دیمانه له‌گه‌ڵ د.ڕه‌شاد میران سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵگای کوردی و ئاینی ئیسلام
د.ڕه‌شاد میران: كۆمه‌ڵگای كوردی و ئایینی ئیسلام تا ئه‌وپه‌ڕی باوكسالاریین
د.ره‌شاد میران مامۆستای به‌شی كۆمه‌ڵناسی له كۆلیژی ئه‌ده‌بیاتی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین له دیمانه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی له‌باره‌ی ئاین و كلتووری كۆمه‌لگه‌ی كوردیه‌وه قسه ده‌كات و پێیوایه كۆمه‌ڵگای كوردی سیستمێكی باوكسالارییه و جه‌ختیش له‌وه ده‌كات ئایینی ئیسلام تا ئه‌وپه‌ڕی باوكسالارییه”.
* هه‌موو كۆمه‌ڵگاكان ئاینیان هه‌یه و كه‌م و زۆر په‌یره‌وانی هه‌یه، به‌ڵام هێنده‌ی له كۆمه‌ڵگا ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كان ئاین زاڵه و ڕۆڵی خۆی ده‌بینێ هێنده له كۆمه‌ڵگاكانی دیكه نییه بۆ نموونه ڕۆژئاوا، ئایا زاڵبوونی ئاین له كۆمه‌ڵگه ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كاندا چ په‌یوه‌ندیه‌كی به پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگاكانه‌وه هه‌یه، كێشه‌كه له جیاوازی ئاینه‌كانه یان مه‌سه‌له‌كه پێشكه‌وتن و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌یه؟
ئایین توخمێكی هه‌ره گرنگی كلتووره، كه‌واته به‌شێكه له بنیادی كۆمه‌ڵایه‌تی؛ ئایین و سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌میشه ده‌بێ ته‌با و پارێزگاریی یه‌كدی بكه‌ن، چونكه لێك جیاناكرێنه‌وه، بۆیه “كێشه‌كه” له هه‌ردووكیاندایه- سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕۆژهه‌ڵاتی زێتر په‌نا بۆ ئایین ده‌بات بۆ كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆیه‌ش ئایین له هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگادا جێ په‌نجه‌ی دیاره؛ ئه‌وه‌ش له‌لایه‌كه‌وه په‌یوه‌سته به ئاستی هۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵكه‌وه كه لایه‌نی رۆحی و مه‌عنه‌وییان پێویستی به دیارده‌یه‌كی وه‌كو ئایینه و ناتوانن ده‌ستبه‌رداریبن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه په‌یوه‌ندیی به خودی ئایینه‌كه‌وه هه‌یه كه پراكتیزه‌كردنی ڕۆژانه‌ی هه‌یه (نوێژ، ڕۆژوو، مزگه‌وت…) بۆیه‌ش له ژیانی ڕۆژانه‌ی كۆمه‌ڵگادا هه‌ستی پێده‌كرێ و دیاره… هه‌رچی ئایینه‌كانی تره بۆ نموونه مه‌سیحیه‌ت به‌مجۆره ڕۆژانه به‌رچاوناكه‌وێ، ئه‌گه‌رچی ئه‌ویش بێ چالاكیی ڕۆژانه نییه- كاری ته‌بشیری مه‌سیحیه‌تیش تابڵێی ئه‌كتیڤه: كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی زۆرهه‌ن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، هه‌روه‌ها قوتابخانه‌كانی كه‌نیسه له هه‌موو كونجێكی دنیادا، به كوردستانیشه‌وه، هه‌ن و جگه له ڕێكخراوه‌ی جۆراوجۆری تر.* بۆچی ئاین ناتوانێ هه‌ندێك له‌و كلتوورانه تێكبشكێنێ كه ڕه‌نگه داخوازی به‌شێكی خه‌ڵكیشی له‌سه‌ربێت و پێویستیه‌كیش بێت بۆ كۆمه‌ڵگاكه، به نموونه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی مه‌لاكان زه‌واجی میسیاریان حه‌لال كرد به‌وپێیه‌ی پێویسته له‌م ده‌رفه‌ته، به‌ڵام كلتووری كوردی ناتوانێ قبوڵی بكات؟
