Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
دیدی فۆتۆگرافیانه‌ بۆ شانۆ

دیدی فۆتۆگرافیانه‌ بۆ شانۆ

Closed
by January 13, 2014 شانۆ

 

 

 

 

 

دیدی فۆتۆگرافیانه‌ بۆ شانۆ, ته‌نیا بریتی نیه‌ له‌ دیدێكی ئه‌رشیفیانه‌, به‌ڵكو ئه‌وه‌یان ته‌نها ره‌هه‌ندێكی ئه‌رشیفیه‌ بۆ وێنه‌, به‌ڵام ڕه‌هه‌نده‌كانیتری وێنه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ره‌هه‌ندی جوانكاریی وپرسیاری دیارده‌گه‌رایی ناو وێنه‌, جگه‌ له‌وه‌ هونه‌ری فۆتۆگراف بۆ خۆی هه‌وڵی سوود مه‌ند بوونی داوه‌ له‌وێنه‌ی شانۆیی, به‌واتای په‌یوه‌ندیی نێوان وێنه‌ی فۆتۆگرافی و وێنه‌ی شانۆیی, په‌یوه‌ندیه‌كی ئۆرگانیه‌, په‌یوه‌ندیه‌ك سه‌ره‌نجام فۆتۆگراف ساتێك له‌وێنه‌ی شانۆیی ده‌وه‌ستێنێت كه‌ بوونی خۆی تیا ده‌ست نیشان ده‌كات, به‌ڵام وێنه‌ی شانۆیی ئه‌و ساته‌ی فۆتۆگراف ئاماده‌بوونی تیا هه‌یه‌, بۆ شانۆ ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌رشیفێكی شانۆیی, كه‌ توانای بینینی به‌ڵگه‌ی هه‌یه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی قۆناغه‌كانی ڕابردوو.

ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیمان به‌دنیاكه‌مانه‌وه‌ بۆ ده‌خاته‌ ڕوو, په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ به‌ كامێراوه‌, ئه‌و ئامێره‌ كه‌ ساته‌ زه‌مه‌نیه‌كانمان ده‌وه‌ستێنێت. ساته‌وه‌ختێك ڕاده‌گرێت تا بیپارێزێت, چۆن ده‌په‌ڕێته‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵگای ئێمه‌؟ ئاخۆ ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی ئه‌و ئامێره‌ له‌ناو ژیانی ئێمه‌دا بینی چیه‌؟ 

ئه‌و ده‌مانه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌مان دایه‌وه‌, ئه‌وسا هه‌وڵ ده‌ده‌ین په‌یوه‌ندیی نێوان وێنه‌ی فۆتۆگرافی و وێنه‌ی شانۆیی بخه‌ینه‌ ڕوو, بۆ ئه‌وه‌ش پێویستمان به‌وه‌ ده‌بێت بپرسین: وێنه‌ چیه‌؟ ئاخۆ وێنه‌ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌رشیف؟ ئاسته‌ زه‌مه‌نیه‌كان چۆن له‌وێنه‌دا بناسین؟ په‌یوه‌ندیی نێوان وێنه‌ی فۆتۆگرافی و وێنه‌ی شانۆیی له‌چیدایه‌؟ ئاخۆ وێنه‌ی شانۆیی ساته‌وه‌ختی بنیاتنانی وێنه‌ی فۆتۆگرافیه‌؟ وێنه‌ی شانۆیی له‌رێگه‌ی فۆتۆگرافه‌وه‌ ساته‌وه‌ختێكی مردووه‌ یاخود زیندووكردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریه‌ له‌ئێستادا؟

 

سه‌ره‌تایه‌ك بۆ وێنه‌ی فۆتۆگرافی

وێنه‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌ر له‌بوونی فۆتۆگرافیش بوونی هه‌بوو, به‌ڵام دیدگای  هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كار بوو, كه‌هه‌ڵده‌ستان به‌كێشانی پۆرترێت, ئه‌و ده‌مه‌ی به‌هۆی تواناو سه‌لیقه‌ی خۆیانه‌وه‌ پۆرترێتی كه‌سه‌ ناسراوو باڵا ده‌سته‌كانیان ئه‌كێشا, به‌ڵام له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا توانرا به‌هۆی سندوقی دارینه‌ی زله‌وه‌ وێنه‌ی مرۆڤه‌كان بگیرێت ودواتر وێنه‌كان بشورێنه‌وه‌و له‌سه‌ر كاغه‌ز چاپبكرێت.

به‌پێی رۆژگارو ساڵه‌كان به‌ته‌واوی گه‌شه‌ی سه‌ندو تا هه‌وڵ درا ئه‌و سندوقانه‌ قه‌باره‌یان بچووكتر بكرێته‌وه‌و بتوانرێ‌ به‌ئاسانی بگوازرێنه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كان, ئه‌وه‌ش كۆمه‌كی زۆری كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌نیا له‌خۆر ئاوا نه‌مێنێته‌وه‌, بۆیه‌ خۆرهه‌ڵاتناسان له‌ڕێگه‌ی سه‌فه‌ره‌كانیان بۆ خۆرهه‌ڵات, له‌كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست كامێرایان له‌گه‌ڵ خۆیان بۆ خۆرهه‌ڵات هێناوه‌, هێنانی كامێرا كۆمه‌ككردنی خۆیان بووه‌ بۆ توێژینه‌وه‌كانیان له‌باره‌ی خۆرهه‌ڵاته‌وه‌.

