دیمانە لەگەڵ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ حه‌كیم كاكه‌وه‌یس
نووسه‌ر و وه‌رگێڕ حه‌كیم كاكه‌وه‌یس:
هه‌موومان چه‌قۆی ئه‌نفالمان له‌سه‌ر بووه، به ڕێكه‌وت هێندێكمان به‌رنه‌كه‌وتین
نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و زمانپاراوی كورد(حه‌كیم كاكه‌وه‌یس)ی عاشق به ئاو و خاكی كوردستان، له‌م دیمانه‌یه‌دا كه‌فوكوڵ و ناڵه‌ی ده‌روونی جۆشاوی سه‌باره‌ت ئه‌نفال و كیمابارانی كورد بۆ گۆڤاری (دیمه‌ن) هه‌ڵده‌ڕێژێت، ئه‌و پێی وایه باشترین قه‌ره‌بووكردنه‌وه بۆ كه‌سوكاری ئه‌نفال ئه‌وه‌یه: ئه‌نفال نه‌كرێنه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “ئێمه هه‌موومان كه‌سوكار و پاشماوه‌ی ئه‌نفالین و هه‌ریه‌كه له ئێمه وه‌كو مه‌ڕ و بزن چه‌قۆی ئه‌نفالمان له‌سه‌ر بووه. ئیتر به ڕێكه‌وت هه‌ندێكمان به‌ر ئه‌نفال نه‌كه‌وتین. بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌كه‌یسی ئه‌نفال وكیمیاباران، گۆڤاری به پێویستیمان زانی ئه‌م دیمانه‌یه له‌گه‌ڵ به‌رێزیاندا ساز بكه‌ین.
دیمانه: حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: كیمیاباران و ئه‌نفال دوو زامی گه‌وره‌ن له مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورد، به هیچ ده‌رمانی سارێژ نابن، به هیچ دڵدانه‌وه‌یه‌ك ئۆخژن ناگرن، جه‌نابت وه‌ك نووسه‌رێكی دیار و به‌رچاوی كوردستان حه‌زده‌كه‌ی چۆن بۆ ئه‌م دوو زامه گوزارشتی ناخی خۆت ده‌رببڕیت؟
و١/ ئه‌گه‌ر هه‌ندێ مه‌ودای پچڕپچڕی مێژوو ده‌راوێژین كه داگیركه‌ر تیایاندا لاواز بووه یا به ده‌ستی دوژمنێكی تری ده‌ره‌كی شكستی خواردووه، سه‌رجه‌می مێژووی كورد زامه. كورد شكستی به شكسته‌وه به‌ستۆته‌وه و عوباڵیشی خستۆته ئه‌ستۆی قه‌ده‌ر یا دڕنده‌یی نه‌یارانی خۆی یا (خیانت!!)كردنی دو‌ژمنێك كه به دۆستی زانیوه. كیمیاباران و ئه‌نفال دوو زامی تازه‌ن و تا ئێستا خوێنیان وشك نه‌بۆته‌وه بۆیه تا ڕاده‌یه‌ك، له بیرمان ماوون. به په‌یدابوونی زامێكی تر، كۆن ده‌بن و بیرمان ده‌چنه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو زامه له جه‌سته‌ی هه‌ر میلله‌تێك بوایه‌ن، به به‌ده‌ستهێنانی سه‌رفرازی ساڕ‌ێژ ده‌بوون، به‌ڵام ئێمه‌ی كورد هه‌ر به زامی تر ساڕێژیان ده‌كه‌ین. كاتێ كاره‌ساتی له كیمیاباران و ئه‌نفال گه‌وره‌ترمان به سه‌ردا بێ، ئه‌و دووه‌مان بیر ده‌چنه‌وه وه‌ك به‌و دووه، بۆردومانی قه‌ڵادزێ و هه‌ڵه‌بجه‌ی ١٩٧٤و شكستی ١٩٧٥مان بیر چووه‌وه. كاتی خۆی، ٢٤/٤/١٩٧٤مان كرد به ڕۆژی شه‌هید چونكه له‌و ڕۆژه‌دا قه‌ڵادزێ بۆردومان كرا و زیاتر له ٣٠٠ شه‌هیدمان دا. به‌ڵام ٥٠٠٠ شه‌هیدی هه‌ڵه‌بجه، ئه‌و (٣٠٠)ه‌ی بزر كرد و ئه‌نفالیش به خۆی و ١٨٢٠٠٠ شه‌هیده‌وه، هه‌موو ژماره‌كانی پێش خۆی سڕییه‌وه… چاوه‌چاوی ژماره‌ی پێوانه‌ی شه‌هیدین تا ئه‌نفالمان بیر بچێته‌وه و ڕۆژی شه‌هید ده‌ستنیشان بكه‌ین!
