Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دیمانە لەگەڵ چیرۆکنووس یوسف عیزەدین

دیمانە لەگەڵ چیرۆکنووس یوسف عیزەدین

Closed
by January 4, 2012 ئەدەب

 

 نووسەر و رۆشنبیری کورد “یوسف عیزەدین” لەرێی ئەم دیمانە تایبەتییەوە باس لەئیشکالییەتەکانی رۆشنبیر دەکات و لەو نێوەندەدا هێما بۆ رۆشنبیری کورد دەکات. ئەو پێیوایە: بوونی رۆشنبیرانێکی زۆر لەغیابی بیرمەند و نووسەرانی جیددیدا، نەک شتێکی دڵخۆشکەرە نییە، بەڵکو شتێکی سامناکیشە. پاشان هەر لەرێی ئەم دیمانەیەوە باس لەگرفتەکانی بواری رۆشنبیریی کوردیی دەکات و تیشک دەخاتە سەر هەڵە جەوهەریی و سترکتۆرییەکانی رۆشنبیری کورد و رەخنە لەعەقڵییەتی کلاسیکی و باوی رۆشنبیریی دەگرێت.

ستیڤان:گۆشەنیگاکان لەمەڕ رۆڵی رۆشنبیر لێکجودان، ئاڕاستەیەک وا بیر دەکاتەوە رۆشنبیر بوونەوەرێکی خەیاڵیی و دابڕاوە لەدنیای دەوروبەر و بەتەنێ کاری بەرهەمهێنانی مەعریفەیە، یەکێک لەو بیرمەندانەی ئەم بیرکردنەوەی هەیە (ژولین بیندا)یە، بەڵام لەبەرامبەردا ئاڕاستەی دووەم پێیوایە رۆشنبیر سەرباری بەرهەمهێنانی مەعریفە بەشداریی و هەڵوێستی هەیە لەهەمبەر ئەو رووداوانەی لەدەوروبەریدا هەن. هزرمەندی ناسراوی ئەمەریکی بەرەگەز عەرەب (ئێدوارد سەعید) بەدرێژایی یەکێک لەکتێبەکانی (وێناکانی رۆشنبیر) هەوڵیداوە بەمجۆرەی سەرەوە پێناسەی رۆشنبیر بکات، بەڵام پرسیارەکەی من ئەوەیە رۆڵی رۆشنبیر لەدەرەوەی بازنەکانی نووسین چییە؟، ئایا رۆشنبیر مافی ئەوەی هەیە بەناوی جەماوەرەوە قسە بکات و رێنوێنیان بکات یان ئەرکی رۆشنبیر جیایە لەم رۆڵە؟.