به‌هۆی كاری بازرگانی له‌ڕێگه‌ی ئه‌سته‌نبۆڵه‌وه‌ توانرا خه‌ڵكی عیراق به‌كامێرای فۆتۆگراف ئاشنا ببن, ئه‌ویش سه‌ره‌تا له‌شاری موسڵ ده‌ركه‌وت, جیا له‌وه‌ی شوێنێكی ستراتیژی بازرگانی بوو, له‌هه‌مانكاتدا شوێنه‌واری شارستانی لێبووه‌, ئه‌وه‌ هانی وێنه‌گره‌كانی داوه‌ له‌وێ‌ وێنه‌ بگرن, سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌ركه‌وتنی چه‌ندین وێنه‌گر بووه‌ له‌شاری موسڵ, ده‌توانرێ‌ ئه‌وه‌ به‌سه‌ره‌تای ئه‌و هونه‌ره‌ له‌عیراق بناسرێت.

ئاشنابوونی كۆمه‌ڵگای كوردیی له‌گه‌ڵ ئه‌م هونه‌ره‌ هه‌ر له‌ڕێگه‌ی وێنه‌گره‌كانی شاری موسڵ بووه‌, به‌تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ی هونه‌رمه‌ند جه‌مال داود, ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كه‌ دانیشتوی شاری هه‌ولێر بووه‌, په‌یوه‌ندیی هاورێیه‌تی له‌گه‌ڵ موراد داغستانی هه‌بووه‌ كه‌ به‌دووه‌م وێنه‌گری عیراقی داده‌نرێت, دوای نه‌عوم ئه‌لسائیغ.

ده‌ركه‌وتنی وێنه‌ له‌كۆمه‌ڵگای كوردییدا خاڵی نه‌بووه‌ له‌كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی, به‌ڵام نه‌توانراوه‌, ڕێگری له‌م هونه‌ره‌ بكرێت, بۆیه‌ پێداویستی ژیان وای كردووه‌, له‌هونه‌ره‌وه‌ بپه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێویستیه‌كی ناو ژیانی رۆژانه‌, وه‌ك دواتر ده‌وڵه‌ت له‌كاروباری فه‌رمانگه‌كانی پشتی پێده‌به‌ستێت.

ده‌ركه‌وتنی وێنه‌ی شه‌مسی به‌رهه‌می ئه‌و دۆخه‌ی ناو دنیای وێنه‌گرتنه‌, ئه‌وه‌ جۆرێكیتری وێنه‌یه‌ له‌ژیانی ئێمه‌دا, كه‌ وێنه‌ی بچووك ئه‌و وێنه‌یه‌ بۆ كاروباری فه‌رمانگه‌كان به‌كار هاتووه‌, كه‌ بریتی بووه‌ له‌سندوقێكی دار كه‌ به‌ چوار پاییه‌ك وه‌ستاوه‌, وێنه‌گر له‌ڕێگه‌ی قوماشێكه‌وه‌ بۆ تاریكبوون سه‌ری ده‌خاته‌ ناو ئه‌و قوماشه‌وه‌و وێنه‌ ده‌گرێت, ئه‌و ئاسته‌ی وێنه‌ فیگور له‌سه‌ر كارتۆنی بچووك ده‌پارێزرێت, وه‌ك به‌ڵگه‌ی بوونی كه‌سێتی, كه‌ تا كۆتایی ده‌یه‌ی هه‌شتاكان له‌شاره‌كانی كوردستان بوونی هه‌بووه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌فه‌ره‌ ده‌گمه‌نانه‌ی كه‌ مرۆڤی كوردیی له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكان ئه‌نجامی ئه‌دا, توانی جۆرێكیتری كامێرا بێنێته‌ ناو كوردستان, ئه‌ویش كامێرای كۆداك بوو كه‌ به‌ كامێرای فه‌وڕی ناسرا, كه‌ هه‌مان كات وێنه‌كه‌ی به‌ڕه‌نگاو ره‌نگ ده‌رده‌خست, ئه‌وه‌ش ساتێكی گرنگی وێنه‌بوو له‌ژیانی ئێمه‌دا, هه‌ڵبه‌ت ئه‌و جۆره‌ وێنانه‌ زیاتر له‌جه‌ژن و بۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان ده‌گیران به‌هۆی ئه‌وه‌ی فیلمی وێنه‌كان بریتی بوو له‌ ده‌ وێنه‌, واته‌ ژماره‌ی فیلمه‌كه‌ بۆ وێنه‌كان ده‌ست نیشان كراو بوو.

ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی جه‌ژنان كاتێ‌ وێنه‌گره‌كان له‌پاڵ وێنه‌یه‌كی فراوانی سرووشت وێنه‌یان بۆ هاوڵاتیان ده‌گرت, بۆخۆی جۆرێك بوو له‌درامایه‌كی ناو سرووشت كه‌ مرۆڤه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو ژیانی لادێ‌, كه‌ به‌پێی ئه‌و دیده‌ی كه‌ هاتنی كامێرای فه‌وڕی هاوكات بوو له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ری به‌زۆری مرۆڤی كوردیی له‌لادێكانه‌وه‌ بۆ ناو شاره‌كان, كه‌ به‌عس ده‌یویست وێنه‌ی لادێكان له‌زهنی ئه‌وان بسڕێته‌وه‌, بۆیه‌ له‌جه‌ژندا وێنه‌گره‌كان له‌شاردا دیمه‌نێكی فراوانی سرووشتیان له‌ته‌نیشت باخه‌كان هه‌ڵئه‌واسی, بۆیه‌ مرۆڤه‌كان به‌ته‌وسه‌وه‌ ئه‌و چركه‌ ساته‌ به‌ جل وبه‌رگی كوردیه‌وه‌ وێنه‌ی خۆیان له‌وێ‌ ئه‌گرت و هه‌ر له‌هه‌مان كاتدا ئه‌و وێنه‌یان وه‌رده‌گرته‌وه‌, ئه‌وه‌ درامای یاده‌وه‌ری مرۆڤی كوردیی بوو, به‌ر له‌سه‌فه‌ری هاتنی بۆ شاره‌كان.

به‌دوای ئه‌و قۆناغه‌و هاتنی جۆرێك له‌ زینده‌گی نوێ‌ و ئه‌زموونی حوكمڕانی كوردیی, جۆرێكیتری وێنه‌ ده‌ركه‌وت, له‌ڕێگه‌ی كامێرا دیجیتاڵ, كه‌  جۆرێكیتری وێنه‌ی له‌ژیانی ئێمه‌ خوڵقاند, ئیتر وێنه‌كان به‌ته‌نیا بریتی نه‌بوون له‌ پارچه‌ كارتۆنێك, به‌ڵكو بتوانن له‌ناو كامێراكان و كۆمپیوته‌رو شاشه‌ی مۆبایله‌كان سه‌یر بكرێن و بپارێزرێن, كه‌ ئه‌وه‌ له‌ئه‌مڕۆدا دواهه‌مین مۆدی پاراستنی وێنه‌یه‌. 

 

وێنه‌ له‌نێوان فۆتۆگراف و شانۆدا

په‌یوه‌ندی نێوان وێنه‌ی فۆتۆگرافی و وێنه‌ی شانۆیی, وه‌ستانی ساته‌وه‌ختێكی زه‌مه‌نیه‌, چونكه‌ وێنه‌ی شانۆیی جوله‌یه‌كی شێوه‌كاریانه‌ی بزاوته‌ له‌ڕێگه‌ی جوله‌و ڕه‌نگه‌وه‌, فۆتۆگرافه‌ر ئه‌و وێنه‌یه‌ له‌ساته‌وه‌ختێكدا ده‌وه‌ستێنێت, ئه‌وه‌ ساتی جوانكاری وێنه‌ی شانۆییه‌, كه‌ ده‌بێته‌ وێنه‌ی فۆتۆگرافی, ئه‌و ساتی گرته‌یه‌ كه‌له‌ڕێگه‌ی فلاشی كامێراوه‌ ده‌ست نیشان ده‌كرێت, وه‌ستانی وێنه‌یه‌ وه‌ك شانۆ وده‌ست پێكردنیه‌تی وه‌ك وێنه‌ی فۆتۆگرافی.

لێره‌وه‌ وێنه‌ی فۆتۆگرافی زینده‌گیه‌كی تر ده‌ژیێت, ئه‌وه‌ پاراستنی شانۆیه‌ بۆ زه‌مانێكتر, پاراستنێك وه‌ستاندنیه‌تی له‌ناو وێنه‌دا, كوشتنی ده‌نگه‌ له‌ناو وێنه‌, ئێمه‌ ڕیتم ومۆسیقاو ووشه‌ و ده‌نگ نابیستین, هه‌موو شتێك به‌ بینین ده‌به‌خشرێته‌وه‌, بینین مانایه‌كیتر ده‌به‌خشێت, كه‌ ته‌نیا ڕه‌نگ وفیگور ودیدگاكانن ده‌پارێزرێن.

ئه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌ دیكۆمێنت بۆ شانۆ, درووستكردنی ئه‌رشیفی شانۆیه‌, كه‌ بتوانرێ‌ وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی شانۆیی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕابردوو به‌كار بهێنرێته‌وه‌, وێنه‌ی فۆتۆگرافی له‌رێگه‌ی وه‌ستانه‌وه‌ ساتی مردن تۆمار ده‌كات, كوشتنی ژیانی ناو شانۆیه‌, كوشتنێك له‌ناو وێنه‌وه‌ ده‌پارێزێت, تا له‌و كوشتنه‌وه‌ زینده‌گی خۆی بژیێت, ئه‌وه‌ دوالیزمی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ ده‌خولًَقێنێت, ئه‌وانه‌ی له‌ناو زاكیره‌ی بینه‌ردا به‌ره‌و بیرچوونه‌وه‌ ده‌ڕۆن یاخود نه‌ست له‌هزریدا تۆماری ناكات, وێنه‌ی فۆتۆگرافی ده‌یپارێزێت, كۆمه‌كی ئه‌وه‌مان ده‌كات وێنه‌كانمان بیر بێتته‌وه‌, بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ناو ساتی نمایش, له‌ساتی نه‌بینینیش ده‌رفه‌تی نزیك بوونه‌وه‌ی زه‌مه‌نیمان ده‌دات.

ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی خوێندنه‌وه‌ بۆ نمایش ده‌كاته‌وه‌, به‌وه‌ی چۆن له‌فۆتۆگرافه‌وه‌ شانۆ بخوێنینه‌وه‌, نه‌ك به‌و مانایه‌ی ئێمه‌ پێویستمان به‌ نمایش نه‌بێت و به‌قه‌د ئه‌وه‌ی وێنه‌ی فۆتۆگرافی كۆمه‌كی نزیكبوونه‌وه‌ی زه‌مه‌نیمان ده‌كات, ده‌رگا ده‌كاته‌وه‌ بۆ جۆرێكیتری ناسین, كه‌ ئه‌وه‌ش به‌دوو چه‌مك لای رۆلان بارت ناو ده‌برێت, ئه‌وانیش (ستۆدیۆم وبۆنكتۆم).

 

وێنه‌ ڕووبه‌رێك بۆ ناسینی كولتور

ستۆدیۆم وه‌ك پێناسه‌كه‌ی بارت بریتیه‌ له‌ته‌ئویلكردن وپێشوازی كولتوری وزمانه‌وانی وسیاسی بۆ وێنه‌, له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ئه‌و ده‌مه‌ی له‌به‌رده‌می وێنه‌یه‌كی ئه‌رشیفی شانۆ ده‌وه‌ستین, ئه‌و وه‌ستانه‌ ڕووبه‌روو بوونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ دۆخی سه‌رده‌مێك وناسینی كولتوری شانۆ له‌ناو وێنه‌دا, ئه‌وه‌ ئاشنا بوونه‌ به‌ نمایش, توانای ته‌ئویلكردنی دنیای ناو وێنه‌ی فۆتۆگرافیمان ده‌بێت, له‌بنه‌ره‌تدا وێنه‌یه‌كی شانۆییه‌, ئه‌وه‌ له‌بوونی وتاری ڕه‌خنه‌یی ده‌توانین وێنه‌ زیاتر به‌ره‌و قوڵایی رۆژگاری نمایشه‌كانمان به‌رێت.

له‌و حاله‌ته‌دا چه‌مكی دووه‌م (بۆنكتۆم) بۆ وێنه‌ ده‌رده‌كه‌وێت, كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌كاریگه‌ری كه‌سی له‌ڕێگه‌ی وێنه‌وه‌, كاریگه‌ری وێنه‌ ده‌توانێ‌ دیدگامان له‌م باره‌یه‌وه‌ بخاته‌ ڕوو, ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیی وێنه‌ی شانۆیی و وێنه‌ی فۆتۆگرافی ده‌باته‌ سه‌ر ته‌ئویلكردنی په‌یوه‌ندیی, په‌یوه‌ندیه‌ك له‌به‌ره‌ده‌م چه‌مكی ستۆدیۆم سه‌ره‌تا نیگاكردن بێت له‌جوانی, ئه‌وه‌ له‌چه‌مكی بۆنكتۆم كاریگه‌ری جوانی به‌ره‌و مه‌عریفه‌ی وێنه‌ی شانۆییمان ده‌بات.

 بۆیه‌ وێنه‌ ئه‌و ئه‌رشیفه‌یه‌ كه‌ توانای ئاسته‌ زه‌مه‌نیه‌كان ده‌گه‌یه‌نێته‌وه‌ به‌یه‌كتر, ئه‌وه‌ی زه‌مه‌ن ده‌به‌ستێته‌وه‌ ڕێگا نادات كه‌لێن بكه‌وێته‌ نێوان زه‌مه‌نی ئێمه‌ وزه‌مه‌نی ئه‌وان, ئه‌وا وێنه‌كانن, وێنه‌ی فۆتۆگرافی ساتی به‌یه‌كگه‌یشتنی وێنه‌ی شانۆییه‌ له‌ زه‌مه‌ندا.

زه‌مه‌نی وێنه‌ی فۆتۆگرافی وه‌ستاندنی شانۆیه‌ له‌ساتی بنیاتنانی وێنه‌, ئه‌و چركه‌یه‌ی فلاشی كامێرا ڕاگرتنیه‌تی كوشتنیه‌تی له‌پێناو زیندوویه‌تی, تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن ئه‌وه‌مان تێده‌گه‌ینێت ئه‌وه‌ تۆماركردنی ساته‌وه‌ختێكی مردوو نیه‌, ئه‌و وه‌ستانه‌ زیندووكردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریه‌ له‌ئێستادا.