هه‌موومان ده‌زانین ئه‌نفاله‌كانی سه‌رده‌می به‌عس یه‌كه‌م ئه‌نفال نین له مێژووی كورددا. چه‌ندین جار و بار كورد ئه‌نفال كراوه به‌ڵام ئه‌مه‌یان لێمانه‌وه نزیكه و تیایدا ژیاوین و تا ماوه‌یه‌ك ده‌مانهه‌ژێنێ. وه‌ك ئه‌نفالكردنی ٨٠٠٠ بارزانی هه‌ژاندمانی تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌نفالی له‌وه گه‌وره‌ترمان به سه‌ردا هات.
كێشه‌ی ئێمه له‌وه‌دایه هه‌وڵ ناده‌ین هۆكاری ئه‌نفالكردنمان ده‌ستنیشان بكه‌ین یا دوژمنی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمان دیاری بكه‌ین. ئه‌تره‌شمان له‌وه چووه قه‌ومێك به ئه‌نفالچی و ده‌وڵه‌تێك به تاوانبار دابنێین. ئۆباڵی ئه‌نفال و هه‌ر غه‌درێكی كه لێمان ده‌كرێ، ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی ده‌سته‌یه‌كی بچووكی خه‌ڵكی ده‌سه‌ڵاتدار. ئێمه كه خۆمان دروستكه‌ری سوپای عیراقین و هه‌ر ئه‌و سوپایه‌ش ئه‌نفالمانی كرد، كه ئه‌و سوپایه تێكیششكا، دیسان دروستمان كرده‌وه! هیچ میلله‌تێك له مێژوودا كاری وای نه‌كردووه و كاری وا له هیچ میلله‌تێكی زیندوو ناوه‌شێته‌وه. با بگه‌ڕێین: هه‌ر میلله‌تێك له جیهاندا كاری وای لێ وه‌شابێته‌وه، نابێ ئێستا ده‌وڵه‌تی هه‌بێ! ئه‌و خه‌سڵه‌ته سه‌قه‌ته‌ی ئێمه هه‌مانه، ته‌نها كۆیله هه‌یبووه یا هه‌یه‌تی، ده‌نا میلله‌تی زیندوو و خه‌سڵه‌تی وایان نه‌گوتووه.
با ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ین كاتێ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌نفال تێك‌شكان و كه‌وتنه به‌ر ده‌ستی كورده‌وه، نه‌ك هه‌ر سزا نه‌دران، به‌ڵكو خه‌ڵاتیش كران. با چاوێك به ده‌وروبه‌ری خۆماندا بخشێنین بزانین چه‌ند ئه‌نفالچی، نه‌ك هه‌ر له سزا خه‌له‌ساون، بگره ده‌مڕاستی كوردن و چاره‌نووسمان دیاری ده‌كه‌ن و بڕیار ده‌ده‌ن كورد به‌ره‌و چ هه‌ڵدێرێك مل بنێ و ملی خۆی بشكێنێ! هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ئه‌گه‌ر حورمه‌تی خۆی بگرێ و ڕێزی شه‌هیدانی خۆی بزانێ، ئه‌وه‌ی لێ ناوه‌شێته‌وه. با بڵێین به‌رپرسان هه‌ندێ حیساباتی خۆیان له‌و بواره‌دا هه‌یه و دوور نییه پشكیان له ئه‌نفالدا، به جۆرێ له جۆره‌كان هه‌بووبێ، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌و میلله‌ته چۆن ئه‌و شه‌رمه‌زارییه قه‌بووڵ ده‌كا؟ كه‌سوكاره نزیكه‌كانی ئه‌نفالكراوان چۆن بێده‌نگن و نایانه‌وێ ئه‌و مه‌ته‌ڵانه هه‌ڵبێنن؟! چ گاڵته‌جاڕییه‌كه ئێستا پاشماوه‌ی ئه‌نفال نانی ڕۆژانه‌ی له ده‌ستی ئه‌نفالچیدا بێ!
