Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
دیسانەوە کتێب سوتاندن و هەڵوێستی مشەخۆرەکان ..2

دیسانەوە کتێب سوتاندن و هەڵوێستی مشەخۆرەکان ..2

Closed
by July 28, 2013 گشتی

 

 

 

بابەتێکی تر لەم نووسینەدا جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنە، ئەو کۆمەڵەیە لەدەرەوەی کوردستان، کە بەردەوام ڕەخنە لە دەسەڵاتی کوردستان دەگرن و کۆمەڵە خانەنشینکراوەکان بە بێهەڵوێست و گەندەڵ ناو دەبەن، بەڵام دواجار لەوە تێدەگەین ئەمانیش هەمان خەونیان هەیە، خەونی کارنەکردن و خانەنشین بوون. “دیارە خەڵکانیش هەن، کە خاوەن بروانامەی زانکۆکانی ڕۆژئاوا یان پیشەیەکن و دەیانەوێت هەلێکیان دەستبکەوێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوەو خزمەت بکەن، ئەمەیان بابەتێکی جیاوازو تایبەتە”.

ئەم کولتورە، کە کۆمەڵگا بەرەو کۆمەڵگایەکی پاسیڤی بەرخۆری خانەنشینکراو دەبات مەترسییەکەی لەوەدا نییە، کە دەسەڵاتێکی گەمژەی کلێپتۆکرات بۆ بێدەنگکردن و خەساندنی تاک بەتاکی کۆمەڵگا بەرنامەڕێژی بۆ دەکات، بەڵکو مەترسییەکە لەوەدایە، کە نوخبە ڕۆشنبیرەکە وەک کۆیلەیەکی سوک هەموو خۆفرۆشییەک دەکەن تا بە ئیمتیازەکانی دەسەڵات بگەن، ئەوە مەترسییەکەیە ڕۆشنبیرەکانی ئێمە پاش پانزە ساڵ زیاتر ژیان گوزەراندن لە ئەوروپا ئینجا وەک هەر ڕیسوایەک دوای بەرپرسە چەتەو خوێڕییەکانی حیزب دەکەون بۆ ئەوەی وەک بوونەوەرێکی تەمەڵی بێکەڵک و مردوو موچەیەکیان بۆ ببڕنەوە یان وەک ئەو لەشکرە مشەخۆرە بێكەڵکەی کوردستان خانەنشینیان بکەن.

ئەوەی لێرەدا سەیرە ئەو لایەنانەیە ناوی خۆیان ناوە ئۆپۆزیسیۆن و خۆیان بە داکۆکیکاری نەوەی نوێ دەزانن، کەچی لەناوەڕۆکدا بیرکردنەوەو تێروانیی سیاسییان لەناو منداڵدانی حیزبە تەقلیدییە مافیاگەراکان دەرنەچووتە دەرەوە، ئەگینا حیزبێک بەناوی نەوەیەکی نوێیەوە بییەوێت بزووتنەوەیەکی چالاک لە نەوەیەکی نوێی و بەتایبەتی گەنجان درووست بکات و جۆرێک لە گۆڕین لەناو کۆمەڵگادا بهێنێتە ئاراوە، وا بە ئاسانی و کەمتەرخەمی پشت ناکاتە ئەو لەشکرە گەنجە خوێنگەرم و چالاکەی زۆربەیان خاوەن بڕوانامەی زانکۆو پەیمانگاکانن و بڕوانامەکانییان بووە بە جێگای نائومێدی ژیانییان. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئۆپۆزیسیۆنیش وەک حیزبە چەتەگەرییەکانی تر بە دوای کۆیلەو خەڵکانی نەفس نزم و بچوکدا دەگەڕێت تا باڵەکانی ناوخۆی، کە بە کوتلەبازی ناسراوە پێ بەهێز بکات؟. یان دەیەوێت ببێتە حیزبێکی مۆدێرن و هەموو پیاوە نەخۆش و پیرەسیاسییەکان خانەنشینی سیاسی بکات و شوێنەکانییان بە گەنجی ڕۆشنبیرو خاوەن بڕوانامە پڕبکاتەوە بەبێ جیاوازی خزم خزمێنەو ناوچەگەری؟. 

