه‌ر له شاری تۆبۆسۆ شازاده‌یه‌کم به‌دی کرد، داوای لێ ده‌که‌م ببێته پاڵپشتم و ناوی ده‌نێم دڵبه‌ری تۆبۆسۆ. چونکه دڵبه‌ری زۆرینه‌ی پاڵه‌وانان به ناوی شاره‌کانیانه‌وه بانگکراون “خانمی تۆبۆسۆ دڵبه‌ری سوارچاکی گه‌وره دۆن کیشۆت.”
زۆر چاکه. ئێستاش با ناوی خودای لێ بهێنم و ئه‌م ڕێگایه بگرمه‌به‌ر. که‌واته بۆ پێشه‌وه به‌ره‌و داستانه‌کان. (ده‌چێته ده‌ره‌وه)
تابلۆی دوو
لۆساند: (دێته ژوورێ) دایه‌ن.. ئه‌وه خاڵم له کوێیه؟ ماوه‌یه‌که نانمان له‌گه‌ڵدا ناخوا، ئه‌م دواییانه به‌ده‌گمه‌ن ده‌یبینم، هه‌ر ده‌ڵێی له یه‌ک ماڵدا ناژین. وام ده‌زانی، وه‌کو جاران، سه‌ری له‌ناو کتێبه‌کاندایه بۆیه، که‌چی ده‌بینم لێره‌ش نیه.
دایه‌ن: دانی مریشکه‌کانم ده‌دان.. کوتوپڕ پیاوێک له ژێرزه‌مینه‌که‌وه ده‌رپه‌ڕی، یه‌کێک به زنجیربه‌ندو شمشێرو قه‌ڵغان و زرێ و تاقمی شه‌ڕه‌وه.. منیش له ترسان به پشتدا که‌وتم و دوعایه‌کم خوێند. له دڵی خۆمدا گوتم ئه‌وه‌تا کاتیه‌تی، جوبره‌ئیله و هاتووه بۆ گیانم. به هه‌ڵه‌داوان پێمگوت:
“خێر هاتن سه‌ر گلێنه‌ی چاوه‌کانم. چاوه‌ڕێ نه‌بووم وا زوو ته‌شریف بهێنن. سوپاستان ده‌که‌م، گه‌ر ته‌نها کاتی ئه‌وه‌م بده‌ن ده‌ست نوێژێک بگرم. ماڵئاوایی له‌و کچه بێکه‌سه و ئاغاکه‌م بکه‌م. دوای ئه‌وه، به‌ڵێن بێ، به دڵێکی ئاسووده‌وه دواتان ده‌که‌وم بۆ به‌رده‌م باره‌گای پیرۆزی په‌روه‌ردگار. ته‌نها داواکاریم ئه‌و مۆڵه‌ته‌یه ئه‌ی ئیسرافیل”
هه‌ر ئه‌وهام گوت، کابرا دایه قاقای پێکه‌نین. که هێمن بوه‌وه گوتی “دایه‌ن جوبره‌ئیلی چی و ئیسڕافیلی چی؟ ئه‌وه منم ئاغات دۆن کیشۆت، نه‌تناسیمه‌وه؟”
ئاهێکم به‌به‌ردا هاته‌وه، هه‌ستام خۆم ته‌کاند و گوتم “قوربان گیان، من چوزانم ئه‌وه جه‌نابتی، خۆت وا گۆڕیوه ده‌ڵێی وێنه‌ی سه‌ر پاره و دیواری کۆشکه‌کانی”
که جوان ورد بوومه‌وه بینیم سه‌روه‌رم له‌وه ده‌چێ خراپ به‌خه‌به‌ر هاتبێ، یان خوا نه‌خواسته له مێشکی دابێ. ڕۆڵه، له جیاتی کڵاو، ڕه‌حه‌تیه گه‌وره‌که‌ی کردبووه سه‌ری. به ترسێکه‌وه پرسیارم کرد “سه‌روه‌رم خێره وا خۆتان پێچاوه‌ته‌وه؟”
“به‌ڵێ خێره. جه‌نابمان ئۆغر ده‌کا. خێرا به وڵاخداره‌که بڵێ ئه‌سپه‌که‌م بۆ زین بکات و ڕمێکم بۆ ئاماده بکا. پێویست ناکا تیروکه‌وانم بۆ بهێنێ”
ڕمی چی و تیروکه‌وانی چی؟؟ تۆ بڵێی له ئه‌سپ مه‌به‌ستی هێستره له‌ڕه‌که‌بێ؟ که بینیم گاڵته ناکات و به ڕاستیه‌تی، هه‌رچۆنێک بێ فه‌رمانه‌کانیم جێ به‌جێ کرد‌و سواربوو.
لۆساند: ئه‌ی دوایی؟ خێرا..
دایه‌ن: که به‌سه‌ر هێستره له‌ڕه‌وه نزیکی ده‌رگاکه بوه‌وه هاواری کرد “هۆ پاسه‌وان ده‌روازه‌که‌م بۆ بخه‌ره سه‌ر پشت” که ده‌رگاکه‌مان کرده‌وه هێستره‌که‌ی تاودا و ئێمه‌ش به چاوه زه‌قه‌کانمانه‌وه ته‌ماشامان کرد تا گوم بوو.
لۆساند: ئه‌ی نه‌یگوت بۆ کوێ ده‌چێ؟
دایه‌ن: گوتی “ده‌چێ بۆ ناو جیهان، بۆ ئه‌وه‌ی فریای بێ نه‌وایان بکه‌وێ و دادپه‌روه‌ری بهێنیته‌وه و سه‌رده‌می پاڵه‌وانه‌کان زیندوو بکاته‌وه.”
لۆساند: شێت بووه، ئه‌ی هاوار!! خاڵم شێت بووه. بۆ هێشتت بڕوا؟ نه ده‌بوو بتهێشتایه بڕوا.
دایه‌ن: خانم من ناتوانم به ئاغام بڵێم نابێ بچیته ده‌ره‌وه، ئه‌وها چۆن ده‌بێ؟!
لۆساند: ئابڕوومان ده‌با. ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی تۆ باست کرد ڕۆشتبێته ناو شار، ئێستا منداڵ دوای که‌وتوون. ئه‌ی بۆ زووتر ئاگادارت نه‌کردمه‌وه؟
دایه‌ن: گوتم چێشته‌نگاوه‌و خه‌ڵک یا له ماڵن یان له سه‌ر کارن و که‌س نایبینێ، ده‌چێ پیاسه‌یه‌ک ده‌کات و دێته‌وه. گاوانه‌که‌م نارد دووربه دوور دوای بکه‌وێ.
تابلۆی سێ: به‌رده‌م مه‌یخانه‌که‌ی تۆبۆسۆ.
خانوویه‌کی بچووکی دوو نهۆم، ده‌رگایه‌کی دارین. دار تووێک و بیرێک له به‌ر ده‌م ده‌رگاکه‌دا.
دۆن کیسۆت: (دێته ژوورێ) ئه‌وه‌تا کۆشکێک، به دڵنیایی یه‌وه ئه‌م کۆشکه شازاده‌یه‌کی تێدایه و ئێستا پێشوازیه‌کی گه‌رمم لێ ده‌کا. ئه‌ی پاسه‌وان!.. ده‌رگاوان!.. خاوه‌ن ته‌لار!.. خانی کۆشک!
مه‌یخانه‌چی: (دێته ژوورێ. به‌روانکه‌و جلی کاری له‌به‌ردایه.) …
دۆن کیشۆت: تۆی خانی ئه‌م ته‌لاره؟ یان تۆ ته‌نها ده‌رگاوانی؟
مه‌یخانه‌چی: .. کۆشکی چی و ته‌لاری چی!!
دۆن کیشۆت: ده‌ڵێم تۆ کامیانی؟ خاوه‌ن ماڵ یا ماڵدار؟.
مه‌یخانه‌چی: به‌ڵێ خاوه‌ن باڕم.. هاها
دۆن کیشۆت: ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵی کۆشکێکی ئه‌وها بی، خاوه‌ن شکۆیت. من سوارچاک دۆن کیشۆتی مانچم.. ده‌مه‌وێ ئه‌م شه‌و ببمه میوانتان.. ژوورێکم بۆ دابین بکه‌ن و گۆزه‌یه‌ک شه‌راب و شتێک بیخۆم. ده‌بێ سبه‌ینێ زوو، پێش ئه‌وه‌ی خۆر له‌و دیوه‌وه خۆی بهاوێته دامێنی چیاکان، من ده‌رچوو بم.
مه‌یخانه‌چی: ببووره، ئێره ئوتێل نیه، ژوورمان نیه بۆ خه‌و. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ، ئه‌وا گه‌وڕه‌که پاکوته‌میز ده‌که‌م، ده‌توانی بۆ ئه‌م شه‌و گوزه‌رانی تێدا بکه‌ی، به خودا له‌وه باشترم نیه.
دۆن کیشۆت: گوێ مه‌ده‌رێ، ئه‌م شه‌و له ژێر ئه‌و دار تووه ڕۆژ ده‌که‌مه‌وه، هه‌وا له‌باره. ئه‌ی خواردن؟
مه‌یخانه‌چی: هه‌ر ئێستا بزانم چیمان هه‌یه، زۆر دره‌نگه، چاوه‌ڕێی که‌سم نه‌ده‌کرد.
(دۆن کیشۆت قه‌ڵغان و هه‌ندێ که‌لوپه‌ل ده‌خاته سه‌ر لێواری بیره‌که. ده‌چێه لای دره‌خته‌که‌و به ڕمه‌که‌یه‌وه ڕه‌ق ده‌وه‌ستێ. یه‌کێ دێت ئاو ده‌ربهێنێ، ده‌ست ده‌داته شتومه‌که‌کان بیانخاته لاوه.)
دۆن کیشۆت: (هاواری ده‌کا) پاڵه‌وان! تۆ وێرات به‌بێ پرس ده‌ست له ماڵی من بده‌ی؟ ئه‌وه سووکایه‌تی کردنه.
(کابرا بێ ئه‌وه‌ی گوێ بداته قسه‌کانی، شته‌کان ده‌خانه لاوه‌و سه‌تڵ ده‌گرێ به‌ده‌سته‌وه.)
دۆن کیشۆت: (به ڕمه‌که‌یه‌وه په‌لاماری ده‌داو ده‌یخاته ئاوه‌که‌وه) ئاوا، ویستت زه‌فه‌رم پێ ببه‌ی.
(یه‌کێکی تر به سواری ئه‌سپه‌وه به‌ره‌و بیره‌که دێ. دۆن کیشۆت به ڕمه‌وه په‌لاماری ده‌دا، کابرا ده‌کاته هاوار کردن. سواره‌کانی تر هه‌موو دێن، ده‌که‌ونه به‌رد هاویشتن. باڕمه‌ن و کچه ڕشکنه‌که‌ی دێن، ده‌که‌ونه ناوبژی کردن. شه‌ڕه‌که داده‌مرکێته‌وه. پیاوه‌که له بیره‌که ده‌رده‌هێننه‌وه. دۆن کیشۆت له‌گه‌ڵ باڕمه‌ن و کچه‌که‌یدا، به ته‌نیا ده‌مێننه‌وه.)
دۆن کیشۆت: ئه‌ی خاوه‌ن شکۆ! به‌پێی داب‌و نه‌ریتی کۆنی سوارچاکان، هه‌موو سوارچاکێک، پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به کار بێ، پێویسته بڕوانامه‌ی سوارچاکی وه‌ر بگرێ. ئه‌مه‌ش ته‌نها میرێ یان پادشایێ ده‌توانێ پێی ببه‌خشێ. بۆیه من داواکارم له ئێوه، بفه‌رموون ئه‌و بڕوانامه‌یه‌م پێ ببه‌خشن.
مه‌یخانه‌چی: هه‌رچه‌نده که تا ئێستا هیچ جۆره بڕوانامه‌یه‌کم نه وه‌رگرتووه‌و نه به‌خشیوه، به‌ڵام ئاره‌زووت به‌جێ ده‌هێنم. چی بکه‌م؟
(به کۆمه‌ڵێ جووڵه‌و وشه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ر، بڕوانامه‌ی سوارچاکی به دۆن کیشۆت ده‌به‌خشرێ.)
دۆن کیشۆت: (به ئه‌ژنۆدا دێ) خانم ڕه‌زامه‌ندی بفه‌رموو ببمه سوارچاکی تۆ‌و له ژێر فه‌رمانتداو له پێناو ناوه‌که‌تدا بجه‌نگم.
ڕشکن: هی هی.. هه‌ست ده‌که‌م له‌ناو ڕۆمانێکدام. باوکه ئه‌وه چی ده‌ڵێ؟ په‌سه‌ندم کرد ئه‌ی سوارچاک.
دۆن کیشۆت: پێویستم به‌وه ده‌بێ که سه‌رپۆشێک یان ده‌سڕێکم بده‌یتێ، له ملی خۆمی بئاڵێنم، وه‌ک نیشانه که گه‌ردنم له ڕێتدایه.
ڕشکن: (په‌ڕۆ کۆنێکی مێزسڕین ده‌دات به دۆن کیشۆت) ئه‌مه‌ش نیشانه.
تابلۆی چوار: ماڵی دۆن کیشۆت
دایه‌ن: ئه‌م به‌یانیه بینیم گاوان دیارنیه‌و سه‌روه‌ریشم نه‌هاتوه‌ته‌وه، دیاره گاوان نه‌یوێراوه خۆی پیشانی بدا. ئیتر چاوه‌ڕێ بووم تۆ له‌خه‌و هه‌ستی. ته‌نها تۆ ده‌توانی بیگه‌ڕێنیته‌وه.
لۆساند: ئه‌ی هاوار!! خاڵم شێت بووه.. باسم بۆ بکه!.. به وردی!.. ده‌مه‌وێ تێ بگه‌م.
دایه‌ن: خانمه بچکۆلانه‌که‌م، خاڵت شێت نیه، من ده‌زانم مووه‌که له کوێدایه. هه‌مووی له‌و کتێبه نه‌فره‌تیانه‌وه‌یه، ئه‌وه‌نده ده‌یانخوێنێته‌وه ئاگای له ژیانی ڕاسته‌قینه نه‌ماوه. هه‌موو ئه‌و کتێبانه‌ش موریدی شه‌یتانه‌کان نووسیویانن. خاڵت شه‌یتان گرتوویه‌تی.
لۆساند: ئێستا کاتی ئه‌وه نیه، خێرا دوام بکه‌وه با بڕۆین بیگرینه‌وه، تا خه‌ڵک نه‌یبینیوه و نه‌بووه به گاڵته‌جاڕی دنیا. بڕۆ با بڕۆین!.
(ده‌یانه‌وێ بچنه ده‌رێ، له‌و کاته‌دا گاوانه‌که دێته ژوورێ. شانی خستوه‌ته بن باڵی دۆن کیشۆت، که بوراوه‌ته‌وه، ده‌یخاته سه‌ر کورسیه‌که. ژنه‌کان ده‌شڵه‌ژێن و ده‌چن به هانایه‌وه)
گاوان: مه‌ترسه خانم، هیچی نیه! ته‌نها شه‌که‌ته و له هیلاکیدا خه‌وی لێ که‌وتووه.
لۆساند: هیلاکی چی! ئه‌وه هه‌موو گیانی خوێنه، لووتیشی پژاوه. دایه‌ن، خێرا بڕۆ له ژووره کۆنه‌که‌ی خۆی جێگایه‌کی بۆ ئاماده بکه. ئه‌م ژووره داخراوه، هه‌وا تێیدا هاتوچۆ ناکا، ئه‌ویش پێویستی به هه‌وای پاکه.
(زانای دێ دێته ژوورێ، گاوان و دایه‌ن دۆن کیشۆت ده‌به‌نه ده‌رێ)
لۆساند: پێویستم به ئامۆژگاریه‌کانتانه. نه‌خۆشیه‌که‌ی خاڵم په‌یوه‌ندی به‌م کتێبانه‌وه هه‌یه.
زانای ئاینی: حه‌تمه‌ن، هه‌ندێ کتێب، ده‌ردوبه‌ڵان. بۆیه هه‌میشه دووپاتی ده‌که‌مه‌وه، نابێ منداڵ و کچانی لاو بیانخوێننه‌وه. خۆ خاڵت منداڵیش نیه به‌و قووڵیه کاریان له مێشکی کردووه.
لۆساند: چی پاره‌ی هه‌بوو، هه‌مووی به‌م کتێبانه ده‌دا. که ده‌ستی کرد به خوێندنه‌وه، سه‌رپه‌رشتی زه‌وی و کاروباره‌کانیشی پشت گوێ خست. تا که‌وته ئه‌وه‌ی موڵکی ده‌فرۆشت کتێبی پێ بکڕێ. له‌تاو خوێندنه‌وه خواردن و خه‌ویشی بیرچوو. نیوه‌شه‌وان چراکه‌ی بکوژایه‌وه، هیچ که‌سی خه‌به‌ر نه‌ده‌کرده‌وه، به سه‌رماو گه‌رما به کتێبه‌که‌یه‌وه ده‌هاته ده‌ره‌وه بۆ ژێر ڕووناکی مانگه‌شه‌و. چه‌ندجار سه‌رما له جێ‌دا خستویه‌تی چونکه بیری ده‌چوو شتێ له‌به‌ر بکا. ئه‌م کتێبانه گرانن با کڕیارێکیان بۆ بهێنین.
زانا: نه‌خێر، وه‌ک ئه‌وه وایه له جێی ئه‌وه‌ی په‌تاکه چاره‌سه‌ر بکه‌ی، میکرۆبه‌که‌ی بفرۆشیته‌وه. بکه‌ونه ده‌ست خه‌ڵک، تووشی هه‌مان نه‌خۆشی ده‌بن.
لۆساند: من هه‌ر ئه‌وه‌م ده‌وێ خاڵم چاک بێته‌وه و جارێکی تر تووشی ئه‌م په‌تایه نه‌بێ. با بیانسوتێنین!
