Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
دیمانه‌ له‌ گه‌ڵ سه‌رهه‌نگ خامۆش….دیمانه‌ قه‌هار شێخانی

دیمانه‌ له‌ گه‌ڵ سه‌رهه‌نگ خامۆش….دیمانه‌ قه‌هار شێخانی

Closed
by January 10, 2009 ئەدەب

 سەرهەنگ خامۆش:
 شیعر میوانێكى ناوەختە
 دیمانە:قەهار شێخانى

 
 شێخانى:
 سەرهەنگ خامۆش كێیە؟

 خامۆش:
 من ناوم(سەرهەنگ حەمە ساڵح ئەحمەد)ە ناسراو بە سەرهەنگ خامۆش لە ساڵى1965لە شارۆچكەى مەخمور چاوم بۆ دنیا هەڵێناوە خوێندنى سەرەتایى و ئامادەییم لە هەولێر تەواو كردووە دەرچووى پەیمانگاى پزیشكى شارى( موسڵ )م لە ساڵى(1986-1987)ئیستاش یاریدەدەری پزیشكیم لە نەخۆشخانەى ڕاپەڕین لە هەولێر
 
 شێخانى:
 باس لە سەرەتاكانى ئەزموونى شیعریت بكەیت؟    ئەگەر

 خامۆش:
 سەرەتاى چونە نێوە جیهانى شیعرو ئاشنا بوونم بە ڕوالەتەكانى شیعر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى هەشتاكان هەر بۆ ئەمەش یەكەم شیعرم لە ساڵى 1986 لە ڕۆژنامەى هاوكاری لە ژێر ناونیشانى(وون بوون)بڵاو بۆوە بەڵام ئەو كات ئاست و ستایلى شیعرى كوردى هەر لە یەك دەچوون شاعیران بە پەنجەى دەست دەژمێردران و بیرو سۆزی جوان لە شیعرەكانیان بەرجەستە دەبوو
 
 شێخانى:
 لە سەرەتای چونە نێو دنیاى شیعر بەكام شاعیر كاریگەر بوویت؟

 خامۆش:
 ئەو كات كۆمەڵێ شاعیرى بەرچاو هەبوون كە وێنەو ستایلى جوان لە شیعرەكانیان بەدى دەكرا خوێنەرى جدى دەیتوانى لە چوارچێوەى بیرو بۆچوندا بەرجەستەى بكات بەڵام ئەو شاعیرانەى شیعرەكانیان بەرچاو بوون لەگەڵ كۆژانەكانى ئەو كاتەی سەردەم دەگونجاو لە دەرگای دڵى عاشقانى شیعریان دەدا ئەویش هەردوو بەڕێز عەبدوڵا پەشێو و شێركۆ بێكە س بوون من زیاتر بەم دووانە كاریگەر بووم
 
 شێخانى:
 ئەى شیعرى شاعیرانى هاوچەرخ چۆن هەڵدەسەنگێنى؟

 خامۆش:
 بەڕای من شاعیرانى هاوچەرخ ئەوانەى كە بەرچاو بن زۆربەیان لە یەك ئاست دان شیعرى ناسك و جوان دەنوسن بەڵام بە داخەوە ستایلەكانیان زوَر لە یەك نزیكن بە دەگمەن هەن كە تایبەتمەند بن بەڵام من گەشبینم كەوا كۆمەڵێ شاعیرى گەنج وا بەڕێوەن لە دواڕۆژ شاعیرى باشیان لێ دەردەچێ
 
 شێخانى:
 چۆن تۆ زێتر شیعرى ڕۆمانسى دەنوسی؟

 خامۆش:
 ڕۆمانسیەت تەعبیر لە زاتى خۆم دەكا…شیعر بێ ڕۆمانسیەت وەك باخچەیەكى بێ گوڵ وایە وەك دەریایەك بەبێ ماسى خاكێكى وشكە بە بێ ئاو…
 
 شێخانى:
 زمانى شیعرەكانت سادەن بۆچى؟
 زمانى شیعر ناڕاستەوخۆیە پێویستە خوێنەرى جدى تێى بگا،بەڵی زمانى شیعرى من سادەن بەڵام گرنگ ئەوەیە خوێنەر تا چەند لە هونەری شیعرەكانم دەگا..بەڕاى من شیعر با سادە بێ بەڵام ئیستاتیكایانە پڕ بێ لە هزرو وێنەو بیرو بۆ چوونى جوان،واتە زمانى شیعر زمانێكە جیا لە زمانى ئەو بابەتانەى كە لە ڕۆژنامەو گۆڤارەكان بڵاو دەبنەوە
 
 شێخانى:
 ئەی بۆچى بەرهەمەكانت كەمتر لە بڵاو كراوە ناوەخۆییەكان بڵاو دەكەیتەوە مەبەستم ئەوەیە زێتر لە ماڵپەڕە ئەلكترۆنیە كوردییەكان بڵاو دەكەیتەوە؟

 خامۆش:
 بەڵێ من زێتر لە ماڵپەڕەكان شیعرەكانم بڵاو دەكەمەوە جگە لەوەی ماڵپەڕ سەكۆیەكى ئازادە خەڵكانێكى ڕۆشەنبیرو شیعر دۆست هەن لە هەندەران هەروەها شاعیرى دەست ڕەنگینیشى لێیە لەكەڵ ئەوەش كۆمەڵە خوینەرێكى بەرچاو هەن لە دەرەوەو ناوەوەی كوردستان كە موتابەعەیەكی چاكى ماڵپەڕەكان دەكەن
 
