دیوانی شووشه له نێوان سه‌ربڕینی وشه و بێ مانا كردنی مانادا
شیعر هه‌ڵقووڵینه له كانیاوه سازگاره‌كه‌ی ده‌روون، وێنا كردنی ژیانه به چاوی په‌پووله، پێناسه كردنی گه‌ردوونه به زمانی بولبول. كاتێ شیعر له خه‌یاڵدانی شاعیر له دایك ده‌بێت پێوست به ژان و ژوار ناكات، له بچووكییه‌وه نما ناكات تاكو گه‌وره بێت، به‌ڵكو به گه‌وره‌یی له‌دایك ده‌بێت و به نه‌مری ده‌مێنێته‌وه. كه وتمان شیعر هه‌رچی به‌ناو شیعر و میعری كرچ وكاڵ هه‌یه بنكه‌و باره‌گاكه‌ی خۆی بۆ عه‌ده‌م ده‌پێچێته‌وه، ئیتر هه‌تا ئه‌به‌د سه‌رده‌رناهێنێ و ناگه‌ڕێته‌وه.
داخ جه‌رگمان دهستوونێت كه ئه‌م شاڵاوه به‌ربڵاوه به‌نێوی شیعری كوردی بازاڕی ئه‌مڕۆی كتێبفرۆشانی داگرتووه، گه‌نجێك له خۆشه‌ویسته‌كه‌ی تووڕه‌بووه دیوانێكی پڕ له شیعری خستووه‌ته بازاڕه‌وه، كه پێشتر له ژێر چاویلكه‌ی ڕه‌شیش شیعری نه‌بینیوه. له‌وانه‌یه بڵێیت بابه له سه‌رده‌می مه‌وله‌وی و مه‌حوی و نالیش هه‌زاران به‌ناو شاعیر هه‌بوون، كه‌چی مێژوو ته‌نها ئه‌وانی بۆ هێشتووینهوه. به‌ڵام ئه‌مه بۆ ئێستا ته‌واو جیاوازه، گه‌ر جاران شیعری نیشتیمانی و ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی بایه‌خیان پێدرابێت ئێستا هه‌رته‌نها به نێو شیعری دڵداری بره‌وی پێ ده‌درێت، وه‌لێ دڵدارییهك ژوان ناویه‌تی و سێكس ناوهرۆكیهتی، هه‌رچی بۆنی شیعره له م شیعرنامانه هه‌ڵناستێت، خولاسه‌ی قسان ئه‌مانه شیعری ڕه‌سه‌ن ڕیسوا ده‌كه‌ن و عه‌شقی ڕاسته‌قینه لێڵ وبۆگه‌ن ده‌كه‌ن.
لێره‌دا ده‌مه‌وێت بێمه سه‌ر بنچه‌ی بابه‌ت و ناخی هه‌گبه‌م له‌ئاستی دا داتهكێنم. “هێمن خورشید” ماوه‌یه‌كه دیوانێكی 200 لاپه‌ره‌یی به نێوی “شووشه” خستووه‌ته بازاڕه‌وه، به‌شێك له هاوڕێكانم هێنده به‌شان و باڵیاندا هه‌ڵدا خه‌ریك بوو له ئاسمان جێگه‌یان بۆ ده‌گرت، منیش هه‌رچه‌ند بڕیارم دابوو چیتر بازاره شیعر نه‌خوێنمه‌وه، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بوو له سه‌ر پێشنیاری ئه‌وان ده‌ستم كرد به‌خوێندنه‌وه‌ی. سه‌ره‌تا ده‌بێ به ویژدانه‌وه بڵێم شیعره‌كانی كاك هێمن له‌زۆر به‌ی بازاره شیعریه‌كان باشترن به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش دا خۆزیا ئه‌م دیوانه چاوی