وێنه‌ یاده‌وه‌ری ده‌پارێزێت, به‌ره‌و ئێستا ده‌یهێنێته‌ ناو زمانه‌وه‌, زمانی خوێندنه‌وه‌ی وێنه‌ ڕوانینێكی ئاماژه‌كاری تایبه‌ته‌, توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ جۆرێك له‌ مه‌عریفه‌ی شانۆییمان پێ‌ ببه‌خشێت, ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ نه‌مانبینیوون, وێنه‌ بینینه‌كانی ڕاگرتووه‌, تا كه‌ناڵێك بۆ رۆژگاری ئێمه‌ درووست بكات, ئه‌وه‌ش جۆرێكیتره‌ بۆ خوڵقاندنی ده‌یالۆگی ڕه‌خنه‌یی, له‌هه‌مانكاتدا كۆمه‌كی گوتاره‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كه‌مان ده‌كات, ئه‌گه‌رچی ئه‌و ڕووبه‌ره‌ له‌خوێندنه‌وه‌ی وێنه‌ تا ئێستا له‌گوتاری ڕه‌خنه‌ی شانۆییمان بوونی نیه‌.

وێنه‌ فۆتۆگرافه‌كانی كاره‌كانی لابۆری شانۆی لالش یان گروپی شانۆی بێسنور یاخود وێنه‌ی هه‌ر نمایشێكی شانۆیی كه‌ له‌خۆرئاوا یان له‌هه‌ر شوێنێكتر نمایش كراوه‌و ئێمه‌ نه‌مان بینیون, كه‌ زیاتر دیدی نووسراو ووێنه‌كان به‌ ئێمه‌ گه‌یشتوون, له‌و كاته‌دا وێنه‌ توانای دۆزینه‌وه‌ی زمانێكی هه‌یه‌ كه‌ نزیكمان بكاته‌وه‌ له‌ئه‌زموونی كاركردن, وێنه‌كان و بارستایی و فیگورو ئاماده‌بوونی جه‌سته‌و ده‌نگ له‌شوێن و ناشوێندا مۆتیڤی ئاهه‌نگێكی شانۆیی جیاوازمان له‌لا ده‌خوڵقێنێت.  

 

به‌ فۆتۆكردنی شانۆ

هونه‌ری فۆتۆگراف چه‌نده‌ توانای پاراستنی نمایشه‌كانی هه‌یه‌, ئه‌رشیفێك بۆ شانۆ بنیات ده‌نێت, له‌هه‌مانكاتدا توانای ڕه‌هه‌ندی فراوان به‌خشینیه‌تی به‌خۆی, به‌هۆی ئه‌وه‌ی وێنه‌ی شانۆیی ده‌كاته‌ زه‌مینه‌ی ڕووبه‌ره‌ جوانكاریه‌كانی وێنه‌, كه‌ له‌ ڕووبه‌ری وێنه‌ی شانۆییه‌وه‌ بڕوانێته‌ وێنه‌ی فۆتۆگرافیه‌وه‌, ئه‌وه‌ش دیدێكی جوانكاری و فیكری به‌ فۆتۆگراف ده‌به‌خشێت, به‌ڵام ئاخۆ وێنه‌ی شانۆیی له‌دیدی فۆتۆگرافیه‌وه‌ پێكهاته‌ی وێنه‌ درووست ده‌كات؟

ئێمه‌ له‌به‌رده‌م جۆره‌ پرسیاری وادا ده‌بێت ئه‌وه‌مان بیر نه‌چێت به‌فۆتۆكردنی شانۆ, به‌مانای وه‌ستانی ڕیتم و پێكهاته‌ شێوه‌كاری وجوانكاریه‌كانی وێنه‌, ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و پێكهاتانه‌ش بوونیان هه‌بوو, به‌ڵام به‌ فۆتۆكردنی وێنه‌, ساته‌وه‌ختی كوشتنی زه‌مه‌نی شانۆیه‌, ده‌مامكێكی فریووده‌ره‌ بۆ به‌ فۆتۆگراف كردن, لێره‌دا وێنه‌ی فۆتۆگرافی ساتی ڕامانی شاعیریانه‌ تۆمار ناكات, ئه‌وه‌ وێنه‌ی شانۆیی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌ له‌پێناو مێژوویه‌كی درووستكراو ده‌یه‌وێ‌ بچێته‌ ناو ئه‌رشیفه‌وه‌, ده‌مامك بخاته‌ سه‌ر میتۆدی كاركردن, تێپه‌ڕینی ئێستا به‌سه‌ر بنیاتنان بۆ ئاینده‌, ئه‌وه‌یان له‌دوا دیمه‌نی شانۆگه‌ری (زریان) ی د. فازل جاف ده‌بینین, دوای كوژانه‌وه‌ی ڕوناكی كه‌ نمایش هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌دیدو تێڕوانینی مایه‌ر هۆڵده‌وه‌ نیه‌, به‌ڵام ئه‌مجاره‌ كه‌ سه‌ر شانۆ ڕوناك ده‌بێت له‌شێوه‌ی جوله‌ی مایه‌ر هۆڵدی هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كان بۆ چركه‌ ساتێك وه‌ستاون و له‌شوێنی خۆیان ناجولێن, ئه‌و ساته‌ وه‌خته‌ بۆ به‌ فۆتۆكردن شتێكمان پێناڵێت بۆ بایۆمیكانیك, چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ناو وێنه‌ی شانۆیی بوونی هه‌بێت, نه‌وه‌ك ساتی به‌فۆتۆكردن كه‌ نابێته‌ وێنه‌ی شانۆیی, به‌ته‌نیا ده‌توانین وه‌ك ده‌مامكێكی فریووده‌ر بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی بینه‌ری فۆتۆگرافی له‌داهاتوودا سه‌یری بكه‌ین. 