من پێم وایه كورد پێش دوژمنه‌كانی، حیسابی مرۆڤ بۆ خۆی ناكا تا مافی مرۆڤانه‌ی هه‌بێ و خه‌ڵك مافی مرۆڤی ڕه‌وا ببینێ و له ڕیزی مییلله‌تاندا جێی بكرێته‌وه. ئه‌مه خه‌سڵه‌تی كۆیله‌یه كوردی گرتووه و تا ئێستا به‌ری نه‌داوه. من یه‌ك نموونه‌ی ئه‌و بچووكییه ده‌هێنمه‌وه: له كه‌ركووك ته‌قینه‌وه ژیانی خه‌ڵكی شێواندووه و حیزبه‌كانیش زه‌ره‌ری زۆریان پێ گه‌یشتووه، كه‌چی سه‌رانی كورد له ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییه‌كی ساردوسڕ زیاتر، ئه‌ولاتره‌وه ناچن. به‌ڵام كه كوردێك پای خوار داده‌نێ، ئه‌تكی ده‌كه‌ن! له‌و به‌ینه‌دا كوردێك گوتبووی باره‌گایه‌كی فڵان حیزب له كه‌ركووك به‌شێك له شه‌قامه‌كه‌ی گرتووه، هه‌ر له سه‌ر ئه‌و ناڕه‌زاییه هه‌موو گیانیان شكاندبوو! ئه‌ی بۆ به‌رانبه‌ر كوردكوژه‌كان ئاوها شێر و ئازا نین؟! هه‌ر ئه‌وه‌یه باوه‌ڕیان هێناوه كه كورد هه‌ر بۆ سووكایه‌تی و ئه‌نفالكردن و كوشتن باشه و چه‌ندین پله له مرۆڤی تر دامێنتره! له بواری سیاسه‌تیشدا هه‌ر واین: كه فیرقه‌ی دوانزه هاته كه‌ركووك، نه‌ختێ چاره‌مان دا به‌یه‌كدا به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا به‌وه‌نده ناشێوێ. كه ئه‌وه‌ی بۆ چووه سه‌ر، ئۆپه‌راسیۆنی دیجله‌ی ده‌ست پێكرد. بۆ ئه‌وه‌ش نه‌ختێ خێسه‌مان له به‌غدا كرد و ئه‌وانیش زوو زانیان ئێمه كه به گیانی خۆمان قاره‌مانین، خێسه‌كردنمان هیچ ناگه‌یه‌نێ و به سه‌فته دۆلار چاره‌سه‌ر ده‌كرێ. ئه‌وجا درعی جه‌زیره‌شیان هێنا… هه‌ڵوێستی كورد ئاوها بێ، سه‌ربازه‌كانی مالكی ده‌گه‌نه ناو نوێنه‌كانیشمان و زیاتر ناڵێم!
پ2/پێشتر ده‌مان وت وڵاتانی دنیا له‌باره‌ی كیمیاباران و ئه‌نفالی كورد چورته‌یان نه‌كرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆش ده‌بینین سه‌ركردایه‌تی كورد له‌باره‌ی ئه‌م رووداوه گه‌ورانه وه‌ك پێویست نییه، له‌م باره‌وه جه‌نابت قسه‌ت چییه؟
و/٢ پێم خۆش نییه به درێژی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌مه‌وه، چونكه چوونه ناو باسێكی واوه، لێبوونه‌وه‌ی زه‌حمه‌ته و ڕسته به ڕسته په‌ل به‌ملا و ئه‌ولادا ده‌هاوێ. هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم كه سه‌ركردایه‌تی كورد، سه‌ركرده‌ی كۆمپانیای بازرگانین و كاری بازرگان‌یش ئه‌و حیسابانه‌ی تێدا نییه كه خه‌می من و تۆیه. هه‌ر ئه‌نفالچییه‌كی كورد یا عاره‌ب، ئه‌گه‌ر بتوانێ تانكه‌رێك بۆ ئاودیوكردنی نه‌وت مسۆگه‌ر بكا و بیخاته كار، له هه‌موو گوناهان پاك ده‌بێته‌وه! ئه‌ی من و تۆ چ سوودێكی ئابووریمان بۆیان هه‌یه تا بیر له دڵڕاگرتنمان بكه‌نه‌وه؟! ئه‌دی چ ترسێكیان لێمان هه‌یه؟
به داخه‌وه باوه‌ڕێكی زۆر تاڵم له لا دروست بووه: ئه‌وه‌ی له سای ئه‌م حیزبانه‌دا به حیسابی خۆی بۆ كورد شه‌هید بووه، ته‌نها له خۆی و كه‌سوكاری چووه. ئه‌وه‌ی له به‌ندیخانه‌كاندا خرایه تیزابه‌وه یا هه‌ڵواسرا، پێی وانه‌بوو له پێناوی كۆمپانیای نه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كدا خۆی ده‌كاته قوربانی! له ڕاستیدا سه‌رانی كورد، هه‌ر حیسابێك له هۆشیاندا هه‌بێ، حیسابی نه‌ته‌وه‌كه‌یان له حیسابدا نییه و یه‌كه‌م خه‌ته‌ر له سه‌ریان هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و بیری نه‌ته‌وایه‌تییه و به هیچ شێوه‌یه‌ك بوار ناده‌ن ئه‌و هه‌ست و بیره گه‌شه بكه‌ن. هه‌ر تاكێكی كوردیش ئه‌و بیر و هه‌سته‌ی هه‌بێ، ئه‌گه‌ر لێشیگه‌ڕێن، ده‌بێ له په‌راوێزی ڕووداوه‌كاندا دامێنێ و زۆری ڕاكێشێت، ژیانی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه!