زانا: په‌له مه‌که، هه‌موویان نا. حه‌تمه‌ن هه‌موویان خراپ نین. ئه‌م ژووره په‌نجه‌ره‌ی هه‌یه؟
لۆساند: به‌ڵێ په‌نجه‌ره‌یه‌کی شاراوه‌یه، ده‌مێکه داپۆشراوه.
زانا: به‌سه‌ر کوێدا ده‌روانێ؟
لۆساند: به‌سه‌ر شیوه‌که‌ی پشت ماڵه‌وه‌مان.
زانا: با که‌سێک په‌نجه‌ره‌که ئازاد بکا. ئه‌و کتێبه‌ی شایانی خوێندنه‌وه نه‌بێ، له‌وێوه فڕێی ده‌ده‌ین. زۆرن و زۆر قورسن، زۆریشی ده‌وێ به پلیکانه‌کاندا سه‌ربخرێن بۆ ده‌ره‌وه. ده‌بێ هه‌موو ئه‌و دۆڵاب و ڕه‌فه و مێزو کورسیه‌ش لێره نه‌مێنن، ئه‌م ژووره وه‌ک له‌پی ده‌ست پاک ببێته‌وه. ته‌ختی بشۆرێ، دیواره‌کانی تۆزیان پێوه نه‌مێنێ، به قسڵ سواغ بدرێن، به بۆیه‌ی سپی ڕه‌نگ بکرێته‌وه، وه‌ک ژوورێکی تازه. ده‌بێ که دۆن کیشۆت هاته‌وه، وا بزانێ یه‌که‌مجاره دێته ئێره و ئه‌و ژووره‌ی جارانی له خه‌ودا بینیوه.
تابلۆی پێنج
به درێژایی ئه‌م دیمه‌نه زانای ئاینی خه‌ریکی ته‌ماشاکردنی کتێبه‌کان و هه‌ڵبژاردنیانه. ئه‌وانه‌ی بۆ فڕێدانن، ده‌یانداته ده‌ست لۆساندو دایه‌ن ئه‌وانیش له په‌نجه‌ره‌که‌وه فڕێیان ده‌ده‌ن.
زانای دێ: ئه‌سکه‌نده‌رنامه.. قادسیه‌ی یه‌که‌م و دووه‌م.. ئه‌مانه نه کتێبێکی مێژویین، نه وه‌ک ڕۆمانیش هیچ بنه‌مایه‌کی چیرۆک نووسینیان هه‌یه، بێجگه له‌وه‌ی که پاڵه‌وانانی فارس و عه‌ره‌ب به شێوه‌یه‌ک وێنه ده‌که‌ن، که له ئه‌فسانه‌ش ناچن، بۆ شیوه‌که.
گیلگامێش.. نووسه‌رێکی عه‌ره‌بی سه‌ده‌ی ڕابردوو نووسیویه‌تی. من وه‌رگێڕانێکم بینی، ڕاسته‌وخۆ له ئه‌که‌دی کۆنه‌وه وه‌رگیرابوو، هیچی له‌وه ناچێ.. بۆ شیوه‌که.
ڕۆمانه‌کان، ئه‌وانه‌ی ئه‌مادیس دو گول.. کرێتیان تروا، یه‌که‌م ڕۆمانه‌کانی سوارچاکی، ئه‌مانه‌ی لێ ده‌ربچێ، هه‌موو بۆ شیوه‌که، هه‌ر له دووره‌وه دیاره له‌و جۆره ڕۆمانانه‌ی به‌سه‌رهاتی پاڵه‌وانه دروسکراوه‌کانن، که نه ته‌نها هیچ فێری خه‌ڵک ناکه‌ن، بگره بۆ کات به‌سه‌ربردنیش زیانبه‌خشن.
شانامه.. هه‌رچه‌نده که فیرده‌وسی پاڵه‌وانه‌کانی که‌مێک ئه‌فسانه‌ئامێز وێنه کێشاون، وه‌ک مێژوو نکۆڵی لێ ناکرێ با بمێنێ.
ڕامایانا.. ماها بهاراتا.. ئیلیادو ئۆدێسه.. تریستان ئیزولد.. مه‌م و زین.. ئه‌مانه ئه‌فسانه ڕاسته‌قینه‌کانن با بمێنن.
رۆنسار، جوانترین غه‌زه‌ل نووسی زه‌مانی خۆی.. مه‌لای جزیری، ده‌س نووسه، پێویسته تا مۆرانه نه‌یخاردووه بنووسرێته‌وه، قوتابی خۆش نووسم هه‌ن ده‌یانده‌مێ با ڕوونووسی بکه‌نه‌وه.
ئه‌مانه‌ی له‌کوێ دۆزیوه‌ته‌وه.. سه‌رئه‌نجام، کتێبی یارسانه‌کانی ئه‌هلی هه‌ق. ئه‌حمه‌د نامه، فه‌رهه‌نگی کوردی عه‌ره‌بی.
له که‌نار ئاوه‌کان، چینیه، له سه‌رده‌می سۆنگه‌کاندا سه‌ده‌ی دوازده نووسراوه. وته‌کانی هایکه، ژاپۆنیه، له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا نووسراوه. به‌ردو شمشێر، دوو ساموڕای گه‌وره‌ی ژاپۆن، نوێنه‌ری دوو قوتابخانه‌ی هونه‌ری شمشێر.
مێتامۆرفۆسه‌کانی ئۆڤید.. ئێنێیدی ڤیرژیل.. ژیاننامه‌ی پیاوه گه‌وره‌کانی مێژووی پلوتارک.. شانۆنامه‌کانی سێنێک.. ئه‌م لاتینیانه‌ش با بمێنن.
سانچۆ: (دێته ژوورێ) خان ئه‌م هه‌موو وشانه‌ی کردوونه‌ته سه‌ری خۆیه‌وه؟ ئیدی بۆچی شێت نه‌بێ. سه‌ری من جێی یه‌ک لاپه‌ڕه‌شی تێدا نابێته‌وه. من ئه‌گه‌ر له زیندانێکدا پێم بڵێن هه‌ڵبژێره، ده‌ته‌وێ سه‌د قامچیت لێ بده‌ین، یان کتێبێک بخوێنیته‌وه؟ بێ سێ و دوو ده‌ڵێم..
زانای دێ: سانچۆ گوێدرێژه‌که‌ت لێره‌یه؟
سانچۆ: ئا که‌ره‌که‌م لێره‌یه بۆ؟
زانای دێ: ئه‌م کتێبانه‌ی لێ بار بکه!
تابلۆی شه‌ش
ژوورێکی سپی چۆڵ و هۆڵ. دۆن کیشۆت دێته ژوورێ، سانچۆ پانزاش به‌دوایدا. دۆن کیشۆت ماوه‌یه‌ک گێژده‌بێ و به سه‌رسوڕمانه‌وه ته‌ماشای ژووره‌که ده‌کا. ده‌ست له دیواره‌کان ده‌دا.
دۆن کیشۆت: ده‌بینی؟ ئه‌مه کاری ئه‌و جادووبازه‌یه. که‌واته بانگه‌وازی شه‌ڕتان کرد ئه‌فسوونگه‌ره‌کان؟
سانچۆ، ئه‌وه بزانه که له هه‌موو ڕۆمان و چیرۆکه‌کانی سوارچاکیدا، جادووبازێک هه‌یه که دژایه‌تی پاڵه‌وانه‌کان ده‌کا. مـێرلانی جادووگه‌رت نه‌بیستووه؟ ئه‌و ده‌توانێ، به چرکه‌ساتێ، کێوێکت له‌به‌رده‌مدا قوت بکاته‌وه، له ژووره‌که‌ی خۆته‌وه هه‌ڵت بگرێ و بتخاته باخچه‌یه‌کی گه‌وره‌وه. یان لێره‌وه هه‌ڵت بگرێ و له چین و ماچین خۆت ببینیته‌وه، چرکه‌ساتێک دوای ئه‌وه، هه‌موو شتێک دهێنێته‌وه سه‌ر جێی خۆی.
به‌ڵام نابێ ئێمه به‌م فێڵانه‌یان فریو بخۆین.
ده‌رچوونی یه‌که‌م، ته‌نها بۆ ئه‌وه بوو هه‌وای ده‌ره‌وه تاقی بکه‌مه‌وه. ئه‌م جاره، به ته‌واوی ئاماده‌م، هیچ شتێک ڕێگرم نابێ. تۆش، ده‌بێ هه‌ر ئێستا بڕیاری خۆت بده‌ی. جارێکی تریش ده‌یڵێمه‌وه، پاڵه‌وان و سوارچاکان هه‌میشه ئه‌سپدارێکیان له‌گه‌ڵدا بووه، هاوڕێ و هاوده‌می خۆشی و سه‌ختیه‌کانی ڕێگایان بووه. پاداشته‌که‌شی ئه‌وه‌یه یه‌که‌م، له سه‌رگوزشته‌یاندا، ناوی ئه‌ویش وه‌ک نیمچه پاڵه‌وانێک تۆمار کراوه و چووه‌ته لاپه‌ڕه‌ی نه‌مرییه‌وه. دووه‌م و له هه‌مووی گرنگتر، پاڵه‌وانه‌کان که بوونه‌ته خاوه‌نی مه‌مله‌که‌تێک، هه‌میشه به‌شی هاوه‌ڵه‌کانیان داوه، کراون به خان و میرو وه‌زیر، بوون به خاوه‌نی دوورگه‌یه‌ک یان کۆمه‌ڵێ دوورگه. بێ له‌وه‌ی که جوانترین که‌نیزه‌کی شاژنیان لێ ماره کراوه.
سانچۆ: گه‌وره‌م، من ژن و منداڵم هه‌ن، ناشتوانم کۆمه‌ڵه دوورگه‌یه‌ک به‌ڕێوه ببه‌م، ته‌نها دوورگه‌یه‌کم به‌سه.
دۆن کیشۆت: زۆر چاکه، له ئێستاوه سێ ڕۆژی ترمان ماوه هه‌موو شتێک ئاماده بکه‌ین. ڕۆسینانتی سه‌رکه‌شیش ئاماده‌یه.
سانچۆ: ڕۆسینانت؟ من وه‌هام ده‌زانی هه‌ر خۆمان بین.. ڕۆسینانت کێیه؟
دۆن کیشۆت: ڕۆسینانتی یاڵ سوور، ئه‌سپه عه‌ره‌بیه چاوڕه‌شه سه‌رکه‌شه‌که‌م.
سانچۆ: ئێێ.. مه‌به‌ستت له هێستره‌که‌یه.. تێ گه‌یشتم..
دۆن کیشۆت: ده‌بینی؟ هه‌ر له ئێستاوه جادووگه‌ر دژی تۆش جه‌نگی به‌رپا کرد، وا به ئه‌سپێکی عه‌ره‌بی وه‌ک ڕۆسینانت ده‌ڵێی هێستر. ئه‌سپی پاڵه‌وانان ده‌بێ ناوی هه‌بێ و هه‌موو که‌س ناوه‌که‌ی بزانێ. له ژیاننامه‌ی سوارچاکاندا، که خه‌ڵک به هه‌ڵه پێیان ده‌ڵێ ڕۆمان یان چیرۆک، ئه‌سپه‌کان هێنده‌ی پاڵه‌وانه‌کان ناودارن.
سانچۆ: جا گه‌ر وابێ، که‌ره‌بۆری منیش ناو ده‌ر ده‌کا.
دۆن کیشۆت: بێ گومان ئه‌سپه بۆره‌که‌ی تۆش ناو ده‌ر ده‌کا. (ده‌چنه ده‌رێ.)
تابلۆی حه‌وت
مۆزیک ده‌بیستین. لۆساند دێته ژوورێ، پاڵتۆیه‌کی گه‌وره‌ی خاڵی له‌به‌ردایه، پاڵتۆکه داده‌که‌نێ، له‌ژێره‌وه به‌رگی سه‌مای له‌به‌ردایه. ده‌ست ده‌کا به ڕاهێنان، دواتر دایه‌ن دێته ژوورێ.
دایه‌ن: سه‌ردارم جارێکی تر ده‌رچووه، ده‌ڵێن هه‌ر ئه‌م شه‌وی ڕابوردوو بینیویانن ئه‌وو سانچۆ له دێ ده‌ربازبوون..
لۆساند: تۆ چی ده‌ڵێی؟ چۆن ده‌رگاکه‌ی کردووه‌ته‌وه؟ کلیلی له کوێ بوو؟ (گیرفانه‌کانی پاڵتۆکه ده‌گه‌ڕێ) کلیله‌که‌ی ده‌رهێناوه. باشه که‌س گوێی له هیچ نه‌بوو؟ که‌واته ئه‌م ماڵه تاڵان بکرێ که‌س پێی نازانێ؟ گاوانه‌که ئاگاداره؟ ده‌بێ ئاگاداربێ.. ئه‌گینا ده‌رگاکه‌مان ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌یکردبێته‌وه جیڕه جیڕی هه‌موو دێ خه‌به‌ر ده‌کاته‌وه.. ناکرێ نه‌یبیستبێ.. بنێره به دوای قه‌شه‌دا.. یان بوه‌سته.. جارێ با پرسیاری لێ بکه‌م.. نا نا.. باشتره ڕاوێژی قه‌شه بکه‌م.. با بڕوات به شوێن قه‌شه‌دا..
په‌رده‌ی دووه‌م
تابلۆی یه‌ک: ده‌شتی سیێرا مۆرێنا
دۆن کیشۆتی مانچا و سانچۆ پانچا به ڕێوه‌ن. ئه‌میان به‌سه‌ر ڕۆسینانته‌وه و ئه‌ویش به‌سه‌ر که‌ره بۆره‌وه.
سانچۆ: گه‌وره‌م وچانێ نه‌ده‌ین؟ من به‌و هه‌موو ڕۆشتنه ڕا نه‌هاتووم، سکیشم گۆرانی ده‌ڵێ. تا تۆشه‌به‌ره‌که‌م پڕه با بخۆین، دواییش چی ده‌بێ با ببێ.. چیم به خۆم کرد.. ئاخر من کوا هی ئه‌وه‌م ژیانی پاڵه‌وانێتی بژیم.. ئاخر من و سوارچاکی..
دۆن کیشۆت: بێده‌نگ.. (له جێی خۆیه‌وه ره‌ق ده‌وه‌ستێت و ته‌ماشای دوور ده‌کا) هه‌میشه له کاتی ڕاودا ته‌نگاو ده‌بی، نابینی ڕووداوێکی گه‌وره و ده‌گمه‌ن به ڕێوه‌یه؟..
سانچۆ: (به‌ژێر لێوه‌وه) تۆش هه‌میشه له‌کاتی گووکردندا هه‌رچی نێچیری دنیا هه‌یه ده‌بینی.
دۆن کیشۆت: (به ده‌نگی به‌رز) ئاماده‌به.. سانچۆ! ئه‌و پاڵه‌وانانه ده‌بینی به سه‌ر ئه‌سپه‌کانه‌وه به‌ره‌و ڕوومان دێن؟ ئه‌ها شمشێره‌کانیان به‌رز کردوه‌ته‌وه و هاوار ده‌که‌ن. له‌سه‌ر لێواری تۆمارکردنی یه‌که‌م ڕوو به ڕوو بوونه‌وه‌ی پاڵه‌وانبازی خۆمم له مێژووی خۆمدا.. وه‌رن داستانه‌کان وه‌رن، ده‌مێ بوو چاوه‌ڕێی هه‌لێکی وا بووم مژده‌بێ ڕێ که‌وت.
سانچۆ: گه‌وره‌م له‌وه ناچێ ئه‌وانه خه‌ڵک بن به‌سه‌ر ئه‌سپه‌وه.. چونکه.. ده‌بینی.. هه‌رچه‌نده ته‌ماشایان ده‌که‌م قه‌باره‌یان هه‌روه‌ک خۆیه‌تی و ناگۆڕێ. ئه‌سپ زۆر خێرایه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان له غاردابن ده‌بوو ئێستا لێره‌ش نه‌بوونایه هیچ نه‌بێ تا دێ گه‌وره‌تر بنوێنن.
دۆن کیشۆت: خۆ چاوه‌ڕێیان ناکه‌ین بده‌ن به‌سه‌رماندا. نه‌مگوت؟ ئه‌وانه دێون منیش هیچ نامترسێنێ، ڕۆسینانتیش سڵ له دێویش ناکاته‌وه. ها ڕۆسینانت؟
سانچۆ: بوه‌سته گه‌وره‌م! ئه‌وانه نه دێون نه پاڵه‌وان، ئه‌وانه ئاشه به‌بان. ئه‌وه‌ش که تۆ به باڵ و شمشێری ده‌بینی په‌روانه‌کانیانه. گه‌وره‌م وه‌ره‌وه، ئاشه به‌بات لێ بووه به دێوه‌زمه. دڵنیام ئه‌وه کاری مێرلانی جادووگه‌ره.
دۆن کیشۆت: جارێ نابێ بڵێی ئاشه به با، ئاشی با. دوای ئه‌وه تۆ هیچ له پاڵه‌وانبازی نازانی. من ده‌زانم ئه‌مانه چین و بۆچی هاتوون و چیان ده‌وێ. یاسایه‌کی تر له هونه‌ری سوارچاکی ئه‌وه‌یه، به هیچ شێوه‌یه‌ک نۆکه‌ر بۆی نیه به‌رامبه‌ر گه‌وره بجه‌نگێ، بزانه که هه‌رکه‌س له ڕیزی خۆی و له ئاستی خۆی، ده‌بێ شه‌ڕکه‌ران یه‌ک پله‌و پایه‌یان هه‌بێ، ئه‌گه‌ر نۆکه‌رێکی چه‌ک به‌ده‌ستت بینی ئه‌وا بۆت هه‌یه شه‌ڕ بکه‌ی، ئه‌گه‌ر نا، بشمکوژن بۆت نیه له‌سه‌رم بکه‌یته‌وه.
سانچۆ: من ئه‌گه‌ر هه‌زار نۆکه‌ریش ڕیز بووبن لێیان ناچمه پێش..
دۆن کیشۆت: تۆ چاوه‌ڕێ بکه، ئیتر لێره‌وه ده‌بێ خۆم بڕۆم.