بۆیه‌ به‌فۆتۆكردنی وێنه‌ی شانۆیی به‌مانای وه‌ستاندنی زه‌مه‌نی نمایش و كوشتنی جوله‌ی ئه‌كته‌ره‌, ئه‌وه‌ فلاشی كامێرا نیه‌ زه‌مه‌ن ده‌وه‌ستێنێت, ئه‌وه‌ وه‌ستانی به‌ مه‌به‌سته‌ له‌پێناو به‌ فۆتۆكردن, كه‌ له‌توانای میتۆدیه‌وه‌ خۆی ده‌رباز ده‌كات بۆ ڕه‌وایه‌تیدان به‌ میتۆد, هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ له‌ سه‌رسامی به‌ میتۆده‌وه‌ هاتبێت, به‌ڵام چونكه‌ توانای پراكتیزه‌كردن به‌ره‌و سستی و لاوازبوون بڕوات, نه‌توانرێ‌ كاری پێ‌ بكرێت, بۆیه‌ سه‌رسامی توانای خوڵقاندنی وێنه‌ی شانۆیی نیه‌, به‌ڵكو ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ وێنه‌ی فۆتۆگرافی.

 

هه‌وڵێكی سیزیفی له‌وێنه‌دا

ناسین وگه‌یشتن به‌نه‌زانراو له‌ناو وێنه‌ی فۆتۆگرافی یه‌كێكه‌ له‌خاڵه‌ گرنگه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌مه‌عریفه‌ی نه‌زانراو, ئه‌وه‌ نزیكبوونه‌وه‌ی زه‌مه‌نی ئێمه‌و زه‌مه‌نی ئه‌وانه‌, ئه‌وه‌ له‌خه‌ونێك ئه‌چێت كه‌ خه‌ون به‌ڕابردوو ببینین, خه‌ونێك بارت له‌ناو وێنه‌دا به‌هه‌وڵێكی سیزیفی ده‌یبینێت.

به‌سیزیفكردنی هه‌وڵه‌كان بۆ خوێندنه‌وه‌ی وێنه‌ پووچگه‌رایی ناسین نیه‌ له‌ناو فۆتۆگرافه‌وه‌, به‌قه‌د ئه‌وه‌ی وێنه‌كان ئێمه‌ ده‌به‌نه‌وه‌ ناو ڕۆژگارێك به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌و ڕۆژگاره‌دا بژین, سه‌ره‌نجا هه‌وڵه‌كان وه‌ك به‌رده‌كه‌ی سیزیف غلۆر ده‌بێته‌وه‌, چونكه‌ هه‌ر هێنده‌ی له‌بینینی وێنه‌ ته‌واو بووین, له‌و زه‌مه‌نه‌ش دێینه‌ ده‌ره‌وه‌, ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ ناو زه‌مه‌نی خۆمان, كه‌ زه‌مه‌نی هه‌نووكه‌یه‌, زه‌مه‌نێكه‌ كه‌ به‌رده‌كه‌ی سیزیف غلۆر ده‌بێته‌وه‌, سه‌ركه‌وتنی به‌رده‌كه‌ بۆ سیزیف له‌خه‌ونی سه‌ركه‌وتن بۆ ناو زه‌مه‌ن ده‌چێت, به‌ڵام به‌ئاگاهاتنه‌وه‌ ڕێك له‌ غلۆربوونه‌وه‌ی به‌رده‌كه‌ ده‌چێت.

بۆیه‌ ڕابردوو له‌وێنه‌دا بینینه‌وه‌ی خه‌ونه‌, خه‌ونێك وێنه‌ نیشانمانی ده‌دات, به‌ڵام مه‌رج نیه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و خه‌ونه‌ ڕووی ڕاسته‌قینه‌مان نیشان بدات, ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌و بینینه‌ ده‌ركه‌وتنی پرسیاری دیارده‌گه‌راییه‌, پرسیارێك توانای ئاشنابوونمان هه‌یه‌ به‌دیارده‌ كولتوریی وسیاسیه‌كانی ناو وێنه‌, ئه‌و ده‌مه‌ی سه‌یری وێنه‌ فۆتۆگرافه‌كانی شانۆگه‌ری (مهابهارتا) ی پیته‌ر بروك ده‌كه‌ین, ده‌توانین له‌ڕێگه‌ی وێنه‌وه‌ دیارده‌گه‌رایی ناو ئه‌و كولتوره‌ له‌شانۆدا بخوێنینه‌وه‌, ئاستی ئه‌و گوتاره‌ سیاسیه‌ له‌په‌یوه‌ندیی به‌كۆمه‌ڵگاوه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر ببینین, ئه‌گه‌رچی كاتێ‌ هه‌مان نمایش به‌ وێنه‌ی فیدیۆیی ده‌بینین, ڕوانینه‌كانمان ده‌چنه‌ ئاستی فراوانتره‌وه‌, كه‌ ئه‌وه‌یان زیاتر نزیكمان ده‌كاته‌وه‌, به‌جیا له‌و وێناكردنه‌ زه‌مه‌نیه‌, به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاسته‌ جیاوازه‌كانی وێنه‌یه‌ له‌ فۆتۆگرافه‌وه‌ بۆ وێنه‌ی جولاویی فیدیۆیی كه‌ ده‌كرێت له‌داهاتوودا ووتاری تایبه‌ت به‌و باسه‌ ته‌رخان بكه‌ین. 