پ3/ به بۆچوونی جه‌نابت ده‌بێ سه‌ركردایه‌تی كورد چۆن قه‌ره‌بووی كه‌س و كاری ئه‌نفالكراوه‌كان بكاته‌وه؟
و٣- من وه‌های ده‌بینم كه ئێمه هه‌موومان كه‌سوكار و پاشماوه‌ی ئه‌نفالین و هه‌ر یه‌كه له ئێمه وه‌كو مه‌ڕ و بزن چه‌قۆی ئه‌نفالمان له سه‌ر بووه. ئیتر به ڕێكه‌وت هه‌ندێكمان به‌ر ئه‌نفال كه‌وتین و هه‌ندێكمان به‌ر نه‌كه‌وتین. ئه‌وه‌ی به‌رنه‌كه‌وت، كاریگه‌ری ئه‌و شه‌رعه له ناخیندا هه‌یه… به‌ڵێ هه‌میشه چه‌قۆی ئه‌فالمان له سه‌ره و چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنین. كوردستان به گشتی، زۆر جار به دۆزه‌خی ئه‌نفالدا تێپه‌ڕیوه. برینی ئه‌نفال له هه‌ستی هه‌مووماندایه. وای بۆ ده‌چم كه كاریگه‌ری ئه‌نفال له سه‌ر هه‌موومان، چ وه‌ك تاك و چ وه‌ك نه‌ته‌وه، بۆته هۆكاری برینێكی قووڵی ناخمان كه جورئه‌تی هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر به داگیركه‌ر لێ زه‌وت كردوین. ئه‌نفال برینێكه و خۆش نابێته‌وه. دڕنده په‌لاماری ڕه‌وێ ئاسك ده‌دا و به ڕێكه‌وت یا هه‌ڵكه‌وت یه‌كێكیان ده‌كاته نێچیر، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ڕه‌وه‌كه‌دا ده‌رباز ده‌بن و ده‌مێننه‌وه، به‌رانبه‌ر به دڕنده سڵ و چاوشكاون و هه‌میشه چاوه‌ڕوانی هاتنی دڕنده و خۆده‌ربازكردنن. ئه‌وه كاری سروشته. ئه‌وه غه‌ره‌زی مانه‌وه‌یه و ئه‌و به‌سته‌زمانانه، له فه‌لسه‌فه و تیۆرییه‌كانی چینایه‌تی و ئاین و مه‌زه‌ب و ڕه‌گ و ڕه‌گه‌ز تێناگه‌ن تا ته‌فسیر بۆ گۆشتخواردن و پاڵپێوه‌نه‌ری گۆشتخۆر بكه‌ن و به‌رانبه‌ر دڕنده‌ی تر هێور ببنه‌وه و خۆیان به‌وه بخه‌ڵه‌تێنن كه هه‌موان، چ دڕنده‌كان و چ ئاسكه‌كان یه‌ك هه‌وا هه‌ڵده‌مژن و له سه‌ر یه‌ك زه‌وی ده‌ژین! ئێمه‌ی ئه‌نفالدیته، هه‌میشه هه‌مان ئه‌و ترسه‌مان هه‌یه، كه‌چی هه‌مان ئه‌و سوپایه‌مان دروست كرده‌وه كه ئه‌نفالی كردین! هیچ گیاندا‌رێك هه‌ڵه‌ی وا ناكات! ڕه‌نگه هیچ تاكه مرۆڤێكیش هه‌ڵه‌ی وا نه‌كات… بچێ گه‌رای ئه‌و دووپشكه‌یه بترووكێنێ كه به خۆیه‌وه داوه. ئه‌مه ڕه‌فتاره‌ی خۆمان له ئه‌نفال به‌ئازارتره و خۆش نابێته‌وه. ئه‌گه‌ر نه‌وه‌یه‌كی داهاتوو ئه‌نفال بكرێ، چۆن له خۆمان خۆش بین؟! كێ له‌م جیهانه‌دا له نهێنی ئه‌و ڕه‌فتاره‌مان تێده‌گا و ده‌زانێ بۆچی ئه‌و كاره عاجباتییه‌مان كرد و ئه‌وجا شانازیش ده‌كه‌ین؟!