ئەم گەمە ترسناکەی سی ساڵە کلێپتۆکراتەکانی کوردستان بۆ مۆنۆپۆلکردنی کۆی بژێوی و ژیاری ئەو وڵاتە دەیکەن، بە خیانەتە مەزنەکان و هێنانی سوپاکانی داگیرکەران بۆسەرکوتکردنی یەکتر تا دەگاتە ئەو شەڕە نەگریسانە هەزاران گەنجی کورد تیایدا بوون بە قوربانی مەرامە بۆگەنەکانیان بەشێکی گەورە لە نووسەرو ڕۆشنبیرەکان ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ لەو تاوانانەدا بەشدار بوون، بە زۆرێک لەوانەش لە هەندەرانەوە لەکەش و هەوایەکی ئارامدا دانیشتبوون بە نووسین شەڕی ناوخۆیان گەرمتر دەکرد و گەنجەکانیان بۆ کوشتنی یەکتر هاندەدا، کەچی ئێستا ئەوانە بوون بە میراتگری نووسین و بەرگری لە نووسین و کتێب دەکەن.

زۆرێک لە ئێمە ئەو کۆمەڵە مشەخۆرە نەفس نزمانە لە ئەوروپا دەناسێت، کە نەک هەر وەک بوونەوەرێکی تەمەڵی کارنەکەر هەموو فڕو فێڵ و تەڵەکەیەک بۆ کارنەکردن دەدۆزنەوەو دائیرەی سۆسیالەکانی پێ فریو دەدەن، بەڵکو بەشێکی زۆریشیان وەک شێت و دەروون نەخۆش خۆیان خانەنشین کردووەو کەچی لە گەڕانەوەیاندا بۆ کوردستان دەکرێنە ئەندام پەرلەمان و پۆستی زۆر گەورەو هەستیاریان پێدەدرێت و لە پڕێکدا ڕۆژنامەیەکی ئەوروپی ئابڕوی گەلێکی پێدەبات و ئەوەندەی تر نمونەی بێگانەکان لەلای خەڵکەکەیان ناشیرینتر دەکات.

ئەم پیاوە نەخۆشانەی، کە لەهەر کوێیەک بن خەون بە خانەنشینکردنەوە دەبینن، کەچی کاتێک دێنە سەرشاشەی تەلەفزیۆنەکان وەک کەسانێکی تەندرووست و خاوەن هەڵوێست و ئیشکەر خۆیان نمایش دەکەن، بەڵام چونکە لە ڕاستیدا نەخۆشی شیزوفرینیان هەیە ناتوانن بەرگەی توڕەبوونی تاکە گەنجێکی نا ئومێدی ئەو گەرمیانە بگرن، ئەگەر هەڵوێستێکی خراپ و نەشیاویشی هەبێت، ئەوان ماف بە خۆیان دەدەن ببنە ڕاوێژکارو بڵندگۆی حیزبە گەنجکوژو نووسەرکوژەکان و هەموو بەهانەیەکیش بۆ تاوانەکایان بهێننەوە بەڵام ئەو مافە بە گەنجێک ڕەوا نەبینێت، کە بە شێوەیەکی مەدەنی و دوور لە توندوتیژی ناڕەزایی خۆی دەرببڕێت…!.