(دۆن کیشۆت هێرش ده‌باته سه‌ر ئاشه‌کان. بایه‌کی توند په‌روانه‌کان هه‌ڵده‌سووڕێنێ. دۆن کیشۆت خه‌ریکی لێدانی په‌ڕی په‌روانه‌کانه، باڵی په‌روانه‌یه‌ک خۆی ده‌کات به ناوگه‌ڵیدا، سواری خۆی ده‌کا، هه‌ڵیده‌گرێ، سوڕێک ده‌یخولێنێته‌وه‌و له‌وسه‌ره‌وه ته‌ختی زه‌ویه‌که‌ی ده‌کا. سانچۆ به ڕاکردن دێ و له ژێر ده‌ستی په‌روانه‌که ده‌ری ده‌هێنێ و به ڕاکێشان دووری ده‌خاته‌وه)
سانچۆ: .. ئه‌وه‌تا.. ئه‌وه‌تا نه‌مگوت.. ئه‌مانه دێ‌و نین ئاشه به بان..
دۆن کیشۆت: (دیاره ئازاری پێ گه‌یشتوه) ئه‌وه هه‌مووی کاری ئه‌و جادووبازه‌یه، هه‌رکه له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانه‌کان ده‌سته‌و یه‌خه بووین، شێوه‌یانی گۆڕی و کردنی به ئاشی با.
(سانچۆ یارمه‌تی دۆن کیشۆت ده‌دا هه‌ستێته‌وه‌و سواری وڵاخه‌که‌ی ببێ. ملی ڕێ ده‌گرنه‌وه به‌ر)
تابلۆی دوو: ناوچه‌یه‌کی تر له ده‌شتی سیێرا مۆرێنا
دۆن کیشۆت و سانچۆ ده‌گه‌نه سه‌ر گردێک که ده‌ڕوانێ به‌سه‌ر ده‌شتێکی به‌ریندا. ماوه‌یه‌ک ده‌وه‌ستن.
سانچۆ: گه‌وره‌م.. ده‌بینم تۆش وه‌ک من بۆ سه‌وزاییه‌ک ده‌گه‌ڕێی..
ئای.. ئێستا تۆ له کوێی بی وڵات؟ ئاخۆ هه‌ر له شوێنی خۆت مابی وڵات؟
خۆزگه هه‌ر ئێستا کانیه‌کی وه‌ک کانیه‌که‌ی دێکه‌مان لێ هه‌ڵده‌که‌وت. کانیه‌کی وا فێنک، شووتی له ناویدا پێنج خوله‌ک خۆی بۆ نه‌گیرێ و بته‌قێ.. ئاوه‌که‌ی هێند سازگاربێ تێری لێ نه‌خۆیته‌وه.. ئه‌وه‌نده ڕوون بێ ڕه‌نگی زیخه‌که‌ی ناوی ببینی.. ئه‌وه‌نده ته‌زیوبێ که ده‌ستت خسته ناو له ده چرکه زیاتر گۆنه‌گرێ. کچێکیش به گۆزه‌یه‌که‌وه خه‌ریکی ئاوهێنان بێ، نزیک بوویته‌وه به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی به‌هه‌شتیه‌وه جامێ ئاوی ساردت بۆ ڕابگرێ “ماندوونه‌بی کاکه‌ی ڕێبوار” تۆش جامه‌که‌ی لێ وه‌رده‌گریت و پێی ده‌ڵێی “خودا پشتیوانت بێ، دواڕۆژت روون بێ وه‌ک ئه‌و ئاوه.. ئامین”
ئای.. بیرم دێ که بۆ یه‌که‌م جار تێرێزام له‌لای کانی دێکه‌مان بینی.. ئای! ده‌بێ ئێستا ئه‌و ژنه‌م له کوێ بێ و چی بکا؟؟. گه‌وره‌م تۆش بیری دڵبه‌رت شازاده‌ی تۆبۆسۆ ده‌که‌ی؟
دۆن کیشۆت: .. ئه‌وه هه‌ڵبگره بۆ دواتر.. ئه‌و دوو له‌شکره ده‌بینی به‌ره‌و ڕووی یه‌ک ده‌ڕۆن؟
سانچۆ: دوو له‌شکر؟؟ له کوێ گه‌وره‌م؟
دۆن کیشۆت: ته‌ماشا!. ده‌بینی؟ ئه‌وه یه‌کێکیان له‌شکری ئاخایه‌کانه، ئه‌ویتر له‌شکری ته‌روادیه‌کانه. من بۆ ئه‌م جه‌نگه هاتمه دنیا، بۆ به‌شداری کردن له ڕووداوێکی ئه‌وها مه‌زن بڕیاری ئه‌م ژیانه سه‌ربه‌رزه پاڵه‌وانانه‌یه‌م دا. ئه‌مه دیاریه‌کی خوداوه‌ندی زیۆسی کوڕی کڕۆنۆسه بۆ من.
سانچۆ: ئه‌مانه هه‌مووی له کوێ ده‌بینی گه‌وره‌م؟
دۆن کیشۆت: ئه‌وه‌تان.. ئه‌ی نابینی هه‌ردوو له‌شکره‌که ڕووبه‌ڕوو وه‌ستاون؟ وا دیاره بڕیاریان داوه له هه‌رلایه‌ک ته‌نها پیاوێک بنێرن به‌رامبه‌ر یه‌ک بجه‌نگن.
سانچۆ: به داخه‌وه گه‌وره‌م که ئه‌و چاوانه‌ی تۆم پێوه نین، نه‌خێر نابینم.
دۆن کیشۆت: بزانه که شه‌ڕی نێوان ئاخاییه‌کان و تروادیه‌کان له‌سه‌ر هێلێنای ژنی مێنێلاس، مێنێلاس برای ئه‌گامێمنۆن، درووست بوو. ئه‌سکه‌نده‌ری برای هیکتۆری کوڕی پریام پاشای ترواد که به پاریس ناسراوه، چوو بۆ پێلۆپۆنێزی یۆنان، به‌سه‌ر که‌شتیه‌که‌یه‌وه هێلێنای هێنایه‌وه بۆ ماڵی خۆیان و له خۆی ماره‌کرد، مێنێلاسیش ئه‌گامێمنۆنی برای ئاگادار کرده‌وه، ئه‌گامێمنۆن داوای له هه‌موو پاشاکانی یۆنان کرد که له‌شکرکێشی بکه‌ن بۆ ترواد. ئه‌وا نۆ ساڵ تێ په‌ڕی به‌سه‌ر ئابڵووقه‌ی مه‌مله‌که‌تی ترواددا، بۆیه ئاخاییه‌کان بڕیاری هێرشیان داوه. به داخه‌وه ئاخیلۆس ئاماده نیه له‌م ڕوو به ڕووبوونه‌وه‌یه‌دا. من نایبینم، تۆ ده‌یبینی سانچۆ، ئاخیلۆسی مه‌زن؟
سانچۆ: من ته‌نها دوو ڕانه مه‌ڕ ده‌بینم که شوانه‌کانیان وه‌به‌ر خۆیانیان خستوون بیانله‌وه‌ڕێنن. ئیتر یا من ئه‌فسوونم لێ کراوه که له‌شکره‌کان به ڕانه مه‌ڕ ده‌بینم، یان تۆ ڕانه مه‌ڕه‌کانت به له‌شکری گه‌وره دێنه پێش چاو.
دۆن کیشۆت: شتی مه‌زن ته‌نها به مرۆڤی مه‌زن ده‌بینرێ، تۆ هێشتا به‌رخی ساوایت له‌م بواره‌دا، من نه‌ک دوو له‌شکره‌که ده‌بینم به‌ڵکو یه‌ک به یه‌کی شه‌ڕکه‌ره‌کان ده‌ناسمه‌وه.
ئه‌و دوانه‌ی که دێنه پێشێ مێنێلاس و پاریس، له پشتیانه‌وه لای ئاخاییه‌کان سه‌رکرده‌ی گشتی ئه‌گامێمنۆن پاشای میسێن به سه‌د که‌شتیه‌وه هاتووه، ئه‌ژاکسی کوڕی تێلێمۆن به چل که‌شتیه‌وه، نه‌ستۆر و کوڕه‌کانی به په‌نجا که‌شتیه‌وه، ئۆلیس سه‌ر له‌شکری سێفالینیه‌کان به چل که‌شتیه‌وه، ئیدۆمێنۆس سه‌رله‌شکری کرێتیه‌کان به شه‌ست که‌شتیه‌وه، پێتێیۆس سه‌رله‌شکری ئه‌سینایه‌کان به چل و پێنج که‌شتیه‌وه. له‌وبه‌ریانه‌وه سه‌رکرده‌ی گشتی هێکتۆر کوڕی پریامه پاشای ترواد به دوو هه‌زار ئه‌سپ سواره‌وه، ئێنێ کوڕی ئه‌نشیز سه‌رله‌شکری داردانیه‌کان به پێنج سه‌د ئه‌سپ سواره‌وه، فۆرسی سه‌رله‌شکری فریجیه‌کان به شه‌ش سه‌د ئه‌سپه‌وه، سارپێدۆنۆس و گلۆکۆس سه‌رله‌شکری لیسیه‌کان به دوو سه‌د ئه‌سپه‌وه، چه‌نده‌ها میلله‌تی تریش که لای ئه‌وبه‌ره‌وه هاتوون بۆ پشتگیری له ترۆیدیه‌کان دژی داناییه‌کان، وه‌ک سیته‌کان و هیتیه‌کان و دراوسێکانیان.
سانچۆ: هه‌رو هه‌ر دوو ڕانه مه‌ڕ ده‌بینم و هیچی تر، هه‌ر چاو هه‌ڵ ده‌گڵۆفم له مه‌ڕ زیاتر هیچ له‌و له‌شکرانه به‌دی ناکه‌م که تۆ باسیان ده‌که‌ی.
دۆن کیشۆت: بۆ تۆ گرنگ نیه ببینی یان نا، چونکه به‌ته‌ما نیم له‌گه‌ڵ خۆم بتبه‌م بۆ مه‌یدانی جه‌نگ. ئه‌سپه‌که‌ت ماندووه ناتوانێ غار بدا. لێره چاوه‌ڕێم بکه وا هاتمه‌وه.
سانچۆ: (به ئه‌ژنۆدادێ) دڵنیابه ئه‌گه‌ر دوو له‌شکری وه‌ها گرنگ و سه‌یر له‌م ناوه شه‌ڕیان بکردایه وڵات ئاگادار ده‌بوو، بۆیه ئه‌م جاره‌ش داوات لێ ده‌که‌م خۆت مه‌خه‌ره مه‌ترسیه‌وه، دڵنیابه ئه‌مانه ڕانه‌مه‌ڕن له‌شکر نین..
دۆن کیشۆت: (ڕووه‌و ڕانه‌مه‌ڕه‌که هاوار ده‌کا) ئه‌ی داناییه‌کان.. بینیم که پاڵه‌وانێکی مه‌زنی وه‌ک ئاخیلۆس له ڕیزه‌کاندا نیه، وا من هاتم له‌سه‌رتان بکه‌مه‌وه و جێی ئه‌و بگرمه‌وه..
ئه‌ی ڕۆسینانت! ئه‌ی خێراترین ئه‌سپی سه‌رکه‌شی عه‌ره‌بی! ئه‌م جاره‌ش خۆت بنوێنه، له‌و مه‌یدانه‌دا که هه‌مو پاڵه‌وانه‌کان جه‌میان جه‌مه تاوی خۆت بخۆ. هه‌تته.. هه‌تته ده‌ی!
سانچۆ: تکات لێ ده‌که‌م.. ئه‌و مه‌ڕانه هیچیان نه‌کردوه تۆ هێرشیان ده‌به‌یته سه‌ر.. وه‌ره‌وه.. شوانه‌کان هاتن.. وه‌ره‌وه.. ئاخ چیم به خۆم کرد.. ئاخر من چی ده‌که‌م دوای ئه‌م جادوو لێ کراوه که‌وتووم.. نا.. نا.. من دڵنیام ئه‌وانه مه‌ڕن.. خۆ کوێر نیم.. گوێیشم له باڕه‌یانه.. من جادووم لێ نه‌کراوه.. ئه‌وه‌تا شوانه‌کان به‌ره‌و ڕووی ده‌ڕۆن.. هه‌ریه‌ک مشتێ به‌ردی هه‌ڵگرتووه.. ئه‌گه‌ر نزیک ببمه‌وه سه‌رو گوێلاکی منیش ده‌شکێنن.. ئێستا خۆی بۆی ده‌رده‌که‌وێ مه‌سه‌له چیه.. شوانه‌کان به شێتی ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م بۆیه ده‌که‌ونه به‌ردبارانی.. ئه‌وه‌تا ده‌یه‌وێ به قه‌ڵغانه‌که‌ی به‌ر له بارانی به‌رده‌کان بگرێ، به‌ڵام تا که‌ی.. ئه‌وه‌تا.. بینیت که ئه‌وه ڕانه مه‌ڕه شوانی خۆی هه‌یه.. تا به به‌رد نه‌یان کوشتووی وه‌ره‌وه گه‌وره‌م..
(دۆن کیشۆت پاشه‌کشێ ده‌کا و دێته‌وه لای سانچۆ.)
دۆن کیشۆت: (بریندار بووه) ئه‌مانه سوارچاک نین، به به‌ردان ده‌جه‌نگن. ئه‌و جادووگه‌ره جارێکی دی زه‌فه‌ری پێ بردم، هه‌ر که ده‌ستم کرده‌وه، که‌مێک له‌شه‌ردا بووم له‌شکره‌کان بوونه ڕانه مه‌ڕ، سه‌ربازه‌کان به به‌رخ، سه‌رله‌شکره‌کان به شوان، ئیتر ئاوا شه‌ڕ چۆن ده‌کرێ.
(ده‌ڕۆن)
تابلۆی سێ: ده‌گه‌نه تاشه به‌ردێکی گه‌وره.
دۆن کیشۆت و سانچۆ له‌سایه‌ی تاشه‌به‌رده‌که‌دان، دۆن کیشۆت برینه‌کانی ده‌پێچێته‌وه و سانچۆ پاڵیداوه‌ته‌وه نان و په‌نیر ده‌خوا.
سانچۆ: بۆچی نه‌چینه دێیه‌ک؟ خۆ ماڵێک ده‌بێ بۆ ئه‌م شه‌و بمانگرێته خۆ. ئێمه ئه‌و هه‌موو ڕێگایه ده‌بڕین سه‌ره‌ڕای شه‌ڕه‌کانمان ماندوو ده‌بین، پێویسمان به خه‌وو خواردنی باشه.
دۆن کیشۆت: پاڵه‌وانه‌کان گۆشت و چێشت ناخۆن، ته‌نها له‌سه‌ر ڕووه‌ک و میوه‌ی دارستانه‌کان ده‌ژین، له ژێر ئاسمانی شین‌دا ده‌خه‌ون و زه‌وی ڕاخه‌ریانه..
سانچۆ: ئه‌ی ده‌رامه‌تیان چییه؟ من ئه‌و ماڵ ومنداڵه‌م به هیوای ئه‌وه‌وه جێ هێشتووه که جار نا جارێ بتوانم شتێکیان بۆ بنێرمه‌وه، ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕێ بن تا من ده‌بمه میری کۆمه‌ڵێ دوورگه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند، ئه‌وا ده‌بێ بێ شێو سه‌ربنێنه‌وه، کێ ده‌زانێ که‌ی ده‌بمه موڵکدار.
دۆن کیشۆت: پاڵه‌وانه‌کان بۆیان هه‌یه ئه‌و شتانه‌ی که به‌زیوه‌کان پێیانه وه‌ک ده‌سکه‌وتی شه‌ڕو غه‌نیمه بده‌ن به هاوه‌ڵه‌کانیان. ئه‌ویش ته‌نها له کاتی شه‌ڕداو ته‌نها ئه‌و شتانه‌شی که به‌زیوه‌کان له‌و کاته‌دا پێیانه.
سانچۆ: ئه‌ی بۆیان هه‌یه بۆ نموونه قافڵه‌یه‌ک ڕابگرن هه‌ندێ شتی لێ زه‌وت بکه‌ن؟
دۆن کیشۆت: سوارچاکان چه‌ته نین، کاری چه‌ته‌یی له سوارچاک ناوه‌شێته‌وه. ئه‌گه‌ر دڵبه‌ره‌کانیان بزانن بۆ هه‌تا هه‌تایه له‌به‌رچاویان ناویان ده‌زڕێ.
سانچۆ: پرسان ده‌که‌م گه‌وره‌م، تووڕه بوون هه‌ڵناگرێ. ئه‌ی ناکرێ لای میرێک یان پاشایه‌ک به هه‌میشه‌یی خۆیان دابمه‌زرێنن؟
دۆن کیشۆت: ده‌کرێ.. به‌ڵام ئه‌وکات پێیان ده‌ڵێن سوارچاکی به کرێ گیراو، ئه‌وانیش سوارچاکن به‌ڵام له‌خزمه‌تی میرێک یان پاشایه‌کدان، پارێزگاری و به‌رگری ته‌نها له‌و ده‌که‌ن. فه‌رمانی ئه‌و جێ به‌جێ ده‌که‌ن، خۆیان خاوه‌نی هیچ بڕیارێک نین. سوارچاکی گه‌ڕۆک ته‌نها له دڵبه‌ره‌که‌یه‌وه فه‌رمان په‌سه‌ند ده‌کا. له‌لای سوارچاکه گه‌ڕۆکه‌کان، کاتێ سوارچاکێ سوارچاکێکی تر له شه‌ڕی ڕوو به ڕوودا ده‌به‌زێنێ، ده‌بێ براوه بینێرێ بۆ لای دڵبه‌ره‌که‌ی خۆی. که دۆڕاو گه‌یشته لای دڵبه‌ری براوه ده‌بێ به‌ئه‌ژنۆدابێ و پێی بڵێ ناو‌و شۆره‌تی چییه‌و خه‌ڵکی کوێیه، هه‌روه‌ها ناو‌و شۆره‌تی ئه‌و سوارچاکه‌ی به‌زاندوویه‌تی و له چ شوێنێ شه‌ڕیان کردووه، گه‌ردنی خۆی بخاته ژێر فه‌رمانی ئه‌و دڵبه‌ره‌و چاوه‌ڕێ بکا. دڵبه‌ره‌کانیش به ئاره‌زووی خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن، ئایا کارێکیان پێ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئایا نامه‌یه‌کیان بۆ شوێنێکی دوور پێدا ده‌نێرن، ئایا ئازادیان ده‌که‌ن. به‌م شێوه‌یه دڵبه‌ران هه‌میشه ئاگاداری کارنامه‌ی پاڵه‌وانانن، وه به‌پێی ناو‌و شۆره‌ت و ژماره‌ی پاڵه‌وانه به‌زیوه‌کان، دڵبه‌ره‌کان ده‌زانن ئازایه‌تی مێرخاسه‌که‌ی خۆیان له چ ئاستێکدایه. بۆ نموونه ئێستا من هه‌ر سوارچاکێک ببه‌زێنم، ده‌ینێرم بۆ لای شازاده‌ی تۆبۆسۆ.