یوسف عیزەدین:سەرباری ئەو ئیشکالە واتاییەی کە لەنێو زۆرێک لەکولتوورەکانی دنیادا دەرحەق بەزاراوەی رۆشنبیر نەخشێنراوەو رۆشنبیری لەبری خودی خۆی کردۆتە‌ شتگەلێکی زۆر جوداو جیاواز. دەکرێت‌ بڵێین بەشێوەیەکی گشتیی رۆشنبیر کەسێکی هەڵسووڕاوە لەنێو ئیدۆلۆژیاکانی زەمەنەکەیداو بەپێی لادانی بەلای ئەم ئیدۆلۆژیا یان ئەو ئیدۆلۆژیادا، جێگەو شوێنی دیاری دەبێت و هەردەم لەنێو دژایەتییەکی سەرزارەکی ئیدۆلۆژیانەدا دێت و دەچێت. ئەمە لەگەڵ ئەوەی کە مەرج نییە‌ رۆشنبیر نووسەر بێت، یان بابڵێین ئەگەر نووسەریش بێت نووسەرێکی باش بێت. هەروەها‌و بگرە لەوە زیاتریش تەنانەت مەرج نییە رۆشنبیر خوێنەریش بێت “مەبەست لەخوێنەری جیددییە”؟! دیارە هەر لەسەرەتاوە دەبێت بڵێین جیاوازییەکی زۆر قووڵ لەنێوان رۆشنبیر وەک خودێکی ناولێنراو و بەگشتیی لەئێستادا بەو چەشنە ناسراو، لەگەڵ خودێکی کۆجیتۆ ئامێزدا هەیە. بەواتای خودێکی بیرکەرەوەی هۆشمەند لەڕووی فەلسەفیی و مەعریفییەوە. خۆی ئەوەی گرنگیشە لەپانتاییە مەعریفییەکاندا ئەو بیرکردنەوە هۆشمەندانە‌ قووڵانەیە، کە بۆ نموونە کەسێکی وەک “ژاک درێدا” زۆر چەمک و تێڕوانینی دەمێک ساڵ نەگۆڕاوی نێو پانتایی مەعریفە و فەلسەفە، رووبەڕووی چەندین پرسیاری تەفکیکی زۆر قووڵ کردەوەو توانی دیدگەیەکی تەواوی خوێنەرانێکی بەرفراوان، هەر بۆ نموونە دەرحەق بەسەنترالیزمی ئەقڵ بگۆڕێت.
جا لەکاتێکدا کەسانێکی وەک دریداو ئەوانەی وەک ئەو بەدنیایەک پرسیارەوە رووبەڕووی شتەکان دەبنەوە، دنیابینی خۆیان تەرح دەکەن بەنیازی ورووژاندنی پرسیار و کردنەوەی دەرکە مەعریفییەکان، پێموایە ئەوە بەشێکی بەرچاوی رۆشنبیرانە‌ بەبێ فامکردنی ئەوەی کە تەرح کراوەو بەکۆپیکردنی چەند بەشێکی تەرحەکان لەزەینیداو ئەزبەرەکردن و گووتنەوەی کۆمەڵێک راوبۆچوونی ئەم و ئەو، بگرە داکۆکیکردنی کوێرانەشی دێتە نێو بەناو نێوەندە فیکریی و مەعریفییەکەوەو ئیدی بۆ جێکردنەوەی خۆی و خۆ سەپاندنی رەنگە پەنا بۆ دیماگۆکیترین شێوازەکانی بردنەپێش و خۆجێکردنەوەی قسەکانی ببات، کە لەڕاستیدا زۆر بەسەقەتی وەریگرتوون و هەر ئەوەندەشی لێحاڵی بووە. کەواتە بوونی رۆشنبیرانێکی زۆر لەغیابی بیرمەند و نووسەرانی جیددیدا، نەک شتێکی دڵخۆشکەرە نییە، بەڵکو شتێکی سامناکیشە!.
شایانی باسیشە لەسەردەمە جیاجیاکانی دەرکەوتنی  زۆرێک لەبیرمەندە بەتواناکانی دنیا، بەتایبەت لەڕابردوودا کایەیەک نەبووە بەناوی کایەی رۆشنبیرانەوە، بۆ نموونە وەک چۆن لەئێستادا هەموو ئەوانەی دەخوێنەوەو کەم تا زۆر شتێک سەبارەت بەوەی دەیخوێننەوە،‌ دەخەنەڕوو، بەرۆشنبیر ناودێر دەکرێن؟! بۆ نموونە  لەسەردەمی “فارابی” و “ئیبن سینا” و “ئیبن روشد” و”ئیبن خەلدون” و “دانتی” و زۆرێکی تردا، ئەو هەموو خوێنەرەی ئێستا بەبەراوورد لەگەڵ رێژەی دانیشتووانی ئەو دەم و ئێستای دنیادا نەبووە، دەتوانین بڵێین رێژەیەکی زۆر کەم لەخوێنەری هۆشمەند هەبووە، کە توانای فامکردنێکی قووڵ و بیرکردنەوەی هەبووە. لەکاتێکدا سەرباری ئەو رێژە هێجگار زۆرەی ئێستای خوێنەران، کەچی لەجێی بەرهەمهێنانی مەعریفەو ورووژاندنی پرسیار بەشێوەیەکی بەرچاو خوێندنەوە بۆتە ناخوێندنەوەو کایەی بەرهەمهێنانی جەهلێکی پەردەپۆشکراوی وێڵ بوو لەنێو وێڵگەکانی “پۆست مۆدێرنیزم”ی ئێستای دنیادا؟!.

ستیڤان:رۆشنبیری ناسراوی عەرەب (دکتۆر عەلی حەرب) لەکتێبی (رەخنە لەرۆشنبیر و وەهمەکانی دەستەبژێر) دوای شیکارییەکی مەعریفیی چڕ و پڕ دەیەوێت پێمانبڵێت چیدی رۆشنبیر ئەو کائینە نییە کە رەخنە لەدنیاو شتەکان دەگرێت، بەڵکو لەم ساتەوەختە بەدواوە خودی رۆشنبیر لەبەردەم رەخنەیەکی هەمەلایەنەدایە. ئەگەر بەم پێیە بێت خودی رۆشنبیریش لەبەردەم ئیشکالییەتێکی زۆردایەو ئەو بووە نموونەییە نییە کە پێشان سکێجی بۆ کێشرابوو. ئەگەر بێینە سەر بارسی رۆشنبیری کورد (جیا لەوەی گومانمان لەهەبوونی کائینێک  بەناوی رۆشنبیری کوردەوە هەیە)، بەڵام ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین ئێمەی کوردیش رۆشنبیری جیددیمان هەیە، دەپرسم ئیشکالییەتە ستراکتۆرییەکانی ئەم رۆشنبیرە چین وچۆن دەتوانین دەستنیشانیان بکەین؟.