چاپی نه‌بینیایه،وه‌ك ئاگادارم خاوه‌نه‌كه‌ی خوێنه‌رێكی زۆر جددی و نووسه‌رێكی مه‌وسوعی تواناداره، خۆزیا فكره‌ی ئه‌م شیعرانه‌ی له ڕیگای بابه‌ته‌وه ده‌ربڕیبا،كه به‌داخه‌وه له نێو ئه‌م شیعره ناكامانه خنكادوونی!. له‌سه‌ره‌تای دیوانه‌كه گومان له شاعیربوونی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێ” ئه‌وه‌ی به‌رده‌ستت شووشه‌یه‌كه پڕه له شیعر، به‌ڵام مه‌رج نیه خاوه‌نه‌كه‌ی شاعیر بێت، ڕه‌نگه دوا شیعری ئه‌م كتێبه دوا شیعری ته‌مه‌نی ئه‌و بێت” من نازانم كه‌سێ شاعیر نه‌بێت چۆن شیعر ده‌نووسێت! ئه‌رێ گه‌ر تۆ مه‌له نه‌زانی چۆن خۆت به ده‌ریادا ده‌ده‌یت، خۆ گه‌ر بشڵێیت له شووشه دا ته‌نها له ته‌نكاو مه‌له‌م كردووه، قوربان له‌م حاڵه‌ته‌ش دا تۆ مه‌له‌وان نیت، چونكه ته‌نكاوه‌كان پڕن له پارچه شووشه‌ی تیژ‌و فرێدراو ، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه مرۆڤ خه‌ڵتانی خوێن بكه‌ن، به‌هه‌مان شێوه له دیوانه‌كه‌ی تۆ ئه‌گه‌ری ئه‌مه هه‌یه ئه‌م پارچه شووشانه زیانت پێ بگه‌ێنن، چوونكه من له ئاینده‌یه‌كی نزیك چاوه‌ڕێ ی نووسه‌رێكی باشت لێده‌كه‌م، پێ ده‌چێت به‌م ورده شووشانه له داهاتوودا خوێنه‌ران زامدارت بكه‌ن، چوونكه نووسین و شیعره‌كانت نێوانیان ئاسمان و ڕێسمانه.
له ساڵی 2000 دیوانی “شووشه” م خوێندوه‌ته‌وه به‌ڵام ئه‌میان هی “عه‌بدوڕه‌حمان بێ لاف” بوو، گه‌رچی له‌وانه‌یه كاك هێمن ئه‌م دیوانه‌ی نه‌بینیبێت، لێ ده‌بوا پرسیاری كردبا ئایا ئه‌م نێوه‌ی ئه‌و بۆ ئه‌م دیوانه دووباره نی یه!
سه‌ره‌تای دیوانه‌كه‌ی به ” شیعره‌كانم” ده‌سپێكردووه، من دڵنیام خۆی باش ده‌زانێت ئه‌مه لاسایی كردنه‌وه‌یه، نامه‌وێت نێوی شاعیره‌كان به‌رم كه پێشتر به‌م جۆره ده‌ستیان پێ كردووه، دڵنیام خۆی ئێستا یه‌كه یه‌كه‌ی بیر ده‌كه‌وێته‌وه.
له شیعری ” مه‌مله‌كه‌تی “به‌ئاگر ته‌نراوو” له لاپه‌ره (20) دا ده‌ڵێ” شار ووڵاتێكی وێرانه‌و زه‌مه‌نیش چه‌رخی به‌ردینه” كامیان گه‌وره‌تره، شار یان وڵات؟ جیاوازی نێوان چه‌رخ و زه‌مه‌ن چی یه؟