– وه‌كو وتم، ئایین خۆی به‌شێكه له كلتوور و ده‌بێ له‌گه‌ڵ توخمه‌كانی تری كلتووردا ته‌با بێ، ده‌نا سیستمه‌كه تێكده‌چێ؛ ئه‌گه‌رچی ئاین توخمێكی زۆرگرنگیشه، به‌ڵام هه‌مووشتێك نییه و ناتوانێ هه‌رچی بیه‌وێ بیسه‌پێنێ. سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگای كوردی سستمێكی باوكسالارییه، هه‌ر نوێكارییه‌ك له‌گه‌ڵ پرینسیپه‌كانی ئه‌و سستمه نه‌گونجێ، با ئایینیش ڕێگه‌بدات، زه‌حمه‌ته سه‌ربگرێ… جگه له‌وه‌ش ئایینی ئیسلام خۆی تا ئه‌وپه‌ڕی باوكسالارییه، بۆیه‌ش وه‌كو ده‌زگای ئایینی له‌گه‌ڵ ئه‌مجۆره زه‌واجه‌دا نییه، بگره ئه‌مه وه‌كو وتت ته‌نیا “فه‌توای چه‌ند مه‌لایه‌كه”. بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌یه‌كی وا گرنگ (ژنهێنان و شووكردن) گۆڕانی به‌سه‌ردابێت، پێویستی به خاوكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ له پرینسیپه‌كانی باوكسالارییه‌وه ده‌بێ: كچ و كوڕ له شوێنێك و له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك بڕیاربده‌ن زه‌واج بكه‌ن، له سیستمی ئێمه‌دا لادانه له بڕیاری باوك و خێزان- هۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵك جارێ ئه‌مه قه‌بوڵ ناكات، با ئایینیش ڕێگه‌ی دابێت (خۆ به‌پێی بنه‌ماكانی ئیسلام ده‌بێ ڕه‌چاوی ڕازیبوونی كچ بكرێ بۆ شووكردن، كه‌چی باوك و برا گه‌وره هه‌رگیز ڕای كچه‌كه‌یانیان به‌لاوه گرنگ نییه).
* ئاین كه له بنچینه‌ی هه‌ر تاكه كه‌سێك و كۆمه‌ڵێك نییه بۆچی ده‌بێ دروست بێت، ئایا ئه‌و پێداویست و بۆشاییه رۆحییانه چین له كۆمه‌ڵگه و تاكه‌كه‌س كه ده‌بێ ئاین پڕی بكاته‌وه؟
– ئایین، هه‌ر ئایینێك، دوو ڕیشاڵی (سه‌رچاوه‌ی) مێژوویی هه‌یه: ده‌روونی و مه‌عریفی؛ لایه‌نی ده‌روونیی تاكه كه‌سان، بۆ به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ی كاره‌سات و غه‌یب و دیارده مه‌ترسیداره‌كان و خۆپاراستن لێیان، پێویستی به پارێزه‌ر و په‌ناگا هه‌یه- ئایین پێداویستییه‌كانی لایه‌نی ده‌روونی و مه‌عنه‌وی دابین ده‌كات؛ له‌ڕووی مه‌عریفیشه‌وه، ئایین ئه‌ركی ڕوونكردنه‌وه و لێكدانه‌وه و تێگه‌یاندنی له‌ئه‌ستۆگرتووه، بۆیه‌ش له مێژوودا ئایین یه‌كه‌مین فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤ بووه- به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه ده‌بینین زۆربه‌ی بۆچوون و لێكدانه‌وه ئایینییه‌كان، له هه‌ر ئایینێكدا، لۆژیكی ساكاری مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی خۆیی پێوه‌دیاره. جا ئایین ئه‌گه‌رچی له‌لایه‌نی ده‌روونی تاكه‌كه‌ساندا چه‌كه‌ره ده‌كات، به‌ڵام كه ئه‌ركی مه‌عریفیی وه‌رگرت، ئیتر له سنووری تاكه‌كه‌سان ده‌رده‌چێ و ده‌بێ به دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌بێ به كلتوور و به‌شێك له سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگا: ئایین پێویستییه‌كی سه‌ره‌كیی لایه‌نی ده‌روونی و مه‌عنه‌ویی خه‌ڵك و كلتووره به‌گشتی، بۆیه‌ش كۆمه‌ڵگایه‌ك شك نابه‌ین به‌بێ ئایین.