قه‌ره‌بووكردنه‌وه ئه‌وه نییه كونجی حه‌وانه‌وه بۆ پاشماوه‌كانی ئه‌نفال دابین بكرێ. ئه‌وه‌ش نییه مانگانه‌یان بۆ بژێو بۆ ببڕدرێته‌وه. ئه‌وه‌ش نییه ساڵانه له‌گه‌ڵ ئه‌و خانه وێرانانه‌دا شین بگێڕین، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كارێك بكرێ كه‌س جارێكی تر زه‌فه‌ریان پێ نه‌با و ئه‌نفال نه‌كرێنه‌وه. قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان سێبه‌ری ئاڵای سه‌ربه‌خۆییه. به‌ڵێ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و دابینكردنی ئازادی و سه‌رفرازی، باشترین قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه بۆ ئێمه‌ی پاشماوه‌ی ئه‌نفال و ئێمه‌ی چاودێری گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و ئێمه‌ی ده‌یان جار تاڵانكراو و ئاواره‌بوو. من هێنده‌ی ئه‌و ئاسكانه‌ی پێشتر باسم كرد سڵم چونكه هه‌ر ده‌نگێ له به‌غداوه دێ هه‌واڵی ئه‌نفالم پێ ده‌گه‌یه‌نێ و بۆنی ژه‌هری كیمیاویم بۆ دێنێ. قه‌ت بووه هه‌واڵی خۆش سه‌رچاوه‌كه‌ی به‌غدا بووبێ؟! هه‌ر به‌ڵێنێك له به‌غدا به كورد ده‌درێ، ده‌نگی تیژكردنی تیغی سه‌ربڕینی كوردی له‌گه‌ڵدا ده‌بیستم. من ناتوانم بڵێم ئه‌م گورگه له‌وی تریان به‌ویژدانتره چونكه كه‌س ناتوانێ له به‌غدا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێ و له‌گه‌ڵ كورددا به به‌زه‌یی بێ. له به‌غدا، ئه‌و كه‌سه پشتگیری ده‌كرێ كه به‌رانبه‌ر كورد دڕ بێ و تاكه‌تاكه‌یه‌كیش كه ڕۆژێ له ڕۆژان ئه‌وینداری كچه كوردێك بووبێ یا ماستاوێكی هه‌ولێری خواردبێته‌وه و نه‌ختێ به‌رگری له كورد بكا، جه‌ماوه‌ری به‌غدا له به‌ر چاووم ڕه‌نگڕێژ ناكا و قه‌ت ناڵێم: ئه‌ها ئه‌وانه له سه‌نگه‌ری ئێمه‌دان! مه‌سه‌له‌ی ڕه‌گه‌ز و قه‌ومپه‌رستی له ئارادا نییه به‌ڵكو خه‌سڵه‌ت و نه‌ریتی دوو قه‌وم كاریگه‌ری خۆیان هه‌یه. عیراق به بێ كوردیش بێ، ململانێی نێوان (حچر و بادیه – شار و بیابان)ی هه‌یه و هه‌بووه و لێكدانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی بۆ نه‌كراوه، ئیتر بۆ بوونی ململانێیه‌كی وا له نێوان چیانشین و بیاباننشیندا قه‌ومپه‌رستی بێ؟. خه‌سڵه‌تی دانیشتووی بیابان ڕووتاندنه‌وه بووه و خه‌سڵه‌تی شارنشینیش به‌رگریكردن بووه. چییه وا له به‌ختی ئێمه‌دا نه بیاباننشین خه‌سڵه‌تی تاڵانچێتی ماوه و نه چیانشینیش خه‌سڵه‌تی به‌رگریكردنی ماوه و له یه‌ك بۆده‌قه‌ی مرۆڤایه‌تیدا به سه‌ر یه‌كدا تواوینه‌ته‌وه!