“ووشه‌ی هه‌ڵه‌و قسه‌ی ناهه‌ق ده‌ربڕینیان ئاساییه” قسه وشه‌یه و وشه‌ش قسه‌یه، ده‌بوا گوتبای : قسه‌ی هه‌ڵه‌و ناهه‌ق… گه‌ر له نووسین دا ئارایشی درێژهدادڕ ڕێگه پێدراو بێت له شیعردا كوفره، چ جای دوو وشه هه‌ردووك یه‌ك مانا‌و یه‌ك مه‌به‌ست به‌ده‌سته‌وه بده‌ن! هه‌ر له‌م شیعره‌دا ده‌نووسێت” ئه‌مڕۆ كه‌سێك خاوه‌ن بیره.. دانا‌و ژیره.. ساحێبی ڕێچكه‌و ڕێبازه.. قسه‌و ووته‌ی له‌سه‌ر سه‌ره ، كه‌چی سبه‌ی هه‌ر ئه‌و كه‌سه درۆسازه.. له‌م ووڵاته بهنییازه تاڵانكه‌ره..” ته‌ماشای ئه‌و هه‌موو نه‌نگی و له نگیه بكه له‌م شیعره‌دا. ده‌ڵێن، جارێك پیاوێك له زانایه‌ك ده‌پرسێت ئه‌رێ قوربان، خه‌سه‌ن و خوسێن كچی عائشهن یان هی فاتیمه‌ن، زانایه‌كه پێ ده‌كه‌نێت و ده‌ڵێ: نازانم له‌كوێ ی پرسارهكهت ده‌سپێ بكه‌م! سه‌ره‌تا خه‌سه‌ن و خوسێن نین، حه‌سه‌ن و حوسێنن، كچ نین كوڕن، هی عائشه نین هی فاتیمه‌ن. منیش ڕاسته‌و خۆ له به‌رامبه‌ر ئه‌م شیعره وام لێهات. بڕوانه هه‌ریه‌ك له‌وشه‌ی “رێبازه” درۆسازه” تاڵانكه‌ره”جگه له‌وه‌ی بێ ماناكردنی وشه‌كان به‌رچاو ده‌كه‌وێت هه‌ناسه‌ی وشه‌كانیش سوار ده‌كرێت، وه‌ره له‌گه‌ڵ من یه‌ك كاتژمێر بیر له‌م لهتهشیعره بكه‌ینه‌وه” له‌م ووڵاته به نییازه تاڵانكه‌ره” كاكی شاعیر مه‌به ستیه‌تی بڵێت: خاوه‌ن رێباز‌و درۆساز تاڵانكه‌ره. به‌ڵام وام دێته به‌رچاو كه خاوه‌نی ئه‌م شیعره چهقۆێكی تیژی له دهسدایهو سه‌ری وشه‌كان ده‌بڕێ و به‌تۆبزی و بهئاخنین جیگه‌یان له نێو ڕشته‌ی شیعردا ده‌كاته‌وه. گه‌ر سه‌یرێكی تری هه‌ردوو وشه‌ی ” ووڵات و ووته” بكه‌یت ده‌بینیت به دوو واو نووسراون كه به‌ڕێسای ڕێزمانی كوردی هه‌ر وشه‌یه‌ك به واو ده‌ستی پێكرد ته‌نها به‌یه‌ك واو ده‌نووسرێت، وه‌ك: وشیار، وریا، وڵات ، وته.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه شیعرێكی كۆنی شاعیر بوو، فه‌رموو ئێستا ده‌چینه خزمه‌ت شیعرێكی نوێی ئه‌و، كه واده‌زانم هێنده‌ی كۆرپه‌یه‌كی خرپن خۆشی ده‌وێت و وه‌ك دیعایهیهك بۆ شیعره‌كانی له دیوی ده‌ره‌وه‌ی به‌رگی دیوانه‌كه‌ی له به‌رامبه‌ر وێنه‌یه‌كی خۆیدا به خه‌تێكی گه‌وره نووسراوه به‌م شێوه‌یه” چوار چاو
به‌رامبه‌ر یه‌ك
وه‌ستاو…
دووان ڕاوچی، دوانیش ڕاو
كاتێك ئه‌م سه‌یری ئه‌و
ده‌كات
ئه‌و داخراو…
هه‌ر كاتێكیش ئه‌م دائه‌خرێت
ئه‌و دێته ڕاو …
ئای له‌و ساته‌ی هه‌ردوو نیگا
پێكدا ئه‌ده‌ن
بڕوا بكه‌ن
دڵی مرڤ ئه‌كه‌ن به ئاو..”