 شێخانى:
 لە هونەرى شیعردا زمانى ناباو هەیە،ڕەمز هەیە،تاچەند كارت لەسەر ئەمانە كردووە؟

 خامۆش:
 من پێش ئەوە باسى زمانى ناباوى شیعرم كرد ڕامگەیاند كەوا زمانى شیعر زمانێكى ناڕاستەوخۆیە پێویستە خوێنەرى جدی تێی بگا ،سەبارەت بە ڕەمز  زۆجار شاعیر بەسەرهات یاخود داستان یا پەندی كوردەوارى وەكو ڕەمزێك لە شیعرەكانى بەكاری دەهێنێت منیش زۆر جار پەنام بردۆتە بەر ڕەمز بەڵام پێویستە بە شێوەیەكى هونەریانە بەكارى بهێنیت بە شێوازێكى سومبولیزمى دابڕێژرێ
 
 شێخانى:
 مەبەستم تا چەند هەوڵت داوە شیعرێكى هونەری بنوسى؟

 خامۆش:
 ڕوالەتەكانى هونەرى لە نێو شیعر زۆر پێویستن كە ئەویش بریتیە لە زمان و وێنەو هەست و سۆز،خوێنەر دەتوانێ قەرارى ئەوە بدات كە شیعرەكانم تا چەند هونەرین
 
 شێخانى:
 چۆن دەڕوانیتە ئاستى داهێنانى شیعرى كوردى لە لایەن ئافرەتانەوە؟

 خامۆش:
 من لە زۆربەى ڕەخنەو وتارە ئەدەبییەكانم باسى ئەوەم كردووە كە ئاستى فیمینستى شیعرى كوردى لە داهێنانێكى بەرچاودایە بەڕاستى،،پێشتر پەردەیەكى پڕ شەرم هەبوو لەنێوان هەڵوێستى ئافرەت و خودی شیعر بەڵام ئێستا وا هەست دەكەم ئەو پەردەیە نەماوەو شاعیرانى ئافرەت بە زمانێكی ئاشكرا پڕ لە ئێستاتیكاو فیمینزمی دەنوسن و خۆیان لە زمانى تە م و مژ ڕزگار كردووە ئەو ئافرەتانەش ببوورن كە ناتوانم ناویان بێنم نەوەكو ناوی هەندێكیان لەبیر كەم
 
 شێخانى:
 هەوڵت نەداوە شیعرى گۆرانى بنوسیت؟

 خامۆش:
 من هەرگیز نەمتوانیوە شیعر بۆ گۆرانى بنوسم بەڵكو شیعر بۆ شیعر بۆ زاتى خۆم دەنوسم، بە ڕای من مەرج نیە شاعیر شیعرێك بۆ گۆرانى بنوسێ و گۆرانی بیژێك یاخود ئاواز دانەرێك بیكاتە گۆرانى بۆ نموونە گۆرانى (یاران وەسیەتم)ی مامۆستا كەریم كابان ئایا كاتی خۆی وەلى دێوانەى شاعیر بۆ گۆرانى نوسیبووی؟ یاخوود گۆرانى (تەمەن)ئەحمەد محەمەدی شاعیر ئەو شیعرەی بۆ گۆرانى نوسیبو؟ بۆیە من دەڵێم پێویستە گۆرانى بێژ یاخود ئاواز دانەر با بەدوای شیعرى نەمر بگەڕێن بۆ ئەوەى گۆرانیەكە بە نەمرى بمێنێتەوە..لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو شاعیرانەى تەنها ووشە ڕیز دەكەن و دەیدەن بە گۆرانى بێژان ئاوازەكەش خەسار دەكەن
 بە ڕای من با شیعرى گۆرانى سادە بێت بۆ ئەوەی گوێگر زوو هەزمی بكا بەڵام هونەری و پڕ بێت لە وێنەى جوان
 
 شێخانى:
 سەرهەنگ چ وەختێك شیعر دەنوسێ؟
 خامۆش:
 شیعر میوانێكى ناوەختە هەموو كاتێك لە دەرگاى هەست و سۆز نادات كە هاتیش من نازانم لە كوێوە لەگەڵی دەست پێ بكەم لە كوێش ماڵاوایی لىَ بكەم
 
 شێخانى:
 تا ئێستا نامیلكەی شیعریت بڵاو بۆتەوە؟

 خامۆش:
 بەڵێ دوو نامیلكەی شیعریم بڵاو بۆتەوە نامیلكەى(لە ژێر شەپۆڵەكانى خۆردا)لە ساڵی 2006لە لایەن سەنتەرى بەهرە بە چاپ گەیەنرا
 هەروەها نامیلكەی(پیاسەیەك لەگەڵ زەردەخەنەی(با)..)كە ئەمساڵ 2009وەزارەتی ڕۆشەنبیرى گرتیە ئەستۆی خۆی بۆ لە چاپ دانى
 
 شیخانى:
 لە كۆتایی سوپاست دەكەم بۆ ئەو  هەڵەى بۆت ڕەخساندم بۆ ئەوەى لە نزیكەوە بە شیعر دۆستانت ئاشناكەم،چیت ماوە بیڵێى؟

 خامۆش:
 تەنها هیوام سەركەوتن و بەرخودانە لەبواری شیعرو ئەدەبی كوردى سوپاس بۆ بەڕێزیشت بۆ ئەو دیمانەیەی لەگەڵ منت ساز كرد
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.