به‌ڵێ ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد هه‌ندێ خانووچكه‌یان بۆ هه‌ندێ له پاشماوه‌كانی ئه‌نفال كردووه به‌ڵام له هه‌مان كاتدا جه‌له‌ولایان له ده‌ستی كورد ده‌ركرد. جه‌له‌ولا، به به‌ر چاوی هه‌موومانه‌وه دوای به‌عس و له سای دیموكراتی و هه‌بوونی هه‌رێمدا ته‌عریب كرا و كوردی تێدا نه‌ما. ئه‌مه ناشێ به سه‌ركه‌وتن دابنێین! سه‌ندنه‌وه‌ی جه‌له‌ولا له عاره‌ب یا پێداگری له سه‌ر حه‌مرین و سه‌رفرازكردنی كه‌ركووك و كه‌ركووكییه‌كان، باشترین قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان بوون به‌ڵام نه‌كران. كه ئه‌وه ناكه‌ن، ده‌بێ خۆمان، به تایبه‌تی له ناوچه دۆڕاوه‌كان، بۆ ئه‌نفالی تر و كۆڕه‌وی تر ئاماده بكه‌ین و سندان له هه‌موو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كان!
قسه‌كردن له سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه به‌سوێیه، چونكه هه‌موومان ده‌بینین پله‌وپایه‌ی پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌كان له كوێیه و ه‌ی ئه‌نفالچییه‌كان له كوێیه! داخی گرانم ئه‌وه‌ی كه به‌عس نه‌یتوانی بیكا، خۆمان به ده‌ستی خۆمان، به خۆمانمان كرد!
پ4/ ئایا پێت وا نییه ئێمه ده‌مانتوانی به هۆی كیمیاباران و ئه‌نفال ده‌وڵه‌تی كوردی ڕابگه‌یه‌نن ؟
و٤/ ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌سته‌مان به‌رانبه‌ر خۆمان هه‌بوایه كه جووله‌كه‌كان بۆ خۆیان هه‌یانبوو، به‌ڵێ كیمیاوی و ئه‌نفال ده‌بوونه به‌ره‌ژانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، جگه له‌وه‌ی هه‌موو ڕیزه‌كانی كوردیان یه‌ك ده‌خست. ئه‌و كاره‌ساته‌ی له ئه‌وروپا به سه‌ر جووله‌كه‌كاندا هات، بووه هۆكاری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل به‌ڵام ده‌یان هه‌زار و سه‌دان هه‌زار گامێشی كێوی له باكووری ئه‌مه‌ریكا نه‌بووه هۆی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی گامێشه‌كان. ئێمه، له ڕێی سه‌ركرده‌كانمانه‌وه، كه‌وتووینه‌ته سنووری نێوان جووله‌كه‌كان و گامێشه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه و سه‌ركرده‌كانمان جێگه‌یان بۆ ده‌ستنیشان كردووین… ئایه له جووه‌كانه‌وه نێزیكین یا له گامێشه كێوییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه! ئه‌گه‌ر له گامێشه‌كانه‌وه نێزیك بین، سه‌د ئه‌نفالی تر و هه‌زار هه‌ڵه‌بجه‌ی تر نامانكه‌ن به خاوه‌نی هیچ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ستمان به هه‌ستی جووه‌كان بچێ یا له هه‌ستیانه‌وه نێزیك بێ، به‌ڵێ ده‌بین به خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و قه‌بووڵ ناكه‌ین نه‌وه‌كانی داهاتوومان هه‌مان هه‌ڕه‌شه‌یان له سه‌ر بێ.