سانچۆ: دێکه‌مان زۆر دوور نیه له تۆبۆسۆوه، تائێستا نه‌مده‌زانی که تۆبۆسۆ شاهه‌نشاییه، چه‌ند جاریش چووم، هه‌ڵبه‌ته باش ورد نه‌بوومه‌ته‌وه. ناوی شازاده‌مان چییه گه‌وره‌م؟ چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌و شازاده‌ی تۆ بێ، بێگومان شازاده‌ی منیشه.
دۆن کیشۆت: ناوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی دۆنا مۆلینیێرای تۆلێده.
سانچۆ: (هاوار ده‌کا) ده‌یناسم مۆلینیێرا، له مه‌یخانه‌که‌ی تۆبۆسۆ..
دۆن کیشۆت: تۆ هه‌ست ناکه‌ی ئه‌م شوێنه‌ی له‌سه‌ری دانیشتووین خاکه‌که‌ی تازه هه‌ڵدرابێته‌وه؟ ئه‌وه ئێمه له‌سه‌ر گۆڕێک دانیشتووین نه‌مانزانیوه.
تابلۆی چوار
پێنج پیاو دێنه ژوورێ. هه‌ر یه‌ک چڵێ نێرگزی پێیه.
دۆن کیشۆت: ئیست! ناوی خۆت بنێ سوارچاک!.. ده‌ڵێم ناوی خۆت بنێ!..
پیاویی 1: ئێمه خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌ین. بێگانه تۆی که ده‌بێ خۆت بناسێنی!
دۆن کیشۆت: ئه‌مه چ وه‌ڵامێکه؟ وا مه‌زانه جادوو ده‌توانێ تا سه‌ر کاری خۆی بکا. بۆ نابینم که تۆ یه‌ک که‌سیت و خۆت کردووه به پێنج؟ چاوم ڕه‌شکه‌وپێشکه ناکا. ویستت زه‌فه‌رم پێ ببه‌ی؟ کێ ده‌تنێرێ؟ ئه‌و خه‌نجه‌رانه بۆچی؟
پیاوی 3: ئه‌وانه نێرگزن خه‌نجه‌ر نین..
دۆن کیشۆت: هاهاها، ده‌ته‌وێ خه‌نجه‌ر به نێرگز ببینم؟ ئه‌وه‌نده متمانه‌ت به جادووی خۆته مێرلان؟ ئه‌ی ئه‌و ڕمه درێژه؟ ئه‌ی ئه‌و تووره‌که پڕ له ته‌قه‌مه‌نیانه؟
پیاوی 2: ئه‌وه ڕم نیه ئه‌وه گۆچانه، ئه‌و تووره‌کانه‌ش شووشه شه‌رابن.
دۆن کیشۆت: هه‌موو شته‌کان دابنێن و هه‌ریه‌ک هه‌نگاوێ بچنه دواتر. سانچۆ! پشکنین!.
(سانچۆ تووره‌که‌کان ده‌کاته‌وه، کۆمه‌ڵێ شووشه شه‌رابه.)
دۆن کیشۆت: مێرلان.. له کۆتاییدا وا ڕوو به ڕووی یه‌ک بووینه‌وه..
پیاوی 1: ئێمه که‌سمان ناوی مێرلان نیه. تکایه له‌سه‌ر گۆڕی هاوڕێکه‌شمان وه‌رنه خواره‌وه.
(پیاوه‌کان هه‌ریه‌ک چڵه نێرگزی خۆی ده‌خاته سه‌ر گۆڕه‌که. شه‌رابه‌کان ده‌که‌نه پیاڵه‌وه‌و به‌شی دۆن کیشۆت و سانچۆش ده‌ده‌ن.)
پیاوی 4: ئه‌ی ئێوه کێن بێگانه؟
سانچۆ: سه‌روه‌رم سوارچاکی گه‌وره‌ی ئیسپانیا، پاڵه‌وانی هاوچه‌رخ، شمشێر وه‌شێنی گه‌ڕۆک. ئه‌و که‌سه‌ی که هاتووه بۆ یارمه‌تی په‌ککه‌وته‌و هه‌ژارو ده‌سکورت و لێ قه‌وماوان، هاتووه بۆ ڕزگارکردنی به‌ندی و کۆیله‌و یه‌خسیرو زیندانیان، بۆ داکۆکی کردن له مافی لانه‌وازو بێ ده‌رامه‌ت و بێنه‌وایان. ده‌ست بڵاوو دڵ فراوان و چاونه‌ترس و ڕووسوورو سه‌ربڵندو سنگ به‌رزو شانه‌پان و مه‌چه‌ک ئه‌ستوورو داوێن پاک و…
(هه‌موو به‌ره‌و به‌رده‌که ده‌ڕوانن، مارسێلا ده‌بینن)
تابلۆی پێنج
پیاوی 2: هێشتا کفنه‌که‌ی زه‌رد نه‌بووه. بێ شه‌رمیت هه‌موو سنورێک ده‌به‌زێنێ..
(پیاوه‌کان هه‌موو به‌ره‌و مارسێلا ده‌ڕۆن، دۆن کیشۆت خۆی ده‌خاته سه‌ر ڕێیان.)
پیاوی 3: تۆ خۆت مه‌خه‌ره ناو ئه‌م باسه، ئه‌مه په‌یوه‌ندی به تۆوه نیه..
دۆن کیشۆت: هه‌ر شتێک په‌یوه‌ندی به شه‌ڕه‌وه هه‌بێت په‌یوه‌ندی به منه‌وه هه‌یه. له هه‌ر شوێنێک هێرش بکرێته سه‌ر که‌سێکی ته‌نیا، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئافره‌ت بێ، کاری منه به‌رگری لێ بکه‌م. گه‌ر ده‌تانه‌وێ بگه‌نه ئه‌و، ده‌بێ به مندا تێپه‌ڕ بن.
مارسێلا: سوپاست ده‌که‌م کاکه‌ی سوارچاک که ناتناسم و نازانم له کوێوه هاتووی، تکایه بکشێره‌وه. من پێویستم به که‌س نیه به‌رگریم لێ بکا. وا ئه‌م جاره‌ش یارمه‌تیت دام خۆ هه‌میشه لێره نابی. ئه‌م داری شوانه‌م به‌سه.. ئه‌م هه‌میشه له‌گه‌ڵمدایه. که پێویستیشم به یارمه‌تی بوو ئینجا داوا ناکه‌م، پێم باشتره بکوژرێم نه‌ک قه‌رزاربای که‌سێ بم.
ئێستاش گوێ بگرن ئێوه، ئه‌م ده‌شت و ده‌ره ماڵی که‌س نیه، من له کوێ بمه‌وێ مه‌ڕی خۆم ده‌له‌وه‌ڕێنم. ئه‌م هاوڕێیه‌تان، که سڵاوم هه‌یه بۆ گیانی، وه‌ک هه‌موو که‌سێ دڵگرانم که لاوێتی خۆی به‌م شێوه‌یه سووتان و کردیه قوربانی حه‌زێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و ئێره‌ی هه‌ڵبژاردووه بۆ ئه‌وه‌ی بنێژرێ، ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه که من مه‌ڕه‌کانم له گیای سه‌وزی هه‌موو ئه‌م ناوه بێ به‌ش بکه‌م. نه ئه‌وان تاوانبارن له‌م مردنه و نه منیش.
من هیچ به‌ڵێنێکم به‌م کوڕه نه‌دابوو، خۆشی و ئێوه‌ش هه‌موو باش ده‌زانن. هه‌میشه ڕێزی خۆی و ڕێزی ئه‌و هه‌سته‌یم گرتووه که بۆ من هه‌بووی، به‌ڵام هه‌رکه‌سێک هه‌ستی هه‌بوو، ئه‌رکی سه‌ر شانت نیه به هه‌ست و ئاره‌زووی ئه‌و بکه‌ی.
ئه‌گه‌ر من بای هیچ هیوایه‌کم دابێ به گوێیداو ده‌سخه‌ڕۆم کردبێ، بۆی هه‌بوو بڵێ بێ وه‌فام. ئه‌گه‌ر من به‌ڵێنم به‌و دابێ و دڵی خۆم دابێ به یه‌کێکی تر، بۆی هه‌بوو بڵێ خیانه‌تکارم. خۆشی و ئێوه‌ش هه‌موو باش ده‌زانن که هیچ له‌م شتانه ڕووی نه‌داوه، ئه‌ی ئه‌م توانج و سه‌رزه‌نشت و تاوانبارکردنه له پای چی؟ کار گه‌یشتوه‌ته جنێودان و ئابڕوو زڕاندنم. هه‌رچه‌نده که ته‌واو بێ باکم له‌و شتانه، وه‌ک چۆن بێباک بووم له‌و، بێ باکم له هه‌موو ئێوه‌ش.
ئابڕووی من لای مه‌ڕه‌کانمه، لای ئه‌م دره‌ختانه‌یه، لای کانیه‌که‌یه، لای گیاکانه نه‌ک لای ئێوه. من لای ئێوه بۆ ئابڕوو بگه‌ڕێم؟. هه‌ی هوو.. به درێژایی ته‌مه‌نم سوجده ببه‌م له سه‌ره‌مه‌رگدا ئینجا ده‌بێ بڵێم “پیاوه‌که.. من ژیانم به گوناه برده سه‌ر، به سۆزی خۆت بمبه‌خشه نه‌زان بووم” له‌به‌ر چاوی ئێوه هه‌ر به‌تاوانباری ده‌مرم، ئاوی هه‌موو ده‌ریاکانیش پێکڕا ناتوانن خاڵێک له ئه‌و تاوانانه‌م بسڕنه‌وه که نه‌مکردوون. تازه بووه به نه‌خشی سه‌ر به‌رد له دڵ و مێشکی ئێوه‌دا. هه‌رچیه‌ک بکه‌م هه‌ر تاوانبار‌و گوناهکارم له‌به‌ر چاوتان.
ئه‌و ویستی ئابڕووی من ببات چونکه ئاره‌زووه‌کانیم به‌جێ نه‌هێنا. ئه‌گه‌ر به‌جێشم بهێنایه هه‌ر ئابڕووی ده‌بردم که به ئاسانی خۆم به ده‌سته‌وه داوه و له‌شفرۆشم. من لای خۆم بڕیارم داوه، خۆم له به‌ردێک بسووم، خۆم له بزنێک له دره‌ختێک بسووم، خۆم له سنگی هیچ پیاوێک ناسووم و ناچمه لای هیچ پیاوێک که ئازادی خۆم له‌ده‌ست بده‌م.
من نه‌هاتووم لێره هانتان بده‌م و بێڕێزی بکه‌م، هاتووم داواتان لێ بکه‌م که‌مێک به ویژدان بن. ئه‌گه‌ر ئه‌و شتانه‌ی بیستوتانه و ده‌یڵێن ڕاستن بیسه‌لمێنن، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا قسه‌و قسه‌ڵۆک له ئێوه‌ی پیاو ناوه‌شێته‌وه. ده‌سبه‌ردار بن له‌وه‌ی هه‌رچۆنێ بووه ئابڕووم بزڕێنن.. ئاگادار بن..
(مارسێلا هه‌روه‌ک چۆن ده‌رکه‌وت ئه‌وهاش له چاو گوم ده‌بێ. پیاوه‌کان ده‌چنه ده‌ره‌وه)
سانچۆ: ئه‌وه چی بوو؟ ده‌ک سڵاوت لێ بێ، مه‌گه‌ر تێرێزای ژنه ڕشکنه‌که‌ی من ئاوا به داره‌وه بۆ ئه‌و هه‌موو پیاوه بوه‌ستێ.
دۆن کیشۆت: هه‌رچه‌نده یارمه‌تیه‌که‌ی منی ڕه‌ت کرده‌وه، که زیره‌کانه بوو وه‌ک ستراتیژیه‌تی جه‌نگ، چونکه ڕاست ده‌کا هه‌میشه که‌سێک نابێ پشتی بگرێ. به‌ڵام من هه‌ر به باشی ده‌زانم ماوه‌یه‌ک له‌م دێیه بمێنینه‌وه، نه‌وه‌ک ترسنۆکانه به ژماره‌یه‌کی زۆره‌وه زه‌فه‌ری پێ ببه‌ن.
سانچۆ: دنیا یه‌کجار نه‌بووه‌ته جه‌نگه‌ڵ و که‌سانێک هه‌ن له دێ‌دا پشتی بگرن، به‌ڵام بڕیاره‌که‌ت وه‌ک به‌ردی شه‌خس بێ تف به دڵمه‌وه ده‌نووسێ.
دۆن کیشۆت: هاهاها..
په‌رده‌ی سێهه‌م
تابلۆی یه‌ک: دێیه‌ک له سیێرا مۆرێنا
مه‌یخانه و میوانخانه‌ی دێکه‌ی مارسێلا. له پشته‌وه‌ی شانۆ باڕێک. پشته‌وه‌ی باڕه‌که دوو ڕه‌فه که ئه‌ندازه‌ی باڕه‌که درێژن. کۆمه‌ڵێ بتڵ و که‌مۆڵه و گۆزه‌ی شه‌راب و خواردنه‌وه‌ی تر له‌سه‌ر ڕه‌فه‌کانن. له لای چه‌پی باڕه‌که به‌رمیلێکی ته‌خته‌ی شه‌راب دانراوه. له سه‌ر ڕووبه‌ری شانۆکه دوو مێزی داری ئه‌ستوور له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کورسی. باڕمه‌نه‌که له پشت باڕه‌که‌وه خه‌ریکه کۆکتێلێک ئاماده ده‌کا. دۆن کیشۆت و سانچۆ له‌ده‌وری مێزێک دانیشتون.
دۆن کیشۆت: (هاوار ده‌کا) خاوه‌ن ماڵ.. وڵاخه‌کانمان بێ ئاڵف نه‌که‌ی، ئه‌وانیش وه‌ک ئێمه ڕێگایه‌کی درێژیان بڕیوه و له دووره‌وه هاتوون، ڕێگایه‌کی درێژتریشیان له به‌ره‌و بۆ دوورتر ده‌ڕۆن. سانچۆ! کورتانه‌کانت خستن؟
سانچۆ: وڵاخی سوارچاکانان ده‌بێ هه‌میشه ئاماده‌بن و نابێ کورتانیان داگیرێ.
دۆن کیشۆت: باوه‌ڕ ناکه‌م هێنده‌ی پیشانی ده‌ده‌ی که نه‌زانی به ڕاستیش ئه‌وه‌نده نه‌زان بی. هه‌ر شتێک ده‌ڵێم ده‌بێ بزانی له چ کاتێکدا ته‌واو وه‌ک خۆی په‌یڕه‌وی بکرێ و له کوێ له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌کاندا بگونجێنرێ. ئه‌وه بزانه که ئاژه‌ڵ چووه ته‌ویله‌وه ده‌بێ کورتانی له‌سه‌ر نه‌مێنێ، ته‌نها ئه‌گه‌ر له ده‌شتدا بووین، چونکه مه‌ترسی هێرشی له ناکاومان له‌سه‌ره. له ماڵێکدا ده‌ته‌وێ چی ڕوو بدا؟ دوای ئه‌وه خۆ ئه‌م گیاندارانه‌ش وه‌ک ئێمه پێویستیان به پشووه.
(مارسێلا به گۆزه‌یه‌کی خنجیلانه‌وه دێته ژوورێ. سانچۆ که ده‌یبینێ واقی وڕده‌مێنێ و چاوه‌کانی وه‌ک ئاسن ده‌نیشن به موقناتیسی له‌شیه‌وه. دۆن کیشۆت ته‌ماشای سانچۆ ده‌کات و ئاماژه‌یه‌کی ده‌ره‌وه ده‌کات. سانچۆ به نابه‌دڵیێکه‌وه ده‌چێته ده‌ره‌وه. مارسێلا به‌ره‌و دۆن کیشۆت دێت و گۆزه‌که له‌به‌ر ده‌میدا له‌سه‌ر مێزه‌که داده‌نێ)
مارسێلا: شیری تازه‌یه.
(دۆن کیشۆت به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه گۆزه‌که هه‌ڵده‌گرێت و لێی ده‌خواته‌وه).
دۆن کیشۆت: هاهاها.. وابزانم له‌و کاته‌وه‌ی له شیر بڕاوم له یادم نیه شیری وا خۆشم خواردبێ. هێ هێ هێ.. سوپاس.. فه‌رموو دانیشه.. خۆ دوای ئێمه تووشی کێشه نه‌بووی؟
مارسێلا: نا.. ئه‌وانه هه‌ر ده‌من، ترسیان نیه.. که‌واته تۆ دۆن کیشۆتی سوارچاکی گه‌ڕۆکی؟!..
دۆن کیشۆت: به‌ڵێ من ئه‌و دۆن کیشۆته‌م که باسی ده‌که‌ن.
مارسێلا: بۆ ئه‌وه هاتووی یارمه‌تی ئه‌و که‌سانه بده‌ی که پێویستیان به یارمه‌تیه.
دۆن کیشۆت: بۆ ئه‌وانه‌ش که هیچ پێویستیان پێی نیه هاهاهاه.. بگره به تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه. ئه‌وانه‌ی ژیان له‌وانی تر قورس ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ی بژێوی ئه‌وانی تر ناهێڵن، ئه‌وانه‌ی به‌هێزن و هێزه‌که‌یان ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی خۆیان به‌کار ده‌هێنن.