یوسف عیزەدین:من وەک خۆم زۆر بەگومانم لە”رۆشنبیر”، چ وەک زاراوەو چ وەک ئەو پێناسە ئیجابیانەی کە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی، سیاسیی، کولتووریی، ئاینیی و تاد.. بۆ رۆشنبیرانی خۆی دەکات. واتە وەک نموونەیەک کاتێک رۆشنبیرانێک لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا داکۆکییان لەنازییەت و فاشییەت دەکرد، دژەکەشی ئەو رۆشنبیرانە بوون کە دژایەتی نازیزم و فاشیزمیان دەکرد، دیارە لەپشت رۆشنبیرانی هەردوو بەرەکەشەوە دنیایەک تێڕوانینی سیاسیی، کۆمەڵایەتی، کولتووریی ..تاد هەبوو! واتە رۆشنبیرانی هیچ بەرەیەکیان بەتەنیا خۆیان نەبوون، کە هەڵگری چەشن و تەرزێکی تێڕوانینی جودا بوون لەوەی تر، بەڵکو ئەوان نوێنەر و دەربڕی تەنزیر و سیاسەتێکی دیاریکراوی بەرەیەک بوون.
بۆیە قسەکردن لەرۆشنبیرانی هەر کۆمەڵێک وەک بوونێکی لێکچوو و یەکگرتوو هەڵەیەکی گەورەیەو بەڕاستی ناکرێت بۆ نموونە بەرەهایی بڵێین رۆشنبیرانی کورد، چوونکە ئەو دەم هەن دەپرسن کامە رۆشنبیرانی کورد؟، رۆشنبیرە ئیماندارە ئایینییەکان، یان چەپەکان، یان ناسیۆنالیستەکان و تاد..؟. ئەمە لەکاتێکدا هەموو ئەمە شتگەلێکی سەرزارەکی و بگرەو بەردەیەکی بێ ئەنجامە لەڕووی ئەنتۆلۆژیای ئەو بوونەوەرەوە کە پێیدەگوترێت مرۆڤ؟! وەک “هایدگەریش ئاماژەی پێ دەدات، خودی بوونمان پەیوەستە بەپرسیارکردنی بەردەواممان دەرحەق بەبوون و کەینوونەوەو هەر خودی شەرعیەتی بوونیشمان، وەک مرۆڤ لەڕووی ئەنتۆلۆژییەوە لەمەوە سەرچاوە دەگرێت؟! ئیدی لێرەوە هەست بەو ئیشکالە گەورەیە دەکەین، کاتێک کەسێک بێت و بەناوی من و تۆوە قسەبکات و وەک نوێنەری من و تۆ و کۆمەڵێکی تری خەڵک خۆی بناسێنێت، جا ئەگەر ناوی رۆشنبیر یان هەر شتێکی تریشی لەخۆی نابێت، ناتوانێت ماهییەتی ئەو گەمە سیاسییە بشارێتەوە، کە هەردەم لەپشت کەوالیسی داکۆکی لەمن و تۆ و ئەم و ئەو و هەمووانەوە دەخرێتەڕوو.

ستیڤان:تاوەکو ئێستا وابیر لەرۆشنبیر کراوەتەوە کەدەبێت پەیوەندیی ئەو بەدەسەڵاتەوە بەفۆرمێکی ئۆپۆزیسیۆنانە بێت، یان بەواتایەکی تر رۆشنبیر وەک نەیارێکی شێلگیر و سەرسەختی دەسەڵات بەتایبەت دەسەڵاتی سیاسیی بینراوەتەوە. من لەم دەرفەتەدا دەپرسم دەبێت پەیوەندیی رۆشنبیر بەدەسەڵاتەوە چۆن بێت؟، ئایا پەیوەندییەکی ئۆپۆزیسیۆنانە بێت یان بەفۆرمێکی تر؟.

یوسف عیزەدین:پێموایە لەپرسیارەکەی پێشوودا ئاماژەمان بەو چەشن و شێوەی پەیوەندییە دا، ئەمە لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت نیسبییەتی راڤەکردن و قسەکردن سەبارەت بەچەمکی رۆشنبیر و ماهییەتی لەبیر نەکەین. واتە من وەک خۆم هیچ حەقیقەتێکی رەها دەرحەق بەسەرجەم پرسیارەکانتان شک نابەم، لەکاتێکیشدا کە خودی حەقیقەت وەک “ئەلبێرت ئەنیشتاین” ئاماژەی پێدەدات،‌ “حەقیقەت سەرباری توانستی بەردەوامبوونی، بەڵام تەنیا خەیاڵێکە”. بۆیە هیچ شتێک قابیل بەراوەستان نییە، تەنانەت لەنێو ئەو دنیا ناونراوە بەوشە دروستکراوەی کەوا لەبارەیەوە دەدوێین، ئەمە جگە لەوەی رۆشنبیر سەرباری ئەو هەموو جودایی و جیاوازیی و گروپگەرێتییەی کەهەیانە، ماتەریاڵێکی وەک بەرد و دار و ئاسن و تەنەکانی تریش نییە، تا باش و ئاسان لەرێی تاقیکردنەوەکانەوە سیفەت و خەسڵەتەکانی ئەم چەشن و جۆر و ئەو چەشن و جۆریان بناسینەوە‌!. سەرباری ئەوەی کە قسەکردن دەرحەق بەرۆشنبیر، قسەکردنە لەسەر وشەیەکی گوزارشتکەر لەکەس و کەسانێک، کە بەو وشە ناوبراو و ناوهێنراوە‌ هەوڵی جیاکردنەوەیان دەدرێت لەکەس و کەسانی دیکەی کۆمەڵگە. ئیدی ئەمەش بێ مەبەست نەبووەو نییە!.‌
ئەمە لەکاتێکیشدا کە ناکرێت، بەچاوی بێ تاوانی و مەعسوومییەتەوە بڕوانینە هیچ بیرۆکەیەک، تەنانەت ئەوانەشی کە بانگەشەی داکۆکیکردن لەمرۆڤ و مافەکانیشی دەکەن، بەگشتیی یان لەمیانی خستنەڕووی ئەم تێز و ئەو تێزی بەرگریی لەچین و توێژێکی دیاریکراو، لەپێناو مەرامێکی دیاریکراودا. گەر بڕوانینە سەرەتای بەشی یەکەمی “کۆتایی مێژوو و دوا مرۆڤ”ی “فرانسیس فۆکۆیاما”، کە لەدەستپێکدا لەمیانی سەرچاوەیەکی دیکەوە ئەم پەرەگرافەی خوارەوە دەخاتەڕوو (بیرمەندێکی بلیمەتی هاوسەنگی وەک “کانت” زۆر بەجیددی باوەڕی وابوو، کە جەنگ لەخزمەت ئامانجە باڵاکانی یەزداندایە، بەڵام ئێمە پاش هیرۆشیما فێر بووین کە جەنگ لەباشترین گریمانەدا دۆزەخێکی پێویستە. هەروەک چۆن لاهووتییەکی شارەزای وەک قەشە “توما ئیکوینی” دەیتوانی بێ گرێ و گۆڵ ددان بەوەدا بنێت، کە داگیرکەران هەردەم لەخزمەت ئامانجە باڵاکانی یەزداندا بوون، چوونکە ئەگەر ئەو داگیرکەرانە نەبانایە ئەو شەهیدانەیش نەدەبان..!).

ستیڤان:دەبینین ململانێ و گووتاری نووسین و بڵاوکردنەوە لەکوردستان لەئاستێکی هێندە نزمدایە کە خاڵی بووەتەوە لەهەر داهێنان و خوڵقاندنێکی دیالۆگ، بەئەندازەیەک نووسین بەهای خۆی لەدەستداوە و هیچ بایەخێکی نەماوە، ئەوانەشی دەنووسرێن سەرلەبەریان کۆپی و جووینەوەن، ئایا ئەم کێشەیە پابەندە بەهەژاریی کەلەپووری رۆشنبیریی ئێمە یاخود وابەستەیە بەخودی تاکی نووسەرەوە کەبێ توانایە لەداهێنان و خستەرووی تێز و بیرۆکەی نوێ؟.