گرنگه بزانین ئه‌و كاره‌ساتانه به سه‌ر كێدا هاتوون. چما دابه‌شكردنی كوردستان به سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تدا، خۆی له خۆیدا وانه‌یه‌ك نییه بۆ لێوردبوونه‌وه؟! ئینگلیز و فه‌ره‌نسییه‌كان و ئیتالییه‌كان كه براوه‌ی یه‌كه‌م جه‌نگی جیهان بوون، بۆچی توركیای دۆڕاویان دابه‌ش نه‌كرد كه یه‌ك بسته خاكی ئه‌و وڵاته ه‌ی خۆیان نه‌بوو، كه‌چی هاتن كوردستانیان دابه‌ش كرد؟ كورد تۆپه‌ڵێكی نه‌رم بوو و به ئاسانی دابه‌ش ده‌كرا به‌ڵام توركی دۆڕاوی جه‌نگ، وه‌ك ژماره ١٧ ته‌نها به سه‌ر خۆیدا دابه‌شبوونی قه‌بووڵ ده‌كرد. ئه‌وانیش، براوه‌كانی جه‌نگ، له ئاسانترین چاره‌سه‌ر ده‌گه‌ڕان و له‌وه ئاسانتر و كه‌ممه‌سره‌فتریان چنگ نه‌كه‌وت كه كوردستان دابه‌ش بكه‌ن!
ئێستاش هه‌مان كێشه‌مان هه‌یه. ده‌بینین به به‌ر چاومانه‌وه كه‌ركووك ته‌عریب ده‌كرێ و قه‌سابخانه بۆ كورد به‌رپا ده‌كرێ، كه‌س فززه‌ی لێوه نایێ چونكه مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه، به‌ڵام له به‌غداوه پاره‌ی كه‌م بنێرن، قه‌یامه‌ت هه‌ڵده‌ستێ و له‌شكر ده‌بزوێ و هه‌ڕه‌شه ده‌كرێ! كاكه وا ده‌رپێی كورد له كه‌ركووك گه‌یشته چۆكان!! ده‌ی ملیۆنه دۆلاره‌كان بێ وه‌ی بن، با بگاته بن پێی!
من دڵنیام به‌و كه‌ره‌سه سیاسییانه‌ی كه ئێستا كورد هه‌یه‌تی به هیچ كوێ ناگه‌ین. ده‌بینم شه‌قام جوان ده‌كرێن و بینا به‌رز ده‌كرێنه‌وه و بازرگانی ده‌رمانی به‌سه‌رچوو و خۆراكی ژه‌هراوی گه‌شه ده‌كا و ژماره‌ی زانكۆكان وه‌ك چه‌قه‌ڵ ده‌ته‌ره‌كێن و شه‌هاده‌ی بێتوانایی ده‌به‌شنه‌وه. به‌ڵام له سه‌ر ئه‌وانه‌شه‌وه، كێشه‌ی من ئاڕاسته‌كه‌یه… ئه‌م كه‌شتییه‌ی كه هه‌موومانی تێداین، به‌ر چ تاشه‌به‌رێك ده‌كه‌وێ و له كوێ نغرۆ ده‌بێ؟! ئه‌وه‌ی ئێستا له كوردستاندا پێی ده‌ڵێن گه‌شه‌كردن، من پیی ده‌ڵێم هه‌ڵئاوسان… ئه‌وه‌ی له كوردستان ڕوو ده‌دا جێی دڵخۆشی نییه چونكه له سه‌ر حیسابی له‌ده‌ستدانی هه‌موو به‌ها مرۆییه‌كانه و باجه‌كه‌ی وا له قوڕگی مادده‌ی ١٤٠ی به‌دناودایه. ئه‌گه‌ر له كوردستاندا یه‌ك بزمار دروست بكرێ دڵم زۆر خۆش ده‌كا، به‌ڵام ده‌یان هه‌زار ئۆتۆمبیلی دوامۆدێل به سه‌ر شه‌قامه‌كاندا بێن و بچن، نرخیان له كه‌ر و عاره‌بانه‌كانی جاران زیاتر نییه و كاریگه‌ریشیان زیاتر نییه. ئه‌وه‌ی به سه‌ر شه‌قامه‌كان و له بازاڕه‌كاندا ده‌یبینین، سه‌رچاوه‌كه‌ی پاره‌یه‌كه كه نه‌ك هه‌ر له ئێمه، له نه‌وه‌كانی داهاتووشمان دزراوه. ومیلله‌تان پارێزگاری له سامانی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌نده‌ی ده‌كرێ ده‌ستی پێوه ده‌گرن، به‌ڵام ئێمه په‌له‌مانه بۆ ئه‌وه‌ی تكوچۆڕی بده‌ین و بیخه‌ینه جانتاوه!
به داخێكی گرانه‌وه، هه‌رچی له كوردستاندا ئه‌نجام ده‌درێ، هه‌ر ئه‌وه‌نده دڵسۆزی تێدایه كه ئه‌بوو جه‌هل بۆ ئیسلامی هه‌بوو.