مارسێلا: (به ده‌ست ئاماژه بۆ دۆن کیشۆت ده‌کات که سه‌ری لێی نزیک بکاته‌وه. به هێواشی قسه ده‌کات) گوێ بگره.. من پێویستم به یارمه‌تی تۆیه.
دۆن کیشۆت: (به ده‌نگی نزم) من که یه‌ک جار به‌ڵێنی یارمه‌تیم دا به که‌سێک بۆ هه‌تاهه‌تایه. له‌و ده‌شته به‌ڵێنم دایتێ که بازوه‌کانم و شمشێره‌که‌م له خزمه‌تتدان، گه‌ر بۆ کارێکی ڕه‌وا بوو، بێگومان.
مارسێلا: (به ده‌نگی نزم) که پێم گوتی بۆت ده‌رده‌که‌وێ که کارێکی ڕاست و ڕه‌وایه، به‌ڵام ئه‌م کاره‌ی من پێویستی به هێزو بازوو نیه.. زۆرتر پێویستی به زیره‌کیه.
دۆن کیشۆت: سوارچاکی ڕاسته‌قینه ئاماده‌ی هه‌موو جۆره یارمه‌تیه‌که، به مه‌رجێ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی داوا ده‌کا له‌سه‌ر هه‌ق بێ، چونکه ئه‌و هه‌رگیز هێزی خۆی ناخاته خزمه‌تی ناهه‌ق، گه‌ر گره‌و له‌سه‌ر ژیانی خۆشی بکا. خانم ئه‌وه‌ش بزانه که سوارچاکی ڕاسته‌قینه ده‌بێ هه‌موو جۆره زانستێکی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر کاره‌که‌ت په‌یوه‌ندی به لایه‌نی داناییه‌وه هه‌یه، ده‌توانم بڵێم که هیچ زانایه‌کی دوانزه عیلم شان نادات له شانی من بۆ زانین، دڵنیاشبه چه‌نده هێزی بازووم ناوی ده‌رکردووه ئه‌وه‌نده‌ش بیروهۆشم.
(مارسێلا ده‌ستی دۆن کیشۆت ده‌گرێت و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی شانۆ دێن)
تابلۆی دوو
مارسێلا: شاخێکی ڕووت و به‌رده‌ڵان هه‌یه، جگه له به‌رد و دڕکوداڵ هیچی تری پێوه نیه. پڵنگ و که‌ڵه کێوی و هه‌ڵۆو مارمێلکه و کیسه‌ڵه ڕه‌قه‌شی پێوه ناژی. ئاوه‌دانی، ڕۆژه ڕێیه‌ک لێیه‌وه دووره. ده‌بێ به وڵاخ بڕۆی که بگه‌یته کانیه‌ک. هاوینان گه‌رماکه‌ی به‌رد ده‌توینێته‌وه. سه‌رمای زستانی، به‌ردیش شه‌ق ده‌کا. شه‌وان ڕێی هاتوچۆی کۆڵبه‌رو قاچاخچیه‌کانه، به ڕۆژ گیانه‌وه‌ری لێ به‌دی ناکرێ. لووتکه‌ی به چله‌ی هاوینیش به‌فری پێوه‌یه. بۆیه ناویان ناوه کڵاوسپی، کڵاوسۆفیشی پێ ده‌ڵێن چونکه لووتکه‌که‌ی له کڵاوی سۆفیه‌کان ده‌چێ.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ره‌و لووتکه بۆ بان که‌مێک سه‌رکه‌وتی، به ناو به‌رده‌کاندا جوان گه‌ڕای، پێ ده‌چێ که‌سێکت به‌رچاو بکه‌وێ. که‌سێکه جله‌کانی شیتاڵ شیتاڵن، پێڵاوه‌کانی سواون، ڕیشی هاتووه، نینۆکه‌کانی درێژ بوون، به چڵکی ملیوانه‌که‌یدا دیاره ده‌مێکه له‌شی ئاوی نه‌دیوه، قژی گرێ گرێ بووه، هێنده‌ی ڕێویه‌کی له‌ڕ باریک بووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌نده ده‌مێکه له خه‌ڵکه‌وه دووره، قسه‌کردنی له‌بیر چووه‌ته‌وه. به درێژایی ڕۆژ له ژێر سێبه‌ری تاشه به‌ردێکدا دانیشتووه و ته‌ماشای دوور ده‌کا، که شه‌ویش دادێ، به‌ره‌و بان، بۆ ناو ئه‌شکه‌وته‌که سه‌ر ده‌که‌وێ.
ئه‌م که‌سه پێش ئه‌وه‌ی بڕیار بدا ئه‌م ژیانه بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێ خانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، زه‌ویوزاری ئه‌م دێیانه‌ی ده‌وروبه‌ر هینی ئه‌و بوون، ماڵه‌که‌ی سێ نهۆم بوو، هه‌میشه چراخان بوو، باڵه‌خانه و بالکۆنه‌کانی وه‌ک وێنه‌ی سه‌ر کارته‌کان بوون، دیوه‌خانی هه‌میشه جمه‌ی ده‌هات، له‌هه‌ر ژوورێکی سه‌ماوه‌ر و زۆپا هه‌رگیز نه‌ده‌کوژانه‌وه. ئه‌م پیاوه ناوی دۆن کاردێنیۆیه.
دۆن کاردێنیۆ کێب نیه نه‌یخوێندبێته‌وه، ئاژه‌ڵی کێوی نیه ڕاوی نه‌کردبێ، گه‌مه‌و وازی نیه نه‌یبردبێته‌وه، ئافره‌ت نیه ئاشقی نه‌بوبێ، وڵات نیه نه‌گه‌ڕابێ، شه‌ڕ نیه تێیدا به‌شدار نه‌بووبێ. پیاوی دینی نیه باس له داوێن پاکی ئه‌و نه‌کا، جوتیار نیه باس له دادپه‌روه‌ری ئه‌و نه‌کا، ئافره‌ت نیه باس له جوانی ئه‌و نه‌کا، منداڵ نیه باس له خۆشه‌ویستی ئه‌و نه‌کا، هه‌ژار نیه باس له ده‌سبڵاوی ئه‌و نه‌کا، ڕێبوار نیه باس له میواندۆستی ئه‌و نه‌کا.
من وه‌هام ده‌زانی ئه‌ویش وه‌ک هه‌موو کوڕه‌کانی تر ئاره‌زووی من ده‌کا له‌به‌ر جوانیه‌که‌م و هیچی تر. وه‌ک ئه‌وانی تر هه‌وڵی ئه‌وه‌یه‌تی که پێم بگا، که گه‌یشت تووڕم ده‌دا. بۆیه منیش وه‌ک ئه‌وانی تر مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵدا کرد. دره‌نگ زانیم که ئه‌و منی له‌به‌ر هه‌وه‌س و ئاره‌زووی خۆی نه‌ده‌ویست، منی به ڕاستی خۆش ده‌ویست. به‌ڵام ئێستا نازانم.. ئایا هێشتا خۆشی ده‌وێم، ئایا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لام گه‌ر بزانێ که من گۆڕاوم. ده‌یانگوت شێت بووه.. که برسی ده‌بێ دێته سه‌ر ڕێگاو هه‌رکه‌سێک ببینێ په‌لاماری ده‌دات و خواردنی لێ ده‌فڕێنێ. کاتی تریش زۆر ئاساییه‌و هیچی پێوه دیار نیه.. هاوڕێیه‌کیشم نیه له‌م شاره متامانه‌ی پێ بکه‌م ته‌نها ڕازی خۆمی بۆ بدرکێنم. لێره پیاوان ڕقیان لێمه چونکه له‌گه‌ڵیان ناڕۆم، ژنانیش ڕقیان لێمه چونکه وا ده‌زانن پیاوه‌کانیان لێ ده‌دزم.
دۆن کیشۆت: خه‌ڵک هه‌موو ده‌زانن له‌و شوێنه‌یه، تا ئێستا که‌س نه‌چووه به دوایدا؟
مارسێلا: که‌س نازانێ له‌وێیه. منیش به ڕێکه‌وت شه‌وێک له پشت په‌نجه‌ره‌که‌مه‌وه گوێم له دوو ڕێبواری بێگانه بوو باسیان کرد. گوایه یه‌کێکیان له قاچاخچیه‌کانی بیستووه.
دۆن کیشۆت: وتیان ئه‌وه؟
مارسێلا: نا، به‌ڵام من هیچ گومانم له‌وه نیه که ئه‌و بێ.. (سانچۆ دێته ژووره‌وه)
دۆن کیشۆت: .. وڵاخه‌کان ئاماده‌ن؟
سانچۆ: به‌ڵێ.. ئاماده‌ن تا سێ ڕۆژی تر بخه‌ون..
دۆن کیشۆت: کورتانه‌کانت لێ به‌ستن؟
سانچۆ: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه کورتانه‌کانم خستن..
دۆن کیشۆت: که‌مێکی تر ده‌که‌وینه ڕێ، بۆیه پێم گوتی که وڵاخه‌کان با هه‌موو کات کورتانیان به‌سترابێ و ئاماده‌بن. ڕێیه‌کی دوورمان له‌به‌ره، ده‌بێ تا شه‌و دانه‌هاتوه ده‌ربچین.
سانچۆ: تازه خۆت منت نارد کورتانه‌کان بخه‌م… باشه بۆ کوێ ده‌چین؟
دۆن کیشۆت: بۆ سه‌ر لووتکه‌ی کڵاوسۆفی.
مارسێلا: سوپاس.. سوپاسی بێ پایان..
دۆن کیشۆت: سوپاسی ناوێت خانم ئه‌رکی سه‌رشانمه. ئێمه هه‌ر له به‌رنامه‌ماندا بوو سه‌رێکی ئه‌و ئه‌شکه‌وته بده‌ین. ده‌ڵێن هیچ که‌س تا ئێستا نه‌یتوانیوه هه‌موو ناوه‌که‌ی ببینێ. وا دیاره نووسراوه که یه‌که‌م که‌س من بم نهێنی ئاشکرا بکه‌م. کێ ده‌زانێ.. له‌وانه‌یه ئێسکوپروسکی یه‌که‌م مرۆڤ بدۆزمه‌وه که ده‌ڵێن له‌وێ ژیاوه.. یا بکه‌وین به‌سه‌ر گه‌نجینه‌یه‌کدا.. ها سانچۆ؟
سانچۆ: باسی گه‌نجینه‌ت کرد.. هه‌ر ئێستا ده‌چم وڵاخه‌کان ئاماده بکه‌م.. (سانچۆ ده‌ڕوات)
مارسێلا: (توێشه‌به‌ره‌که‌ی داده‌گرێ) ئه‌مه که‌مێ په‌نیرو نانه بۆ ڕێگا.. ده‌ستێ جل و جووتێ پێڵاویش بۆ کاردێنیۆ..
په‌رده‌ی چواره‌م
تابلۆی یه‌ک: شاخی کێوسۆفی
نزیک ئه‌شکه‌وتی کڵاوسپی. که‌لاکی ئه‌سپێکی تۆپیو به کورتانه‌که‌یه‌وه له‌ناوه‌ڕاستی شانۆکه‌دایه. جانتایه‌کی کۆڵه‌پشتی چه‌رم له لایه‌وه که‌وتووه. دۆن کیشۆت و سانچۆ دێنه ژوورێ. ته‌ماشایه‌کی ئه‌سپه‌که ده‌که‌ن. سانچۆ ده‌یه‌وێ بچێ جانتاکه هه‌ڵ بگرێته‌وه به‌ڵام ده‌گه‌ڕێته‌وه.
دۆن کیشۆت: بۆچی گه‌ڕایته‌وه؟
سانچۆ: ماڵی مردووه.. شوومه.
دۆن کیشۆت: هاهاهاهه.. ده‌بێ چه‌ند خوڕافاتی تریش له‌م مێشکه‌ی تۆدا جێی خۆیان کردبێته‌وه. مێشکت ئه‌وه‌نده به شتی سه‌یرو سه‌مه‌ره ئاخنراوه نازانم چۆن جێ ده‌بێ بیربکه‌یته‌وه. ئه‌وه کێ ده‌ڵێ خاوه‌نه‌که‌ی مردووه.. چۆنت زانی؟
سانچۆ: خاوه‌نی ئه‌م جانتایه ئه‌گه‌ر زیندوو بێ، وا وتمان ئه‌سپه‌که‌ی له‌به‌ر ئه‌وه جێ هێشتووه چونکه تۆپیوه، ئه‌ی بۆچی جانتاکه‌ی جێ هێشتووه؟
دۆن کیشۆت: ئا بیده‌ره ده‌ستم. (سانچۆ ده‌یداته ده‌ستی، ئه‌ویش شته‌کانی ده‌رده‌هێنێ) ده‌فته‌ری یادگاری.. ده‌بێ ناوی له‌سه‌ر بێ.. دۆن کاردێنیۆ.. بینیت خۆیه‌تی.. با بزانین چی ترمان ده‌ست ده‌که‌وێ. ئا.. پاره.. پاره‌یه‌کی باش. (جانتاکه ده‌داته‌وه ده‌ست سانچۆ) بیخه‌ره‌وه شوێنێ خۆی.
سانچۆ: به پاره‌کانه‌وه؟ شتی وا ناکه‌م، پاره‌کان هه‌ڵده‌گرم، ده‌سکه‌وتی شه‌ڕه، دۆزیومانه‌ته‌وه.
دۆن کیشۆت: یه‌که‌م ده‌سکه‌وتی شه‌ڕ نیه خۆت باش ده‌زانی، دووه‌م خاوه‌نه‌که‌ی هێشتا ماوه و ئێستا ده‌یناسین، له‌به‌ر ئه‌وه ناتوانین بڵێین دۆزیمانه‌وه.
سانچۆ: ئێ ئه‌و چووزانێ.. پێی ناڵێین.
دۆن کیشۆت: سوارچاکی گه‌وره بۆ خۆده‌رخستن شته‌کان ناکا، به ته‌نیا بێ یان له ناو کۆمه‌ڵدا به هه‌مان شێوه هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کا. له‌به‌ر چاوی خه‌ڵکدا شه‌رم له شتێک ناکا که به ڕاستی داده‌نێ، به‌ته‌نیاش شتێک ناکا که له‌به‌ر چاوی خه‌ڵک شه‌رمی لێ ده‌کا. تا ئێستاش له هیچ کتێبێک‌دا پاڵه‌ونێکی دزم به‌دی نه‌کردووه. ده‌ستپیسی کاری مرۆڤیێکی نزم و بێ به‌هایه که هه‌رگیز ناتوانێ خه‌و به نه‌مریه‌وه ببینێ.
سانچۆ: به‌ڵام هه‌ر باشتره ئه‌م پارانه لای ئێمه بن جارێ، نه‌وه‌ک یه‌کێکی تر بیاندۆزێته‌وه. ئه‌گه‌ر خاوه‌نه‌که‌شمان بینی ویستی، ئه‌وا ده‌یانده‌مه‌وه، نه‌یویست ئه‌و کاته بۆ خۆم.
(ده‌چنه به‌رده‌م ئه‌شکه‌وته‌که. مارسێلا ده‌رده‌که‌وێ)
تابلۆی دوو
مارسێلا: هه‌موو شاخه‌که‌م پشکنی نه‌مدۆزییه‌وه.. ئه‌وه ئه‌سپه‌که‌یه‌تی!. به داخه‌وه فریای نه‌که‌وتم.. ئه‌وه جانتاکه‌یه‌تی! له‌کوێ دۆزیتانه‌وه؟ بینیتان کاردێنیۆ؟ ماوه؟
دۆن کیشۆت: هێشتا نا.. به‌ڵام نابێ به‌م زوانه بێ هیوا بی. کێ ده‌ڵێ..
(دۆن کاردێنیۆ به پڕتاو دێته ژوورێ. خۆی هه‌ڵده‌دا بۆ دۆن کیشۆت، له‌سه‌ر ئه‌سپه‌که‌ی ده‌یخات و ده‌ست ده‌داته بینه قاقای، خه‌ریکه ده‌یخنکێنێ، له پڕ ده‌ستی ده‌کشێنێته‌وه، هه‌ڵده‌ستێ و ئه‌سپه‌که‌ی ده‌پشکنێ، هیچ نادۆزێته‌وه. په‌لاماری سانچۆ ده‌دات و ئه‌ویش ته‌خت ده‌کا، تووره‌که‌ی خواردنه‌که ده‌بینێ پڕی پێدا ده‌کات و به پڕتاو ده‌چێته ده‌ره‌وه.. دۆن کیشۆت هه‌ڵده‌ستێته‌وه و ده‌چێ به‌دوای کاردێنیۆدا. سانچۆش به‌دوایدا. دۆن کاردێنیۆ ده‌رده‌که‌وێته‌وه. چاویان به چاوی یه‌ک ده‌که‌وێ.)
دۆن کاردێنیۆ: نازانم بۆ جار جار وام لێ دێ، ده‌بینم وه‌ک شێت هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌م.. که‌چی هه‌رکه شتێکم خوارد هێمن ده‌بمه‌وه.. هاتم داوای لێبوردن له‌و پیاوانه بکه‌م.. با وا تێ نه‌گه‌ن شێتم.. ئه‌وانه کێن؟
مارسێلا: ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر هێستره‌که‌وه بوو، باڵا به‌رزه‌که‌یان، دۆن کیشۆته.. ئه‌وی تر سانچۆیه، وڵاخداره‌که‌ی.
دۆن کاردێنیۆ: تا ئێستا که‌س نه‌هاتووه بۆ ئێره. ئه‌ی ئه‌و جلانه‌ی له‌ناو جانتاکه‌دان؟ خۆ بۆ که‌سیان ناشێن؟؟.
مارسێلا: دۆن کاردێنیۆ! به شوێن تۆدا هاتووم.. هاتووم بتبه‌مه‌وه.