نوخبەیەکی تری دیار هەن لە ئەوروپا، کە بە لوتبەرزترین نوخبەی ناو ڕۆشنبیریی کوردی دەناسرێن و لوتبەرزییەکەیان لە ئاستێکدایە، تەنانەت بە بچوکترین و سادەترین ڕەخنەش دەڕشێنەوە، ئەم نوخبەیە، کە چارەکە سەدەیەکە لە ئەوروپان و وەک هەموو مشەخۆرەکانی تر تەواوی تەمەنیان بەکارنەکردن و خۆدزینەوە لەکار بەسەربردووەو لە کوردستانیشەوە بەردەوام لە ژێر ناوی جیاوازدا لەو پارەی گەندەڵییەی حیزبەکان بۆ دەمکوتکردنی نووسەرو ڕۆشنبیرەکان تەرخانیان کردووە پشکی شێریان بەرکەوتووەو لەهەموو ئیمتیازێکی حیزبەکان بەزیادەوە بەریانکەوتووەو جگە لە وەرگرتنی زەوی و موچەی تایبەتی ژێر بەژێر، کە ئەمەیان بۆ خۆم کارێکی ئاساییە هەموو نووسەرێک هاوکاری بکرێت بۆ بەردەوامبوومی لە کارەکانی، بەڵام ئەوەی نائاساییە و لە ڕووی یاساییشەوە نا یاساییە، کە تۆ لەسەر پارەی سۆسیال بژیت و لەهەمانکاتدا لە شوێنێکی ترەوە موچەو پارە وەربگریت، لە دەسەڵاتێک بە ڕۆژی نیوەڕۆ نووسەرە گەنجەکان بفڕێنێت و تیرۆریان بکات، کەچی ئەگەر گەنجێک ناڕەزایی دەرببڕێت بیکەیت بە فاشی و کوتەک وەشێن.

ئەم نوخبە نەخۆشە لوتبەرزە، کە لەناو وەهمی نووسینەکانیاندا دەژین و دونیا بە فانتازیای ناو کتێبەکانیان دەزانن، لە ڕووبەڕووبوونەوەی واقیعدا توشی هیستریا دەبن، کامەیە ئەو ئازادییەی ئەوان لێی تێگەیشتوون یان باسی دەکەن؟.

تۆ بڵێیت ئازادی لەلای ئەم نوخبە بەتەنها چەپڵەلێدان بێت و وەک پەپەگای وتەکانیان بڵێنەوەو بنووسنەوە، ئەگینا مرۆڤ ئەگەر گەردێک بڕوای بە ئازادی هەبێت پێوویستە ڕێز لە بیروڕای ئەوانی تریش بگرێت، چونکە کەم نین ئەو نووسەرە ناودارانەی جیهان، کە لەلایەن خەڵکەکەی خۆیانەوە ئازاردراون و نەفرەتیان لێکراوە، بەڵام هیچ کاتێک وەک ئەم نوخبە لوتبەرزەی ئێمە پەلاماری خەڵکیان نەداوەو نەیانگەستوون. 

بۆیە ئەوە من لەلام سەیرە ئەوە نییە کۆمەڵیک گەنجی توڕە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکنیان کتێبەکانی من یان هەر نووسەرێکی تر بسووتێن، بەڵکو ئەوەیە هەندێک نووسەرو ڕۆشنبیر لەسایەی حیزبێکی نووسەرکوژدا ستایشی کتێب بکەن، ئەوەی من لێی تێناگەم هەڵوێستی ئەو گەمژەو خۆفرۆشانەیە، کە لە کوشتنی نووسەرەکاندا بێدەنگ و قڕوقب دادەنیشین یان لە باشترین حاڵەتدا هەوڵوێستێکی هێند شەرمهێن و لاواز دەهێننەوە مرۆڤ شەرمەزار دەکەن، بەڵام لە سوتاندنی چەند کتێبێکدا ئیتر هەست بەمەترسیبوونی سەرهەڵدانی نازییەت و فاشییەت دەکەن، لەکاتێکدا ئەو حیزبە ئەو لەسایەیدا ئەلەوەڕێت و پارەی مفتی لێوەردەگرێت لە ڕەفتاردا هیچی لەنازی و فاشییەکان کەمتر نییە.

… یاسین خێڵانی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.