پ5/له‌روانگه‌ی نووسه‌ر و رۆماننووسانی كوردستان تا چه‌ند توانراوه كیمیاباران و ئه‌نفال به زمانی ئه‌ده‌ب كاری له‌سه‌ر بكرێت؟
و٥/ به داخه‌وه زۆرینه‌ی نووسه‌ران و ڕووناكبیران و هونه‌رمه‌ندانیشمان وه‌ك سیاسییه بازرگانه‌كانمان ده‌ستیان كه‌وتۆته بن سه‌فته دۆلاره‌وه. به به‌رنامه زمانه‌كه‌مان سه‌قه‌ت ده‌كه‌ن و ئه‌ده‌به‌كه‌مان ده‌شێوێنن. هونه‌رمان وێران ده‌كه‌ن و هه‌رچی جێی شانازیمانه تێكی ده‌ده‌ن و توێژێكی درۆزنانه‌ی ڕۆژاواییانه‌ی به سه‌ردا ده‌ده‌ن و ناوی لێ ده‌نێن پێشكه‌وتن و عه‌وله‌مه و ژه‌هره ماری تر. له هه‌مان كاتدا یاسای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و پێشتریش له كوردستاندا پێڕه‌و ده‌كرێن… ژنكوشتن و فه‌توادان بۆ حه‌رامكردنی نه‌ورۆز و ئاهه‌نگگێڕان. باسكردنی به مێرددانی منداڵی هه‌شت نۆ ساڵه…
هه‌موو بوارێك، چ ڕۆژنامه و گۆڤار و چ ته‌له‌ڤزیۆن و ڕادیۆ و چ پاره و توانا و پشتگیری، بۆ ئه‌وانه فه‌راهم ده‌كرێن كه خه‌ریكی شێواندنی هه‌موو شتێكی كوردن به كوردبوونه‌كه‌شیه‌وه. هه‌ر ده‌نگێكیش ژێی نه‌ته‌وایه‌تی و دڵسۆزی ببزوێنێ، كپ ده‌كرێ و له چه‌ندین به‌ره‌وه سه‌نگه‌ری لێ ده‌گرن و سه‌گی هاری تێ به‌رده‌ده‌ن.
ئه‌وانه‌ی ئه‌نفال و كیمیابارانیان كردۆته كه‌ره‌سه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان یه‌كجار كه‌من و قه‌ت له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ی كاره‌ساته‌كاندا به‌راورد ناكرێن. شیعرێ له‌وێ و چیرۆكێ لێره و ئاوازێك له‌ولاتر، ئه‌وه نییه به باڵای كاره‌ساته‌كان پێوانه بكرێن. ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می دووه‌م جه‌نگدا به سه‌ر جووه‌كاندا هات، هه‌تا ئێستاش هه‌ناوێكه به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ری ده‌به‌خشێ به نه‌وه دوای نه‌وه‌ی جووله‌كه و سه‌رجه‌می مرۆڤایه‌تی. له ڕاستیدا، ده‌زگا حیزبییه‌كانی كوردستان به ده‌ستی ئانقه‌ست ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ده‌كرێ. ئاخر ئه‌نفال چ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ هۆڵۆكۆسدا هه‌یه؟ له سه‌دان ڕۆمان و فیلم‌دا باسی ئه‌و قه‌تارانه كراوه كه جووله‌كه‌یان به‌ره‌و مه‌رگ گواستۆته‌وه، ئه‌ی كوا باسی ده‌می شۆڤڵی ئه‌نفال و زنده‌به‌چاڵكردنی منداڵی كورد له به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ری كورددا؟
كه‌ره‌سه‌مان زۆره به‌ڵام خه‌مخۆرمان، ڕۆژ به ڕۆژ كه‌م ده‌بێته‌وه و له ئه‌نجامدا ئه‌نفال و كیمیاباران له سنووری كاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌رده‌چن و باسكردنیان ده‌بێ به نیشانه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و دواكه‌وتوویی… ئه‌دی نووسه‌رێك نه‌یگوت: ئاماده نیم له سه‌ر ئاڵای كوردستان منداڵێكی عاره‌ب له كه‌ركووك له خه‌و بكه‌م؟!
تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه له ژماره (5)ی گۆڤاری (دیمه‌ن) بڵاوبووه‌ته‌وه