Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
دەربارەی دۆکیومێنتەکانی کاک نەوشیروان

دەربارەی دۆکیومێنتەکانی کاک نەوشیروان

Closed
by July 10, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

سەیرە لە سەردەمی ویکیلیکسدا، لە سەردەمی ئاسمانیببون و رێژنەبارانی رۆژانەی زانیارییەکان و نهێنییەکاندا؛

 لە سەردەمێکدا کە بە شێوەیەکی رەها، هەموو مرۆڤیك بۆتە بابەتێکی گشتی چاودێرییکراوو پرۆسەکراو، تایبەتترین تایبەتمەندیی وەک هەلسوکەوتی خۆت لە ناو مالەکەی خۆشتدا جگە لە هەموو قسەو باس و  وێنەو بیرراو زانیارییەک کە بە هۆی مۆبایل و کۆمپیوتەرو ئینتەرنێت خەزنی دەکەی یان دەیگٶڕییەوە، هیچی تایبەت و رازی پارێزراو نەماوەو لە ژێر چاودێریی ولە گیرفانی گەورەی [برا گەورەکان] دا یە،

 بە کورتیی: لە سەردەمێکدا کە تایبەتترین تایبەتمەندیی و  نهێنییترین نهێنیی، چیدی نهێنیی و زانیاریی تایبەت نەماوە؛

 لە سەردەمێکدا کە تاکەکەسێکی وەک  هاکەری عەبقەری ئەمریکی لاو [ئێدوارد سنۆدین] توانی هەرە خەتەرناکترین و نهێنییترین  زانیاری تەواوی سیستمی چاودێریی و جاسووسی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەمریکا  لە جیهاندا  ئاشکرا بکات و سیستمی [هەوالگری نەتەوەیی ئەمریکی 

]NSA

کە گەورەترین و بلاوترین و کاریگەرترین ئاژانسی هەوالگریی و جاسووسیی و چاودیرییە لە جیهاندا، لە بنەوە هەلتەکێنیت و لەتو پەتەکانی بە دنیادا بلاو بکاتەوە، 

http://rt.com/news/snowden-nsa-interview-surveillance-831/

هێشتا لە بەربەرستانی حیزبستانی باشووری نەفرەتلێکراودا، دوای ٨ ساڵ بلاوکردنەوەی چەند دۆکیومێنتێکی بێ بایەخ و مردوو، کە نە هیچ لە هیچ زیاد دەکەن، نە هیچ لە هیچ کەم دەکەن، ئاوا ببێتە بابەتی کێشەو بێنەو  بەرەو بڤە و گوایە دەىیتە هۆی ناکۆکی و ترازانی زیاتری دنیای داڕزاوی سسیتمی داوەشاوی حیزبیی و تێکدانی ئاسایشی نانەتەوەیی!!

وەک وتم ئەم دۆکیۆمینتانە هیچ نرخ و بایەخێکیان وەک زانیاری نەزانراو  نییە و ئەو هەرا ساختەیەی دروستی کردووە تەنیا پێوەندیی بە  [کاتسازیی – توقیت] ی بلاوکردنەوەکەیانەوە هەیە کە ئەمەش هەموو کاریگەرییەکەی نێگەتیڤ و گومراکەرو بەلادابردنە، لە بەر ئەم هۆیانە:

١. ئەمڕۆ کێشەی گەورە و لەپێش دەستوورو هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی و پارێزگاکانە،  و پێویستییەکی دیمۆکراتیی وئەخلاقییە کە بە بێ بڕیارادنی دەستووریکی دیمۆکراتی هیچ هەلبژاردنێکی ساختەی تر نەکرێت. ئەم کێشە دروستکراوەی دۆکیومێنتە مردووەکان ئەم پرسە پەراوێزیی دەکات.

٢. سەرانی کورد هەمیشە لەسەر رابردوو دەژین بە هەر دوو بارە ساختەو ناراستەکەیدا: وەک مێژووی خەباتی پڕ تاوانی شاخ یان وەک ناکۆکیی و دوو بەرەکیی و چەند-بەرەکیی شار، کە وەک میکانیزمێکی نێگەتیڤ و تێکدەر بۆ ژیاندنەوەی ناکۆکییەکان و تێکبەردانی خەلک و هیشتنەوەی نەوەی نوێ لە ناو بازنەی خیانەت و ناپاکییەکانی رابردوودا بەکاری دەهێنن.

٤. بە نیسبەت کاک نەوشیروانەوو وەک سەرکردەیەکی گوایە گۆڕانخواز، دەبێ جەخت و تەرکیزی ئەو لە سەر شیکردنەوەی ئێستاو بەرنامەی ئایندەبێت و بۆ ئاسۆکانی ئایندە بڕوانێت نەک لە ناو کۆلانەکانی رابردوودا بسوڕێتەوە، پێوسیتە بە جەماوەر بڵێ: چوار ساڵە چی کردووە؟ گٶڕان بۆ کوێ دەچێت؟ چ دەبێت؟ چ دەگۆڕێ و دەگۆڕدرێت؟  چ دەکا بۆ دروستکرنی سیستمێکی دەستووریی دیمۆکراتی دادپەروەر؟ نەک پێش ٨ ساڵ چ بوو، چ کرا… 

