Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
دەبێ بکوژەکان و ئەوانەی تۆمەتیان بۆ سەردەشت دروستکرد، دادگایی بکرێن!

دەبێ بکوژەکان و ئەوانەی تۆمەتیان بۆ سەردەشت دروستکرد، دادگایی بکرێن!

Closed

 

 

 

 

 

رۆژنامەی ئاوێنە ئه‌مرۆ 2013-05-14 بڵاویکردەوە، بە هۆی نەبونی شاهید و بەڵگە لە سەر “هیشام مەحمود ئیسماعیل”ی تۆمەتباری کەیسی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان ئازادکراوە.

سەرەتا بۆ ئازادکردنی ئەو کەسە. پێشووتریش چەند جار ڕامانگەیاندووە. ئەو سیناریۆیە سەرتاپا هەڵبەستراوە و دوورە لە ڕاستی و بۆشاردنەوەی تاوانبارانی راستەقینە و تیرۆرستانە.

ئەوەش یەکێکە لەو سەدان بەڵگە ئاشکرا و بێ پەردانەی دۆسیەی تیرۆری سەردەشت عوسمان، ئەوەی روویدا سیناریۆیەکی گاڵتەجاری و تاوانکارانە بوو، لە ڕاپۆرتی لێژنەی لێکۆڵینەوە و پرۆسەی بەناو داداگایی دۆسیەی تیرۆری سەردەشت لە دادگای هەولێر. ئەوەی کە ڕوویدا هەواڵێک و رووداوێکی ئاسایی نییە. ئەوەی کە ڕوویداوە تاوانێکی گەورەیە، ناوەندێک لە ناو دەسەڵاتدا سەرباری تاوانی فڕاندن و تیرۆری سەردەشت عوسمان، تاوانی هەڵگێڕانەوەی ڕاستیەکان و شاردنەوەی حەقیقەت “تاوانبارکردنی  قوربانی”  و لەڕاستیدا پاراستنی تاوانکاری لە لێپرسینەوەی خەڵک ئەنجامداوە.

ئەو سیناریۆیە لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە ئینکاری لە ڕۆژنامەنووس بوونی سەردەشت کرا. مەبەستەکە ئەوەبوو ئەو راستیە بشارنەوە کە سەردەشت وەکو رۆژنامەنوسیک بە هۆی رەخنەگرتن لە دەسەلاتەوە تیرۆر کراوە. چونکە ئەمە بەلگەیەکی ئاشکراو شوین پیەکی ناسراوی تاوانبارەکانی دەخستە بەرچاو.

ئازادکرادنی ئەو کەسەی کە گوایە تۆمەتبارە بە تیرۆری سەردەشت عوسمان جاریکی تریش پەردە لەسەر هەموو سیناریۆ فریوکارانەکان لادەدات. کەوایە ئەو سیناریۆو و ڕێبزرکردنانە مانایەکی ڕۆشن و راشکاوی هەیە. مانای ئەوەیە ئەوانەی لە پشتی ئەو تاوانەوە وەستاون، راشکاوانە دەڵێن هەر کەسێک ڕەخنەم لێ بگرێت بە گوللەی نێو دەم وەڵام وەردەگریتەوە.

ئیستا ئیتر پرسیارەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر سادەو رۆشنە. یان دەبی تەواوی ئەم تاوانە و هۆو مەبەستی سازکردنی ئەو هەموو سیناریۆیانە و تاوانباران و وردەکاری تیرۆرکردنی سەردەشت ئاشکرا بکات. یان بی دەنگ مانەوەی بە کردەوە دەکاتە ئەوەی کە خۆی بەرپرسیارەتی هەموو ئەوانە دەخاتە ئەستۆی خۆی. 

ئێمە دووبارە داوای ئاشکرا کردنی راستیەکان  و پرۆسەیەکی دادگایی ئاشکراو بێلایەن دەکەین بۆ؛ بکوژانی سەردەشت و ئەوانەی هەوڵی چەواشەکردنی خەڵکی کوردستانیاندا و تۆمەتیان بۆ سەردەشت دروستکرد. بۆ ئەوانەی ٣ ساڵە ئازاری ڕوحی و دەروونی خانەوادەی سەردەشت و خۆشەویستان و ئازیزانی سەردەشتیان داوە. بۆ ئەوانەی ٣ ساڵە فشار و هەڕەشە لە ئێمە و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکەن بۆ شاردنەوەی حەقیقەتەکە.

بەکر عوسمان

2013-05-14

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.