Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
دینامیكیه‌ته‌كانی گه‌نده‌ڵی ڕێكخراو له‌ هه‌رێمی كوردستاندا … محمد حسین

دینامیكیه‌ته‌كانی گه‌نده‌ڵی ڕێكخراو له‌ هه‌رێمی كوردستاندا … محمد حسین

Closed
by September 1, 2009 گشتی

 ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ درایی و سیاسییه‌ی له‌ كوردستاندا هه‌یه‌  ئه‌وه‌نده‌ی گه‌نده‌ڵیه‌كی ڕێكخراوی به‌رنامه‌ڕێژكراوی به‌پلانی گروپی ده‌سه‌ڵاتداری ناوحكومه‌ت و حیزبی حاكمه‌ , گه‌نده‌ڵیه‌ك نیه‌ په‌رته‌وازه‌ و بێ كۆنترۆڵ و له‌ ده‌ستده‌رچوبێت , به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ئه‌نجامی رستێك سیاسه‌ت و پراكتیك و به‌رنامه‌ی حیزبی و حكومی توێژی باڵاده‌ستی هه‌رێمی كوردستانه‌ ,  هه‌ر ئه‌مه‌یش وای كردووه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا  (گه‌نده‌ڵی ) هێز و ده‌زگاو به‌رژه‌وه‌ندی و خه‌ڵكی خاوه‌ن نفوزی خۆی هه‌بێت , میدیا و ئه‌ده‌بیات و لۆجیكی شه‌رعیه‌ت داتاشینی خۆی هه‌بێت , گروپ و هێزی ستراتیجی خاوه‌ن ئه‌جێندای خۆی   هه‌بێت . دیاره‌ جیاوازیه‌كی زۆرهه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌م گه‌نده‌ڵیه‌ ڕێكخراوه‌ و  گه‌نده‌ڵی له‌ ئاستی تاكه‌كه‌سه‌كان و به‌شێوه‌ی خۆبه‌خۆی , ئه‌گه‌رچی ئه‌نجامی گه‌نده‌ڵی به‌هه‌ر جۆرێك بێت هه‌ر وێرانبونی ژێرخانی وڵاته‌كه‌ و به‌فیرۆدانی توانا مرۆییه‌كانی مرۆڤ  و ئفلیجكردنی پرۆسه‌ی گه‌شه‌كردنه‌ , به‌ڵام بۆناسین و تێگه‌یشتنی ئه‌و دینامیكیه‌ته‌ی  گه‌نده‌ڵی سیاسی و دارایی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ئه‌بات , بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ و ریشه‌كێشكردنی ئه‌و هێزه‌ناوه‌كیانه‌ی به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی گه‌نده‌ڵی مه‌یسه‌ركردووه‌ , ئه‌م  جیاوازیه‌ زۆر پێویسته‌ .
هه‌رچه‌نده‌ تێگه‌یشتنی گه‌نده‌ڵی پێویستی به‌ بینینی هه‌موو لایه‌نه‌ ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆجی و فه‌رهه‌نگیه‌كانی  دیاره‌كه‌ هه‌یه‌ و ناكرێت به‌ته‌نها بۆ ره‌هه‌نده‌ سیاسیه‌كه‌ی كورتبكرێته‌وه‌ , به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕیار بێـت سه‌ره‌تا پرسیار له‌وهێزه‌  هه‌ڵسوڕێنه‌رانه‌ بكه‌ین كه‌  هه‌میشه‌ له‌ناوه‌وه‌ ماشێنی گه‌نده‌ڵی ئه‌بزوینن  , یان له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا وزه‌ی به‌رده‌وامی و گه‌شه‌ی سه‌ره‌تانئاسای گه‌نده‌ڵی ئه‌خوڵقێنن , ده‌بێت سه‌ره‌تا له‌  هێز و ده‌زگاو بكه‌ره‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین  , له‌ هه‌ر وڵاتێكدا توێژی ده‌سه‌ڵاتدار و به‌رپرسه‌ سیاسیه‌كان پاڵنه‌ر و به‌شداری گه‌نده‌ڵی نه‌بن , ئه‌وا ده‌رفه‌تی به‌رته‌سككردنه‌وه‌و بچوككردنه‌وه‌ی دیارده‌كه‌ زۆره‌  , پێچه‌وانه‌كه‌یشی , كه‌ی سیاسیه‌كان بونه‌ بزوێنه‌ری ماشینه‌كانی گه‌نده‌ڵی و كه‌وتنه‌ په‌لاماردانی بازاڕ و چالاكیه‌ ئابوریه‌كانی وڵات , ئه‌وا هه‌موو چاره‌سه‌ریه‌كان وه‌ك چاره‌سه‌ری لاوه‌كی و نیوه‌وناچڵ و  وبێ كاریگه‌ری ده‌مێنێـته‌وه‌ . له‌  كوردستانیشدا كێشه‌ی سه‌ره‌كی لێره‌دایه‌ , لای ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام – ئاشی گه‌نده‌ڵی ئه‌گێڕن – . كه‌واته‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ ورده‌كاریه‌كانی  گه‌نده‌ڵی ڕێكخراو هه‌میشه‌ پێویسته‌ له‌ ناوسیاسه‌ته‌وه‌  ده‌ست پێبكه‌ین ,  هه‌ر كاتێك باسی گه‌نده‌ڵی كراو ئه‌و بكه‌ر و هێزو كاره‌كته‌ره‌ سیاسیانه‌ ده‌ستنیشان نه‌كرێت  كه‌ راسته‌وخۆ لایه‌نی سیاسی كێشه‌كه‌ ئه‌به‌نه‌ ڕێوه‌  , ده‌بیـَت گومانمان هه‌بێـت له‌جه‌دوای باسه‌كه‌ , ,چونكه‌ دینامیكیه‌تی  گه‌نده‌ڵی ڕێكخراو له‌ هه‌رێمی كوردستاندا لای ئه‌و هێز و گروپ و بازنه‌ سیاسیانه‌یه‌ كه‌ هه‌بوون و مانه‌وه‌یان گرێدراوی  ئه‌م گه‌نده‌ڵیه‌ ڕێكخراوه‌یه‌ . ئه‌م گروپ و بازنه‌ سیاسیانه‌یش  دابه‌ش ئه‌به‌نه‌ سه‌ر سێ هێزی رێكخراوی پێكه‌وه‌ به‌ستراوی یه‌كتر ته‌واوكه‌ر , كه‌ ڕۆژانه‌ سوڕی ژیانی گه‌نده‌ڵی تازه‌ ئه‌كه‌نه‌وه‌ . ئه‌م هێزانه‌