یوسف عیزەدین:جێگەی باسە کە بەشێوەیەکی گشتیی زۆربەی تێکستە جیددی و جوانەکانی دنیا، لەو سەردەمانەدا نووسراونەتەوە کە نەک هەر خوێندنەوە کولتوور نەبووە، بەڵکو دەستکەوتنی کەرەستەکانی نووسینیش کارێکی ئاسان نەبووە، لەگەڵ هەموو ئاستەنگەکانی ئەو دەمانەشدا هەبوون لەقووڵایی بێدەنگیدا زۆر بەئارامی تێکستی وایان نووسیوەتەوەو لەدوای خۆیان جێیان هێشتووە، کە لەمڕۆدا سەرساممان دەکەن، تەنانەت زۆر جار هەر خودی نووسەر بەناو لەو کردەیەدا ونە و کەس نازانێت نووسەر کێیە!.

ستیڤان:زمانی نووسین لەمیدیا وپێگەکانی بڵاوکردنەوەدا زمانێکی زیاد لەپێویست توند وزبرە،یان بەواتایەکی تر وشە رۆڵی گوللە دەبینێت و میکانیزمێکە بۆ سڕینەوەی ئەویتری بەرامبەر. ئایا مافی ئەوەمان نییە بڵێین زمان وگوتاری رۆشنبیریی ئێمە هێشتا لەدێوەزمەی دیدێکی شەڕئەنگێزانەو کولتووری لەناوبردن و تواندنەوەی بەرامبەر رزگاری نەبووە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە فۆرم وتەرزێکی تر بدۆزینەوە بۆ نووسین جیا لەم شێوازە باوەی کە لیپاولیپە لەرۆحی تۆڵەسەندنەوە و تێکشکاندن؟.

یوسف عیزەدین:بێگومان هیچ کامێک لەو  چەشنە نووسین و گوتارانەی کە ئاماژەتان پێدا، دوور و نزیک ناچێتە نێو دنیای مەعریفەو کایەکانی ورووژاندنی پرسیارەوە، هەر بۆیە پرسیارەکە لەوەدایە گەر ئەو جۆرە نووسین و تەرحە سەرزارەکییە بارگاوییانە بەڕۆحییەتی تۆڵەسەندنەوەو لێدانی بەرانبەر پەنا بۆ شەڕانگێزیی نەبەن، ئەی پەنا بۆ چی بەرن؟! لەکاتێکدا ئاشکرایە کە بەدرێژایی مێژوو، سەرجەم تەرح و بۆچوونە سەتحییە کوشندەکان لەپشت شەڕە جەنگ و هێرشکردنیان بۆ سەر بەرانبەر، خۆیان حەشار داوە، هەر وەک چۆن لەسەدەی رابردوودا ترسناکترین بیرۆکەی نەژادپەرستی و لەناوبردنی ئەویتر، وەک نازییەت و فاشییەت لەپشت چەند دێڕێکی سەتحی سادەو ساکاری شەڕانگێزدا خۆی حەشار دابوو.
تەنانەت سەرانی نازیی و فاشییەکانیش بۆ خۆشیان ئەو راستییەیان نەشاردۆتەوە کە‌ بیرۆکەو تەرحەکانیان لەهەمان کاتدا قابیل بەتێگەیشتنی هەمووانە‌، ئیدی ئاستی هۆشیاریی ئەو کەسە هەرچییەک بێت!. لەمەشدا مەبەستیان ئەوەیە کە ترسناکترین و کوشندەترین بیرۆکەی لەناوبردن و سڕینەوەی بەشەر دەتوانێت لەڕێی چەند دێڕێکی زۆر سەتحیی سادە و ساکارەوە خۆی حەشار بدات و لەساناترین درز و کەلێنی هۆشەوە دزە بکاتە نێو زەینی مرۆڤ و ئیدی هێدی هێدی و لەسەرەخۆ خودی مرۆڤ بکاتە دڕندەیەکی ترسناک و کوشندەی سولالەکەی خۆی؟!. دیارە بردنەپێشی هەموو ئەمانەش بەبێ کایەی رۆشنبیران و نووسەرانی نووسین و تەرحە ئیدیۆلۆژییەکان نابێت، هەر بۆیە ئەوەی کە لەئێستای میدیای کوردیدا دەگوزەرێت، شتێکی زۆر سەیر و جیاواز نییە بەبەراورد لەگەڵ هەر شوێن و جێگەیەکی دنیا کە هێشتاکە زەمەنی ئیدیۆلۆژیاو بیرۆکە سەتحییەکانی تێدا بەسەر نەچووبێت.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.