* ئه‌ركه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ئاین كه بریتیه له چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی، له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه چه‌نده به‌و ئه‌ركه‌ی خۆی هه‌ڵساوه، به‌بڕوای ئێوه تاكو ئێستاش ئاین له كۆمه‌لگه‌ی ئێمه سسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی ملكه‌چی خۆی كردووه؟ ئه‌گه‌ر نه‌یتوانیوه ئه‌و ڕۆڵه بگێڕێ هۆكاره‌كه‌ی چییه؟
– ئایین و سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌كو وتم، هه‌میشه یه‌كن، پارێزگاری یه‌كدی ده‌كه‌ن؛ بۆیه ئه‌ركی ئایین چاكسازی نییه، به‌ڵكو پارێزگاریی سیستمه‌كه‌یه… ڕه‌نگه جارجاره ئایین هه‌ندێ توخم و دیارده‌ی به‌لاوه خراپ بێ، به‌ڵام چاوده‌پۆشێ؛ له مێژووشدا ڕێككه‌وتن و موساوه‌مه‌ی ئایینه‌كان له‌گه‌ڵ واقیع و سستیمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیاندا، نموونه‌ی زۆر هه‌ن.
* زۆرجار باس له‌وه ده‌كرێت، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خاڵی له دین نابێت و ناكرێت دروست ببێت، ئه‌مه به هۆكارگه‌لێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه گرێده‌ده‌ن و به مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ی ده‌زانن، به بڕوای ئێوه مه‌ترسیه كوشنده‌كانی دووركه‌وتنه‌وه له دین بۆ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك چییه؟ ئایا ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی ئه‌و مه‌ترسیانه خۆی له‌چی ده‌بینێته‌وه و تائێستا له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هه‌ست به‌وه‌كراوه؟
– هه‌ر سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی پشت به ئایین ببه‌ستێت، ناتوانێت ڕێگه به دووركه‌وتنه‌وه له ئایین بدات- چونكه سیستمه‌كه تێكده‌چێت. كۆمه‌ڵگای كوردیش سستمێكی له‌مجۆره‌ی هه‌یه و تیایدا ئایین كلتووره و ئه‌ركی كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی به توندی جێبه‌جێ ده‌كات.
* ئاین به‌شێكی بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و په‌یڕه‌وه كۆنانه نه‌مێنن كه بوونه‌ته دابێك له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، له كۆمه‌لگه‌ی كوردی تێبینی وتارێكی شه‌رمنانه‌ی ئاینی هه‌یه له‌لایه‌ن وتارخوێنی مزگه‌وته‌كانه‌وه، به‌شێك له مه‌لاكان خۆشیان هانده‌رێك بوونه بۆ مانه‌وه‌ی كلتووره‌كان به‌تایبه‌ت له كاری نوشته‌گه‌رایی… ئایا فكری ئیسلامی كه دووباره فۆرماتكردنه‌وه‌ی ئاینه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه چی ده‌بێت، یان نوخبه‌ی ڕۆشنبیری كورد چه‌نده توانیویانه كاریگه‌ربن له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه؟
– ئایین دیارده‌یه‌كی گه‌وره و ئاڵۆزه، بۆیه جاری وا ده‌بێ كه ورده ناكۆكیی تێبكه‌وێ، به‌ڵام وه‌كو سیستم ده‌بێ هه‌میشه هارمۆنی بێت… ئایین ده‌بێ بای ئه‌وه‌نده دینامیكیه‌تی هه‌بێ بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی ڕه‌وشی نوێ‌دا، هه‌ر ئه‌و دینامیكیه‌ته‌شه ده‌وور و پێگه‌ی ئایینی به‌رده‌وام دابینكردووه- بۆیه له چوارچێوه‌ی ئاییندا هه‌میشه دیارده و بانگاشه‌ی جۆراوجۆر به‌دیكراون، به‌ڵام به‌گشتی هارمۆنیاكه ده‌بێ بپارێزرێ- (غه‌یبیه‌ت) بنه‌مای سه‌ره‌كیی هه‌موو ئایینێكه، به ئایینی ئیسلامیشه‌وه، بۆیه ئاساییه گه‌ر خه‌ڵك، به‌تایبه‌تیش پیاوانی ئایینی و به‌ناوی ئایینه‌وه، په‌نا بۆ هه‌ر ره‌وشتێك به‌رن بۆ كاركردنه سه‌ر ئه‌و غه‌یبیه‌ته. شێخ و شێخایه‌تی توخمێكی گرنگی ده‌زگای ئایینیی (نافه‌رمی) ئیسلامییه و وتاری ئایینی به‌بێ به‌شداری یان ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌م توخمه گرنگه هه‌رگیز شه‌رعیه‌تی نابێ، با له گوتارخوێنی مزگه‌وته‌كانیشه‌وه بێت. باوه‌ڕ به غه‌یبیه‌ت وه‌ستاوه له‌سه‌ر ئاستی هۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵك- جا نوخبه‌ی ڕۆشنبیری كورد چه‌ند توانیویه‌تی كاربكاته سه‌ر ئه‌م هوشیارییه؟ ئه‌مه پرسیارێكی گه‌وره‌یه و ده‌مانباته‌وه بۆ مێژووی هه‌موو كۆمه‌ڵگای كوردی به‌گشتی.
* سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌تایبه‌تیش كلتوور كه توخمێكی هه‌ره سه‌ره‌كیی ئه‌و سیسته‌مه‌یه، دیارده‌یه‌كی ئه‌وه‌نده توند و چه‌سپاوه كه له‌ناوبردنی كارێكی یه‌كجار ئه‌سته‌مه و له لاوازترین حاڵه‌تیدا، هه‌رنه‌بێ، جێ په‌نجه و ئاسه‌واره‌كانی خۆی به‌جێدێڵی. ئایا چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سیسته‌مه بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاكه له به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوون بێت ئه‌گه‌ر به‌ها كلتووری و دابونه‌ریته‌كانیشی هه‌روه‌ك خۆی بمێننه‌وه؟ پێتانوایه ده‌توانرێ ڕیفۆرم له مه‌سه‌له كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریه‌كان بكرێت؟
– گۆڕانكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی دیارده‌یه‌كی حه‌تمییه، شێوه‌ی پڕۆسه‌یه‌كی مێژوویی هه‌یه و هه‌میشه له گه‌ڕدایه، ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی كات هێمنانه و له‌سه‌رخۆیه هه‌ستی پێناكرێ. بێگومان، گۆڕانكاریی كۆمه‌ڵایه‌تیی بنه‌ڕه‌تی مه‌رج و پێداویستیی خۆی هه‌یه، ئه‌وه‌ی ئێوه مه‌به‌ستانه ڕیفۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تییه- به‌ڵێ ده‌كرێ، له‌مه‌شدا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێ ده‌وور ببینن، چونكه سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه باوكسالارییه و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست سه‌ركرده‌كانه‌وه‌یه؛ ئه‌م سه‌ركردانه‌ش ده‌بێ باوه‌ڕیان به ریفۆڕم هه‌بێ و ئینجاش بای ئه‌وه‌نده ئازا و به جه‌رگبن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له قه‌ره‌ی بابه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوورییه‌كان بده‌ن و بیانگۆڕن. لێره‌شدا مه‌حاڵه هه‌رسێ ئه‌مجۆره سه‌ركردانه (سیاسی، ئایینی، كۆمه‌ڵایه‌تی) له‌سه‌ر ئه‌مه یه‌كبگرن، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌توانێ ملكه‌چیان بكات به‌تایبه‌تیش له‌به‌رئه‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر ڕیفۆرمه نه‌ك گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی- ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له كۆمه‌ڵگای كوردیدا ئه‌گه‌ر تێڕوانینێكی زانستیانه‌ی هه‌بێت بۆ قۆناغی مێژوویی و توخمه مێژووییه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی، هه‌روه‌ها بۆ پێداویستییه‌كانی ئێستا و داهاتووی، ئه‌وا ده‌توانێ، له بواره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریدا، هه‌نگاوی باش بنێت: سه‌رخستن و ڕێزگرتن و سه‌روه‌ركردنی یاسا ئه‌ركی سه‌ره‌كی و هه‌نووكه‌یی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه له كوردستاندا.
تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه پێشتر له رۆژنامه‌ی ئاسۆ بڵاوكراوه‌ته‌وه