 

وێنه‌ حه‌قیقه‌تێكی شێتانه‌

سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئینتیماكردنمان بۆ زه‌مه‌نی وێنه‌ ئینتیمایه‌كی مه‌جازیانه‌ بێت, ئه‌وه‌ وێنه‌ی فۆتۆگرافه‌ ئێمه‌ ده‌باته‌ ناو ئه‌و زه‌مه‌نه‌, ئینتیمایه‌ك ڕوویه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی تیایه‌, به‌وه‌ی توانای ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی پارێزراون, ئێمه‌ وه‌ك وێنه‌ی ئه‌رشیفی بیانبینین, ئه‌و وێنانه‌ له‌ڕوانگه‌ی ژۆلیا كریستیفا به‌ (حه‌قیقه‌تی شێتانه‌) ناسراوه‌.

چه‌مكی حه‌قیقه‌ت لێره‌دا له‌ناو كرده‌ی خوێندنه‌وه‌, بریتیه‌ له‌بونیادی نه‌ستی ئێمه‌ بۆنمایشی شانۆیی, مه‌عریفه‌مان له‌باره‌ی شانۆگه‌ریه‌كانی تادووش كانتور له‌ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ پرۆسه‌یه‌كی عه‌قڵانیه‌, به‌ڵام له‌سه‌یركردنمان بۆ وێنه‌ فۆتۆگرافیه‌كانی ئه‌و ده‌مه‌ی ته‌واو ده‌چینه‌ ناو په‌یوه‌ندیی ئه‌كته‌ر به‌ خاچه‌وه‌, به‌و تێكشكانه‌ سه‌یره‌ی فیگور به‌ باكگراوندی ڕه‌نگی ڕه‌ش وئاوێته‌ بوونی له‌فه‌زایه‌كی تاریك, ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی ئه‌نترۆپۆلۆژیانه‌یه‌, بۆیه‌ بارت وێنه‌ی فۆتۆگرافی به‌ بابه‌تێكی ئه‌نترۆپۆلۆژی ده‌بینێت.

ئه‌نترۆپۆلۆژیایه‌ك كه‌ خاڵی نیه‌ له‌حه‌قیقه‌تی شێتی, ئێمه‌ له‌ڕێگه‌ی به‌شداریكردنی نه‌سته‌وه‌, كه‌ جۆرێكیتری خه‌ونه‌ به‌ره‌و ناسینی حه‌قیقه‌ت هه‌نگاو ده‌نێین, ئه‌گه‌ر حه‌قیقه‌تێكی شێتانه‌ش بێت, به‌ڵام خۆ ده‌توانین وا ناوی به‌رینه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌نجامی فره‌ حه‌قیقه‌تیه‌ كه‌ چه‌مكی جیاواز له‌خوێندنه‌وه‌ بنیات ده‌نێت, ئه‌و جیاوازی خوێندنه‌وه‌یه‌ له‌ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی ئێمه‌یه‌ بۆ وێنه‌ فۆتۆگرافیه‌كان, به‌ڵام خۆ خاڵی نیه‌ له‌كه‌ناڵێكی ئه‌و گوتاره‌ ڕه‌خنه‌ییه‌, كه‌ له‌نێوان نووسینی تیۆریی و وێنه‌ی فۆتۆگرافی ده‌یه‌وێت ئاستێك بۆ جۆره‌ حه‌قیقه‌تێك بنیات بنێت, هه‌رچه‌نده‌ مه‌عریفه‌مان له‌ده‌ره‌وه‌ی نمایش بوو بێت, مه‌عریفه‌یه‌ك كه‌ حه‌قیقه‌تی بینین ئینتیمای ئێمه‌یه‌ بۆ ناو نمایش ناو به‌رێت به‌ حه‌قیقه‌تی شێتی.    

 

شانۆیه‌كی فۆتۆگرافی

بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ڕووی ئه‌زموونی جیاواز بڕۆین, ئه‌زموونێك گواستنه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆی هونه‌رێكی تر نه‌بێت, كه‌ فۆتۆگرافه‌, به‌ڵكو سوود له‌ره‌هه‌نده‌ ته‌كنیكیه‌كانی وه‌ربگرێت, بۆ ئه‌وه‌ ده‌توانین له‌ڕووی ڕه‌نگ وبارستایی وبۆشاییه‌وه‌ ئه‌زموونی شانۆییمان به‌ره‌و فۆڕمێكی شانۆیه‌كی فۆتۆگرافی هه‌نگاو بنێت, ئه‌وه‌ وه‌ستاندنی جوله‌ نیه‌, به‌ڵكو سوود وه‌رگرتن بێت, له‌ئاسته‌ جیاوازه‌كانی ڕه‌نگ و دوالیزمه‌كانی ناو ڕه‌نگ بچێت به‌ره‌و ڕووی ئه‌و ته‌كنیكه‌ فۆتۆگرافیانه‌ وسه‌ر له‌نوێ‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی بۆ ئه‌زموونێكی شانۆیی.

ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌زموونكاری پۆله‌ندی تادووش كانتور هونه‌ری شێوه‌كاری ببێته‌ زه‌مینه‌ی شانۆیه‌كی شێوه‌كاری, ئه‌وا ده‌توانرێت هونه‌ری فۆتۆگرافیش ئه‌زموونێكی هاوچه‌شن بنیات بنێت, به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌خاڵی گرنگی داده‌نێین, بایه‌خی ئه‌كته‌ره‌ له‌م هونه‌ره‌دا, نابێت ئه‌كته‌ر وه‌ك توانای فیزیكی و ڕۆحی وون بكرێت, چونكه‌ هه‌وڵی سه‌ره‌تایی هه‌بووه‌ بۆ ئه‌و شێوه‌یه‌, به‌ڵام له‌سه‌ر فۆڕمی فۆتۆگرافی بۆ كوشتنی ئه‌كته‌ر وه‌ك بونیادی ڕۆحی وفیزیكی, وه‌ك ئه‌و هه‌وڵه‌ی هونه‌رمه‌ند كه‌ریمۆك له‌ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كان له‌حه‌مامێكی كۆنی قه‌ڵای هه‌ولێر ئه‌نجامیدا, كه‌ به‌ پۆرترێت كردنی ئه‌كته‌ر بوو له‌ڕێگه‌ی ڕه‌هه‌ندی شێوه‌كاری وه‌ستاو, كه‌ ناوی نابوو شانۆی شێوه‌كاری.

ئه‌و به‌ فۆتۆكردنه‌ ناتوانین وه‌ك شانۆ بیبینین, چونكه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌وڵێكه‌ بۆ تواندنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر له‌ناو پێكهاته‌ شێوه‌كاریه‌كاندا, هێنانه‌وه‌ی ئه‌و نمونه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر هه‌ولًێك ده‌بێت ئه‌وه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرێت, كه‌ ئه‌كته‌ر تیایدا بونیادی سه‌ره‌كی ئه‌و هاوكێشه‌ شانۆییه‌ بێت, هه‌موو هه‌وڵ وته‌قه‌للاكانی ناو ئه‌و به‌ فۆتۆكردنه‌ شتێك نه‌بوونه‌ بۆ شانۆیه‌كی فۆتۆگرافی, چونكه‌ زیاتر نزیكبوونه‌وه‌ بووه‌ له‌گرته‌ی ڕۆژنامه‌وانیانه‌, ئه‌وه‌ش هاوڕامان ده‌كاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ووته‌كه‌ی سارته‌ر به‌وه‌ی “وێنه‌ی ڕۆژنامه‌وانی بۆ من هیچ شتێك ناگه‌یه‌نێت”

له‌ڕاستیدا وێنه‌ی ڕۆژنامه‌وانی ئه‌وه‌ی له‌هه‌ندێك دیمه‌نی شانۆگه‌ریه‌كاندا ده‌یبینین, شتێك ناگه‌یه‌نێت كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌شانۆیه‌كی فۆتۆگرافیه‌وه‌ هه‌بێت, هه‌ر هه‌وڵێك به‌و مه‌به‌سته‌ ده‌بێت فۆتۆگراف ته‌نیا وه‌ك ته‌كنیك وه‌ربگیرێت, ده‌نا له‌بنه‌ڕه‌تدا نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی ڕواڵه‌تیانه‌یه‌ كه‌ نه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ستۆدیۆم وه‌ك ئه‌وه‌ی توانای ته‌ئویلكردنی تیا بێت, به‌و پێیه‌ی ساتی وێنه‌ شانۆییه‌كه‌ ساتی وه‌ستانی نه‌بووه‌ له‌لایان فۆتۆگرافه‌ره‌وه‌, به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ساتێكی فریووده‌رانه‌ی وه‌ستاوه‌, بوار به‌ فۆتۆكردنی دراوه‌, كه‌ بۆخۆی فۆتۆیه‌ نه‌وه‌ك فۆتۆگرافه‌ر بیكات به‌ فۆتۆ, بۆیه‌ ڕه‌خنه‌ ناتوانێ‌ پێشوازی كولتوری وزمانه‌وانی وسیاسی لێبكاته‌وه‌, ئه‌وه‌ ته‌نیا ده‌توانریً وه‌ك وێنه‌یه‌كی سه‌ر ڕووپه‌ری رۆژنامه‌ بۆ كاری زه‌خره‌فه‌یی ته‌ماشا بكرێت.

بۆیه‌ بۆنكتۆم هیچ بوونێكی له‌م وێنه‌یه‌دا نابێت, به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری ناخوڵقێنێت, نه‌بوونی كاریگه‌ریش واته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی زمانه‌ بۆ دۆخی بێده‌نگی ئه‌وه‌ به‌ مردنی ڕاسته‌قینه‌ی وێنه‌ی فۆتۆگرافی و وێنه‌ی شانۆییه‌, بۆیه‌ نه‌ فۆتۆگرافه‌رو نه‌ ده‌رهێنه‌ری شانۆیی ناتوانن له‌سه‌ر ئه‌و زه‌مه‌نه‌ بوه‌ستن كه‌ زه‌مه‌نی فیزیكی وێنه‌ی تیا ده‌كوژرێت.

نیهاد جامی
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.