(دۆن کاردێنیۆ ڕووی مارسێلا ده‌ڕوا، به‌لایدا تێده‌په‌ڕێ و ده‌ڕواته ده‌ره‌وه. دۆن کیشۆت و سانچۆ دێنه ژوورێ. مارسێلا به‌شوێن دۆن کاردێنیۆدا ده‌چێته ده‌رێ.)
تابلۆی سێ
دۆن کیشۆت: .. با تا ئه‌وان ئاشت ده‌بنه‌وه به‌رنامه‌ی داهاتووت پێ بڵێم.. به‌تایبه‌ت بۆ تۆ پێویسته. چونکه سه‌فه‌رێکی دوورت له‌به‌ره، به ته‌نیاش.
سانچۆ: سه‌فه‌ر؟ به ته‌نیا؟ هه‌ر ئه‌مه‌مان مابوو. من نامه‌وێ هیچ سه‌فه‌رێک به‌ته‌نیا بکه‌م. تازه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیش ئه‌مه دوایین جار ده‌بێ.
دۆن کیشۆت: ده‌تنێرمه‌وه بۆ وڵات.
سانچۆ: بۆ مانچا؟ ها ها ها. ئه‌ی تۆ له‌م شاخوداخه به ته‌نیا جێ بهێڵم؟
دۆن کیشۆت: سوارچاکی ڕاسته‌قینه، دوای سه‌فه‌رو کۆمه‌ڵێ تاقیکردنه‌وه‌ی ژیان، پێویستی به سه‌فه‌رێکی تره، سه‌فه‌ری گیانی، سه‌فه‌رێک بۆ ناو ناخی خۆی، بۆ قووڵ بوونه‌وه له مانای ڕاسته‌قینه‌ی بوون و گه‌ردوون و ژیان. بۆیه ده‌بێ شوێنێکی دوور له خه‌ڵک و له ئاوایی هه‌ڵبژێرێ و بچێته خه‌ڵوه‌ته‌وه. منیش وا گه‌یشتمه شوێنی خه‌ڵوه‌ته‌که‌م که ئه‌م ئه‌شکه‌وته‌یه.
سانچۆ: ده‌ڵێن مرۆ هه‌موو ڕۆژێ شتێکی تازه فێر ده‌بێ، به‌ڵام من هه‌ر ساته‌ی شتێکی تازه‌و سه‌یر ده‌بیستم. باشه گه‌وره‌م له کتێبه‌کاندا ناڵێن ئه‌م سه‌فه‌ره چه‌ند ده‌خایه‌نێ؟
دۆن کیشۆت: به‌پێی ئاره‌زووی دڵبه‌ره. ته‌نها ئه‌و بڕیار ده‌دا که‌ی سوارچاک له خه‌ڵوه‌ت بێته ده‌رێ. جا من له‌به ئه‌وه ده‌تنێرمه‌وه وڵات که بچی بۆ تۆبۆسۆ دڵبه‌رم ببینی. دوو نامه‌ت پێ ده‌بن، یه‌که‌میان بۆ ئه‌و، دووه‌میان بۆ خوشکه‌زا خۆشه‌ویسته‌که‌م که تێیدا داوای لێ ده‌که‌م پاره‌ت بداتێ بیبه‌یته‌وه بۆ تێرێزای هاوسه‌رت. به‌ڵام پێشوه‌خت و بێجگه له نامه‌کان، پێویسته کۆمه‌ڵێ شێتی ئه‌نجام بده‌م بیانبینی، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ دڵبه‌ریان بگێڕیته‌وه.
سانچۆ: کۆمه‌ڵێ شێتی؟
دۆن کیشۆت: که سوارچاکان خه‌ڵوه‌ت هه‌ڵده‌بژێرن، خه‌ڵوه‌تی مه‌جنوونه. له عیشقدا عه‌قڵوهۆش له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. به‌بێ هیچ هۆیه‌ک هاوار ده‌که‌ن، به چله‌ی زستان خۆیان ڕووت ده‌که‌نه‌وه، به‌چله‌ی هاوین به درێژایی ڕۆژ له‌به‌ر هه‌تاودا داده‌نیشن، ته‌قله ده‌ده‌ن، بیریان ده‌چێته‌وه نان بخۆن، به به‌ردی نووک تیژ له‌خۆیان ده‌ده‌ن، له قوڕدا خۆیان ده‌گه‌وزێنن..
سانچۆ: نا.. تکات لێ ده‌که‌م گه‌وره‌م با به‌س بێ، من نامه‌وێ ئه‌م شته ناخۆشانه ببیستم.. گه‌وره‌م بۆ تۆش له‌گه‌ڵ مندا ناگه‌ڕێیته‌وه؟ ده‌چینه‌وه بۆ لای که‌سوکارمان. به‌سه سوارچاکی. ئه‌وه‌ی توانیمان و له ده‌سه‌ڵاتماندا هه‌بوو کردمان، گله‌ییمان له‌سه‌ر نه‌ماوه، با ئه‌وانی تریش به‌شی خۆیان بکه‌ن، خۆ نابێ هه‌ر ئێمه خه‌می هه‌موو دنیا بخه‌ینه سه‌ر شانمان. ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌ته‌وێ بچیته خه‌ڵوه‌ته‌وه ئه‌وا ده‌توانی له ماڵه‌که‌ی خۆتدا بێ. من دڵنیام که خوشکه‌زاکه‌ت زۆر زیره‌که‌و له‌منیش باشتر تێ ده‌گا، خۆشحاڵیش ده‌بێ. ئێستا من به ته‌نیا ئاوا بچمه‌وه به‌رده‌می و تۆم له ته‌کدا نه‌بی، ناڵێ خاڵمت چی لێ کرد؟ وا ده‌زانێ له شوێنێکدا به‌کوشتم داوی یان گومم کردووی..
دۆن کیشۆت: له نامه‌که‌مدا هه‌موو ئه‌مانه باس ده‌که‌م.
سانچۆ: ئه‌ی دڵبه‌رت چۆن باوه‌ڕ به من ده‌کا؟
دۆن کیشۆت: بۆیه ده‌مه‌وێ پێش ئه‌وه‌ی بڕۆی، هه‌ندێ له‌و شێتیانه‌ت پیشان بده‌م که بۆی بگێڕیته‌وه.
سانچۆ: نا نا گه‌وره‌م نامه‌وێ هیچ له‌وانه ببینم، چیت ده‌وێ بۆی ده‌گێڕمه‌وه، به‌ڵام نامه‌وێ به‌و جۆره بتبینم.
دۆن کیشۆت: ئه‌گه‌ر به‌چاوی خۆت نه‌بینی، ئه‌وا ئه‌و شتانه‌ی بۆی باس ده‌که‌ی درۆن، منیش ڕازی نابم که‌س درۆ له‌گه‌ڵ دڵبه‌ره‌که‌مدا بکا. ئێستاش من ده‌چمه به‌ر ڕووناکی نامه‌که‌م بنووسم.
(هه‌ردوو ده‌چنه ده‌رێ. دۆن کاردێنیۆ دێته ژوورێ. دوای که‌مێک مارسێلا دێته ژوورێ.)
تابلۆی چوار
دۆن کاردێنیۆ: بۆچی ده‌ته‌وێ بڕۆمه‌وه؟ ئه‌گه‌ر بمویستایه خۆم نه‌مده‌توانی بڕۆمه‌وه؟ یا ئامانجت ته‌نها ئه‌وه‌یه ویژدانی خۆت ئاسووده بکه‌ی و هه‌ست به تاوان نه‌که‌ی. هه‌رگیز تۆم تاوانبار نه‌کردووه، خۆم ئه‌مه‌م هه‌ڵبژارد. کریسۆستۆم بۆ تۆ باشتره.. هه‌موو که‌س، ته‌نانه‌ت خۆشت، وایان ده‌زانی به ماڵ و موڵکمه‌وه ده‌نازم، ده‌مه‌وێ بتکڕم و ته‌نها..
مارسێلا: کریسۆستۆم له‌م دنیا نه‌ماوه.. هه‌رگیز به‌ڵێنێکم پێ نه‌دا.. هیچ کاتێ عاشقی ئه‌و نه‌بووم..
دۆن کاردێنیۆ: ده‌ترسی منیش وه‌ک ئه‌وم لێ بێ.. بۆیه هاتووی؟ فریای ئه‌ویان نه‌که‌وتم له مردن ڕزگاری بکه‌م با فریای ئه‌میان بکه‌وم.. خانم چه‌ند به به‌زه‌یی و میهره‌بانه..
مارسێلا: خۆشم ده‌وێی کاردێنیۆ..
دۆن کاردێنیۆ: نا نا.. وا دیاره تۆ بڕیارت داوه هه‌موو چه‌کێک به‌کاربهێنی.. نا نا .. ئه‌مه له‌گه‌ڵ من ناخوات..
(دۆن کاردێنیۆ دووده‌ستی ده‌خاته ده‌وری گه‌ردنی مارسێلا و ده‌یخنکێنێ. سانچۆ به دێته ژوورێ. دۆن کاردێنیۆ مارسێلا به‌رده‌دا و ده‌چێته ده‌ره‌وه. مارسێلا ده‌که‌وێته سه‌ر زه‌وی. سانچۆ دێت به هانایه‌وه.)
سانچۆ: دۆنا مارسێلا.. دۆنا مارسێلا..
(سانچۆ ڕاده‌کاته ده‌ره‌وه. مارسێلا هه‌ڵده‌ستێته‌وه و ئه‌ویش ڕاده‌کاته ده‌ره‌وه. سانچۆو دۆن کیشۆت به‌ده‌م قسه کردنه‌وه دێنه‌وه ژوورێ.)
سانچۆ: کوشتی.. من گوتم ئه‌مه ته‌واو شێته‌و ترسناکه.. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌بوو ڕازی نه‌بین ئه‌وکچه له‌گه‌ڵماندا بۆ ئێره بێ.. ئێستا خه‌ڵک وا ده‌زانن ئێمه کوشتوومانه.. ئه‌وه‌تا.. ئه‌وه.. ئه‌وه نه‌ما.. هه‌ی له‌وه.. ئه‌وه چیه؟
دۆن کیشۆت: چی چیه؟ تۆ له من ده‌پرسی؟ ئه‌وه که‌لاکی ئه‌سپێکه.. هاهاها.. ئه‌وه کاری جادووگه‌ره.. بینیت چی له مرۆڤ ده‌کا؟ ئه‌سپی تۆپیوت لێ ده‌کا به کچێکی گه‌نج و جوانی وه‌ک مارسێلا هاهاها.
سانچۆ: نه‌خێر ئه‌م جاره‌یان دڵنیام که جادووم لێ نه‌کراوه، به‌چاوی خۆم بینیم دۆن کاردێنیۆ ده‌ستی له گه‌ردنی دۆنا مارسێلا توند کردبوو تا گیانی تێ نه‌ما. که گه‌یشتمه سه‌ریان، تازه دره‌نگ بوو، سه‌رم نا به سنگیه‌وه بینیم هه‌ناسه‌ی نه‌ده‌دا.. چییه گه‌وره‌م؟.. له چاوانتدا گومان ده‌بینم، باوه‌ڕم پێ ناکه‌ی؟
دۆن کیشۆت: به‌ڵێ، چۆن باوه‌ڕت پێ ناکه‌م؟ چۆن تۆ بۆ ژووره سپیه‌که‌و دێوه‌کان و دوو سوپاکه باوه‌ڕت پێ ده‌کردم منیش ئاوها باوه‌ڕت پێ ده‌که‌م. تۆ جارێ واز له‌وانه بهێنه. گوێ بگره..
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که تۆ خۆت نه‌خوێنده‌واری و نامه‌که‌ت بۆ ناخوێنرێته‌وه، چه‌ند جارێ بۆت ده‌خوێنمه‌وه له‌به‌ری بکه‌ی. ئه‌وها، دڵنیا ده‌بم ئه‌گه‌ر گومیشی بکه‌ی هه‌ر له‌بیرت ده‌مێنێ، چونکه ده‌زانم که گومی ده‌که‌ی.
(که ده‌ست ده‌کات به خوێندنه‌وه‌ی نامه‌که ئاگای له ده‌وروبه‌ری نامێنێ، سانچۆ به دزیه‌وه ده‌چێته ده‌ره‌وه)
بۆ شازاده‌ی خه‌ونه‌کانم دڵبه‌ری تۆبۆسۆ
خانمه‌که‌م.. (هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دۆن کیشۆت به خوێندنه‌وه‌ی نامه‌که‌ی دڵی پڕ ده‌بێ و له‌گه‌ڵ چوونه پێشه‌وه له خوێندنه‌وه‌یدا هه‌تا دێ گوڕی ناخی به‌کوڵتر ده‌بێ)
خانمه‌که‌م.. خاوه‌نی هه‌ست و گیان و گۆشت و ئێسقانی هه‌ڵقرچاوم. خاوه‌نی ڕابردووی کوله‌مه‌رگی و ئێستای تاڵ و داهاتووی تاریکم. ئه‌ی ڕۆشنایی دڵ و چاوو هێزی هه‌ناوم. ئه‌ی چرای ڕۆشنکه‌ره‌وه‌ی ژیانی بێ ترووسکه‌و تاریکم. ئه‌ی مانگی به‌جێ ماوی به‌ر ده‌رکی ده‌لاقه‌م. ئه‌ی نوروی ئه‌ستێره‌ی ڕێبه‌رم له شه‌وزه‌نگی بیابانی ژیانی سوارچاکیمدا. ئه‌ی کانیاوی ته‌زیو له چه‌قی دۆزه‌خی ئه‌م بیابانه‌دا. ئه‌ی نووری ئیمان.. ئه‌ی میهره‌بان..
من چۆن بتوانم ببمه گه‌ردێک له خاکی ئاستانه‌ی ده‌رگای ماڵه پیرۆزه‌که‌ت. من چۆن بتوانم ده‌ستم گیر بێ له زه‌ڕه‌یه‌ک تۆزی پێڵاوه‌کانت، تۆزی ئه‌و فه‌رشه‌ی به‌هاران به‌به‌ر خۆره‌وه ده‌یته‌کێنی، بۆ ئه‌وه‌ی بیکه‌مه کل و چاوه کوێربوه‌کانی له‌تاو دووریتمی پێ بڕێژم. من چۆن بتوانم له ته‌نگه‌نه‌فه‌سی ژێرزه‌مینی ئه‌م دنیایه‌دا، شنه‌ی هه‌ناسه‌یه‌کی تۆم بگاتێ زیندووم بکاته‌وه؟
من چۆن نه‌مرم که نه‌توانم ڕۆژی سه‌د جار ئه‌ژنۆی وشکم به زیخی ده‌رزی ئاسای ڕێگه‌که‌ت خوێناوی نه‌که‌م؟ من چۆن نه‌مرم له سێبه‌ری سارد و تاریکی ئه‌م سه‌فه‌ره‌دا، ته‌نها تاڵه تیشکێکی چاوه‌کانت گه‌رمم نه‌کاته‌وه‌و نه‌مسوتێنێ وه‌ک قه‌قنه‌س، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک سیمورغ به خۆشی مردنێکی دووباره، جارێکی تر له ناو خۆڵه‌مێشی خۆمه‌وه زیندوو ببمه‌وه؟
ئه‌ی خودا هاوار دووربوون له تۆ دوورییه له خۆشی، له ژیان، له ئاره‌زوو، له هیوا، به‌کورتی له هه‌موو شتێک.
ئه‌م نامه هه‌ژاره‌م، ئه‌م نامه سه‌رشۆڕه شه‌رمه‌زاره شه‌رمنه گریاوه‌م، ئه‌م نامه‌یه که ڕووی مه‌جلیسی پیرۆزی تۆی نیه، که شایه‌نی خوێندنه‌وه نیه، که بۆی نه‌بوو گوێ فریشته‌ییه‌کانت به وشه‌ی بێ نرخی ئه‌ده‌بی سه‌غڵه‌ت بکا، ئه‌م نامه‌یه‌ی که نامه‌به‌ره‌که‌ی پله‌و پایه‌ی له‌ناو کاروانی نامه‌هێن و نامه‌به‌ره‌کانتدا بێ نرخترینیانه، بێ ئاستترینیانه. ئه‌م کاغه‌زه که وه‌ک خاوه‌نه‌که‌ی پێش خوێندنه‌وه‌ی بۆ سووتان باشه، ئه‌م کاغه‌زه بێ نرخه‌م که بۆ سڕینی پێڵاوه پیرۆزه‌کانت نه‌بێ، بۆ هیچ شتێک باش نیه، به کورتی ئه‌م په‌یامه‌ی به سانچۆدا بۆتان ده‌نێرم.. (سانچۆ دێته‌وه ژوورێ)
سانچۆ: (هاوار ئه‌کات) ئه‌ی هاوار.. ئه‌ی بێ داد.. ئه‌ی بێ داد.. ئه‌ی هاوار.. ئه‌ی ماڵ وێران خۆم.. به‌دبه‌خت و خانه خه‌راب خۆم.. سه‌رگه‌ردان و لێو به‌بار خۆم.. کۆڵه‌که‌ی پشتم ڕما..
دۆن کیشۆت: ده‌زانم که ئه‌م نامه‌یه زۆر کاریگه‌ره به‌ڵام هێمن به سانچۆ، دان به‌خۆتدا بگره ته‌واوی بکه‌م..
سانچۆ: نامه‌ی چی ماڵم ڕۆ.. ته‌واو.. ئیتر ته‌واو.. ئه‌م سانچۆیه نابێته‌وه به‌و سانچۆ پانزایه‌ی جاران.. ئیتر ئه‌م سانچۆیه ناگه‌ڕێته‌وه ماڵه‌که‌ی که به‌ده‌ستی خۆی وێرانی کرد.. که هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی به‌ده‌ستی خۆی به‌ئاودا دا.. ئاوی چی.. دایه به‌ر لافاو.. لافاوی چی.. قوڕاو.. خڵتاو.. لیتاو.. چڵپاو.. چڵکاوی بۆگه‌ناو.. ئاخر من ئێستا به چ ڕوویه‌که‌وه سه‌ربکه‌مه‌وه به دێکه‌ماندا؟. به چ ڕوویه‌که‌وه بگه‌ڕێمه‌وه لای منداڵه‌کان.. ئه‌ی تێرێزا که ده‌مبینێ چیم پێ ده‌ڵی.. ئاااخ ناوێرم هه‌ر بیڵێم.. هه‌ر بیریشی لێ بکه‌مه‌وه.. ئه‌مه هه‌موی ئه‌مه‌ی به‌دواوه بوو؟.. هه‌رده‌مزانی که کۆتاییه‌که‌ی شوومه ئه‌م سه‌فه‌ره.. ئاخر من و پاڵه‌وانچیه‌تیان وتبوو؟!.. من بۆ ڕیشم هاتم وا سه‌رو قژو قۆڵ و ده‌ست و قاچ و لووت و برۆیشم نایه بانی..