 یه‌كه‌میان : (حیزبه‌) به‌ هه‌مو داموده‌زگا كانیه‌وه‌ , به‌تایبه‌تی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ,  ئه‌م هێزه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری مانه‌وه‌و به‌رده‌وامی وزه‌ و توانای ئیشكردنی خۆی له‌ سه‌ر ئه‌و توانا ئابوری و ماتریالیه‌ راگرتووه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناشه‌رعی و دور له‌هه‌موو یاساو رێسایه‌كی مرۆیی و ئاسمانی له‌ كۆمه‌ڵگای كوردییان داپچڕیوه‌ , به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كه‌ڵكی خراپیان له‌ پاره‌و ئابوری هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتوه‌ و له‌شكرێك كادیر و ئه‌ندامی ناسیاسی و بێ وه‌لائیان له‌ده‌وری خۆیان پێ كۆكردۆته‌وه‌ , كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خه‌ڵكانێكی بێ به‌رهه‌م و بێ كارن و هیچ ڕۆڵ و به‌شداریه‌كیان  له‌ ژیانی ئابوری وڵاته‌كه‌دا نیه‌ , هاوكات باری سه‌رشانی حیزبه‌ كانیشیان قورس كردووه‌ , به‌جۆرێك وه‌زیفه‌ی حیزبه‌كانیان وه‌ك كۆمپانیای دابینكردنی موچه‌ی ناڕه‌وا لێكردووه‌ , حیزبیان له‌ده‌زگایه‌كی سیاسیه‌وه‌ كردوه‌ته‌ ده‌زگایه‌كی مشه‌خۆری بێ به‌رهه‌می مافیا ئاسا  , كه‌به‌رده‌وام بۆ درێژكردنه‌وه‌ی باڵاده‌ستی وهه‌ژمونی خۆی ,  چاوی له‌تاڵانكردنی ئابوری كوردستان و ئه‌و بڕه‌ داهاته‌یه‌ كه‌ به‌ هۆی ئابوری نه‌وته‌وه‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ دێـت  .
دووهه‌م  هێزی بزوێنه‌ری گه‌نده‌ڵی ڕێكخراو  , سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حیزبانه‌یه‌ , ئه‌و بازنه‌ بچوكه‌ی سیاسیه‌كانه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان ئه‌كه‌ن , ئه‌مانه‌ به‌هۆی تۆڕێك به‌رژه‌وندی و سه‌رمایه‌ی ره‌شی ناشه‌رعیه‌وه‌ , تاراده‌یه‌كی زۆر ژیانی ئابوری و دواتریش سیاسی وڵاته‌كه‌یان كۆنترۆڵكردووه‌ , له‌ ژێر ناونیشانی جیاجیادا كۆمه‌ڵێ كۆمپانیای بێ توانایی و بێ قابیلیه‌تیان دروست كردووه‌ كه‌ به‌شێكیان خه‌ریكی به‌ لێشاو كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ و سودی ناڕه‌وایه‌ , به‌شه‌كه‌ی تریشیان سه‌رقاڵی (سپی كردنه‌وه‌ی )  ئه‌م پاره‌ ناشه‌رعیه‌ یه‌. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكه‌ سه‌ره‌تا به‌ هۆی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕیه‌وه‌ هاتنه‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌لات , دواتریش په‌لاماری سه‌رچاوه‌كانی داهاتی كوردستانیاندا هه‌ر له‌ خاڵه‌ گومركیه‌كانه‌وه‌ تا ئه‌گاته‌ سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان , ئێستا به‌م توانا ئابوریه‌ی دروستیان كردووه‌ ئه‌یانه‌وێت ڕێگا له‌ هه‌موو ئه‌و خواست و ئیراده‌ سیاسیانه‌ ببڕن كه‌ داوای كۆتای هاتنی ئه‌م باڵاده‌ستیه‌ ناشه‌رعیه‌یان ئه‌كات .
سێهه‌مین هێزی بزوێنه‌ری گه‌نده‌ڵی  ڕێكخراو , هه‌موو ئه‌و كه‌س و خه‌ڵك و ده‌زگامه‌ده‌نیانه‌یه‌ كه‌ ژیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان  گرێدراوی ئه‌و  دۆخه‌ ئابوریه‌ گه‌نده‌ڵه‌یه‌ كه‌ حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی دروستی كردووه‌ , ئه‌مانه‌ به‌شی زۆری كادره‌كانی خواره‌وه‌ی ناو حیزب و هه‌موو ئه‌و بیرۆكرات و میدیاكار و شاعیر و ئه‌كتیڤیسته‌ مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ ئه‌گرێته‌وه‌ كه‌ پشتیوانی مانه‌وه‌ی هه‌ردوو هێزی یه‌كه‌م و دووهه‌من .  كه‌واته‌ بازنه‌ی سێهه‌می گه‌نده‌ڵی ڕێكخراو ئه‌گه‌ر چی زۆر به‌رفراوانتر و گه‌وره‌ تره‌ له‌ دوو بازنه‌كه‌ی تر , به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا هه‌روا درێژكراوه‌ی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندی و ویست ته‌ماحانه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن دوو هێزه‌كه‌ی تره‌وه‌ بۆیان دیاری ئه‌كریت .
ئه‌م سێ هێزه‌ ڕۆڵی زۆر كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌به‌رده‌وامی و ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵی , یاخود به‌دیوه‌كه‌ی تریشدا كه‌مكردنه‌وه‌و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی دیارده‌كه‌ , ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ی كێشه‌كانی گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئابوری و دارایی هه‌رێمی كوردستانیان خستۆته‌ ئه‌جێندای خۆیانه‌وه‌ , ئه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزانه‌و , له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هێزانه‌دا ده‌ست پێ بكه‌ن . دیاره‌ مه‌رج نیه‌ چاره‌سه‌ری نمونه‌یی ته‌نها له‌شه‌ڕی ئه‌م هێزانه‌دا بێت , یاخود ڕوبه‌روبونه‌وه‌یه‌كی ڕه‌ق و مه‌یدانیان , به‌هۆی هاوكێشه‌ تازه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ته‌موزی ئه‌م ساڵه‌وه‌ ئێستا له‌هه‌موو كاتێك زیاتر ئه‌م هێزانه‌یش له‌بارو گونجاون  بۆ ئه‌وه‌ی كار له‌ سه‌ر گۆڕین و به‌خۆدا چونه‌وه‌یان بكرێت . راسته‌ له‌ هه‌ژده‌ ساڵی رابردوودا  ئه‌م سێ (گروپه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ) له‌ مه‌یدانێكی بێ ركابه‌ری بێ هه‌ڕه‌شه‌دا ئه‌سپی خۆیان تاوداوه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر قوڵ و ترسناك ره‌گو ریشه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ناشه‌رعیه‌كانیان به‌هێز كردووه‌ , به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ومانایه‌ نایه‌ت كه‌ ته‌نها ئه‌م هێزانه‌ن ژیانی ئابوری و سیاسی ئه‌م وڵاته‌ ره‌نگڕێژ ئه‌كه‌ن , چونكه‌  مه‌حاڵه‌ هیچ هێزێكی سیاسی بتوانێت هه‌تا سه‌ر به‌ سه‌رمایه‌ی ره‌ش خۆی راگرێت , سه‌رمایه‌ی ناشه‌رعی و پاره‌ی ره‌ش ته‌نها بۆ  پێكهێنانی مافیای له‌ده‌وڵه‌ت یاخی له‌ رابردودا سودی لێ وه‌رگیراوه‌ , نه‌ك هێزێكی سیاسی بیه‌وێـت به‌ ڕێگای هه‌لبَژاردن و میكانیزمه‌كانی دیموكراسیه‌ت شه‌رعیه‌ت به‌ده‌ستبێنێت . بۆیه‌ چه‌نده‌ ئه‌م هێزه‌ ڕێكخراوانه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌هێز بن هه‌میشه‌ له‌ به‌ر ده‌م هه‌ندێك پرسیاری وه‌ك شه‌رعیه‌ت و ره‌وایه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یانه‌و كۆیان كردۆته‌وه‌ لاوازن , هه‌ر ئه‌م لاوازیه‌یشه‌ به‌رده‌وام ئومێدبه‌خشی ئه‌و هه‌وڵانه‌ بووه‌ كه‌ به‌ئاراسته‌ی گۆڕینی و چاكسازیكردن و خستنه‌وه‌ سه‌رسكه‌ی ره‌وته‌كه‌ كاری كردووه‌ .

 

………………………………………………………………………………………….
له‌ ژماره‌ 186 رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ بڵاوبوه‌ته‌وه‌ .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.