٥ ئەم دۆکیومێنتانە ئەو کاتە کاریگەرییان دەبوو، کە لە کاتی  خۆیدا بلاوبکرانابایەوە و کاک نەوشیروان دەوری رێبەرانەی لە دژایەتی پرۆسەکەو ریسواکردنی و هوشیارکردنەوەی خەلک ببینایە، ئەوسا دەوریان دەبوو بەلام دوای مردار بوونەوەیان دەر‌هێنانیان لە گۆڕیچەکان لە نرخی ئەرشیفیی   بەولاوە نیانە. بٶ مێژوو دەلێم، پێش ئەوەی یەکێتی بریاری دوایی بە کردنی بارزانی بە سەرۆکی هەرێم  بدات، من لە سلێمانی بووم سەردانی کاک نەوشیروانم لە مالی خۆیان  بە تایبەتی بۆ باسی ئەم بابەتە  کرد و بە خەتەرێکم دانا بۆ دروستکردنی سیستمی  بنەمالەیی لە کوردستاندا، بەلام کاک نەوشیروان  بە هەموو باوەرێکیەوە لەگەڵ ئەوە بوو بارزانی ببێتە سەرۆکی هەرێم و بیانووشی ئەوە بوو کە ئەو کابرایەکی عەشایرییەو بە هۆی سسیتمی سەرۆکایەتی و دەستوورو یاساوە دەیانەوێت بیخەنە ناو چوارچێوەیەکی بەرپرسیارێتی یاسایی یەوەو  سنوورێک بۆ دەسەلاتەکانی دابنێن و جەختی لە سەر ئەوەش کرد کە ئەو  لە پێوەندییەکانی لەگەڵ بارزانی  زیاتر مورتاحە لەوەی لەگەڵ تاڵەبانی و پرۆسەی دروستکردنەوەی عێراق و باسنەکردنی ئەنفالیشی زۆر بە ئاسایی دەزانی. کەچی هەشت سال دواترو دوای چوار ساڵ لە دروستبوون و ئۆپۆزسیۆنبوونی گۆڕان و چەند جار کۆوونەوە لەگەڵ بارزانی و برازاکەی،  هەنگاوێک بەرەو  دەستوورییکردنی دەسەلات و حکومەت لە هەرێم نەنراوە، وا دەردەکەوێت فشەترین شت بەلای گۆڕان – ەوە دەستوورەو لە بەر هەر هۆیەک بێ کە کەس پەی پێ نابا،  نەبوونی دەستوور لە بوونی بە باشتر دەزانن!!

٦. لە لایەکی ترەوە چ لە باسی دروستبوون و داڕشتنی دەستووری عێراقدا و چ لە باسی پێکهێنانی سەرۆکایەتی هەرێم، و وەک دۆکیومێنتەکان دەریدەخەن و هەموو کەسیش دەیزانی، بەکارهێنانی یەکێتی لە لایەن تالەبانی یەوە بۆ بوون بە سەرۆ ک کۆمارو خڕکردنەوەی دەسەلاتەکانی کوردستان لە دەست بنەمالەی بارزانی دا، کاک نەوشیروان وای نیشان دەدا کە ئەو خۆی هەر چاودێری رۆژنامەوانیی بووەو دەور و پلەی سیاسیی لەو پرۆسانەدا نەبووە، هەر وەک، ئەحمەد خواجە بوو بێت و [چیم دی ] نووسیبێت، لە کاتێکدا بە حوکمی شوێنەکەی وەک جێگری سکرتیڕی گشتیی یەکێتیی، دەسەلاتی هەبووبێت یان نا، بەشدارو بەرپرسی هەموو پرۆسەکانە.

٧. ئەوە بۆتە پەتایەکی سەرانی کورد کە هیچیان بۆ ئایندە پێ نییەو لە سەر مێژووی ساختە دەژین و هەموو هەوڵیان هیشتنەوەی باری باوە، ئەگینا ئەوەی گەل ئێستا پێویستییەتی یەکێتی نەتەوەیی و  پێکهێنانی بەرەیەکی گۆڕینی جەماوەریی فراوانە لە  روانگەیەکی ئایدیلۆجی زانستیی و دووربینەوە بۆ کوردستان و بە پێی بەرنامەیەکی گشتگرو درێژخایەن کە لە سەر بنەمای دەستوورو دەسەلاتی پەرلەمانیی و دەزگاییکردن و کۆمەڵگای مەدەنیی دامەزرابێت. 

٨. لە بەر ئەوەی زۆربەی دۆکیومێنتەکان شەخسی تالەبانی دەگرنەوە، دیارە جوانتر بوو کاتێک بلاوبکرانابایەوە  کە ئەویش توانای بەکارهێنانی مافی وەلامدانەوەی دەبوو وەک جاری پێشوو روویداو بەهۆی وەلامدانەوەی تالەبانی یەوە دەوری سەرانی یەکێتیی وەک ئەندازیاریی ئەنفالەکان  ئاشکرابوو.

 

 د. کەمال میراودەلی

http://www.sbeiy.com/(S(vzsqplitr3kvpvnnvzu4eaym))/Detail.aspx?id=21624&LinkID=4

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.