دۆن کیشۆت: (هاوار ده‌کا) هێواش تێم بگه‌یه‌نه چی بووه؟ بۆ له کوتوپڕ وات لێ هات؟ ئه‌م شوێنه جادووی لێ کراوه.. هه‌رکه‌سێ دێته ئێره شێت ده‌بێ.
سانچۆ: که‌ره‌که‌م.. هاوڕێ و هاو خه‌باته‌که‌م.. هاوزمان و هاوسه‌ره‌که‌م.. به‌شداری سه‌رماو گه‌رماو خۆش و ناخۆشیه‌کانم.. گوێ درێژه‌که‌م.. گوێ جوانه‌که‌م دزراوه.
دۆن کیشۆت: چی دزراوه؟
سانچۆ: مه‌گه‌ر چه‌ند ڕۆژ وه‌سفی بکه‌م که بزانی گه‌وره‌م؟.. ئه‌سپه سه‌رکه‌شه عه‌ره‌بیه گوێ فراوانه‌که‌م ڕۆ..
دۆن کیشۆت: چۆنت زانی دزراوه؟ کێ ده‌ڵێ نه‌چووه له‌وناوه بۆ خۆی بله‌وه‌ڕێ؟ شتێک ته‌واو لێی دڵنیا نه‌بی نابێ..
سانچۆ: گه‌وره‌م وه‌ک چۆن دڵنیام که من سانچۆم ئه‌وهاش دڵنیام که ئه‌و دووه که‌ره‌که‌یان دزیوم. هه‌موو ئه‌م کێوه گه‌ڕام نه‌بوو، ئه‌وانیش نه‌بوون، ته‌نیا ڕۆسینانتی لێیه. له جێی که‌ره‌که‌م جانتاکه‌یان دانابوو..
(سانچۆ جانتاکه پیشانی دۆن کیشۆت ده‌دا، دۆن کیشۆت ته‌ماشای ده‌کا، ته‌نها پاره‌کانی تێدا ماون)
دۆن کیشۆت: ئه‌وه‌تا به‌و پارانه‌ی بۆیان جێ هێشتووی ده‌توانی سێ که‌ری باشتریش له‌وه‌ی خۆت بکڕیته‌وه.. چی دی باسی دزی مه‌که.
سانچۆ: من نامه‌وێ که‌ری تر بکڕم.. که‌ره‌بۆرم به ئه‌سپێکی عه‌ره‌بیش ناگۆڕمه‌وه..
دۆن کیشۆت: دۆن کاردێنیۆ پێویستی به گوێدرێژی تۆ نیه، هه‌رکاتێ بچین ده‌مانداته‌وه. سانچۆ هه‌ر ئێستا سواری ڕۆسینانت ببه! تا شه‌و دانه‌هاتوه.
په‌رده‌ی پێنجه‌م
تابلۆی یه‌ک: دێی مانچا
به‌رده‌م ماڵی دۆن کیشۆت. سانچۆ خه‌ریکی پشکنینی گیرفانه‌کانیه‌تی. دایه‌ن دێته ژوورێ.
دایه‌ن: سانچۆ.. ئه‌وه ئه‌و هێستره‌ی له‌ژێر تووه زڕدایه ڕۆسینانته یا من خه‌و ده‌بینم؟
سانچۆ: نا تۆ خه‌و نابینی، ئه‌و ئه‌سپه یاڵ سووره عه‌ره‌بیه‌ی له ژێر شاتووه‌که‌دایه ڕۆسینانته.
دایه‌ن: ئه‌ی سواره‌که‌ی؟
سانچۆ: سواره‌که‌ی به‌سه‌ر ئه‌سپی خه‌یاڵیه‌وه‌یه ئێستا، ده‌یبه‌ن بۆ دنیایه‌کی تر.
دایه‌ن: ئه‌ی هاواار.. هه‌ر ده‌مزانی که ئه‌مه سه‌رئه‌نجامه‌که‌یه‌تی.. دڵم خه‌به‌ری دابوو.. ئه‌م چه‌ند ڕۆژه هه‌ستم ده‌کرد ئاغام له‌م دنیایه نه‌ماوه.. تا خانمم نه‌یبیستووه بچم خۆم ئاگاداری بکه‌مه‌وه به‌سته‌زمان.. ڕۆڵه گیان..
(دایه‌ن ده‌چێته ده‌ره‌وه. سانچۆ هه‌ر خه‌ریکی گه‌ڕانه به‌دوای نامه‌که‌یدا که وا دیاره گومی کردووه.)
سانچۆ: ته‌واو، هه‌موو شتێک ته‌واو. مایه‌م بوو به هیچ، که‌وتمه‌وه پله‌ی ژێر سفری سه‌دی. ئاخر ئه‌ی مرۆڤ تۆ نه‌توانی نامه‌یه‌ک، ته‌نها نامه‌یه‌ک چییه نه‌توانی گومی نه‌که‌ی، ئیتر ده‌بێ تۆ خۆت ناو بنێی چی؟ ئه‌وه تۆ نیت که‌ره‌که‌ت گوم کرد ئه‌وه که‌ره‌که‌یه تۆی گوم کرد. که‌واته ئێستا ده‌بێ بپرسم: کوا سانچۆ؟ چی لێ هات سانچۆ؟
سانچۆ خۆی گوم کرد، گوێدرێژه‌که‌ی گوم کرد، نامه‌که‌ی گوم کرد، ماڵی شازاده‌ی تۆبۆسۆی گوم کرد. ئه‌ی سانچۆ چی گوم نه‌کرد پێم بڵێن؟ یان ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که ئه‌و شتانه هه‌موو منیان گوم کرد. یان ئه‌فسوونگه‌ران منیان گوم کرد. یا من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نه‌بووم و جادووبازان بۆ چه‌واشه کردنی دۆن کیشۆت منیان درووست کرد.
ئای خودایه.. به‌م هه‌موو گومانه‌وه چۆن بژیم!!. یا که هه‌ر درووستت کردم بۆچی به سانچۆ درووستت کردم؟ با قنچکه گیایه‌کت درووست بکرادیه لێم، یا دره‌ختێ، یان سمۆره‌یێ، یان له هه‌مووی باشتر به که‌ره بۆر درووستت بکردمایه، خۆ هیچ نه‌بێ ئێستا له‌لایه‌وه ده‌بووم.
ته‌نها ڕێگایه‌کم ماوه له‌م هه‌موو گومانه ڕزگارم بێ ئه‌ویش دوو شته: یه‌که‌م بزانم پاره‌کانی دۆن کاردێنیۆ له‌ناو تووره‌که‌که‌دا ماون، من خه‌و نابینم. دووه‌م بڕۆمه‌وه ماڵه‌وه بزانم تێرێزا و منداڵه‌کانم ده‌مناسنه‌وه یان نا. بێ که‌ره بۆر نابێ بچمه‌وه ماڵه‌وه، ئه‌وه دووه‌میان هیچ. که‌واته مایه‌وه یه‌که‌م. با بزانم بۆ یه‌که‌م! (ده‌ست ده‌کات به تووره‌که‌که‌دا و پاره‌کان ده‌رده‌هێنێ) ئۆخه‌ی.. تاقیکردنه‌وه‌ی یه‌که‌م سه‌ری گرت. ئێستاش، بێ سێ و دوو، گه‌ڕانه‌وه بۆ کێوسۆفی.
زانای دێ: (دێته ژوورێ) سانچۆ.. ئه‌وه ئه‌و هێستره‌ی له‌ناو زبڵدانه‌که‌دا له سه‌ر زه‌رف و کارتۆن و په‌ڕی مریشک و پاشماوه‌کان ده‌له‌وه‌ڕێ ڕۆسینانته؟ یا من به هه‌ڵه‌دا چووم؟
سانچۆ: خۆیه‌تی، ئه‌و ئه‌سپه‌ی له‌ناو ئه‌و باخه‌دا له سه‌ر وێنجه‌و سێ په‌ڕه‌و گیای شین و گوڵاڵه سووره ده‌له‌وه‌ڕێ ڕۆسینانته مامۆستا، جه‌نابت به هه‌ڵه‌دا نه‌چووی.
زانای دێ: که‌ی هاتیته‌وه؟
سانچۆ: ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ نه‌هاتوومه‌ته‌وه. هاتووم بۆ ئه‌وه‌ی دوو نامه بگه‌یه‌نم، به‌ڵام وا دیاره نووسراوه که نه‌یانگه‌یه‌نم.
زانای دێ: ئه‌ی له‌کوێ بوویت و بۆ کوێ ده‌چی؟
سانچۆ: مه‌گه‌ر په‌روه‌ردگار ته‌نها خۆی بزانێ له کوێ بووم و ویستم بۆ کوێ بڕۆم و له کوێوه دێم و ده‌مه‌وێ بۆ کوێ بچم، که ڕۆشتم به قوڕدا چووم، که هاتیشم که‌وتمه‌وه سه‌ر ساجی عه‌لی، ئای له‌م هاتووچۆیه‌ی من.
زانای دێ: دۆن کیشۆت له ژووره‌وه‌یه؟
سانچۆ: نه‌خێر، بۆشم نیه بڵێم له کوێیه.
زانای دێ: ئه‌ی چیت به خوشکه‌زاکه‌ی گوت؟
سانچۆ: هیچ.
زانای دێ: چۆن هیچ؟
سانچۆ: هێستا نه‌چوومه ژوورێ.
زانای دێ: (وه‌ک بڵێی خوتبه ده‌دا) که شه‌خسێکت بینی له‌موقابیلی بابی به‌یتێکدا وقوفی کردووه‌و قه‌لقه له‌وه‌ی داخل بێ، ته‌فسیری ئه‌م سرو موعه‌ممایه ئه‌سباب خامیسه‌و سادیسی وجودی نیه: ئه‌و شه‌خسه ئیمما غه‌ریبه و موتمه‌ئین نیه له نه‌وعی ئیستیقبالکردنی، ئیمما عاشقی شه‌خسێکی ئه‌و به‌یته‌یه دافعی ئیحساسات و مه‌شاعیر جه‌زبی کردووه، ئیمما دوزده‌و بۆ سیرقه‌تی مولکی عاله‌مه‌که موقبیله، ئه‌و ئیمما قاتیله‌و به هه‌ده‌فی قه‌تلی شه‌خسێکی ئه‌و حه‌ره‌مه ئیقبالی کردووه، ئاخرین سه‌به‌بیش ئیمکانه حامیلی حه‌زینترین خه‌به‌ره‌و جورئه‌تی ته‌وصیلکردنی ناکا. هه‌ر که دققه‌تی حیصانه‌که جه‌لبی نازیره‌ی کردم، ئیحساسم کرد که حه‌تمه‌ن ئه‌مه خه‌به‌ری نیهایه‌ته… یا الله حه‌سره‌ت و ئه‌سه‌ف.. قه‌ریه‌مان و مه‌نطیقه به عام خه‌ساره‌تی ئینسانێکی عه‌زیمی دا.. ئینسانێ که صه‌دری واسیع، مه‌لیانی مه‌حه‌ببه‌ت و عه‌دل و شه‌فاعه‌ت و ڕه‌حمه‌ت و ئیمان بوو.. واجب بوو وه‌ک ده‌رسێ موراهیقه‌کانمان به عام ته‌قلیدی بکه‌نه‌وه. واجبه ته‌مجید بکرێ. تا حاڵی حازر، ئه‌به‌د سه‌معم به صودفه‌ش ئیهانه‌یێک یان قه‌ولێکی شه‌ڕی به نسیب نه‌بووه له جانبی ئه‌وه‌وه. له‌م ئاخره‌شدا فه‌رزکه‌ین ئه‌م هه‌وه‌سی بوطوله‌ته نه‌بوایه که مفاجء به‌م شکڵه داخلی عه‌قڵ و زیهن و قه‌لبی بوو، له طه‌ره‌فی تره‌وه عاممه‌ته‌ن کائینی تر مه‌وجود نه‌بوو به‌و حه‌دده موسه‌ققه‌ف بێ. قه‌ناعه‌تت هه‌بێ صانجۆ شه‌خسی خۆم که دیراسه و ته‌له‌بایه‌تیم له خاریج ته‌کمیل و خولاس کردووه، شه‌هاده‌که‌شم کوللی ده‌ره‌جه‌کانی جه‌یدو جه‌ید جیدده‌ن، به‌عزێ جار که مه‌سه‌له‌یه‌ک یان سوئالێک یان ته‌فسیری موعاده‌له‌یه‌ک لام عاسی ده‌بوو فه‌ره‌زنا سه‌عب حل ده‌کرا، ئیقبالی مراجه‌عه‌ی ئه‌وم ده‌کرد، به به‌عزێ ده‌قیقه بۆی حل ده‌کردم. زاتێک بوو کلی عیلم و مه‌عریفه‌ت و ئه‌ده‌ب و سه‌قافه‌ت و ئه‌خلاق بوو. قودره‌تمان نیه حه‌یاته ئیتر. نۆبه‌تی کولی ئێمه‌ش تاخیر نابێ و به قه‌ولی عه‌ره‌ب، قه‌ریبه. حاڵی حازر من ئیقتراحێکت ته‌قدیم ده‌که‌م که به جه‌ماعی داخل بین، خه‌به‌ری شووم سه‌به‌بی له‌عنه‌ته بۆ ئه‌و شه‌خسه‌ی وه‌صلی ده‌کا، مه‌هما شه‌خسی موخبیر زه‌ڕه‌یه‌کیش مه‌سئول نه‌بێ له ئه‌سبابی واقیعی ئه‌و خه‌به‌ره نه‌حسه‌دا.
نه‌گبه‌تی له‌وه دایه که هه‌موو دێکه‌و ماڵه‌وه‌ش ده‌یانگوت که ئه‌مجاره‌یان سانچۆ چوه‌ته بن کڵاشه‌ی و هانی داوه بڕۆن..
سانچۆ: ئه‌وه ڕاست نیه، ئه‌و به‌زۆر منی برد. گوتی ده‌یه‌وێ بچێته خه‌ڵوه‌ته‌وه. دوو نامه‌ی دامێ بیانگه‌یێنم، یه‌کێکیان بۆ شازاده‌ی تۆبۆسۆ که ناوی له هه‌رکه‌سێ ده‌پرسم پێم پێده‌که‌نێ و ده‌ڵێ “تۆبۆسۆ دێیه.. شازاده‌یه‌ک چی ده‌کا لێره” دووه‌م نامه‌ش بۆ خوشکه‌زاکه‌ی که ده‌بوایه پاره‌ی پێ وه‌ربگرم گومم کرد، ئاسمان و زه‌مین گه‌ڕام بۆی نه‌مدۆزیه‌وه. که‌ره‌که‌م که هه‌ر ئه‌وه‌م شک ده‌برد له‌ماڵی دنیا لێیان دزیم، بێ ئه‌ویش نازانم چۆن بچمه‌وه ماڵه‌وه بۆ به‌رده‌م تێرێزا. ئێستاش نازانم چی بکه‌م..
(خوشکه‌زا به دارێکه‌وه دێته ژوورێ. ده‌موچاوی تێک چووه و ئاگر له چاوه‌کانیه‌وه دێته ده‌رێ)
لۆساند: ئه‌ی تاوانبار.. ڕووت هات بێیته‌وه به‌م ماڵه‌دا.. خاڵمت چی لێ کرد؟ به کوشتت دا یا له برسان مرد یا خۆت کوشتت یا فرۆشتت یا وه‌ک یووسف خستته چاڵه‌وه..
(پێس ئه‌وه‌ی سانچۆ وه‌ڵام بداته‌وه لۆساند به داره‌که‌وه هێرشی بۆ ده‌با، سانچۆ ڕاده‌کا، ئه‌ویش دوای ده‌که‌وێ. دایه‌ن دێته ژوورێ)
زانای دێ: دایه‌ن بڕۆ خێرا خانمت بهێنه‌ره‌وه.. بڵێ دۆن کیشۆت ماوه نه مردووه.. من ئێستا ده‌زانم له کوێیه، ده‌چین به دوایدا.
په‌رده‌ی شه‌شه‌م
دێکه‌ی مارسێلا له سیێرا مۆرێنا
میوانخانه‌و مه‌یخانه‌ی دێ. لۆساند له‌گه‌ڵ زانای دێ له‌ده‌وری مێزێک دانیشتوون. باڕمه‌نه‌که‌ش به‌سه‌ر سه‌ریانه‌وه‌یه.
باڕمه‌ن: ئه‌م دێیه‌مان سه‌ره‌ڕێیه، ڕۆژانه له قازی و قاچاخچی و سه‌رباز و قه‌شه و زیندانی وهه‌موو جۆره خه‌ڵکێکی پێدا تێ ده‌په‌ڕێ، تا ئێستا ته‌نها سوارچاکم تێدا نه‌بینیوه. خه‌ڵکی زۆرم به‌ڕێ کردوون. وه‌هام ده‌زانی که چیدی سه‌رده‌می سوارچاکه پاڵه‌وانه‌کان به‌سه‌رچووه. سوارچاکم ته‌نها له کتێب‌دا بیستبوو، نه‌مده‌زانی که ئێستاش ماون. دۆن کیشۆت له‌م دێیه وه‌ک پاڵه‌وانێکی ڕاسته‌قینه ناسراوه، هه‌موو که‌س باسی ئازایه‌تی ده‌کا. به‌م زوانه زه‌ماوه‌ندێکی گه‌وره..
(مارسێلا و دۆن کاردێنیۆ و سانچۆ دێنه ژوورێ. دۆن کاردێنیۆ جلی زۆر جوانی له‌به‌ردایه و ڕیشی تاشراوه، به ئاسته‌م ده‌ناسرێته‌وه)
مارسێلا: خانم به‌خێر هاتی. خاڵت شایانی ئه‌و ناووشۆره‌ته‌یه که هه‌یه‌تی. پێکه‌وه ده‌ڕۆین بیهێنینه‌وه به‌شداری له زه‌ماوه‌نده‌که‌مان بکات. ئه‌وه‌ش دۆن کاردێنیۆ ده‌سگیرانم له‌سایه‌ی چاکه‌ی خاڵت.
(ژاوه ژاوێک درووست ده‌بێ.. دوو دوو قسان ده‌که‌ن.. زانای دێ له‌گه‌ڵ مارسێلا.. دۆن کاردێنیۆ له‌گه‌ڵ لۆساندا و سانچۆ له‌گه‌ڵ باڕمه‌ن)
لۆساند: من باش ده‌زانم که خاڵم دۆن کیشۆت، به هیچ شێوه‌یه‌ک نیازی نیه بگه‌ڕێته‌وه ماڵه‌وه. ده‌یه‌وێ وه‌کو هه‌موو پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌کان یا له سه‌فه‌ردا بمرێ یا له شه‌ڕدا.
زانای دێ: ئه‌م کاره‌مان پلانێکی وردی پێویسته‌و ده‌بێ به‌وردیش به‌کار ببرێ.
سانچۆ: ئه‌وه بزانن ئه‌گه‌ر دۆن کیشۆت خوشکه‌زاکه‌ی ببینێ ڕاسته‌وخۆ تێ ده‌گا بۆچی هاتوون، بۆیه ئه‌گه‌ر دۆنا لۆساند هه‌ر بیه‌وێ به‌شداری بکات ده‌بێ یا سه‌روه‌رم نه‌یبینێ یان به شێوه‌یه‌ک خۆی بگۆڕێ که نه‌یناسێته‌وه.
مارسێلا: شتێک که وا له دۆن کیشۆت بکا ڕێی خۆی بگۆڕێ ئه‌وه‌یه که که‌سێک بڵێ لێم قه‌وماوه و داوای یارمه‌تی لێ بکا.
دۆن کاردێنیۆ: ئه‌گه‌ر هه‌رفێڵێک به‌کار بهێنین و دۆن کیشۆت باوه‌ڕی پێ بکا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێگاکه دووره هه‌ر پێمان ده‌زانێ، وه‌کو شێروخه‌ت وایه ناتوانین له سه‌دا سه‌د دڵنیا بین لێی. بۆیه من بیرم له‌وه کرده‌وه که به زۆر بیهێنین، مه‌به‌ستم له زۆر ئه‌وه‌یه که شتێک بێ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێشی بزانێ تازه هیچی پێ نه‌کرێ.
زانای دێ: له ڕۆمانه‌کانی سوارچاکیدا باس له جادووگه‌ران کراوه، جاری پێشوو بۆ له‌ناوبردنی کتێبه‌کانی و گۆڕینی ژووره‌که‌ی ئه‌مه‌مان به‌کارهێنا. له کتێبه‌کاندا که جادووگه‌رێک ده‌یه‌وێ پاڵه‌وانێک له شوێنێکه‌وه بگوێزێته‌وه بۆ شوێنێکی تر، ئه‌و هۆیانه به‌کار ناهێنێ که هه‌موو که‌س به‌کاریان دێنێ. بۆیه من بیرم له درووسکردنی شتێکی تایبه‌ت کرده‌وه که به‌هۆیه‌وه بیگوێزینه‌وه. بێگومان بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌م پلانه، ڕۆڵی هه‌ریه‌ک دیاری کراوه‌و ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی درووست کاره‌که‌ی جێبه‌جێی بکات.. (گوێمان له مۆزیکه ده‌نگی زاناکه داده‌پۆشێ)
په‌رده‌ی هه‌فته‌م
کێوسپی. به‌رده‌م ئه‌شکه‌وته‌که.
سانچۆ دێته ژوورێ. دۆن کیشۆت له‌به‌رده‌میدا ڕاست ده‌بێته‌وه. نیمچه ڕووت، وه‌ک پاپووه‌کانی ئوسترالیا به شوڵک ته‌نووره‌یه‌کی له گه‌ڵاو گژوگیا بۆ خۆی درووست کردووه، ڕیشێکی ماشوبرنجی هه‌یه، دارێکی به ده‌سته‌وه‌یه. سانچۆ وا ده‌زانێ خه‌و ده‌بینێ یان جادووی لێ کراوه.
دۆن کیشۆت: هاتیته‌وه؟ سه‌فه‌رێکی خۆش بوو؟ ئه‌وا گوێت لێ ده‌گرم، هه‌ر له ڕۆشتنه‌وه بۆم باس بکه تا گه‌یشتن و هاتنه‌وه‌ت.
سانچۆ: ئه‌گه‌ر خه‌و نه‌بینم ئه‌مه یه‌که‌م جاره به ڕاستی و به‌و شێوه ڕوونه که‌سێک ده‌بینم له‌ودیو ژیانه‌وه هاتبێ. ئێوه خۆشبه‌ختن که ئێمه ده‌بینن بێ ئه‌وه‌ی ئێمه بتانبینین، هه‌رکاتێکیش ئاره‌زووتان بوو خۆتان ده‌رده‌خه‌ن.
دۆن کیشۆت: هه‌رگیز باسی شتێک ناکه‌م که نه‌یبینم، ویستم باسی هه‌رشتێکیش بکه‌م پێویستم به‌وه‌یه هه‌ستی پێ بکه‌م که باسی بکه‌م. ئه‌و شتانه‌ی له منه‌وه ده‌یانبیستی دوو جار ڕاستن. به‌ڵێ ئه‌و که‌سه خۆشبه‌خته که ده‌بینێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ده‌بینێ و هه‌رگیز نابینرێ، له‌دوای تاقیکردنه‌وه ده‌توانم بڵێم که له‌و که‌سه به‌دبه‌ختتر نیه. ته‌نها مردن ناتگه‌یه‌نێته دنیایه‌کی تر، له‌م سه‌ر زه‌ویه‌مان، دنیای زۆر هه‌ن که بێ مردن ده‌توانی پێیان بگه‌ی، ڕۆژانه خه‌ڵک له‌و دنیایانه‌وه دێنه‌وه به‌ڵام ئه‌وه ئێمه‌ین نابینین.
سانچۆ: له‌گه‌ڵ تێرێزا دوو منداڵمان هه‌یه. چه‌ند مانگێکه له خزمه‌تی دۆن کیشۆتدام. به‌ڵێنی پێ داوم که بووه پاشایه‌کی گه‌وره یان ئیمراتۆر، بمکا به سه‌رداری دووروگه‌یه‌ک یان کۆمه‌ڵێ دووروگه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند. دۆن کیشۆتیش که به‌ڵێنێکی دا جێ به‌جێی ده‌کا. به‌ڵام ده‌بینم هه‌موو که‌س دژی ئه‌وه‌یه که ببێته پادشا، گوایه سه‌رده‌می سوارچاکه گه‌ڕۆکه‌کان به‌سه‌ر چووه، که‌سیش له سوارچاکێکه‌وه نابێته پادشا.. ئایا ناکرێ یا به زووترین کات بیکه‌ن به پادشا، یا وای لێ بکه‌ن بڕیار بدا ده‌سبه‌ردار بێ و بگه‌ڕێینه‌وه لای ماڵ و خێزانی خۆمان؟
دۆن کیشۆت: (تێ گه‌یشت که سانچۆ نایناسێته‌وه‌و هێشتا هه‌ر به مێرلانی جادووگه‌ری تێ ده‌گا، بۆیه ئه‌ویش وه‌ک مێرلان قسه ده‌کا) کارم ئه‌وه‌یه پاڵه‌وانه‌کان سارد بکه‌مه‌وه و له ڕێی که‌له ڕه‌قی خۆیان لایان بده‌م.. بینیت چۆن ژووره‌که‌ی دۆن کیشۆت که هێند جه‌نجاڵ بوو ڕێت ده‌ر نه‌ده‌برد تێیدا، گۆڕیم بۆ ژوورێکی سپی چوڵوهۆڵ. دێوه‌کان به ئاشی با و له‌شکره‌کان به ڕانه‌مه‌ڕو هه‌تا دوایی. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه دۆن کیشۆت کۆڵی نه‌دا. ده‌بێ ئه‌وه بڵێم که من نامه‌وێ به‌و زووانه کۆڵ بدا، چونکه ئیتر من بێکار ده‌بم و ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتنێکی خێرا به‌ده‌ست بهێنم تامی نیه. له‌گه‌ڵ هه‌موو سوارچاکانی مێژوودا ململانێم بووه، که‌سم وه‌ک دۆن کیشۆت به‌و باوه‌ڕه پته‌وو وره به‌رزه نه‌بینیوه.. مه‌خابن ده‌ترسم نه‌توانم ڕێی لێ بگرم ببێته که‌سێکی گه‌وره. ئێستاش نۆره‌ی منه پرسیار بکه‌م.. ئایا نامه‌کانی دۆن کیشۆتت گه‌یاند؟
سانچۆ: که گه‌یشتم هه‌موو گیانم گه‌ڕام به دوایاندا نه‌مدۆزینه‌وه..
دۆن کیشۆت: وه‌هام کرد که دۆن کیشۆت بیری بچێ نامه‌کانت بداتێ و هه‌ر له ده‌ستیدا بوون که تۆ ڕۆیشتی.
سانچۆ: به‌ڵام نامه‌که‌ی بۆ خانمی تۆبۆسۆ نووسیبووی ئه‌وه‌یانم له‌به‌ر به زانای دێ گوت، ئه‌ویش جارێکی تر نووسیه‌وه..
دۆن کیشۆت: خانمی به‌ناوبانگی تۆبۆسۆت بینی؟
سانچۆ: به‌ڵێ به‌ڵا..
دۆن کیشۆت: چاوت به‌و شازاده پایه‌داره که‌وت؟
سانچۆ: به‌ڵێ به‌ڵام..
دۆن کیشۆت: توانیت ته‌ماشای بکه‌ی، یا نووری جوانیه‌که‌ی به‌ر شه‌واره‌ی خستی و کوێری کردی؟ یان له شه‌رماندا ته‌نانه‌ت نه‌تتوانی چاو هه‌ڵبهێنی و دامێنی کراسه‌که‌ی ببینی؟ که‌واته به چاوی خۆت ئه‌و زاته‌ت بینی؟
سانچۆ: به‌ڵێ، به‌ڵام من شازاده‌یه‌کم نه‌بینی، کچی خاوه‌ن مه‌یخانه‌ی تۆبۆسۆم بینی، ئه‌و جوانه‌ش نه‌بوو که سه‌روه‌رم باسی ده‌کرد، ڕشکنێکی زیپکاوی بوو..
دۆن کیشۆت: ئه‌ی ئه‌و چاوانه بڵێم چیان لێ بێ.. ئه‌وه ئاساییه که تۆ به‌و شێوه‌یه بینیوته چونکه ئه‌وه ئه‌فسوونی من بوو گۆڕی له‌به‌ر چاوت. ئه‌ی که بینیت، ئایا له کۆشکێکی به‌رزی مه‌ڕمه‌ڕدا بوو؟ که ده‌یه‌ها باڵه‌خانه‌ی جۆراوجۆر به نه‌خش و نیگاری وه‌ستا گه‌وره‌کان ڕازێنرابوونه‌وه؟ له‌پشت هه‌ر باڵه‌خانه‌یه‌کیشه‌وه چراخانێک شه‌وی ده‌یجووری ده‌کرده ڕۆژی ڕووناک؟
سانچۆ: نه‌خێر گه‌وره‌م خانووه‌که‌یان گڵین بوو دوو ژوور‌و گه‌وڕێک بوو که له هه‌مان کاتدا بۆ ئاوده‌ستیش به‌کاریان ده‌هێنا.
دۆن کیشۆت: ئه‌یییی.. خۆش حاڵم که به‌و شێوه‌یه هاتووه‌ته پێش چاوت، که‌واته جادووه‌که‌م سه‌ری گرتووه. ئه‌ی که بینیت، ئایا له بێکاریدا، بۆ ئه‌وه‌ی کاتی ئاڵتونینی به‌نرخی خۆی به‌سه‌ر ببا، خه‌ریکی ژماردنی مرواریو درووست کردنی ملوانکه‌ی سه‌ده‌ف به به‌ردی یاقووت و شه‌وه و زمڕود و مۆره بوو؟
سانچۆ: نه‌خێر گه‌وره‌م که بینیم خه‌ریک بوو پوشوپه‌ڵاشی شه‌ن ده‌کردن، دواییش مه‌ڕه‌که‌ی دۆشی.
دۆن کیشۆت: ئای.. هه‌ی.. ئه‌ی کاری پیرۆز.. ئه‌ی ئافره‌تی ده‌ست و په‌نجه ڕه‌نگین. ئه‌ی خانه‌دانترین شازاده‌ی هه‌مه‌کاره، ئه‌وه‌ش سه‌ری گرتووه. زۆرچاکه، ئێستا پێم بڵێ سانچۆ، که نامه‌که‌ت دایه ده‌ستی، چ کار‌و کاردانه‌وه‌یه‌کی هه‌بوو؟ ئایا له خۆشی‌دا چاوه‌کانی له چرکه ساتێکدا سووربوون و مرواری فرمێسکه‌کانی که‌وتنه ناو مرواریه‌کانی ناو قوتووه ڕه‌نگینه‌که‌ی و تێکه‌ڵی یه‌ک بوون؟ یا ئایا ته‌نها هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی پڕ حه‌سره‌تی هه‌ڵکێشاو گله‌یی له چه‌رخی زه‌مانه کرد که چۆن بێ به‌زه‌ییانه دڵی ناسکی دڵداران ده‌هاڕێ؟
سانچۆ: نه‌خێر گه‌وره‌م له‌کاتی شه‌ن کردندا بوو وه‌ک پێمگوتی، که نامه‌که‌م ده‌رهێنان گوتی جا من چی بکه‌م له کاغه‌زێک، ئه‌وه‌نیه ده‌مبینی خه‌ریکی خوێندنم له‌م زانکۆیه‌دا، من خوێنده‌واریشم نیه نه‌گبه‌ت. دوایی لێم پرسی باشه چی لێ بکه‌م: گوتی ده له‌سه‌ر ئه‌و فه‌رده گه‌نمه بۆم دابنێ و بڕۆ له‌په‌نای خودێدا بی.
دۆن کیشۆت: ئه‌وه.. ئه‌وه.. ئه‌وه پێی گوتووی دای بنێی که خۆی دوورله چاوی خه‌ڵک به ئاره‌زووی دڵی بیخوێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واو له‌زه‌ت له وشه به وشه‌ی وه‌ربگرێ. ئه‌ی فه‌رمانی به چی بوو؟ ئایا ده‌یویست بگه‌ڕێمه‌وه یان به‌رده‌وام بم؟
سانچۆ: مه‌به‌ستت چییه گه‌وره‌م؟
دۆن کیشۆت: ها.. ماباستم؟ ئێ.. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئایا ده‌یویست من به‌رده‌وام دژایه‌تی دۆن کیشۆت بکه‌م یان نا؟
سانچۆ: به‌ڵێ.. نا نا.. نه‌خێر نه‌خێر.. نانانا.. به‌ڵێ به‌ڵێ نا به‌ڵێ.. گه‌وره‌م نازانم. ئه‌وه‌نده ده‌زانم که ده‌یویست دۆن کیشۆت بچێته‌وه بۆ لای.
(گوێمان له مۆزیکێکه.. ده‌نگی ئه‌کته‌ره‌کان نغرۆ ده‌بێ. دۆن کیشۆت و سانچۆ ده‌خه‌ون. ڕووناکی کز ده‌بێ. زانای دێ و مارسێلاو لۆساندو دۆن کاردینیۆ به جلی ڕه‌شه‌وه دێنه ژوورێ. قه‌فه‌زێکی گه‌وره‌یان به‌سه‌ر شانه‌وه‌یه. قه‌فه‌زه‌که له ناوه‌ڕاستی شانۆکه‌دا داده‌نێن. ده‌وری دۆن کیشۆت ده‌ده‌ن، به گوریس ده‌ست و پێی شه‌ته‌ک ده‌ده‌ن. هه‌ڵیده‌گرن و ده‌یهێننه ناو قه‌فه‌زه‌که.)
دۆن کیشۆت: (به خه‌به‌ر دێته‌وه) بینیت سانچۆ؟. به شه‌و له خه‌ودا زه‌فه‌ری پێ هێنام جادووگه‌ر.
سانچۆ: (به خه‌به‌ر هاتوه‌ته‌وه) گه‌وره‌م ئه‌مه‌یان جادوو نیه‌و ڕاستیه.
دۆن کیشۆت: ده‌بێ جادوو بۆ یه‌کێکمان ڕاستی بنوێنێ ئه‌گینا جادوو نیه. سانچۆ بزانه که ئه‌وه‌ی بۆ تۆ به ڕاستی ده‌بینی بۆ من جادووه، ئه‌وه‌یش بۆتۆ جادووه من به ڕاستی ده‌یبینم. ئاساییه که من و تۆ شته‌کان وه‌ک یه‌ک نابینین.. نیگه‌ران مه‌به..
سانچۆ: به‌ڵام گه‌وره‌م ئه‌م جاره‌یان دڵنیام.. ئه‌وه مامۆستای دێیه، ئه‌وه خوشکه‌زاکه‌ته، ئه‌وه دۆن کاردێنیۆیه، ئه‌وه‌ش مارسێلایه..
دۆن کیشۆت: ئه‌گه‌ر به جادوو زیندانی کراوم، ئه‌گه‌ر خه‌و ده‌بینم وا ده‌مبه‌ن، ئه‌گه‌ریش هه‌موو ئه‌مانه ڕاستین، من هه‌ر ده‌رباز ده‌بم و دێمه‌وه.
کۆتایی