“چوار چاو به‌رامبه‌ر یه‌ك وه‌ستاو…” بڕوانه: چوار” كۆیه” و “وه‌ستاو” تاكه. ده‌وترێت : چوار كرێكار به‌رامبه‌ر یه‌ك وه‌ستاون ، ئایا ده‌شێت بڵێین : چوار كرێكار به‌رامبه‌ر یه‌ك وه‌ستاو! شاعیر ده‌كرا خۆی له‌مه ڕزگار كردباو گوتبای: چوار چاوی به‌رامبه‌ر یه‌ك وه‌ستاو، وه‌ك: چوار كرێكاری به‌رامبه‌ر یه‌ك وه‌ستاو. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشی كورتبڕی بێت لێره‌دا تووشی هه‌ڵه‌یه‌كی زل بووه، له‌پێناو سه‌روا مانای شیعره‌كه‌ی كوشتووه. “دووان ڕاوچی، دووانیش ڕاو، كاتێك ئه‌م سه‌یری ئه‌و ده‌كات ئه‌و داخراو …” له سه‌ر ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ی له په‌راوێزی ئه‌م شیعره‌یه سه‌باره‌ت به‌ڕاو و ڕاوچی داویه‌تی واز له‌م دوو وشه‌یه دێنم هه‌رچه‌ند له نێو قوڕگم دا گیریان خواردوه و چه‌ند ده‌كه‌م و ده‌كۆشم ڕووم ناچن. “دواتر ده‌ڵێت” كاتێك ئه‌م سه‌یری ئه‌و ده‌كات ئه‌و داخراو…” داخرانی چاو لێره‌دا كه‌م و زۆر په‌یوه‌ندی به سه‌یركردنی چاوی به‌رامبه‌ره‌وه نیه، له‌وانه‌یه هه‌ر خه‌وی لێكه‌وتبێت یاخود بێ ئاگا بووبێت، واته له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و دانه‌خراوه، چونكه زۆر جار مرۆڤ له كاتی چێژ وه‌رگتنی عیشق یان بیركردنه‌وه له یادگاریه‌كی خۆشكهڵه چاو داده‌خاو به بیر كاوێژ ده‌كاته‌وه. راستیه‌كه‌ی ده‌بوا شاعیر گوتبای: كاتێك ئه‌م سه‌یری ئه‌و ده‌كات ئه‌م دایده‌خات. دواتر ده‌لێت ” هه‌ر كاتێكیش ئه‌م داده‌خرێت ئه‌و دێته ڕاو ” دیسان داخرانهكه هیچ هۆكارێكی ئاشكرای له پشته‌وه نیه، به‌ڵكو وابهخهیاڵم دا دێت كه هه‌ر یه‌ك له چاوه‌كان داخرا ئه‌ویتر ده‌رفه‌تی لێدێنێت وه‌ك دزێك كاری خۆی ئه‌نجام ده‌دات! كه ئه‌مه دووره له رێ‌و شوێنی عیشق و ئه‌وینی بێ گه‌رد.”
ئای له‌و ساته‌ی هه‌ردوو نیگا
پێكدا ئه‌ده‌ن
بڕوا بكه‌ن
دڵی مرڤ ئه‌كه‌ن به ئاو..”
ڕامێنه ده‌بینیت هه‌ر دوو وشه‌ی “ئه‌ده‌ن وئهكهن” به پیتی (ئه) نووسراون، كه ڕاستیه‌كه‌ی ده‌بوایه به (ده) بنووسرێن، له‌مه‌شدا شاعیر له‌سه‌ر شێوه‌زاری سلێمانی ڕۆیشتووه نه‌ك ڕێزمانی نووسینی كوردی!
حه‌زم ده‌كرد زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌م دیوانه شیعره به‌رده‌وام بومایه، به‌ڵام سه‌رقاڵی و بێده‌رفه‌تی لێیان نه‌گه‌ڕام زیاتر درێژه‌ی پێ بده‌م،كوردهواری گوته‌نی” مشتێك نموونه‌ی خه‌روارێكه”. من هاتووم نموونه‌ی شیعری سه‌ره‌تاو كۆتایی دیوانه‌كه‌م شیكردوه‌ته‌وه، وانازانم حاڵی شیعره‌كانی تریش له هی ئه‌م دوو دانه شیعره باشتر بێت.
بڕواناكه‌م خاوه‌نی دیوانهكهش په‌ست و بێزار بێت و بڵێت “بابه ئه‌مانه كه‌ی ڕه‌خنه‌ی بابه‌تین!” چوونكه ئیترئهم ڕه‌خنانه هه‌رچیه‌ك بن، ئه‌م دیوانه سه‌روكاری له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌ماوه، ئێستا ته‌واو موڵكی خوێنه‌رانه،ده‌كرێت وه‌ك خوێنه‌رێك قسه‌و ڕوونكردنه‌وه‌ی هه‌بێت ده‌نا له هه‌مبه‌ر ئه‌مه‌دا ته‌نها یه‌ك مافی هه‌یه ئه‌ویش بێده‌نگ بوونه.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا